
ده‌قئاوێزان Intertextuality
ڕه‌نگه باشترین سه‌ره‌تا بۆ چوونه ناو ئه‌م باسه‌وه، ئه‌و وته به‌ناوبانگه‌ی (لانسون) بێت، كه ده‌ڵێ: “سێ یه‌كی داهێنه‌ر، له‌ویدی پێكدێ” به‌واتای ئه‌وه‌ی هیچ داهێنه‌رێك نییه، به‌شێك یان چه‌ند به‌شێكی كه‌سێكی تر، له‌نێو كه‌سێتی خۆی، یان بێگومان ئه‌و ده‌قه‌ی به‌رهه‌می دێنێ، هه‌ڵنه‌گرتبێت، دیاره ئه‌مه‌ش زۆربه‌باشی ئه‌و په‌نده ئینگلیزییهمان وه‌بیر دێنێته‌وه، كه وا ده‌ڵێ: “شێر چ نییه، پتر له كۆمه‌ڵێك به‌رخی هه‌رسكراو”.. كه‌وایه، ئێمه خه‌ریكی چین، كاتێك ڕۆمانێك ده‌خوێنینه‌وه، یان شیعری شاعیرێك؟ ئایا هه‌ر به‌ڕاست خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی ته‌نیا ئه‌و تێكستهین، كه له‌به‌رده‌ستماندایه؟ یان بێ ئه‌وه‌ی ئاگامان لێی، ههرسكراوی چه‌ندین ڕۆمان یان شیعری دیكه‌یه و ئێمه پێینازانین، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌ماشای (شێر)هكه، بكه‌ین، بێ ئه‌وه‌ی بزانین، ئه‌وه ههرسكراوی چه‌ندین مه‌ڕی به‌سته‌زمانه..!!
ته‌واو، هه‌ر ئه‌وه‌یه، كه (ڕۆلان بارت) ده‌یڵێت: “هیچ خاوه‌نێتی و باوكایه‌تییه‌ك بۆ ده‌ق له گۆڕێ نییه، چونكه نووسه‌ران و داهێنه‌ران، هه‌میشه ئه‌وه دووباره ده‌كه‌نه‌وه، كه كه‌سانی پێش خۆیان گوتویانه، به‌ڵام به‌شێواز و ده‌ربڕینی جیاواز”.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به‌دوای سه‌ره‌تا سه‌رهه‌ڵدانی دهقئاوێزانیدا بگه‌ڕێین، ئه‌وا سه‌رنجی ئه‌وه ده‌ده‌ین، كه ئه‌م بابه‌ته، پێشتر به‌شێك بووه له لێكۆڵینه‌وه زمانه‌وانییه‌كان، واتا له‌سه‌ره‌تادا، له چوارچێوه‌ی كاره زمانه‌وانییه جیاجیاكاندا جێگه‌ی كراوه‌ته‌وه‌و ئه‌میش وه‌ك زۆربه‌ی بابه‌ت و باس و بگره زانسته‌كانی تر، به‌شێك بووه له زانستێكی به‌رفره‌وانتر، تا له‌دواجاردا له قاوخی بابه‌ت و زانستێكی سه‌ربه‌خۆدا خۆی بینیوه‌ته‌وه.
میخائیل باختین، یه‌كه‌مین كه‌س بووه، له كتێبه‌كه‌ی خۆیدا (فه‌لسه‌فه‌ی زمان)، چه‌مكی ده‌قئاوێزانی ڕوونكردووه‌ته‌وه‌و باسی لێوه كردووه، به‌وه‌ی جه‌ختی كردووه‌ته‌وه له‌سه‌ر حه‌قیقه‌تی كارلێكی نێوان ده‌قه جیاجیاكان و سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌مهێنانه‌وه و بهركهڵكخستنی ده‌قه‌كان یان به‌شێك لێیان، له چوارچێوه‌ی ده‌قگه‌لێكی تردا، به‌مه‌ش زۆربه‌ی تۆژه‌ران و لێكۆڵه‌رانی بواره‌كه، سوودیان له‌م دیدگایه‌ی باختین وه‌رگرت، تا چه‌مكی ده‌قئاوێزانی له‌سه‌ر ده‌ستی خوێندكاره‌كه‌ی باختین (جولیا كریستیڤا)، گه‌شته ئاستی پێویستی خۆی. ئه‌وه‌بوو كریستیڤا به‌شێوه‌یه‌كی پراكتیكی كاری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ده‌ق كرد، له توێژینه‌وه‌یه‌كدا، كه به (شۆڕشی زمانی شیعری)ی ناسراوه‌و تێدا به‌مشێوه‌یه پێناسه‌ی ده‌قئاوێزانی ده‌كات: “كارلێكی خودی ده‌قێكه له‌نێو ده‌قێكی تردا” به واتای ئه‌وه‌ی كریستیفا پێیوایه، كه هه‌موو ده‌قێك پێكهاته‌یه‌كی هه‌مه‌ڕه‌نگی گهواهیدهرانهیه، یان هه‌موو ده‌قێك بریتییه له گواستنه‌وه و هه‌ڵمژینی ده‌قگه‌لێكی پێشی به‌رێی خۆی.
