
مانیڤێستی عه‌شق یان بۆنی سه‌فه‌ر
ئه‌ترسم نه‌توانم دوا شیعری مانیڤێستی عه‌شقم بنووسم
نه‌توانم داوای لێبووردن له‌و جگه‌ره‌یه بکه‌م
که‌بڕیار بوو به‌ده‌م ڕێكردن به‌نێو لالهزارهکانی خه‌ما بیکێشم و نهمکێشا!
چه‌ند له‌سه‌فه‌ره کتوپڕه‌کان ئه‌ترسم چه‌ند
کت‌وپڕ وه‌ک کۆچی دوایی فانۆسێکی وڵێبووی نێوان ڕێگاکانی خۆشەویستی و ماڵئاوایی
کت‌وپڕ وەک هەڵوەرینی قژی دار و چاوی گەڵا
وه‌کو کۆچی پایزێکی پڕ لەزەردبوون و لەوەرین
خۆ بڕیار بوو باران ده‌ستی له‌ده‌ستما بێ
په‌نجه‌کانی به‌نێو خه‌ونه‌کانمدا بگێڕێ و برۆی گه‌ڵایه‌ک هه‌ڵبگرێ
چاویلکه‌یه‌ک بداته ده‌ست په‌ڵه‌هه‌ورێکی چاوکز و
نینۆکی وێنه‌یه‌ک بکات
خۆ بڕیار بوو په‌یکه‌رێک له‌پێکه‌نین بێ و
مۆمیکی پشت کۆم بکا به که‌فیلی خۆی تا له‌ڕۆژانی کۆتایی ههفتهکانا
بڕوا خۆی ته‌واو مه‌ست بکا و بۆ کچه نیمچه ڕووته‌کان
ئه‌و بەسەرهاتانە بگێڕێته‌وه که‌که‌س ناوێرێ باسیان کات
بەسەرهاتی هەڵقرچاندنی هەور و باڵکردنی گۆرانی و چاوبڕکێکردن لەگەڵ نائومێدی
بڕیار بوو به‌و ڕۆژنامانه گوزه‌ر بکه‌م که به‌سه‌ر پرده‌کانی وشەوە به‌ره‌و سێبه‌ره وشکبووه‌کان ده‌په‌ڕنه‌وه
پەرستارێک لە بۆن بێت و مێینەیی باران ببا بۆ حونجەکردنی ڕەنگ و
ئایەتولکورسی سەرکێشی و تەزویرکردنی مردن و سەرسامکردنی بێدەنگی.
*
لهتهمومژترین به‌یانی بنار کێوه سپییه‌کانی نائومێدیم
دوو حیکایەت دەبنە باڵ و سه‌رم ئه‌بێ به‌گۆی زه‌وی و
چاهوکانم به‌په‌نجه‌ره
هه‌تا ئه‌چم ته‌نیاییه‌ک ئه‌دۆزمه‌وه هه‌ر کتومت له‌خۆم بچێ
هه‌تا بۆنێک ئه‌دۆزمه‌وه هه‌ر له‌بۆنی سه‌فه‌ر بچێ
هه‌ر له‌بۆنی شیعر و فڕینی تۆ بچێ
بۆنی سه‌فه‌ر ، ته‌نها و ته‌نها وێنه‌کانی ناو ئه‌لبوومه بێنازه‌کان ئه‌کا به‌نیشتمانی خۆی
بۆنی سه‌فه‌ر له‌بۆنی باڵنده ئه‌چێ، له‌و بۆنانه‌ی دایکم ئه‌چێ
که‌باوکم لهزویربوونی وه‌رزه‌کانا بۆی هێنابوو
بۆنی سه‌فه‌ر کێڵگه‌کانی خه‌ونی کردم به‌دارستانی ته‌نیایی
قژی داری ئاڵۆسکاندم و
نیشتمانی بردم دایه ده‌ستی پۆلێک مه‌لی ڕه‌نگاوڕه‌نگی ئاسمانه‌کانی خه‌یاڵم
دایکم هەتا مرد هه‌ر ده‌یوت”ئای له‌بۆنی ماڵئاوایی. وه‌ی له‌بۆنی جیابوونه‌وه”
*
دایکم مرد و دڵی نه‌هات بۆنی سه‌فه‌ر هه‌ڵبمژێ
دایکم مرد و نه‌یهێشت باوکم له‌نهێنی خۆی و بۆنی سه‌فه‌ر بگات.
