چاره‌نووسی كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كانی دیكه و ماده‌ی 140
جه وهه ر نامق سالم……
زیاتر له چوار ساڵ به‌سه‌ر رزگاری (العراق)و (3) ساڵ به‌سه‌ر ماده‌ی (58)ی یاسای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ قۆناغی گواستنه‌وه تێپهڕیو تهحویلكرا بۆ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی العراق وبووه ماده‌ی (140). لهودهمو تاكو ئێستا ناوه‌ڕۆكی ئه‌و ماده‌یه تهرواح دهكاتو له جێگای خۆی چه‌قیوه‌و، رۆژی (31/12/2007) دواڕۆژی یاساییهتیو، نازانین ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی كۆماری العراق چۆن بڕیار له چاره‌نووسی ئه‌دات. واته كاتی یاسایی ماده‌ی 140 ته‌واوبوو و ناوه‌ڕۆكیشی جێبه‌جێنه‌كرا.
بۆ جێبه‌جێنه‌كراو كێ به‌رپرسیاره‌و چی بكرێت باشه؟ پرسی گرنگی قۆناغی داهاتوومانه..!
به‌ش به‌حاڵی خۆم لایه‌نگیری ئه‌و راو بۆچوونانه‌م كه ده‌ڵێت لایه‌نی كوردستانی به هه‌رسێ باڵه‌كه‌یه‌وه (نوێنه‌رانی كوردستانییه‌كان له به‌غدا. سهرۆكایهتیو حكومهتو په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان. لایه‌نی كوردستانی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك) به‌رپرسیاری یهكهمنو ئه‌م راستییه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت چاو له رۆڵی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی به‌غدا به ته‌حدید (سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران)و ئه‌مریكا بپۆشین. واته پێش ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی به‌غداو زۆرینه‌ی عه‌ره‌بی العراقو لایه‌نی ده‌ره‌كی تاوانبار كه‌ین، باشتر وایه ده‌ست له‌سه‌ر كه‌موكورتی سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد سه‌باره‌ت به كێشه‌ی كه‌ركوك‌و گشت ناوچه ته‌عریبكراوه‌كان دابنێین.
ده‌ستنیشانكردنی لاوازی‌و هه‌ڵه‌كان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له ههوڵو ماندووبوون‌و، وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه‌م ناكاته‌وه‌و، به رهغهمی كهموكورتیو كۆسپه‌كان ده‌ستخۆشیان لێده‌كرێت.
به رای به‌نده هه‌ڵه‌و لاوازی قۆناغی رابردوو زۆرن له‌وانه:
1. هه‌روه‌كو زانراوه تاكو پێش ساڵی 2003، واته پێش قۆناغی رزگاری العراق زۆربه‌ی هه‌ره زۆری هێزه به‌رهه‌ڵستكاره نیشتمانییه‌كانی العراق:
1-1. كه‌م یان زۆر دانیان بهتهعریبو تههجیرو گۆڕینی قه‌واره‌ی نه‌ته‌وایه‌تی ناوچه‌كانی كوردستانیان نابوو. په‌یمانی نه‌هێشتنی ئه‌و بارودۆخه درابوو. دیكۆمینتهكانی كۆنگره‌و كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه گه‌واهی ئه‌وه ده‌ده‌ن.
1-2. گه‌ڕانه‌وه‌ی بارودۆخی كه‌ركوك بۆ دۆخی جارانی خۆی، له زۆربه‌ی زۆری ئه‌و دیكۆمینتانه ره‌نگی دابوه‌وه. بۆ ئه‌م خاڵانه: برِوانه بڕیاره‌كانی كۆنگرهكانو به‌ته‌حدید دواكۆنگرهیان: كۆنگره‌ی له‌نده‌ن (14-16-/12 /2002) به هه‌ردوو دیكۆمینتهكانی (به‌یانی سیاسی)ی‌و پرۆژه‌ی (المرحله الانتقالیه). به‌نده یه‌ك له به‌شداربووانی داڕشتنی ره‌شنووسی هه‌ردوو دیكۆمێنته‌كه بووم‌و، كاتی گۆنگرهكهش سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌ی تایبه‌ت به دیكۆمێنتی (المرحله الانتقالیه) یان پێ راسپاردین.
1-3. ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئهمریكاو به‌ریتانیا بهتایبهتیو، گشت ناوه‌نده‌كانی كۆمه‌ڵگای نێودهوڵهتیو ئه‌وانه‌ی كه په‌یوه‌ندییان هه‌یه به مافی مرۆڤ‌و میلله‌تانی بنده‌ست، له واقیع‌و كاره‌ساته‌كانی كوردستانی باشوور بێ خه‌به‌رو بێ زانیاری نه‌بوون. واته زه‌مینه له‌باربوو بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و غه‌دره مێژووییه‌ی كه دژ به باشووری كوردستان‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی كرابوو.
1-4. له‌كاتی نه‌خشه‌كێشانی ئهمریكاو له‌شكركێشی بۆ رزگاری العراق، لایه‌نی كوردستانی دیكومێنتهكانی كۆنگره‌ی له‌نده‌ن (14-16/كانونی یه‌كه‌م /2002) و بڕیاره‌كانی كۆبوونه‌وی صلاح ا‌لدین (26/2-1/3/2003) به‌ده‌سته‌وه‌بوو. كۆنگره‌و كۆبوونه‌وه‌كه‌ش به سه‌رپه‌رشتی ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌چوو. له هه‌ردووكیشی سه‌فیر (خه‌لیلزاد) ئاماده‌بوو، پاش ته‌واوبوونی كۆنگره‌كه، به چه‌ند سه‌عاتێك، كۆشكی سپی به گه‌رمی خۆشحاڵی‌و پشتگیری خۆی راگه‌یاند.
