
ئازادیخوازه‌كان كێن ؟ …به‌ختیار محه‌مه‌د
ڕۆسۆ ده‌ڵێ: ((ئازادیی به بێ یه‌كسانی ناتوانێ به‌رده‌وام بێ))؛ (1) بۆیه ئازادیخوازه‌كان له هه‌ر شوێنێكی جیهاندا بن، ئازادیی و دادپه‌روه‌رییان خۆشده‌وێ. ئه‌وان له‌هه‌ر شوێنێكی جیهانیشدا بژین، له ئامانج و سیفه‌ته‌كانیان پێكده‌چن؛ واته ئینتیمای ئازادیخواز ئینتیمایه بۆ مرۆڤایه‌تی، نه‌ك چین و توێژ و نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراو؛ ئه‌گه‌رچی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه و چین و توێژێكی دیاریكراویشی هه‌بێ. خه‌سڵه‌تێكی هه‌ره سه‌ره‌كی ئازادیخوازه‌كان ئه‌وه‌یه، كه هه‌موو جۆره سته‌مێك ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه؛ واته ئازادیخواز عیشقی ژیانه (ژیانێكی ئازاد)، بۆیه له‌و پێناوه‌دا ده‌شێ ژیانی خۆی له ده‌ست بدا. لێره‌شدا سیفه‌ته هه‌ره گرنگه‌كه‌ی كه‌سایه‌تی ئازادیخواز به‌ده‌ر ده‌كه‌وێ، كه ئه‌ویش سیفه‌تی خۆنه‌ویستییه (ئه‌مه به‌و مانایه نییه، كه ئازادیخواز تاكێكه خۆی خۆشناوێ و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی ناوێ، به‌ڵام ئازادیخواز خودێكی خۆشده‌وێ، كه ئازاد بێ. لێره‌شدا ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو سته‌ملێكراوێكدا ده‌بینێته‌وه، ئه‌مه‌ش خه‌سڵه‌تی خۆنه‌ویستیی ئازادیخوازه)؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌و خودێكی كۆیله ده‌كاته قوربانیی خودێكی ئازاد (واته خودی ئازادیخواز هه‌میشه خودێكی قوربانییه له پێناو ئازادییدا). خودی ئازادیخواز – چونكه خودێكی داهێنه‌ره – پێوه‌ندی به ڕه‌گه‌ز و ته‌مه‌نیشه‌وه نییه: ده‌شێ نێر بێ یان مێ و ده‌شێش مه‌زن بێ یان بچووك (ئێمه له‌م سه‌رده‌مه‌دا نموونه‌ی كه‌سایه‌تی ماندێللا و مه‌لاله‌مان هه‌یه).(2) له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی ئازادیخواز به‌رهه‌م ده‌هێنێ، سته‌مه؛ ئینجا ئه‌و سته‌مه له‌هه‌ر بوار و ڕه‌نگێكدا بێ. ئازادیخوازه‌كان ئه‌و داهێنه‌رانه‌ن، كه ده‌توانن ته‌نها به یه‌ك وشه، یان به یه‌ك هه‌ڵوه‌ست، كۆمه‌ڵگه‌كانی خۆیان و هه‌موو جیهان بهه‌ژێنن و سه‌رسام بكه‌ن؛ وشه و هه‌ڵوه‌ستی مرۆڤی ئازادیخواز، مێژوو دروست ده‌كه‌ن: مێژووی ئازادیی و دادپه‌روه‌ریی. ئازادیخوازه ڕاسته‌قینه‌كان، هێنده به‌های ئازادیی و دادپه‌روه‌رییان خۆشده‌وێ، كه هه‌ر كاتێك ده‌سه‌ڵاتیشیان كه‌وته ده‌ست، ناتوانن ببنه سته‌مكار و زۆردار. هه‌ڵبه‌ت له فه‌رهه‌نگی ژیانی ئازادیخوازی ڕاسته‌قینه‌دا، سته‌م و سته‌مكاریی بوونیان نییه. ئازادیخواز هه‌رگیز نابێته سته‌مكار، هه‌روه‌ك چۆن سته‌مكاریش هه‌رگیز نابێته ئازادیخواز. ئێمه هه‌موومان ده‌زانین، كه زۆر جار ئازادیخواز و سته‌مكاره درۆزنه‌كان خۆیان به ئازادیخوازی ڕاسته‌قینه له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و