
خوێندنەوەیەک بۆ 'نەخشەڕێگای گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەكان'
ڕۆژی 24/11/2012 لە سایتی NRT، بەڕێزان د.شێرکۆ کرمانج و ئارام ڕەفعەت بابەتێکیان بڵاوکردەوە بەناونیشانی ‘نەخشەڕێگای گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەكان’ کە پێشتر لە زنجیرەی چوارەمی نوسینێکی حەوت بەشیدا بە ناونیشانی ‘نه‌خشه رێگای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستانی’ لە ڕۆژنامەی ‘هاوڵاتی’دا بڵاویان کردبووەوە. هەرئەوکات ئێمە چەندین تێبینیمان لەسەر کۆی نوسینەکە هەبوو، بەڵام بە داخەوە هەردووکمان سەرقاڵ بووین و بواری وەڵامدانەوەی ئەو زنجیرە بابەتەمان نەبوو. پێمان وایە زنجیرە بابەتەکە بەگشتی و ئەم بەشەیان بەتایبەتی خوێندنەوەی زۆر هەڵدەگرێ، بەڵام ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین تا ئێستا کەمترین خوێندنەوەی بابەتیانەی بۆ کراوە. کاتێک کە لە سەروبەندی هەڕەشەکانی هێزی ئۆپەراسیۆنی دیجلە جارێکی دیکە بە دەسکاریەکی کەمەوە ئەم بەشە بڵاوکرایەوە، هەندێک لە ئەکادیمی و ڕۆشنبیران لای خۆیانەوە ڕیکلامیان بۆ کرد و وەکو ‘نەخشە ڕێگا’یەکی گرنگ و سەرنجڕاکێش وەسفیان کردبوو. ئێمە هەوڵدەدەین لێرەدا خوێندنەوەی خۆمان لەسەر ‘نەخشەڕێگای گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەكان’ بخەینە ڕوو.
پێشه‌کیه‌کی پێویست:
عێراق ووڵاتێکی فره‌نه‌ته‌وه، فره‌ئایین، فرە مەزهەب و فرە زمانە. ئه‌م ڕاستیه وا ده‌کات که مامه‌ڵه کردنی تیۆری و پراکتیکی له‌گه‌ڵیدا ئاسان نه‌بێت و بڕیاردانیش له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌م فرهییانە له‌وه قورستربێت. ده‌وڵه‌تی عێراق له بیسته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا دروستکرا یا خود وه‌ک Toby Dodge” ” ده‌ڵێت داهێنرا و خاڵی بنچینه‌یی و ئامانجی سه‌ره‌کیش لێی په‌ره‌پێدانی زیاتری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی زلهێزانی ئه‌و کات بوو، به تایبه‌تیش به‌ریتانیا. که‌واته:
یه‌که‌م: دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراقی، وه‌ک زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی تری ناوچه‌که به‌ره‌نجامی ململانێی زلهێزه‌کان بوو و سنوره‌کانیشی هه‌ڕه‌مه‌کی بوون.
دووه‌م: گروپ و نه‌ته‌وه‌کانیش بەگشتی نابه‌دڵانه خزێنراونه‌ته سنورەکانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌وه.
ئه‌م دوو خاڵه هاوکات بوو له‌گه‌ڵ نه‌شونماکردنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی لای پێکهاته‌کانی عێراق و داننان به مافی چاره‌نووسی گەلاندا له هه‌بوونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆدا له لایه‌ن “کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان”ه‌وه. نه‌ته‌وه‌ی کوردیش، سه‌ره‌ڕای هه‌وڵدانی ڕه‌سمی بۆ بە دەوڵەت بوون، به عێراقه‌وه لکێنرا و ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌وکاته‌وه تا ئێستا هۆکاری سه‌ره‌کی ململانێ توونده‌کانی عێراق بووه. له ناو ئه‌م ململانێیه‌دا شاری که‌رکوک و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری پێگه‌یه‌کی تایبه‌تی هه‌بووه و هه‌یه.