سه‌باره‌ت به‌م تێڕوانینه‌ش، ڕهخنهگرهیلی ڕۆژئاوایی تۆژینهوهگهلی خۆیان ده‌ست پێكرد و به‌چه‌ندین شێوازی جیاجیا مشتومڕیان ده‌رباره‌ی چه‌مكی ده‌قئاوێزانی هێنایه گۆڕێ، یه‌كێكی تر له‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی كه له‌م بواره‌دا كاری كرد و ناوی دره‌وشاوه‌یه، ڕه‌خنه‌گری فه‌ڕه‌نسی (جیرار جینێت)ه، كه له لێكۆڵینه‌وه‌كانی خۆیدا، توانی پۆلێنبه‌ندی بۆ ده‌قئاوێزانی بكات به‌وه‌ی، كه ده‌قئاوێزانی بۆی هه‌یه به چه‌ند شێوه‌یه‌ك ڕوو بدات، له‌وانه‌ش: شێوازی ڕاشكاوانه‌ی ده‌قئاوێزانی، كه به (گه‌واهیدان) ناوزه‌دی كردووه، هه‌روه‌ها (دزی)، كه ئه‌مه‌یان ڕێژه‌ی ڕاشكاوی كه‌متـره، هه‌روه‌ك باسی له (ده‌قی ته‌ریب) كردووه، كه پێوه‌ندی ده‌قه به ناونیشان و ده‌ستپێك و پێشه‌كییه‌وه، هاوكات (ده‌قی په‌سنی)یشی به‌یه‌كێك له شێوازه‌كانی ده‌قئاوێزانی ژماردووه، كه ئه‌مه‌ش پێوه‌ندی نێوان ئه‌و ده‌قه و ده‌قێكی تر ده‌خاته ڕوو، كه باس له‌وه‌ی دووه‌میان ده‌كات، له‌پاڵ ئه‌وانه‌شدا جینێت ئه‌وه‌ی دوو شێوه‌ی دیكه‌ی ده‌قئاوێزانی ده‌ستنیشان كردووه، ئه‌وانیش: (ده‌قێتی به‌رفره‌وان و ده‌قێتی كۆكار)، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان په‌یوه‌ندی هه‌ڵینجانی نێوان ده‌قی (ئۆرگیناڵ/ كۆن) و ده‌قی (فراوان/ نوێ) ده‌گرێته‌وه‌و ده‌قێتی كۆكاریش په‌یوه‌ندییه‌كی نازمانییه، كه ده‌ق به چه‌شنه‌كانی ده‌قه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، ئه‌مه له‌ڕێگه‌ی ده‌قێتی ته‌ریبه‌وه دێته فهراههمبوون.
هه‌ر له‌باره‌ی مێژووی دهقئاوێزانییهوه، هه‌ن پێیانوایه، ئه‌م مێژووی ئه‌م چه‌مكه له‌سه‌ر ده‌ستی كریستیڤا ده‌ستی پێكردووه، به‌ڵام له‌دایكبوونی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌قئاوێزانی، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر ده‌ستی فۆرمالیسته ڕووسه‌كان، كه ئه‌مانه بڕوایان به‌وه‌یه، وێڕای كاریگه‌ریی ده‌قه‌كان به‌سه‌ر یه‌كدییه‌وه، به‌ڵام هه‌موو ده‌قێك خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی و ئادگاری دیاریكراوی خۆیه‌تی، كه له‌هی هیچ ده‌قێكی تر ناچێ.
