
پریاسكەیەك یادەوەرى…. عومەر جەلال
دەست دەبەم بۆ دڵى ئاگر
ئەو رۆژانەم یاد دێتەوە لەسەرماى زستان دا
بەدیار فرۆشتنى گوڵەبەرۆژەوە دەستەكانم دەبوونە سەهۆڵ
خەندەى ئاو…
ئەو شەوانەم بەیاد دێنێتەوە لەچاوەڕوانى (یار) دا دەبوومە بەرد
پەپولەیەك دەبینم باڵەكانى خوار بووەتەوە
پوچێتى قوتابخانەكەمانم یاد دێتەوە
كاتێك مامۆستاكانى دەستیان دەشكاندین
تەنیا بۆ ئەوەى پرسیار نەكەین
منداڵێك دەبینم رێگاى ماڵى یاد چووەتەوە
پرسیار لە ماڵى وونبووى خۆیان دەكات
ئەو ساتانەم یاد دێتەوە
گومانم لە بوونى ئەم ژیانە و پرسیارەكانم لە قوڵاى ئاسمان دەكرد
كە بێ وەڵام دەبوومەوە
ئیدى هەمیشە دەگریام…
كچێكى قەیرە دەبینم بەتەنیا پیاسە دەكات
بێهودەیە و غەمەكانى بۆ (با) راڤە د ەكات
هاوارى ئەو كوڕە تەنیایەم یاد دێتەوە بە كوڵ دەگریا بۆ دیتنى رووخسارى یار
شەقامێك دەبینم كۆنكرێت دەكرێت
دروود بۆ گەمەكانى منداڵیم دەنێرم
ئەو هەموو خانووە قوڕەم تێیدا بە جێ هێشت
ساتێك بە منداڵى دەمكردن…
دەگریم بۆ ئەو دەریا فرمێسكەى
دەمڕشتن لە پاش مەرگى هاورێ بێكەسەكانم
كۆترێك دەبینم دەفڕێت
ئەو خۆزگە بێ ئومێدەم یاد دێنێتەوە
كە خەونم دەبینى بەفڕینەوە بۆ ئەودیوى ژیان
omerjelal@yahoo.com