سەفەرنامەی تەمەنێکی موسافیر ،نوسینێک کە تەواو نابێت…..
تەمەن وسەفەر لە ساڵی تازەی ٢٠١٣ دا…
تەمەن لە سەفەری خۆی دایەو
منیش وەکو موسافیرێکی نابەلەد ،
لەناو سەفەری گەڕانێکی لاتەریکدا ،
بەدوای رۆژو مانگ وساڵە لاتەریکەکانم ،
ئەگەڕێم..سەفەر ئەکەم…
تا لاتەریک نەبم…
سەفەر ئەکەم ،
رێگا ئەبڕم.
تا سەفەرێک ئەکەم ئەبێت رێگایەک ببڕم ،
تا رێگایەک ئەبڕم،
هەزارەها رێگای تر بۆن ئەکەم..
من ناتوانم بێ رێگا بم ،
گەر بێ رێگا بم ،
بێ سەفەر ئەبم ،
گەر بێ سەفەر بم ،
لە رێگا ئەبم، لە ژیان ئەبم…
من لە سەفەردا خۆم ئەبینمەوە..
بەپەلەم تا رێگایەک ئەبینمەوە ،
رێگایەکیش ببڕم ،
رێگاکان هەرچەند دوور بن ،
من ئەوەندە دوورتر ئەڕوانم ،
دوورتر ئەڕۆم…
تا رێگایەکی تر ئەبینمەوە ،
خۆمی تێدا خڕ ئەکەمەوە…
بۆ وێران بوونی ئەو سنوورانەی رێگاکانم لێ وێران ئەکەن ،
من چەند کوتلەیەکی شەختەی درز درزم ،
من ئەبێت رێگا ببرم ..
تا پارچە پەرتەکانم خڕ کەمەوە ،
من چەند پەرت وبڵاوم ،
پەرتتر لە پارو بڵاوتر لە پێرار…
تا رێگایەک بمێنێت بۆ وێرانیم ،
بڵاوتر ئەبم ،
قەوارەکەم پەرتتر..
قەوارەکەم چەند پەرت وبڵاوە ،
لە نێوان دەستاڕەکانی سنووردا ،
دەستم لە قاچم ئەبێت و
قاچم لە قەدم..
من لە هەنجن هەنجن بوونی خۆم دام..
من ئەڕۆم و
ئەوان لێ ناگەڕێن هەست بە پەلەکانی خۆم بکەم ،
لێ ناگەڕێن پارچەکانی خۆم خڕ کەمەوە ،
بە هەورازی تەمەن ئەڕۆم ،
لە هەناسەیەک ئەگەڕێم ،
هەناسەم سوار ،
خۆم سواری ملی خۆم ئەبم…
ساڵ ئەڕوات و ساڵ دێت ،
من هەر لەوێم ،
لە وڵاتێکی وێران ،
وێران بوو بەمن بەتۆ بە شەڕ ،
بە سیاسەتی پیاوە ناسیاسیەکان…
من هەر لەوێم ،
لە مەفتەنێکی پڕ ئافات وئاشووب…
ساڵ دێت ومن ئەڕۆم ،
من هەر لەگەل خۆم دام ،
لەگەل خۆم و سێبەرەکەم ئەڕۆم ،
لەوێوە دانابڕێم…
خۆم ورابردووم ،
رابردوو وبیرەوەیە تاڵەکانی دوێنێکە ،
هەریەکە لە پێشبڕکێی یەکتربڕینی مندان ،
گرەویان لەسەر ئەوەیە ،
کێ زووتر بە مەفتەنێکی نەهامەتی بوونی خۆیم ئەبات..
من نەجات نابم لە خۆم لە نەهامەتیەکانی نیشتمان ،
کێ ئەتوانێت لە تەڵەزگەکانی نیشتمان ،
دەربازم کات…
من وتەمەن ،
دوو سواری سەر یەک ئەسپین ،
هەریەکەمان بۆ خۆی بەرووی بادا ئەروات و
ئەکەوێتە رێ..
هەریەکە بۆ خۆی سەول بەلایەک لێ ئەدات و
ئەبێتە پێ..
من وتەمەن ،
لەو دەربەندەدا ،
هەردووکمان بە دووڕیانێکی بێ دەربەست ،
رەت ئەبین..
