ژیانێکی پڕ خه‌م، کیرکه‌گۆر وه‌ک نموونه
هه‌ندێک که‌س هه‌ن خاوه‌نی کتێبن، له ڕێگای نووسیینه‌کانیانه‌وه شوێنێکی گه‌وره له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر داده‌نێن، لێ هه‌ندێک که‌سی تر هه‌ن قسه‌که‌رن، ئه‌مانه له ڕێگای قسه‌کردنه‌وه وه‌ک فاکتۆرێکی گه‌وره‌ی گۆڕان کاریگه‌رییان له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه و به‌رهه‌مهێنانی بیری نوێی تاک هه‌یه. سووپاس بۆ پلاتۆن، که جیهان له ڕێگای ئه‌وه‌وه ئاشنای بیرکردنه‌وه‌کانی سوکراته. نووسیین مرۆڤ له له‌بیرچوونه‌وه ڕزگار ده‌کات، نووسیین مرۆڤی قسه‌که‌ری وه‌ک سوکراتیش نه‌مر ده‌کات، به‌ڵام مرۆڤی قسه‌که‌ر پێویستی به که‌سێکی وه‌ک پلاتۆنه هه‌تا وته‌کانی بنووسێته‌وه.
یه‌کێک له پرۆفیسۆره‌کانی فه‌لسه‌فه له وڵاتی ئه‌ڵمانیادا “میشایل بووش”ه. ئه‌م فیلۆسۆفه نموونه‌ی سوکرات هێنده‌ی قسه‌که‌ره، نووسه‌ر نییه. ئه‌م مرۆڤه خاوه‌نی ته‌نها دوو کتێبه، یه‌کێکیان به ناوی تۆڕه‌کانی کو‌لتوور و ئه‌وی تریشیانی له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌کانی کیرکه‌گۆر “چاره‌نووس، ترس، ئازادیی” نووسیوه. من خۆم فه‌لسه‌فه‌م له‌لای ئه‌و خوێندووه، له سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٠ دا پرسیارم لێکرد: بۆچیی ته‌نها دوو کتێبی نووسیوه؟ له وه‌ڵامدا وتی: چونکه من زیاتر حه‌زم له قسه‌کردنه و کاتم بۆ نووسیین نییه. شیکردنه‌وه فه‌لسه‌فییه‌کانی هێنده جوانن، مرۆڤ ماندوو نابێت له گوێگرتن لێی. کات له قسه‌کردنی بووشدا هێنده خێرا ده‌ڕوات، که شیاوی غه‌م لێخواردنه. بووش زیاد له هه‌زار لاپه‌ڕه وانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی هه‌یه، که له زانکۆ و ئه‌کادێمیاکاندا ده‌خوێنرێت، که ئه‌گه‌ر کتێبه‌کانی نه‌گه‌نه ئاینده ئه‌وا وانه‌کانی به‌دڵنیاییه‌وه ده‌گه‌ن.
له یه‌که‌م ئێواره‌ی یهکترناسینمانهوه که‌وتینه قسه‌کردن له‌سه‌ر ترس. من وتم پێشهاتنم بۆ ئێره ترسێکی زۆرم هه‌بوو، ئه‌م ترسه وه‌هایکرد، که هه‌وڵبده‌م له ده‌ره‌وه‌ی وانه‌کانتدا بتناسم. له ڕێگای گه‌ڕان به‌دواتدا گه‌یشتم به‌وه‌ی، که خاوه‌نی دوو کتێبیت. کتێبه‌کان هه‌رچه‌نده گران بوون، لێ هه‌ر کڕیم، هه‌تاوه‌کوو باشتر بتناسم. ئه‌و ئێواره‌یه بڕیاردرا، که له ڕۆژی ئاینده‌دا له ڕوانگه‌ی کیرکهرگۆر و هایدیگه‌ره‌وه قسه له‌سه‌ر ترس بکرێت. له ڕۆژی ئاینده‌وه زیاتر ئاشنای کیرکه‌گۆر و هایدیگه‌ر بووم، له ڕۆژی ئاینده‌وه تێگه‌یشتم، که هایدیگه‌ر چلۆن هاوسۆزیی بۆ نازییه‌ت شاردبۆوه و ئاماده‌ی قسه‌کردن نه‌بوو له‌سه‌ری، ئاوهاش وه‌رگرتنی بیری “بوون”ی له کیرکه‌گۆره‌وه وه‌رگرتبوو و ئاماده‌ش نه‌بوو بڵێ: ڕاسته من بیری فه‌لسه‌فه‌ی “بوون”م له کیرکه‌گۆره‌وه وه‌رگرتووه.