ده‌شتوانن به‌م ناوه‌وه خه‌ڵك چه‌واشه بكه‌ن؛ دیاره له دنیای ئێمه‌دا ئه‌م جۆره سته‌مكار و ئازادیخوازه درۆزنانه یه‌كجار زۆرن. هه‌میشه‌ش ئه‌وان – وه‌ك چه‌كێكی كاریگه‌ری فریوده‌ر – له به‌رگی دروشمه‌كانی ئازادیخوازییدا خۆیان ده‌شارنه‌وه؛ لێره‌شدا خۆشترین درۆ، كه هه‌میشه ئه‌وان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا ده‌یكه‌ن – درۆیه‌ك، كه له ئاكامی گه‌وره‌یی و گاڵته‌جاریی خۆیدا خۆش ده‌بێ – درۆی ئازادیی و دیموكراتییه. واش پێده‌چێ، كه له جیهانی ئێمه‌دا زۆر به كه‌می ئازادیخوازی ڕاسته‌قینه‌ی مه‌زن هه‌ڵبكه‌ون ( ئه‌و ئازادیخوازانه‌ی، كه ده‌توانن ڕاڕه‌وی مێژووی ژیان بگۆڕن)؛ به‌ڵكو له جیهانی ئێمه‌دا زۆربه‌ی جار ئازادیخوازه‌كانیش ده‌بن به سته‌مكار. تۆ بڵێی ئه‌مه له‌به‌ر ئه‌وه بێ، كه ئێمه له واقیعێكدا ده‌ژین، هه‌میشه (ئیمتیاز) ده‌داته سته‌مكار و كه‌سایه‌تی فێڵباز ؟ یانیش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، كه سته‌م هه‌میشه به‌شێكه له ئیراده‌ی فێڵ و ده‌سه‌ڵات، بۆیه‌ش ده‌توانێ له كۆمه‌ڵگه ته‌قلیدییه ساده‌كانی وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا باڵاده‌ست بێ ؟ ئه‌گه‌رنا بۆ هه‌میشه سته‌م له به‌رانبه‌ر ئه‌وی دیكه‌دا (له به‌رانبه‌ر ڕاستی و حه‌قدا)، خۆی به ڕاست و خاوه‌ن حه‌ق ده‌زانێ ؟ هه‌موو دیكتاتۆره‌كان پێیانوایه، كه به خۆیان ڕاستن و ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌ڵه‌ن. به‌نموونه: هه‌موومان له‌م ڕۆژانه‌دا بیستمان، كه حوسنی موباره‌ك زۆر به دڵنیاییه‌وه له‌ناو به‌ندیخانه‌كه‌یه‌وه گوتی: ((بیست ساڵی دیكه، ئنجا خه‌ڵكی میسر نرخی من ده‌زانن)). (ئێمه لێره ئه‌گه‌ر له گۆشه‌نیگایه‌كی ته‌سكه‌وه ته‌ماشای ئه‌م گوته‌یه بكه‌ین، ڕه‌نگه موباره‌ك ڕاست بكا، كاتێك عه‌قڵییه‌تی ئایینیی به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی میسر و ده‌سه‌ڵاتی ئیخوان و ئیسلامییه‌كان، هه‌ڕه‌شه له دیموكراسییه‌ت و ئارامیی كۆمه‌ڵگه‌ی میسر ده‌كه‌ن، هه‌ر هیچ نه‌بێ موباره‌ك ته‌ماشای ده‌سه‌ڵاته مۆدێرنه عه‌لمانییه‌كه‌ی خۆی ده‌كا)؛ به‌ڵام پێده‌چێ موباره‌ك له‌م ساتانه‌دا، سه‌ركوتی ڕژێمه‌كه‌ی و نادادپه‌روه‌ریی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی و برسیه‌تی خه‌ڵكی میسری له‌بیر كردبێ. كێشه‌كه لێره ئه‌وه‌یه، كه سته‌م وه‌ك حه‌قیقه‌ت و وه‌ك ڕاستیی خۆی نیشان ده‌دا؛ ئه‌وساش ده‌توانێ وه‌ك چاكه خۆی نیشان بدا. سه‌دام حوسێن – یش له گه‌رمه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌یدا به شانازییه‌وه باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد، كه به‌غدای نوێ و عیراقی نوێ ئه‌و بنیادی ناون؛ چه‌ند خوله‌كێكیش به‌رله‌وه‌ی په‌تی سێداره‌ی له مل بكه‌ن، ئه‌وه‌ی به