ئایا گه‌زیزه شانۆكه‌ی وه‌ك قه‌قنه‌س سوتاند؟
ئه‌بێ بپرسین چ جیاوازییه‌ك هه‌بوو له نێوان (وه‌ك قه‌قنه‌س ده‌سوتێم)ی گه‌زیزه عومه‌ر و (گۆرانی چایكا)ی ئه‌نتوان چیخۆف؟
گۆرانی چایكا یاخود گۆرانی ماڵئاوایی ده‌قێكی مۆنۆدرامای ئه‌نتوان چیخۆفه و ته‌واوی ڕووداوه‌كانی له ده‌وری(ڤاسیلی) ئه‌كته‌رێكی(پیاو)ی به‌ساڵاچوی شانۆدا ده‌سوڕێته‌وه كه ته‌واوی ته‌مه‌نی له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و بۆ خزمه‌تی شانۆ ته‌رخان كردووه و له دوا دواییهكانی ته‌مه‌نیشدا هه‌ست به شكست و دۆڕان ده‌كات به‌وه‌ی كه له پای ئه‌و هه‌موو خزمه‌ته‌ی پێشكه‌شی كردووه هه‌میشه بینه‌ران له دوای ته‌واو بوونی هه‌ر نمایشێك جگه له چه‌پڵه‌ڕێزان و گوڵبارانكردنی، هیچ شتێكی تریان پێی نه‌به‌خشیووه، به مانایه‌كی تر ئه‌م ئه‌كته‌ره هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی به‌شانۆ به‌خشیووه بۆ ساته خۆشه‌كانی بینه‌ران و چێژوه‌رگرتنیان له نواندنه‌كانی ئه‌م، به‌ڵام دواجاری هیچ كامێك له‌و بینه‌رانه‌ی كه گۆلبارانیان كردوه ئاماده نه‌بوونه وه‌كو مرۆڤێكی ئاسایی بۆ ئه‌م ئه‌كته‌ره بڕوانن و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.”ڤاسیلی: به‌ڵام هیچ كه‌سێكیان ئاماده‌نه‌بوون كچێك یان خوشكێكی خۆیان بكه‌نه هاوسه‌رم……..”.
به‌شێكی تری ده‌قه‌كه‌ی چیخۆف باس له ژیانی ئه‌كته‌ره‌كه ده‌كات كه له ناو هۆڵی شانۆدا ده‌یگوزه‌رێنێت و ئه‌م حاڵه‌ته‌ش توشی كێشه‌ی به‌رده‌وامی ده‌كات له‌گه‌ڵ (ئیكۆرگا و پیترۆشكا) كه ئه‌م دووانه هه‌میشه توشی سه‌رئێشه‌ی ده‌كه‌ن و هێنده‌ی تر ئازاره‌كانی زیاد ده‌كه‌ن.
له پاڕتێكی تری تێكسته‌كه‌شدا (ڤاسیلی) ئه‌و دیمه‌نانه نمایش ده‌كاته‌وه كه ڕۆژانێك له ڕێی نواندنیانهوه هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ته‌خته‌یه بینه‌رانی پێی سه‌رسام كردووه ئه‌وانیش دیمه‌نه‌كانی (هاملێت و شالیر و ئۆتێلۆ)ن. دواتریش هه‌ر خۆی پێكه‌نینی به خۆی و پیشه‌كه‌ی دێت.
شانۆیی (وه‌ك قه‌قنه‌س ده‌سوتێم)ی گه‌زیزه عومه‌ریش سه‌رگوزشته‌ی ژنه ئه‌كته‌رێكی شانۆیی ده‌گێرێته‌وه كه له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ گوێبیستی مشتومڕی نێوان ئه‌و و كادرانی پشت كه‌والیس ده‌بین ئه‌و مشتومڕهش جارێك له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ر و جارێك له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكاری ڕووناكیدایه هه‌مان حاڵه‌تی (ڤاسیلی) دوباره ده‌بێته‌وه له مشتومڕهكهیدا له‌گه‌ڵ ئیكورگا و پیترۆشكا. له درێژه‌ی نمایشه‌كه‌دا ئه‌كته‌ری نمایشه‌كه‌ی گه‌زیزه هاوشێوه‌ی (ڤاسیلی)ی چیخۆف ده‌ست ده‌كات به نمایشكردنه‌وه‌ی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی كه ڕۆژانێك به‌ر له ئێستا له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ بینه‌رانی پێیان سه‌رسام كردووه له دواجاریشدا ده‌داته قاقای پێكه‌نین وه‌ك گاڵته كردنێك به‌و مێژووه‌ی خۆی كه ئه‌میشیان نزیكیه‌كی زۆری هه‌یه له‌گه‌ڵ دیمه‌نه‌كانی هاملێت و شالیری شكسپیر كاتێ ڤاسیلی نمایشیان ده‌كاته‌وه.
