Skip to Content

Friday, September 20th, 2024
بۆئه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ ئاماده‌بوونێ به‌رده‌وامی له‌ هزرمانا هه‌بێت…5

بۆئه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ ئاماده‌بوونێ به‌رده‌وامی له‌ هزرمانا هه‌بێت…5

Closed

 

 

به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی فه‌لسه‌فه‌وه‌‌‌ێ‌

سه‌روتاری پێنجه‌م

ئازاد حه‌مه‌

فه‌لسه‌فه‌ له‌ ده‌مووه‌ختی سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ له‌ گۆشه‌نیگای جیاوه‌ ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه‌ی شیکراوه‌ته‌وه‌ و واتای فه‌لسه‌فه‌ به‌ر داکۆکی و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی جۆراوجۆریش بوه‌ته‌وه‌. گه‌لێ له‌ داکۆکییه‌کان بێ پاساودان نه‌بوونه‌ و زۆرێ له‌ ڕه‌تکردنه‌وه‌کانیش بێ مه‌رام نه‌بوونه‌. گه‌ر جارجاره‌ فه‌لسه‌فه‌ش به‌جۆرێ شپرزه‌ و یان پاساوئامێز خۆی نمایشکردبێت ئه‌مه‌ ئه‌و تێکه‌ڵکردنه‌ تیۆریه‌ لێیبه‌رپرسیاره‌ که‌ مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی به‌ مێژووی ئایدیۆلۆژیاکان چواندووه‌ که‌ ئه‌مه‌ خه‌تایێ هزریه‌ و نه‌ده‌کرا بکرێت. چونکه‌ ئه‌م دوو مێژووه‌ سه‌رگه‌رمی جیاوازی خۆیانیان هه‌یه‌ و داڵغه‌ی جۆراوجۆریش لێده‌ده‌ن. مێژووی ئایدیۆلۆژیاکان به‌وه‌ خۆیان له‌ مێژووی فه‌لسه‌فه‌ یان هزر جیاده‌که‌نه‌وه‌ که‌ مێژووی یه‌که‌م کار له‌سه‌ر جێگیری و کاوێژی ده‌کات و هه‌رچی ئه‌وی دوومه‌ کار له‌سه‌ر ئه‌فڕاندنی هزری ده‌کات و له‌وێوه‌ به‌ ده‌رهاویشته‌ی گۆڕاو و ناجێگیر ده‌گات. ڤیتاگۆرس که‌ یه‌که‌م که‌س بوو واتای حیکمه‌تی (دانای) به‌کاربرد و پێشیوابوو حیکمه‌ت ته‌نیا لای یه‌زدانه‌ و بۆئه‌وه‌ی ئه‌و حیکمه‌ته‌ش به‌ده‌ستبێنین پێویستمان به‌دووکه‌وتنی هه‌یه‌ ئه‌مه‌ش بۆ گه‌یشتنه‌ به‌ پله‌ی که‌ماڵ که‌ ئه‌مه‌ به‌شێکه‌ له‌ به‌سه‌رهاتی هزری مێژووی دووه‌م. یاخود ئه‌م بیرکردنه‌وه‌ ڤیتاگۆرسیه‌ به‌شێکه‌ له‌ مێژووی هزر و خۆی له‌سه‌ر شڕۆڤه‌ و جیاوازی بوونیادده‌نێ که‌ دژ به‌ دۆگما بوونه‌وه‌شه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌دا. هه‌ر لێره‌دا، له‌ ڕۆژی جیهانی فه‌لسه‌فه‌ دا ، که‌ ڕۆژی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وینداریه‌ بۆ دانای، که‌ تاکه‌ ڕۆژێکه‌ فه‌لسه‌فه‌ له‌ناو دۆست و یارانی هه‌ست به‌ بوونی خۆی ده‌کات، که‌ ڕۆژی تێڕامان و پرسیارکردنه‌، ڕۆژی لێخوردبوونه‌وه‌یه‌ له‌ هزری فه‌لسه‌فی و ئه‌وی ئه‌م هزره‌ وه‌ک به‌رهه‌مێ گه‌ردووناوی مرۆڤایه‌تی پێیگه‌یوه‌ به‌پێویستی ده‌زانین تێگه‌یشتنێکی شێله‌ر که‌ له‌شێوه‌ی پرسیار خۆی ده‌رده‌خات به‌سه‌رکه‌ینه‌وه‌. شێله‌ر ده‌پرسێ “چ جۆره‌ فه‌لسه‌فه‌ێک ده‌مێنێته‌وه‌؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: نازانم ، ده‌شڵێ: ئاواته‌خوازم فه‌لسه‌فه‌ بۆ هه‌میشه‌ بمێنێته‌وه‌”. ئه‌م سێرکردنه‌ی شێله‌ر به‌ره‌و ئه‌و بینینه‌مان ده‌بات که‌ گفتووگۆکردنی ڕه‌سه‌نایه‌تی فه‌لسه‌فه‌ ئاماده‌بوونی فه‌لسه‌فه‌ش ده‌خاته‌ ژێرپرسیاره‌وه‌. چونکه‌ دۆزی هاوچه‌رخ هه‌لومه‌رجێکی دروستکردووه‌ فه‌لسه‌فه‌ پێویست نییه‌ یان فه‌لسه‌فه‌ شتێ به‌سه‌رچوو و کۆنه‌. ئایا ئه‌مه‌ گشت فه‌لسه‌فه‌ ده‌گرێته‌وه‌؟ ناشێ هه‌رله‌به‌رئه‌وه‌ی پێمانناوه‌ته‌ چاخی زانیارییه‌وه‌ فه‌لسه‌فه‌ بێ سوود و بێ ئاسۆ که‌ین چونکه‌ فه‌لسه‌فه‌ هه‌ڵقووڵاوی ژیانی ئێمه‌ی مرۆڤه‌ و ڕه‌ووشی مرۆڤی نوێش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت که‌ ئه‌م مرۆڤه‌ نوێییه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ زیاتر شتێ ئه‌وتۆی به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ خۆی پێڕاڤه‌کات.