وێڕای ئه‌وه‌ی، که من ئێستا تێگه‌یشتنێکی ترم بۆ چه‌مکی ترس هه‌یه وه‌ک له سێ ساڵ به‌رله ئێستا، لێ ده‌مه‌وێت جارێ ته‌نها به تێگه‌یشتنه فه‌لسه‌فییه‌کان له‌سه‌ر ترس بدوێم، له‌سه‌ر ترس له‌لای کیرکه‌گۆر بدوێم. ترس له‌لای کیرکه‌گۆر بریتییه له “هیچ”. لێ کیرکه‌گۆر ده‌یه‌وێت بزانێت، که ئه‌م هیچه ده‌بێته هۆی خستنه‌وه‌ی چیی له‌لامان؟ وه‌ڵام: ده‌بێته هۆی خستنه‌وه‌ی ترس. ئه‌مه‌ش نهێنییه‌کی قوڵی بێ خهتاییه، که له هه‌مانکاتدا ترسه. پرسیاری من لێره‌دا ئه‌وه‌یه: ئاخۆ کیرکه‌گۆر ده‌یه‌وێت چیمان پێبڵێت؟ وه‌ڵام: دیسانه‌وه “هیچ”. کیرکه‌گۆر ڕاستده‌کات، ترس چه‌مکێکه سه‌ر به ماڵی پسیشۆلۆگیی، که له چه‌مکه لاتینییه‌که‌وه به ناوی “Angustus، ئانگووستووس” وه‌رگیراوه. ترس هه‌ژانێکه له به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌دا، کارتێکردن، دوودڵیی و …هتد. ده‌به‌سترێته‌وه به هه‌سته‌کانی ژیانه‌وه. له ترس‌دا ئینستینکتێک بۆ پاراستنی ژیان هه‌یه، چونکه ترس یه‌کێکه له هێزه هه‌ڵسوڕێنه‌ره‌کانی بوونی بوونه‌وه‌رێک. ترس وه‌ک ڕق خاوه‌نی که‌رتبوون یان لێبوونه‌وه‌یه، هه‌روه‌ک چلۆن ڕق ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌گره‌سیۆن “تووڕه‌بوون”، ئاوهاش ترس ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی هه‌ڵهاتن. ترس ئهسۆتسیاسیۆنێکه له‌نێوانی هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی نۆیتراڵ و ئازارده‌ردا. کیرکه‌گۆر له کتێبه‌که‌ی خۆیدا به ناوی “ترس” ده‌نووسێت، که چه‌مکی ترس له پسیشۆلۆگییدا کاری له‌سه‌ر نه‌کراوه، بۆیه ڕایده‌گه‌یه‌نم، که چه‌مکی ترس تۆقاندن یان چه‌مکه نزیکه‌کانی ئه‌و نییه. کیرکه‌گۆر چه‌مکی ترس به هه‌لومه‌رجی هه‌لومه‌رجێک ده‌زانێت. به‌ڵام هه‌لومه‌رجی هه‌لومه‌رجێک چییه؟ هه‌لومه‌رجی هه‌لومه‌رجێکیش له‌لای کیرکه‌گۆر بریتییه له “ترس له ترس”. ئه‌ی ترس له ترس چییه؟ وه‌ڵام: مه‌رگ.