چیخۆف له زمانی كارهكتهرهكهیهوه به درێژایی نمایشه‌كه باس له بێئه‌مه‌كی و به‌رژه‌وه‌ندخوازیی بینه‌ران ده‌كات به‌رامبه‌ر ئه‌كته‌ره‌كه‌ی، گه‌زیزه‌ش له سه‌رتاپای نمایشی (وه‌ك قه‌قنه‌س ده‌سوتێم) جه‌خت له‌سه‌ر هه‌مان حاڵه‌ت ده‌كاته‌وه به‌ڵام حاڵه‌ته‌كه لای گه‌زیزه به جۆرێكی تر ده‌گۆڕێ به‌وه‌ی كه ئه‌م به شێوه‌یه‌كی گشتگیر باس له بینه‌ر ناكات به‌ڵكو باس له ته‌نها یه‌ك بینه‌رێك ده‌كات كه ئه‌ویش (خۆشه‌ویست)ی ئهكتهرهكهیه. كۆی باس كردنه‌كه‌ش له چه‌ند گۆشه‌یه‌كی پوختدا دیاریده‌كرێت، ئه‌وانیش به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی پیشه‌ی ئه‌كته‌ریی له‌لایه‌ن خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌وه بۆیه ئاماده‌ی نمایشه‌كانی نابێت، یاخود گرنگیدان و خۆشه‌ویستنی ئه‌كته‌ره‌كه له لایه‌ن خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌وه بۆ مه‌به‌ستێكی تایبه‌ت و شه‌خسی كه دواجار وا له ئه‌كته‌ره‌كه ده‌كات بێته نێو بینه‌ر و پرسیار له نیازپاكی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی بكات كه ئایا ئه‌وی بۆ چی و بۆ چ مه‌به‌ستێك ده‌وێت و له پرسیاركردنیش به‌ده‌وام ده‌بێ و بۆچوونی به‌شێك له ئاماده‌بووانی نمایشه‌كه وه‌ردرگرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی كه بۆچوونی كه‌سیان راست ده‌ربچێت و ئه‌كته‌ره‌كه بگه‌یه‌نێته ئه‌و بڕوایه‌ی كه ئایا خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ئه‌وی بۆ چی ده‌وێت. دیاره ئه‌مه‌ش وا دێته پێش چاو كه به هه‌ند وه‌رنه‌گرتنه‌ی بۆچوونی ئاماده‌بووان كارێكی پێشوه‌خت بریار لێدراو بێت و ته‌نها وه‌كو ته‌كنیكێكی نواندن بێت، ئه‌گینا ناكرێ هه‌موو بۆچونه‌كان هه‌ڵه‌بن و ئه‌كته‌ره‌كه به هیچیان رازی نه‌بێت تا له كۆتاییدا خۆی ئاشكرای ده‌كات كه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی بۆچی ئه‌می ویستووه.
