Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
له‌ سیخوڕێكه‌وه‌ بۆ گه‌وره‌كه‌ی

له‌ سیخوڕێكه‌وه‌ بۆ گه‌وره‌كه‌ی

Closed
by November 19, 2012 گشتی

 

 

 

 

سڵاو گه‌وره‌ی ئازیزم ………

     ڕه‌نگه‌ ووشه‌ی ئازیز به‌تۆ ووشه‌یه‌كی نامۆ بێت، لێ‌ هێشتا كات دره‌نگ نیه‌ من‌و تۆو هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌وشێوه‌ن، له‌گه‌ڵ ویژدانی خۆمان‌و جوانیه‌كانی ژیان ئاشتبینه‌وه‌، ده‌ست بخه‌ینه‌وه‌ ناو ده‌ستی جوانی‌و ویژدان‌و به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی پێبده‌ین هه‌رگیز خیانه‌تی لێنه‌كه‌ین. من ئێستا ئه‌مه‌وێت پێت بڵێم بۆیه‌كه‌مجار من له‌پێناوی عه‌شقا خیانه‌تم كردو، نازانم تۆ له‌پێناوی چیدا .

     بمبوره‌ ئیتر ناتوانم نامه‌كانم به‌خواست‌و ویستی تۆ بنوسم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ركات بیر له‌سزاو به‌دبه‌ختكردنی كه‌سێك ئه‌كه‌مه‌وه‌، ڕاسته‌و خۆ چاوی ئه‌و كچه‌ شاعیره‌م ئه‌كه‌وێته‌ بیر ئێستا عاشقی بووم. بمبوره‌ له‌وه‌ی له‌كاره‌كه‌مدا من كه‌سێكی سه‌ركه‌وتوونه‌بووم‌و وائه‌زانم تۆش داوای لێبوردن له‌ویژدانی مردووی خۆت بكه‌یت شتێكی خراپنیه‌. ئه‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم پێش ئه‌وه‌ی ڕاپۆرتێكی ته‌سه‌لت له‌سه‌ر ژیان‌و ئاكاری ئه‌و بۆ بنوسم، نامه‌یه‌كت ده‌رباره‌ی سیخوڕێكی به‌د بۆ ئه‌نوسم ئه‌ویش خۆمم. ئاخر مرۆڤ كه‌عاشق بوو ناتوانێت خیانه‌ت له‌مرۆڤێكی تر بكات. نه‌گبه‌تی سیخوڕێكیش ئه‌و كاته‌ ده‌ست پێئه‌كات عیشق ئه‌و بنیادنه‌ره‌ خوێنشیرینه‌ی ژیان له‌ده‌رونه‌وه‌ بتڕوخێنێ‌‌و ویژدانت تیادا زیندوو بكاته‌وه‌. تۆ نازانیت ئه‌و ڕوخانه‌ چ بنیاد نانه‌وه‌یه‌كی جوانه‌! من ئه‌زانم عیشقیش نه‌بێت ژیان بۆخۆی هه‌رگوزه‌رئه‌كات، به‌ڵام به‌وشیرینیه‌ نیه‌ خه‌می لێبخۆین‌و ڕێزی جوانیه‌كانی بگرین، بمبوره‌ له‌باسه‌كه‌ لامدا، خه‌ریكبوو بۆم ئه‌نوسیت مرۆڤ كه‌به‌ڕاستی عاشق بوو هه‌رگیز ناتوانێت كارێك بكات كه‌ویژدانی پێی ناڕازیه‌. من ئه‌زانم سه‌خته‌ بۆتۆ باوه‌ڕبكه‌یت ئه‌مقسانه‌ بۆ تۆ مانایه‌كیان هه‌بێت، هه‌روه‌ها بۆمنیش سه‌خته‌ جارێكی تربیر له‌كوشتنی مێرویه‌ك بكه‌مه‌وه‌، چجای ئه‌وه‌ی بێم‌و جارێكی تر ده‌سته‌كانم به‌خوێنی دڵێك سوربكه‌م دنیایه‌ك ئه‌وین‌و خه‌می ئاینده‌ی تیادا ئه‌ژی! ئه‌و خه‌مه‌ی تۆی له‌جوانی بێبه‌ش كردووه‌و ئه‌و ئه‌وینه‌ی له‌نه‌بوونیدا،  دڵی تۆی كردووه‌ته‌ یه‌ك پارچه‌ پۆڵای بێخێر‌و ڕۆحكوژ‌و دڵڕزێن‌و جوانیكوژ.

