خەڵكی كوردستان بێزار و دڵتەنگن .. كەواتە چۆن بەختەوەر بین !؟
توێژەری كۆمەڵایەتی : حەمەی ئەحمەد رەسوڵ…..
ئاشکرایە لاى زۆربەمان و بە حوکمى ئەوەى لە نێو خەڵک و کەسانى تردا دەژین و گوزەران دەکەین رۆژانە چەندەها جار گوێبیستى ئەو رستانە دەبین گوزارشت لەوە دەکەن کە ژیانمان ناخۆشە و ژیان تامى جارانى نەماوە و کەس دڵى خۆش نییە و شێواز و تۆنى سکاڵا و گلەیی و گازەندەکان بێزارى و تووڕەییان پێوە دیارە …!
لەبەر ئەوە وەکو توێژەرو پسپۆرێک لە بوارى زانستى کۆمەڵایەتیدا بەباش و بە پێویستم زانى کە لایەکى گرنگ لەم دیاردە پەرشوبڵاوە بکەمەوە و بە تێروتەسەلى و کەمتازۆر لەتەرزى گۆشەنووسین دەرنەچێت و بەڵام مۆرکى زانست و ئەکادیمییانەى هەبێت. بڕیاریشم داوە لێرەبەدواوە لەو دیاردە کۆمەڵایەتى و دەرونییە نوێ و تازە دەرکەوتووانە بکۆڵمەوە و هۆکارى دەرکەوتن و هەندێ جاریش رێگەچارە ، بۆچوونى خۆمیان دەربارە نوومایش بکەم .!
بە نیسبەت بەختەوەرى و کامەرانى تاکە کەسەوە بەگشتى و چۆن مرۆڤ ئەم حاڵەتە گرنگە موتوربەى ژیانى خۆى دەکات و وەکو قەڵغانێک دژ بەبێزارى و دڵتەنگى بەکارى بێنێ ، زۆرێک لەبیرمەند و فەیلەسوف و ناودارەکان ئەم بابەتە گرنگەیان دەوڵەمەند کردووە ، بەلایانەوە زۆر بایەخدار و بەسوود بووە کە بەڵکە لەژیانى خۆیاندا پیادەى بکەن و لە زۆر هەڵوێست و بارودۆخدا بەرجەستەى بکەن و وەکو چەکێک بەکارى بێنن ، ( رۆسۆ )ى مەزن بیرمەندى جیهانى پێى وابوو ئەودەمە مرۆڤ بەختەوەر دەبێت کە لەناخەوە ئازاد بێت و تواناى هەبێت بەرامبەر بەهۆکارە دەرەکییەکانى کۆمەڵگا بوەستێتەوە ، بەوەى کە بگەڕێتەوە بۆ (سروشتى پاک) ئەودەمەى مرۆڤ بەبێ هیچ دەربەستێ مامەڵە لەگەڵ سروشتدا بکات ، مرۆڤ بەگەڕانەوەى بۆ سروشت دەگاتە خاڵێکى دیاریکراو لەبەختەوەرى رەه و بێسنوور .
هەروەها ( یۆنگ ) دەروونزانى جیهانى لەمبارەیەوە وتویەتى ، ئەو کار و کاردانەوانەى لەژیاندا بەرهەستمان دەکەون ، تامولەزەتێکى کاتیمان پێ دەبەخشن و لەدەرەوەى سنوورى دەرووندا دەبن ، بۆیە بەختەوەرى کاتیمان پێدەبەخشن ، بەڵام ئەو گۆڕانکارییە خۆشانەى ژیان کە لە سەنتەرى دەروونەوە هەڵقوڵێن و بگەڕێنەوە بۆ ناخى دەروون ، ئەوا بەختەوەرى هەمیشە بەمرۆڤ دەبەخشن ! .
