چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ داستان به‌رزان
ڕوانگه و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر نه‌وه‌ی نوێ
پرسیار: له‌دوای ئه‌ده‌بی ڕوانگه‌وه ڕووناكبیران و نوسه‌رانی كورد چی‌یان به ئه‌ده‌بی كورد به‌خشیوه؟
مێژووی ڕۆشنبیریی ئێمه‌ش وه‌ك مێژووی ڕۆشنبیریی جیهان به‌تاڵ نییه له جوڵانه‌وه و ده‌سته و گروپه ئه‌ده‌بییه‌كان، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێكجار جوڵانه‌وه‌كان كه‌م هێز و به‌رته‌سك بوون و له سنوری شارێك یاخود ناوچه‌یه‌كی دیاری كرا‌و تێپه‌ریان نه‌كردووه، به‌ڵام بوونیان هه‌ر گرنگه و ناكرێت ڕووناكییان نه‌خرێته سه‌ر، ده‌ره‌نجامی یه‌كتر قبوڵنه‌كردن و دژایه‌تیكردنی بێ بنه‌ما و نابه‌رپرسیارانه‌ی ڕۆشنبیرانی ئێمه، هه‌ندێكجار پوكانه‌وه و بێده‌نگبوونی جوڵانه‌وه‌كان ڕوویداوه.
له دونیادا ڕه‌وت و جووڵانه‌وه‌كان ڕێگری و ئاسته‌نگیان هه‌بووه، به‌ڵام دواتر ڕوانینه‌كانیان سنوره‌كانی تێپه‌ڕاِندووه و گه‌یشتۆته ترۆپكی داهێنان، تا ئه‌و ئاسته‌ی كاریگه‌ری له ئه‌ده‌بی جیهان كردووه و بۆته كه‌ره‌سته‌ی خوێندنی ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كان، كه‌چی هیچ كام له جوڵانه‌وه ڕۆشنبیریی و یاخود ئه‌ده‌بییه‌كانی ئێمه وه‌ك پێویست بایه‌خی پێنه‌دراوه، ته‌نانه‌ت له سیستمی ناوه‌نده تایبه‌تمه‌نده‌كانی خوێندنی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیریی خۆشمان‌دا، بۆیه ئه‌مه كێشه‌یه‌كه ده‌بێت به‌ر له زۆر شت قسه و باسی له‌سه‌ر بكرێت.
ئه‌گه‌ر له‌پاش ڕوانگه بدوێین، ئاشكرایه كه گروپی ڕه‌هه‌ندییه‌كان، یه‌ك له جوڵانه‌وه جددی و به‌بایه‌خه‌كانی دونیای ئێمه‌یه، كه له پاش ڕوانگه‌وه خۆیان مانیفێست ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ له ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ئێمه‌دا ڕوو ده‌دات، ئه‌وان توانییان له ڕێگه‌ی كۆڕ و نوسین و خوێندنه‌وه‌كانیانه‌وه تاك كوردی تا ئاستێكی باش له خۆی هۆشیار بكه‌نه‌وه، گۆڤاری (ڕه‌هه‌ند) یه‌ك له‌و گۆڤارانه‌یه له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی ڕۆشنبیریی بووه، ئه‌گه‌رچی ئه‌وانیش ئاسته‌نگ و گرفتیان بۆ دروست بووه، به‌ڵام گوڕ و تینی ئه‌وان بۆ كاركردن له‌وه به‌هێزتربووه كه بوه‌ستن، هه‌ر پاش ڕاپه‌رین هه‌ریه‌ك له گۆڤاره‌كانی (بوون و سه‌راب و گوتار) له ڕیزی ئه‌و گۆڤارانه‌ن كه هه‌ر كامێكیان به نمونه وه‌ربگریت كه‌سانی به توانا و نوسه‌ری باشیان له ده‌وری خۆیان كۆكردۆته‌وه، هه‌ر له هه‌مان كات و یاخود پاشتر جوڵانه‌وه و هه‌وڵی دیكه هه‌بوون، بۆ خۆمانیفێست كردن و هێنانه ئارای دیدگای جیاواز بۆ كایه‌ی ڕۆشنبیریی و ئه‌ده‌بی، له‌وانه تاقمی(وێران)كه ئه‌وانیش له ڕێگه‌ی گۆڤاری (شین)و (وێران)ه‌وه كه‌وتوونه‌ته خۆبه‌یانكردن.