1-5. له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی رزگاری العراق (19/3- 10/4/2003) لایه‌نی كوردستانی له باشووری كوردستان به خاك‌و به ئیداره‌و، به هێزو به جه‌ماوه‌ر له خزمه‌تی هێزی (رزگاری)كه‌ر بوو به‌بێ مه‌رج. ئه‌وده‌م، رۆژی (10/4/2003)، هه‌رچۆن خانه‌قین‌و چه‌ند گوند‌و شارۆچكه‌ی دیكه له ته‌عریبچییه‌كان پاككرانه‌وه، دهكراو ئاسانبوو لایه‌نی كوردستانی تاكو (حه‌مرین) له ته‌عریبچییه‌كان پاك بكه‌نه‌وه‌و، ده‌سه‌ڵاتی كوردستانی دامه‌زرێنێت. ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ش له‌چه‌ند سه‌عاتێكدا ئهنجامئهدرا. گشت دامودهزگاو دهستو پێوهنو ئامرازی رژێمی داڕماوی سه‌ددامی فاشی به سوپا‌و ئهمنو موخابراتو رێكخستنی بهعسو ته‌عریبچییه‌كان له‌به‌ر تاوان‌و ترسی چاره‌نووسی ره‌شی خۆیان له هه‌موو كون‌و قوشبنێك هه‌ڵده‌هاتن‌و، به‌رامبه‌ر هه‌ر فشارێكی بچوك خۆیان پێ رانه‌ده‌گیرا. له‌جیاتی ئه‌وه، ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی هێزی لایه‌نه كوردستانییه‌كان به‌تایبه‌تی یه‌كێتی‌وپارتی سه‌رقاڵی تاڵان‌و راگرتنی پرۆسه‌ی پاكسازیی‌و هه‌ڵهاتنی تهعریبچییهكانو زامنكردنی مانهوهیانو، كێبڕكێ له‌نێوان هه‌ردوو سه‌ركردایه‌تی، كێ زیاتر سه‌رۆك هۆزو بنه‌ماڵه‌و بنگه‌ی ته‌عریبچییه‌كان راده‌كێشێت بۆلای خۆی. دوای نزیكه‌ی زیاتر له 72 سه‌عات له رزگاربوونی ئه‌و ناوچانه، ئه‌مریكییه‌كان ئاگاداربوونهوهو ره‌وش گۆڕاو، لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كانی نێو هێزه به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی عێراق، بۆ دروستكردنی بنكهوپایهی له‌نێو شار‌و شارۆچكه ته‌عریبكراوه‌كان، به هه‌ڵه‌داوان نوێنه‌رانیان گه‌یشتنه ئه‌و ناوه‌و تهعریبچیو كۆنه بهعسیو كوردكوژ بوونه خاوه‌ن باره‌گاو ئینتیمای حیزبی وه‌كو (INC)و ته‌یاراتی شیعه‌و حیزبی ئیسلامی عێراقی‌و به‌ره‌ی توركمانی..هتد. هه‌ندێ كه‌س له‌نێو لایه‌نه كوردستانییه‌كان له ئهمریكاو توركیا‌و ته‌عریبچییه‌كان زیاتر به په‌رۆشی مانه‌وه‌ی واقیعی ته‌عریب بوون له كه‌ركوك‌و ناوچه‌كانی دیكه ..!
2. كه ئه‌مریكا له هێزێكی رزگاریكه‌ر بووه هێزێكی داگیركه‌ر به‌پێی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كوردستان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ هێزی داگیركه‌ر نه‌كرد وه‌كو نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كی چه‌وساوه‌و بندهستو داگیركه‌ر، به‌ڵكو وه‌كو فهردێك یان هێزیكی عێراقی هاوپه‌یمانی ئهمریكاو (بێ مه‌رج). به‌مه‌ش لایه‌نی كوردستانی ده‌رفه‌تێكی زێڕینی دیكه‌ی له‌ده‌ستدا. چونكه گشت رێككهوتننامهو دیكۆمێنته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن كه ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ر، به‌رپرسیاره له دابینكردنی مافی میلله‌تانی بنده‌ستی هه‌روه‌ها ته‌ئمینكردنی ژیان‌و ئهمنو ئاسایشیشی.
ئه‌وده‌م عێراق داگیركرابوو. ده‌ستوورو حكومهتو ده‌زگاكانی هه‌ڵوه‌شابوه‌وه، به داگیركردن‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حكومهتو دام‌و ده‌زگاكانی، گشت یاساوڕێساو بڕیاره‌كانی له حوكمی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه. به‌داخه‌وه جارێكی دیكه لایه‌نی كوردستانی، وه‌كو نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كی بنده‌ستی ئه‌مریكا دانوساندنی له‌گه‌ڵ نهكردو، به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌و په‌سندكراوی ئامادهنهكردو، خه‌ڵكی كوردستانی پێ تهعبیئهو تهحشید نهكردو، له‌كاتی گفتوگۆ‌و هه‌نگاوه‌كانی دیكه رای كوردستانی‌و عێراقی‌و نێوده‌وڵه‌تی پێ ئاگادارنهكردو، بۆ هه‌ر بڕیارێكی داگیركه‌ری، ئیجابی یان سلبی، پڕۆژه‌یه‌كی نه‌بوو. ئه‌وه‌ی هه‌بوو گوڵبارانو ههڵپهركێو سه‌ماو دروشمی بریقه‌دارو هه‌ڵپه‌ی رازیكردنی ئهمریكاو پلهوپایهبوون، له‌وه‌ی زیاتر سووربن له‌سه‌ر مافه‌كان‌و نه‌به‌زاندنی خه‌ته سووره‌كان. تاكو كار گه‌یشته ئه‌و راده‌یه، له قۆناغی (بریمه‌ر)، ده‌سه‌ڵاتی نوێنه‌رانی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان (پارتی ویه‌كێتی) له (ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵاتی كاتی عێراق)، له‌ڕووی یاسایی‌و ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردان، زۆر له سونگوڵ یان كه‌سانێكی وه‌ك پاچهچیو موفق الربیعی الیاور ..هتد)، زیاتر نه‌بوو. هه‌رچه‌نده پرنسیپی (فیدرالیه‌ت) دواتر یاسای ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ قۆناغی گواستنه‌وه ده‌رچوێندرا، وه‌لێ ئه‌وده‌م به ئه‌مڕۆیشه‌وه ناوه‌رۆكیان خاڵی خیلافهو، ئهمریكاو لایه‌نه عێراقییه‌كان نه كۆكنو نه له‌سه‌ری رێكن..!
3. كه رێكه‌وتننامه‌ی (العملیه السیاسیه) له‌نێوان سه‌رۆكی ئیداره‌ی مه‌ده‌نی داگیركه‌ری ئهمریكیو ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵاتی كاتیی عێراق ئیمزاكرا، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌لای كه‌ركوك یان ناوچه ته‌عریبكراوه‌كان یان سنووری كوردستان نه‌هات، باسی چاره‌نووسیان نه‌كرا به‌مه‌ش كارته‌كه‌یان گه‌ڕانده‌وه ده‌ستی زۆرینه‌ی عه‌ره‌بی باڵاده‌ستی العراق. مه‌علوومه كه ئه‌زموونی ماوه‌ی زیاتر له 85 ساڵ سه‌لماندویه‌تی ئه‌وان ئاماده‌نین مافی كورد قه‌بوڵ كه‌ن وه‌كو كورد داخوازی ده‌كات، با له چوارچێوه‌ی العراقیشدا بێت.
4. هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌تر ئه‌وه بوو، كێشه‌ی ناوچه ته‌عریبكراوه‌كان به كه‌ركوكه‌وه له قۆناغی دوای رزگاری العراق له كێشه‌یه‌كی (سیاسی) له‌نێوان ناوه‌ندی به‌غداو خه‌ڵكی كوردستان گۆڕا به كێشه‌یه‌كی (ره‌گه‌زی. مه‌زهه‌بی. سیاسی). بۆ ئه‌مه‌ش:
4-1. له به‌غداو ناوهڕاستو خوارووی العراق عه‌ره‌بی سوننه‌و عه‌ره‌بی شیعه تاكو ئێستایش له شه‌ڕێكی تایفه‌گه‌ری ناوخۆی نهگریسدان. كه‌چی له كه‌ركوك‌و ناوچه‌كانی دیكه‌ی ته‌عریبكراو هه‌ڵوێستیان یه‌كه به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی بنبڕكردنی ته‌عریب.
4-2. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری عه‌ره‌بی شیعه‌ی (هاورده) بۆ كه‌ركوك‌و ناوچه‌كانی دیكه‌ی تهعریبكراومان، سه‌ر به لیستی ئیئتلافی شیعه‌ن، پابه‌ندن به مه‌رجعیه‌تی شیعه له نهجهفو كه‌ربه‌لا…تاد. ئه‌مڕۆ به‌ڕێز ئایه‌توڵڵا (سیستانی) مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای ئه‌و شیعانه‌یه. نه‌ك هه‌ربۆ ئه‌وانه‌ی سه‌ر به لیستی هاوپه‌یمانی شیعه، به‌ڵكو زۆر له عهلمانیو لیبراڵه‌كانی عه‌ره‌بی شیعه گوێرایه‌ڵی مهرجهعیهتنو، هه‌تاكو ئهمریكاو هه‌ندێ لایه‌نی سوننه‌و كوردیش، زۆرجار دهچنهلایو داوای هاوكاری ده‌كه‌ن. له‌نێو سه‌رانی كورد هه‌ن به‌ڕێز ئایه‌توڵڵا (سیستانی) وا وه‌سف ده‌كه‌ن كه به‌ڕێزی (هدیه من السما‌ء)ه بۆ گه‌لانی العراق. باشه بۆ داوا ناكرێت له‌م (زاته گه‌وره‌یه) ته‌نها فهتوایهكمان بۆ بدات كه برایانی شیعه‌ی (هاورده) خاك‌و موڵك‌و ماڵاتی كوردستانییه‌كانیان داگیركردووه، یان رژێمی فاشی كۆن به زۆر تهرحیلیان كردوون‌و كاتی ئه‌وه هاتووه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ر زێدی بابوباپیرانیان. ئه‌گه‌ر نه‌كراوه باشه بكرێت‌و، ئه‌گه‌ر كراوه‌و نایكه‌ن، رای گشتی كورد‌و غه‌یره كوردی پێ ئاگادار بكرێته‌وه.
4-3. ئه‌وه حكومهتو په‌رله‌مانی كوردستان‌و سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان تاكو ئه‌مڕۆیش له‌و قه‌ناعه‌ته‌دایه كه ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی به‌غدا، رێگره له جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140)، واته هۆكاره (سیاسییه‌كه‌ی له ناوه‌ڕۆكدا وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه..!).
5. له‌وه‌ش خراپتر له‌كاتی داڕشتنی یاسای ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ قۆناغی گواستنه‌وه: به ماده‌یه‌كی تایبه‌تی (م 53) دوو جار كه‌ركوكیان له هه‌رێمی كوردستان دابڕی: جاری یه‌كه‌م (هه‌رێمێك نابێت له (3) پارێزگا زیاتر بێت. دووهه‌م به ناو (كه‌ركوك) بۆی نه‌بوو داخیلی هیچ یه‌كه‌یه‌كی فیدراڵی بێت…!
6. به‌پێی ماده‌ی (58)و به به‌شداری‌و به ره‌زامه‌ندی لایه‌نی فه‌رمی كوردستان:
6-1. گشت ناوچه دابڕاوه‌كانی كوردستانی باشوور، كرا به (المناطق المتنازع علیها) له‌نێو كوردستانییه‌كان خۆیاندا‌و له‌نێوان كوردستانییه‌كان زۆرینه‌ی عه‌ره‌بی باڵاده‌ست. واته كورد به ره‌زامه‌ندی خۆی به دهقهێكی یاسایی (له دوو ده‌ستووردا) كاتی (یاسای به‌ڕێوه‌بردن TAL)و له رێگای ده‌ستووری هه‌میشه‌یی العراق (ماده‌ی 140)و دوو ریفراندۆم، رێگای دا به زۆرینه‌ی عهرهبو خه‌ڵكی دیكه‌ش كه هه‌مان مافیان هه‌بێت له‌سه‌ر سنووری (50%) پانتاییه‌ی خاكی باشووري كوردستان. ئه‌وان وه‌كو زۆرینه‌و خاوه‌ن ئیمكاناتی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی مادی‌و بهشهریو قوڵایی نه‌ته‌وایه‌تی‌و ئیقلیمی‌و نێودهوڵهتیو كوردی ناڕێكوپێكو بێ به‌رنامه‌و دوور له ئیستراتیجیهتێكی نه‌ته‌وایه‌تی‌و گه‌مارۆدراو به نه‌یاران به ته‌نها، ئه‌گه‌رچی ئهودهمو تاكو ئه‌مڕۆش سه‌ركردایه‌تییه فه‌رمییه‌كه‌ی هێشتا له خه‌ونی (حب) یه‌كی یه‌ك تهرهفهدایه له‌گه‌ڵ ئهمریكاو، له‌و رۆژه‌وه تاكو ئه‌مڕۆیش ئیداره‌ی بۆش كوردی وه‌ك كارتی فشار دژ به لایه‌نه عهرهبییهكانو بگره وڵاتانی ناوچه‌یش به‌كاردێنێت، وا ده‌بینین هه‌نگاو به هه‌نگاو په‌ته‌كه توند ده‌كات له ئه‌ستۆی كێشه‌ی كورد. پێش ده‌سه‌ڵاتی كۆماری العراقو ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمیی هه‌رێمی كوردستان، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا (نیگرۆپۆنتی) پاش سه‌ردانێكی (6) رۆژه‌ی بۆ العراق، له 3/12 رایگه‌یاند ریفراندۆم "ماده‌ی (140)" دواخرا بۆ ساڵی 2008 ، كه‌چی رۆژی (9/12) په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان سووربوون له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 له‌كاتی خۆیدا، وه‌لێ له 24/12 بڕیاریاندا (بێ قه‌یدوشه‌رت)، پێشنیاره (6) مانگه‌كه‌ی نوێنه‌ری ی‌و ئێن له العراق سه‌باره‌ت به درێژه‌دان به ماوه‌ی ماده‌ی 140 په‌سندكرد. دوورنییه ئه‌م كێشه‌یه له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی كۆماری العراق له رووی یاسایی‌و سیاسی مه‌یدانی مشتومڕێكی دیكه‌بێت..!
