
سه‌ركرده و یاریزان! … هێمن خورشید
ئه‌رێ به‌ڕاست به‌هایه‌ك هه‌یه سه‌ركرده‌ی ئه‌م دوو حیزبه فه‌رمانڕه‌وایه‌ی كوردستان له پێناو مانه‌وه‌یان له ده‌سه‌ڵاتدا پێیان پێدا نهنابێتو سنوورێكی ئه‌خلاقیی هه‌یه تێیاننهپهڕاندبێت؟
نزیكه‌ی په‌نجا ساڵه له ئه‌نجامی دووبه‌ره‌كی نێوانیان و ته‌نها له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات و زه‌عامه‌ت هه‌زاران ڕۆڵه‌ی كوردیان كرده قوربانی و ده‌یان ژنیان بێوه‌ژن و سه‌دان منداڵیان بێباوك خست، ئێستاش له ڕێی ڕێكه‌وتنێكی بێ‌مانا و بێناوهڕۆكهوه به جۆرێكی تر درێژه به‌و كوشتار و كاره‌ساته ده‌ده‌ن. ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی (موعه‌ممه‌ر قه‌زافی) درێژترین بوو له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه‌كه‌دا، خۆ هه‌ندێ له سه‌ركرده‌ی ئه‌و دوو پارته‌ی كن خۆمان زۆر له‌ویشیان تێپه‌ڕاندووه، باشه ده‌سه‌ڵات و كورسی ئه‌وه ده‌هێنێت مرۆڤ وا خۆی بكاته گاڵته‌جاڕی ده‌رو دراوسێ؟ هه‌قوایه مرۆڤ زوو زوو به خۆیدا بچێته‌وه و كاره‌كانی هه‌ڵسه‌نگێنێت.
سه‌ركرده وه‌ك یاریزانی تۆپی پێ وایه، پێویسته چۆن یاریزانی ژیر ده‌زانێت له چ كات و ته‌مه‌نێكدا واز له یاریكردن و مه‌یدانی دووگۆڵی دێنێت، ئه‌میش له زه‌مه‌نێكدا ده‌ست له كاری سیاسی هه‌ڵگرێت و بچێته‌وه ماڵه‌وه، له دنیای وه‌رزشدا یاریزانی وه‌ك (زه‌ینه‌ددین زه‌یدان) ده‌بینین، ئه‌و له وه‌ختێكدا له گۆڕه‌پانی یاریكردن دووركه‌وته‌وه كه هێشتا فره‌ی پێمابوو و خه‌ڵكێكی زۆر ته‌مه‌ننایان ده‌كرد چه‌ند ساڵێكی تریش یاریی جوانی ئه‌ویان ببینیایه، وه‌لـێ ئه‌و خۆی له هه‌موو كه‌س باشتر ده‌ناسی، ده‌یزانی خۆریش له‌و ئاسمانه ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بووه‌ستێت و شه‌وان له چاو ون نه‌بێت، خه‌ڵكی دوای ماوه‌یه‌ك لێی وه‌ڕس ده‌بن، ئه‌ها شاعیره‌كه ده‌ڵێت:
والشّمس لو وقفت فی الفلك هامده لملّها النّاس من عجم و من عرب
له جیهانی سیاسه‌تیشدا كه‌سی وه‌ك (نێلسۆن ماندێللا) هه‌یه، ئه‌و پیاوه 27 ساڵا له زیندانی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌گه‌زپه‌رستی ئه‌فریقای باشووردا ژیانی گوزهراندو نزیكه‌ی چل ساڵا به به‌رده‌وامی خه‌باتی كرد، كه‌چی دوای ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له سایه‌ی سه‌ری تێكۆشانی ئه‌و و هاوڕێبازهكانییهوه ئازاد بوو و قۆناغێكی نوێ هاته كایه‌وه، ته‌نها پێنج ساڵ سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته بوو و بێئه‌وه‌ی كه‌س له ده‌ستی بیزار بووبێت و به‌ر له‌وه‌ی خه‌ڵك پێی بڵێن بڕۆ، به ئه‌سپایی ده‌سه‌ڵاتی بۆ گه‌نجانی له خۆی كهمتهمهنتر به‌جێهێشت.