     سه‌ره‌تا ئه‌بێت پێت بڵێم هه‌ندێك جار گوناه به‌دوای تۆدا ئه‌گه‌ڕێت ئه‌نجامی بده‌ی، نه‌ك ئه‌وه‌ی تۆ به‌دوای گوناهدا بگه‌ڕێیت، به‌ڵام ئه‌بێت له‌مكاته‌شدا مرۆڤ له‌گوناه هه‌ڵبێت‌و ته‌سلیمی قه‌ده‌رێكی به‌دنه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی من ته‌سلیمی بووم. هه‌ندێك جار ژیان له‌وه‌سه‌ختتره‌ به‌ ڕازیبوون به‌برینداری‌و ده‌رده‌داری خۆته‌وه‌ لێتگه‌ڕێ‌، تۆش باش ئه‌زانیت دره‌ختی خۆزگه‌ی هه‌ژاران كه‌م ڕێئه‌كه‌وێ‌ به‌ر بگرێ‌، منیش ئه‌و كاته‌ هه‌ژارێكی كڵۆڵ‌و بێچاره‌بووم، عاشقی كچێكی به‌دبه‌خت بووم‌و هه‌ژاریو لوتبه‌رزی ئه‌و لێنه‌گه‌ڕا ژیانێكی ئاسایی بۆخۆم دروستكه‌م، ده‌ست به‌رداربوونی منیش بۆئه‌و هه‌روا كارێكی سانا نه‌بوو، من ئه‌مزانی ئه‌وه‌ی من ڕه‌دوی كه‌وتووم كارێكه‌ چووه‌ته‌ ده‌روه‌ی سنوری عشقه‌وه‌، به‌ڵام مه‌گه‌ر ده‌كرێ‌ هه‌روا ساده‌و ئاسان عه‌شقێكی له‌دڵا شیرین، به‌گۆڕ بسپێریت؟ بێگومان نه‌خێر. ئه‌ویش كچێك بوو ئه‌مویست به‌خته‌وه‌ری بكه‌م‌و به‌دبه‌ختی خۆیی هه‌ڵبژارد. دوای سه‌یاره‌و كۆشك‌و باق‌و بریقی دنیا كه‌وت. سه‌ره‌نجامیش چی؟ له‌ده‌ست ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌ورنی، ده‌ستكورتی موحیبه‌ت‌و ئازاری دڵئێشه‌و سوتانی ڕۆحی خۆی كوشت! به‌ڵام كێ‌ ئه‌ڵێ‌ ئه‌ویش په‌شیمانی‌و زامی كۆنه‌ ئه‌وینێك به‌و ده‌رده‌ی نه‌بردووه‌؟ به‌ڵام خۆ ئه‌و هیچیشی له‌پاش خۆی به‌جێنه‌هێشت جگه‌ له‌تابلۆی خوێنی كوژراوێك، به‌خه‌تێكی ناڕۆشن ئه‌وه‌ی ده‌رخستبوو “مردنی له‌ژیانی شیرینتره‌”. ڕه‌نگه‌ به‌بڕوای تۆ ئه‌مه‌ كارێكی گه‌وجانه‌بێت ئه‌گه‌ر ویژدانی ئازاری دابێت، به‌بڕوای منیش مرۆڤ سه‌دساڵ له‌په‌شیمایدا ببێت به‌قه‌ره‌بروت نابێت بیر له‌وه‌ها كارێك بكاته‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ی من‌و تۆ له‌چۆنێتی بیركردنه‌وه‌دا جیاده‌كاته‌وه‌ لایمن ئه‌وه‌ یه‌ مرۆڤ ئه‌بێت هه‌میشه‌ ویژدانی دادگایی بكات بۆ جوانی بژی نه‌وه‌ك بمرێ‌. پێم وت “بنی پێڵاوه‌كانت ماچئه‌كه‌م، ئه‌تپه‌رستم، ته‌نیا چه‌ند مانگێك لێم گه‌ڕێ‌ هه‌تا شتێك پێكه‌وه‌ ئه‌نێم”، به‌ڵام ئه‌و هه‌رگیز به‌كه‌م ڕازی نه‌ئه‌بوو. داوای هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ئه‌كرد، ده‌زگیرانی هاوڕێ‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی بۆ هاوڕێكه‌ی ئه‌وی كردبوو. ئه‌وكاته‌ش به‌رواری ئه‌و وه‌رزی ڕیسواییه‌ی منبوو، كه‌تۆ له‌مه‌یخانه‌و چایخانه‌و سۆزانیخانه‌ و…هیتر دا، له‌دوی نێچیر گه‌لێكی كڵۆڵی وه‌ك من ده‌گه‌ڕایت‌و، گریان‌و بێده‌ره‌تانیت قۆستمه‌وه‌و وتت:

“جاچیه‌ ئه‌توانیت عیشق به‌ده‌ست بێنی به‌مه‌رجێك ویژدانت ته‌ڵاق بده‌یت” 

     ئێستا ئه‌زانم ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستم دا هه‌ر چركه‌یه‌كی به‌سامانی هه‌موو دنیا ناكڕدرێت، هه‌موو باشه‌ی دنیا ئه‌و خوێنانه‌ له‌ڕۆحم ناكاته‌وه‌ له‌پێناوی ئه‌و دا‌و بۆتۆ ڕشتم. ئاخر تۆمنت فریودا‌و ویژدانت تیادا كوشتم. ئێستا ئه‌زانم كوشتنی ویژدان‌و كوشتنی عیشق‌و كوشتنی خودا له‌ڕۆحی مرۆڤدا یه‌كشتن. ئاخر كه‌مرۆڤ ویژدانی نه‌بوو خوایشی نیه‌، به‌ڵام من دره‌نگ له‌م هاوكێشه‌ تێگه‌یشتم. یا ئه‌و كات تێنه‌ده‌گه‌یشتم ئه‌م كه‌شتیه‌ به‌خوێن باركراوه‌ له‌كه‌ناری چ نه‌هامه‌تیه‌كا له‌نگه‌ر ئه‌گرێ‌،  ئیتر تێگه‌یشتنیش فایده‌ی نه‌بوو. ئیتر هه‌ر ئه‌و ساته‌بوو له‌نێو ددانه‌كانمدا ئه‌و تۆماركه‌ره‌ بچوكه‌تان چاند، ته‌نانه‌ت پرخه‌ی خه‌وی خۆشمی ئه‌گوێزایه‌وه‌و ئه‌و چاوه‌ زه‌ریفه‌ی لای چه‌پیشتان ده‌رهێنام، دنیایه‌كی ڕه‌نگاو ڕه‌نگی ئه‌بینی‌و همیشه‌ له‌ئاینده‌یه‌كی مرۆڤانه‌ی ئه‌ڕوانی، له‌جێگاكه‌یدا ئه‌و چاوه‌ شوشه‌ییه‌تان چاند نازانم چۆن به‌بینینی ئه‌و هه‌موو دیمه‌نه‌ دڵبڕو ڕۆحتاسێنه‌ وردنه‌بوو! سه‌ره‌نجامیش چی؟ ئه‌بوو هه‌رچیه‌ك من ئه‌یبینم تۆش بیبینی، له‌ڕێگای ئامێرێكه‌وه‌ وێنه‌ی چاوی منی تۆمار ئه‌كرد. ئه‌بوو هه‌ر ئه‌و كاته‌ بزانم ئێوه‌ له‌شوێنی دڵێكی عاشق به‌خوێنی مرۆڤێك كاری ئه‌كرد، له‌نه‌شته‌رگه‌ریه‌كی خێرادا دڵێكی پلاستیكیتان تیادا چاندم، دڵێك ته‌نیا بۆ زیندووبوون‌و بڵاوه‌ پێكردنی خوێن، دڵێك نه‌خه‌م كاری تیادا ئه‌كات‌و، نه‌به‌زه‌یی‌و نه‌عیشق‌و نه‌میهره‌بانی‌و نه‌ویژدان. ته‌نانه‌ت جێگایه‌كیشی تیادا نه‌بوو بۆجێبوونه‌وه‌ی خودا! كه‌چی نه‌ئه‌و چاوه‌ی دنیای خۆڵه‌مێشی ئه‌بینیو، نه‌ئه‌و دڵه‌، نه‌یتوانی  دیوارێك له‌نێوان من‌و ئه‌و عیشقه‌دا دروست بكات له‌خه‌یاڵمابوو، ڕۆحمی ئه‌خوارد، ته‌نانه‌ت به‌چاوی داخراویشه‌وه‌ ئه‌مبینی، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ وێنه‌یه‌ك بوو له‌ ڕۆحما هه‌ڵكه‌نرابوو. زۆرجار ئه‌چووم ئه‌و وێنه‌ بدڕێنم‌و بیخه‌مه‌ ژێر پێ ی تۆ، به‌ڵام ئه‌و هه‌رده‌م پێی ئه‌وتم تۆ ئه‌توانیت وێنه‌یه‌ك له‌به‌رچاوتا بكه‌یت به‌خۆڵه‌مێش، ئه‌ی چی ئه‌كه‌یت له‌و وێنه‌یه‌ی له‌خه‌یاڵتا جێئه‌مێنێ‌؟؟ ئه‌وه‌ش ئه‌و ساته‌بوو ئه‌بوو وه‌ك گوناهبارێكی په‌شیمان به‌ده‌ستی خۆم په‌تی سێداره‌كه‌ بكه‌مه‌ ملم. هه‌ستم ئه‌كرد ده‌ست به‌ردار بوونی ئه‌و وێنه‌نه‌ دڵكوژه‌، ئه‌و جادوی نه‌فره‌ته‌، دواساته‌ پێیه‌كانی من به‌م سه‌رزه‌مینه‌وه‌ ئه‌به‌ستێته‌وه‌، بۆیه‌ بڕیارمدا من بچمه‌ ناو چوارچێوه‌كه‌ی ئه‌و عیشقه‌ مردووه‌و، ئه‌ویش تاهه‌تایه‌ به‌سه‌ر خاكی ڕۆحما بگه‌ڕێ. نا…. ئه‌و كچێك نه‌بوو له‌و كچانه‌ی هه‌زار تیر له‌ڕۆحت ئه‌ده‌ن‌و، كاتێك ئه‌گه‌یته‌ قوڵایی ڕۆحیان، ئیتر هه‌ست ئه‌كه‌یت خۆیان شوێنه‌واری ئه‌و برینانه‌ ساڕێژ ئه‌كه‌ن خوێنیان له‌ڕۆحت ئه‌ڕوا، به‌ڵكو كچێك بوو له‌و كچانه‌ی سه‌ده‌یه‌ك به‌ناو فیراق‌و گریانی ته‌نیایی شه‌وانه‌و سه‌فه‌ری خه‌یاڵ‌و خه‌مو كاره‌ساتا ئه‌تبه‌ن‌و له‌كۆتایشدا تێده‌گه‌یت هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و جوانیه‌ی تێدا نه‌بووه‌ كه‌تۆ بۆی ده‌گه‌رایت .

