شوناسی کۆمه‌ڵگه
کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له‌نێوان دروشمه‌کانی مۆدێرنێته و گومانه‌کانی پۆسمۆدێرنه‌ته‌دا
عه‌لی زه‌ڵمی …..
ئه‌م نوسینه هه‌وڵێکی سه‌ره‌تاییه بۆ خوێندنه‌وه‌و ئه‌دگاره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و شوناسه‌کانی که ده‌ڵێم شوناسه‌کانی مه‌به‌ستم ئه‌و گوێزانه‌وه‌یه له سه‌رده‌می مۆدێرنه‌ته‌ی تاک ڕه‌هه‌ندی شوناس بۆ ئانوساته‌کانی پۆستمۆدێرنێته‌ی فره‌ڕه‌هه‌ند یان فراگمانته‌یشن( ناسنامه‌ی به‌ش به‌شکراو). لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین سه‌ره‌کیترین و نوێترین تێزه‌کانی سۆسیۆلۆژه‌کان له‌مه‌ڕ ئه‌م ڕاگوێزانه بدوێنین و شوناسه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له سایه‌ی ته‌وژمه‌کانی گڵۆبالیزه‌و هه‌موو ئه‌و کۆمه‌ڵگه گریمانانه‌ی له دونیای پۆستمۆدێرندا هه‌یه وه‌ک سایبه‌ر کۆمه‌ڵگه، کۆمه‌ڵگه‌ی ترس ( risk society ) ، هه‌روه‌ها چه‌مکه‌کانی نه‌ته‌وه، ئاین، کولتور بخوێنینه‌وه . هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ڕێگه‌ی سێ پرس و قه‌یرانی فکریه‌وه له‌نێوه‌ندی مه‌عریفه‌ی کوریدا خوێندنه‌وه‌که‌مان ئه‌نجام بده‌ین، که تا ئه‌م ساته‌ش ئه‌ونده‌ی من ئاگاداربم ئه‌م بوونه‌وره رۆشنبیرییه و سیاسیه‌ی کورد نه‌یتوانیوه وێنای جیهانبینی خۆی بکات له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م کایه قه‌یراناویانه ئه‌وانه‌ش : گرفتی دوالیزمه‌کان، گرفتی ئه‌وی دی، گرفتی منه‌کان. ئێمه له‌م نوسینه‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین ته‌نها خۆمان له قه‌ره‌ی گرفتی دوالیزمه‌کان بده‌ین، له هه‌وڵه‌کانی داهاتوماندا هه‌ردوو گرفتی ئه‌وی دی و من یان منه‌کان ده‌خوێنینه‌وه. هه‌ڵبه‌ت به پشبه‌ستن به رێباز و میتۆدلۆژیای زانسته‌کانی سۆسیۆلۆژیاو کولتورناسی یان تیۆری ره‌خنه‌گرانه(critical theory) ، ئه‌م ریزبه‌ندیه‌مان ئه‌نجامداوه ، زیاد له‌مه‌ش پێمان وایه شکاندنی دوالیزمه‌کان که سه‌رتاپای مه‌عریفه‌ی ئیمه‌ی ته‌نیوه رێگه‌خۆشکردنێکه بۆ خوێندنه‌وه‌ی ناسنامه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی.
نه‌ته‌وه یا کۆمه‌ڵگه ( گرفتی دوالیزمه‌کان ):
گوتاری بیری مۆدێرنه‌ته لێوانلێوه له دوالیزمه، نه‌ک هه‌رئه‌مه‌نده به‌ڵکو له‌سه‌ر هه‌ردوو سیستمی ئاسۆیی و ستونی ته‌واوی مه‌عریفه‌ی ڕۆژئاوا دابه‌ش بوون ئه‌بینرێت له‌بری یونیتی یا یه‌کگرتن. ئیدی دوالیزمه‌ی ستونی بێت وه‌ک باڵا/ نه‌وی، یا ئاسۆیی وه‌ک من/ ئه‌وی دی، پێشکه‌وتوو/ دواکه‌وتوو، عه‌قڵانی/ ناعه‌قڵانی ( لاشه، سۆز) …هتد
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا مه‌عریفه‌ی ئسلامیمان هه‌یه له ڕۆشنبیری کوردی‌دا که به‌هه‌مان شێواز ئه‌م دابه‌ش بوونه هه‌یه، وه‌ک خوا‌و / به‌نده، به‌هه‌شت/ دۆزه‌خ، چاک/ خراب…هتد، تا ساته‌وه‌ختی ئه‌م نوسینه مه‌عریفه‌ی کوردی په‌ی نه‌بردوه به په‌نجه‌ره‌یه‌کی دی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دوو مۆدیله له بیرکردنه‌وه‌و مه‌عریفه به‌رهه‌مهێنان. هه‌ربۆیه له سه‌ره‌تاوه ئه‌م دیارده‌مان ناونا قه‌یراناویی، ده‌کرا کورد سودمه‌ند بوایه له هێڵێکی زانستی فه‌لسه‌فی و سۆفییگه‌رایی که له حیکمه‌تی کۆنی چینی و هندیه‌وه درێژبوه‌ته‌وه به‌ناو مه‌عریفه‌ی سۆفی ئیسلامیه‌وه له‌وێشه‌وه بۆ بیری رۆژئاوا به ئێستایشه‌وه که بیریارانی وه‌ک فریتجۆف کۆپرا و ئالان واتس وفرانسیس ژولیان و ئیکخارت تولیێ،هه‌ندێک له بیرمه‌ندانی پۆستمۆدێرنه‌ش ده‌گرێته‌وه. به‌داخه‌وه بێ ئاگایی له‌م بزافه فکریه‌و ئه‌م هێڵه نادابه‌ش بووه به‌سه‌ر دوالیزمه‌کاندا ، وایکردوه دامه‌زراوه‌ی بیر‌و مه‌عریفه‌ی کوردی زۆر به‌قوڵتر زامداری قه‌یرانی دوالیزمه‌کان بێت. ئێمه لێره‌دا زۆر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ناچین، ئه‌وه‌نده‌ی ویستمان تیشکێکی بخه‌ینه سه‌ر وه‌ک رێگه خۆشکرنێک بۆ ئه‌م باسه‌ی ئێسامان، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌ین له داهاتودا بگه‌ڕینه‌وه سه‌ری، تا چه‌ند پێمان بکرێت ئاشنایه‌تی له‌نێوان ڕۆشنبیری کوردی و مه‌عریفه‌ی نا ڕۆژئاوای/ئیسلامی دروست بکه‌ین.
