پەپولەکانی شیناوێ…. کوێستان عومەرزادە
پێیان بڵێن بەخەڵکی شار
لەدەڤەری ووشک هەڵاتو و
ڕەنگ پەڕیوی وڵاتی من،
لە پیرانشار
گڕێکی سور سەما دەگرێ!!!!!
دوای خۆرەتاو
بەسەر لەشی وەک ئاو ڕوونی
پۆلێ پەپولە ی ئاڵ.
لە شیناوێ
جانتای شانی کیژۆڵەکان،
تەوقەو قردێلە ی قژیان
دەفتەری پڕلە ئەلفو بێ ،
پەنجەی ناسکی دەستیان،
دەبنە خۆڵی نێو ئاگردان.
مشتێک ، نەغمە و ئاوازی جوان
لە باخی مۆسیقا دا دەمرن.
لە شیناوێ
هەڵپڕوکا !!
باخچەی پەپولەکان،
کیژۆڵەکان سوتان،
لە ئامێزی گڕی گەرمی ئاگردا
پێیان بڵێن دڵم نایە لە سێبەری شێعرێکمدا
یەک یەک ناویان بنووسمەوە
بەسەر چاوی پڕ لەتاسەی هەر هەمواندا
بتوێمەوە.
پێیان بڵێن
لە دوورەوە،
بۆنی قرچانی رومەتیان،
ئێشی برینی سەر لە شیان
دەخەمە سەر خامەی سپی،
خەیاڵم پڕە لە جریوەی پڕ دووکەڵیان
لە دڵی خۆمدا ، لەسەر پەیژەی شێعر و ووشە
بۆنی ڕوحیان، کەزیەکانیان دەهۆنمەوە
کوێستان عومەرزادە
١٣.١٢،٢٠١٢