Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
دیسەمبەر … کازم بیتوێنی

دیسەمبەر … کازم بیتوێنی

Closed
by December 5, 2012 ئەدەب

 

 

ئەمشەو دوا شەوی دیسەمبەرەو

تاوێکیدی

لە چاوی ساڵێکی نوێ پێکەکەم فڕدەکەم

بێباک لە کاڵبونەوەی تەمەن و

خەمسارد لە تێپەڕینی قافڵەی ساڵەکان

“”   “”  “”

ساڵەکان نەرمە زلللەی بێدارکردنەوەی من و تۆن

تا غافڵ نەبین لە حورمەتگرتنی ژیان

تا لە هاوکێشەیەکی پێچاوپێچدا

عومری وەریوی خۆمان و کۆتایی ساڵەکان کۆکەینەوە

تا بزانین 

چەندی دەمێنێ بۆ پوچی؟!

“”   “”  “”

دوا ساتەکانی دیسەمبەرەو

من پێکی نامۆیی دەنێمە سەر لێوی تەنهایم و

پێکی خەیاڵێکی دوریش دەمنێتە سەر لێوی خۆی!

“”  “”   “”

هەندێ جار 

دەمەوێت خۆم جێبێڵم 

خۆم بسپێرمە مۆسیقایەکی باراناوی

ببمە ڕەنگێکی کاڵ لەناو تابلۆیەکی خامۆش

یاخود ببمە

تەمێکی تەنک لەسەر باڵی پەپوولەیەک

“”   “”   “”

دیسەمبەریش

 وەک پیری سپی پۆشە

وەک پیری بێ نوزەو

وەک پیری ساردوسڕو

وەک پیری چاوەڕوانی ئاوابوونە

“”   “”   “”

گەر ژیان گۆرانیەکی ئەبەدی بێت

مردن زایەڵەیەکی ئەبەدیترە

تابمەوێت 

بەسەر ژیان و مردن دا  بازبدەم

دەبێ عاشقانە 

 بڕوانمە ئاسۆ دورەکان

بڕوانمە ئاسۆی غەمگینیم

“”   “”   “”

بەڕۆخ سواندەی دڵماندا

ساڵەکان دێن و

خۆیان دەدەنەوە دەست دیسەمبەر

عیشق ژیان بەتاڵ دەکاتەوە لە ساڵەکان

عیشق هەموو وەرزەکان دەکاتەوە بەهار

عاشقبە

تا سەفەری ساڵەکان بوەستێنی

تا ڕۆحت سپیتر بێت لە بەفری دیسەمبەر

عاشقبە

تا دڵت پڕ بێت لە ڕووناکی

تا لە پەنجەرەی ژوورەکەتەوە هەر جوانی ببینی و

تا هەناسەت بۆنی عەتری ئیمان بدات

“”   “”   “”

دوا شەوی دیسەمبەر

٢٠١٠ سوید

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.