6-2. سنووری ئه‌و ناوچانه (المتنازع علیها)و كێشه‌كانی وه‌كو كه‌ركوك‌و سنجارو خانه‌قین.. تاد، گرێدراوه به گشت گۆڕانگارییه ئیدارییه‌كانی پارێزگاكانی دیكه‌ی العراق كه له سه‌رده‌می رژێمی صدام رووی داوه. واته دابڕانی گوندێك یان شارۆچكه‌یه‌ك له پارێزگای (نه‌جه‌ف) كه خراوه‌ته سه‌ر (كه‌ربه‌لا) یان له‌وان بۆ سه‌ر (رمادی) یان ئه‌وانه كه له به‌غدا دابڕاو یان قه‌زای (زاب) له (موصل) دابڕاو..تاد، هه‌مان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ دهكرێتو له‌هه‌مان كاتدا چاره‌سه‌رده‌كرێت له‌گه‌ڵ كه‌ركوك‌و خانه‌قین‌و ته‌لعه فه‌ر مه‌نده‌لی‌و شێخان‌و ئاكرێ‌و مه‌خموور..تاد) واته مه‌به‌ستی موشریع له‌م داڕشتنه، ئیدارییه نه‌ك تهعریبو گۆڕینی قه‌واره‌ی نه‌ته‌وایه‌تی‌و دیمۆگرافی. (م58-ج). ئه‌مه‌ش یه‌ك له‌و هه‌ڵه گه‌ورانه‌یه كه (موشهرعینی) كورد له لیژنه‌ی داڕشتنی ماده‌ی (58) كردوویانه‌و به‌سه‌ریاندا ده‌ربازكرا، چونكه ده‌كرا كاتی خۆی له یه‌ك جودابكرايَنهوه.
6-3. كێشه‌ی ته‌عریبی كوردستانی باشوور (حصر) كرا به قۆناغی پاش ساڵانی 1968. واته گشت گۆڕانكاری‌و ته‌عریبی سه‌ره‌تای ساڵانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق‌و لكاندنی كوردستانی باشوور به‌م كیانه داتاشراوه، له‌پاش 1925 تاكو ساڵی 1968 سڕایه‌وه. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڵكو سه‌ركردایه‌تی یهكێتیو پارتی نازناوی عه‌ره‌بی (ره‌سه‌نیان) له‌و عه‌ره‌بانه نا كه زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆریان به مه‌به‌ستی ته‌عریب هێنراون بۆ ناوچه كوردنشینه‌كان.
6-4. ماده‌ی (58) پڕه له زاراوه‌ی سه‌یروسه‌مه‌ره‌و پێناسه نه‌كراو له رووی یاساییه‌وه وه‌ك: هاورده. ئاواره. نه‌فی كرا‌و. راگوێزاوهكان…تاد. ماده (58-أ – 1) ئه‌مانه له‌كاتی ویستی دروستكردنی كۆسپ ئیستغلال ده‌كرێن.
6-5. سه‌قفێكی زه‌مه‌نی دیاریكراو دانه‌نرابوو بۆ جێبه‌جێكردنی. بڕوانه (بڕگه‌ی (ج)ی. له‌وه‌ش سه‌یرتر (موشهرعینی) لایه‌نی كوردستانی له داڕشتنی (م/58) بیریان له‌وه نه‌كردبوه‌وه: ئه‌گه‌ر ئه‌م ماده‌یه جێبه‌جێنه‌كرا كێ‌و چ بكرێت.! هه‌روه‌كو ئێستا تێكه‌وتن.!
6-6. له هه‌مووشی سه‌یرتر لایه‌نی كوردستانی رازی بوو له‌سه‌ر ریفراندۆم سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی نزیكه‌ی (50%) خاكه‌كه‌ی.!! واته گومان خرایه سه‌ر خاك‌و سنوور‌و دیمۆگرافیای باشووری كوردستان…!
6-7. پێشنیاری حه‌سمكردنی سنووری كوردستان دراوه به نیاز‌و ئیراده‌ی (توافق). ئیراده‌ی (توافق)یش به‌نده به ئه‌وله‌ویاتی ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی بۆش، ئه‌وله‌ویاتی ئه‌وانیش نهوتو رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی به‌غدا له‌سه‌ر نفوزی دواڕۆژیانو رزگاربوون له‌م زه‌لكاوه. ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی به‌غدایش لای زۆرینه‌ی عه‌ره‌بی عێراقه‌و بڕیاری كۆتاییش دراوه به ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی العراق واته بۆ زۆرینه‌ی عه‌ره‌بی العراق به واقعی حیزبی‌و ئایدۆلۆجی‌و ئاینی‌و مه‌زهه‌بییانه‌وه! (م/58-ب).
6-8. لایه‌نی كوردستانی له گشت قۆناغه‌كانی كاتی‌و گواستنه‌وه‌و به قۆناغی ئێستای هه‌میشه‌ییه‌وه، له حاڵه‌تی سازش‌و پاشه‌كشه‌یه. خۆی راناگرێت له به‌رامبه‌ر فشارهكانو له‌هه‌مووشی سه‌یرتر قه‌ناعه‌تی به وه‌همی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی كردووه‌و ته‌سلیمی هه‌ندێ هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه بووه. خوا شاهیده، هه‌ندێ له به‌رپرسانی كورد، ئه‌وه‌نده بایه‌خ به توركیا‌و مه‌ترسی ده‌ستێوه‌ردانی توركیا ئه‌ده‌ن خودی لایه‌نی توركیا ئه‌وه‌نده كاری بۆ ناكهنو، ئه‌وه‌نده له غه‌می رازی كردنی كاك (ریان كروكهر)ن ئه‌وه‌نده ئاوڕ له ههڵوێستو داخوازی خه‌ڵكی كوردستان ناده‌نه‌وه. ئه‌وه‌نده سه‌رقاڵی یه‌كخستنی هێزو لایه‌نه‌كانی عه‌ره‌بی عێراق‌و عروبه‌تی (العراق)و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ باوه‌شی خاك‌و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بن، ئه‌وه‌نده بایه‌خیان نه‌داوه به گه‌ڕانه‌وه‌ی سنجارو ته‌لعه‌فه‌رو مه‌خموورو كه‌ركوك‌و خانه‌قین‌و مه‌نده‌لی…تاد، بۆ باوه‌شی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌وه‌نده كار بۆ به‌هێزكردنی سوپا‌و دام‌و ده‌زگاكانی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند ده‌كه‌ن وا كار بۆ به هێزكردنی ده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان ناكه‌ن.