ئیدی لێره‌وه ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین بیر و بۆچوونی جیاواز ده‌بینه‌وه، له‌هه‌مبه‌ر ده‌قئاوێزانی وه‌ك چه‌مكێكی ئه‌ده‌بی و ڕه‌خنه‌یی، كه به‌پێی جیاوازی دنیابینی هه‌ریه‌ك له‌وانه‌ی قسه‌یان له‌سه‌ر كردووه، تێڕوانینهكانیش بۆ ئه‌و چه‌مكه جیاوازییان تێكه‌وتووه، هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌و دهلاقهوهیه، كه ئه‌دیب و نووسه‌ر، ئه‌گه‌رچی له‌ڕووی فیزیكییه‌وه، واتا به جه‌سته، كه‌سێتییه‌كی دابڕاوبێت له ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی خۆی، به‌ڵام دواجار ئه‌و كه‌سێتییه‌كه، ناتوانێ به ڕۆح داببڕێ له‌و كاریگه‌رییانه ده‌وروبه‌ر، كه ڕه‌نگدانه‌وه‌یان ده‌بێت، له به‌رهه‌م و نووسراوهكانیدا، پێده‌چێ باشرین نمونه‌ش له‌م باره‌یه‌وه، ئه‌وه بێت، كه یه‌كه‌مین ده‌ركه‌وته‌كانی ده‌قئاوێزانی، له لێكۆڵینه‌وه‌كانی كریستیفادا، له نێو ده‌قی ڕۆمانه‌وه بوو، ئه‌مه‌ش به‌وپێیه‌ی ڕۆمان یه‌كێكه له‌و ژانره ئه‌ده‌بییانه‌ی زۆرترین ته‌ماسی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه، به‌و مانایه‌ی كه ڕۆمان زیاتر له هه‌ر ده‌قێكی تر، پردی په‌یوه‌ندی نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ر پته‌و ده‌كات، له بارێكی واشدا، گریمان نووسه‌ر كه‌سێتییه‌كی دابڕاوه له كۆمه‌ڵ، ئه‌ده‌ی چۆن ئه‌و حاڵه‌تی ده‌قئاوێزانییه بۆ یه‌كه‌مین جار له ڕۆماندا، لای كه‌سێكی وه‌ك كریستیڤا، سه‌رنج ده‌درێ؟ دیاره ئه‌مه ئاماژه‌یه‌كی به‌هێزه به‌هێزه بۆ وه‌ی كه هیچ نووسه‌رێك ناتوانێ ده‌قه‌كه‌ی خۆی له ده‌قئاوێزانی بپارێزێ، چونكه له‌دواجاردا ئه‌و كه‌سێتییه‌كه، به ڕۆح له په‌یوه‌ندیدایه، له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆی، هه‌ربۆیه نووسه‌ر چ نییه، به‌ده‌ر له گردبوونه‌وه‌ی كۆی مه‌عریفه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و هزری ده‌وروبه‌ر و جارێكی تر وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌عریفه و هزره، له‌ڕێگه‌ی ده‌قه‌وه.
یه‌كێك له گرنگترین ئه‌و باسانه‌ی كه په‌یوه‌ندی به پرسی دهقئاوێزانییهوه هه‌یه، چۆنێتی كهڵكوهرگرتنه له‌م پرسه، به‌واتایه‌كی دی ئه‌كرێ بڵێین: بۆ ئه‌وه‌ی شاعیر یان نووسه‌ر بتوانێ ده‌قئاوێزانی له به‌رهه‌مێكی خۆیدا ئه‌نجام بدات، ئه‌وا چه‌ند ڕێگه‌یه‌ك له‌به‌رده‌میدایه، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات، ده‌قه‌كه‌ی به ڕووی ئاسۆگه‌لی وه‌ك: ئایینی و ئه‌فسانه‌یی و ئه‌ده‌بی و مێژوویی و.. هتددا، بكرێته‌وه، دواجاریش ئه‌مه كار ده‌كاته سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ده‌قه‌كه و شێوازێك له زه‌مه‌ن فره‌یی و فره‌یی ده‌لاله‌ت و مهغزاكان، به ده‌ق ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ش ده‌چێته چوارچێوه‌ی ته‌كنیك و شێوازه‌كانی دهقئاوێزانییهوه، كه هه‌میشه جێی بایه‌خی ڕه‌خنه‌گران و نووسه‌ران و شاعیران بووه، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش به‌لای (عبدالله الغژامی)ییه‌وه، به ده‌قئاوێزانی ده‌قه‌كان ده‌ناسرێ، چونكه ناوبراو پێیوایه، كه (ده‌ق كوڕی ده‌قه)، له‌وباره‌یه‌شه‌وه پتر ده‌ڵێت: هه‌موو ده‌قێك بریتییه له ده‌فرێك، كه به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان ژه‌نگی ده‌قه‌یلی دیكه‌ی تێدا ماوه‌ته‌وه” ڕه‌نگه ئه‌مه لێكچوواندنێكی زۆر جوان بێت، بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ده‌قئاوێزانی، واتا هه‌موو ده‌قێك له‌سه‌ر پاشماوه‌ی ده‌قه‌یلی دی، كاریگه‌ریی خۆی نماینده ده‌كاته‌وه.
