Skip to Content

Thursday, July 25th, 2024
مرۆڤ پێویسته خاوه‌نی هه‌ڵبژاردن بێت

مرۆڤ پێویسته خاوه‌نی هه‌ڵبژاردن بێت

Closed
by November 23, 2012 گشتی

 

 

له چه‌ند ڕۆژی ڕابوورددا، له نووسیینێکی کورتدا کاردانه‌وه‌م بۆسه‌ر وته‌ و مامه‌ڵه‌ی تاکێک هه‌بوو، که تێیدا سارکاستیانه هاتبوومه گۆ. کاک گۆران له‌گه‌ڵ بڵاوکردنه‌وه‌ی نووسیینه‌که‌دا نه‌بوو، هه‌ربۆیه سووپاسی ده‌که‌م، که نووسیینه‌که‌ی بڵاونه‌کرده‌وه. لێبه‌ڵێ به‌ده‌ر له تێڕوانینه سارکاستییه‌که‌م، نووسیینه‌که خاوه‌نی چه‌ند چه‌مکێک بوو، که لێره‌دا یه‌کێکیان هه‌ڵده‌بژێرم ده‌یکه‌مه ئامڕازێک بۆ مامه‌ڵه به بیکردنه‌وه‌م، ئه‌ویش چه‌مکی “هه‌ڵبژاردن”ه.  مرۆڤ پێویسته خاوه‌نی هه‌ڵبژاردن بێت، خاوه‌نی ئاوتۆنۆمیی بێت، که به‌هۆیه‌وه، ببێت به‌وه‌ی، که خۆی ده‌یه‌وێت، نه‌ک له ئه‌تمۆسفێره‌یه‌کی هێته‌رۆنۆمییدا ببێت به‌وه‌ی، که تاکێکی تر یان کۆیه‌ک ده‌یانه‌وێت. کۆمه‌ڵگای ئێمه کۆمه‌ڵگا‌یه‌کی “باو”ه. تاکه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه خاوه‌نی خود نین، به‌ڵکوو ئه‌وان ئاسترومێنتی ویستراوی ویستگه‌لێکی ترن. بۆ نموونه “کارکردن به شێوه‌یه‌ک، جلوبه‌رگپۆشین، خواردن، باوه‌ڕکردن به ئایینێک، پابه‌ندبوون به پارتێکی سیاسییه‌وه، ویستنی به‌رده‌وامیی تاکێک وه‌ک سه‌رۆک … هتد.” پیشه‌ی تاکێکی “باو”ه. ئه‌م تاکه ناتوانێت ژیانێکی تر بژیی بێجگه له‌م ژیانه، چونکه ئه‌و بێجگه له‌مه هیچ ئاڵته‌رناتیڤێکی تر ناناسێت. ئه‌گه‌ر کیرکه‌گۆر چوار جۆر مرۆڤی کۆمه‌ڵگای هه‌ڵبژاردبێت، ئه‌وا کۆمه‌ڵگای ئێمه ته‌نها خاوه‌نی دوانه، یه‌که‌م: مرۆڤێک، که ژیانێکی “باو” ده‌ژیی، ئه‌ویش، ئه‌و ژیانه‌یه، که به‌شێکی گه‌وره‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا پێیده‌ژیین، دووهه‌میش:  مرۆڤێکی ئایینیی. له ڕاستییدا جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو جۆره، کارێکی سانا نییه، چونکه سنوریان هێند پێکه‌وه نووساوه، که هه‌ردووکیان ژیانی یه‌کتریی له‌ناو یه‌کدا ده‌ژیین. کۆمه‌ڵگای ئێمه خاوه‌نی تاکێکی ئێستێتیک نییه، کۆمه‌ڵگای ئێمه خاوه‌نی تاکێکی ئێتیک نییه، ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌کێک له‌مانه‌ش بوونیان هه‌بێت، ئه‌وا له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژیین نه‌ک له‌ناو وڵاتدا. کێشه‌ی گه‌وره‌ی کیرکه‌گۆر کێشه‌ی هه‌ڵبژاردن بوو له‌گه‌ڵ باوکیدا، هه‌ر خودی هه‌ڵبژارد بوو به به‌ردی بناغه‌ی بیرکردنه‌وه فه‌لسه‌فییه‌کانی کیرکه‌گۆر. ئه‌و پێیوابوو، که ناتوانێت به‌وشێوه‌یه بیربکاته‌وه، که باوکی بیرده‌کاته‌وه، به‌ڵکوو ده‌بێت خاوه‌نی هه‌ڵبژاردن بێت له مابه‌ینی وه‌ک باوک بیرکردنه‌وه و وه‌ک خود بیرکردنه‌وه‌دا. یان ئه‌وه‌تا وه‌ک باوکی باوه‌ڕده‌کات، که خودا تۆڵه ده‌کاته‌و، یان ئه‌وه‌تا خۆی بیرده‌کاته‌وه و ده‌گات به بڕیارێکی تر، به پێیوابوونێکی تر. یان ئه‌وه‌تا کیرکه‌گۆر وه‌ک باوکی پێیوایه، که مرۆڤ پێویستی به‌وه نییه هه‌ڵبژاردن بکات، به‌ڵکوو پێویستی به‌وه‌یه، که باوه‌ڕ بکات، ئه‌ویش باوه‌ڕبوون به ئایینی کریسته.  دواجار کیرکه‌گۆر ڕقی له هه‌موو وته‌کانی باوکی بوو، که له‌سه‌ر زینا، خه‌تا و سزاکانی خودا ده‌یکرد. کیرکه‌گۆ پێیوابوو، که باوکی هێنده خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌ی خه‌مباره، که هیچ جۆره خۆشییه‌کی بۆ ژیان تێدا نه‌ماوه. 