6-9. هه‌ر له سه‌ره‌تای رزگاری كه‌ركوك (2003) لایه‌نی كوردستانی له‌به‌ر هه‌ر هۆو هۆكارێك بێت، پێكهاته‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌نێوان كورد‌و عهرهبو توركمان به یه‌كسانی دابه‌شكرد (پرنسیپی32%). پاش هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كه به‌پێی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی (2005) ئه‌نجامدرابوو، لایه‌نی كوردستانی به پێچه‌وانه‌ی ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه، دیسان ئه‌و پرنسیپه‌ی (32%)ی دووپاتكرایه‌وه. ئه‌مه‌ش ناته‌بایه له‌گه‌ڵ ده‌ستوورو رێزنه‌گرتنه له ئیراده‌ی زۆرینه‌ی دهنگدهرانو، سابیقه‌یه‌كی یاسایی خراپی لێده‌كه‌وێته‌وه. له‌وه بوو پاش نه‌مانی تهعریبو دیاری كردنی سنووری كوردستان‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك بۆ باوه‌شی هه‌رێمی كوردستان، ئیجرائاتو هه‌ڵوێستی وه‌ها، مایه‌ی نیگهرانیو مه‌ترسی نه‌بێت به‌ڵكو ده‌ستخۆشی لێبكرێت.
6-10. كه قۆناغی حكومه‌تی عهلاویو جه‌عفه‌ری ته‌وابوو و مالیكیش وا به‌ره‌و ته‌وابوون ده‌ڕوات، لایه‌نی فه‌رمیی كوردستان سه‌باره‌ت به جێبه‌جێنه‌كردنی ماده‌ی 58 و ته‌حویلكردنی بۆ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی العراق (م 140)، زیاتر سه‌رقاڵی هه‌وڵی چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵكی كوردستان بووه وه‌ك: (رێبازی جێبه‌جێكردن به باشی ده‌ڕوات). (حكومه‌تی مالیكی‌و ئه‌مریكا سوورن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی). (ده‌بێت پێش كاتی ته‌واوبوونی ماوه‌كه‌ی جێبه‌جێبكرێت). (ده‌بێت له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجامبدرێت). یان (رازی نابین به تهئجیلكردنی به‌ڵام مانعمان نییه دوابخرێت!) یان (سه‌ركردایه‌تی كورد دژی وشه‌ی دواخستنه، چونكه وشه‌ی دواخستن وشه‌یه‌كی ناپه‌سه‌نده، درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌كه‌ی په‌سنده..تاد)، هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه جۆرێكه له دیماگۆگی یان دروستر نهزانینو یاریكردن به چاره‌نووسی كێشه‌یه‌ك وه‌كو كێشه‌ی كه‌ركوك‌و ناوچه‌كانی دیكه‌ی هاوچه‌شنی كه‌ركوك. ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش ئه‌و دۆخه‌یه كه ئێستا خودی لایه‌نی كوردستانی به‌ده‌ستیه‌وه دۆش داماونو، خودی شه‌رعیه‌تی ماده‌كه كه‌وتوه‌ته ئه‌گه‌ره‌وه. ئه‌ودیوكردنی ئه‌م ماده‌یه پاش ته‌واوبوونی سه‌قفه یاساییه‌كه‌ی (31/12/2007) بۆ (6) مانگی دیكه پینهوپهڕۆیهكی تره‌و، تاكو ئێستا به روونی نه‌زانراوه لایه‌نه‌كانی نێو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی العراق ره‌د فیعلیان چۆن‌و چی ده‌بێت.
6-11. ژماره‌یه‌كی زۆر له خه‌ڵكی موهتهمو غه‌مخۆری كێشه‌ی كورد، به توندی ره‌خنه‌یان له چه‌ند لایه‌نێكی (ماده‌ی 58) و پاشتر ماده (140) كرد به‌تایبه‌تی له پرنسیپی (المناطق المتنازع علیها)و ریفراندۆم…تاد. وا خودی ریفراندۆم بووه‌ته كێشهیهكو، تازه به تازه سه‌رانی فه‌رمیی كورد به‌ده‌ستیه‌وه داماون: ئایا له‌سه‌ر پرنسپیی (المناطق المتنازع علیها) بكرێت، یان (ناحیه به ناحیه‌و قه‌زا به قه‌زا). یان (پارێزگا به پارێزگا). له‌م رۆژانه‌یشدا باس له شێوه‌یه‌كی دیكه ده‌كه‌ن ئه‌ویش گوایه (ئه‌نجومه‌نی شاره‌كان بڕیار بده‌ن)..! واقیعی تهعریبو كاروكاردانهوهی چوار ساڵی لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستانی‌و عێراقی‌و رۆڵی ئه‌مریكا دوای قۆناغی رزگاری‌و داگیركردنی العراقو، ده‌رئه‌نجامی حوكمڕانی (3) حكومهتو پیاده‌كردنی دوو ده‌ستوورو دوو هه‌ڵبژاردن، هه‌ڵبژاردنی هه‌ریه‌ك له‌و سێ ئالیه‌ته بوو ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و ئاقاره كه، كورد، به ره‌زامه‌ندی‌و به ده‌نگدانی خۆی، له سنووری (15-22) هه‌زار كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌ی خاكی كوردستانی باشووری له‌ده‌ستبدات. واته له سنووری دوو جار به ئه‌ندازه‌ی وڵاتێكی وه‌كو لوبنان. جا چ لایه‌نێكی كوردستانی‌و چ سه‌ركرده‌و سه‌ركردایه‌تیه‌ك جورئه‌تی وه‌ها ده‌كات ته‌حه‌مولی تاوانێكی وه‌ها بخاته ئه‌ستۆی خۆی‌و، كێیه ئه‌و كورده كه ئاماده بێت له به‌شداری‌و سه‌رخستنی پڕۆژه‌یه‌كی وه‌ها نه‌فره‌ت لێكراو..!!