لەبەرئەوەی کێشە ی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی قووڵی هەیە و ململانێکەش لەو جۆرانەیە کە پەیوەستە بە پێداویستیە بنەڕەتیەکانی مرۆڤ (Basic Human Needs) وەکو ئاسایش، ناسنامه، دانپێدانان و ئۆتۆنۆمی، بۆیە چارەسەرکردنی کارێکی ئاسان نیە، چونکە پێداویستیەکانی مرۆڤ لە بنەڕەتدا لەو جۆرە پێداویستیانەیە کە جێگەی سازشکردن نیە. سەرەڕای ئەمانەش، لەڕووی ئابوریشەوە ئەم ناوچەیە بایەخێکی گەورەی هەیە، هەربۆیە ژمارەیەکی بەرچاوی ئەو سکۆڵه‌رانه‌ی کە لەسەر کەرکوک دەنوسن زاراوەی ‘دەوڵەمەند بە نەوت’ بەکاردەهێنن بۆ ناساندنی شارەکە.
پێمان وایە لە ڕووی تیۆرییەوە ئه‌م “نەخشە ڕێگا”یه بە فیکرێکی پرایمۆردیاڵانه نووسراوه که تیایدا تا ئه‌وپه‌ڕی پیرۆزی به نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌درێت و ته‌نانه‌ت په‌نا بردنه به‌ر ئامرازی نادادپەروەرانە و نادیموکراسیانه به ڕەوا ده‌زانرێت. ئەمە لە کاتێکدا کە له ناوه‌ندی ئه‌کادیمیدا زۆر به ده‌گمه‌ن سکۆڵه‌ره‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه پشتگیری له پرایمۆردیاڵیزم (primordialism) ده‌که‌ن و پێیان وایه جۆرێک له جۆرەکانی دەمارگیری بەرهەمدەهێنێت و ئاستەنگ لەبەردەم چارەسەرکردنی ناکۆکیەکاندا دروست دەکات. له ڕووی تێڕوانینیشه‌وه بۆ گروپ و نه‌ته‌وه‌کانی به‌رامبه‌ر ئیزێنشڵیسته (essentialist)، واته هه‌موو جوڵه‌یه‌کی خۆی به‌رامبه‌ر به گروپه‌کانی تر به مافی خۆی ده‌زانێت و هه‌موو جوڵه‌یه‌کی به‌رامبه‌ریش به مه‌ترسی بۆ سه‌ر خۆی داده‌نێت. به‌رهه‌می ئه‌م فیکر و تێڕوانینه‌ش به‌رده‌وام نزیکبوونه‌وه و هاندانی به‌رهه‌مهێنانی ململانێی تونده و هه‌ندێ کاتیش ده‌گاته ئاستی توندوتیژی و شه‌ڕ و کوشتاری نێوان گروپه‌کان.
شایەنی ئاماژەیە بزاڤ و پارته نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بەگشتی له‌سه‌ر ئه‌م جۆره له گوتار ئه‌ژین، چونکە له ڕێیه‌وه ده‌توانن هه‌یمه‌نه به‌سه‌ر سۆز و هه‌ڵچوونی جه‌ماوه‌ردا بکه‌ن وچۆنیان بوێت به‌و ئاراسته‌یه‌دا بیانبه‌ن و بۆ کاتی هه‌ڵبژاردنیش ده‌نگ و سه‌نگی سیاسی خۆیانی پێ زیاد بکه‌ن.
