Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
من پاڵه‌وانی هه‌ره‌سم …. له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

من پاڵه‌وانی هه‌ره‌سم …. له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

Closed
by December 17, 2012 ئەدەب

 

 

 

 

 

مێژوم سه‌ركرده‌ی دۆڕاوه‌

مێژوم پڕه‌ له‌ چیرۆكی تێكشكانی ئه‌و خه‌ونانه‌ی نه‌هاتنه‌ دی

پڕه‌ له‌ فڕینی ئه‌و مه‌لانه‌یبه‌ر له‌وه‌رزی هاتن رۆیشتن

ئه‌وباخانه‌ی خۆمان ناوی مه‌رگمان لێنان

سه‌ركرده‌یه‌كم نیه‌ گه‌یشتبێته‌ ئه‌و به‌ری روباره‌كه‌

سه‌ركرده‌یه‌كم نیه‌ به‌ر له‌هاتنی دوژمن هه‌ڵنه‌هاتبێت

سه‌ركرده‌یه‌كم نیه‌ به‌خوێنی خۆی بونی به‌خشیبێ‌ به‌ژیان

كه‌شتیه‌كم نیه‌ بۆ تێپه‌ڕینبه‌ نێو دۆزه‌خا

كه‌شتیه‌كم نیه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ به‌هه‌شت

كه‌شتیه‌كم نیه‌ بۆ هه‌ڵكردنی ئاڵا

گۆرانیه‌كم نیه‌ بۆ ووتن

گۆرانیه‌كم نیه‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌

گۆرانیه‌كم نیه‌ بۆ به‌رده‌وامی

مێژوم پڕه‌ له‌ سواری بێچه‌كی دوای هه‌ره‌س

پڕه‌ له‌ ماچی نه‌گه‌یشتوو به‌لێو

پڕه‌ له‌ درۆی سیاسیه‌كانی خاك به‌خشین

وڵات به‌خشین ومرۆڤ به‌خشین

پڕه‌ له‌ رۆمانی ئه‌تك

پڕه‌ له‌شكست وهه‌ڵنه‌سانه‌وه‌

پڕه‌ له‌ لاوانه‌وه‌ی ئه‌و دایكانه‌ی رۆڵه‌كانیان نه‌گه‌ڕانه‌وه‌

ئه‌و باوكانه‌ی به‌سه‌ربه‌رماڵی چاوه‌ڕوانیه‌وه‌ مردن

ئه‌و خوشكانه‌ی فرمێسك هیوایه‌كی پێنه‌به‌خشین

ئه‌و گوڵانه‌ی پێش هه‌ناسه‌دان وه‌رین

مێژوم

ده‌ستێكی نیه‌ بۆ گرتنی ده‌ستێكی تر

ده‌ستێكی نیه‌ بۆنووسینی ئازادی 

ده‌ستێكی نیه‌ بۆ نیشاندانی سه‌ركه‌وتن

دڵێكی نیه‌ هه‌تاهه‌تایه‌ لێبدات

دڵێكی نیه‌ بۆ جێكردنه‌وه‌ی هه‌موومان

دڵێكی نیه‌ بۆ ده‌رچون له‌دوێنێ‌

چاوێكی نیه‌ بۆ بینینی سبه‌ی

چاوێكی نیه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئاینده‌

چاوێكی نیه‌ بۆ به‌رگرتن له‌ شكست

پڕه‌ له‌ چاوی زه‌قی بێمانا

ده‌ستی دزی نیشتمان

دڵی ترسنۆكی هه‌ره‌س

مێژوم پڕه‌ له‌تێكدانی یاده‌وه‌ری

له‌ تێكدانی په‌یوه‌ندی نێوان گوڵ و باخچه‌

له‌ تێكدانی ئه‌و به‌رده‌ بازانه‌ی ده‌مانبه‌نه‌ئه‌و به‌ری روباره‌كه‌وه‌

له‌ تێكدانی خه‌ونی ئه‌و شاعیرانه‌ی

ده‌ستیان له‌ملی سه‌ربه‌ستیدا بوو

ئه‌وشاعیرانه‌ی ترنا 

ئه‌وانه‌ی

گه‌لیان نارده‌ راپه‌ڕین وخۆیان دوردور

سه‌یریان ده‌كرد

ئه‌وانی هه‌میشه‌ به‌ده‌م سه‌ركرده‌كانه‌وه‌

سه‌ركرده‌كانی شكسته‌وه‌

پێده‌خه‌نن

مێژوم هێنده‌ی مستێ‌ مێوژی زۆراب

چێژی پێنه‌به‌خشیوم

تا بڵێم هه‌م

مێژوم له‌به‌رده‌م مام زۆرابه‌كه‌ی باڵدارا

بیرله‌وه‌ده‌كاته‌وه‌داخوا له‌م سه‌ر زه‌مینه‌ سه‌ركرده‌ سه‌وز بێت

له‌م مێژوه‌ ئه‌تك كراوه‌داسه‌ركرده‌یه‌كم نه‌دی رانه‌كا

گاندیه‌كم نه‌بوو بۆ به‌رگری

ماندێلایه‌كم نه‌بوو بۆ ژیان

له‌م مێژوه‌ ئه‌تك كراوه‌دا

هه‌میشه‌ راكردن وراكردن وراكردن

له‌م مێژوه‌ ئه‌تك كراوه‌دا

رێیه‌كم نه‌دۆزیه‌وه‌بۆ بوون

رێیه‌كم نه‌دۆزیه‌وه‌بۆسه‌ربه‌ستی

رێیه‌كم نه‌دۆزیه‌وه‌بۆ به‌رده‌وامی

سوارێكم نه‌دۆزیه‌وه‌بۆ نه‌گلان

سوارێكم نه‌دۆزیه‌وه‌بۆ په‌ڕینه‌وه‌

سوارێكم نه‌دۆزیه‌وه‌بۆ گه‌یشتن به‌ رووناكی

چرایه‌كم نه‌دۆزیه‌وه‌بۆ تێكشكاندنی تاریكی

چرایه‌كم نه‌دۆزیه‌وه‌بۆ بینینی ئه‌و به‌ری روباره‌كه‌

چرایه‌كم نه‌دۆزیه‌وه‌بۆنووسینه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریه‌كان

هه‌میشه‌ راكردن وراكردن وراكردن

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئێمه‌ هه‌ین و به‌شێكین لێره‌ له‌ ئێستا 

لێره‌ له‌ نێو ئه‌م بوونه‌دا

                                                                           گوڵانی 2010

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.