تا دونیا دونیایه له هه‌ركوێ باسی یاریی تۆپی پێ بكرێت، زێدان وه‌ك نموونه‌ی گه‌وره‌یی و توانا‌و ڕه‌وشتبه‌رزی ده‌هێنرێته‌وه و، ماندێللاش تا هه‌تایه سه‌رمه‌شق و پێشه‌نگی سیاسه‌تمه‌دارانی گه‌وره و بێوێنه‌ی مێژووه.
وه‌نه‌بێ پێچه‌وانه‌ی ئه‌م دوو نموونه‌یه‌ش له مێژوودا نه‌بن، بگره زۆرینه‌ی نموونه‌كان به داخه‌وه له‌م تایپه‌ی دوایین كه ئێستا باسی ده‌كه‌ین، یاریزانی وا هه‌یه زۆر به توانا‌و لێهاتووه، ناو و ناوبانگی به جیهاندا بڵاوبووه‌ته‌وه، چه‌ندین جار نازناوی له‌گه‌ڵا یانه‌كاندا یان بۆ وڵاته‌كه‌ی به‌ده‌ستهێناوه، خه‌ڵاتی تایبه‌تی وه‌رگرتووه، كه‌چی له یاریكردن وازناهێنێت و له‌م یانه‌وه بۆ ئه‌و یانه، نه ساڵێك و نه ده، تا پیر دهبێتو توانای ڕاكردنیشی نامێنێت، خه‌ڵكی وه‌ختێ له كاتی یاریكردندا ده‌یبینن پێكه‌نینیان پێی دێت، ڕه‌نگه تا ڕاده‌یه‌ك (ڕۆناڵدۆ)ی به‌رازیلی و (باتیستوتا)ی ئه‌رژه‌نتینی بۆ نموونه‌ی ئه‌م تایپه ده‌ست بده‌ن. ده‌سه‌ڵاتداریش هه‌یه له ئه‌نجامی شۆرشه‌وه یان به هه‌ڵبژاردنێكی جه‌ماوه‌ریی دێته سه‌ر حوكم، له سه‌ره‌تاوه میلله‌ت نه‌ك هه‌ر خۆشیان ده‌وێت، بگره ئاماده‌ن خۆیانیشی به قوربان كه‌ن، كه‌چی قه‌دری ئه‌و خۆشه‌ویستی و ڕێزه‌ی خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی نازانێت‌و ورده ورده تووشی وه‌همی گه‌وره‌یی دهبێتو له خه‌یاڵیدا خۆی لێده‌بێت به خوا و وا هه‌ستده‌كات ئه‌و خه‌ڵكه درووستكراوی وینه و ده‌بێت تاهه‌تایه له‌ژێر فرمانیدا بن، موباره‌ك و قه‌زافی نموونه‌ی دیار‌و نزیكن.
ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاتداره زۆرجار هه‌ر بیریشی ده‌چێت مردن هه‌یه و ڕۆژێك دێت دونیا جێده‌هێڵێت، ئه‌وه‌ش فه‌رامۆش ده‌كات كه ئه‌میش وه‌ك ئه‌ودوای خه‌ڵكه‌كه ته‌نها تاكێكی ئه‌و نیشتیمانه‌یه و میلله‌ت بۆیه متمانه‌یان پێداوه تا كاره‌كانیان بۆ ڕاپه‌ڕێنێت و ئیداره‌ی وڵاته‌كه‌یان بكات، له ئه‌نجامی مانه‌وه‌ی زۆریه‌وه له‌سه‌ر كورسیی فه‌رمانڕه‌وایی، ده‌گاته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی وڵات هه‌موو موڵكی ئه‌و و منداڵه‌كانیه‌تی، چی بوێت ده‌به‌خشێت و چیشی حه‌زلێبێت ده‌گرێته‌وه. ئه‌م فۆرمه له فه‌رمه‌نڕه‌وایی كه تا ئێستاش له جیهانی عه‌ره‌بی و هه‌ندێ ناوچه‌ی ئه‌فریقا و ئه‌مریكای باشووردا ماوه‌ته‌وه درێژكراوه‌ی ئه‌و تایپه له دهسهڵاتداریهتییهیه كه به درێژایی مێژووی مرۆڤ تا دوو سێ سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر به سه‌ر ته‌واوی دونیادا حاكم بووه، وه‌لێ له دوای سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری و ڕینیسانس ئه‌م جۆره له حوكمكردن، لانی كه‌م له به‌شێك له وڵاتانی ئه‌وروپادا ورده ورده به‌ره‌و ئاوابوون چوو.