ناڕوونی زاراوە و چەمکەکان
یەکێک لەو تێبینیانەی کە هەر لەسەرەتاوە لەسەر کۆی زنجیرە بابەتەکە بۆمان دروست بوو، بریتی بوو لە ناڕوونی زاراوە و چەمکەکان و بەکارهێنانیان لە شوێنی هەڵەدا. بەڵام ئێمە لێرەدا سەرنجەکانمان چڕ دەکەینەوە لەسەر چەند زاراوەو گوزارشتێکی بابەتی ‘ نەخشەڕێگای گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەكان’. پێمان وایە دەبێت ئەکادیمیەکان چاوساغ و پێشەنگ بن لەوەدا کە بە ووردی مانا و مەبەستی چەمک و زاراوەکان لێک بدەنەوە، نەک ببنە پاشکۆ و بکەونە ژێر کاریگەری میدیا و بەو جۆرە بنوسن کە زۆرینەی خەڵک دەیەوێ. لێرەدا تیشک دەخەینە سەر چەند زاراوە و چەمکێک کە پێمان وایە جێی هەڵوەستە لەسەرکردن و قسە لەسەر کردنن:
یەکەم: بنبڕکردنی کێشە
لە بابەتەکەیاندا هاتووە: ‘بۆ بنبڕکردنی کێشەکە دوو پێشنیاز دەخرێنەڕوو کە واچاکە کوردستانیان بەگشتی‌و حکومەتی هەرێم بەتایبەتی کار لەسەر یەکێکیان یان تێکەڵەیەک لە هەردووکیان بکات بۆ گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان’
لەڕاستیدا بەکارهێنانی ووشەی ‘بنبڕکردن’ (elimination) جێگەی تێڕامانە، چونکە ململانێ ئەستەمە بتوانرێت لەماوەیەکی نەک کورتخایەن بەڵکو درێژخایەنیشدا بنبڕبکرێت. هەر لەبەر ئەمەیە زۆرێک لە سکۆڵەران لەجیاتی زاراوەی چارەسەری ململانێ (Conflict Resolution) زاراوەکانی بەڕێوەبردنی ململانێ (Conflict management) و تەحویلی ململانێ (Conflict transformation) بەکاردەهێنن. تەنانەت چارەسەرکردنیش مانای بنبڕکردنی ململانێ ناگەیەنێت، مادام کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بەگشتی فرە نەتەوەو زمان و ئاین و مەزهەبن، ئەوا ململانێش لە ئاستێک‌دا ئاماددەیی دەبێت. بوونی ململانێی ئاشتیانە ئاسایی و ئیجابیە بە مەرجێک نەگاتە ئاستی توندوتیژی.
دووەم: کوردستانیان
چەند جارێک ووشەی ‘کوردستانیان’ بەکارهێنراوە، بەڵام ڕوون نیە ئایا مەبەست لێی کوردانی ناوچە جێناکۆکەکانە یان کوردانی هەرێمی کوردستان یان دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە جیاوازی زمان و ئاین و نەتەوەو ئیتنی یەوە؟ مەبەست هەر کامێکیان بێت هیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە نوسەرانی ئەم بابەتە هێشتا ناتوانن ڕۆڵی نوخبە و خەڵکی ئاسایی تێکەڵ نەکەن. ئەوان پێشنیار دەکەن کوردستانیان بەگشتی و حکومەتی هەرێم بەتایبەتی کار لەسەر ‘گێڕانەوەی یەکلایەنانە’ یان ‘ڕیفراندۆمی یەکلایەنە’ یان تێکەڵەیەک لە هەردووکیان بکەن بۆ گێڕانەوەی ‘ناوچە دابڕاوەکان’. باشە گریمان حکومەتی هەرێم وەکو لایەنێکی جێبەجێکار دەتوانێت لەم ڕووەوە ڕۆڵێک بگێڕێت، بەڵام چۆن چاوەڕوان دەکرێت خەڵکی ئاسایی خۆیان تاکلایەنانە بەو جۆرە کارانە هەستن؟ دیارە کە دیموکراسیەکەی عێراق لە جۆری دیموکراسی تەوافوقیە نەک دیموکراسی زۆرینە، گەورەترین نەنگی ئەم جۆرە دیموکراسیەش ئەوەیە کە لەڕاستیدا ڕۆڵ و جێ پەنجەی تاک وونە و نوخبەی سیاسی پێکهاتە جیاوازەکان گەورەترین ڕۆڵ و کاریگەرییان هەیە لە ئاراستەکردنی ڕەوتی ڕووداوەکاندا. ئەم پیاهەڵگوتنەی ‘کوردستانیان’ و دووبارەکردنەوەی لە چەند شوێنی جیاوازدا دیسانەوە مانای تێنەگەیشتنە لە پەیوەندی نێوان نوخبە و خەڵکی ئاسایی لە دیموکراسی تەوافوقیدا. ڕەنگە بتوانرێت گیانی کوردایەتی لەناخی کوردان‌دا جۆش بدرێت، بەڵام داواکردن لە خەڵکی بۆ گێڕانەوەی ناوچە جێناکۆکەکان لە بنەڕەتدا داواکاریەکی سەیر و نا لۆجیکی یە. هەرچەندە کوردانی ئەو ناوچانە دەتوانن لە ڕیفراندۆمدا ڕۆڵی ئەرێنی ببینن لە بەرژەوەندی کورد، بەڵام بەبێ تەوافوق و هەماهەنگی لایەنە ناکۆکەکان، ڕیفراندۆمیش ناتوانێت شەرعیەت بەدەستبێنێت.
