ڕژان … ئاوات ئەسوەد
بەرلەوەی برژێمە سەر زەوی
نوتفەیەک بووم لەهەوا
گیانم لیوانلێو لەخٶری نەپشکوتوو ، لەخواوەندی نەکوژراو !
باران .. بەریەککەوتنی من و شەهوەتی تریفەیە
دەریا ..کردنەوەی قەیتانی پێڵاوەکانمە
لەبەردەم مەلەکوتدا
ئەستێرەش تێکئاڵانی پەنجەکانمە بەگەردنی تەمەوە
* * *
بەر لەزاووزێکردنی پیتەکان
رەگی ئاو لەخوێنم و
تەڕایی ئاگریش لەچاوم بوو
ئۆقیانووس لەژێر پێڵووەکانمدا ئەنوست
کانی لەدەنگما خۆی ئەشت
هیچ (با)یەک (با)ی ڕاو نەئەکرد
هیچ هەورێکیش هەورێکی دیی نەئەدۆشی
* * *
لەخۆرنشینێکی هەتیودا
کە کەوتمە تەڵەی خەیاڵی شەونمێکەوە
هێشتا چۆ ڕ چۆڕ گەشبینیم لێدەتکا
شێی فڕینیش بەباڵەکانمەوە مابوو
ئومێد بەلامدا تێپەڕی و پێیووتم :
ئێوارەت مردوو هاوڕێ !
نەورەس سێبەری پیادام و وتی :
خەونت نەزۆک ئەی مرۆڤ !
بەهارم بینی بە خەنجەری سەوزەوە پیاسەی ئەکرد
زەریا لەبری دۆلفین برین تیایدا گەمەی ئەکرد
زانیم ئایندەم بەر لە ئێستام ڕزیوە
زانیم بەم دەستە سەرابییانەی بەرائەت
دڵی سێوە نەگەییوەکان بێدار نابنەوە
بە ئاسمانم ووت :
رووناکیەکم ناوێ بە کوشتنی نەیزەک خوڵقابێ
دارستانێکم بۆچییە تەماحی راوچییەکان زارەترەکی کردبێ ؟
هەڵەبوو سەندنەوەی دەنگم لە کۆڕاڵی سەماکان
جەنگبوو .. جەنگێکی گەمژانە بوو تێکەڵبوونم بە جنسی بەرد
کوشندەبوو هاوپەیمانێتیم لەگەڵ لمدا ، بۆ ئاشتکردنەوەی خودا ؛
لە نێوان ژیان و ژیانێکی تردا
کێڵگەیەک هەیە لە ڕاڕایی
لە نێوان مردن و بێدەنگیدا
مێرگێک لە گۆڕستان
* * *
پیری ئەڵێ : چ قەڵەمێکی قەمبوورە ژیان
مناڵی ئەڵێ : چ پەرتووکێکی خاڵییە دنیا
چیتر خەون بە سازدانی ماڵێک نابینم لە دەنگی کەناری ،
کە بنمیچەکەی شەبەنگ بێ و
ڕێگاکەشی لە باڵی کۆتر
بەسەرچوو ڕاکشانم لەگەڵ یۆتۆپیا
بەسەرچوو ماچە میتاڵییەکانی حیکایەتە گەورەکان
چیدی بیر لە هاوڕێتیی (با)کان ناکەمەوە
تەمەنم ئەسپێرمە پەڵە هەورێکی بریندار
ئاسوودەییشم بە گوڵێکی پەژمووردە
پووچییە وردکردنەوەی عەدەم بۆ گەنم
بەختییارییە دۆڕاندنی قومار
بە پاییزێکی غەمبار .
ئاوات ئەسوەد
ئایاری ٢٠٠٧
1