( ئێریک فرۆم ) راشکاوانە ئەوە دەردەخات کە : هەمیشە ئەو مرۆڤەى باشە و چاکە هەڵدەبژێرێت هەنگاوێک لەبەختەوەرى نزیک دەبێتەوە و بەپێچەوانەوە ئەو کەسەش کە خراپ و خراپەکارى هەڵدەبژێرێت و بە رەفتار رۆژانە نوومایشى دەکات ، هەنگاوێک و دووان و سییان لە کامەرانى و ئاسوودەیی دوور دەکەوێتەوە ..! ( فێرناندۆ سافاتەر ) بیرمەندى هاوچەرخى ئیسپانیی باس لەوە دەکات کە : چەندە مرۆڤ ئازادبیت و پەروەردەیەکى ئازادانەى هەبێت و لەبنیاتنانى کەسێتى ئەودا رەنگ بداتەوە ، ئەوکەسە زیاتر بەختەوەرە لەچاو ئەو مرۆڤەدا کە پەروەردەیەکى داخراو و چەواشەکار و ستەمکار گۆشیکردبێت ! شاعیرى داهێنەر و نوێخوازى مەکسیکى ، ( ئۆکتافیۆ پاز ) لەمبارەیەوە وتوویەتى : ئەوکەسەى کە لەرەفتار و لەژیانى رۆژانەیدا ئازادانە بژى و بتوانێ لە بڕیارە هەستیارەکاندا هەردوو وشەى (ئا) و (نا) بە متمانە و هێزەوە بڵێت ، بەختەوەر دەبێت لەو کەسەى ئەو دەرفەتەى بۆ هەڵنەکەوتبێ . !
مرۆڤ دەتوانێت بژى و بەختەوەریش بژى بەبێ ئەوەى لەزانستى گەردوون بزانێت ، یان سەبارەت بە کۆمپیوتەر و ئۆتۆمبێل هیچ لێزانینێکى هەبێت ، رەنگە بۆ رابردوو گرفتێک نەبووبێت ، بەڵام لەم سەردەمە جەنجاڵەدا گرنگە مرۆڤ شارەزاییەک و زانیارییەکى سەرەتایی و بەرایی لەبارەى ئەو شتانەوە هەبێت کە بەژیان خۆیەوە بەندن ، بۆ وێنە ئاگر ، گەرمى دەبەخشێ و خواردنى پێ دروستدەکەین ، بەڵام هەندێک جاریش دەسووتێنێ ، ئاو ، تینووێتیمان دەشکێنێ و ئاوەدانى و ژیانمان پێدەبەخشێت ، بەڵام دەشتوانێت بمانخنکێنێ ..! بۆیە جیاکردنەوەى ئەو هۆکارانەى (سپى) لە (رەش) جیادەکەنەوە ، زۆر گرنگ و سوودمەندن کە تەنانەت کەسێکى سادە و نەخوێندەواریش بیزانێت ، لێرەوە دەتوانین سەرچاوەى کامەرانى بەو خاڵە دەستپێکە دەستنیشان بکەین کە لە هێزى هەڵاوێرى و هەڵبژاردندا خەمڵیووە ..! جاران باوو باپیرانمان نەخوێندەوار و سادە و ساکاریش بوون و رێژەیەکى زۆریش بەختەوەر بوون ، ماڵ و حاڵى زۆرسادەبوو ئامێر و کەرەستەکانى سادەتر ، ساتەکانى ئیشکردنى دیاریکراو بووە ، خەوتن و خەوى دیارى کراوبووە ئەرکى سەرشانى و ئیشوکارى بەدەست و بازووى بووە زیاتر لە بەکارهێنانى مێشکى خۆى و ژوورەکانى ژیانى سیخناخ نەکردبوو بە ئامرازە کارەبایی و ئەلیکترۆنییە زۆرەکانى ئەم سەردەمە کەتەنها سەر یەشە و گۆشەگیرى و لەکەسوخزامان دابڕانى پێ بەخشیووە ، پەیوەندى کۆمەڵایەتى مرۆڤى دێرین لەگەڵ منداڵ و دەرودراوسێ و خزمانیدا بەهێزتر و پتەوتربووە لەمرۆڤى
ئەم سەردەمە ، ئەو خانووە قووڕو دارەى باپیرانمان ژینیان تیادا بەسەردەبرد ،