ئه‌گه‌رچی دونیای عه‌ره‌بی به هۆی نه‌خوێنده‌واری و دواكه‌وتوویی و داگیركاریی كۆلۆنالیزمهوه زۆر دواكه‌وت، وه‌لێ سه‌ره‌نجام ساڵای (2011) بڵێسه‌ی شۆڕشی جه‌ماوه‌ریی له توونسه‌وه دهستیپێكردو زۆری نه‌برد میسریشی گرته‌وه و له هه‌ردوو وڵاتیشدا سه‌ریگرت، دڵنیام ته‌نها به‌و دوو وڵاته‌یشه‌وه ناوه‌ستێت، ئه‌وه‌تا ئیمڕۆكه سه‌رتاپای دونیای عه‌ره‌ب له به‌رده‌م گۆڕانێكی مێژوویی گه‌وره‌دایه.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی مه‌به‌ستی منه و شیاوی له‌سه‌ر وه‌ستانه، ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستانی عێراقه.
هه‌موو ده‌زانین زیاد له بیست ساڵه موقهددهراتی ئه‌م وڵاته به ده‌ست دوو حیزبه‌وه‌یه و له‌ویش وردتر به ده‌ست دوو بنه‌ماڵه‌وه‌یه و له‌ویش به‌سه‌ره‌وه له چنگی دوو كه‌سدایه.
ئه‌م دوو زاته هه‌ر یه‌كه‌یان خاوه‌نی مێژوویه‌كن له خه‌باتی سه‌ربازی و هه‌روه‌ها سیاسی، بمانه‌وێت یان نا ناوی كورد و خه‌باتی كورد به جۆرێك له جۆره‌كان به‌وانه‌وه گرێدراوه، چۆن له مێژوودا باسی خه‌باتی كورد و شێخ سه‌عیدی پیران، خه‌باتی كورد و شێخ مه‌حمودی حه‌فید، خه‌باتی كورد و قازی محه‌ممه‌د، خه‌باتی كورد و مه‌لا موسته‌فای بارزانی ده‌كرێت، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش له مێژووی داهاتووی ئه‌م گه‌له‌دا باسی خه‌باتی كورد و جه‌لال تاڵه‌بانی و خه‌باتی كورد و مه‌سعوود بارزانی ده‌كرێت.
مێژووی خه‌باتی ئه‌م دوو كه‌سێتییه پڕه له هه‌وراز و نشێو، جارێك شتی باشیان كردووه و دووجار خراپ و ئیتر ئاوها، عه‌ره‌ب ده‌ڵێن: (یوزن الرجال بحسناتهم وسیئاتهم): (پیاو به كۆی چاكه و خراپهكانییهوه هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت)، من نایشارمه‌وه پێمناخۆشه هه‌ركه‌س هه‌ڵسێت جنێو و قسه‌ی سووك به هیچ یه‌ك له‌و دوو به‌ڕێزه بڵێت، هه‌روه‌ك دڵگران ده‌بم به هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كی تریش قسه بگووترێت، وه‌لێ به مافی خۆم و هه‌ر هاوڵاتییه‌كی كوردیشی ده‌زانم بیانخاته ژێر پرسیاره‌وه و ڕه‌خنه‌یان لێبگرێت، ئاخر هیچ مرۆڤێك پیرۆز نییه.