     من له‌ژێر فشاری ئه‌و گرفتاریه‌دا به‌دونیا مردووه‌كه‌ی ئێوه‌ ئاشنا بووم، دنیایه‌ك نه‌به‌زه‌یی كاری تیا ئه‌كردو نه‌ویژدان، له‌ناو ئه‌و هه‌موو ڕۆحه‌ مردووه‌دا منیش ته‌رمێك بووم‌و له‌به‌ر بارانا كرم ئه‌یخواردم. ئاخر ئه‌وه‌ تۆ بوویت واتلێكردم ڕقم له‌خۆم بێته‌وه‌و كه‌سم خۆشنه‌وێ‌، تۆ بوویت ژیانی هه‌ردووكمانت وێرانكرد، نه‌خۆت هه‌رگیز خێرێكت له‌دنیا بینی‌و نه‌هێشتیشت من به‌ئاسوده‌یی تیایدا بژیم. خۆ ئاسوده‌یی هه‌رئه‌وه‌نیه‌ گیرفانت پڕبێ‌‌و ویژدانت خاڵی. زۆرجار ئه‌مویست ئه‌و ئاگره‌ بێده‌نگه‌ی ناو ڕۆحم خامۆشبكه‌م، به‌ڵام به‌ئاوی هیچ خۆ فریودانێك خامۆش نه‌ئه‌كرا . زۆرجار به‌خۆمم ئه‌وت ئه‌وانه‌ گوناهكارنین ناچاری پاڵیان پێوه‌ ئه‌نێت، ئه‌وانه‌ گوناهكارن عاشقی ئه‌مكاره‌ن، به‌ڵام مه‌گه‌ر ده‌كرێ‌ به‌وه‌ڵامێكی وه‌ها سوكو ئاسان ویژدان بێده‌نگ بكرێ‌؟! هیچ له‌وه‌ ئازاره‌ ده‌رونخۆره‌ كه‌م كه‌یته‌وه‌ وه‌كو دڕنده‌یه‌كی بریندار له‌ناوه‌وه‌ هه‌لاهه‌لات ئه‌كات؟؟ نه‌خێر منیش وه‌ك تۆ به‌شێك بووم، خانه‌یه‌ك بووم له‌ له‌شی جوڵاوی گوناهێكی گه‌وره‌، كه‌پیش ئه‌وه‌ی مرۆڤ فێری ژیان بكات، فێری ئه‌وه‌ی ئه‌كات له‌ناخی خۆیدا بمرێ‌، پێش ئه‌وه‌ی جیاوازی به‌رامبه‌ره‌كه‌ییی خۆشبووێ‌، فێری ئه‌وه‌ی ئه‌كات بیكوژێ‌. یه‌كه‌م تاوانیش كه‌پێت ئه‌كه‌ن كوشتنی ویژدانی خۆته‌، به‌ڵام حه‌یف دره‌نگ تێگه‌یشتم ته‌نیا عیشقێك له‌عیشقی ژن‌و خوداش پیرۆزتره‌ عیشقی نێوان مرۆڤ ‌و ویژدانی خۆیه‌تی. ئه‌مه‌ ئه‌وڕاستیه‌یه‌، ئه‌و ده‌نگه‌یه‌، خه‌وی شه‌وانم لێحه‌رام ئه‌كات. ئه‌مه‌ ده‌نگی دڵی ویژدانه‌، سه‌دای ڕاسته‌قینه‌ی بوونه‌. هه‌ندێك جار وه‌ك شاره‌زه‌رده‌واڵه‌یه‌كی وروژاو، هه‌ندێكجاریش وه‌كو پۆله‌ كوكوختیه‌كی شه‌هیدكراو له‌سه‌رمابخوێنن، خه‌وو خۆراسم لێحه‌رام ئه‌كه‌ن.