سێیەم: گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان
له زمانی کوردی‌دا کاتێک باسی “گێڕانه‌وه” ده‌که‌ین به چه‌ند مانایه‌ک دێت، له‌وانه باسکردنی چیرۆكێک یان رووداوێک، یا خود به مانای دانه‌وه‌ی شتێک به که‌سێکی تر چونکه لە بنەڕەتدا موڵکی تۆ نه‌بووه و هی ئه‌و بووه. لە نوسینەکەیاندا هاتووە کە “دەربڕینی ئامادەگی بۆ قەبوڵکردنی جێبەجێکردنی ماددەی 140 دوای گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان…”. به‌کارهێنانی ووشه‌ی “گێڕانه‌وه”ی که‌رکوک و ناوچه‌کانی تر بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵه‌یه‌کی زه‌قه، چونکه هه‌رگیز له مێژووی هه‌رێمی کوردستاندا که‌رکوک و ئه‌و ناوچانه‌ی ئه‌وان ناویان هێناون به‌شێک نه‌بوون له هه‌رێمی کوردستان. ڕه‌نگه ئەوان بڵێن که مه‌به‌ستمان له هه‌رێمی کوردستان، خاکی کوردستانه، به‌ڵام ئه‌م گریمانه‌یه‌ش له چه‌ند ڕوویه‌که‌وه هه‌ڵه‌یه:
١-هه‌رێمی کوردستان قه‌واره‌یه‌کی سیاسیه و ته‌مه‌نی له ساڵانی دوای ڕاپه‌رینه‌وه ده‌ست پێده‌کات، به تایبه‌ت دوای یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی، به‌ڵام خاکی کوردستان گوزارشتێکی جوگرافیه و سنورەکەی بەردەوام لەدەستی زلهێزاندا هه‌ڵکشان و داکشانی بەخۆوە بینیوە.
٢-له ڕووی جوگرافیه‌وه هه‌رێمی کوردستان بریتی نیه له هه‌موو خاکی کوردنشین ، به‌ڵکو ته‌نها به‌شێکێتی.
بێگوومان ئێمە بەرچاو ڕوونین لەوەی کە تەنانەت هەتا سنوری تکریتیش کوردنشین بووە و چەندین نەخشە و سەرچاوەی مێژوویش ئەمە دەسەلمێنن، بەڵام قسەی ئێمە لەسەر بوونی قەوارەیەکی سیاسی کوردییە کە دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچانەدا هەبووبێت.
هەروەها دەنوسن: ‘ئەو ناوچانەی دیکەی کوردستان کە لەژێر کۆنترۆڵی کوردستانیان نین، وەک: بەدرە، جەسان، مەندەلی، جەلەولا، سەعدییە، حەویجە، ریاز، رەشاد، مەندەلی، تەلەعفەر، حەمدانیە، کە وەک بەشێک لە ناوچە دابڕاوەکان دادەنرێن، دەکرێت لە ئێستادا چارەنوسیان بەجێبهێڵدرێت بۆ کاتێکی گونجاوتر کە ئەگەری گێڕانەوەیان لەبارتر بێت’.
جارێک دەڵێن ئەم ناوچانە جێناکۆکن و جارێکیش دەڵێن ئەم ناوچانە دابڕاون و هی کوردستانن. هەر خۆشیان چەند دێڕێک پاش ئەوە دەڵێن ‘دەنا کوردستانیان هەموو چاک دەزانن بەشێک لەو ناوچانەی کە ئێستا گێڕانەوەیان بۆ سەر هەرێم سەختە بەشێکن لە خاکی کوردستان‌و خەڵکەکەشی کورد‌و کوردستانین.’ وەکو دیارە لەسەرەوە ئەو ناوچانە هەمووی بەهی کوردستان دەزانن، کەچی لێرەدا بەشێک لەو ناوچانە بە هی کورد دەزانن، ئەمەش دژیەکیەکی ڕوون و ئاشکرایەو ئەوە دەگەیەنێ کە نوسەرانی ئەو بابەتە خۆیشیان بەرچاویان ڕوون نیە و دوودڵن لەو مەسەلەیەدا. ئینجا کە ئێمەی کورد هێشتا بە تەمای بەدرە و جەسان و حەویجە و حەمدانیە بین، تۆ بڵێیت عەرەب و تورکمان هەروا بەئاسانی دەستبەرداری کەرکوک بن؟! گرفتەکە ئەوەیە ئەم نووسینە زیاتر لەسەر ئومێد و ئاوات و خۆش خەیاڵی بنیاتنراوە، نەک لەسەر خوێندنەوەیەکی بابەتیانە و لەبەرچاوگرتنی هێز و سەنگی ڕاستەقینەی حكومەتی هەرێم لەلایەکەوەو بەرامبەرەکانمان لەلایەکی دیکەوە.