ئێستا دوای خستنه‌ڕووی پوخته‌ی ده‌قه‌كه‌ی ئه‌نتوان چیخۆفی ڕووسی با به‌راووردێك له نێوان ئه‌م تێكسته و شانۆیی (وه‌ك قه‌قنه‌س ده‌سوتێم)ی گه‌زیزه عومه‌ر بكه‌ین و خاڵه جیاوازه‌كان بدۆزینه‌وه. گرنكترین خاڵی جیاكاری گه‌زیزه له‌گه‌ڵ چیخۆفدا گۆڕینی كاره‌كته‌ره‌كه‌یه له كاره‌كته‌رێكی پیاوه‌وه بۆ كاره‌كته‌رێكی ژن، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه په‌یوه‌ندی به‌و گوتاره فیمینیزمییهوه هه‌بێت كه ته‌واوی شانۆی گه‌زیزه عومه‌ری له‌سه‌ر بنیات نراوه و ده‌یه‌وێت شانۆكه‌ی شانۆیه‌كی ژنانه بێت و تێیدا ئازاره‌كانی ژن ته‌رح بكات، هه‌ر له گۆڕینی ڕه‌گه‌زی كارهكتهریشهوه چه‌ند جیاوازییه‌كی تر وه‌ك حه‌تمیه‌ت خۆیان فه‌رز ده‌كه‌ن ئه‌ویش به هۆی گۆڕینی ڕهگهزهكهوهیه بۆ نمونه ڕوانینی بینه‌ران بۆ ئه‌كته‌ره‌كه وه‌ك كاڵایه‌كی مادی و ڕوانێكی ته‌جرید كه ته‌نها له جه‌سته‌دا چڕ ده‌بێته‌وه، یان خه‌م و ئازاره‌كانی ئه‌كته‌ری ژن له ساته‌كانی نێو هۆڵدا له كاتی پرۆڤه یان پێش و دوای نمایش كه هه‌ڵبه‌ته جیاوازتره له موعاناتی ئه‌كته‌ری پیاو.
ده‌قئاوێزان كردن له نێوان وه‌ك قه‌قنه‌س ده‌سوتێم و گۆرانی چایكا ئه‌زمونێكی جیاواز بوو له لایه‌ن گه‌زیزه عومه‌ره‌وه ئه‌نجامدرا، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا ده‌رهێنه‌ر خۆی چ وه‌ڵام و ته‌بریرێكی هه‌یه بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه؟یاخود ئایا ئه‌سڵه‌ن ئه‌و دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه (گۆرانی چایكا) سه‌رچاوه‌ی ده‌قی (وه‌ك قه‌قنه‌س ده‌سوتێم)ه؟ئه‌گه‌ر نیه‌تی ئه‌و دانپێدانانه‌ی هه‌بێ بۆچی له په‌راوێزی نمایشه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێی نه‌داوه؟! یاخود بۆچی هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ئیشی له تێكسته‌كه‌ی چیخۆفدا نه‌كرد؟خۆ ئه‌كرا هه‌ر هه‌مان ده‌ق بێت به‌ڵام ڕه‌گه‌زی كاره‌كته‌ره‌كه بگۆڕێت بۆ ڕه‌گه‌زی مێ به‌و پێیه‌ی شانۆكه‌ی ئه‌و واده‌خوازێت.به‌ڵام ئه‌كرێ ئه‌م گریمانه و پێشنیاره‌ی ئێمه بایه‌خێكی ئه‌وتۆی نه‌بێ به‌و پێییه‌ی هه‌میشه گه‌زیزه عومه‌ر له به‌رهه‌مه‌كانیدا وه‌كو(ده‌رهێنه‌ر و نوسه‌ری ده‌ق) ناسراوه، به مانایه‌كی تر ره‌نگه ته‌نها گه‌زیزه خۆی بزانێت كه گه‌زیزه‌ی ده‌رهێنه‌ر چ جۆره ده‌قێكی ده‌وێت بۆ ئیشكردن!