به بڕوای من ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له كوردستاندا ده‌گوزه‌رێت گشتی له سایه‌ی سه‌ری نیگاتهنگی و بچووكبینیی ئه‌و دوو زاته‌وه‌یه، ئه‌وان نه له ڕابردوودا و نه ئێستاش قه‌ت ڕۆژێك گه‌وره‌تر له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان بیریان نه‌كردووه‌ته‌وه، ده‌نا هه‌ڵه‌ی وایان نه‌ده‌كرد ببێته په‌ڵه‌یه‌كی وا به ڕووپه‌لی ده‌فته‌ری خه‌باتیانه‌وه كه به‌ناوهێنانی ئه‌و ڕۆژ و ساڵه‌یشی هه‌ڵه‌كه‌یان تێیدا كردووه قه‌ڵس ببن.
مرۆڤی سه‌ركرده، ئه‌ویش سه‌ركرده‌ی میلله‌تێكی به‌شخوراو، چۆن ده‌بێت هینده كورتبین و نیگاتهنگ بێت؟! ئه‌گه‌ر من یه‌كێك له‌و دووانه بوومایه دوای ڕاپه‌ڕین و، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن و پێكهاتنی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی كوردی، هه‌ر ساڵی 1992 وازم له كاری سیاسی ده‌هێنا، به‌وه‌یش نه‌ده‌بوومه مایه‌ی ماڵوێرانی و جه‌رگسووتانی سه‌دان دایكی قوڕبه‌سه‌ری له چنگی ئه‌نفال ده‌ربازبوو .
ئه‌وكات كه ده‌ستیان له سیاسه‌ت هه‌ڵنه‌گرت، ئه‌وه‌یش نه‌بوو بێن ببنه به‌شێك له ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵبژێردراوی كوردستان، به‌ڵكو وه‌ك سه‌رۆكی حیزبه‌كانیان مانه‌وه، ئه‌وه‌یش خراپترین كاری نێو ده‌فته‌ری خه‌باتی ئه‌و دوو سه‌ركرده كورده‌یه، ئاخر ئه‌وه وایكرد حیزب ببێته هه‌موو شتێك له كوردستاندا و حكوومه‌ت و په‌رله‌مان ته‌نها وه‌ك شكڵێكی به‌تاڵا بمێنێته‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌یشه ئه‌و ده‌رده‌ی ئێستا هه‌موو به ده‌ستییه‌وه گیرمان خواردووه و نازانین چۆن چاره‌سه‌ری بكه‌ین.
كه ئه‌و كاتیش وازیان نه‌هێنا و درێژه‌یان به مانه‌وه‌یان له كایه‌ی سیاسی‌دا دا، دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس هه‌لێكی باشی تر بوو بوویان، بۆ چوونه ماڵه‌وه و خوا حافیزیكردن له دونیای سیاسه‌ت، ئه‌وكاتیش ئه‌وه‌یان نه‌كرد، نه‌ك هه‌ر نه‌یانكرد به‌ڵكو هاتن له نێوان خۆیاندا برا به‌شیان كرد، تۆ بڕۆ ببه به سه‌رۆك كۆماری عێراق و منیش ده‌بمه سه‌رۆكی هه‌رێم، له سایه‌ی ئه‌و به‌شكردنه نادادپهروهرانهیشهوه كه دوور و نزیك گه‌لی كوردستان ده‌نگی له‌سه‌ر نه‌دابوو، كورد زۆر شتی دۆڕاند، به كه‌ركووك و مادده‌ی سه‌دو چلییشهوه. ئاخر بۆ ڕاگرتنی ئه‌و باڵانسه، ده‌بوایه تاڵه‌بانی له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵاتدا بمایه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش ئاسان نه‌بوو، عه‌ره‌به‌كانی شیعه و سووننه كه زۆرینه‌ن، چۆن قایل ده‌بن كوردێك سه‌رۆكیان بێت؟ كه‌چی قایل بوون، چۆن؟ ده‌بێت ئه‌وه له بارزانی و تاڵه‌بانی بپرسین!