وێرایئه‌وه‌ ده‌شێ ئه‌وه‌ش بووترێت، هزری فه‌لسه‌فی له‌گشت کاتێتر شایانه‌ گفتووگۆکرێت. چونکه‌ هزری فه‌لسه‌فی هزرێ گه‌ردووناوییه‌ و میراتی هزری فه‌لسه‌فی وه‌ک میراتێ جیهانی مافی هه‌موانه‌ به‌کاربه‌رین و لێشیزیادکه‌ین. به‌س گه‌لێک پێیانوایه‌ ئه‌م میراته‌ له‌ئێستادا دووچاری گرفت بووه‌ و ناشکارێ لێیبێته‌ده‌رێ. به‌ڵام ئایا ئه‌و دۆزه‌ بۆ زۆربه‌مان په‌سه‌ندکراوه‌؟ ئایا هزری فه‌لسه‌فی بیرمه‌نده‌کانی سه‌ده‌ی 21 له‌چاو بیرمه‌نده‌کانی سه‌ده‌کانی پێشووتر ،بۆنموونه‌ سه‌ده‌ی 18 و نۆزده‌، که‌ دوو سه‌ده‌ی زێڕینی فه‌لسه‌فین، لاواز و ناکاریگه‌ره‌ ؟ ڕوونه‌ که‌ هزری فه‌لسه‌فی ڕۆژئاوایی که‌ پشتبه‌ستووه‌ به‌ دیرۆکێکی دێرینی به‌رین و قووڵ منداڵدانی هزری فه‌لسه‌فی هاوچه‌رخه‌ و خاوه‌نی موغامه‌راتی فه‌لسه‌فی خۆشیه‌تی و ، ئه‌وی ئه‌م هزره‌ گۆشی کردووه‌ گه‌لێ شتی لێوه‌سه‌وزبوه‌. به‌پێیئه‌وه‌ش که‌ هزری فه‌لسه‌فی ڕۆژئاوای جۆره‌ هزرێکه‌ خۆی وه‌ک هزرێ نائاسان نیشانده‌دات پێش ئه‌وه‌ی بشگات به‌ قۆناغی هاوچه‌رخیبوونیخۆی به‌ گه‌لێ قۆناغی جیاجیادا تێپه‌ڕیووه‌. ئه‌مه‌ش واده‌کات هزری فه‌لسه‌فی هاوچه‌رخ ئه‌وه‌مان پێبڵێت ڕۆڵی هزره‌ڤان له‌ جیهانی ئێستادا ئاڵۆز و دژواره‌ و پرسیاره‌ فه‌لسه‌فیه‌کانی هزری فه‌لسه‌فییش که‌ هه‌روه‌ک هه‌میشه‌ به‌ بۆچی؟ چۆن؟ چی؟ که‌ی؟ ده‌ستپێده‌که‌ن سه‌رله‌نوێ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌ڵمێنن هزر که‌ چالاکیێ مرۆیییه‌ کرده‌ێ که‌سی و تایبه‌تیشه‌. بۆئه‌وه‌ی ئه‌م هزره‌ له‌ به‌ندیخانه‌ی مێژووی فه‌لسه‌فه‌ یان ته‌وژمه‌ فه‌لسه‌فییه‌کانا تووندنه‌کرێت گرینگه‌ بایه‌خدان به‌ ئه‌رکی به‌رده‌وامیدان به‌ پرسیارکردن و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ وه‌ڵامی هه‌میشه‌ی و نابڕه‌بڕی پێیه‌. بۆئه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ بتوانێ ئاماده‌بوونێ به‌رده‌وامی له‌ هزرمانا هه‌بێت پێویستمان به‌وه‌یه‌ واڵایانه‌ بێینه‌گۆ و قسه‌له‌وه‌که‌ین که‌ ووتن له‌سه‌ر ڕیشه‌ی گه‌ردوون و مرۆڤ و بنه‌چه‌ی زانین و چۆنیه‌تی گه‌یشتن پێی