دایکم بۆنی له‌نێو ئه‌نگوچکی کراسه‌که‌ی ئه‌شارده‌وه
چه‌ندجار ئارابخا بینیبووی له‌ژێر دره‌خته قژ پژنهکه بۆنی زه‌رد و بۆنی سه‌وز و بۆنی سووری شاردۆته‌وه
چه‌ندجار به‌فێڵی ئاوهێنان به‌ته‌نه‌که بۆنی حه‌وشه و هۆده‌کانی بردۆته لای مەشخەڵەکەی باوەگوڕگوڕ
دایکم بۆنناسێکی سه‌یر و کچێک بوو پڕ له‌تریفه‌و
زمانی گوڵ دەزانی.
*
خەونێکی بۆنکردوو بە بۆنی تەڕایی سپێدەکان
ڕۆژێک ته‌می بۆن ئه‌یپۆشێ
کۆڵانه‌کان پڕ ئه‌بن له فریشته‌ی بۆن
سه‌رتاپای خەون ئه‌بن بهچۆلهکه و ئه‌فڕن
سێبه‌ر ئه‌بێ به‌باڵنده و دار هه‌ناره‌کان له‌ده‌وری ماڵی گومان ڕیز ئه‌به‌ستن
کانییه‌کان به پرتاو هه‌ڵدێن،توولهڕیگا ئه‌بێ به مار
شاخه‌کان ڕه‌نگ و بۆی بیابان ئه‌گرن و ئاسمانیش ئه‌بێ به قه‌قنه‌س
ئا ئه‌و ڕۆژە زریکه‌یه‌ک بایه‌قووش زاره‌تره‌ک ئه‌کا و هه‌تاوێک دێ و بۆ هه‌میشه خه‌ون ئه‌بارێ
*
سترانێکی ڕەنگاوڕەنگ دێ و کڵافه‌یه‌ک په‌لکه‌زێڕینه‌ی له‌گه‌ڵه
چاوی شیعرێک ماچ ئه‌کات و
کراسێکی له‌ته‌می بۆن له‌به‌ر دایه و نامه‌یه‌کی له‌بۆن پێیه
“له‌نێوان تۆ و شهنگهبیترین گوڵه جوانه‌کانی باخچه‌ی خه‌یاڵ
له‌نێوان تۆ و شهرابیترین سه‌رمه‌ستی عه‌شق
له‌نێوان تۆ و نه‌رمترین له‌رینه‌وه‌ی مۆسیقای ڕۆح
له‌نێوان تۆ و خۆم، تۆم هه‌ڵبژاردووه،ئه‌ی دره‌وشاوه‌ترین ئه‌ستێره‌ی شه‌وه کاڵه‌کانی ئومێدم
ئه‌ی ئاوازی سه‌فه‌ر و بێکۆتایترین ڕێگه‌م
وه‌ره..وه‌ره با ختووکه‌ی “با” بده‌ین
با گێڵگه‌کانی ژیان پڕ بێ له زاق و زیقی سه‌رخۆشیمان
با له‌درزی ڕووناکییه‌وه بچینه نێو نووری خوا
با له‌ده‌لاقه‌ی باوێشکی ڕووبارەوە په‌ی به‌کون و که‌له‌به‌ری ڕازه‌کانی ماسی به‌رین
با به‌سواری که‌شتی دوودڵییه‌وه زه‌ریاکان به‌رین بۆ مێوانی ده‌ریاچه تاک و ته‌نیاکان.
ئه‌ی گوڵه به‌یبوون با بڕۆین له‌سه‌ر پشتی هه‌ورێک زه‌ماوه‌ند ساز بکه‌ین”.