تاکی کوردیش به گشتیی کۆپیی باوک، دایک، سه‌رۆک و سیاسییه‌کانن. تاکی کورد به گشتیی نه‌یتوانیوه خاوه‌نی هه‌ڵبژاردن بێت، نه‌یتوانیوه خۆی بێت، ئه‌و له مابه‌ینی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی نامۆ و خۆیدا نه‌بوو، که بتوانێت هه‌ڵبژێرێت، خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌ی خۆی بێت یان هی به‌رانبه‌ره‌که‌ی “باوک، دایک، سه‌رۆک …. هتد.”. به‌مشێوه‌یه کۆمه‌ڵگای کورد دابه‌ش بووه به‌سه‌ر چه‌ند کۆمه‌ڵێکه‌وه، ئینجا کۆمه‌ڵه‌کان چ بچووک بن یان گه‌وره‌بن هیچ له باسه‌ک ناگۆڕێت. کورد یان یه‌کێتیی ده‌وێت یان پارتی دیموکرات، ئه‌گه‌ر ئه‌مانیشی نه‌وێت ئه‌وا یان گۆڕانی ده‌وێت یان ئیسلامیی. ئه‌مانه‌ش واتای ئه‌وه‌ نییه، که تاک خاوه‌نی هه‌ڵبژاردنه نه‌خێر، ئه‌مه واتای هه‌بوونی تاکی “باو”ه. تاکه‌کانی کورد خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌ی ئیندیڤیدووێلی خۆیان نین، به‌ڵکوو ژیانێکی باوی کۆیه‌کی بچووک یان گه‌وره ده‌ژیین.

هه‌ربۆیه هه‌ڵبژاردنه سیاسییه‌کانی ئێمه شیاوی نیگه‌رانیی نین، به‌ڵکوو هه‌ڵبژاردنێکه پڕ به پێستی کۆمه‌ڵگای کوردیی.  که‌ی تاکی کورد به گشتیی توانیی خاوه‌نی هه‌ڵبژاردنی ئیندیڤیدووێلی خۆی بێت، که توانیی خاوه‌نی خود بێت، ئه‌وسا ده‌توانێت هه‌ڵبژێرێت، تاکێکیش، که توانای هه‌ڵبژاردنی هه‌بێت، ده‌توانێت له هه‌ڵبژاردنێکی سیاسییشدا خاوه‌نی هه‌ڵبژاردن بێت.