رێگایەک نیە دەستمان بگرێت و
تەمەنێک نیە بۆنێکی بەختەوەریمان پێدا بپژێنێت ،
بە دەروویەکی قورتاریی بوون تێمانپەڕێنیت..
هەر ئەبێت بەو خەرەندە هاتونەهاتەدا تێپەرین ،
تێئەپەڕین وتەرمی خۆمان لەکۆڵەو
بەدارەبازێک بە دونیادا رێ ئەپێوین..
وەکو رێبوارێکی دەروێشی تەنیا ،
مەرگەساتەکانمان بەدەم سەفەرە ،
بەبا ئەکەین..
ژانەکانمان بە دەم باوە ،
وەر ئەکەین..
بە دەفێک کارەساتەکانمان ئەژەنین ،
بە شمشێرێکیش سەری خۆمان لەت ئەکەین….
ئەرۆین وسەفەر ئەکەین ،
رێگا ئەبڕین .
شوێنپێیە ونەکانی خۆمان هەڵئەگرین ،
تا لە شوێنێکدا ون نەبین ،
بزر نەبین..
تا لە قەبرستانێکی شارەوانی شارێکدا ،
خۆمان لێ بزر نەبێت ،
ناومان لێ بزر نەبێت ..
ساڵەکان شەقار شەقار ئەبن ،
ساڵی تازەتر شەقار شەقارترمان ئەکات ،
ئێمە چەند شەقارین چەند عاشقی شەقار بوونین…
تەمەنیش ئەڕوات و
دەرەقەتی شەقاربوونمان نایەت و
لەگەل ساڵی پێشوو ئاشت نابێتەوە..
کێ لەگەلمان ئاشت ئەبێتەوە ،
من لەگەل خۆم ئاشت نابمەوە ،
تۆ چیتر باسی ئاشتیم بۆ مەکە..
کە شەڕ چیتر بەردەرکەم بەر نادات ،
تەمەن دەست لەخۆی بەرئەدات..
من بە بێ ساڵ چیم ،
من بە بێ تەمەنێکی بەلەد چیم ،
من بە بێ قەوارەیەکی یەکگرتوو چیم ،
من بە بێ نیشتمان چیم ،
نامەوێ ساڵ دوای ساڵ بژمێرم ،
ژمارەکان لە کێشی خۆم زیاترن ،
تا کەی لە سفرەوە دەست پێ بکەم ،
کە خۆم سفر بم…
تەمەنم لێرەوە باوێشک ئەکا ،
زیاتر بەدوای وەنەوزی خۆی راناکات….
من ئەمەوێ لێرە بەبێدەنگی لە غوربەتیێکدا ،
راکشێم…
من وخۆم وتەرمی خۆم ،
خۆم وتەمەن وتەرمی خۆم ،
بەرلەوەی بچینە ناو ساڵێکی تر ،
نەگبەتی نەهامەتیەکی تر ،
من لێرەوە خۆم ئەنێژم..
من لێرەوە ماڵئاوایی لە خۆم ئەکەم..
پەیکەرم لە خۆم یاخیە ،
لە تەرمێک ئەگەڕێت..
تەرمم لە خۆی یاخیە ،
لە تابووتێک ئەگەڕێت..
تابووتم لە هەڵگرتنی خۆی یاخیە ،
لە داربازێک ئەگەڕێت..
خۆم لە خۆم یاخیم..
نامەوێ بچمە ناو ساڵی خەمێکی تر ،
بەو هەموو تەرم وتابووت ودارەبازو
پەرت بوونە..
نامەوێ زیاتر پەرت و
پارچە پارچەتر بم..
هیچ ساڵێک نیە یەکم خاتەوە ،
هیچ تەمەنێک نیە رابردووم ،
لەبیر بباتەوە..
من تا هەم هەر لە سەفەرم ،
هەر لە رێگا بڕین و
رێ پێوانم…
من تا هەم لە رێ پێوانی خۆم دام..
لە گوازتنەوەی تەرم و
دارەبازی تەمەنێکی پەرت و
موسافیر دام..
شوان عوسمان- هۆڵەنده
رۆزن بێرخ -٢١/١٢/٢٠١٢