گشت قۆناغه‌كانی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140) كه له به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌تی مالیكی دیاری‌و ته‌سبیت كرابوو، لایه‌نی كوردستانی‌و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی العراق په‌سندی كردبوو واته: ئاسایی كردنه‌وه‌كه ده‌بوایه له 29/3/2007 ته‌واو بێت‌و، قۆناغی سه‌رژمێری كه ده‌بوایه له 31/7/2007 تهواوبێتو، قۆناغی كۆتایی ریفراندۆمه‌كه ده‌بوایه له 15/11/2007 ته‌واو بێت، هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه نه له‌كاتی خۆیاندا‌و نه تاكو ئێستا ئه‌نجامدراون. له (9/12/2007) لایه‌نی كوردستانی ده‌نگیان لێوه هات. ئه‌مه دووپاتكردنه‌وه‌ی هه‌مان به‌سه‌رهاتی ماده‌ی (58)ه كه پاش ئه‌وه‌ی دوو حكومه‌تی پێشوو (عهلاویو جعفری) كه له‌نێوان (30/6/2004 – 3/12/2005) هیچیان به‌هیچ نهكردو ده‌نگ نه‌كرا تاكو دواسهعاتی ته‌مه‌نی (یاسای به‌ڕێوه‌بردنی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ قۆناغی گواستنه‌وه). ئه‌وده‌م دیسان په‌رله‌مان كۆكرایه‌وه. بڕیار وه‌رگیرا وه‌فدێكی باڵا بڕوات بۆ به‌غدا. كه هاته‌وه (4) په‌یمانیان هێنابوه‌وه. یه‌كه‌میان نامه‌یه‌كی سه‌رۆك كۆماری العراق بوو (الیاوهر). دووهه‌میان نامه‌یه‌كی (سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی عێراق بوو (د. فوئاد مه‌عسوم). سێهه‌میان نامه‌یه‌كی باڵیۆزی ئه‌مریكا بوو (جون نیگرۆپۆنتی) له 15/5/2005. چوارهه‌میان نامه‌یه‌كی سه‌فیری به‌ریتانیا له به‌غدا (ئه‌دوارد چاپلن) له 15/5/2005. هه‌ر چوار نامه‌و به‌ڵێنه‌كان جه‌ختكردن بوو له پشتگیری‌و پێویستی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (58)، له‌كاتێكدا هه‌رسێ حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی العراقو تاكو ئه‌مڕۆیش نكۆڵی له پابهندبوونو جێبه‌جێكردنی (58)ی ئه‌وساو (140)ی ئێستا ناكهنو ئه‌وه كێشه نییه، وه‌لێ كێشه‌كه له (كهیو چۆنیهتیو ده‌رئه‌نجامی جێبهجێكردنهكهدایه.. هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌و پێش ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی سه‌ره‌وه‌و، له 28/12/2004 سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وده‌م (د. ئه‌یاد عه‌لاوی) نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كوردستان كرد كه ناوه‌رۆكی هه‌مان ناوه‌رۆكی نامه‌كانی سه‌ره‌وه‌بوو. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر لایه‌نی كوردستانی به‌رپرسیاره‌و ئه‌وه‌نده جێبه‌جێكردنی ئه‌م ماده‌یه‌ی لا مه‌به‌ست بوو، هه‌روه‌كو خۆیان هه‌میشه (جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن)، بۆ قۆناغ به قۆناغ ده‌نگیان لێوه نه‌هات. كه بارودۆخی ناوچه به عهرهبكراوهكان ئاسایی نه‌كرێته‌وه (29/3/2007) چۆن پێشبینی ده‌كرێت سه‌رژمێری بكرێت تا (13/7/2007). كه ئه‌و دوو قۆناغه ئه‌نجام نه‌درێت ریفراندۆم چۆن ده‌كرێت (15/11/2007) وه‌كو دوا قۆناغ ..!!. قۆناغه‌كانی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140) ته‌واوبوو. گه‌ڕاینه‌وه بۆ هه‌مان سیناریۆی كۆن: لایه‌نی كوردستانی هه‌ندێ هه‌ڵچوون. لیژنه‌ی باڵای ماده‌ی 140 ده‌عوه‌ت كرا بۆ په‌رله‌مان. په‌رله‌مان كۆكرایه‌وه. زۆر كوترا. ده‌عوه‌تی به‌ڕێز (ستیفان دۆمیستۆرا) كرا بۆ په‌رله‌مان قسه‌كانی 3/12ی (جۆن نگرۆپۆنتی) دووپاتكرده‌وه ئه‌ویش پێشنیاره‌كه‌ی (بیكر – هامیلتون)ی پیاده‌كرد سه‌باره‌ت به كه‌ركوك‌و ریفراندۆم‌و سه‌ردانی كتوپڕی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ به‌غداو كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی 18/12ی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك‌و جه‌ختكردنی له‌سه‌ر: (ضروره تجاوز الادعات التأریخیه حول المدینه) (واهمیه كركوك لمستقبل العراق) له‌كاتێكدا سوپای توركیا‌و به ته‌نسیق له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مریكا هێرشیان ده‌كرده سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان‌و، خزاندنی (UN) بۆ نێو كێشه‌كه به‌ناوی هاوكاری تهكنیكیو، گه‌ڕانه‌وه‌ی جێبه‌جێنه‌كردنی ماده‌ی (140) بۆ هۆكاری (ته‌كنیكی) هه‌روه‌ك هه‌ندێ له به‌رزه لێپرسراوانی كورد له به‌غداو له هه‌رێم رایانگهیاندووهو، دواتر راگه‌یاندنی بێ مه‌رجی په‌رله‌مانی كوردستانی رۆژی 26/12/2007، ته‌عبیره له چاره‌نووسی ئایندهی كێشه‌ی كه‌ركوك‌و ماده‌ی 140..!
