Skip to Content

Friday, March 1st, 2024
ژیان و بژاردەیەک لە شیعرەکانی؛ لانگستۆن هیوز-ی شاعیری

ژیان و بژاردەیەک لە شیعرەکانی؛ لانگستۆن هیوز-ی شاعیری

Closed
by November 19, 2012 ئەدەب

 

 

جەیمس لانگستۆن هیوز (١٩٠٢-١٩٦٧)

لە ‘جۆپلن’ی ویلایەتی ‘میسۆری’ لەدایک بووە. ئەندامی خێزانێکی پاڵپشتیکەری لابردنی بەندایەتیی قوولەڕەشەکان لە ئەمریکا بووە. ‘هیوز’ دەچێتە قوتابخانەی سێنتراڵی دواناوەندی لە کلێڤیلاند’ی ویلایەتی ‘ئۆهیۆ’، لێ لە پۆلی هەشتەمدا دەبێ، کە دەست دەکا بە شیعرنووسین، و وەک شاعیری پۆل دیاریدەکرێ. و سەروەختی چوونە زانکۆی، باوکی پارەی خوێندنی ‘زانکۆی کۆڵۆمبیا’ی بۆ دەدا، تا بچێت ئەندازیاریی بخوێنێ، بەڵام سەرکەوتوو نابێ و دواتر دەست بە شیعرنووسین دەکاتەوە. یەکەمین شیعری بڵاوکراوەی، کە یەکێکە لە شیعرە بەنێوبانگەکانیشی، ئەم شیعرەیە –قوولەڕەش قسە بۆ ڕووبارەکان دەکا- . 

هیوز، بەتەنیا شاعیر نەبووە، بەڵکو چیرۆکنووس، شانۆنامەنووس و وتارنووسێکی باشیش بووە، زۆرێک لە کارەکانی لە گۆڤارەکانی NAACP, Crisis Magazine, Opportunity Magazine  و زۆر گۆڤاری دیکەدا بڵاوکردۆتەوە.

هیوز، لەژیانی خۆیدا گەڕیدەیەکی باش بووە زۆر وڵاتان گەڕاوە؛ لە ساڵی ١٩٢٣ دا چووە سێنیگال، نێجیریا، کامیرۆن، کۆنگۆ، ئەنگۆلا و گینیا لە ئەفریکا، و پاشان بۆ ئیتالیا، فرەنسا، رووسیا و ئیسپانیا.

ئەسپێکتێکی دیکەی ژیانی ‘هیوز’ موزیک بووە و لە ‘واشینتۆن دی.سی’ بەردەوام دەچووە یانەکانی موزیکی ‘جاز-jazz’ و ‘بلوز-blues’ و هەر لەوێندەریش زۆر جاران هەبووە شیعری نووسیوە!

لانگستۆن هیوز، نووسەرێکی پڕبەرهەم بووە و لەماوەی بڵاوبوونەوەی یەکەمین کتێبیدا لە ساڵی ١٩٢٦، تا مەرگی لە ساڵی ١٩٦٧، تەواوی ژیانی خۆی بۆ نووسین و وانەوتنەوە  تەرخان کردوە و لەو نێوەندەیشدا؛ شازدە کتێبی شیعر، دوو ڕۆمان، سێ کۆمەڵە کورتە چیرۆک، چوار بەرگ لە ‘ئامادەکردن’ و ‘دۆکۆمێنتاری’، بیست شانۆنامە، شیعری منداڵان، میوزیکی و ئۆپێرایی، سێ کتێبی ئۆتۆبایۆگرافی-ژیاننامەیی، یەک دەرزەن ڕێنووسی ڕادیۆ و تێلیفزیۆنی و دەرزەنێک وتاری ناو گۆڤارەکان! لەمەیش زیاتر، هیوز، حەفت ‘ئەنتۆلۆجیا-anthology’ی ئامادە کردووە.

 

کرۆنۆلۆژیای کارەکانی؛

بلووە ماندووەکان، ١٩٢٦

نەک بەبێ پێکەنین، ١٩٣٠ 

دایکە قوولەڕەش و خوێندنەوە دراماتیکییەکانی دیکە. ١٩٣١

خەونپارێز، ١٩٣٢

زەریای گەورە، ١٩٤٠

شەیکسپییەر لە هارلێم، ١٩٤٢

مەودای سەرسوڕمانەکان، ١٩٤٧

بلیتی یەک ڕێ، ١٩٤٧

یەکەمین کتێبی جاز، ١٩٥٥ 

سەرم لە گەڕانی خۆم سوڕماوە، ١٩٥٦

تەمبوورەکان بەرەو شکۆ، ١٩٥٨

شیعرە هەڵبژێردراوەکان، ١٩٥٩ 

خەزێنەیەکی ئەفریکایی، ١٩٦٠

باشترین بەبنەچە هەژار و پلەوپایە نزمەکان، ١٩٦١

شیعری ئەفریکایییە قوولەکان، ١٩٦٣

شاعیرە نوێیە قوولەکان؛ لە ئەمریکا، ١٩٦٤

باشترین کورتە چیرۆکەکانی نووسەرە قوولەکان، ١٩٦٧

ئەمانە و چەند بەرهەمێکی دیکەیشی هەن، کە پاش مەرگی خۆی بڵاوبوونەتەوە.

 

لانگستۆن هیوز، لە ڕۆژی ٢٢ی مەی-ی ساڵی ١٩٦٧ بەهۆی شێرپەنجەوە ماڵئاوایی لە دونیای قوولە ڕەشەکان کرد!  