له‌به‌ر ئه‌و گۆڕانکاریه خێرایانه‌ی له دونیادا رووده‌دات چ وه‌ک چه‌مک و دامه‌زراوه‌ی زانستی که کاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌یه له‌سه‌ر پێناس و شوناسه‌کان له دونیای زمان و فکردا یا چ وه‌ک پراکتیک له سیستمی کۆمنیکه‌یشن و ماسمیدیادا. توێژه‌ره‌وه‌ی کورد چیدی ناکرێت هه‌مان چه‌مک و زمانی مۆدێرنه‌ته به‌کار بهێنێته‌وه له لێکۆڵنه‌وه و پرۆسه‌ی شیکارکاریدا. ئێمه هه‌نووکه له که‌ناره‌کانی گواستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگاکانین له دونیای ڕوونی مۆدێرنه‌ته وه بۆ لێڵی و ناجێگیریی پۆستمۆدێرنه‌ته، له‌وانه یه بابایه‌ک راست بێته‌وه و بپرسێت کاکه ئه‌مه تۆ ده‌یڵێت قسه له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا پێشکه‌وتوه‌کانه نه‌ک کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی، من له‌لایه‌ک ده‌ڵێم به‌و بابایه زۆرن ئه‌و بیریار‌و سۆسیولۆجانه‌ی که هه‌موو ئه‌و سنورانه له نێوان پێشکه‌وتو و دواکه‌وتو، کولتوری باڵا و کولتوری نه‌وی ره‌تده‌که‌نه‌وه، له‌لایه‌کی تریشه‌وه ئیمڕۆ قسه له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای سایبه‌ر یا دیجیتاڵی ده‌کرێت، که په‌یوه‌ندیه‌کان به هۆکاره ته‌کنۆلۆژیه‌کان به‌یه‌که‌وه ده‌به‌سرینه‌وه، بۆیه له هه‌ر شارۆچکه‌یه‌کی کوردستانه‌وه ئیمڕۆ تۆ ده‌توانی له ڕێگه‌ی تۆڕی ئینته‌رنێت ته‌نانه‌ت پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیریش له نێوان کوردێک و فینله‌ندێک، ئه‌مه‌ریکێک، به‌رازیلی و تایله‌ندیکدا دروست بکه‌یت. زۆرن ئه‌و ماڵ و جێگایانه‌ی له‌کوردستاندا ؛ که‌سێک له‌کاتێکدا جگه‌ره‌ی ئوسترالی ده‌کێشێت، له‌به‌رده‌م شاشه‌ی سانیۆی کۆریدا سه‌یری فلمی ئه‌مریکی ده‌کات قه‌نه‌فه‌ی تورکی جیڕه‌ی دێت له‌ژێریدا، به فه‌رشی ئێرانی و ژه‌می پیزای ئیتالیه‌وه …هتد. که ده‌ڵێن ناکرێت هه‌مان چه‌مک و زمانی مۆدێرنه‌ته به‌کاربهێنن، واته چیدی ئێمه له هه‌مبه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی روون و پوخته‌دا وتووێژ ناکه‌ین که کورده، به‌ڵکو ئێمه ئیمڕۆ له به‌رده‌م کۆمه‌ڵگایه‌کداین هه‌ڵگری چه‌ندین شوناسی جیاواز جیاوازه‌وه. ئه‌م ڕاگوێزانه له نه‌ته‌وه‌وه بۆ کۆمه‌ڵگه هه‌م ئه‌رکێکی زانستی میتۆدلۆژییه، هه‌م ده‌رئه‌نجامی ئه‌و پێکهاته و توخبانه‌یه ئه‌مڕۆ کورد خۆی هه‌ڵگریه‌تی. له‌وانه سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌و جوگرافیایه‌ی کوردی تیا ده‌ژی که‌مایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، تورکمان، و که‌مایه‌تی ئاینی سریانی، کریستیان و جوله‌که و هه‌روه‌ها که‌مایه‌تی مه‌زهه‌بی و ساکتی لۆکا‌ڵی وێنه‌ی ، کاکایی و یه‌زیدیمان هه‌یه. له‌لایه‌کی تریشه‌وه ( که ئێمه لێره‌دا مه‌به‌ستمانه) خودی کورد له ئان و ساتێکی تێکه‌ڵاو ناڕووندایه له‌به‌ر چه‌ند هۆ: یه‌ک، سنوره‌کانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه تابێت کاڵتر ده‌بنه‌وه و چیدی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدیۆلۆژیای نه‌ته‌وه‌یی بنیات نانرێت ئه‌وه‌نده له‌سه‌ر لێککتێگه‌یشتنی گشتی دروست ده‌بێت له‌نێوه‌ندی پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵگه، یاخود وه‌ک هه‌ندێک بیریار ئاماژه‌یان پێداوه سه‌رهه‌ڵدانی گروپ و ئه‌کتیڤیتی لۆکا‌ڵی. دوو، هه‌ژمونی ده‌سه‌ڵاتی وێنه، ببڕه‌ره‌کانی سنوره لۆکاڵیه‌کان له‌لایه‌ن ده‌زگا و ئامێره‌کانی ماسمیدیا ، لێره‌شه‌وه پێناساندنی کولتوری فره‌نه‌ته‌وه‌ی، موڵتی ڕه‌گه‌ز که وه‌ک مادده‌ی میدیایی گوزارشتی لێده‌کرێت ، له‌وانه شێوازی جلوبه‌رگ ( له‌به‌رکردنی سێته‌کانی ڕیاڵ مه‌درید، به‌رشه‌لۆنه، له به‌رکردنی تیشێتی بیۆ‌نسی و شه‌کیرا لای لاوانی کوردستان بۆنمونه) ، جۆری خواردن ( به‌مه‌کدوناڵدکردنی و به پیزاکردنی جیهان) ، تا ده‌گاته دیزاینی نێوماڵ و بیناسازی. سێ، له ده‌رئه‌نجامی خاڵی پێش‌و کردنه‌وه‌ی ده‌رگاکانی کۆمه‌ڵگه‌ی به‌رخۆر ( consumer society) وه‌ک شوناسێکی نوێ. لێره‌وه‌یه زۆرێک له ڕه‌خنه‌گران پێان وایه چیدی مرۆڤه‌کان ناسنامه‌یان له سه‌ر بنه‌مای ره‌گه‌ز، ئیتنیک، زمان، ئاین یا کلاس دیاری ناکرێت به‌ڵکو ناسنامه‌ی مرۆڤه‌کان به‌وه دیارده‌کرێت که چی ده‌کڕن و چی ده‌خۆن و له‌به‌رده‌که‌ن. هه‌روه‌ک ده‌سته‌واژه مه‌شهوره‌که‌ی دیکارت ده‌گۆڕن بۆ من ئه‌وه‌م که ده‌یکڕم مه‌سه‌رفی ده‌که‌م له‌بری ئه‌وه‌ی که من ئه‌وه‌م که بیرده‌که‌مه‌وه. جۆری جله‌کانت، ئۆتۆمبیله‌که‌ت، نانخواردنت ، چ جۆره فلمێک سه‌یر ده‌که‌یت، له کوێ بازاڕ ده‌که‌یت هانده‌ری چ یانه و گوێ له چ موزیکێک ده‌گریت ناسنامه‌ت دیاریده‌که‌ن نه‌ک ئاین و نه‌ته‌وه.
