بانگەوازێک بۆ ئەو بەڕێزانەی کە بەشداری فێستیڤالی ئەدەبی و ڕوناکبیری گەلاوێژی ئەمساڵیان کرد
شیعر دەست کەوتێکی گرنگی خەیاڵ و فیکری مرۆڤە ، وشەو ، ئەدەب و ، مانا ، ژێرخانی پەروەردەکردنی نەوە دوای نەوەی ئەو دەست کەوتە گرنگە هزرییە مرۆییەیە ، بە درێژای مێژووی ئەدەب و نوسین هیچ نوسینێکی ئەدەبی و هونەری مەزن لە دونیا نادۆزینەوە ئەگەر ڕاستەو خۆ لەگەڵ دواندن و کۆمەک نەبێت بە فەرهەنگ و کولتوری ئەدەب و نوسینی مرۆیی بە مانا جیهانیەکەی ، واتە هیج دەقێکی ئەدەبی سەرکەوتوو لە دونیا بەر چاو ناکەویت لە کۆمەکدا نەبێت بە هزرو هۆشیاری ئێمە ، هەروەها نوسینی کوردیش دەبێت بەم بەرپرسیارێتییەوە تواناکانی خۆی تاقیبکاتەوە بۆ بەردەوامیدان و کۆمەک بە هزرو داهێنانی ئەدەبی ، فێستیڤالی ئەدەبی و ڕۆشنبیری ، پێشبڕکێی نوسەران بۆ پێشکەش کردنی دەقی بە تواناو خاوەن فیکرو قسە مانا ، بۆ نیشاندان و زەق کردنەوەی بەهرەو هزری بەتوانا کارێکی تەواو شیاوە ، ئەم نەریتە مێژویەکی دێرینی هەیەو لە وڵاتان بە شێوەو میکانیزمی جیاواز ساڵانە نمایش دەکرێت ، من نامەوێت لەسەر مێژووی ئەم جۆرە فێستیڤال و پێشبڕكێیانە لە دونیادا قسە بکەم ، بەڵکەدەمەوێت بەتەنها لەسەر ئەو برینە قوڵە قسە بکەم کە ناوی فێستیڤالی ئەدەبی و ڕوناکبیری گەلاوێژە کەساڵانە بەردەوامی هەیەو ئەوەندەی ئاگادار بین بودجیەکی گەورەشی لە لایەن حیزبێکی دیاری کراوەوە بۆ تەرخانکراوە بە ناوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، جێگەی سرنجە برادەرانی دەستەی ئامادەکاری فەستیڤاڵی گەلاوێژ خۆیان لە خراپ ترین و بێبەهرە ترین ئەندامە کاراکانی لیژنەی ئامادەکاری هەم بنکەی ڕوناکبیری گەلاوێژ و هەمیش فیستیڤاڵی ئەدەبی و ڕوناک بیری ساڵانەی گەلاوێژن ، ئەم برادەرانە شازدە ساڵی ڕەبەقە بە یەک میتۆدی نا تەندروست کار دەکەن و بە یەک هەوای نەفەس هەم ئەو بنکە ڕۆشنبیریەو هەمیش فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەڕێوە دەبەن ، بە بێ ئەوەی کەس دەنگی لیوەبێت و نارازی بێت لەو دۆخە زۆر خراپەی بۆ ئەدەبیان دروست کردوە ، ئەم برادەرانە لە بری ئەوەی خەڵکی پرۆفیسیۆنێل بانگ بکەن بۆ ئامادەکاری فێستیڤالەکەو لیژنەی پسپۆرو ڕۆشنبیری چاو کراوە پێک بهێنن لە بوارە جیا جیاکاندا ، کەچی بەردەوام لەنێوان خۆیاندا هەندیک کەسایەتی نا ڕۆشنبیرو نا پسپۆرو قەدیمی کە خۆیان لە بواری نوسینی ئەدەبی سەرکوتودا فەشەلیان هێناوە بانگ دەکەن و دەیانکەن بە لیژنەی هەلسەگاندنی شیعر و چیرۆک و توێژینەوە ، بێگوێدانە ئەوەی هۆشیاری فیکری برادەرانی لیژنە چەندە ئەتوانێت دەستێکی خراپ بێت لە شێواندن و لەبار بردن و ناشرین کردنی وشەو ئەدەب و نوسینی کوردیدا ، بێگوێدانە ئەوەی دیاری کردنی ئەدەبی خراپ وەک براوەی فێستیڤال چەندە ئەتوانێت هەوڵی نوسینی مەزن لە دونیای ئێمەدا بۆ دەیان ساڵ پەک بخات و قەڵەمی خاوەن بەهرە نوێ بپوکێنێتەوە، ئەم برادەرانەی لیژنە لەبەردەم هەڵوێستێکی گەورەی مێژوویدان بەرامبەر بە وشەو ئەدەبی کوردی ، بەداخەوە ساڵانە کۆمەڵێک دەقی تەواو خراپ و بێ مانا وەک براوەی فێستیڤال دەست نیشاندەکرێن و هەندێک دەقی مەزنی تر کە شایستەی ئەوەن بەر گوێی ئامادەبوان بکەون سەردەبڕێن و دەم دەبەسترێن و فڕێدەدرێنە تەنەکەی خۆڵی بنکەی ئەدەبی و روناک بیری گەلاوێژەوە ، ئیستا شازدە ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر فێستیڤالی گەلاوێژداو کاتی ئەوەیە بپرسین کوان ئەو دەقە مەزنانەی کەشازدە خەڵاتی شیعری کوردیان بردۆتەوە ؟ ئایا ئێوە لە خۆتان پرسیوە بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی بازنەی گەلاوێژ دەنوسن فراوانتر و مانادار ترو مەزن تردەنوسن وەک لەوانەی خەلاتی گەلاوێژ دەبەنەوە ؟ سەرباری ئەوەی خراپ ترین نوسەر دەبێتە لیژنەی دەست نیشانکردنی خراپ ترین دەق ئەم نەریتە ساڵانە لەبرەودایە کەچی هەموو بێدەنگن و خەم ساردو بێدەربەست بەرامبەر وشەو ئەدەب و نوسینی کوردی ، وەک دەبینین نێوەندی ئەدەبی کوردی لە خراپ ترین و بێ مانا ترین و هەزەلی ترین حاڵیدا دەژی و ئەو هەموو پارە و فێستیڤال و دەزگای ڕاگەیەندنانە بۆ ڕێکلام کردن بۆ شاعیرو نوسەری خراپ نەیتوانیەوە یەک زەڕە خزمەت بە ئەدەب و ڕۆشنبیری کوردی بکات بەڵکە خۆیان بون بە دەمودەزگای بڵاو کردنەوەی جەهل و نەخوێنەواری سەرتاسەری ، لەگەڵ رێزم بۆ هەندێک نوسەرو شاعیری بە توانا ، لەگەڵ ئەوەدا کە فێستیڤالی گەلاوێژ پسپۆڕە لە دەست نیشانکردنی دەقی خراپ و کرچوکاڵ کەچی بەوەشەوە ناوەستێت ئەم فێستیڤاڵەیەن کردووە بە میمبەرێکی سیاسی و شوێنی موزایەدەی سیاسی و کێبڕکێی حیزبی ، لێرەوە پیاوانی حیزبی دێن و هۆڵی فێستیڤال پڕدەکەنوەو ئامانجی سیاسی و حیزبی خۆیان فەرامۆشناکەن دوای یەک ساڵی رەبەق لە ئیش کردن لە ناو جومگە بە جومگەی کۆمەڵگەی کوردیدا کەچی ئەم سێ ڕۆژەی گەلاوێژ بە نوسەران و شاعیران رەوانابینن و ئێرەش پردەکەنەوە بە دەنگ و سەدا و هەیبەتی ناجیزی خۆیان ، دەمەوێت ئەوەرابگەیەنم من وەک شەهید کەوڵۆسی خاوەنی هەیکەلی کۆمپانیای کولتوری نوسینی کوردی وەک یەکەمین ئەرکی خۆی لە ماوەی داهاتودا دەست بەکار دەبێت ، هەڵدەستێت بە ڕاوێژ لەگەڵ کۆمەڵێک توێژەرو ڕۆشنبیری پرۆفیسیۆنێلی بواری ئەدەب ، بۆ وەرگرتنەوەی دەقە شیعرەکان و خویندنەوەی جدی و مەعریفی بۆیان بەشێوەیەکی ئەکەدیمی ، بە لایەنی کەمەوە وەک هەلوێستێک بەرامبەر بەو دژایەتیەی لەگەڵ ئەدەبی مەزن دەکرێت هەموو سالێک لە دوای راگەیاندنی خەلاتەکانی شیعر ئامادەین ئەو دەقانەی فێستیڤاڵی گەلاوێژ وەربگرینەوەو بە شێوەیەکی جدی و کامڵ لەگەڵ برادەرانی توێژەری بواری ئەدەب خوێندنەوەیان بۆ بکەینەوەو خەڵات و پلەکان دیاری بکەین ، وەک و براوەی یەکەم و دوەمی فێستیڤالی گەلاوێژ ڕایانبگەیەنین کۆپانیاکەی ئێمە هەڵدەستێت بە ئامادەکردنی خەڵاتی شیاو بۆ براوەی یەکەم و دوەمی شیعری کوردی . ئاماج لەم هەڵویستە تەنهاو تەنها دیاری کردنی قەڵەمی بە تواناو داهێنەرە وەک سومعەیەکی سەمبۆلیک بۆ خاوەنی باشترین شیعری ساڵ ، بێگومان کۆمپانیاکەی ئێمە خەڵاتی شیاو دابین دەکات بۆ دەقە سەرکەوتوەکان ، هیوادارین ئەم هەڵویستە ببێتە چاولێکەری و خەڵکانی خەمخۆرو بە توانا بتوانن هەڵسەنگاندنی ئەکادیمی سەرلەنوێ بۆ چیرۆک و لێکۆڵینەوەکانی فێستیڤالی گەلاوێژ ساز بکەن ، تەنها لەبەر ئەوەی بتوانین ئەو دۆخە خراپەی خەڵکانی بێتواناو نا ڕۆشنبیرو نابەرپرس دروستیان کردوە بۆ وشەو نوسینی کوردی کۆتایی بێت و دۆخێکی دروست و ئەکتیڤ خۆی بکاتەوە بەسەر کایەی ڕۆشنبیری و نوسینی کوردیدا .
لێرەوە داوا لە هەموو ئەو بارێزانە دەکەین کە بەشداری فێستیڤالی گەلاوێژیان کردوە دەقەکانیان لە ماوەی پازدە رۆژدا بۆ ئێمە بنێرن بۆ ئەوەی بتوانین لە ناو تێکستەکاندا ئیشی جدی بکەین .
تێبینی ‘ تکایە لەڕێگای ئەم ئیمێلەوە دەقەکانتان رەوانە بکەن Shehid_kwlosi@hotmail.fr