زۆرلە کۆشکە مەڕمەڕى و تەلارە بریقەدارەکانى ئەم رۆژگارە زیاتر ئاسوودەیی و بەختەوەرى بەهزر و ناخى مرۆڤ بەخشیبوو چونکە ئەو خانووە قووڕە سادەیە گرفت و کێشەى کرێی بەرزى مانگانەى بۆ نیشتەجێکەى دروست نەکردبوو ، لە کوونى ژوورەوە زیندان و گۆشەگیرى نەکردبوو بەدیار تەلەفزیۆن و سەتەلایتەوە یان ئامێرى مۆباییلەوە سەرقاڵى نەکردبوو ، بەدیار کۆمپیوتەرەوە چەندەها کاتژمێر کۆت و بەندى نەکردبوو کەلاڵ و بێزمان لەگەڵ کەسانى ناوخێزانەکەى خۆشیدا دەستە و یەخەى بکات … بەپێچەوانەوە مرۆڤى پێشینى ئەم کۆمەڵ و کۆمەڵگایەى ئێمە تەنه و گۆشەگیر نەبوو لەکوونى ژوورەوە ، پەیوەندى لەگەڵ دەرودراوسێ و ئەندامانى خێزانەکەیدا بەهێز و پتەو و پڕ کامەرانى بوو بۆیە وەکو هۆکارێکى بەختەوەربوون و خەسڵەتى هەرە گرنگ و دیارى مرۆڤیش (پەیوەندى کۆمەڵایەتى) و پێکەوە ژیانى تاکەکەس لەگەڵ کۆمەڵدا بایەخێکى گرنگ و ئەوتۆى هەیە لەوەدەستهێنانى بەختەوەریدا ، مرۆڤ لەئەنجامى پەیوەندى لەگەڵ مرۆڤەکانى دیکەدا هزر و بیرکردنەوە و ئاراستەکانى هیواو خەونى خۆى دەدۆزێتەوە و بەوەش چاوێکى لاى ئاسۆى ئایندەى خۆیەتى و ئەمڕۆکە ئیشى بۆ دەکات ، ئەو ئیشکردن و کۆشش و هەوڵە ، لە گۆشەگیرى و تەنیایی و تەمەڵى و بێکارى رزگارى دەکات کە یەکەمین هەنگاوە بۆ شکاندنى یەکەمین پەڵەى رەشییە لە هزر و دەروونى مرۆڤدا .. ئیدى هەوڵدەدەین بە درێژى لە هۆکارە گرنگەکانى بەختەوەرى و کامەرانبوونى مرۆڤ بکۆڵینەوە .
( بارۆخ سپینۆزا ) ى هەرە مەزنە فەیلەسوفى ئازادى و هەقبێژى وتوویەتى : "مرۆڤى ئازاد هەمیشە بیر لەژیان دەکاتەوە ، کەمتر بیر لەمەرگ دەکاتەوە، ژیرێتییەکەى ئاوێتەى بیرکردنەوەیە لەژیان نەک لەمەرگ " لەکتێبی (Die Ethik/ئاکارناسى)ەوە .. لەم گوزارشتە گرنگەوە بێنە ناو باسەکەمانەوە و شرۆڤەى دوو چەمکى گرنگ بکەین کەسەد دەر سەد پەیوەندییان بە بەختەوەرى و کامەرانبوونى مرۆڤەوە هەیە ، کە بریتین لە (ئازادى –ژیان). مرۆڤى ئازاد دەژى و مرۆڤى کۆیلە مردووە، مرۆڤى ئازاد بەو مانایەی کە ویست و ئیرادەی هەیە و دەتوانێت بڕیار بدات، دەتوانێت ئازادانە شێوازى ژیان و بەرنامەکانى خۆى هەڵبژێرێت ، بۆیە لەکۆمەڵگەى کوردیدا تاکى کورد کەمتر ئازادە و پابەندە بەنەریت و نۆرمى کۆمەڵایەتى و ئاینى و کەلتوورى خێزان و خێڵەوە ، کەمتر ئازادە لە وردەکارییەکانى ژیانیدا ، لەپرۆسەى هاوسەرگیرییەکەیدا لێرە و لەوێوە لووتى تێدەژەنن و نایەڵن خۆى ئازادانە بڕیاربدات ، لە هاتووچۆیدا ئازادنییە ، لەهەڵبژاردنى شار یان گونددا ئازاد نییە، لەخوێندن و هەڵبژاردنى ئەو کایە مەعریفیی و فێربوونەى دەیخوازێت ئازاد نییە، کە لەم بارودۆخەشدا زیاتر رەگەزى مێ کۆیلە ترە و کۆتى دەستى پیاو و داب ونەریتى کۆمەڵگەشە ،
بێگومان سەپاندنى شێوازى ژیان و جێبەجێکردنى فەرمانەکانى سەرەوە چەپاندن و دووبارەبوونەوەى بژێوى و ژیان دەستەبەر دەکات ، لەدەستدانى خولی و ئاوات و خەونەکانى مرۆڤ دەگەیەنێت … بێزارى و وەڕسبوون دروست دەکات.. هەلى کەمتر بۆ بەختەوەرى دەڕەخسێنى ، خەمۆکى و دڵتەنگى و زەبرى دەروونى دروست دەکات .. ئەمەش یەکێکە لەهۆکارەکانى بێزارى و بێتامى ژیان تاکى کورد بەگشتى و گەنج و ژنى کورد بەتایبەتى لەبەر ئەمەیە و (هۆکارى دیکەش) کەساڵانە رێژەیەکى زۆر لەکچ و ژن و گەنجى کورد خۆیان دەسووتێنن یان خۆیان دەکوژن.. یان بەدەست نەخۆشى دەروونى و عەقڵییەوە دەناڵێنن و ژیان لەخۆیان و خێزانەکەیان دەکەن بەدۆزەخ .