له فه‌لسه‌فه‌ی ئێکسیستێنسدا، که کیرکه‌گۆر باوکیه‌تی، ترس هه‌لومه‌رجه و مه‌رگیش دواهه‌مین هه‌لومه‌رجه. کاتێک هایدیگه‌ر له فه‌لسه‌فه‌ی بووندا ده‌ڵێ: ئه‌مه‌وێت بترسم، پێمانده‌ڵێت: ده‌مه‌وێت بمرم. فه‌لسه‌فییانه مردن دواهه‌مین هه‌لومه‌رجه له بووندا، که له ده‌ستمان ده‌رناچێت. من خودی خۆم مه‌رگ بهدواههمیین هه‌لومه‌رج نازانم، به‌ڵکوو به قۆناغێکی تری ده‌زانم، چونکه له‌لای من ڕۆح بێکۆتایه و نه‌مره. جه‌سته له خزمه‌تی ڕۆحدایه نه‌ک پێچه‌وانه‌که‌ی، جه‌سته شیاوی له‌ناوچوونه، له‌ناوچوونی جه‌سته‌ش واتای له‌ناوچوونی ڕۆح نییه. فه‌لسه‌فییانه له‌لای کیرکه‌گۆر و له‌لای هایدیگه‌ر ترس له مه‌رگ ڕه‌چه‌ڵه‌کییانه بریتییه له ئازادبوونێک بۆ ئازادیی. لێ چیی لێره‌دا ئازاد ده‌بێت؟ وه‌ڵام: ڕۆح. چونکه جه‌سته لێره‌دا هیچ نییه بێجگه له قه‌فه‌زی ڕۆح. ترس له ترسیش ترسێکه، که پێناس له هه‌بوونی ئه‌و ئازادییه ده‌کات بۆ ئازادیی. به‌ڵام ئازادیی بۆ ئازادیی چییه؟ وه‌ڵام: ئازادبوون بۆ مه‌رگ. ئازادبوونی ڕۆح.
هه‌زار ساڵی تریش قسه له‌سه‌ر کیرکه‌گۆر بکرێت، وه‌ک خۆی له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا نووسیوویه‌تی: “ژیانم یه‌کپارچه ئازاره، که هیچ که‌س نه ده‌یناسێت نه تێشیدهگات. کیرکه‌گۆر هه‌رچیی حه‌زی ژیان هه‌بوو له‌ده‌ستیدابوو، به‌شێوه‌یه‌ک، که به‌هیچ شێوه‌یه‌ک به‌خته‌وه‌ریی له ژیاندا به پێویست نه‌ده‌زانی، به‌ڵکوو ئازار و خه‌می کردبوو به ئه‌رکی خۆی. به‌رله مه‌رگی “Emil Boesen”ی هاوڕێی به‌سه‌ردان دێته‌لای و له‌گه‌ڵ خۆیدا چه‌پکێک گوڵی بۆ دێنێت. ئێمیل ده‌ڵێ: ته‌ماشابکه سورێن گوڵم بۆ هێناویت. سورێن ده‌ڵێ: سووپاس، تکایه بیکه‌ره ئه‌و دۆڵابه‌وه. ئێمیل سه‌ری ده‌سووڕمێت و ده‌ڵێ: به‌ڵام سورێن ئه‌مانه ده‌بێت له ئاودابن، ئالێره‌دا له‌به‌رده‌م تۆدا، بۆئه‌وه‌ی ته‌ماشایان بکه‌یت و به‌خته‌وه‌ربیت. سورێن وه‌ڵامێکی تراگیۆدیانهی ده‌داته‌وه و ده‌ڵێ: من پێویست نییه به‌خته‌وه‌ربم، من پێویسته ئازاربچێژم. بیانکه‌ره ئه‌و دۆڵابه‌وه، ئه‌مانه گوڵی دۆڵابن، که پێویسته گوڵبگرن و بۆنیان بێت و بمرن.