بیر جه‌للاده‌كانی هێنا بۆوه، كه چاكه‌ی ئه‌و بۆ عیراق له‌بیر نه‌كه‌ن؛ كه‌چی ئه‌وه‌ی له بیر خۆی بردبۆوه، كه له ساڵانی سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌یدا، ئه‌و هه‌موو تاوانه گه‌وره و قێزه‌ونه‌ی له به‌رانبه‌ر گه‌لانی عیراقدا كردبوو. لێره به ئاشكرا دیاره، كه مرۆڤ ده‌گاته ترۆپكی خۆپه‌رستیی، جگه له خۆی و مافی خۆی، مافی هه‌موو كه‌سێكی دیكه له‌بیر ده‌كا و سته‌میش به شتێكی ڕه‌وا ده‌زانێ. ئا به‌م شێوه‌یه به‌های ئازادیی و سیفه‌تی ئازادیخوازیی، دژ به‌م ویسته‌خۆپه‌رسته‌ن؛ ئه‌و ویسته‌ی، كه ده‌سه‌ڵات و هێز و هه‌موو مافێك ته‌نها له ده‌ستی خۆیدا كۆ ده‌كاته‌وه؛ لێره‌شه‌وه به‌های ئازادیی، هه‌موو ویستێكی خۆپه‌رستی ده‌سه‌ڵاتخوازی له‌م چه‌شنه ڕه‌تده‌كاته‌وه؛ هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌یه، كه جۆن ستیوارت مل ده‌ڵێ: ((ململانێ له نێوان ده‌سه‌ڵات و ئازادییدا، خه‌سڵه‌تێكی هه‌ره دیاری پاژه‌كانی ئه‌و مێژووه‌یه، كه هه‌ر له كۆنه‌وه پێی ئاشناین؛ به تایبه‌تی له یۆنان و ڕۆما و ئینگڵته‌رادا)).(3) به‌هه‌ر حاڵ، له‌سه‌ر ئاستی تاكدا، ده‌شێ ئازادیخوازه‌كان كه‌سانی مه‌ده‌نی بن؛ ده‌شێش كه‌سانی عه‌سكه‌ریی بن. له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵ (نه‌ته‌وه، چین…) یشدا، ده‌شێ شه‌ڕی ئازادیخوازیی، شه‌ڕێكی سیاسی – مه‌ده‌نی بێ و ده‌شێش شه‌ڕێكی سه‌ربازیی بێ. دیاره له وڵاته دیكتاتۆرییه‌كاندا هه‌میشه شه‌ڕی ئازادیخوازیی، شه‌ڕێكی سه‌ربازییه؛ به‌پێچه‌وانه‌ی وڵاته دیموكراتییه‌كان، كه شه‌ڕی ئازادیخوازیی شه‌ڕێكی (خه‌باتێكی) مه‌ده‌نیانه‌یه (واته خه‌باتێكی ئاشتیانه‌یه). ئێمه له كوردستاندا به درێژایی مێژوو، هه‌میشه خه‌باتی (شه‌ڕی) چه‌كداریمان به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه. گه‌لی كورد بۆ پاراستنی ژیانی سروشتی خۆی وه‌ك هه‌ر مرۆڤگه‌لێكی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه، ناچار كراوه خه‌باتی چه‌كداریی بكا؛ به‌ڵام گرفته‌كه لێره ئه‌وه‌یه، كه بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی كورد،په‌ند له‌م مێژووه تراژیدییه تاڵه وه‌رناگرێ و به خۆشی به‌ده‌ستی خۆی، به بارته‌قای مه‌ترسی داگیركه‌رانییه‌وه، مێژووی خه‌باتی ڕه‌وای خۆی ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه (ئه‌و هه‌میشه به‌رژه‌وه‌ندی ستراتیژیی نه‌ته‌وه، ده‌كاته قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی ستراتیژیی حزب و قه‌واره و یه‌كه بچووكه‌كان). كێشه‌ی كورد ئه‌وه‌یه، كه ناتوانێ له ئاست خۆیدا لێبوورده بێ؛ بۆیه‌ش ناتوانێ له‌گه‌ڵ خۆیدا گه‌لێكی (كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سیاسی) دیموكراسیخواز بێ. زۆر جار سه‌ركرده‌كانی كورد له باشوور وه‌ك نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ك (ئومه‌مییه‌ك) خۆیان به جیهانی ده‌ره‌وه نیشان ده‌ده‌ن و دروشمی بریسكه‌داری برایه‌تی كورد و عه‌ره‌ب و كورد و شیعه و كورد و توركمان … به‌رز ده‌كه‌نه‌وه (هه‌ڵبه‌ت ده‌شێ ئه‌م دروشمانه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی سیاسیش به‌كار بهێندرێن)؛ كه‌چی به‌رگه‌ی ڕه‌خنه‌ی هاووڵاتییه‌كی (ڕۆژنامه‌نووسێكی) ئازادیخوازی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان ناگرن، كه ڕه‌خنه‌ی ڕه‌وا له گه‌نده‌ڵیی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان ده‌گرێ؛ له ئاكامیشدا یان تیرۆری ده‌كه‌ن، یان له به‌ندیخانه‌ی ده‌په‌ستن (ئایا ئه‌مه قینێكی خۆپه‌رستانه نییه له به‌های ئازادیی؟). ئایا ده‌شێ سه‌ركرده‌ی ئازادیخواز هه‌بێ، كه ڕۆڵه (گه‌نجه خوێن گه‌رمه) ئازادیخوازه‌كانی خۆی بگرێ، یان بكوژێ ؟ ئایا ده‌شێ سه‌ركرده‌ی (مرۆڤی) ئازادیخواز هه‌بێ، كه دژی – به ڕاده‌ی دیكتاتۆرێكی سه‌رسه‌خت، دوژمنی – به‌های دادپه‌روه‌ریی بێ؟ هه‌ڵبه‌ت هه‌ر كه‌سێك دادپه‌روه‌ر نه‌بوو، ناكرێ پێی بڵێین: شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز؛ چونكه ئازادیخوازه‌كان ئومێدن – ئومێدی هه‌موومان، كه پاشه‌ڕۆژێكی به‌خته‌وه‌رتر و باشترمان بۆ دروست ده‌كه‌ن؛ ئه‌و ئومێده‌ی ئازادیخواز پێمانی ده‌به‌خشێ، بریتییه له ئومێدی تێكشكاندنی سته‌م و ناداپه‌روه‌ریی و بیناكردنی ئازادیی و دیموكراسییه‌ت و دادپه‌روه‌ریی. ئازادیخواز: مرۆڤێكی خه‌یاڵیی و ئه‌فسانه‌یی و سوپه‌رمان نییه (وه‌ك كه‌سایه‌تی ئه‌فسانه‌یی مه‌سیح و ئیمامی مه‌هدی، كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕزگاركردنی هه‌موو به‌شه‌ریه‌ت)؛ به‌ڵكو مرۆڤێكی واقیعیی خاوه‌ن ئیراده‌ی پڕ له ئاكاری مرۆیی جوانه و بڕوای به به‌ها چاكه‌كان هه‌یه. كارڵ پۆپه‌ر ده‌ڵێ: (( سوكرات ئاكارپه‌روه‌رێكی پڕ له جۆش بوو. ئه‌و نموونه‌ی ئه‌و پیاوانه بوو، كه به‌هۆی كه‌م و كوڕییه‌وه ڕه‌خنه له هه‌ر شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی ده‌گرن)).(4) هه‌ر بۆیه‌ش ده‌سه‌ڵاتداران ژه‌هرخواردیان كرد. ئا لێره‌وه ئاكاری ئازادیخوازان، ئاكاری ئازادییه (به‌ها هه‌ره گرنگ و جدییه‌كه‌ی ژیانی مرۆڤ) دژ به ئاكاری سته‌مكارییه. له نێوان ئازادیخواز و سته‌مكاردا، ئاكاری باش و ئاكاری خراپ و ئاكاری ئازادیی و ئاكاری سته‌م هه‌یه. له نێوان ئه‌م دووانه‌شدا، جه‌نگ دژی ئازادیی و جه‌نگ دژی سته‌م هه‌یه. ئازادیخوازان له پێناو ئازادی‌دا ده‌جه‌نگن، سته‌مكارانیش دژی ئازادیی ده‌جه‌نگن؛ هه‌ربۆیه‌ش به‌رده‌وام سته‌مكاران و ((دوژمنانی ئازادیی، تۆمه‌تی تێكدانیان خستووه‌ته پاڵ به‌رگرییكاران له ئازادیی)).(5) له‌مه‌شدا ئه‌وان ڕاست ده‌كه‌ن، چونكه هه‌میشه ئازادیخوازان قه‌ڵای سه‌ختی سته‌م تێكده‌ده‌ن.