هۆکارێکى دیکەى بەختەوەربوونى مرۆڤ لەخێزان و پەروەردەى کۆمەڵایەتیەوە سەرچاوە دەگرێت ، پەروەردەى دروست و راست ، هزرو بیرکردنەوە و رەفتار و دەروونى تەندروست فەراهەمدەکات ، سروشت و مۆرکى کەسێتى (ئەندامى ئەم خێزانە) چاکە کردن و چاکە خوازى و جوان رەفتارییە ، لەخراپەکارى زیاتر دوور دەکەوێتەوە ،بەڵام پەروەردەى چەواشە و نادەربەست و ستەمکارانە ، مرۆڤێکى توندڕەو و نادەربەست و خۆپەرست و بەتاڵ لە متمانە و خولیا دەڕەخسێنێ ، ئەندامانى ئەم خێزانە توند و تیژى پیادە دەکەن و نرخى مرۆڤیان لەلانزمە و جیاکارى رەگەزیی جێبەجێ دەکەن … هەمیشە بەجنێو و لێدان لەگەڵ بەرامبەرەکەیان رەفتار دەکەن ، هەموو رەفتارێکیان لە خزمەتى ئاژاوەگێڕى و شەڕانگێزیدایە ،ئەم خێزانە هەرگیز بەختەوەرى و ئاسوودەیی تیایدا بەدیناکرێت …!
لێرەوە هۆکارێکى ترى بەختەوەربوونی مرۆڤمان بۆ دەردەکەوێ کەئەویش خۆى لەبەرز راگرتنى بەهاو نرخى مرۆڤدا دەبینێتەوە ،بەو واتایەى کە مرۆڤ بەڕێزە و مەبەست و ئامانجە ، تۆى پیاو تەماشا بکە ، کاتێک کە ژنەکەت یان خوشکەکەت وەکو (کەرەستەیەک یان پارچەیەکى جوان ، یان ئامرازێک ،یان هۆیەک بۆ بەرژەوەندى و مەبەستێک بەکار دێنیت) چەند بێزار دەبێت و گلەیی و گازەندەت ئاراستە دەکات ..! کەواتە لەو کۆمەڵگایانەدا کە بەهاى مرۆڤ و رێزى مرۆڤ کەمتر بۆتەوە لە کاڵ و کەرەستە ئاساییەکان ، کاتێک ئەم مرۆڤە مەزنە پەراوێز دەکرێت و خزمەتگوزارییە پێویستەکانى بۆ دابین ناکرێت، کاتێک گوێی لێڕاناگیرێت ، کاتێک هزر و ئەقڵ و پڕۆژە و پرۆگرامەکانى بەهێند وەرناگیرێت و پشتگوێ دەخرێت چونکە مرۆڤ نەبووە بە (ئامانج و مەبەست) .. بێگومان بە ، کە ئەم مرۆڤە لە پاشاگەردانى و تووڕەیی و بێزارى و پاشان زەبرى دەروونیدا دەژى و رەگەزەکانی بەختەوەرى و کامەرانى لەدەستدەدات ، هەر بەم پێودانگەش دەتوانین بڵێین ئەو مرۆڤەى کە بەختەوەرە و هەست دەکات مافەکانى دابینکراون ، خۆى هەست بەئەرکى سەرشانى و پابەندى و ئیلتیزامى خۆى دەکات بەرامبەر بەنیشتمانەکەى ، زیاتر پابەند دەبێت بەیاساوە ، کارەکانى بەدڵسۆزى رادەپەڕێنێ و کەمتر بیر لەدزى و بەرتیل و داوێن پیسی و گەندەڵى دەکاتەوە .. (لەم رووەوە خۆت بەراوردى ئەو مرۆڤە کوردە بکە کەلێرە دەژى و کاردەکات لەگەڵ ئەو مرۆڤە کوردەدا کە دەچێتە هەندەران و لەوێ مافى پەنابەرى وەردەگرێ و ژیانى مەیسەر دەبێ و بۆ خۆى بەختەوەر دەژى ..! )