سەرنجەکانمان لەسەر “نەخشە ڕێگا”کە:
“نەخشە ڕێگا”که کۆمه‌ڵێک لاوازیی ئه‌کادیمی زەقی تێدایه که وایکردووه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه به مردوویی له دایک ببێت. ئه‌م پرۆژه‌یه کاردانهوهیە زیاتر له‌وه‌ی کار بێت، واتە زیاتر کاردانەوەی قەیرانە سیاسیەکانە نەک زادەی وردبوونەوە و قووڵبوونەوەو لەبەرچاوگرتنی هەموو گۆشە پەیوەندیدارەکان.
یه‌کێک له لاوازیه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی “نه‌خشه ڕێگا”که ئه‌وه‌یه به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو خه‌مڵاندنی “زیان و قازانج”ی هه‌ر هه‌نگاوێک که ده‌نرێت له‌سه‌ر ئاستی حکومه‌تی هه‌رێم وه‌لانراوه، واته خاڵیه له ڕاشناڵانه و تۆزێک بیرکاریانه مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ بابه‌تێکی وا هه‌ستیاردا. له‌و پێشنیارانه‌ی که ده‌یخه‌نه به‌رده‌ست حکومەتی هه‌رێمی کوردستان ئه‌وه‌یه که ده‌ستپێشخه‌ر بێت له په‌نا بردنه به‌ر به‌کارهێنانی هێزی سه‌ربازی و خۆدانه به‌ر مه‌ترسیه‌کی گه‌وره، که ڕێک وه‌ک ئه‌وه وایه ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی پێته و به ماندووبوونی چه‌ندین ساڵه په‌یدات کردووه بیخه‌یته قومارێکه‌وه به نیه‌تی ئه‌وه‌ی که بڕی پاره‌که‌ت له کاتێکی کورت‌دا بکه‌یته دوو ئه‌وه‌نده به‌بێ ڕه‌چاوکردنی ئه‌وه‌ی که ڕه‌نگه ئه‌و پاره‌یه‌ی پێشته بیدۆرێنی.
له شوێنێکی تری نوسینهکەیاندا، پشتگوێخستن و وەلانانی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و ده‌وڵه‌تی عێراقی کراوەتە بنچینەیەک بۆ کارکردن لەسەر نەخشە ڕێگاکە، بە پاساوی ئەوەی هه‌ردوولایان مێژوویان باش نیه له چاره‌سه‌ری ململانێکاندا، به‌ڵکو به‌شێکن له پیلانی “دیزه به ده‌رخۆنه”کردنی کێشه‌کانی کورد. لێره‌دا پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر گریمان نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانمان له کێشه‌که و “یه‌کلایه‌نانه!” بۆ کرایه ده‌ره‌وه، یه‌که‌م: ئایا بۆ ئێمەی کورد به‌دیلی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان کام هێزه ده‌بێت؟ ئەی ئەگەر لایەنەکانی تر پەنایان بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان یان دەوڵەتێکی دراوسێ برد ئێمە چ کاردانەوەیەکمان هەبێت؟ دووه‌م: چۆن و به چ ڕێگایه‌ک ئه‌م نه‌خشه‌یه شه‌رعیه‌تی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وه‌رده‌گرێت؟ سێیه‌م: کام ململانێ به ‘کردنە ده‌ره‌وە’ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان توانراوه به شێوه‌یه‌کی ئاشیانە و دوور لە توندوتیژی چارەسەر بکرێت؟