له ئیستاشدا زه‌مینه هه‌یه بۆ دروستبوونی ده‌سته و گروپ، به‌ڵام تاكو ئێستا نه‌توانراوه وه‌ك پێویست ئۆگانیزه‌بكرێت، هێشتا به په‌رش و بڵاوی كار ده‌كرێت، چونكه ناكرێت ئه‌وه له بیر بكه‌ین، كه‌سانێك له ئیستادا ده‌نووسن و كاری باش و جددیش ده‌كه‌ن، ڕۆژێكیش دێت ده‌بێت به بایه‌خه‌وه لێیان بڕوانرێت. ڕه‌نگیشه ڕۆژگاریش وه‌ها بخوازێت كه كۆنه‌بنه‌وه و كاری ده‌سته‌جه‌معی به جۆرێك له جۆره‌كان به‌سه‌رچووبێت، ئه‌مه‌ش هۆكاری زۆرن، له‌وانه بوونی فره‌بینی و جیاوازی و سپه‌یسی زۆر له نێوان بیر و ڕوانینه‌كاندا و…. هتد، هه‌روه‌ها هۆكاره‌كانی بڵاوبوونه‌وه و ته‌كنه‌لۆژیا، كه ئه‌مڕۆ هه‌ر كه‌سێك ده‌توانێت له ماڵی خۆیه‌وه ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی له بیر و بۆچوون بڵاویبكاته‌وه. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ئه‌گه‌ری دروست بوونی گروپ هه‌ر ده‌بێت و ده‌كرێت له ساتێك‌دا چه‌ند كه‌سێك له‌سه‌ر هه‌ندێك شتی وه‌ها كۆكبن كه بكرێت له شێوه‌ی گروپ و ده‌سته و تاقمدا خۆیان به‌یان بكه‌ن.
پرسیار: بۆچی داهێنانه‌كانی ئێمه‌ی كورد، له ئاست داهێنانه‌كانی ئێستای ئه‌ده‌بی دنیا به‌راورد ناكرێت، ئه‌ی چۆن ده‌توانین ژانره گرنگه‌كانی دنیای ئه‌ده‌ب بۆ خوێنه‌ری كورد فراوانتر بكه‌ین؟
پێوه‌رمان چییه بۆ ئه‌وه‌ی داهێنانه‌كانی ئێمه‌ی كورد له ئاست داهێنانه‌كانی ئێستای ئه‌ده‌بی دونیادا به‌راورد ناكرێت؟ جارێ به‌ر له‌وه‌ی وه‌ڵام بده‌ینه‌وه ده‌بێت ئه‌وه بزانین ئه‌ده‌بی ڕاسته‌قینه په‌یوه‌ست نییه به ئێستا و ڕابردووه‌وه، ته‌نیا شتێك واده‌كات پێویست به‌جۆرێك له پۆلێنبه‌ندی بكات له نێوان سه‌رده‌مه جیاوازه‌كاندا، بۆ ئه‌وه‌یه ئاسانتر له ئه‌رك و كاریگه‌ریی و شێوه و ناوه‌ڕۆكی ئه‌ده‌ب تێبگه‌ین له سه‌رده‌مه جیاوازه‌كاندا، ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌ی “مه‌وله‌وی” ڕۆژگارێك گوتویه‌تی هه‌مان ئه‌وه‌یه، كه ئێستا شاعیرێكی تر هه‌وڵی گوتنی ده‌دات، ته‌نیا جیاوازییان، شێوازی گوزارشتكردن و به‌كاربردنی ئه‌و كه‌ره‌سته شیعریانه‌یه، كه هه‌ر سه‌رده‌مێك له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵیده‌گرێت، به‌بۆچوونی من ئه‌ده‌بیات وه‌ك ئه‌وه وایه