نیگه‌رانی ئێمه لێره‌دا بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که بیری ڕۆشنبیریی و سیاسی کوردی وه‌ک ئاماژه‌مان پێدا پێشتر له‌سه‌ر تێڕوانینه‌کانی مۆدیرنه‌ته بنیات نراون، که نوقمی ئایدیای جیاوازی و دوالیزمه‌کانه. مۆدێرنه‌ته که وه‌حی له ڕۆشنگه‌ریه‌وه وه‌رگرتوه‌و پشت ئه‌ستوربووه به‌و جیهانبینیه یونیڤیرساڵیه که هه‌رده‌م جیاوازی به‌رهه‌م ده‌هێنێت له چه‌ندین پرۆسه‌ی جیاوازدا وه‌ک ئه‌قڵانیزم ( Rationalism) و پرۆسه‌ی زانستاندن. لێره‌وه‌یه نوسه‌رێکی وه‌ک ستیڤن تیلمان له کتێبی ئه‌جێندا شاراوه‌کانی مۆدێرنه‌ته‌دا( 1990) ، جه‌خت ده‌کاته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که سی ساڵی شه‌ڕه‌کانی جیهانی یه‌ک و دوو هه‌ره‌وها ئه‌و کاره‌ساته مرۆیه بێوێنه‌ی سه‌ده‌ی بیست له ئه‌نجامی خه‌ترناکی بیریی جیاوازیه‌کانه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا. هه‌ر هه‌مان ترسه لای ماکس ڤێبه‌ر که له شیاکرکاری و تێڕوانینه‌کانی بۆ به‌ره‌وپێشجونی پرۆسه‌ی ئه‌قڵانیه‌ت له جیهانی که‌پیتاڵدا له دوایه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده، پێشنیاری فرێزه ناوبانگه‌که‌ی ده‌کات به‌نێوی قه‌فه‌سی ئاسنین. واته به‌هۆی پرۆسه‌ی بیرۆکراتیزه‌کردنی ته‌واوی لایه‌نه‌کانی ژیان ، ئیدی مرۆڤه‌کان روحی مرۆڤبوونیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن له دونیایه‌کی ڕه‌قی ئاسنینی ته‌کنۆلۆجیدا. ئه‌مه باس و خواسێکی تره، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه ویستمان ئاماژه‌ی پێبده‌ین ئه‌ویه که قسه‌کردن له‌سه‌ر نۆتی نه‌ته‌وه له ئیمڕۆی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا ئه‌و جیاوازیه خه‌ترناکانه زیندوو ده‌کاته‌وه. به‌ڵام پێشانیارکردنی ئێمه بۆ کۆمه‌ڵگه پاراستنی جیاوازیه‌کانه به‌ڵام نه‌ک له تێڕواننینی دوالیزمه‌ی چاک / خراپی مۆدێرنه‌تدا، که له‌سه‌ر بنه‌مای پۆسه‌تیڤیزمی ئه‌قڵانییدا سه‌رچاوه‌ی گرتووه به‌ڵکو دیدی فره‌یی و جیاوزیه‌کان له سه‌ر بنه‌مای خودی سه‌رچاوه‌ی ژیان که ده‌کرێت وه‌ک پۆستمدێرنه‌کان ناویبنێن شێوازی ژیان ( lifestyle ). بۆ نمونه ئه‌کرێت عه‌ره‌بێک و فارسێک و کوردێک له یه‌کتره‌وه زۆر نزیکتربن له ڕووی شێوازی ژیانیان و زه‌وق و سه‌لیقه و ئاره‌زوه‌کانیانه‌وه ، تا نێوانی عه‌ره‌بێک و عه‌ره‌بێکی دی و کوردێک و کوردێکی دی و به‌هه‌مان شێوه. هه‌روه‌ک چۆن ئه‌شێ کوردێکی بانیشار و عه‌ره‌بێکی سه‌نعا ئاره‌زوی ده‌نگی شێخ حوزه‌یفی بیانگرێنێت به‌هه‌مان شێوه‌ش ده‌کرێت لاوێکی چه‌مچه‌ماڵ و مه‌ڵکه‌ندی به‌ده‌نگی ئیمنێم و ففتی سه‌نت وه‌ک لاوێکی مه‌یامی و ماڵبرن بێنه سه‌ما.
