
دەرگا …. هۆنراوەی: سەرکاو
ڕەگ و ڕیشەم دەچێتەوە سەر دوو دار بەڕوو
ئەو دوو دارەی دارا دیتنی
نا.. بۆ پێکەنین وا دەڵێم..
دوو داری لەوانەی دارا دوورتر
زۆر دوورتر
. . .
لە ناوەندی کۆڵانێکدام
گاوران و سابوونکەران پێکەوە دەبەستێتەوە
پشتیشم قەزازەکانە
. . .
کۆڵانەکەمان وەک مارێک
وەک زنجیرێک
وەک ڕووبارێک
بەناو سێ گەڕەکە دێرین و گڵینەکەی شاردا تێدەپەڕێ
. . .
پارێزگاری لە ماڵێکی گڵین دەکەم
پاسەوانی شەرەفم
. . .
هەر من ماوم لەم گەڕەک و کۆڵانەدا
هەموو دەرگا دارینەکانی تر کۆچی دواییان کردووە
یا بەزۆر هەڵکەندراون
. . .
پڕم لە قۆبچەی ئاسنین
زیوین
لەڕاستیدا سەرە مێخن
بزماری گەورە گەورە
لە هەر لایەک کوناودەریان کردووم
. . .
شێرێک لەسەر سینەمە
هەر میوانێ کە دێ
سەری شێرەکە دەکێشێ بە دڵما
. . .
چاوێکیش لەسەر ناوچەوانمە
بۆ چاوەزار
. . .
زۆر کرامەوە و داخرام
زۆر پێوەدرام
زۆر جیڕەم کرد و شیڕاندم
پشیلەی ئەو کۆڵانانە نەما چڕنووکم لێ نەگرێ
سەگی گەڕەک نەما خۆیم لێ نەسوێ
هەندێ جار دزیشم پێدا تێپەڕیوە
بێ ئەوەی نووزەم بێ
. . .
زۆرم لێ بیستن گوایە لەسەر پشتم
من کە لە هەموو ژیانمدا
نە جارێ بەلادا هاتووم
نە شانم داداوە
نە کەوتووم
لەسەر سکبێ یا لەسەر پشت
. . .
لەو کاتەوەی بۆ یەکەم جار
دایک و باوکم بەدەستی داربڕ بڕدران و کەوتن
بەدەستی دارتاش
توێکڵیان ڕنرا و لەت کران
ساف و لووسکران
بە بزماری ئەستوور
لەو مێخە ئاسنینانەی عیسای مەسیحیان بە خاچدا پێ داکوترا
بۆ هەتاهەتایە لێک مارە بڕدران
. . .
ئێستەیش هەوای سەر ئەو گردەی دایە و بابە لە مێشکم دەدا
کە هەندێ جار بە کۆڵانەکەدا تێدەپەڕی و دەهات بۆ لام
هەواڵی خاڵوان
مامەکان
ئامۆزا و پوورزا و خزمانی ئەوانی بۆ دەهێنام
باسی گەڵا و ڕووبار و سمۆرەکانیشی بۆ دەکردم
. . .
لە ڕەشەباکانەوە خۆمم ناسی
ئەوان بوون یەکەم جار هەواڵی درەختەکانی دارستان و کۆسارانیان بۆ هێنام
ئەوان بوون بە ڕابردووی خۆمیان ناساندم
ئەوان بووم پێیان وتم لەکوێوە دێم و هاتووم..
.. ڕەشەباکان
. . .
مرۆڤەکان و
خاوەنەکانم و
ماڵداری ئەم ماڵە
وادەزانن مردووم
چونکە بێ دەستم
بێ ڕەگوڕیشە ماوم
بێ چڵ و گەڵا
بەم ڕووە لووس و سافکراوەمەوە
. . .
ڕاست دەکەن
ئەوە نییە هەر ڕێبوارێکی نەناس
(تەنانەت هەندێ جار خەڵکی گەڕەک)
کە بە بەردەممدا تێدەپەڕێ تەماشایەکم دەکات و دەڵێ:
ـ بەخوا کۆنە ئەم دەرگایە!
ـ ئەمە کەی درووستکراوە؟
ـ دەستی ئەو دارتاشە خۆش بێ درووستیکرد
ـ جوان دایتاشیوە ئەو دارە