كێ ره‌خنه له‌حكومه‌ت ده‌گرێت‌و كه‌ی؟
سێ چوار مانگێك ده‌بوو به‌رهه‌م ساڵح كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی پێكهێنابوو، گۆڤاری گوڵانی سه‌ر به پارتی دیموكراتی كوردستان دۆسییه‌یه‌كی ره‌خنه‌یی له‌سه‌ر ئه‌دای حكومه‌ت كرده‌وه، دۆسییه‌كه بریتیی بوو له‌چه‌ند نوسینێك كه به‌گشتی درێخی نه‌كردبوو له نیشاندانی لایه‌نه نێگه‌تیڤه‌كانی كابینه‌كه. به‌بڕوای هه‌ندێك كه‌س له‌وكاته‌دا هه‌نگاوێكی له‌م شێوه‌یه به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان تێكشكاندنی شه‌رم‌و ترسێك بوو له‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی نێوان دوو حزبی فه‌رمانڕه‌وا كه به‌و هۆیه‌وه دامه‌زراوه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌بردێن‌و حكومه‌ت پێكهێنراوه، به‌ڵام خۆزگه ئه‌م هه‌نگاوه راست بووایه‌و سه‌ری بگرتایه، نه‌ك به‌م شێوه‌یه بێ كه دواتر ده‌ركه‌وت مه‌به‌ست لێی نه چاكسازییه‌و نه خزمه‌تكردن به هاوڵاتیان به‌ڵكو به مۆتیڤێكی سیاسیی به‌رته‌سك‌و له‌به‌رژه‌وه‌ندی تاكه كه‌سێك ئاماده‌كرابوو، پاشانیش به‌و پێیه‌ی دۆسییه‌كه یه‌كێتیی نیگه‌ران كرد، پارتی ده‌ستبه‌جێ سه‌رنوسه‌ره‌كه‌ی گوڵانی له‌كارلادا.
چه‌نده ئه‌و شێوازه‌ی مامه‌ڵه‌كردن‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵات ناڕاسته ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌و شێوازه‌ی ره‌خنه‌گرتنه‌ی رۆژنامه‌نووسانی سه‌ر به حیزب ناڕاسته، به‌و مانایه‌ی كه ئه‌گه‌ر ئاماده‌كه‌رانی دۆسییه‌كه‌ی گوڵان راستده‌كه‌ن‌و له‌خه‌می وڵات‌و هاوڵاتیاندا بوون، با به هه‌مان نه‌فه‌س‌و هه‌مان حه‌ماسی ره‌خنه‌گرتنه‌وه نه‌ك دۆسییه‌یه‌ك له‌سه‌ر كابینه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی بكه‌نه‌وه كه پڕییه‌تی له كه‌موكوریی، ته‌نانه‌ت با بوێربن ته‌نها وتار‌و ستونێك له دژی كارێكی خراپی كابینه‌كه‌و سه‌رۆكی حكومه‌ت بنووسن.
تا ئه‌و كاته‌ی كابینه‌ی شه‌ش له‌ده‌ست به‌رهه‌م ساڵحدا بوو، كۆمه‌ڵێك له‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی كه له‌داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانی یه‌كێتییدا باڵاده‌ستن، ئه‌وه‌نده‌ی به‌دیار ستایش‌و شاردنه‌وه‌ی كه‌موكورییه‌كانی كابینه‌كه‌وه سه‌رقاڵ بوون، نیو ئه‌وه‌نده بوێرییان تێدا نه‌بوو بۆ ده‌رمانیش جورئه‌تی ره‌خنه‌گرتنیان بهه‌ژێ، له‌كاتێكدا له‌ژێر سایه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌ویی ئه‌م كابینه‌یه له هه‌ر سێ پارێزگاكه‌دا گومانێك نه‌بوو له هه‌بوونی كه‌موكوریی گه‌وره‌ی ئیداریی كه لێره‌دا ناكرێ بخزێینه نێو ورده‌كارییه‌كانی.
ئاشكرایه بێده‌نگییه‌كه‌ی ئه‌وان له‌به‌ر ئه‌وه‌بووه نه‌بادا ئه‌و به‌رپرسانه‌ی كه له‌پشتیانه‌وه‌ن لێیان زویربن یاخود ئه‌و ئیمتیازاته‌ی كه پێیگه‌یشتوون لێیان كه‌مبێته‌وه.