*
له‌بێده‌نگی بۆن و شیعرا هەر بەتەنها عه‌شق هەیە
ژووان له‌گه‌ڵ ڕووناکی بگرێ و بۆنیش بکات به ده‌زگیران
پێکه‌نینی باخچه ببا بۆ سه‌ر گردی په‌شیمانی
له‌په‌نجه‌ره‌ی گومانه‌وه پاساری خه‌م له‌سه‌ر ده‌ستی بچکۆلانه‌ی بفڕێنێ
شمشێری خۆر به‌ده‌سته‌وه و بچێته شه‌ڕی شه‌وه‌کان
سێبه‌ره‌کان بنێرێ بۆ ئاواییه‌کانی ئیمان و باوه‌ڕه مه‌چه‌ک زبره‌کان
*
وا له‌نێوان شیعر و بۆن و تاراوگهیا
له‌نێوان خه‌ون و سه‌فه‌را خه‌ریکه نیشتمان ئه‌کا به خۆشه‌ویست
بۆن خه‌ریکه قهسیدهیەک له‌سه‌ر ته‌نافی عه‌شق هه‌ڵئه‌خا
مانیڤێستی خۆشه‌ویستی ئه‌نووسێت و
له‌و به‌رزاییه کاکی بهکاکییهی خه‌یاڵا ، بێده‌نگیی ئه‌ینووسێته‌وه
هه‌موو ڕۆژێ ئه‌بێ به‌وشه‌ی بێده‌نگ و
ئه‌ڕژێ به‌سه‌ر شان و ملی چیرۆکێکی فه‌رامۆشکراو
له‌ژێر چرپه‌ی ئه‌و نهێنییه ونبووانه‌ی ڕۆژگاره‌کان
ئه‌بێت به‌شووشه‌ی هه‌ورێکی سپی چه‌شنی خه‌ونه ساده‌کانی مناڵ
ئه‌بێ به‌شه‌وه تریفهییهکانی غه‌ریبی و به‌جریوه‌ی چۆله‌که‌کان
به‌ترپه‌ی پێی ڕه‌وه‌نده‌کانی سه‌رشه‌خته و ماڵئاوایی نه‌وره‌سه‌کان
ئه‌بێ بههاییا هاییای نهیتیڤهکانی خۆرئاوا
ئه‌بێ به‌خۆی به‌ڵام ته‌نها له‌خۆی ناچێ.
*
له‌چاوی بۆنه‌وه سه‌فه‌ر که‌شتییه‌که بێ سه‌رنشین
مانگ ژنێکه سوێند به‌سه‌ری بۆن ئه‌خوات و زووش زووش ئه‌چێ بۆ پرسه‌ی ئه‌و بهرانپیلهی
گرێکانی خۆی به‌خشییه خه‌نجه‌رێکی خاڵی له سوێند و لە گره‌و
خاڵی له‌گۆرانی و مراز
فرمێسکێکیش به‌ر له‌وه‌ی چاوی خۆشه‌ویستی جێبێڵێ
پێش ئه‌وه‌ی سه‌فه‌ر بۆنی کات
له‌بۆنی نیشتمان ترسا و هه‌ڵاته باوه‌شی خه‌یاڵ
فرمێسکێک پاشماوه‌ی ته‌می سه‌ر ڕوومه‌تی بۆنه خه‌ونێک
فرمێسکێک هه‌ر له‌سه‌ر باڵی “با” دا هه‌یه و هه‌ر له‌ئاوێنه‌ی خه‌مه‌وه جوان ئه‌بینرێ
فرمێسکێک غه‌رق له خۆشه‌ویستی و ترس و شه‌رم
به‌چاوانی ڕۆژگارمهوه ورد ورد به‌سه‌ر لاشه‌ی عهشقمەوە هاته بارین
هاته بارین و تا ئێستاش هه‌ر به‌لێزمه دێته خوارێ.
شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
ڤانکۆڤه‌ر / که‌نه‌دا
16-09-2010