ئێمه ئاگاداری ئه‌وه‌ین که مێژووی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له هەمبەر چاره‌سه‌ر و یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ململانێکاندا زۆر پرشنگدار نیه ، به‌ڵام ناکرێت ئه‌وه‌ش له یاد بکه‌ین که به نه‌بوونی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ململانێکان توندوتیژ تر ده‌بن و گارانتی پاراستنی ده‌سکه‌وته‌کانیش زۆر که‌م ده‌بێته‌وه، بەتایبەتی لەکاتی بوونی ناهاوسەنگی هێز لەنێوان لایەنە ناکۆکەکاندا. ڕەنگە ڕێکەوتننامەی 11 ئازاری ساڵی 1970 نموونەیەکی گونجاو بێت. ئه‌وکات بۆ یه‌که‌مجار بوو له ئاستی ده‌وڵه‌تدا کورد نکوڵی شوناسە نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی نه‌کرێت و ته‌نانه‌ت خۆی بتوانێت به‌شێک له خاکی کوردستان به‌ڕێوه به‌رێت، ئێمه وای ده‌بینین که یه‌کێک له هۆکاره بنه‌ڕه‌تیه‌کانی شکست و له ده‌ستدانی ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه نه‌بوونی گارانتیه‌کی وه‌ک نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بوو. هەربۆیە لایەنی بەرامبەر تاکلایەنانە ڕێکەوتننامەکەی هەڵوەشاندەوە بێ ئەوەی دووچاری هیچ فشار و سزایەکی نیودەوڵەتی ببێتەوە.
له لایه‌کی تریشه‌وه، “نه‌خشه ڕێگا”که زۆر خه‌مساردانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هێزو توانای سه‌ربازی به‌رامبه‌ره‌کانیدا ده‌کات که ته‌نانه‌ت له خوێندنه‌وه‌یدا وا هه‌ست ده‌که‌یت که له‌گه‌ڵ چەند هێزێکی بێ ده‌ست و پادا مامه‌ڵه ده‌کات. له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه که هێز و ڕۆڵ و کاریگه‌ری ده‌وڵه‌تانی دراوسێ له‌سه‌ر ههنگاوێکی سەربازی و سیاسی له‌و شێوه‌یه له به‌رچاو نه‌گیراوه.
خاڵێکی دیکەش که نەخشە ڕێگاکە بێده‌نگه له ئاستیدا ئه‌وه‌یه که باسی له ئه‌گه‌ری کاردانه‌وه‌کانی حکومه‌تی ناوەندی نه‌کردووه، به نموونه ئه‌گه‌ر له یه‌که‌م کاردانه‌وه‌دا بودجه‌ی هه‌رێم ڕاگیرا، له کوێ و له چ ڕیگایه‌که‌وه هه‌رێم ده‌توانێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدات و پرۆژه‌کانی ئاوه‌دانی به‌رده‌وام پێبدات و دام و ده‌زگاکان به‌کاره‌کانی خۆیان هه‌ستن، ئاخر ناکرێت له “نه‌خشه ڕێگا”یه‌کی له‌و شێوه‌یه‌دا به هیچ جۆرێک باس له لایه‌نی ئابووری و به‌دیله داراییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم نه‌کرێت.
پێشنیازی یەکەم: گێڕانەوەی یەکلایەنانە
گێڕانەوەی یەکلایەنانە پێشنیاری یەکەمی ‘نەخشە ڕێگا’کەی ئەوانە. هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه ئه‌م به‌شه‌ی نوسینه‌که‌یان ده‌کرێت ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی لێبگیرێت که کوشتنی دانوستانه و سه‌پاندنی جۆرێکە لە دیکتاتۆریەت به‌سه‌ر خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌دا، بەڵام دەکرێت بەدەر لەمەش چەندان ڕەخنەی تریان لێبگیرێت، بۆ نموونە ئەوان دەڵێن: ‘ پەرلەمانی کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا بڕیارێک دەربکات‌و هەموو ئەو ناوچانەی سەرەوە وەک بەشێک لە هەرێمی کوردستان بناسێت‌و حکومەتی هەرێم بڕیارەکە جێبەجێبکات.’ پێمان وایە ئەمە تێرکردنی حەز و خواستی ئەو کەسانەیە کە پێیان وایە چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک پەکی لەسەر بڕیاردانی پەرلەمان و کەمتەرخەمی حکومەتی هه‌رێم کەوتووە. بۆ کەسێک که ئاگاداری تیۆرەکانی ململانێ و چۆنێتی چارەسەرکردنی بێت ئەمە لە خۆش خەیاڵی زیاتر هیچی دیکە نیە.