ده‌قئاوێزانی جۆرێكه له سوودوه‌رگرتن له ده‌قێكی دی، كه ئه‌مه‌ش زۆرجار به دوو شێوه ده‌بێت:
1. ده‌قئاوێزانی دیار: ئه‌م جۆره له ده‌قئاوێزانی هه‌ریه‌ك له (وه‌رگرتن) و (تێئاخنین) له‌خۆ ده‌گرێ، هه‌روه‌ك به ده‌قئاوێزانی به‌ئاگایی یان ههستییش ده‌ناسرێته‌وه.
2. ده‌قئاوێزانی نه‌ستی: یان ئه‌وه‌ی پێیده‌گوترێ، ده‌قئاوێزانی شاراوه، ئه‌وه‌یانه كه نووسه‌ر بێئاگایه له ئاماده‌گی ده‌قێكی تر، له‌نێو ئه‌و ده‌قه‌ی خه‌ریكی به‌رهه‌مهێنانییه‌تی.
لێره‌دا پێویسته ئه‌وه ڕوون بكه‌ینه‌وه، كه ئه‌مه ناچێته بۆته‌ی دزیی ئه‌ده‌بییه‌وه، وه‌ك زۆركه‌س به‌وشێوه‌یه لێیدهگهن، چونكه لێره‌دا نووسه‌ر ناچێت سه‌رجه‌می بیر و هزری نێو ده‌قێكی دی، كه زاده‌ی كۆششی نووسه‌رێكی دیكه‌یه، به ئاشكرایی بخاته نێو ده‌قه‌كه‌ی خۆیه‌وه،كه ئه‌مه‌ش وه‌ك (زانا خه‌لیل) ده‌ڵێت: “هه‌موو كۆپیكردنێكیش نووسینه‌وه‌ی ڕۆحی خۆت نابێ، به‌ڵكو ده‌كه‌وێته بۆته‌ی نووسینه‌وه‌ی ڕۆحی یه‌كێكی تر و ئه‌وكاته ده‌بێته تێكستێكی دزراو، وشه‌ی دزین لێره‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه دۆخی ئاسایی خۆی و هه‌مان مه‌دلوولی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ده‌دات”، كه‌واتا وه‌ك ڕاسته لێكنزیكی و چوونیه‌كی له‌نێوان ئه‌م چه‌مكه ئه‌ده‌بی و ڕه‌خنه‌ییانه‌دا هه‌یه، به‌ڵام ناكرێ وه‌ها له‌خۆمان بكه‌ین، كه هه‌موویان به یه‌ك شت له قه‌ڵه‌م بده‌ین، هه‌روه‌ك ناوبراو (دزین له تێكستدا بریتییه له كۆپیكردنی تێكستێكی تر، دهقئاوێزانیش واته: سوودوه‌رگرتن له ته‌واوی ئه‌و تێكستانه‌ی كه له‌گه‌ڵ ڕۆحی تێكستنووسێك ئاوێته ده‌بن و سهرلهنۆژهن داڕشتنه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك، كه بۆن و تام و ڕه‌نگی ڕۆحی خۆی لێبێ”.