چیرۆکه گه‌وره‌کان و چیرۆکه بچوکه‌کان:
وه‌ک پێشتر ووتمان مۆدێرنه‌ته وه‌ک کۆرپه‌یه‌کی زایه‌ندگای ڕۆشنگه‌ریی، به مژده‌ده‌ری حیکایه‌ته گه‌وره‌کان و یۆتپیا ده‌ستی پێ‌کرد. زانستی ئه‌زمونگه‌رای و ئه‌قڵانیه‌ت دوو پرۆسه‌ی ئێجگار گه‌وره‌ی زاده‌ی فه‌لسه‌فه‌و به‌رهه‌می بیریی ڕۆشنگه‌رین. لێره‌وش داهێنانی ته‌کنۆلۆجیایی سه‌رده‌م وه‌ک ؛ شه‌مه‌نده‌فه‌ر و مه‌کینه‌ی هه‌ڵمی و ئۆتۆمۆبیل و هۆکاره‌کانی گه‌یاندن و دواتریش راگه‌یاندنی بینراو بیستراو، هه‌مووی به‌شوازێکی ناچاوه‌ڕوانکراو قۆزرایه‌وه له لایه‌ن سیستمی که‌پیتاڵه‌وه. له رێگای هه‌ردوو پرۆسه‌ی به پیشه‌سازیکردن و به‌شارکردن، ژیانی خه‌ڵکی گۆڕانکاریه‌کی ئێجگار گه‌وه‌ره‌ی به‌سه‌ردا هات له هه‌موو ڕووه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابوری و که‌لتوریدا. ئالێره‌دایه بۆ که‌پیتالیزم ئه‌مانه هه‌مووی سه‌رمایه‌ی خاون، هه‌ر له کرێکاره‌وه بیگره چ وه‌ک ده‌ست و بازووی چ وه‌ک خودی ژیانی واته مه‌سره‌فی و شێوازی ژیانی تا داهێنانی ته‌کنۆلۆجی و زانستی وه‌ک پرۆسه‌ی زۆری به‌رهه‌مهێنان له کارگه‌کاندا ( Mass Production). روونکردنه‌وه‌ی ئه‌و باکگراونده مێژووییه‌ی ژیانی تاک و جڤاتی ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریکای باکور بۆ ئێمه زۆرگرنگه تا له‌وێوه قسه‌ی خۆمان له مه‌ڕ حیکایه‌ته‌کانی مۆدێرنه‌ته بکه‌ین که به حیکایه‌ته گه‌وره‌کان ناسراوه. له‌وانه‌یه پرسیارێک دروست بێت باشه ئه‌گه‌ر ئه‌قڵانیه‌ت وه‌ک ئاماژه‌یه‌کی خێرامان پێدا له‌سه‌ره‌وه ، کاریگه‌ری راسته‌وخۆی بوبێت بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی که‌پیتاڵ و یان روونتر ده‌رئه‌نجامه ترسناکه‌کانی به‌درێژایی سه‌ده‌ی نۆزه‌دو بیست ئه‌ی زانست بۆ؟ ئێمه لێره‌دا زۆر به‌کورتیش قسه‌ی خۆمان له مه‌ڕ زانستێش ده‌که‌ین پێش ئه‌وه‌ی بڕۆینه سه‌ر به‌راوردکاریه‌که‌مان له سه‌ر حیکایه‌ته بچوک و گه‌وره‌کان. بێگومان تاهه‌نوکه‌ش بیریی زانستی له سه‌ر بنه‌مای زانستی ئه‌زمو‌نگه‌رایی له شۆڕشی زانستیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه، به کاریگه‌ری ڕابه‌رانی بیریی ڕێنیسانس که بۆ ئه‌وه‌ی ببنه مۆدێرن گه‌ره‌که چیدی وه‌حی له ڕابردوه‌وه وه‌رنه‌گرین که تا ئه‌وکات ئه باوه‌ڕه باوبوو بۆ هه‌ر شتێک ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕۆمه‌کان و یۆنانیه‌کان ئیدی ئایا بواری سیاسی ، یاسایی یا هه‌ر شتێکی تر بووایه. ڕێنسانسه‌کان پێان وابوو چیدی ئه‌وان واته بییریی ڕابردوو دادمان ناده‌ن ده‌بێت روو له ئێسته‌و داهاتووه بکه‌ین. لێره‌وه شۆڕشی زانستی به پشت به‌ستن به‌م تێڕوانینه له‌م سێ بوار‌و مه‌یدانه هه‌ره گرنگانه‌دا کاری کرد ئه‌وانێش :
1- به‌کارهێنانی ژماره و ماتماتیک، یا به‌سه‌نتراڵکردنی ماتماتیک. که ده‌کرێت به شۆڕشی ژماره‌کان ناوی به‌رین. پێوانه بۆ هه‌موو شت، کات، ته‌مه‌ن، درێژی، پانی، قووڵی…هتد هه‌ڵبه‌ت پێشتر له هه‌ریه‌ک له شارساتنی یۆنانی و ئیسلامی و چینی‌دا جۆرێک له به‌کارهێنان هه‌بووه بۆ ژماره و ته‌نانه‌ت تا ئاستێکی باشیش زانستی ماتماتیک پێشکه‌وه‌تو بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مان کردیان واته شۆڕشی زانستی له ئه‌وروپا ، وه‌ک وتمان به‌سه‌نتراڵکردنی ژماره له ژیانی ڕۆژانه‌دا نه‌ک لای زانایه‌ک یا حه‌کیمێک به‌ته‌نها له تاقیگه‌یه‌کدا.
2- به ماشین کردنی ژیان یا درێژکردنه‌وه‌ی مرۆڤ له ڕیگای به‌کارهێنانی ئامێره‌وه بۆ مه‌رامی زۆرترین به‌رهه‌م له که‌مترین کاتدا، که به‌هه‌مان شێوه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به خاڵی یه‌که‌مه‌وه هه‌یه، واته داهێنانی ته‌کنۆلۆژی.