وه‌ک کیرکه‌گۆر خۆی ده‌ڵێ: “ژیانم یه‌کپارچه غه‌مه”. لێبه‌ڵێ کۆمه‌ڵگای دێنه‌مارکیی هۆکارێکبوون بۆ زیاتر ناخۆشکردنی ژیانی سورێن کیرکه‌گۆر. کیرکه‌گۆر خاوه‌نی دێپرێسیۆن بوو، به هۆی نووسیینهکانییهوه به‌شێکی گه‌وره‌ی دێنه‌مارکییه‌کان هێرشی ناشیریینیان ده‌کرده‌سه‌ر. له‌بری وه‌ڵامی بیرکردنه‌وه‌کانی هێرشیان ده‌کرده سه‌ر چۆنێتیی به‌رگپۆشینی، جه‌سته‌ی …هتد. گوایه قاچێکی له قاچێکی باریکتره، پشتی قه‌مووره …هتد. ئه‌مجۆره قسهلهسهرکرنه، که‌وتۆته ناو کوردیشه‌وه، که کیرکه‌گۆر وه‌ک تاکێکی هایندیکاپ پێناسده‌که‌ن، به‌وه‌ی، که پشتی قه‌موور بووه و قاچه‌کانی باریکبوون.
ساڵی ١٨٤٦ ساڵێکی سه‌خت و ناخۆش بوو بۆ کیرکه‌گۆر، ئه‌ویش به‌هۆی ڕۆژنامه‌یه‌که‌وه به ناوی “Corsaren، کۆرسارن” که له کۆبنهاگن ده‌رده‌چوو، هێرشی ناشیرینیان ده‌کرده سه‌ر کیرکه‌گۆر و کاریکاتێریان له‌سه‌ر دروستده‌کرد. له به‌شێکی زۆری کاریکاتێره‌کاندا قاچه‌کانی کیرکهگۆریان باریک دروستده‌کرد و پشتیان قه‌موور ده‌کرد، به‌شێوه‌یه‌ک، که کیرکه‌گۆر له هه‌ر شوێنێک بناسرایهتهوه ته‌ماشایان ده‌کرد و به قاقای پێکه‌نینه‌وه پێنادهگووت: ته‌ماشا ئه‌و قاچه بارییکانهی، ته‌ماشا ئه‌و پشته قه‌مووره‌ی. له هه‌موو هاتنهوهیهکیدا بۆ ماڵه‌وه کیرکه‌گۆر بیری له بێئه‌قڵیی ئه‌و خه‌ڵکه ده‌کرده‌وه، که ناتوانن بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌و و جلوبه‌رگه‌کانی لێکجیابکه‌نه‌وه، بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌و و ئه‌ندامه‌کانی جه‌سته‌ی لێکجیابکه‌نه‌وه.
کیرکه‌گۆر هایندیکاپ نه‌بووه، مرۆڤێکی نۆرماڵ بووه وه‌ک هه‌ر مرۆڤێکی نۆرماڵی تر. تراژیدیای ژیانی ئه‌و هه‌بوونی دێپرێسیۆنه‌که‌ی بووه، که ته‌واوی ژیانی لێ تاڵ کردبوو. جۆری دێپرێسیۆنه‌که‌ی کیرکه‌گۆر، وه‌هایکردبوو، که له‌لایه‌ک ژیانی لێ تاڵ کردبوو، له‌لایه‌کی تریشه‌وه ژیانی پڕ کردبوو له به‌رهه‌می فه‌لسه‌فیی. ئه‌و تاکێکی “مانی دێپرێسیڤ” بوو.
دروسته کیرکه‌گۆر ڕێگینای خۆش ویستووه، لێ هه‌رگیز خۆشه‌ویستییه‌کی وه‌ها نه‌بووه، که هێزی ئه‌وه‌ی هه‌بێت، له مرۆڤێکی ئایینییه‌وه بیکات به مرۆڤێک، که ئێستا و ئالێره‌دا کچێکی خۆشده‌وێت.