ئەگەر چارەسەرکردنی گرفتەکان لەنێوان لایەنە ناکۆکەکاندا بەم شێوەیە ئاسان بوایە، ئەوا ڕەنگە ئێستا بە زەحمەت بمانتوانیایە نموونەیەکی ململانێ لەسەر خاک بدۆزینەوە لە جیهاندا، چونکە لایەنێک بەهۆی باڵادەستی و هێزەوە دەیتوانی ویستی خۆی بسەپێنێت و کۆتایی بە کێشەکان بێنێت. به‌ڵام کێشه‌ی ململانێ له‌سه‌ر خاک زۆر له‌وه ئاڵۆزتره، بۆ نموونه کێشەی ناگۆرنۆ- کەرەباخ لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان که چه‌ند ده‌یه‌یه‌که به‌رده‌وامه و تا ئێستا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، چه‌ندان کێشه‌ی تریش له‌سه‌ر خاک له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌یه که تا ئێستا یه‌کلایی نهکراونهتەوه، له‌وانه کێشەی سعودیە و میصر لەسەر دورگەکانی تیران و سەنافیر، کێشەی ئیمارات و ئێران لەسەر دورگەکانی ابو موسی و طنب الکبری و طنب الصغری. ئه‌مانه چه‌ند نموونەیەکی کەمن لەسەر ئەستەم بوونی یەکلاکردنەوەی کێشەی خاک ته‌نانه‌ت لە نێوان دوو ده‌وله‌تیشدا که خاوه‌ن هه‌مان شه‌رعیه‌ت و شکۆی نێوده‌وڵه‌تین، جا چ جای ئه‌وه‌ی کێشه‌که له نێوان ده‌وڵه‌تێکی خاوه‌ن سیاده و ههرێمێکیدا بێت.
له خاڵێکی تردا ده‌نووسن که ‘دوای گێڕانەوەی ئەو ناوچانەی سەرەوە، تاوەکو کوردستانیانو حکومەتەکەیان وەک پێشێلکەری دەستورو دژەدیموکرات نەیەنە بەرچاو، ئەوا دەبێت حکومەتی هەرێم پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک بکات کە لەلایەن هەر لایەنێکی پەیوەندارەوە دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140’. دیارە ئەوان مەبەستیان ئەوەیە لایەنی کوردیی بە زەبری هێز مامەڵە بکات تا نەیارەکانی ناچار بکات بێنە سەر مێزی گفتوگۆ. ئاخر چۆن کورد وەکو پێشێلکەری دەستور نایەتە پێشچاو کە هیچ ماددەیەکی دەستور ڕێگە بە یەکلایکردنەوەی ئەو گرفتانە نادات بەشێوەی تاکلایەنانە. ئەمە جگە لەوەی کە کەوتونەتە دژیەکیەکی ڕوون و ئاشکراوە. کاتێک کە پیش‌تر ئاماژە بەوە دەدەن کە عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان لە کێشەکە بکرێنە دەرەوە، کەچی ئێستا هەر خۆیان دەڵێن پاش گێڕانەوەی ئەو ناوچانە دەبێت حکومەتی هەرێم پێشوازی لەهەر دەستپێشخەریەک بکات کە لەلایەن هەر لایەنێکی پەیوەندیدارەوە دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140. باشە کام لایەن هێندەی حکومەتی عێراقی و نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندیدارن؟ خۆ ئەگەر مەبەستیشیان ئەوەیە کە عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان بەشێوەیەکی کاتی و تا دەستبەسەراگرتنی ئەو ناوچانە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لە هاوکێشەکە بکرێنە دەرەوە، ئەوا دەبوایە بەڕوونی سەرەتا ئاماژەیان پێبکردایە. تەنانەت ئەگەر ئاماژەشیان پێبکردایە ئەوا هیچ لە ناواقیعی بوونی ئەو پێشنیارە کەم ناکاتەوە.