     ئه‌و شه‌وه‌ی ئه‌و ژنه‌شتان به‌دیارچاوی مناڵه‌ پێنج ساڵانه‌كه‌یه‌وه‌ پێكوشتم، هه‌زار خه‌وی سه‌یرو ترسناكم بینی. دوای ئه‌وه‌ی هه‌زار جار ئه‌تكتان كردبوو، هه‌زار نێچیری چه‌ورتان پێگرتبوو، نه‌تان ئه‌ویست ئه‌و نهێنیانه‌ بكه‌ونه‌ ده‌ستی خه‌ڵك. ئاخر ئێوه‌ چه‌نێك ئه‌وداڵی به‌دوادا گه‌ڕان‌و ئاشكراكردنی نهێنین، ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌وداڵی شاردنه‌وه‌ی نهێنیه‌كانی خۆتانن، من ئه‌زانم ئێوه‌ ته‌نیا به‌و جۆره‌ ئه‌كوژرێن نهێنیه‌كانتان بڵاوه‌بكات. ئه‌و شه‌وه‌ گوێم له‌قریشكه‌ی ترسناكی فریشته‌كان بوو له‌ئه‌سمان، به‌ڵام هه‌رزوو ده‌نگی داواكاری “سه‌یران”، ئه‌و كچه‌ بێوه‌فایه‌ی بوونی منی له‌گیرفانما ئه‌بینی به‌سه‌ر ئه‌و ده‌نگه‌ ترسناكه‌دا زاڵبوو، كه‌ پێی ئه‌وتم “ئه‌مخوازیت ئه‌بێت هه‌موو ئه‌وشتانه‌م بۆ بكه‌یت ئه‌مه‌وێت، ئه‌گه‌رنا من‌و تۆ سه‌قفی ماڵێك كۆمان ناكاته‌وه‌ “.

     من ئێستا ڕۆژانه‌ دیمه‌نی مناڵه‌ هه‌تیوێكی بێپاره‌  ئه‌مكوژێت چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی باوكی جوانه‌مه‌رگ‌و دایكی كوژراوی ئه‌كات، كه‌لێی ئه‌پرسیت چاوه‌ڕوانیه‌كی ناكۆتا له‌قسه‌كانیا دڵت ئه‌كات به‌ئاو. به‌ده‌نگێكی پچڕپچڕو، به‌رگێكی دڕاوه‌وه‌ پێت ئه‌ڵێت:” له‌وه‌ته‌ی….له‌وه‌ته‌ی دایه‌و بابه‌ چوون بۆ به‌هه‌شت، كه‌س نوقڵم بۆ ناكڕێت”.به‌ڵێ‌ مناڵێك له‌به‌ر ده‌رگای ویژدانی مندا به‌مشێوه‌ فریوی خواردوه‌، دایك‌و باوكی وه‌ك دوو فریشته‌ی سپی باڵدار ڕۆژێك هه‌ردێنه‌وه‌. به‌رده‌وامیش كه‌ئه‌یبینم پێی ئه‌ڵێم هه‌موو ئه‌و نوقڵانه‌ت بۆ ئه‌هێنن له‌وێ‌ بۆیانكڕیویت‌و ده‌رفه‌تیان نه‌بووه‌ بۆت بهێنن. ئێستاش ئه‌و مناڵه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌و دووفریشته‌ی ناو خه‌یاڵی خۆیه‌تی هه‌موو ڕۆژێك نوقڵی بۆ ئه‌كڕن‌و، له‌به‌ر سه‌رقاڵی ده‌رفه‌تیان نیه‌ بۆی بهێنن، به‌ڵام دواجار ئیتر ئه‌و مناڵه‌ش ئیمانی به‌وه‌ نامێنی دایك‌و باوكی ئه‌میان له‌بیره‌. ئه‌و نازانێت من‌و تۆ بێوه‌فاین، نه‌ك ئه‌وان. ئێستاش من هه‌ستی ناسكی ئه‌و مناڵه‌ ئه‌مكوژێت، سواڵی نوقڵ ئه‌كات له‌شه‌قامێكی ساردو سڕ له‌ویژدانا كه‌كه‌س ئیمانی به‌وه‌ نه‌ماوه‌ نوقڵ بدات به‌مناڵی فریشته‌یه‌ك‌و، هه‌مووان وه‌ك شه‌یتان زاده‌یه‌ك لێی ئه‌ڕوانن. كه‌س تێناگات كه‌دایكی ئه‌ویش قوربانی سته‌مێكی تره‌ .

     له‌و ساته‌وه‌ منت كردبه‌ مۆته‌كه‌ی گیانی “ئه‌فسانه‌”، ئه‌و كچه‌ شاعیره‌ی چاوه‌كانی وه‌كو دوومۆم كزكز ئه‌سوتا، شه‌رم‌و ته‌ریقی له‌ناخه‌وه‌ ئه‌یكردم به‌ئاو. من كه‌ڕق‌و به‌زه‌ییه‌كی زۆری ژنم له‌دڵابوو، هه‌ستم ئه‌كرد كارێكی گرنگم له‌سه‌رشانه‌و پێویسته‌ئه‌نجامی بده‌م. ئاخر تۆمنت نارد بۆ ئه‌وه‌ی بیكوژم، ئاسه‌واری بكه‌م به‌تۆز، به‌ڵام من عاشقی بووم. ئه‌و كچێك نه‌بوو له‌و كچانه‌ی ئه‌یانه‌وێت به‌جوانیه‌كه‌یان ئاقیبه‌تێكی شاهانه‌ دروستبكه‌ن، نا ئه‌و ناخێكی وه‌ك شه‌ونم بێگه‌ردی هه‌بوو. هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ستم كرد دیوه‌كه‌ی ناوڕۆحی ئه‌و خه‌ریكه‌ وام لێئه‌كات تف له‌و ڕابردووه‌ بكه‌م تۆم تێدا ناسی. ده‌بێت ئه‌وه‌شت بۆبنوسم من به‌دیوه‌كه‌ی ده‌روه‌ی سه‌یران كه‌وتمه‌داو، لێ‌ به‌دیوه‌كه‌ی ڕۆحی ئه‌فسانه‌ شه‌یدابووم.  من پێم وایه‌” وه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌رزه‌كان ئاسه‌واری یه‌كتری ئه‌سڕنه‌وه‌، عه‌شقێك، عه‌شقێكی تر له‌ڕۆحی مرۆڤدا ناكوژێت، له‌وانه‌یه‌ بیخاته‌ گۆشه‌ی له‌بیركردن‌و فه‌رامۆشی، به‌ڵام نیگایه‌ك، ئاسه‌وارێك، بیركه‌وتنه‌وه‌یه‌ك، به‌سه‌ بۆكولانه‌وه‌ی برینێكی دڵسوتێن‌و داڵغه‌یه‌كی ڕۆح ڕزێن” ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین قسه‌ی ئه‌و كه‌چه‌ شاعیره‌یه‌، كه‌من بڕیارم داوه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌به‌ر بارانی جوانی ئه‌ودا بووه‌ستم، هه‌تا ناچار ئه‌بێت ده‌رگای ڕۆحی خۆیم بۆئه‌كاته‌وه‌.