تازه كابینه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح پێكهاتبوو، ده‌زگا زه‌به‌لاحه میدییاییه‌كانی حزبه ئۆپۆزیسیۆنه‌كان كه‌وتنه په‌لاماری كابینه‌كه‌و ده‌موچاوه‌كانی، به‌شێوه‌یه‌ك كه شه‌و نه‌بوو چه‌ندین راپۆرتی ره‌خنه‌ئامێزی باش‌و خراپ له‌دژی ئه‌م كابینه‌و سه‌رۆكه‌كه‌یدا په‌خش نه‌كرێن، كه‌چی ئێستا ده‌بینین رێڕه‌وه‌كه به ئاقارێكی تردا رۆیشتووه، ره‌خنه‌كان ماون به‌ڵام نه‌رمتر‌و به‌شێوازێكی تری میانه‌ڕه‌وانه ئاراسته ده‌كرێن‌و زیاتر به گشتی باسیان لێوه‌ده‌كرێت.، یان به‌شه‌رمه‌وه ته‌نها باس له‌و كه‌موكورییانه ده‌كرێ كه هه‌موو كه‌س به‌چاوی خۆی ده‌یبینێ، هیچ نه‌بێ خه‌ڵك به‌ئاشكرا هه‌ست به‌و جیاوازییه‌ی مامه‌ڵه‌ی ئه‌وان ده‌كات له‌گه‌ڵ كابینه‌كاندا، له‌مه‌شدا ده‌بێ خۆیان بزانن مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندی به‌چییه‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی حزبه‌كانیانه كه‌واته وابه‌سته‌ی حزبه‌كانیانن‌و بابه‌ته‌كانیان به‌نه‌فه‌سی حزبی داده‌ڕێژین به‌مه‌ش ئه‌و به‌ها رۆژنامه‌وانییه‌یان نامێنێ، نزیكیان بكاته‌وه له پڕۆفێشنالێتی.
ئه‌گه‌ر به‌وردی لاپه‌ڕه‌كانی بڵاوكراوه حزبییه‌كانی كوردستان هه‌ڵده‌ینه‌وه، جار جاره تیر‌و توانج‌و پلارێكمان به‌رچاو ده‌كه‌وێت دژ به كاروباری وه‌زیرێك یاخود فه‌رمانگه‌یه‌كی دیاریكراو، به‌ڵام كه زۆرتر ورده‌بینه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ره‌خنه‌ی رۆژنامه‌نووسانی به‌ره‌ی یه‌كه‌م دژ به‌و وه‌زاره‌تانه‌یه كه وه‌زیره‌كه‌یان سه‌ر به حزبی رۆژنامه‌نووسانی به‌ره‌ی دووه‌مه، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه..!!!
ئێستا به‌ئاشكرا هه‌ستی پێده‌كرێت، هه‌ردوو به‌ره رۆژنامه‌نووسه‌كه له‌دۆخێكی تردا گوزه‌رده‌كه‌ن‌و وه‌ك یاریزانه‌كانی یاری تۆپی پێ، رۆڵی نێوان خۆیان گۆڕیوه‌ته‌وه، ئه‌وانه‌ی كه له هێڵی هێرشبردندا بوون هاتوونه‌ته هێڵی به‌رگری‌و ئه‌وانه‌یشی به‌رگریكاربوون له هێڵی پێشه‌وه‌ی هێرشبرندان، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه نه به‌رگریكاره‌كه ده‌توانێ وه‌ك هێرشبه‌ر گۆڵ تۆمار بكات، نه هێرشبه‌ره‌كانیش ده‌توانن به‌رگری له گۆڵه‌كانیان بكه‌ن، چونكه پێده‌چێت راهێنه‌ره‌كانیان خوێندنه‌وه‌ی راست‌و دروستیان بۆ یارییه‌كه نه‌بێ.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌بوو بكرایه تێكه‌ڵنه‌كردنی كاری رۆژنامه‌وانییه له كاروباری حزبیدا، به‌و مانایه‌ی كه ئیشی رۆژنامه‌نووس حزبایه‌تیكردن نییه، ده‌بێ رۆژنامه‌نووس له‌وه تێبگات په‌یامی ئه‌و به‌ته‌نها خزمه‌تكردن نییه به‌و خه‌ڵكه‌ی سه‌ر به حزبه‌كه‌ی ئه‌ون، هه‌روه‌ك په‌یامه‌كه بریتیی نابێ له خزمه‌تكردن به ستراتیژییای حزبه‌كه جا ئه‌و حزبه ده‌سه‌ڵاتدار بێ یان ئۆپۆزیسیۆن، دیندار بێ یا بێ‌دین، نابێ رۆژنامه‌نوس له‌بیری بكات كاره‌كه‌ی ئه‌و سیاسه‌ت نییه، به‌ڵكو پیشه‌یه‌كه ناچاریده‌كات به‌دوای نمایشكردنی جوانی‌و ناشیرینییه‌كاندا بگه‌ڕێت‌و چاوه‌كانیشی دوور له هه‌ست‌و سۆزی ئه‌تنی‌و ره‌گه‌زیی‌و مه‌زهه‌بی، هه‌موو شتێك ببینێت.
جه‌مال پیره