ئێستاش پاش زیاتر له بیست ساڵا حوكمڕانی شار و به‌ر له‌وه‌یش پازه بیست ساڵا فه‌رمانڕه‌وایی شاخ و دوای ئه‌وه‌ی جامی ته‌مه‌نی ئه‌م دوو سه‌ركرده به‌ڕێزه خه‌ریكه پڕ ده‌بێت، بۆ ساتێكیش بیر له‌وه ناكه‌نه‌وه به‌وه‌نده ڕێزه‌ی خه‌ڵكێكی كه‌می كوردستان له هه‌مبه‌ریان ماویه‌تی قایل بن و بچنه‌وه یادداشتهكانیان بنووسنه‌وه، پێم سه‌یره سه‌ركرده‌یه‌ك پارته‌كه‌ی وشه‌ی دیموكراتیی تێدا بێت و به لایه‌وه ئاسایی بێت ته‌نها له پێنا و مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر كورسیی ده‌سه‌ڵات، ڕۆڵه‌ی فه‌قیر و هه‌ژاری كورد له‌ناو خوێنی خۆیدا بگه‌وزێت.. هه‌رچی ده‌كه‌م ناتوانم له‌وه تێبگه‌م چۆن ده‌بێت پیاوێك جێگری سۆسیال دیموكراتی دونیا بێت و ته‌مه‌نێك خه‌باتی بۆ گه‌لێكی ژێر چه‌پۆك كردبێت، ئێستا فه‌رمانی قه‌تڵوعامكردنی میلله‌ته‌كه‌ی ده‌ربكات، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند ڕۆژێكی تر له ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه!
منداڵا بووم، نه‌مده‌زانی مام جه‌لال كێیه، دایكم فێریكردم بڵێم: (كێ بوو چوو بۆ فه‌ره‌نسا مام جه‌لال بوو نه‌ترسا.. كێ بوو چوو بۆ سلێمانی مام جه‌لال تاڵه‌بانی).. تازه راپه‌ڕین كرابو و، بێئه‌وه‌ی بزانم مانای چییه له‌گه‌ڵا كۆمه‌ڵێك منداڵی هاوته‌مه‌نی خۆمدا چه‌پڵه‌مان لێده‌دا و هاوارمان ده‌كرد: (هه‌ستن هه‌ستن به پێوه كاك مه‌سعوود ها به ڕێوه).. زه‌مانێ خه‌ڵكی كوردستان ئاماده‌بوون له پێناو ئه‌و دوو زاته‌دا گیانی خۆیان فیدا بكه‌ن، وه‌لێ ئه‌وان بۆ ساتێكیش ئه‌و ئیدیۆمه كوردییه‌یان وه‌بیر نه‌كه‌وته‌وه كه ده‌ڵێت: (ڕه‌شه ڕه‌شه كۆكه ڕه‌شه میوان شه‌وێ دوو شه‌و خۆشه!).
ئێستاش هێشتا كات ماوه، له‌وپه‌ڕی دڵسۆزیمه‌وه داوا له هه‌ردووكیان ده‌كه‌م بۆ خاتر خوێنی شه‌هیدان، بۆ خاتری خه‌باتی چه‌ندین ساڵه‌یان، وه‌رن به‌وپه‌ڕی له‌خۆبوردووییه‌وه ده‌ست له ده‌سه‌ڵات هه‌ڵگرن، شوێنپێی ماندێللا هه‌ڵگرن، تا خه‌ڵكی كورد به یه‌ك ده‌نگ پێیان نه‌وتوون: ” باركه‌ن بڕۆن، نامانه‌وێن. .”
اللهم إنِّی قد بلَّغت فاشهد!
* ئه‌م بابه‌ته له كاتی خۆپیشاندانه‌كانی حه‌ڤده‌ی شوباتدا نووسراوه, كه‌چی بۆ ئێستاش هێشتا كۆن نه‌بووه.