     مرۆڤ زۆرجار ئه‌كه‌وێته‌ دۆخێكه‌وه‌ وه‌ستان له‌نێوان ڕابردوو داهاتویدا شه‌ڕ فرۆشتنه‌ به‌مردن، خۆلاركردنه‌وه‌ به‌لای هه‌ریه‌كێكیشیاندا هه‌مان شته‌، منیش وه‌هام له‌م دۆخه‌داو، عیشقی سێهه‌م له‌نێوان ئه‌م دوعیشقه‌دا له‌ئارادا نیه‌ ئه‌ویش تۆیت، خۆشه‌ویستیه‌ بۆ ئه‌و كاره‌ قیزه‌ونه‌ی له‌ناچاریا ئه‌مكرد.

     ئه‌و ئێواره‌ش كچی هه‌ژده‌ساڵه‌ی یه‌كێك له‌نه‌یاره‌كانتم كوشت هه‌ستم به‌هیچ ئازارێك نه‌كرد، ته‌نیا خه‌می ئه‌وه‌م بوو كه‌مێكی تر له‌سه‌یرانم نزیكا بكاته‌وه‌. تۆش ئه‌و هه‌سته‌ت تیاكوشتبووم هه‌ست به‌ئازار بكه‌م، به‌ڵام كێ‌ ئه‌یزانی ئه‌و چه‌نێك خه‌ونی سه‌وزو ئومێدی گوڵڕه‌نگی له‌خه‌یاڵیابوو پێی نه‌گه‌یشت؟! ئه‌وه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ ساڵگه‌لێكی شوم له‌ژیانی مندا ده‌ستیان پێئه‌كرد. هه‌ستی ئازار چه‌شتن‌و به‌زه‌یی‌و میهره‌بانیم تیادا له‌ده‌ستداو، دوچاری نه‌خۆشی خۆپه‌رستی بووم. سه‌ره‌تا كه‌ شوێن پێیه‌كانیم هه‌ڵئه‌گرت چاوه‌ ڕازدارو نیازداره‌كانی سه‌یریان ئه‌كردم، به‌ڵام من به‌دیار چاوی خواو ئه‌ستێره‌كانه‌وه‌، بۆیه‌كه‌مجار كه‌سێكی بێگوناهم كوشت. به‌شێك له‌موعجیزه‌ كانی خوام له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌ سڕیه‌وه‌ كه‌ته‌نیا ئه‌و حه‌قی سڕینه‌وه‌یی هه‌بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆیشی دروستی كردبوو. ئاخ كێ‌ ئه‌یزانی ئه‌ویش عه‌شقێك وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌ بۆمن له‌دڵیدا نه‌بوو؟! من ئا به‌م شێوه‌ عه‌شقێكم له‌پێناوی عه‌شقێكی تردا خسته‌ گۆڕ،  به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی له‌و ڕاستیه‌ تێبگه‌م عیشق ته‌نیا چه‌ند قه‌تره‌ خوێنێكی تێدا ئه‌ڕژێ‌، خوێنی كچێنی ‌و به‌س. عیشق جێگای خوێنڕشتنی تری تێدا نابێته‌وه‌. تۆ پێم بڵێ‌ ئێتستا ئه‌بێت تاچه‌ند ساڵی تر بگریم تا له‌و گوناهه‌ پاكببمه‌وه‌؟ به‌ڕاست تۆ هه‌رگیز هه‌ستت به‌وه‌كردووه‌ هیچ شتێك وه‌ك گریان له‌په‌شیمانیدا جوان نینه‌؟؟

     من ئه‌زانم ڕۆح‌و مرۆڤ له‌شی ماڵاوایی له‌یه‌كتر بكه‌ن ئاسوده‌تره‌ تائه‌وه‌ی به‌كۆڵه‌باری ویژدانێكی مردووه‌وه‌ زیندوو بژی. یا به‌ مه‌یتی گوناهگه‌لێكی گه‌وره‌ به‌شانه‌ لاوازه‌كانیه‌وه‌ تاقیامه‌ت بگری. ئه‌فسوس دره‌نگ تێگه‌یشتم جاڵجاڵۆكه‌ داوی ژه‌هراوی خۆی بۆ ئه‌مكارانه‌ ناوه‌ته‌وه‌، نا…. داوی پیلان‌و ته‌ڵه‌كه‌ی مرۆڤ زۆر له‌داوی جاڵجاڵۆكه‌ وردترو فێڵاویتر چنراوه‌، جاڵجاڵۆكه‌ له‌كوێ‌ ئه‌توانێت داوێك بچنێت خاوه‌ن ئاوه‌زێكی وه‌ك مرۆڤی پێوه‌بێت !

     پیاوی ویژدانمردوو……هه‌ژاری بیركوژو دڵكوژه‌، هه‌ندێكجار وات لێئه‌كات زیندوویه‌ك له‌تابووتێكدا بده‌ی به‌ئاوا به‌بێئه‌وه‌ی بۆی بگریت، به‌ڵام ڕۆژگارێك دێت ئه‌و برینه‌ له‌ویژدانتدا ئه‌كولێته‌وه‌و سه‌رت به‌دارو دیواری په‌شیمانیا ئه‌كێشی. من دڵنیام تۆش سزای ئه‌و ئازاره‌ ئه‌چێژێت له‌پێناوی خۆتا تاهه‌تایه‌ جوانیت له‌من‌و خۆت‌و خه‌ڵكانێكیی تریش حه‌رامكرد. تۆ سه‌یریكه‌  داواكاری سه‌ختی سه‌یران‌و، كوله‌مه‌رگی من له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ودا كارێكی ئاسان نه‌بوو، تابۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ئه‌و ئه‌وینه‌ له‌ده‌ست نه‌ده‌م تاسه‌ر ئێسقان به‌پاكی خۆشم ئه‌ویست، به‌ڵام نه‌پاكی لای تۆ واتایه‌كی هه‌یه‌و نه‌ئه‌وینیش مانایه‌ك له‌ڕۆحی تۆدا. تۆش ئه‌بێت ئیتر له‌خه‌می پیاوێكدا ئه‌و ژیانه‌ پوچو بێهوده‌یی خۆت ببینیت هه‌ناسه‌ هه‌ڵكێشانێكی بۆیادگاریه‌كانت تیا نیه‌، له‌خه‌می ئه‌و مه‌ینه‌تزه‌ده‌ تێبگه‌یت له‌نێوان دوو عیشقدا یه‌كیان نه‌داری‌و ده‌ست پێڕانه‌گه‌یشتندا كردی به‌و پیاوه‌ فریوكاره‌ی عیشق‌و ڕۆح له‌ده‌ست بداو سامان‌و خوێن هه‌ڵچنێ‌و، ئه‌ویتریان ئه‌وه‌نده‌ به‌ناو ڕۆحی خۆیدا گێڕای‌و ڕوخاندی، له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ بكوژێ‌ ئامانجی تۆیه‌، خه‌ریكه‌ ده‌مانچه‌كه‌ ئه‌خاته‌ سه‌ردڵی خۆی، تا له‌ده‌ست سزای ئه‌و هه‌موو په‌شیمانیه‌ ڕزگاری بێت ئه‌و هه‌موو جوانیه‌ی خۆیی‌و ئه‌وانیتری تێدا كوشت. ئه‌وه‌تانێ‌ ئیتر گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی پۆشاكی گه‌دایی له‌به‌ر بكا‌و به‌ڕه‌زاله‌تی خۆیی‌و جوانكردنی دنیا قه‌ره‌بووی ئه‌و هه‌موو ناشیرینیانه‌ی بكاته‌وه‌ به‌خوێن دروستی كرد، به‌ڵام مه‌گه‌ر ئازار چێشتنی هه‌زار ساڵیش ئه‌توانێت ڕۆحبكاته‌وه‌ به‌به‌ر مردوویه‌كدا ؟ یاخه‌می له‌ده‌ستدانی كه‌سێك بۆ ئازیزه‌ له‌ده‌ستچووه‌كه‌ی بسڕێته‌وه‌، ئاواتی ئه‌و كچه‌ هه‌ژده‌ ساڵانه‌ به‌دیبێنێ‌ عاشقم بوو كوشتم ؟! یا نوقڵێك له‌به‌هه‌شته‌وه‌ بێنێ‌ بۆ ئه‌و مناڵه‌ی چاوه‌ڕێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی دایكو باوكیه‌تی به‌دووباڵی سپیه‌وه‌؟!