شایه‌نی باسه، ئه‌م دوو شێوازه له ده‌قئاوێزانی، له‌ڕێگه‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه ده‌بێت، واتا سه‌رچاوه‌ی دهقئاوێزانییهكه بۆ نووسه‌ر، جێگه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی پێویست ده‌گرێته‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی و خۆڕسكانه ده‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رچاوه‌یه، تێكه‌ڵ ده‌بێت و دواجاریش ده‌قئاوێزانی لێده‌كه‌وێته‌وه، یانیش سه‌رچاوه‌كه له ئاست نووسه‌ری ده‌قدا، سه‌رچاوه‌یه‌كی ناوه‌كییه و په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به واقیعی ژیانی نووسه‌ره‌وه هه‌یه‌و دواجاریش له ده‌قه‌كه‌یدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه، سێیه‌میش یان ئه‌وه‌یه، كه سه‌رچاوه‌كه، بریتی ده‌بێت له‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی كه نووسه‌ر له‌كاتی نووسینی ده‌قه‌كه‌یدا پێویستی به به‌كارهێنانی ده‌بێت و به شێوه‌یه‌كی ده‌ست ئه‌نقه‌ست به‌كاری ده‌هێنێ.
ئه‌بێ ئاماژه به‌وه‌ش بده‌ین، كه هه‌ریه‌ك له‌و سێ سه‌رچاوانه‌ی ده‌قئاوێزانی، بۆیان هه‌یه بابه‌تگه‌لی جیاجیا له‌خۆ بگرن، وه‌ك بابه‌تی مێژوویی، ئه‌ده‌بی، كه‌لتوری، ئایینی و ئه‌فسانه‌یی و..هتد، كه هه‌موو ئه‌مانه‌ش هه‌ڤڕا، ڕه‌نگڕێژی سیمای كۆتایی ده‌ق و دهقئاوێزانیییهكه دیاری ده‌كه‌ن.
چه‌مكی دهقاوێزانیش وه‌ك زۆری تری چه‌مك و زاراوه ئه‌ده‌بی و ڕه‌خنه‌ییه‌كان به‌ر تیشكی ڕه‌خنه ده‌كه‌وێت، به تایبه‌ت هه‌ندێك له تیۆریستانی ئه‌ده‌ب پێیانوایه كه ئه‌م چه‌مكه به‌های تێكست ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، ئه‌و به‌هایه‌ی كه له‌نێو هه‌موو ده‌قێكدا ئاماده‌گی هه‌یه‌و پێی ده‌ناسرێته‌وه، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات له‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گر نه‌توانێت وه‌ك پێویست كاری ڕه‌خنه‌یی خۆی له‌نێو ده‌قدا به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت. هه‌روه‌ك ده‌قاوێزان خۆی له‌خۆیدا جۆرێكه له ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هاوكێشه‌ی سێلانهیی (نووسه‌ر – ده‌ق – خوێنه‌ر)، كه دیاره له‌م هاوكێشه‌یه‌دا به‌ها ئاینده‌ییه‌كان له‌به‌رچاو گیراوه، به‌ڵام ده‌قاوێزان دێت و له گرنگی و تایبه‌تمه‌ندی داهێنه‌ر كه‌م ده‌كاته‌وه، به‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ی ده‌به‌ستێته‌وه به ده‌قگه‌لی پێشووه‌وه. هاوكات ده‌قاوێزان مێژووگه‌رایی ده‌ق پێشێل ده‌كات و ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه بۆ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی بێ سنوور و نادیار، وێڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌قاوێزان، چ بایه‌خێك بۆ تایبه‌تمه‌ندیی سه‌رده‌م و كاریگه‌رییه‌كانی واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی له شێوه‌گرتنی چه‌مك و ئایدیا و وێنادا ناهێڵێته‌وه.
ئـاری عوسمان خه‌یـات – كفری
ari.xeyat@yahoo.com
سه‌رچاوه‌كان
– به كوردی:
1. فه‌رهه‌نگی زاراوه‌ی ئه‌ده‌بی و ڕه‌خنه‌یی، نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ڕێتی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی بینایی، 2011.
2. دزی یان ده‌قئاوێزانی؟ زانا خه‌لیل، گۆڤاری (ڕامان)، ژماره (108)، 5/5/2006، ل126
– به عه‌ره‌بی:
1. التناص (النشأه و المفهوم)، ایمان الشنینی، مجله الافق الپقافیه، 10/10/2003، http://www.ofouq.com
2. التناص، مصگلح نقدی أوجده الشكلانیون الروس، أحمد بن سلیمان اللهیب، http://www.bab.com
3. نڤریه التناص فی النقد الادبی المعاصر، أحمد أنیس حسون، http://www.almolltaqa.com