به گشتیی خودبوون له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا پێی له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه داگرتووه، ئه‌مه‌ش له قووتابخانه‌ی دێکارته‌وه داچۆڕیوه‌ته ناومانه‌وه. “من بیرده‌که‌مه‌وه، که‌واته منم”. له ڕاستییدا بیرکردنه‌وه هه‌رگیز خود نییه، بیرکردنه‌وه بیرکردنه‌وه‌یه و خودیش بناغه‌ی خۆی له‌سه‌ر گه‌شه‌ده‌روونییه‌کان لێده‌دات، له یه‌که‌م چرکه‌ساتی جووتبوونی تۆوی ژن و پیاوه‌وه له سکی دایکدا هه‌تا ته‌مه‌نی سێ ساڵیی. خود پرۆسێسێکی کرۆنیی ده‌روونییه، نه‌ک بیرکردنه‌وه. تاکی کورد بیرده‌کاته‌وه، که وه‌ک باوکی، وه‌ک دایکی، وه‌ک هه‌ر تاکێکی تری کۆمه‌ڵگا چ بیربکاته‌وه، باوه‌ڕبکات چ بشژیی. من ده‌ڵێم: من بیرده‌که‌مه‌وه که‌واته من نیم.

تاکی کورد ڕاوکه‌ری ناوبانگ، سامان و چێژه‌کانی خۆشه‌ویستییه، ئه‌و هه‌میشه هه‌نگویینی سه‌ر ده‌می تیژی چه‌قۆیه‌کی لێسیوه‌ته‌وه و ئازاری زمانی و ڕۆیشتنی خوێنه‌که‌ی به‌لاوه گرنگ نه‌بووه. منداڵێک به‌ئاگا نییه له لێسانه‌وه‌ی چه‌قۆیه‌ک بۆ چێژ وه‌رگرتن له نوتێللاکه‌ی سه‌ری، هه‌ربۆیه کاتێک زمانی ده‌بڕێت، په‌شیمان ده‌بێته‌وه له لێساندنه‌وه‌ی چه‌قۆکه، لێبه‌ڵێ تاکی گه‌ییووی کورد، هه‌میشه به‌ ئاگایانه ده‌که‌وێته لێسانه‌وه‌ی چه‌قۆ‌که.

یه‌کێک له کێشه‌کانی تری تاکی کۆمه‌ڵگای ئێمه بریتییه له ڕق. تاکی کورد نه‌ک ڕقی له مرۆڤ و جیهانه بگره ڕقی له خودی خۆشیه‌تی. تاک پێیوایه، که ئه‌و هه‌ڵده‌ستێت به خاڵیکردنه‌وه‌ی ڕقه‌کانی و سه‌ندنه‌وه‌ی تۆڵه له خه‌ڵکیی، له‌و خه‌ڵکانه‌ی، که ئه‌و پێیوایه نه‌یاری ئه‌ون، دوژمنی ئه‌ون. تاکی کورد به گشتیی له سروشته‌وه خراپن. بۆچیی تاکی کورد له سروشته‌وه بوونه‌وه‌رێکی خراپه؟ وه‌ڵام: چونکه تاکی کورد له سروشتێکدا ده‌ژیی، که تێیدا، په‌یڤ، کولتوور و مامه‌ڵه سروشتی دایک و باوک و تاکه‌کانی ئه‌و سروشته‌یه‌تی، ئه‌و له‌ناو ئه‌و سروشته‌دا پێده‌گات، به‌مه‌ش په‌یڤ و کولتوور و مه‌مه‌ڵه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه ده‌کات به سروشتی خۆی.

تاکی کورد له سکی دایکه‌وه هه‌تاوه‌کوو ته‌مه‌نی سێ ساڵیی، که دوا قۆناغی ته‌واوکردنی که‌ڕاکته‌رێتیی هه‌میشه له نیگه‌رانیی دروستکردنی خودیدا بووه، هه‌میشه له نیگه‌رانیی به‌ده‌ستهێنانی ئۆبیه‌کت لیبیدۆیدا بووه، که دایکیه‌تی. به‌شێکی گه‌وره‌ی تاکی کورد ژیانی تاکێکی نارسیست و بۆرده‌رڵاین ده‌ژیین. هه‌میشه له پراکتیزه‌کردنی ده‌سته‌ڵاتدان به‌سه‌ر تاکه‌کانی ده‌وروبه‌ریاندا. هه‌میشه نه ژیانیان له ژیانی ڕۆژانه‌ی تاکه‌کاندا هێشتووه نه ده‌شهێڵن بژیین. 