چیبكرێت باشه..؟
كه له‌كاتی پێویست‌و له فرسه‌تی ره‌خساو هیچی جیدی‌و حاسیم نه‌كرا. تاكو دێت پارسه‌نگی ململانێكان له قازانجی لایه‌نی كوردستانی نییه. گۆڕینی قه‌واره‌ی نه‌ته‌وایه‌تی به یاسا‌و به ریش ماچكردنو سیاسه‌تی كورده نامووسهو ده‌ستبه‌سه‌ر كڵاوی خۆ بۆئه‌وه‌ی با نه‌یبات، چاره‌سه‌ر ناكرێت‌و مه‌نتقێكی چه‌وته‌و ده‌لیلی نه‌كردنه. هه‌ل تیغه نه‌یبڕیت ده‌تبڕێت. واقیعی سه‌ركردایه‌تی فه‌رمی كوردستان له میانه‌ی ئه‌م چوار ساڵه به‌تایبه‌تی له‌وه ده‌چێت نه‌خشه‌و پلانیان بۆ ئه‌وه نییه ئه‌و ناوچانه بگه‌ڕێنه‌وه. زیاتر بۆئه‌وه‌یه كه ئه‌وه‌ی هه‌یه ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیردرێت تاكو ده‌لوێت قۆرخی كهنو، دیاره ئه‌گه‌ری ئاڵۆزبوونی ئه‌و دۆخه لای ئه‌وان له خانه‌ی مه‌حاڵ بێت….
هه‌ندێ جار ئۆباڵی ره‌وشه‌كه ده‌خه‌نه:
• سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند له‌كاتێكدا خۆیان حوكمڕانن له ناوه‌ند..!
• ده‌مێكی دیكه ده‌یخه‌نه ئه‌ستۆی توركیا، كه‌چی تاكو بناقاقای هه‌رێمی كوردستانیان غه‌رق كردووه به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا‌و، به فیعلی توركیا هه‌رێمی كوردستانی داگیركردووه له رووی ئابووری‌و كلتووری بگره هه‌ندێ بواری دیكه‌ش. هه‌ر له له‌ته نانێك‌و سه‌لكه پیازو توورو باكێتێكی كێك‌و ئاوی (حه‌یات) وباڵهخانهو ته‌لارو گشت كۆمپانیاكانی خزمه‌تگوزاری ئیستهلاكیهكان، كه كه‌ره‌سه‌و كاڵای زۆربه‌یان ئیكسپایره، تاكو بواری بهدواگهڕانو ده‌رهێنانی نه‌وت. زیاتر له دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌و كۆمپانیا بێگانانه كه له‌كوردستان كارده‌كه‌ن توركن. كه‌چی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ی حكومه‌تی توركیا به كورد‌و به‌م كیانه ده‌یكات (با به ده‌واری… ناكات). چی گوتنی نابهچیو سووك نه‌ما بهكوردو به سه‌ركردایه‌تی كوردستان‌و به ئه‌زموونه‌كه‌ی نه‌یكه‌ن. دانی پێ نانێت‌و هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌مارۆی ئابووری‌و هێرشی سه‌ربازیی دهكاتو سوپاكه‌ی به فه‌رمیی له پهرلهمانو حكومه‌تی ئه‌ردۆگان مۆڵه‌تی وه‌رگرتووه له‌ئێستاوه تاكو ساڵێكی دیكه هه‌ر كات ویستی سنوورمان ببهزێنیتو ئه‌وه‌ی بۆی كرا بیكات. رۆژانه گوند‌و چیا‌و دۆڵه‌كانی سنووری كوردستان تۆبباران ده‌كات. بنكه سوپاییه‌كانی له بامهرنیو شێڵادزێو كانی ماسی‌و رانیه.. تاد و، تیمه تایبه‌تییه‌كانیان له شار‌و شارۆچكه‌كانی ههرێمو، (به‌ره‌ی توركمانی) كه تاكو ئێستایش دان به یاسا‌و رێساكانی هه‌رێمدا نانێن باره‌گاو چالاكییان ئازاده‌و راسته‌وخۆ دژی ئه‌م هه‌رێمه‌و دژی كورد له‌گشت بواره‌كاندا كاردهكهنو ئیمتدادی باڵای ده‌زگا سیخوڕی‌و سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیایه‌و درێغی ناكه‌ن. سه‌ركردایه‌تی فه‌رمیی هه‌رێم به راشكاوی ده‌ڵێن ئێمه هه‌موو شتمان بۆ توركیا كردووه‌و، ئاماده‌ین هه‌موو شتیان بۆ بكه‌ین به‌ڵام ئه‌وان ئاماده نین مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن..!!
ته‌ماشاكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ توركیا له گۆشه‌نیگای به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی ته‌سكه‌وه وای له هه‌ندێ له ناوه‌نده‌كانی بڕیاری ئه‌م هه‌رێمه كردووه زیاتر له‌رزۆك بن به‌رامبه‌ر به هه‌ره‌شه‌و گوڕه‌شه‌كانی. پاساوه‌كانیان ته‌واوكه‌ری هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌یه ده‌سه‌ڵاتدارو راگه‌یاندنی تورك بن، كه‌چی ده‌بوایه له‌جێگای ئه‌وه: ئه‌و جۆره كاربه‌ده‌سته كوردانه‌و راگه‌یانده فه‌رمییه‌كانیان، جه‌ماوه‌ری كوردستان ساز‌و تهعبئهكهنو، فشاربخه‌نه سه‌ر توركیا‌و، دهستێوردانهكانیان مه‌حكوم كه‌ن، دونیای لێ پڕكه‌ن، كه‌چی به مه‌هانه‌ی عه‌قلانیه‌ت‌و سیاسه‌تی واقیعانه توركیا وه‌صف ده كه ن بة :
• ده‌روازه‌و شاده‌ماری ئابووری هه‌رێمی كوردستانه.
• دووهه‌م سوپای ناتۆیه.
• هاوپه‌یمانی ئیستراتیجی ئه‌مریكایه.
• ئه‌ردۆگان دۆستی كورده. دانی به مافی كوردا ناوه. …هتد
• ئیدی نابێت ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌كرێت. واته شه‌رعیه‌ت بدرێت به ده‌ستێوه‌ردانی توركیا له كیشه‌ی ناوخۆی وڵاته‌كه‌مان.
كورد بۆ خۆی ئه‌ویشی كردوه‌ته ته‌ره‌فێك له كێشه‌ی كه‌ركوك‌و گشت ناوچه تهعریبكراوهكانمان. به‌ڕاستی (مه‌نتیقێكی) سه‌یره…! خۆت بۆ خۆت مێردزمهو بت دروستكهیتو پاشان چۆكی بۆ دانێیت..!