3- داکۆکیردن و داهێنانی بیریی بابه‌تگه‌رایی ، واته ئیش‌کردن له‌سه‌ر سروشت وه‌ک بابه‌تێک نه‌ک وه‌ک گشتێکی یه‌کانگیر. لێره‌وه مرۆڤ هه‌وڵی دابڕانی له‌ته‌ک سروشتی دایکدا دا. ئه‌م دابڕانه‌ش له گه‌ڵ سروشتدا ده‌رئه‌نجامی گه‌وره‌ی لێکه‌وتوه‌ته‌وه ئێمه لێره‌دا کاتی باسکردنیمان نیه. به‌ڵام گه‌ر به په‌له‌ش بێت ناچارین ئاماژه به خاڵێکی گرنگ بکه‌ین لێره‌دا، ئه‌ویش چۆن پاشتر له دوای شۆڕشی زانستیه‌وه و به‌ره‌وپێش چوونی زانست له ڕۆژئاوادا به شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو، به‌تایبه‌تی پاش دۆزینه‌وه‌ی سه‌لماندنی هه‌ردوو تیۆری زانستی ڕێژه‌یی تایبه‌تی ( relativity theory ) ی ئه‌نیشتاین و تیۆری کوانتام میکانیکی مایکل فرایده‌ی. ئیدی به بڕوای ئێمه ئه‌م دوو تیۆره و پاشتریش زیاتر سه‌لماندیان له دونیای زانست و ته‌کنۆلۆجیادا گواستنه‌وه‌یه‌کی ئێجگار گه‌وره‌ی تێڕوانن و دونیابینی مرۆڤی گؤڕی ، به شێوه‌یه‌ک نه‌ک هه‌ر مرۆڤی دابڕاند له سروشت و کردیه بابه‌تی توێژینه‌وه به‌ڵکو مرۆڤیشی له ئاستێکی که‌ونی یونیڤێرساڵی گواسته‌وه بۆ دوالیزمه‌ی ئاسمان / زه‌وی. لێره‌وه ته‌نانه‌ت زۆرێک له ڕابه‌رانی زانستی گشتی ره‌هه‌ندێکی کولتوریشیان به خشیه تێوریه‌کان مه‌به‌ستم تێوری ڕیژه‌ی و کوانتام ، به جۆرێک پرسیار ده‌کرا له حه‌قیقه‌تی کولتورێک یا خودی حه‌قیقه‌ت خۆی. من لێره‌دا دیسان ویستم ئاماژه به‌و کاره‌ساته بکه‌م ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه کاتێک مرۆڤ له‌م هه‌ساره بچوکه‌دا ته‌واوی که‌ون بچوک ده‌کاته‌وه به ته‌فسیرو جیهانبینیه‌کانی بۆ ئه‌و ئاسته‌ی ئاوه‌ز ده‌رکی پێ ئه‌کات، ئیدی ئه‌م پرۆسه‌یه چ به ئاین و خورافه بکرێت وه‌ک وێناندنی خوایه‌ک که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی پێدابێت په‌ی به‌م که‌ونه به‌رێت یاخود له ڕێگه‌ی زانسته‌وه که په‌نا بۆ عه‌قڵ ببات تا ته‌ئویله‌کانی بۆ بکات. هه‌ر ئه‌م بچوککردنه‌وه‌یه وا ده‌کات مرۆڤ زۆر به‌شێوازێکی پراگماتیانه مامه‌ڵه له‌ته‌ک سروشتدا بکات.
حیکایه‌ته گه‌وره‌کان و مژده‌کانی ڕۆشنگه‌ریی بۆ سبه‌ینێی خۆشتر به درێژایی 500 ساڵی ته‌مه‌نی مۆدێرنه‌ته، وه‌ک هه‌ندێ بیریار مێژووی مۆدێرنه‌ته‌ی بۆ ئه‌و ماوه درێژه ده‌گێڕننه‌وه، ئه‌مڕۆ به قوڵی ده‌خرێته ژێرپرسیاره‌وه له لایه‌ن بیریی پۆستمۆدێرنه‌وه. لۆیتارد بیرمه‌ندی پۆستمۆدێرنستی فه‌ره‌نسی قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کات چیدی دروشم و ئامانجی باڵا نه‌ما تا مرۆڤایه‌تی داوایان بکات ئه‌م بانگه‌شه سه‌ختگیریه‌ی لیۆتارد له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتوه که هه‌رده‌م له پێناوه ئه‌و دروشمه مه‌زن و زه‌به‌لاحانه خودی مرۆڤایه‌تی قوربانی گه‌وره‌و مه‌زنی بۆداون. بۆیه ئه‌و پێمان ده‌ڵێت چی دی ده‌بێت ئه‌و حیکایه‌ته گه‌ور‌انه به‌جێبهێڵین و خۆمان به یاریه بچوک و چیرۆکه گچکه‌کانه‌وه خه‌ری که‌ین. تا هه‌نووکه‌ش ڕۆشنبیریی و سیاسی کورد هه‌ر سه‌رقاڵی حیکایه‌تی گه‌وره‌ن، بڕوا ناکه‌م له هیچ جێگایه‌کی ئه‌م زه‌مینه‌دا هێنده‌ی سه‌رکرده سیاسیه‌کانی کورد و سه‌رکرده ڕۆشنبیریه‌کانی خه‌ونی مه‌زن و یۆتۆپیا بفرۆشن به تاک و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و مه‌عریفی کورد نه‌ک هه‌ر مه‌ستی حیکایه‌ته گه‌وره‌کان و دروشمه باڵآکانه، به‌ڵکو هه‌ر هه‌وڵێکیش بۆ بیننی دونیا بچوکه‌کان و چیرۆکه وردیله‌کان به په‌راوێز و بوده‌ڵه ئه‌ژمێریده‌که‌ن. ڕۆشنبیرانی کورد تاهه‌نوکه‌ش له مه‌عمه‌عه‌ی پیرۆزگه‌رایی مه‌عریفه‌دان و به هۆی یوتپییای زانیاریه‌وه دونیای کوردی وه‌ک خۆی نابینن. له‌وه بێ ئاگان که ئیمڕۆ زانست و مه‌عریفه‌ش وه‌ک ئاین و ده‌سه‌ڵآت پیرۆزی لێ سه‌نرایه‌وه بیه کاڵآ وه‌ک هه‌ر شتومه‌کێکی بازاڕ. پرۆسه‌ی گۆڕانی مه‌عه‌ریفه به زانیاری و ڕێگه خۆش ده‌کات تا له‌وێوه کڕین و فرۆشتنی پێ بکه‌یت، هه‌ر شتێکیش بویه کاڵا پیرۆزی و هه‌یبه‌ت له‌ده‌ست ده‌دات ئیدی بازاڕ ته‌حه‌کۆمی به‌سه‌روه ده‌کات. بۆ زیاتر ڕوونکردنه‌وه ده‌کرێت ئاماژه به نمونه‌یه‌کی زیندوی ئیمڕۆی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بده‌ین که ڕوو له زیاد بووندایه ڕۆژ به‌ڕۆژ به تایبه‌تی دوایی ساڵی 2003، ئه‌ویش به‌ربڵاوبونی خوێندنی تایبه‌ته واته