نادیاری زه‌مه‌نی كاره‌كته‌ر و زه‌مه‌نی نمایش
به ده‌ركه‌وتنی ئه‌كته‌رێكی پیر و ده‌نگ نزمی بێ‌توانا ده‌سپێكی نمایش ڕاده‌گه‌یه‌نرێ، دوای ووتنی چه‌ند حیوارێك به‌و شێوه‌یه ئیتر نواندن ده‌چێته ئاستێكی تر، واتا دابڕانێكی ڕیشه‌یی ڕووده‌دات به‌وه‌ی كه ڕوونده‌بێته‌وه ئه‌و ده‌ركه‌وتنه‌ی سه‌ره‌تا نواندنه‌وه‌ی دیمه‌نێكه له نمایشه‌كانی پێشووی ئه‌كته‌ره‌كه، ئه‌م حاڵه‌تی به به‌رده‌وامی له نمایشه‌كه‌دا دووباره ده‌بێته‌وه ئه‌مه‌ش وا له بینه‌ر ده‌كات كه زه‌مه‌نی ئێستا و ڕابردووی ئه‌كته‌ر و ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی كه نمایشی تێدا ده‌كرێ تا ڕاده‌یه‌ك ئاڵۆز وه‌ربگرێت و توشی شهڵهژانێكی زهنی بێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه ناچێته ئه‌و قاڵبه‌وه كه ده‌رهێنه‌ر به مه‌به‌سته‌وه كاری له‌سه‌ر تێكشكاندنی زه‌مه‌نی نمایش كردبێت دووباره زه‌مه‌نێكی جیاوازتر بخوڵقێنێته‌وه چونكه له وه‌ها حاڵه‌تێكدا بینه‌ر توشی ئه‌و شڵه‌ژانه نابێت و پلانه داڕێژراوه‌كانی ده‌رهێنه‌ر ده‌بنه ده‌لیلی رێكخستنه‌وه‌ی بینینی بینه‌ر، به‌ڵكو ئه‌مه چاره‌سه‌ر نه‌كردن و جیانه‌كردنه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كانه كه به‌سه‌ر ئهكتهردا تێده‌په‌رێت و ده‌رهێنه‌ریش به‌رپرسی یه‌كه‌می دروستبوونی ئه‌و دۆخه‌یه. بۆیه نه‌ده‌كرا ئه‌و حاڵه‌ته به‌سه‌ر شانۆكارێكی وه‌كو گه‌زیزه‌دا تێپه‌رێت كه ساڵانێكه شێواز و ڕێچكه‌یه‌كی تایبه‌ت به خۆی دۆزیوه‌ته‌وه له ئیشكردنیدا له‌نێو شانۆدا.
تهوزیفكردنهوهی پێدراوه‌كانی سه‌ر شانۆ
جۆزیف شاینا ده‌لێ “ئیشی ئه‌كته‌ر گۆرینی ته‌نه ئاسایی و سواوه‌كانی سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆیه بۆ ته‌نی جیاواز و كه‌شف نه‌كراو، بۆ نمونه ئه‌شێ ئه‌و كورسییه‌ی كه ڕۆژانه بۆ دانیشتن به‌كاریدێنین له شانۆدا چه‌ندین وه‌زیفه و ده‌لاله‌تی جیاوازی پیببهخشین، وه‌ك زیندان یان كۆشك یان هه‌ر شتێك كه بمانه‌وێ به‌كاریبهێنینه‌وه. یاخود پێڵاو كه له ژیانی ئاسایی‌دا بۆ جوانكاری و پاراستنی پێیه‌كانمان بهكاردێنین ئه‌شێ له پرۆسه‌یه‌كی شانۆییدا ته‌واو خاڵی بكه‌ینه‌وه له‌و وه‌زیفه سواوه‌ی كه له ژیاندا پێی دراوه”(1) ئه‌گه‌ر بێئه‌مه‌كی نه‌بێ دیوی ناوه‌وه‌ی ئه‌م ڕسته‌یه به‌شێوه‌یه‌كی زۆر پشتگوێ خرابوو له شانۆییه‌كه‌ی گه‌زیزه عومه‌ردا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و پێدراوانه‌ی له‌م نمایشه‌دا بینران له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ بریتی بوون له ستونێكی جڵههڵواسین و چه‌ترێك و چوار ستێجی چوار گۆشه و كۆمه‌ڵێك جلوبه‌رگ بوون. له ته‌واوی ئه‌م ماتریالانهدا ئه‌وه‌ی كه زۆرترین ئیشی له‌سه‌ر