هه‌مووان به ڕێگایه‌كدا بڕۆین، هه‌مووان كۆمه‌ڵه‌شتێك بێته سه‌ر ڕێگامان، به‌ڵام هه‌ركه‌سه و به شێوازی خۆی بڕوات و هه‌ر كه‌سه‌ش به جۆری خۆی به‌ر شته‌كان بكه‌وێت، له ئه‌نجامدا ئه‌گه‌ر بێت و پرسیارمان ده‌رباره‌ی ڕێگاكه و ئه‌و شتانه لێبكه‌ن كه هاتوونه‌ته سه‌ر ڕێگامان به شێواز و جۆری خۆمان گوزارشتی لێبكه‌ین و به ده‌گمه‌ن دووباره‌بوونه‌وه هه‌بێت له نێوان گوزارشته‌كاندا.
ئێمه نابێت ئه‌ده‌بیاتی خۆمان به هه‌ژار بزانین، بۆ وێنه “مه‌حوی” له جۆری ئه‌و شاعیرانه‌ی ئێمه‌یه كه هه‌ر كاتێك وه‌ربگرێدرێته سه‌ر زمانه جیاوازه‌كانی جیهان، ڕۆڵ و كاریگه‌ریی خۆی ده‌بێت، چونكه شیعری “مه‌حوی” قسه‌كردنه له‌سه‌ر بوونی مرۆڤ و جیهانی ناوه‌وه و باره ڕۆحی و ده‌روونییه جیاوازه‌كانی مرۆڤ، ئه‌مه بۆ زۆرینه‌ی شاعیرانی دیكه‌ی كلاسیكیش ڕاسته، به‌ڵام “مه‌حوی” جیاواز له هه‌موویان پرسیاره گه‌ردوونییه‌كان ده‌وروژێنێت، شیعری ئه‌م پیاوه شیعره بۆ مرۆڤ له هه‌رجێگه‌یه‌ك بێت، لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ئێمه به له‌به‌رچاوگرتنی بار و دۆخی كورد له قۆناغه جۆر به جۆره‌كانی مێژوودا كه‌متر نییه له ئه‌ده‌بی دونیا، ئه‌وه‌ی وایكردووه ئه‌ده‌بی ئێمه به‌شێك نه‌بێت له ئه‌ده‌بی دونیا وه‌رنه‌گێران و كارنه‌كردنه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌ده‌به بناسرێت، چونكه به‌م دواییانه به هۆی وه‌رگێڕانی نمونه‌ی هه‌ندێك له‌و تێكستانه‌ی به جیهانی ناویان ڕۆیشتووه و له دونیادا گرنگی و بایه‌خیان هه‌یه، تێگه‌یشتین كه ئێمه‌ش نوسه‌رمان هه‌یه له‌و ئاسته و بگره زیاتریشدایه، به‌ڵام بێكه‌سی ئه‌ده‌بیاتی ئێمه وایكردووه نه‌بینه به‌شێك له ئه‌ده‌بی دونیا،نمونه‌یه‌كی تر ڕۆمانی “به‌هه‌شتی ئه‌وبه‌ر پرده‌كه”ی “ڕێبوار حه‌مه ڕه‌حیم”ه، كه ساڵانی نه‌وه‌د و حه‌وت و نه‌وه‌د و هه‌شت چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه، كۆی ڕۆمانه‌كه باس له دوو دونیای جیاواز ده‌كات كه كاراكته‌رێك له‌م دونیایه‌وه ده‌چێته دونیایه‌كی تره‌وه، پاشان ململانێكانی مرۆڤی ئه‌و دوو دونیایه ده‌گێڕێته‌وه، ده‌بینین چیرۆكی ئه‌م ڕۆمانه زۆر نزیكه له فیلمی “ئاڤاتار”ه‌وه كه له‌م دوو ساڵه‌ی دوایدا خه‌ڵاتی “ئۆسكار”ی