به گشتیی له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا ته‌نها خوێندنه‌وه‌یه‌کی فه‌لسه‌فیی له‌سه‌ر کیرکه‌گۆر کراوه، کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ش، وه‌ک جیهان هه‌مانشێوه به‌و تێگه‌یشتنه‌وه له‌گه‌ڵ کیرکه‌گۆردا سه‌رقاڵبوون. تراژیدیای کیرکه‌گۆر ته‌نها ته‌نیاییه‌که‌ی نه‌بووه، به‌ڵکوو له‌و نه‌خۆشییه ده‌روونییه شاردراوه‌دا بوو، که نه خۆی نه ده‌وروبه‌ریشی ده‌یانبینیی. ئه‌مه‌ش نابێته جێگای سه‌رسووڕمان، چونکه له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌شێکی گه‌وره‌ی نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌کان هێشتا نه‌ناسرابوون. به‌ڵام چه‌مکی دێپرێسیۆن له لاتینییه‌که‌یه‌وه “deprimere” ناسرابوو. هه‌ندێک کیرکه‌گۆر به که‌سایه‌تییه‌کی مێلانکۆلیی ناوده‌به‌ن، لێبه‌ڵێ ئه‌م نه‌خۆشییه له‌گه‌ڵ کیرکه‌گۆردا یه‌کناگرێته‌وه، چونکه ئه‌و سیمپتۆمانهی، که تاکێکی مێلانکۆلیی هه‌یه‌تی بریتییه له:
1. تاک هه‌ستده‌کات، که له سه‌رده‌میی گه‌نجێتییدا خه‌تای کردووه،
2. ئه‌وه‌ی کردوویه‌تی هه‌ڵه بووه،
3. تاک خه‌م له کرده‌کانی ڕابووردی ده‌خوات و پێیوایه، که ئه‌و خراپ بووه،
4. تاک په‌نها ده‌باته به‌ر خودا و ده‌ڵێ: ئه‌ی خودا ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو خه‌تایه‌م نه‌کردبا،
5. تاک خه‌وی نایه‌ت و بێخه‌ویی چه‌نده‌ها جۆر بیرکردنه‌وه‌ی بۆ دێنێت.
تاک لێره‌دا ته‌واوی سیمپتۆمه‌کانی تاکێکی مێلانکۆلیی له ڕووخسارییدا ده‌رده‌که‌وێ. میمیکی تاکی مێلانکۆلیی لێره‌دا به ترس، خه‌مباریی، ڕه‌نگ تێکچوو مۆرکراوه. جوڵه‌ی لاوازه، ئاره‌زووی نییه و هه‌ست به به‌تاڵیی ده‌کات. تاک کاتێک ده‌ڵێ: هه‌ست به به‌تاڵیی ده‌که‌م، به واتای تاک خاوه‌نی که‌متریین وزه‌ی ژیانه. ته‌واوی ئه‌م سیمپتۆمانه بۆ باوکی سورێن کیرکه‌گۆر ده‌شێت، لێ هه‌رگیز بۆ سورێن خۆی نا. سورێن هه‌رگیز هه‌ستی به خه‌تا نه‌کردووه، تاکه شتێک، که له کۆتاییه‌کانی ژیانیدا هه‌ستی به له‌کیسدانی کردبێت، یاخوود له‌کیسدانی ئه‌و شته‌ی به خه‌تای خۆی زانیبێت ئه‌وه ڕێگینا بووه.
کیرکه‌گۆر زوو له باوکی دوورده‌که‌وێته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ک، که له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی دووهه‌می ژیانیه‌وه، ئه‌و کاتانه‌ی باوکی له ماڵ بێت ئه‌و ده‌ڕواته ده‌ره‌وه، هه‌تاوه‌کوو ده‌نگه‌ده‌نگیان پێکه‌وه نه‌بێت. دواجار سورێن بڕیار ده‌دات، که بگوێزێته‌وه بۆ ئه‌پارتمه‌نێکی خۆی، هه‌تا له ڕێگایه‌وه کۆتایی به ده‌نگه‌ده‌نگی نێوان خۆی و باوکی بهێنێت.