     سه‌یری كه‌، دنیا چ سه‌مه‌ره‌خانه‌یه‌كه‌، خوێن بڕێژی ئازار ئه‌تكوژێ‌‌و نه‌یڕێژی چه‌رمه‌سه‌ری ئه‌تكوژێ‌! هاتم بۆئه‌وه‌ی پاره‌م ده‌ست بكه‌وێ‌‌و عیشقێك بكڕم، كه‌چی عیشقێكم كوشت! هاتم بۆئه‌وه‌ی كه‌سێك بكوژم‌و پاره‌م ده‌ست بكه‌وێ‌، كه‌چی خۆمم له‌ده‌ستداو عیشقم ده‌ست كه‌وت. كه‌چی عیشق ئه‌و ده‌مانچه‌ی پێ فڕێدام خوێن له‌لوله‌كه‌ی ئه‌هات. هاتم بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێك بكوژم دڕنده‌كه‌ی ناو ڕۆحی خۆمم كوشت، تۆ سه‌یریكه‌ ئه‌مه‌ چ جوانیه‌كه‌ ئێستا تۆ لێی بێبه‌شیت!

     پیاوی خاڵی له‌ویژدان …..هیچ وه‌ك عیشقی شاعیرێك هه‌ڵت ناكۆڵێت، تۆ نازانیت ئه‌و چه‌ند زه‌ریف له‌ڕۆحی خۆیدا ئه‌سوتێت! تۆش هه‌رله‌سه‌رتاوه‌ ئه‌تتوانی له‌بری ئه‌وه‌ی ڕیێگای ئه‌م كوشتن‌و نابووتكردنه‌ی ڕۆحم نیشانبده‌یت، وه‌هاكارێك بكه‌یت وه‌ك مۆم‌و په‌روانه‌ به‌ده‌وری یه‌كتریدا بسوتیێن. ئاخر چێژی ژیان له‌وه‌دایه‌ بسوتێیت نه‌ك بسوتێنی. چێژ له‌ئازاری سوتانی خۆمان وه‌رگرین نه‌وه‌ك كوشتن، به‌ڵام تۆ له‌و هه‌سته‌ بێبه‌ری بوویت، بۆیه‌ هه‌رگیز ئه‌و ئاسوده‌ییه‌ت نه‌دۆزیه‌وه‌ بۆی ئه‌گه‌ڕایت، بۆیه‌ به‌خته‌وه‌ری له‌ده‌رگای ڕۆحی تۆی نه‌داو به‌دبه‌ختی به‌رده‌رگاكه‌تی چۆڵنه‌كرد. ته‌نانه‌ت له‌و چاره‌نوسه‌ ڕه‌شه‌ش وردنه‌بوویته‌وه‌ منی تا چگۆڕێك برد، له‌و عیشقه‌ نه‌فره‌تیه‌ت نه‌ڕوانی تا چ جه‌هه‌نه‌مێك ڕایكێشام، به‌ڵام من‌و تۆ كه‌خوێن‌و پاره‌ سه‌ودای نێوانمان بووه‌، زمانی گوفتوگۆی نێوانمان بوو، نه‌وه‌ك ڕۆح و عیشق‌و میهره‌بانی، ئه‌كرا له‌یه‌كتری تێبگه‌ین‌و یه‌كتریمان خۆشبووێ‌، ئه‌مه‌كداربین به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتری؟؟ بێگومان نه‌خێر. من‌وتۆ ئه‌ماتوانی زمانێكی تر جیاله‌م زمانه‌ بۆگه‌نه‌ی سه‌ودا كردن بدۆزینه‌وه‌، نه‌ك سه‌ری خۆمان‌و دیگه‌ران بده‌ین به‌داری فه‌تاره‌تداو تۆش ئه‌تتوانی وه‌ك ئه‌م ژیانه‌ دڵڕه‌قه‌ نه‌بیت.