وه‌رگرت، بیهێنه پێش چاوی خۆت، ئایا ئه‌گه‌ر زووتر ئه‌م ڕۆمانه وه‌ربگێڕدرایه‌ته سه‌ر زمانه زیندووه‌كانی جیهان، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و فیلمه نمایش ده‌كرێت و ده‌بێته جێگه‌ی قسه و باسێكی جیهانی، له پاڵ ئه‌وه‌دا باسكردنی ئه‌و لێكچوونه ده‌ستكه‌وتێك نه‌ده‌بوو بۆ ئه‌ده‌بیاتی ئێمه؟ ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین به‌جیهانیكردنی ئه‌ده‌بیاتی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌متر ئه‌ركی ئه‌ده‌یب و ڕۆشنبیرانه، ئه‌وه‌ی ئه‌ركی ئه‌وانه لایه‌نی داهێنانه، ده‌مێنێته‌وه سیاسه‌تی ئه‌و وڵاته، تاچه‌ند كار بۆ بابه‌تێكی وه‌ها ده‌كات، نمونه‌ی ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕۆمان و تێكستانه‌ن كه ڕۆژانه ده‌كرێنه فیلمی گه‌وره له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی گه‌وره‌وه، واده‌كرێت ئێمه لێره‌وه ئاشنایان بین و ناچاربین بیانناسین، كه گومانت له‌وه نه‌بێت سیاسه‌تێك له پشتیانه‌وه كار ده‌كات، سیاسه‌تی ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی كاری بۆ ناساندنی ده‌ره‌وه‌ی ئێمه كردووه بۆ ناوه‌وه‌مان، نیو ئه‌وه‌نده بگره زۆر كه‌متریش كاری نه‌كردووه بۆ ناساندنی ناوه‌وه‌مان به ده‌ره‌وه، ئێمه له ئێستادا نمونه‌ی ئه‌و نوسه‌رانه‌مان هه‌یه كه ئه‌ده‌بێكی گه‌وره پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، ده‌كرێت وه‌ك نمونه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی بناسرێن به جیهان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه نیمانه هه‌وڵی جددییه بۆ وه‌رگێڕان و ناساندنی ئه‌م ئه‌ده‌بیاته، كه‌م ته‌رخه‌می و كه‌م ده‌ستی ئێمه له‌م بواره‌دا گه‌یشتۆته ئاستێك كه ئه‌ده‌بیاتی شارێك ناگاته شارێكی دیكه، ته‌نانه‌ت ململانێی ناشیرین و بێبنه‌ما هه‌یه له نێوان شاره‌كاندا، یه‌كتر به‌نه‌فره‌تكردن گه‌یشتۆته ئاستێك نوسه‌ران و خوێنه‌رانی شارێك كه‌متر نوسین و به‌رهه‌مه‌كانی شاره‌كانی دیكه ده‌خوێننه‌وه، ئه‌گه‌ریش بیخوێننه‌وه كه‌مترین جار قبوڵی ده‌كه‌ن، واته ئه‌ده‌بی ئێمه له سنورێكی زۆر بچوك و دیاریكراودا خول ده‌خوات، ئه‌و سنورداربوونه‌ش په‌یوه‌ست نییه