ته‌نیا به‌جۆرێ عه‌قڵانی ده‌ستیپێنه‌کردوه‌ و به‌ڵکو ئه‌و ووتنه‌ به‌ هه‌قایه‌تی حواوه‌نده‌کان تێکه‌ڵکراوه‌. واته‌ گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی خواوه‌نده‌کان پێشتر جۆره‌ فۆڕمێکی دانای وه‌رگرتوه‌ به‌س پاشئه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بوون و گه‌ردوون هێنایه‌پێشه‌وه‌  شتێکیتر نه‌یتوانی شوێن به‌ فه‌لسه‌فه‌ و شرۆڤه‌کردنه‌کانی بگرێت. به‌س ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ ناێت که‌ هزر له‌ کاوێژیدا بێت. هزر که‌ دووچاری ئه‌م ده‌رده‌ ده‌بێت فه‌لسه‌فه‌شی پێوه‌ده‌گلێ و چاره‌نووسی فه‌لسه‌فه‌ ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. هه‌رئه‌وه‌نده‌ که‌ هزر خونچه‌ی کاوێژی ده‌رکرد گورج فه‌لسه‌فه‌ پریشکی به‌رده‌که‌وێت و فه‌لسه‌فه‌ش فشار بۆ هزر دێنێ. فشاری فه‌لسه‌فه‌ بێ مانا نییه‌ و هیچکاتیش بێ سوود و ئاکام نابێت. بۆئه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ش وه‌رچاخاندن له‌و دۆزه‌ جێگیره‌ دروستکات فه‌لسه‌فه‌ پێویستی به‌ گۆڕینی ده‌ڤه‌ری ته‌ماشاکردن و زۆنی بیرکردنه‌وه‌کانیه‌تی. گشت ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ش مێژووی هزری ڕۆژئاوا به‌خۆیه‌وه‌ دیویه‌تی بۆ گۆڕینی تیۆری زانین و سه‌رله‌نوێ پێکهێنانه‌وه‌ی ئه‌و به‌هایانه‌ بووه‌ که‌ په‌سه‌ندنه‌کراوبوونه‌.

 

ێ‌ یۆنسکۆ ساڵی 2002 بڕیاریدا سێهه‌مین پێنجشه‌مه‌ی مانگی نۆڤه‌مبه‌ر (تشرینی دووه‌م) بکات به‌ ڕۆژی جیهانی بۆ فه‌لسه‌فه‌. له‌وکاته‌وه‌ ڕۆژی جیهانی فه‌لسه‌فه‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان بووه‌ به‌ ڕۆژێک بۆ ئه‌نجامدانی کۆنفڕانس و ڤیستڤاڵی فه‌لسه‌فی. ئۆفیسه‌کانی یۆنسکۆ له‌م ڕۆژه‌دا دونیایێک چالاکی له‌شێوه‌ی مێزگرد و سمینار و کۆنفڕانس بۆ  گفتووگۆکردنی ئه‌وی به‌ فه‌لسه‌فه‌وه‌ به‌نده‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن. ڕۆژی جیهانی فه‌لسه‌فه‌ ڕۆژێکه‌ له‌پێناو نرخاندنی هزری فه‌لسه‌فی هاتۆته‌سازاندن. 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.