كرابوو و به‌كارهێنابوو واتا مانای جیاواتری پێبهخشاربوو له‌وه‌ی كه هه‌یه چوار ستێجه چوارگۆشهكه بوون ئه‌وانیش له ڕێگه‌ی پێدانی ده‌لاله‌ته‌كانی (ماڵ و سجن و حه‌شارگه و ئاوێنه و ته‌خته‌ی شانۆ و ……هتد). به‌ڵام ئه‌م تهوزیفكردنهوهیهی ستێجهكان له هیچ كام له ته‌نه‌كانی تری سه‌ر شانۆ نه‌ده‌بینران تا بینه‌ر هه‌ست به (زیاده)بونیان نه‌كات له‌سه‌ر شانۆ. چه‌تره‌كه‌ی ده‌ستی دیاری عومه‌ر زۆر له‌وه ساده‌تر بوو كه ده‌بینرا واتا ته‌نانه‌ت وه‌كو ماتریاله بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ی خۆشی مامه‌ڵه‌ی ڵه‌گه‌ڵدا نه‌كرا! ئه‌مه له كاتێكدا چه‌تر له نمایشه‌كانی شانۆكاری عێراقی صه‌ڵاح قه‌صه‌ب و شانۆ وێنهییهكهیدا زۆر به دیقه‌ت ئیشی له‌سه‌ر ده‌كرێ و به ته‌واوی داده‌ماڵرێت له مه‌فهومه سواوه‌كه‌ی خۆی دیاره من لێره‌دا مه‌به‌ستم نیه گه‌زیزه له مه‌نزوری صه‌لاح قهصهبهوه بۆ ئه‌و ماتریاله بڕوانێت، نا به‌ڵكو ده‌بوو زۆر قوڵتر كاری له‌سه‌ر ئه‌و پێدراوه بكردایه تاكو ئه‌و به‌كارهێنانانه‌ی پێشووی چه‌تر بیری بینه‌ر به‌رێته‌وه كه پێشتر بینراوه و له زاكیره‌ی به‌شێك له بینه‌ردا چه‌سپیووه، چونكه هه‌میشه كه‌سی داهێنه‌ر وا له كه‌سانی دوای خۆی ده‌كات كه قۆلتر بۆ به‌و بابه‌ته بڕوانن كه ئه‌م داهێنانی تێدا كردووه تا بتوانن ئه‌و داهێنانه تێپه‌ڕێنن و ئه‌لته‌رناتیڤی تازه بخه‌نه شوێنی، به‌مانایه‌كی تر لێپرسراویه‌تی زیاتر ده‌كه‌وێته سه‌ر كه‌سه‌ی كه ده‌یه‌وێ دووباره مانای تازه به‌و بابه‌ته ببه‌خشێت.
نواندن وه‌ك ره‌گه‌زی بنه‌ڕه‌تی له نمایشه‌كه‌دا
ووشه‌ی وێنه‌یی پانتاییه‌كی فراوانتر له زهنی بینه‌ردا به‌جێده‌هێڵێت و وا له بینه‌ر ده‌كات ته‌واو ره‌ها بێت له لێكدانه‌وه و وێناكردنی ووشه دهربڕدراوهكه ئه‌گه‌ر له حاڵه‌تێكا كه چاوه‌كانیشی داخستبێت، ئه‌مه‌ش كاتێك به‌رجه‌سته ده‌بێت كه ئه‌كته‌ر له‌وپه‌ڕی رههاییهتهوه نواندن بكات و ده‌ربڕی ووته‌كانی بێت نه‌ك ته‌نها سه‌رپێییانه و سه‌ر زاره‌كی بێت، چونكه وێنه‌ی له‌فزی ده‌توانێت جۆرێك له زمان بخولقێنێت كه له سه‌روی زمانی ئاساییه‌وه بێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌كته‌ری (وه‌ك قه‌قنه‌س ده‌سوتێم) سهرزارهكیانه نه‌بوو به واتای ووشه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا هه‌ست به‌و هێنده‌ش به‌و قوڵییه نه‌ده‌كرا كه پێویسته بۆ گه‌یاندنی ئه‌و حاڵه‌ته‌ی سه‌ره‌وه كه باسكرا. ئه‌كته‌ر له‌م نمایشه‌دا بۆ ده‌بڕینی به‌شێك له خه‌مه‌كان جۆره ده‌نگێكی نائاسایی ده‌رده‌بڕێت ئه‌ویش له ڕوونترین پێناسه‌یدا به هۆره یان سیاچه‌مانه‌ی ناوچه‌ی هه‌ورامان ناوده‌برێت ئه‌مه‌ش ته‌حویل بوونێكی باشه وا ده‌كات ئه‌كته‌ر له قه‌تیش بوون و