به پاره له بری سیستمی خۆیندنی سته‌یت یا ده‌وڵه‌ت. چیدی زانکۆکان به تایبه‌تی ئه‌هلیه‌کان مه‌ڵبه‌ندی پێگه‌یاندنی سکۆڵه‌ر و بیریار نین تیایاندا گفتوگۆ‌و دوبه‌یه‌ت به‌ڕێوه‌بچێت به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه بوونه‌ته کۆمپانیا و ده‌زگای بازرگانی و قوتابی و خوێندکاریش موشته‌ری و کڕیار، به‌ڵام له بری کڕینی جل‌و به‌رگو خواردن بۆ کڕینی زانیاری. ڕوناکبیری کورد ده‌کرێت له‌بری ئه‌وه‌ی موناقه‌شه‌و تێڕوانینه‌کانی سه‌رقاڵ بکات به حیکایه‌ته گه‌وره‌کانی نه‌ته‌وه‌و ده‌وڵه‌ت ، گه‌ره‌که په‌یوه‌ندیه بچوکه‌کان بدۆزێته‌وه له ژیانی تاکی کوردا ، ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی که هه‌رده‌م بوونه‌ته قوربانی ئه‌و خه‌ونه باڵانه‌ی هه‌رگیز نه‌هاتونه‌ته دی. ئه‌مڕۆ له دونیای ڕۆشنبیری کوردی‌دا مه‌خلوقێک قه‌ڵه‌مڕه‌و و سه‌ریهه‌ڵداوه، چونکه ته‌نها به پاشخانێکی ڕۆشنگه‌ری و مۆدێرنه‌ته‌وه پڕتفاقه یا خود له بارێکی زیاتردا به ڕۆشنبیری ئیسلامیش، ئه‌و ئیدی هه‌رگیز به‌وه ڕازی نابێت سیفه‌تی مژده‌ده‌ر و فریاد ڕه‌سی لێ بسه‌نیته‌وه. هه‌روه‌ها ڕازیش نابێت به‌وه‌ی خۆی له ته‌نها چیرۆکیکدا بگیرسێنێته‌وه به‌ڵکو ده‌بێت حیکایه‌تخوانی گشت به‌سه‌رهات و چیرۆکه‌کان بێت. بۆ نمونه زۆرن ئه‌و نوسه‌رانه‌ی به نه‌نگی ده‌زانن گه‌ر له بوار‌و ژانریکی نووسیندا خۆیان سه‌رقاڵ بکه‌ن به‌ڵکو ده‌بێت له هه‌موو بوارێک‌دا پێشڕوه‌و و ئاغا بن، ئه‌م په‌تای گشتگیریه‌ی ڕۆشنبیرو سیاسی وڵاتی ئێمه ڕێک ئه‌و باوکه خه‌فه بوه‌ی مێژوی کورده که گشت ئه‌فسانه و حیکایه‌ته‌کانی نوسیوه‌ته‌وه، به جۆرێک سه‌رمایه‌کی ره‌مزی ئاوهایه ژن و کوڕ‌و منداڵه‌کان زۆر بوده‌ڵه و که‌م به‌هره‌ن له چاو ئه‌مدا. گه‌ر دوێنێ ئه‌م باوکه ئه‌م پیرۆزی و هه‌یبه‌ته‌ی له ئاین و نان په‌یدا کردنه‌وه به‌ده‌ست هێنابێت ئه‌مڕۆ له مه‌عریفه‌و بڕوانامه‌وه‌یه.
شوناسی یونیڤێرساڵی و لۆکا‌ڵی :
به‌ر له‌وه‌ی قسه له‌سه‌ر ئه‌م دوو شوناسه بکه‌ین گرنگه سه‌رنجێکی خێرا‌و گفتوگۆیه‌ک له‌ته‌ک تێزه‌کانی گڵۆباڵیزه‌یشن ئه‌نجام بده‌ین، چونکه گه‌وره‌ترین ته‌حه‌ددای نه‌ته‌وه و شوناسی نه‌ته‌وه پرۆسه‌کانی جیهانگه‌راین. له‌به‌رامبه‌ر تێزه سه‌رنج ڕاکێشه‌کانی گڵۆبالیزه‌و پۆستمۆدێرنزمدا، ئاراسته‌یه‌کی تری بیرکردنه‌وه هه‌یه که به ڕه‌خنه‌گری واقیعگه‌را ده‌ناسرێت ( critical realism) . ئه‌م مۆدێله له بیرکردنه‌وه که له‌لایه‌ن که‌سانی وه‌ک مارگرێت ئارچه‌ر نوێنه‌رایتی ده‌کرێت پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرن که پۆسمۆدێرنه‌کان زیاده‌ڕۆی زۆریان کردوه له پێناسه‌کانیان بۆ سه‌رده‌می پۆستمۆدیرنه. ئه‌و ئه‌وه‌شی روونکردوه‌ته‌وه که بیریی پۆسمۆدیرنه ئاراسته‌یه‌کی تاکڕه‌هندی هه‌یه به‌لانی که‌مه‌وه له رووی جوگرافیاوه، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئاماژه ده‌کات به‌وه‌ی که پرسی پۆستمۆدیرنه بۆ مناڵانی ئه‌فریکا که ژه‌می نان خواردنیان ده‌ست ناکه‌وێت یان ده‌ست و په‌نچه له‌گه‌ڵ ده‌یان په‌تای کوشنده‌وه نه‌رم ده‌که‌ن هیچ جه‌دوایکی نییه. بێگومان هه‌مان ره‌خنه‌ش ئاراسته‌ی بیریارانی جیهانگه‌رایی کردوه چونکه ئه‌و پێی وایه له ده‌روه‌وه‌ی جیهانی رۆژئاوا خه‌لکێکی زۆر تا هه‌نوکه‌ش گرفتی نان و ئازادیان هه‌یه بۆیه بۆ زۆرێک له به‌شی دونیا پۆستمۆدێرنه له‌بری ئه‌وه‌ی قبوڵبکریت بۆخۆی سه‌رگه‌ردانێکه. به‌هه‌رحاڵ تێزه‌کانی پۆستمۆدێرنه له‌وێوه سه‌رچاوه‌یان گرتوه که‌چۆن له‌سایه‌ی هه‌ژمونی وێنه و کۆمه‌ڵگه‌ی به‌رخۆردا هه‌ردوو چه‌مکی کات/شوێن به‌ته‌واوی مانا کلاسیکیه‌که‌یان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن . کات و شوێن به‌شێوه‌یه‌ک چونه‌ته یه‌ک له پرۆسه‌ی په‌یوه‌ندی و گواستنه‌وه‌دا که نه‌ک ناسنامه‌ی خستوه‌ته به‌ر له‌رزینه‌وه به‌ڵکو خودی دونیابینی مرۆڤی گۆڕیوه. ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی به‌شێک له ناسنامه‌ی مرۆڤی مۆدێرنه‌ته‌ی پێده‌ناسرایه‌وه له سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی شاردا و پرۆسه‌ی به‌شارکردن له کۆتای سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستدا وه‌ک گه‌ڕه‌ک و هاوشاری و په‌یوه‌ندی ئیش‌و شوێنی دانیشتن بۆنمونه کارگه‌یه‌کی گه‌وره یان کانێکی گه‌وره هه‌ڵده‌سا به دروستکردنی جێگایه‌ک بۆ کرێکاره‌کانی . ئیدی مرۆڤه‌کان به پێی داهات و ئاستی گوزه‌رانیان و په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیان دابه‌ش ده‌کران به‌سه‌ر کلاس دا . وه‌ک زۆربه‌ی مێژوی شاره گه‌وره‌کانی دونیا پێمان ده‌ڵیت، که‌رتی ئیستئنده‌ری له‌نده‌ن وه‌ک جێگای هه‌ژاران و کرێکار نشین و هه‌روه‌ها وێستئینده‌ریش خه‌ڵکی دۆڵه‌مه‌ند ، به‌هه‌مان شێوه‌ش شاری شیکاگۆ له ئه‌مه‌ریکا. به‌ڵام ئه‌مڕۆ نه‌ک هه‌ر شێوازی دیزاین و بیناسازی شاره‌کان گۆڕاوه به‌ڵکو خودی ئه‌ندازه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تێش گۆڕاوه به‌مانا پێکهاته‌ی خێزان ( که له باوکێکی نان په‌یداکه‌ر و دایکێکی منداڵ به‌خێوکه‌ر و دوو منداڵ یا زیاتر پیک هاتبوون) به‌شێوازێکی رادیکاڵ گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه. ته‌نانه‌ت په‌یوه‌نیدیه سیکسی و چه‌مکی باوکایه‌تی و ده‌یکایه‌تیش گۆڕاوه و له مانا و فۆرمی کلاسیکیان هاتونه‌ته ده‌ره‌وه. بۆ یه ئیمڕۆ شار نه‌ک هه‌ر ناتوانێت ناسنامه‌ی دانیشتوانی دیاری بکات به‌ڵکو ئه‌و کۆچه‌ی خه‌ڵکی دۆڵه‌مند بۆ لادێکان و دوورکه‌وتنه‌وه له ژینگه‌ی پیسی شاره‌کان هه‌روه‌ها کۆچی به‌پێچه‌وانه‌ی وڵاتانی هه‌ژاری رۆژئاوای ئه‌مه‌ریکا بۆ باکوری ئه‌مه‌ریکا و هه‌روه‌ها وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا و ئاسیا و بۆ رۆژئاوای ئه‌وروپا پێکهاته‌یه‌کی ئێجگار سه‌یری بنیات ناوه وه‌ک زۆرێک له بیریاران تیۆره‌ی موڵتیکه‌ڵچرالیزم پێشنیار ده‌که‌ن. له شارێکی وه‌ک له‌نده‌ن و نیۆیۆرک و پاریس‌دا تۆ ده‌یان و سه‌دان ووڵاتی بجوککراوه ده‌بینیت به شیوازی نان خواردن و جلوبه‌رگ و ڤیستیڤاڵ و بۆنه تایبه‌تیه‌کانیانه‌وه.
که‌واته دابه‌شکردنی ناسنامه به‌و پێوه‌ره کۆنانه‌ی جاران کاریکی مه‌حاڵه، چونکه ئیمڕۆ تۆ له‌یه‌ک کاتدا ده‌توانییت که‌سێک به چه‌ندین ناسنامه‌ی جیاجیاوه ببینیت زۆرجاریش دژبه‌یه‌کن. زۆرن ئه‌و قوتابیانه‌ی له زانکۆکانی سۆربۆن و کامبریج و هاڤارد دا سه‌رگه‌رمی خویندنی تازه‌ترین زانستی ته‌کنۆلۆجیاو و پزیشکی و یاسان که‌چی به لاپتۆپیکی ته‌نکی ئاپڵ و ڕیشێکی درێژ‌و سمێڵێکی مه‌قستکراو و دسداشه‌یکی کورت و سیواکێک به لا قه‌دیه‌وه و به کڵاوێکی سپیه‌وه له تاقیگایه‌کی زانستیدا دانیشتوه و ده‌رس ده‌خوێنێت. هه‌ربۆیه ئه‌کادیمیست و سۆسیۆلۆژه‌کان به‌م دیارده‌یه له سه‌رده‌می گلۆبالیزاه‌یشندا ده‌ڵێن سه‌رده‌می جیهانی به لۆکاڵکراو و لۆکا‌ڵی به جیهانکراو. چه‌نده کۆکاکۆلا وماکدۆناڵد له روسیا و رۆژهه‌ڵآتی ناڤین‌دا سه‌رف ده‌کرێت، ئاوهاش پیزاو و برنجی پاکستانی و حه‌ڵوای تورکی له ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا کڕیاری هه‌یه. ئه‌م دابه‌شبوونه له ناسنامه‌دا له بواری ئێشکردندا باشتر روونده‌بێته‌وه ، جاران مرۆڤ پیشه و کاریکی هه‌بوو که تا مردن یا خانه‌نشین بوون له‌سه‌ری ده‌مایه‌وه ئه‌مه‌ش ناسنامه و پێگای کۆمه‌ڵآیه‌تی دیاریده‌کرت. به‌ڵآم ئه‌مڕۆ مرۆڤه‌کان چه‌ندین کاری جیاواز و ده‌ژه‌یه‌کیان هه‌یه و زووزویش ئیشه‌که‌یان ده‌یان گۆڕن ، وه‌ک زۆریک له کۆمه‌ڵناسه‌کان به گوێزانه‌وه له سه‌رده‌می فۆردیزم بۆ سه‌رده‌می پاشفۆردیزم ناوزه‌د ده‌که‌ن .سیستمی فۆردیزم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تیۆره‌کانی فریدرک تایله‌رو هنری فۆرد ده‌رباره‌ی کار‌و به‌رێوه‌بردنی زانستی له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، به‌تایبه‌تی له پیشه‌سازی ئۆتۆمبیل دروستکردندا که پشت ئه‌ستوره بوو به سیستمی لاینی به‌رهه‌مهێنان assembly line . به‌ڵام له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئیسته‌دا کار و مانای کار گۆڕانکاری گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتوه، به‌شکڵێک بۆ ته‌نها یه‌ک جۆر له ئۆتۆمۆبیل ئیمڕۆ زیاد له چوار پێنج ووڵات یا کۆمپانیا هه‌مه‌هانگی ده‌که‌ن له‌دروستکردنیدا، به‌مانا ئوتۆمۆبیله‌که یه‌ک مۆدێله به‌ڵام هه‌ر پارچه‌ی له شوێنک دروستده‌کرێت. هه‌ر ئه‌و گوێزانه‌وه‌یه‌ی سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پیکرد هۆکار بووه بۆ گوێزانه‌وه‌یکی تر ئه‌ویش له سه‌رده‌می به‌رهه‌مهێنانه‌وه بۆ سه‌رده‌می مه‌سره‌فکردن.