 

 

من، خەون بە جیهانێکەوە دەبینم

من، خەون بە جیهانێکەوە دەبینم

 لەوێدا مرۆڤ بەچاوی سووک تماشای مرۆڤێکی دی ناکا 

لەوێدا خۆشەویستی شکۆ دەبەخشێتە زەوین

و ئاشتی ڕێیەکانی دەنەخشێنێ

من، خەون بە جیهانێکەوە دەبینم

لەوێدا هەمووان شیرینیی ڕێی ئازادی دەناسن،

لەوێدا چاوچنۆکی چی دیکە هێز لەبەر ڕۆح نابڕێ

چاوبرسێتییش ڕۆژەکانمان تووشی وەیشومە ناکا.

جیهانێک من خەونی پێوە دەبینم تیایدا ڕەش یا سپی،

هەچ ڕەگەزێک ببیت،

پشکی دڵئاوەدانییەکانی زەوینت بەردەکەوێ

و گشت مرۆڤ ئازادە،

لەوێدا کڵۆڵیی سەری خۆی هەڵدەواسێ

و خۆشبەختیی، مینا مروارییەک،

لەتەک پێویستییەکانی گشت ڕەگەزەکانی مرۆڤدا دەبێ

بەم چەشنەیە خەونی پێوە دەبینم، جیهانی من!

بێدەنگیی

 

من لە شێوازی بێدەنگییت تێدەگەم

بەر لەوەی بئاخفێی.

 

پێویستییم بەوە نییە 

وشەیەک ببیستم.

 

لە بێدەنگییتدا

هەر تۆنێک، کە بەدوای دەگەڕێم

دەبیسترێ.

 

 

گۆرانییەکان

 

لەوێندەر دانیشتم، گۆرانییم بۆ دەگوت

گۆرانییەکان لە تاریکییدا.

 

ئەو گوتی:

‘لە وشەکان حاڵی نابم.’

 

من گوتم:

‘ئەوانە وشە نین.’

 

 

خەڵکانی من

 

شەو دڵگرە،

هەروەها ڕووخساری خەڵکانی منیش.

 

ئەستێرەکان قەشەنگن،

هەروەها چاوانی خەڵکانی منیش.

 

جوانە، هەم، خۆر

جوانن، هەم، ڕۆحی خەڵکانی من.

 

 

وەختێک من پیر دەبم

 

کاتێکی دوور و درێژی لەمەوبەر بوو.

خەریکبوو خەونەکەمم لەیاد دەچووەوە.

لێ ئەوەبوو دواتر،

لەپێشچاومدا

درەوشایەوە چون خۆرێک—

خەونەکەم. 

و پاشان دیوارێک بڵندبووەوە،

بڵندبووەوە بەهێواشی،

بەکاوەخۆیی،

لەنێوان من و خەونەکەمدا،

بەرزبووەوە تا دەستی لە ئاسمان گیرکرد—

دیوارەکە.

تارمایی.

من، قوولەڕەشم.

لەناو تارمایییەکەدا هەڵاژیام.

چی دیکە ڕۆشنایی خەونەکەم لەپێشچاومدا نەما

لەژوور سەرمدا نەما.

تەنیا دیوارە ئەستوورەکە.

تەنیا تارماییەکە.

دەستەکانم!

دەستە ڕەشەکانم!

دیوارەکە سەراپا پارچە پارچە بکەن!

خەونەکەم بدۆزنەوە!

کۆمەکمکەن ئەم تاریکییە هەپرون بەهەپرون بکەم،

ئەم شەوە وردوخاش بکەم،

ئەم تارمایییە تێکبشکێنم

بەرەو هەزاران پرشنگی خۆر،

بەرەو هەزاران سوڕی خەونەکانی هەتاو!

 

 

قایلبوون

 

خودا لە ژیریی بێئەندازەی خۆی

منی زۆر ژیر نەخوڵقاند،-

کەوایە وەختێک ڕەفتارەکانم گەمژانەن

بەزەحمەت خودا تووشی سەسوڕمان دەکەن.

 

 

گۆرانی بارانی نیسان

 

با باران ماچتکا

با باران بە دڵۆپە تەڕە زیویینەکانیەوە بدا لە تەوقی سەرت

لێگەڕێ باران لایلایەیەکت بۆ بڵێ

باران، چاڵاوە مەنگەکانی لەسەر شۆستەکە دروستکردووە

باران، چاڵاوە ڕەوانەکانی لە زێرابەکەدا دروستکردووە 

باران، لە شەودا گۆرانییەکی کەمێک خەواڵوو لەناو ساپیتەکەماندا دەچڕێ

و من خۆشییم لە باران دێ.

 

هەروەها، منیش

 

منیش گۆرانی بۆ ئەمریکا دەچڕم

من، برایەکی ڕەشترم. 

وەختێ هاوەڵان دێن،

من دەنێرنە موبەق بۆ نانخواردن

لێ من، دەخەنم

و بەباشی دەخۆم

و بەهێز دەبم.

 

سبەینێ،

وەختێ هاوەڵان دێن

من لەسەر مێزەکە دەبم.

کەس بوێریی ناکا

بە من بڵێ:

“لە ناندێن نان بخۆ،”

لەو کاتەدا.

 

لەپاڵ ئەوەشدا،

ئەوان دەبینن چەند دڵگرم

و شەرم دایاندەگرێ—

منیش، ئەمریکاییم.

 

 

 

سەرچاوە؛ 

http://www.poemhunter.com/Langston-hughes/

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.