سه‌رۆكی په‌رله‌مان دانیشه
له كوردهواری دا كاتێك كه‌سێك زۆر هه‌ڵه پاچ و زیاده ڕۆیه ئه‌و كه‌سانه‌ی له نزیكی ئه‌ون پێی ده‌ڵێین دانیشه، واته واز له‌م هه‌ڵانه بهێنه كه ئه‌نجامیان ده‌ده‌ی و وه دووباره‌یان مه‌كه‌وه له داهاتوودا، دیاره زۆر جار واز هێنان له كردارێكی هه‌ڵه ده‌بێته مایه‌ی خۆشحاڵی ده‌وروبه‌رو وه كه‌سایه‌تی بۆ مرۆڤه ههڵهپاچهكه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
با بێینه سه‌ر ئه‌سڵی بابه‌ته‌كه‌م كه هه‌ڵوێستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانه به‌رامبه‌ر به ئه‌ندام په‌رله‌مانانی كوردستان كه له‌م ڕۆژانه دا بۆ بێده‌نگ كردنی په‌رله‌مانتاران داوای هێنانی پولیسی كرد، به‌ڕاستی زۆر لام سه‌یر بوو كاتێك سه‌رۆكی په‌رله‌مانم وا بینی ڕێك مامۆستا‌و پۆلێكی موشاغیبی خوێندكارم هاته‌وه یاد كه مامۆستاكه هه‌رچی ده‌كات ئه‌م خوێندكارانه‌ی بۆ ڕێك نابن هه‌مووكات هه‌را له پۆلدا ده‌نێنه‌وه، هه‌ر بۆیه مامۆستاكه بۆ ئه‌وه‌ی كۆنتڕۆڵی پۆله‌كه بكات به قوتابیه‌كان ده‌ڵێت: “دانیشن ئه‌گینا پۆلیستان بۆ بانگ ده‌كه‌م”. ڕه‌نگه من زیاده‌ڕۆییم نه‌كردبێت كاتێك هۆڵی په‌رله‌مان به موشاغیب و سه‌رۆكی په‌رله‌مان به مامۆستایه‌كی به‌سته‌زمان بچوێنم! چونكه چونكه به‌ڕاستی وایه! به‌ڵام قسه‌ی ئێمه لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌م هه‌رایه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانان كردیان تا چه‌ند ڕه‌وا بوو، وه ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان تا چه‌ند شیاو بوو، من به‌ش به حاڵی خۆم ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانان كه به‌رامبه‌ر ئه‌و نادادپه‌روه‌ریه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان په‌یڕه‌وی كرد زۆر به هه‌ڵوێستێكی جوان و مه‌ده‌نی ده‌بینم، چونكه ئه‌م كاره‌ی كه سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌نجامی دا جگه له‌وه‌ی كه پێچه‌وانه‌ی یاسابوو وه مافی خه‌ڵكی كوردستانی پێشێل كرد له جیاتی ئه‌وه‌ی مافیان بدات!
ئاخر له كوێ ی جیهان بووه مرۆڤێكی ده‌رچووی به‌شی فیزیا بێنیت بیكه‌یته سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ!!؟ وابزانم ئه‌بێت بۆ ئه‌مه له فه‌رهه‌نگه عه‌جایب و غهرائیبهكان بگه‌ڕێین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین له كوێ ی جیهان ده‌یدۆزینه‌وه!
ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تر ئه‌ندام په‌رله‌مان بۆی هه‌یه تا له‌توانای دا هه‌بێت شه‌ڕی مه‌ده‌نی خۆی بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی به ناڕه‌وای ده‌بینێت بتوانێت بڵێت نه‌خێر، وه ئه‌بێت سه‌رۆكی په‌رله‌مان باش له‌مه حاڵی بێت كه گفتوگۆ‌و قسه‌كردن مافێكی زۆر ساده‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانه، بۆیه ئه‌بێت مافی هه‌موو ئه‌ندامێك بدات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنج و تێبینی خۆی ده‌رببڕێت له‌سه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی ده‌بێته بڕیار.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌موو كه‌سێكی تووشی شۆك كرد هه‌ڵوێسته نهگونجاوهكهی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بوو كاتێ گوتی: “پۆلیس بانگ بكه‌ن بیانخاته ده‌ره‌وه”!!!
به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مان له كاتێكدا كه زۆرینه‌ی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه نه‌بوون كه ببێته سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافی مرۆڤ وه ته‌نانه‌ت زۆرێك له ئه‌ندامانی لیسته‌كه‌ی تۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا بوون، ئینجا به‌م حاڵه‌ش پۆلیس بانگ ده‌كه‌ی بۆ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان؟!!
بۆیه جه‌نابی سه‌رۆكی په‌رله‌مان من ئه‌و قسانه‌ی ده‌یكه‌م وه‌ك دڵسۆزێك لێم وه‌ربگره و پێت ده‌ڵێم دانیشه!
دانیشه له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه پێچه‌وانه‌ی یاسایه، دانیشه له‌و ڕه‌فتارانه‌ی كه به‌رامبه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانتاران دهیانگریه به‌ر!
هێشتا خه‌ڵك قسه‌كه‌ی تۆ بیر نه‌چووه كاتێك جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان بووی وتت به كه‌مال كه‌ركوكی: (ئۆپۆزسیۆن له ده‌ره‌وه‌یه هه‌له با پڕۆژه‌كه تێپه‌ڕێنین). ئه‌م جاره‌شیان ئه‌م قسه‌یه‌ت خسته‌وه سه‌ر زاران، ئیتر وابزانم پێویستت به دانیشتن هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵانه چیتر نه‌كه‌ی.
له كۆتایی وتاره‌كه‌م چه‌ند باره‌ی ده‌كه‌مه‌وه تكایه سه‌رۆكی په‌رله‌مان دانیشه.
Hawkar_ash@yahoo.com