تاک ده‌بێت سه‌ره‌تا فێربێت خودی خۆی خۆشبوێت هه‌تاوه‌کوو بتوانێت به‌رانبه‌ره‌که‌ی خۆشبوێت. تاک ده‌بێت فێربێت سووپاسی هه‌ریه‌کێک بکات، که خۆشه‌ویستیی ئه‌و وه‌رده‌گرێت. هه‌ر تاکێک نه‌توانێت خۆی خۆشبوێت ناتوانێت نه که‌سی تری خۆشبوێت، نه‌ کۆمه‌ڵیشی خۆشبوێت. ئه‌و تاکه‌ی پێیوابێت، من خۆشه‌ویستیی نیشتیمان و کۆمه‌ڵ له پێش خۆشویستنی خۆمه‌وه داده‌نێم، تاکێکی هه‌ڵه‌یه، تاکێکی نه‌خۆشه. سه‌ره‌تا خود، ئینجا به‌رانبه‌ر و کۆمه‌ڵ، ته‌نها به‌مشێوه‌یه ده‌توانرێت چ ته‌ندروست بژیین و چ هه‌وڵیشبین له به‌ته‌ندروستکردنی به‌رانبه‌ر و کۆمه‌ڵدا. تاکێک، که خۆشه‌ویستیی تۆ وه‌رناگرێت، تاکێکه ناته‌ندروست، چونکه تاکی ته‌ندروست هه‌میشه ئاماده‌ی وه‌رگرتنی خۆشه‌ویستییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی خودی خۆی خۆشه‌ویستیی ده‌دات و سووپاسی هه‌موو ئه‌وانه ده‌کات، که لێیوه‌رده‌گرن. سووپاسکردن ئه‌رکی ئه‌و که‌سه نییه، که خۆشه‌ویستیی وه‌رده‌گرێت، به‌ڵکوو هی ئه‌و که‌سه‌یه، که خۆشه‌ویستیی ده‌دات. له‌وه‌ته‌ی هه‌م خۆشه‌ویستیی ده‌ده‌م و که‌سێک لێیوه‌رنه‌گرتم هه‌تاوه‌کوو سووپاسی بکه‌م. هه‌ڵه‌که له مندا نییه، به‌ڵکوو له به‌رانبه‌ر و کۆمه‌ڵدایه. که من کێشه‌م له‌گه‌ڵ ئۆپۆسیزیۆنی کورددا هه‌یه، کێشه‌که‌م کێشه‌یه‌کی که‌سیی نییه، به‌ڵکوو بوونه‌وه‌ری که‌سه‌که‌یه. ده‌سته‌ڵات وه‌ک باوکی کیرکه‌گۆ ده‌ڵێ: پێویست ناکات ‌هه‌ڵبژێریت، به‌ڵکوو پێویسته باوه‌ربکه‌یت. ئۆپۆسیزیۆن ده‌ڵێ: تۆ ئازادیت، به‌ڵام باوه‌ڕ به هه‌ڵبژاردنی من بکه‌. ئیدی لێره‌دا کێشه‌که ده‌بێته کێشه‌ی “یان ئه‌وه‌تا یان”، „Entweder oder/ Enten Eller“.

یان ئه‌وه‌تا ده‌سته‌ڵات هه‌ڵده‌بژێریت یان من! لێره‌دا جێگایه‌ک بۆ هه‌ڵبژاردن نه‌ماوه‌ته‌وه، که تاک ئیندیڤیدووێلانه خاوه‌نی بڕیاری هه‌ڵبژاردنی خۆی بێت. که نه وه‌ک ده‌سته‌ڵات نه وه‌ک ئۆپۆسیزیۆن بیرنه‌کاته‌وه، به‌ڵکوو وه‌ک خودی خۆی.

 

21.11.2012

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.