به‌لاوازی و كه‌م توانایی ئه‌ده‌بیاتمانه‌وه، به‌ڵكو وابه‌سته به‌و دیواره ئه‌ستورانه‌ی كه سیاسه‌تی ئه‌م وڵاته به یارمه‌تی هه‌ندێك له ڕۆشنبیران و نوسه‌ران ڕۆژانه خه‌ریكی هه‌ڵچنینییه‌تی، له نێوان شارێك و شارێكی تردا، له نێوان ئێمه و ده‌ره‌وه‌ی ئێمه‌دا، له نێوان نه‌وه و نه‌وه‌یه‌كی تردا، جاری وا هه‌یه له كتێبفرۆشێك بۆ دانه‌یه‌كی تر ناوی نوسه‌ره‌كان ده‌گۆڕێت، واته نوسه‌رێك لای كتێبفرۆشێك نوسه‌ره و بایه‌خ به به‌رهه‌مه‌كانی ده‌درێت، كه‌چی لای دانه‌یه‌كی تر ئه‌سڵه‌ن جێگه‌ی قبوڵ نییه، ئێمه كاره‌كانمان لێ تێكه‌بووه، چێژی تایبه‌تی خۆمان نییه بۆ نوسین، چاوه‌ڕوانی خه‌ڵكانی دیكه‌ین تێكستمان بۆ ده‌ست نیشان بكه‌ن، چاوه‌ڕوانی خه‌ڵكانی ترین، پێمان بڵێن كێ نوسه‌ره و كێ نوسه‌ر نییه، كامه تێكست باشه و كامه خراپ، تۆ سه‌یری ئه‌و شیعره فارسی و توركییانه ….هتد بكه، كه ڕۆژانه وه‌رگێڕه‌كانی ئێمه ده‌یانكه‌نه كوردی، به‌ناوی شیعری هاوچه‌رخ و چی و چییه‌وه بزانه چی له شیعری گه‌نجه‌كانی ئێمه زیاتره؟ به‌ڵام چونكه له بیگانه‌وه‌یه پێمان گرنگه، به كورتی ئه‌ده‌بی ئێمه سنوری شاره‌كان و كتێب فرۆشێك بۆ دانه‌یه‌كی تر نابڕێت، چ جای ئه‌وه‌ی به‌ره‌و جیهانیبوون بڕۆین؟ ئه‌مه‌ش بێگومان په‌یوه‌سته به ده‌زگا و دامه‌زراوه كلتوریی و فه‌رهه‌نگییه‌كانی ئێمه‌وه، كه سیاسه‌تێكی بێ‌باك به‌رامبه‌ر ئه‌ده‌ب به ڕێوه‌یان ده‌بات.
له پاڵ ئه‌مانه‌شدا خوێنه‌رانی ئێمه بڕیاریان داوه كه هه‌ر شتێك بیانی بوو گرنگی و بایه‌خی هه‌بێت، با به‌رهه‌مه‌كه لاوازیش بێت، ئه‌مه له ناو نوسه‌رانیشدا ده‌ردێكه‌و بوونی هه‌یه، كه‌مترین كات نوسه‌رانی ئێمه ده‌توانن یه‌كتر قبوڵ بكه‌ن و دان به داهێنانی یه‌كتریدا بنێن، زۆرجاریش ئه‌گه‌ر بۆیان بكرێت به‌رهه‌می یه‌كتری بچوك ده‌كه‌نه‌وه و بایه‌خی ناهیڵن و ده‌یان ڕێگه ده‌گرنه‌به‌ر بۆ تۆمه‌تباركردنی یه‌كتری به كۆپیكردن و دزیكردن له كاری دیكه، نمونه‌ی ئه‌مه‌ش له ڕابردووی ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا زۆره و به پێویستی نازانم بچینه ورده‌كارییه‌كه‌یه‌وه.
ئا/ ده‌وه‌ن معروف
ئه‌م چاوپێكه‌وتنه به‌رواری 9/12/2012له پشكۆی (ڕوانگه)ی ڕۆژنامه‌ی (كوردستانی نوێ)دا بڵاوبۆته‌وه