     تۆ نازانیت به‌گولله‌یه‌ك چه‌ند خۆزگه‌و ئاوات تیا ئه‌چێت! چه‌ند كه‌س له‌گه‌ڵ تیاچوونی ئه‌و دڵه‌دا تاهه‌تایه‌ خه‌ڵتانی خوێن ئه‌بن، مناڵێك له‌نازی ئه‌و باوكایه‌تیه‌ بێبه‌ش ئه‌كه‌یت له‌سه‌ر مه‌رگیشدا بۆی ئه‌گری، له‌نازی دایكایه‌تیه‌ك هه‌تیوی ئه‌كه‌یت هه‌موو دنیای بده‌یتێ‌، شوێنه‌ خاڵیه‌كه‌ی ئه‌و له‌دڵیدا پڕناكاته‌وه‌. هه‌موو دنیا بكه‌یت به‌مه‌رهه‌م، برینه‌كه‌ی دڵی ئه‌و ساڕێژناكات. تۆ ئه‌تویست من ده‌ست له‌كارو باری خودا وه‌ربده‌م، ئاخر به‌ته‌نیا ئه‌و له‌مه‌ڕ مردن‌و ژیانی مرۆڤه‌كان، ڕابردوو ئاینده‌ی مرۆڤه‌كان، گوناهو سزای مرۆڤه‌كان مافی بڕیار دانی هه‌یه‌. مرۆڤێكیش به‌برینی ئه‌وانی دی خوێن له‌دڵی نه‌یه‌ت، مرۆڤ بوونی تیادا مردووه‌. ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ش تۆ به‌م چاوه‌شوشه‌ییه‌وه‌ منت كرد به‌و دڕنده‌ خوێنخۆره‌ی شه‌رم له‌مرۆڤبوونی خۆم بكه‌م. ئێستا ئیتر لێوان لێوم له‌گوناه، له‌ئه‌شكه‌نجه‌و ئازار، هه‌ر ئه‌م ئازاره‌شه‌ خه‌ریكه‌ ئه‌مكاته‌وه‌ به‌مرۆڤ، هه‌ر ئه‌م ئازاره‌یه‌ ڕۆحم ئه‌كێشێت خه‌ریكه‌ فێری ئه‌وه‌م ئه‌كات چێژ له‌ئازاردانی خۆم وه‌رگرم له‌پای ئه‌و ئازارنه‌ی دروستمكرد. خه‌ریكه‌ فێری ئه‌وه‌م ئه‌كات به‌دڵشكانی گوڵێك گیانم ده‌ربچێت‌و مانایه‌ك به‌مرۆڤ بوونم بده‌م. به‌مه‌رهه‌مكردنی برینی چڵه‌گیایه‌ك هه‌ستبكه‌م سوڵتانی به‌خته‌وه‌ریم. ئێستا ئیتر په‌شیمانی له‌و ڕابردووه‌ خه‌ریكه‌ ئه‌مكوژێت. تۆ ئه‌زانیت چه‌ند جوانه‌ گوناهكارێك په‌شیمانی بیكوژێ‌ نه‌وه‌ك دڕنده‌یی تۆ؟! تۆ ئه‌زانیت سیخوڕێك چه‌ن بێزاره‌ له‌ڕابردوی كاتێك چاوه‌ شوشه‌ییه‌كه‌ی خوێنی لێبێ؟ خۆزگه‌ تۆش ئه‌بوویته‌وه‌ به‌و مرۆڤه‌ی بیر له‌عه‌زیه‌تدانی جوانی نه‌كه‌یته‌وه‌ .

     ئه‌وه‌ تۆ بوویت، تۆی گوناهكاری كاره‌كانی خۆت‌و هۆكاری گوناهه‌كانی منیش، توانیت وابكه‌یت به‌مردنی بێگوناهێك پێبكه‌نم، به‌ڕژانی هه‌ر خوێنێك هه‌ستبكه‌م هه‌نگاوێك له‌به‌خته‌وه‌ریم نزیك ئه‌بمه‌وه‌، به‌ڵام من چیبووم جگه‌ له‌به‌دبه‌ختێك ئه‌مویست وه‌ك مرۆڤێكی ئاسایی داهاتوێكی ئاساییم هه‌بیبَت؟ تۆ پێت وتم “ژیان فیلمێكه‌و كۆتاییه‌كه‌ی له‌هه‌مووی گرینگتره‌، له‌كۆتاییدا ده‌رئه‌كه‌وێت پاڵه‌وانه‌كان كێن”. “كه‌چی ئێستا تێده‌گه‌م من هه‌ر له‌سه‌ره‌تای فیلمه‌كه‌وه‌ كوژراو بووم”. ئێستامن تێده‌گه‌م من مردوویه‌ك بووم‌و زیندووه‌كانم ئه‌كوشت، بێچاوێك بووم‌و چاوی ئه‌وانیترم ده‌رئه‌هێنا، بێدڵێك بووم ‌و خاوه‌ن دڵه‌كانم زینده‌ به‌گۆڕئه‌كرد. “تۆ پێت وتم ئه‌و ڕێگایه‌ گرنگ نیه‌ پیایدا ئه‌ڕۆیت، ئه‌نجامه‌كه‌ی گرنگه‌”. “ئێستا من له‌ئه‌نجامه‌كه‌یدا تێده‌گه‌م جوانی ڕێگاكان گرنگترن نه‌ك باشی ئه‌نجامه‌كان”. ئێستا ڕوو له‌هه‌ر جێیه‌ك ئه‌كه‌م بۆنی خوێنی مه‌یوی لێدێ‌‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ی كوشتمن‌و ئازارمدان، خوێنه‌كه‌یان له‌ڕِۆحی من نابێته‌وه‌. ئێستا وه‌ك ده‌نگدانه‌وه‌ی قریشكه‌ی هه‌زاران فریشته‌ له‌هه‌زاران هۆڵی چۆڵۆ خامۆشدا، قوربانیه‌كان ده‌نگیان ئه‌گاته‌ قوڵایی ڕۆحی من.  ئێستا ئه‌و چاوه‌ كامێرایه‌م له‌بری دونیا خۆڵمێشیه‌كه‌ی جاران دنیایه‌كی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ ئه‌بینێ‌. ئێستا تێده‌گه‌م هیچ شتێك له‌م دنیایه‌دا موڵكی من نیه‌ جگه‌ له‌ڕۆحێكی بریندارو بیمارو كڵۆڵ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆشحاڵ له‌ڕابردوویه‌كی خوێناوی هه‌ڵاتووم‌و ئیتر خاوه‌نی دووچاویش نیم یه‌كیان دنیایه‌كی خوڵه‌مێشی‌و، یه‌كیان دنیایه‌كی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ ببینێ‌. ئێستا خاوه‌نی دوو چاوم ئه‌ڵێی دوومۆمی به‌سه‌ر یه‌كتریدا تواوه‌ن .