• ئه‌ڵێن: ئه‌مریكا هاوپهیمانو دۆستی كورده. كه‌چی ئه‌وان پێش لایه‌نی عێراقی‌و كوردستانی‌و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان هه‌روه‌كو ئاماژه‌مان بۆكرد، رایانگه‌یاند كه كێشه‌ی كه‌ركوك‌و پرۆسه‌ی ریفراندۆم ئه‌مساڵ ناكرێت، ئهودیوكرا بۆ ساڵی 2008!
• ئه‌ڵێن: بۆش رزگاركه‌ری العراقه. هاوپه‌یمانه. یه‌كه‌م جاره به‌رژه‌وه‌ندی كورد له‌گه‌ڵ زلهێزێگی جیهان یه‌ك ده‌گرێته‌وه. ئه‌مریكا پرۆژه‌ی هه‌یه بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. دیموكراتیهتو رزگاری‌و علمانیه‌ت‌و عه‌وله‌مه‌ی هێناوه…تاد. بۆیه نابێت كورد له قسه‌ی ئیداره‌ی بۆش ده‌رچێت. (گارنه‌ر) یان (بریمه‌ر) پاشتر (خه‌لیل زاد)و ئێستا (كرۆكه‌ر)، چی ویست ئه‌وه باشه‌و، ده‌رچوون لێی هه‌ڵه‌و تاوانه..!
ئه‌م جۆره پانكردنه‌وه بۆ ئیداره‌ی ته‌وابوو و لاواز‌و دۆڕاوی بۆش، له‌لایه‌ن بازنه‌یه‌كی باڵای ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان، بۆچوونێكه كه له زۆر لایه‌وه جامیدو كۆن‌و ناته‌ندروسته.
هه‌موو كوردستانییهكی هوشیارو دڵسۆز ئه‌زانێت ئه‌و ئیداره‌یه بۆ هاتو چی دهوێتو، له‌به‌ر چاوی ره‌شی كوردان نه‌هاتووه‌و لێره نه‌ماوه‌ته‌وه.
راسته له رماندنیو نه‌هێشتی رژێمی تاوانباری سه‌دام، كوردیش سوودبه‌خش بوو، بۆ ئه‌مه‌ش كورد زیاد له لزوم قوربانیمان دا‌و، له‌وه‌ش زیاتر سوپاس‌و پێزانی لایه‌نی كوردستانی له‌سنووری پێویست ده‌ركه‌وت كه‌وتوه‌ته خانه‌ی خۆ به‌كه‌م زانین‌و چه‌مانه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش تاكو ئه‌مڕۆیش ئه‌م ئیداره‌یه په‌یمانێكی به كورد نه‌داوه سه‌باره‌ت به دواڕۆژی، جگه له هاوڵاتییه‌كی عێراقی.
ئه‌م خۆ به‌كه‌م زانین‌و خۆچه‌مانه‌وه له‌لایه‌ن لایه‌نێكی به‌رچاوی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمیی كوردستانی، نه‌خۆشییه‌كی كوشنده‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یه كرۆكهكهشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تیۆریه‌كی خهتهرناكو هه‌ڵه كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی بریتییه له‌و هاوكێشه‌یه كه ده‌ڵێت:
• ئه‌وه‌ی بۆ ئیداره‌ی بۆش باش بێت بۆ سه‌ركردایه‌تی كورد باشه..!
• ئه‌وه‌ی بۆ سه‌ركردایه‌تی كورد باش بێت بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد باشه.!!
له‌كاتێكدا پێچه‌وانه‌ی ئه‌م هاوكێشه‌یه راست‌و دروسته.
بۆیه تاكو سه‌ركردایه‌تی فه‌رمیی كوردستان ئه‌م هاوكێشه‌یه راستنهكاتهوهو، ده‌ست له تاكتیكی (مامه‌ڵه‌ی رۆژ) ههڵنهگرێتو هه‌موو كارته‌كانی ململانێ نه‌خاته گه‌ڕو ئاماده‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه نه‌بێت، ئه‌وه هیچ حه‌لێكی دیكه‌ی جیدی نییه بۆ ئه‌م قه‌یرانه‌و، هه‌میشه نه‌یاران ته‌ماح له كێشه‌ی میلله‌ته‌كه‌مان دهكهنو دۆستانیشی له‌كاتی پێویستدا په‌راوێزی ده‌كه‌ن یان ده‌كرێته قۆچی قوربانی…
ئێمه دژی ئاڵۆزی‌و توندوتیژیو شهڕوشۆڕو پێكدادانین. تاكو بكرێت‌و له تهحهمولدا هه‌بێت دۆستایه‌تی ئهمریكاو ده‌رو جیران فه‌رامۆش نه‌كرێت. به‌ڵام چۆن خه‌ڵكی دیكه خه‌تی سوور‌و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وایه‌تی هه‌یه كوردیش هه‌رواو، له كوێ‌و تاكو كوێ، چۆن خه‌ڵكی دیكه ئه‌توانێت فشار بخاته سه‌رو به‌ربه‌ره‌كانی به‌رژوه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی دیكه بكات، كوردیش هه‌روه‌ها. واته هه‌ر نه‌ته‌وه‌و بزاڤێك به ئه‌ندازه‌ی هێزو توانا‌و به‌رژه‌وندی خۆی ئه‌توانێت كاریگه‌ری خۆی هه‌بێت، سلبی یان ئیجابی، له‌سه‌ر به‌رژه‌وندی خه‌ڵكی دیكه.
له‌نێوان خه‌باتی سه‌رمێزو دیالۆگی فهرمییو نهێنی تاكو راده‌ی توندوتێژی، ده‌یان بوار‌و ئامراز‌و شێوه‌و شێوازی دیكه‌ی خهباتو ململانێی مهدهنیو ئاشتیخوازی هه‌یه. ده‌ستكه‌وتی یه‌ك سه‌ده‌ی ئه‌م میلله‌ته له ئه‌نجامی ململانێ‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری ئامادهباشو خاوه‌ن پرنسیپ‌و دسپلینو بیروباوه‌ڕو خاوه‌ن كێشه بووه. هه‌ر ئه‌م هاوكێشهیشه بۆ ئێستا‌و ئایندهمانیش وهسفهیهكه له زۆر رووه‌وه دروسته‌و، هه‌لومه‌رجه‌كان زۆر له جاران له‌بارتره. هه‌رچیش بكرێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی له سنووری (50%) ی خاكی باشووری كوردستان بۆ باوه‌شی هه‌رێم كه‌مه‌و، له‌سه‌ر ئه‌مه كورد خوانه‌خواسه تێكچێت له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رزو به‌ڕێزو گه‌وره‌تره له‌وه‌ی له‌سه‌ر شتێكی دیكه…!
30/12/2007