لە مێژە کورد پەندى خۆى دەربارەى ژیان و مرۆڤ خستۆتە سەر فەرهەنگى کەلتوور و زانین ، سەبارەت بەم باسەى ئەمجارەمان وتویەتى : شەڕ لەبەتاڵى باشترە ،شەڕ بەماناى بەتاڵکردنەوەى بێزارى و بێتاقەتى دێت ، لەدەست حاڵەتێک کە تەواو پشێوى دەروونى دروست کردبێت، بەتاڵى بەو واتایەى بێکار و دەستبەتاڵ بیت و هۆکارێک بێت بۆ چەقین و سستبوونى بزاڤ و چالاکى مرۆڤ ،ئەو کەسەى کە کار ناکات و زۆربەى کاتەکانی رۆژگارى بەدەستبەتاڵى و دووبارەبوونەوە و لاوازى و هەڵنەسووڕان دەباتە سەر، ئەوەندەى کات لەبەردەستایە کە هەمیشە لەرەوش و لە حاڵى خۆى بیر بکاتەوە و خۆى بخواتەوە ، دەق دەگرێت بە تەمبەڵى و بەیەک شێوازییەوە ، هەر گۆڕان و شوێن گۆڕینێ بێزارى دەکات و فشار و زەبرى دەروونى شاڵاوى بۆ دەبات … بەڵام ئەوکەسەى کە کاردەکات سەرقاڵە و کاتى نییە خۆى بخواتەوە و ئەوەندە بیرى نێگەتیڤانە لەژیانى خۆى بکاتەوە … کارکردنەکەى بۆتە پاڵنەرێک بۆ لەناوبردنى فشارى دەرونى کە بێزارى و خەمۆکى بۆ فەراهەمدەکات .. داهاتە ئابوورییەکەى کەموکوڕى کێماسییەکانی بۆ پڕدەکاتەوە …
بەمەشدا ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە هۆکارێکى دیکەى بێزاربوون و مەیسەرنەبوونى بەختەوەرى ، هۆکارى ئابوورییە … هەژار و کەمدەرامەت بێزار و تووڕەتر و بێتاقەتترە بەدەست دژوارى و سەختى بژێوى ژیانەوە ، هەژار لە بەرنامەیدا نییە سنوور بۆ منداڵبوونیشى دابنێ ، لەبەرئەوە خێزانە کەم دەرامەتەکان رەشە خێزانن و کۆشێ مناڵیان هەیە ، مەیسەرکردن و دابینکردنى پێداویستیەکانى ئەم کۆشە منداڵەش پارە و دەرامەتى زۆر دەخوازێت کە بێگومان نییانە ، ئەم نەبوونییەش ئاسوودەیی و بەختەوەرى قڵپ دەکاتەوە و لە ئاژاوە و بێزارى و دڵتەنگى و خەمگینى هەمیشەییدا ، کولەمەرگى و مەمرە و مەژى دەگوزەرێن … بۆیە لەم رووەوە خێزانى دەوڵەمەند لە خێزانى هەژار بەختەوەرترن ، کە ئەمەش هۆکارێکى دیکەیە بۆ بەختەوەرنەبوونى تاکى کورد ، لەبەر ئەوەى کۆمەڵگاى کوردى سیخناخە بەخێزانى هەژار و نەدار کەهەر لەشەفەقەوە تا ئەودیوى خۆرئاوابوون بگرە شەوانیش بەدواى پارووە نانى گەرمەوە لەماراسۆن و راکردندان و هەر هەناسە ساردییان بۆ دەمێنێتەوە، بۆیە خەمۆکى و دڵتەنگى و بێزارى و تووڕەیی باڵى تاریکى بێکۆتایی بەسەر کوردستاندا پەرشوبڵ و کردۆتەوە و نوزەى بەختەوەرى و کامەرانیی لێبڕیوە و دەسەڵاتى دەوڵەمەند و ملیاردێرى کوردیش لەپشت مێزە بریقەدارەکەیەوە چاوى زیت و گەشى پڕ پێکەنین و تەنز ئامێزى تێبڕیووە و دەنگى لێوەنایەت !
کوردیش راستى فەرمووە : تێر ئاگاى لەبرسى نییە .!
hemea.rasoel961@ yahoo.com