     ئێستا من لێت ده‌پرسم دوای ئه‌وه‌ی منت له‌م لیتاوی خوێنه‌دا خنكاند، چیبكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم حه‌قی كوژراوێك بده‌مه‌وه‌، له‌كاتێكدا هه‌موودنیا ناتوانێت ڕۆحێك له‌ئاسمانه‌وه‌ بهێنێته‌ سه‌رزه‌وی؟ دڵێك له‌گۆڕا بخاته‌وه‌ جوڵه‌؟ ڕۆحێك بهێنێته‌وه‌ بۆ ژیان؟  ناتوانێت خاوه‌ن گۆڕێك بگێرێته‌وه‌ بۆناو ڕۆژانی شه‌یدایی‌و عاشق بوون؟ پێم بڵێ‌ كێ‌ ئه‌توانێت ئه‌و ساڵانه‌ی ته‌مه‌نی بداته‌وه‌ نه‌مهێشت تیایدا بژی؟ گه‌وره‌ی ئازیزم ئێستا دڵی من من به‌م خه‌مه‌ ده‌رون خۆره‌وه‌ له‌لێدان ئه‌كه‌وێت. ئێستا وه‌ك ئه‌وه‌ی تۆ كه‌سێكت خۆشبووێ‌و مه‌حكومبێت به‌وه‌ی تاهه‌تایه‌ ئه‌و قیزت لێبكاته‌وه‌، یا ئه‌وه‌ی ئه‌ویش تۆی خۆشبووێ‌‌و به‌بێزكردنه‌وه‌ له‌ڕابردووت هێڵنج بیگرێ‌، من وه‌هام. من ئه‌زانم كه‌سێك خوێنی ڕشت جادوی نه‌فره‌تی به‌سه‌را ئه‌بارێ‌، وه‌ك ئه‌و ئاسه‌واره‌ گرانبایی‌و دێرینانه‌ی هه‌زار ساڵ خوێنی له‌سه‌ر ئه‌ڕژێ‌‌و سه‌ره‌نجامیش ده‌ستی كه‌سێك ناكه‌وێت، له‌شوێنێكدا‌و له‌ناو دڵێكدا ناسره‌وێت. من ئه‌زانم ئه‌وه‌ی خوێن ئه‌ڕێژێ‌‌و ڕه‌نج به‌خه‌سار ئه‌دات، سه‌ره‌نجام ڕۆژێك رۆحی برینداری بێداری ئه‌كاته‌وه‌، فریشته‌ خه‌وتووه‌كه‌ی ناو ڕۆحی پێی ئه‌ڵێ‌ لێره‌دا بوه‌سته‌و تاهه‌تایه‌ بۆ ئه‌و خوێنه‌ بگری له‌پێناوی هیچدا ڕشتت، بۆ ئه‌و ڕێگایه‌ بگری به‌هه‌ڵه‌ پیاید هاتیت. ئاخر تۆش ئه‌و جوانیانه‌ت تیادا له‌خاچدام مرۆم له‌به‌ر دیوه‌ ڕۆحیه‌كه‌ی خۆشبووێ‌، نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی، تۆ خه‌یاڵت كوشتم، ڕۆحت كوشتم، هه‌ستت خستمه‌ گۆڕو یژدانی خۆمت پێدامه‌ به‌رگولله‌، ده‌ی مرۆڤێك ئه‌مانه‌ی نه‌بوو ڕاكردن به‌دوای خۆزگه‌كانیدا ئه‌یكات به‌دڕنده‌یه‌كی بێئامان . 

     زۆرجار مرۆڤ ئه‌وه‌ی ده‌ستی خۆزگه‌ی نایگاتێ‌ له‌خه‌یاڵا جوانترو دڵڕفێنتر له‌ئامێزێ‌ ڕۆحی ئه‌گرێ‌، تۆ دڵت كوشتم، مرۆڤێك كه‌دڵی نه‌بوو ناتوانێت هیچ شتێك له‌دڵیدا هه‌ڵگرێت جگه‌ له‌خوێن، خوێنیش ئه‌و تابلۆ ناته‌واوه‌ ئه‌كێشێت ڕۆح‌و ویژدان سه‌یری ناكات. تۆ هێشتا له‌وه‌ تێنه‌گه‌یشتووی مرۆڤی بێهه‌ست سروشتی ئه‌و پارچه‌ پۆڵایه‌ی هه‌یه‌ ئه‌كرێته‌ چه‌قۆو خومپاره‌و گولله‌، نه‌وه‌ك گوڵ، نه‌كوشتن توشی سه‌رسامی ئه‌كات‌و، نه‌بینینی خوێن ئه‌یجوڵێنێ‌‌و نه‌وێرانیش ئه‌یكاته‌ گریان. تۆ ڕۆحت خستمه‌ گۆڕ، بۆیه‌ كه‌سێكیش ڕۆحی نه‌بێت ڕۆحی ئه‌وانی دی وه‌ك جگه‌ره‌یه‌كی هه‌رزان بایی ئه‌كێشێت‌و بۆ هه‌موو دنیاش سه‌فه‌ر بكات، بۆناو ڕۆحی خۆی نایكات. وه‌ك پێم وتی ئێستا من عاشقی ئه‌و كچه‌ شاعیره‌بووم بۆ كوشتنییت ناردوم، ئێستا ئیتر نه‌له‌مردن ئه‌ترسم‌و نه‌پێویستیشم به‌پاره‌و كوشتنه‌، “ئاخر به‌رله‌وه‌ی من ببمه‌ ئیزرائیلی ئه‌و، ئه‌و بوو به‌فریشته‌ی نه‌جاتی من”. هیوادارم تۆش فریشته‌ی نه‌جاتت به‌م زوییه‌ ببینیت. ئاخر ئه‌و ژیانی پێ به‌خشیمه‌وه‌و وایلێكردم تاهه‌تایه‌ بۆ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ به‌فیڕۆ چوه‌م بگریم له‌په‌نجه‌ره‌یه‌كی تاریكه‌وه‌ دنیایه‌كی خۆڵه‌مێشیم ئه‌بینی. ئێستا ئه‌زانم عیشق گوڵ له‌بیابانا سه‌وز ئه‌كات‌و شیعرو ڕۆح ئه‌داته‌وه‌ به‌و مردووانه‌ی ڕۆڵی جه‌للادێك له‌سه‌ر ئه‌م شانۆ تاریكه‌ به‌رجه‌سته‌ ئه‌كه‌ن. خۆشم ئه‌وێ‌ ئه‌مه‌ش لای تۆ مایه‌ی پێكه‌نینه‌، لای منیش خۆشویستن واتای ئه‌وه‌ی ته‌نیا جارێك ئه‌و بگری من ئه‌مرم 

     له‌كۆتاییدا بۆت ئه‌نوسم ئێستا ئیتر  من چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌م به‌پیلانێك له‌و پیلانانه‌ی ده‌ستی بكوژه‌كانیان دیار نیه‌‌و به‌كامێراش وێنه‌یان بگریت مرۆ باوه‌ڕ ناكات، به‌ ده‌ستی پیلانكارێك بمكوژیت. پیلانێك له‌و پیلانانه‌ی بێئه‌وه‌ی كه‌سێك په‌ی به‌نهێنی كوشتنه‌كه‌ی به‌رێ‌‌و تاهه‌تایه‌ تف‌و نه‌فره‌ت به‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌تا ئه‌ڕێژن، به‌ڵام من ئاسوده‌م ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پارچه‌یه‌ك له‌دڵم لای جوانی ژیان به‌جێدێڵم‌و  حه‌قی هه‌موو ئه‌و جوانیانه‌ش ئه‌ده‌مه‌وه‌ له‌وانیترم حه‌رامكرد

 

              هه‌ردی شه‌فیق

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.