هه‌نووکه له‌سایه‌ی تێوره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌سره‌فگه‌رادا، که زۆربه‌ی پۆسمۆدیرنسته‌کان و سۆسیۆلژه‌کان پێی له‌سه‌ر داده‌گرن و ئه‌م سه‌رده‌مه به سه‌رده‌می موشه‌تریبوون ناوده‌به‌ن. له ئاین و چالاکیه رۆحیه‌کانه‌وه بیگره تا کاتی پشو و وه‌رزش و میدیا و زانست هتد، هه‌مووی له بازاڕدا سه‌وداو مامه‌ڵه‌ی پێده‌کریێت هه‌مووی بووته مادده‌ی فرۆشتن و کڕین. هه‌ر ئه‌مه‌یه ئه‌و فرێزه‌ی سه‌ره‌وه که ئاماژه‌مان پیکرد تۆخ ده‌کاته‌وه، من ئه‌وه‌م که ده‌یکڕم ، ده‌یخۆم، له‌به‌ریده‌که‌م،گوێلده‌گرم…هتد. ناسنامه‌ی نوێی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه‌کان به پێوه‌ری نوێش ده‌پێورێت، نه‌ک به وه‌ی هه‌ڵگری چ ئایدیۆلۆژیایه‌کن یا سه‌ر به‌چ ته‌یاریکی سیاسین. لێره‌ویه ناسنامه‌ی فره‌ڕه‌هه‌ند و جۆراوجۆر‌و بگره تێکشاوو دژبه‌یه‌کیش ده‌بینرێت، چیدی مرۆڤه‌کان وابه‌سته‌ی یه‌ک جۆر له‌ناسنامه‌ی پته‌و و دامه‌رزراو نین به‌ڵکو ناسنامه سروشتێکی نوێی لاستیکی وه‌رگرتوه، که له‌یه‌ک کاتدا جیهانیه‌و لۆکاڵیشه. خودی چه‌مکی من و ئه‌وی دی یا ئه‌وانیتر وه‌ک پێشتر ئاماژه‌مان پێدا که بییریی مۆدێرنه‌ی له‌سه‌ر بنیاتنرابوو ، واته سیستمی دوالیزمه‌کان، هه‌نووکه ئه‌و دوالیزمانه تێکده‌شکێنرێت چیدی ناسنامه له سه‌ر بنه‌مای نێر/مێ له‌روی ره‌گه‌زه‌وه و باڵآ/نه‌وی له رووی کڵاس وه و ره‌ش/سپی له‌رووی ئیتنکیه‌وه دروست نابێت. ئێمه له‌م نوسینه‌دا هه‌وڵماندا گرفتی دوالیزمه‌کان بخوێنینه‌وه له کایه‌ی کۆمه‌ڵگه‌دا وه‌ک گشت، هه‌وڵده‌ده‌ین له هه‌وڵی داهاتوماندا کار له‌سه‌ر ئاین و کولتور بکه‌ین وه‌ک دوو پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگه به‌تایبه‌تی، به‌ڵام نه‌ک ته‌نها له چوارچێوه‌ی دوالیزمه‌کاندا به‌ڵکو بۆ چه‌مکه‌کانی ئه‌وی دی و من یا ئێمه و ئه‌وان که من ئه‌مه‌یان به ماقوڵتر ده‌بینم. هه‌ڵبژاردنی ئه‌م کێشانه له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستای مێژوویی مرۆڤایه‌تی که پێکهاته‌یه‌کی سه‌یرو ململانێکی ئالۆز به‌خۆوه‌ده‌گریت؛ وه‌ک له نێوان مۆدێرنه‌و و پۆستمۆدێرنه له‌لایه‌ک و تردیشناڵ و مۆدێرنه له‌لایه‌کی تره‌وه یان له نێوان لۆکاڵ و گڵۆباڵدا، هه‌روه‌ها سیاسیانه و ئایدیلۆژیانه قسه‌بکه‌ین له نێوان به‌ره‌ی خه‌یر و به‌ره‌ی شه‌ڕ وه‌ک بۆش پێمانده‌ڵێت یا که‌پیتاڵی نوێ و چه‌وساوه‌ی نوێ وه‌ک چه‌پی تازه پێمان ده‌ڵێت یاخود دارولکفرو دارولئیمان وه‌ک بنلادن ده‌یڵێت. تێگه‌یشتن له‌م قه‌یرانانه یارمه‌تی ئیمه ده‌دات تا نه‌که‌وینه به‌ره‌یه‌که‌وه ، به‌داخه‌وه زۆرجار کورد خزێنراوه‌ته نێو به‌ره‌کان و شه‌ڕی که‌سانی تری پێکراوه.
عه‌لی زه‌ڵمی /به‌هاری 2008 -بریستۆڵ، ئینگلاند
سه‌رچاوه‌کان:
Bauman, Z ( 2000) Liquid Modernity. Cambridge: Polity Press
Delanty, G. ( 2000) Modernity and Postmodernity, London: SAGE Publications Ltd.
Harvey, D. ( 1989) The Condition of Postmodernity, An Enquiry into the Origin of Cultural Change. Oxford: Blackwell.
How, A. ( 2003) Critical Theory. Hampshire : Palgrave McMillan.
Jencks, C. ( 1992) The Post-Modern Reader. London: Academy Group Ltd.
Lyotard, J-F. ( 1979) The Postmodern Condition : A Report on Knowledge. Manchester: Manchester University Press. [online] Available from: http://www.marxist.org/refrence/subject/philosophy/works/fr/lyotard.htm, ( Accessed : 02-03-2008).