خۆدووباره‌كردنه‌وه ده‌رباز بێت و هاوكاتیش وه‌ك سروت و شیوه‌نێك له‌و ڕێگه‌یه‌وه ئازار و خه‌مه‌كانی ده‌ریده‌بڕێت كه به هۆی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه توشی هاتووه، به‌ڵام ئه‌مانه به‌س نین بۆ ئه‌كته‌ری نمایشی مۆنۆدراما چونكه سێنته‌ری سه‌ره‌كی نمایش هه‌ر خۆیه‌تی و ته‌واوی میحوه‌ره‌كان به ده‌ستی ئه‌وه‌وه‌ن، بۆیه هه‌میشه ده‌رهێنه‌ری به ئاگا له نمایشی مۆنۆدرامادا پشته به ئه‌كته‌ری به ئه‌زموون و خاوه‌ن خه‌زینه‌ی مه‌عریفی ده‌به‌ستێت به‌ڵام ئه‌مه نه‌چێته ئه‌و باره‌ی كه كه‌مكردنه‌وه بێت له هه‌وڵه‌كانی مامۆستا گه‌زیزه و دیاری عومه‌ری ئه‌كته‌ر
باشترین ڕێگا بۆ دۆزینه‌وه‌ی كاره‌كته‌ر له ڕێگه‌ی كرده‌ی درامی مه‌دلوله‌وه ده‌بێت(2) ئه‌گه‌ر له‌م دێره‌وه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كاره‌كته‌ره‌كانی شانۆیی (وه‌ك قه‌قنه‌س ده‌سوتێم) بكه‌ین ده‌كه‌وینه به‌رده‌م ئه‌و دووڕیانه‌ی كه ئایا دیاری عومه‌ری ئه‌كته‌ر له رێگه‌ی نواندنه مۆنۆدرامیهكهیهوه توانی كاره‌كته‌ره‌كان به ڕوونی بخاته‌ڕوو یاخود ته‌نها جووڵه و گوزارشته‌كانی بۆ هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كان دووباره ده‌كرده‌وه؟ دیاره لێره‌دا ناكرێ حوكمێكی كۆنكرێتی یه‌كلاكه‌ره‌وه بدرێت به‌وه‌ی كه یه‌كێك له‌و دوو ئیختیاره هه‌ڵبژێردرێت به‌ڵكو ته‌واوی نواندنی ئه‌كته‌ره‌كه دابه‌ش بكرێت بۆ دوو میحوه‌ر كه یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه دیاری عومه‌ر به هه‌ندێك ئاماژه‌ی جه‌سته و ده‌نگه‌وه كاره‌كته‌رێكی ته‌واو ڕوونی دروست ده‌كرد و له میحوه‌ری دووه‌میشدا ئه‌و حاڵه‌ته لاواز ده‌بوو به‌راده‌یه‌ك وێنای كاره‌كته‌ر وون ده‌بوو و نه‌ده‌ما ئه‌م حاڵه‌ته‌ش به ڕوونی له‌و كاته‌دا ده‌ركه‌وت كه ئه‌كته‌ر له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ هاته خواره‌وه و كه‌وته دیالۆگكردن له‌گه‌ڵ بینه‌ردا.
7_11_2012 نمایشی (وه‌ك قه‌قنه‌س ده‌سوتێم) ده‌رهێنانی گه‌زیزه عومه‌ر و نواندنی دیاری عومه‌ر وه‌ك دوا به‌رهه‌می تیپی هاوڕێیانی گه‌زیزه له هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵا له هه‌ولێر نمایش كرا.
(1)ئه‌م زانیارییانه له چاوپێكهوتنێكمدا له دكتۆر فازڵ ئه‌لسودانی وه‌رگیراوه كه چه‌ندین لێكۆلینه‌وه‌ی هه‌یه ده‌رباره‌ی ته‌وزیفكردن و پێدانه‌وه‌ی ده‌لاله‌ت به مهوجوداتهكانی سه‌ر شانۆ به تایبه‌تی له تێگه‌یشتنی(جۆزیف شاینا)وه.
(2) صناعه المسرحیه، تالیف ستیوارت كریفش، ترجمه د.عبدالله معتصم الدباغ
شكۆ عومه‌ر كاكه‌ڕه‌ش*
*خوێندكاری دوا قۆناغی ئه‌كادیمیای هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غدا/به‌شی هونه‌ره‌كانی شانۆ