یه‌کێک له کێشه هه‌ره گه‌وره‌کانی کیرکه‌گۆر ئه‌وه بوو، که نه‌ده‌گه‌یشت به هه‌سته‌کانی خۆی، ئه‌و کاتانه‌شی هه‌ستی بۆ ڕێگینا هه‌بوایه ده‌یشارده‌وه. ڕێگینا به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه ته‌واوی هه‌سته‌کانی خۆی پیشانی کیرکه‌گۆر ده‌دا، به‌شێوه‌یه‌ک، که کیرکه‌گۆر لێیده‌ترسا و له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا ده‌ینووسی: ڕێگینا خاوه‌نی هه‌ستێکی زۆره و پێویسته زاڵ‌بێت به‌سه‌ر خۆیدا.
کیرکه‌گۆر تاکێکی مێلانکۆلیی نه‌بوو، به‌ڵکوو “مانیی دێپرێسیڤ” بوو. ئه‌و کاتانه‌ی فازه‌ی مانیی هه‌بوو، حه‌زی له سه‌ردانی ڕێگینا ده‌کرد، به‌ڵام به‌وه‌ی، که ئه‌و مرۆڤێکی پرینسیپانه کریست بوو، زاڵده‌بوو به‌سه‌ر هه‌سته‌کانیدا و ته‌واوی وزه مانییه‌کانی له نووسییندا خه‌رج ده‌کرد، به‌مشێوه‌یه کیرکه‌گۆر کریاتیڤتریین نووسه‌ری سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆی بوو. ئه‌و کاتانه‌شی، که دێپرێسڤ ده‌بوو له ماڵه‌وه له جێگاکه‌ی نه‌ده‌هاته ده‌ره‌وه و ته‌واوی کاته‌کانی به خه‌مباریی ده‌برده‌سه‌ر.
کیرکه‌گۆر له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا ده‌نووسێت: ژیانم ئازارێکی گه‌وره‌یه، ئازارێک، که خه‌ڵکانی تر نه ده‌یناسن و نه لێشی تێده‌گه‌ن. من هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌م کرد. من نه‌ده‌بوو ئاشقی ڕێگینا ببم. ئه‌و ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ مندا نابهختهوهربێت. کیرکه‌گۆر کاتی نه‌بوو بۆ ڕێگینا وه‌ک خۆی ده‌ڵێ: من ئه‌و پیاوه نیم، که ڕێگینا به‌خته‌وه‌ر بکه‌م.
کیرکه‌گۆر ئه‌ڵقه‌که‌ی و چڵێک گوڵه‌باخی سوور له‌گه‌ڵ نامه‌یه‌کدا بۆ ڕێگینا ده‌نێرێت. له نامه‌که‌یدا ده‌نووسێت: ئهڵقهکهمت له‌گه‌ڵ ئه‌م گوڵه سووره‌دا بۆ ده‌نێرمه‌وه. گوڵه‌که له ده‌ستمدا وشکهه‌ڵهاتووه، من بینیم، که چلۆن له‌سه‌رخۆ مرد، من ئازاره‌کانیم بینی. بینیم، که چلۆن بۆنه‌که‌ی نه‌ما، که چلۆن ڕه‌نگه سووره‌که‌ی نه‌ما.
له کۆتاییدا کیرکه‌گۆر هه‌موو هه‌وڵێک ده‌دات، که دڵی ڕێگینا بشکێنێت هه‌تا لێیدووربکهوێتهوه. تووڕه‌بوون لێی، هاوارکردن به‌سه‌ریدا، دڵشکاندنی به قسه‌ی ناخۆش …هتد. دواکات دوا داوای ڕێگینا له کیرکه‌گۆر ماچکردنی بوو بۆ دواهه‌میینجار. ڕێگینا پێیده‌ڵێ: بۆ دواجار ماچم بکه ئیدی بۆت هه‌یه بڕۆیت، ئیدی تۆ ئازادیت. کیرکه‌گۆر خۆی دادهنهوێنێتهوه و ماچی ده‌کات. به‌ڵام وه‌ک خۆی له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا نووسیوویه‌تی ماچێکی بێ هه‌ست. ئه‌ی خودای باش.