په‌راوێزه‌كان:
1- جان جاك روس‌و، فی العقد الاجتماعی او مبادئ القانون السیاسی، ت: عبدالعزیز لبیب (الگبعه الاولی: بیروت، تموز 2011)، ص 140. ئێمه لێره كه باسی چه‌مكی ئازادیی ده‌كه‌ین، مه‌به‌ستمان هه‌موو ئازادییه گشتی و تایبه‌تییه‌كانی ژیانی مرۆڤه: چ وه‌كو تاك، چ وه‌كو ئه‌ندامێكیش له كۆمه‌ڵگه‌كاندا بژی. لێره‌شدا ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه یه‌كجار گرنگن.
2- هه‌ڵبه‌ت، ده‌شێ ئازادیخواز منداڵێكی (كچێكی) چوارده ساڵانی وه‌ك مه‌لاله بێ، كه ده‌توانێ له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی تۆقاندندا، ده‌نگی بێزاری هه‌ڵبڕێ؛ ئه‌و كچه‌ی، كه ده‌توانێ به ئیرهابی تاڵیبان بڵێ: (ئیدی لێره بوه‌ستن! جه‌هاله‌تی ئێوه خه‌ریكه هه‌موومان كوێر ده‌كا! ده بزانم، ئاخۆ جه‌هاله‌تی ئێوه چ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی فاشیسته‌كاندا هه‌یه؟!). بێگومان ده‌نگ و هه‌ڵوه‌ستی مه‌لاله مێژوو دروست ده‌كه‌ن: مێژووی ڕووناكیی و ئازادیی. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانه‌ی (چ به‌پاڵنه‌ری سیاسی بێ، یان كۆمه‌ڵایه‌تی) خه‌ڵك ده‌تۆقێنن و ده‌كوژن، له ئازادیی تۆقیون؛ ئه‌گه‌رنا كه‌سێك، یان هێزێك له ئازادیی نه‌تۆقێ، چۆن له ده‌ستی دێ كچۆڵه‌یه‌كی چوارده ساڵان بكوژێ؟ به‌ڵام پێده‌چێ به بارته‌قای فاشیسته‌كان و دیكتاتۆره‌كان، هێزی ئایینیی ته‌قلیدیی و كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌قلیدیی ئایینیی و ئیمانداری ته‌قلیدیی ئایینیی – ش له ئازادیی و له كه‌سایه‌تی ئازادیخوازی وه‌ك مه‌لاله بتۆقێن. ئێمه لێره ده‌بینین، كه ئیسلامییه ڕادیكاڵه‌كان چه‌ند قینیان له ئازادیی هه‌یه، ئه‌مه‌ش خه‌سڵه‌تی هه‌موو فاشیست و ڕه‌گه‌زپه‌رست و دیكتاتۆرێكه. بێگومان مه‌لاله گه‌وره‌ترین و پاكترین ڕه‌مزی ئازادییه. ئه‌و پڕیشكی ڕووناكییه دژ به تاریكی – تاریكی عه‌قڵییه‌تی خواپه‌رستیی نه‌زانه‌كان. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و پڕیشكه مه‌زنه‌كانه، كه له ئێستا، یان له داهاتوودا شۆڕش (شۆڕشی ئازادیی) به‌رپا ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ك چۆن پڕیشكی خۆسووتاندنی بوعه‌زیزیش، ئاگری شۆڕشه‌كانی ((به‌هاری عه‌ره‌بی)) به‌رپا كرد.
3- جون ستیوارت مل، عن الحریه، ت: هیپم كامل الزبیدی، ص5.
4- كارل پوپر، المجتمع المفتوح و اعداۆه،ت: د.السید نفادی (دار التنویر للگباعه والنشر – لبنان، الگبعه العربیه الاولی: 1998) ص131.
5- هه‌مان ژێده‌ر، ل93.