په‌یوه‌ندیی کیرکه‌گۆر و گوڵه‌باخ په‌یوه‌ندییه‌کی دێپرێسیۆنانهیه. من پێموایه تاکه فه‌یله‌سووفه، تاکه نووسه‌ره، که به‌وشێوه خه‌مباره ده‌ڕوانێته گوڵ. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، بۆچیی کیرکه‌گۆر هێنده خه‌مبار ته‌ماشای گوڵه‌باخ ده‌کات؟ وه‌ڵام: ڕاستیی ڕاسته‌قینه‌ی تێڕوانینی کیرکه‌گۆر بۆ گوڵه‌باخ، بریتییه له‌وه‌ی، که ئه‌و خۆی له گوڵه‌باخدا ده‌دۆزێته‌وه، که بۆنداره و ڕه‌نگی جوانه، لێ له‌سه‌رخۆ وشک ده‌کات و ده‌مرێت. کۆمه‌ڵگای دێنه‌مارکیی فاکتۆرێکی گه‌وره‌بوون له‌سه‌ر خهمبارترکردنی کیرکه‌گۆر، له‌کاتێکدا ده‌یانتوانی ڕێزی بگرن و خۆشیی پێببه‌خشن.
له دواڕۆژه‌کانی ژیانیدا، وه‌ک به‌شێک له چاره‌نووسی کاتێک ئێمیلی هاوڕێی گوڵی به دیاریی بۆ دێنێت ده‌ڵێ: من پێویست نییه به‌خته‌وه‌ربم، من پێویسته ئازاربچێژم. بیانکه‌ره ئه‌و دۆڵابه‌وه، ئه‌مانه گوڵی دۆڵابن، که پێویسته گوڵبگرن و بۆنیان بێت و بمرن. ئه‌وه مه‌رگه دێت، به‌هیوام زوو بێت. دێپرێسیۆنهکهم هی ئه‌وه‌یه، که من ڕێگینام بۆ نه‌بوو. باوه‌ڕمکرد ده‌متوانی ئه‌وم هه‌بێت، لێ نه‌متوانی.
چه‌ند ڕۆژێک به‌رله مه‌رگی به ئێمیلی هاوڕێی ده‌ڵێ: سڵاو له هه‌موو مرۆڤه‌کان بکه، پێیانبڵێ: که ژیانم ئازارێکی گه‌وره‌یه، که که‌س نایناسێت، که که‌س تێیناگات. کیرکه‌گۆر به‌رله مه‌رگی ئیفلیج ده‌بێت له ته‌مه‌نی چل و دوو ساڵییدا له ماڵه‌که‌ی خۆیدا له کۆبنهاگن له 11.11.1855 دا ده‌مرێت. ئه‌م مرۆڤه سوکرات ئاسا، دوای مه‌رگی خۆی به هه‌موو دونیا ده‌ناسێنێت. دوای مه‌رگی دێنه‌مارکییه‌کان هه‌ستده‌که‌ن، که کیرکه‌گۆر تاکه نووسه‌ر و تاکه گه‌وره فیلۆسۆف بووه، که دێنه‌مارک هه‌یبووه. له‌دوای ئه‌وه‌وه، کیرکهگۆریهکی تر لهدایکنهبۆتهوه، له‌دوای ئه‌وه‌وه هیچ که‌س له دێنه‌مارکدا ڕێچکه‌ی ئه‌وی نه‌گرتووه. نه‌وه‌کانی کیرکه‌گۆر له ئه‌ڵمانیادا هایدیگه‌ر و له فه‌ڕه‌نسادا سارته‌ر بووه.
19.12.2012