پێشنیازی دووەم: ڕیفراندۆمی یەکلایەنە
ئەمەش پێشنیاری دووەمی ‘نەخشە ڕێگا’کەیانە. پێمان وایە ئەمە لاوازترین تەوەری ئەو نەخشە ڕێگایەیە، چونکە بە ئاشکرا تێنەگەیشتنی پێوە دیارە لە مانا و مەفهومی ڕیفراندۆم. ناکرێت لەڕێگەی ڕیزکردنی چوار هۆکاری کرچ و کاڵەوە شەرعیەت بە راپرسی یەکلایەنانە بدرێت و بنەمای دەستوریی‌و مۆراڵیی بۆ دابتاشرێت.
جارێ ئەمە وەهمە کە تاکلایەنانە ڕیفراندۆم ڕاگەیەنیت و عەرەب و تورکمان بێن بەشداری بکەن کە سور دەزانن کەرکوک دەدۆڕێنن و دواتریش بەئەنجامی دۆڕانەکەیان ڕازی بن کە لەدەرەوەی ویستی خۆیان بەسەریاندا سەپێنراوە.
بە پێویستی دەزانین بەکورتی تیشکێک بخەینە سەر مەرجەکانی ڕیفراندۆم. هەموو ڕیفراندۆمێک لانی کەم دەبێت ڕەچاوی سێ پێوەری بنەڕەتی بکات:
١-بەشداربوونی یەکسان: پێویستە هەموو گرووپەکان هەلی بەشداربوونی یەکسانیان بۆ بڕەخسێنرێ لە ڕیفراندۆمێکدا کە پەیوەستە بە یەکلای کردنەوەی چارەنووسی ناوچەیەکی جێناکۆک کە پێکەوە تێیدا دەژین.
٢- بەشداربوونی ئاگادارانە: پێویستە هەموو تاکەکان تێگەیشتنێکی بنەڕەتی و پێویستیان هەبێت بۆ ئەو بابەتەی کە ڕیفراندۆمی لەسەر دەکرێت. هەرچەندە ناتوانرێت هەموو ناکۆکیەک بە ڕیفراندۆم یەکلای بکرێتەوە، بەڵام کاتێک پەنای بۆ دەبرێت بۆ بڕیاردان لە سەر کێشەیەکی دەستوری وەکو ماددەی 140، دەبێت خەڵکی ئاسایی زانیاری پێویستیان هەبێت و لە سەنگ و قورسایی و کاریگەری دەنگی خۆیان تێگەیشتبن لە دەرەنجامی ڕیفراندۆمەکە.
٣- پاراستنی کەمایەتییەکان: نابێت هیچ ڕیفراندۆمێک مافە سیاسی و مەدەنیە دانپێدانراوەکانی کەمایەتیەکان بخاتە ژێر هەڕەشە و مەترسیەوە.
بەداخەوە ئەم پێوەرانە لە پێشنیارەکەیاندا ڕەچاو نەکراوە. سەرەڕای ئەوەش، هەر تەنها بەکارهێنانی ووشەی ‘تاکلایەن’ بەسە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ ئەوەی کە ئەمان باسی دەکەن ڕیفراندۆم نیە، بەڵکو شتێکی دیکەیە و ڕەنگە ووشەی ‘جیابوونەوە’ (Secession) گونجاوتر بێت، چونکە هەر لە بنەڕەتەوە ئەم ڕیفراندۆمە تاکلایەنە پێشنیارکراوەی ئەوان هیچ بنەمایەکی ڕیفراندۆمی تێدا نیە و ناکرێت لە ناو چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵیدا ڕیفراندۆمی یەکلایەنە ئەنجام بدرێت.
تەنانەت ئەگەر ئەو سێ مەرجەش لەبەرچاو بگیرێت، هێشتا سکۆڵەران بە گوومانەوە لە ڕیفراندۆم دەڕوانن و بەشێکی زۆریان ئەمە بە میکانیزمێکی گونجاو نابینن بەتایبەتی لە کۆمەڵگە دابەشبووەکاندا (Divided Society)، چونکە نایەکسانی بەرهەم دەهێنێت و هەمیشە زۆرینە براوە و کەمینەش دەدۆڕێت، ئەمەش سەردەکیشێ بۆ دیکتاتۆرییەتی زۆرینە. ئەمە جگە لەوەی کە کەس ناتوانێت پێشبینی کاردانەوەی ئایندەی ئەو گرووپانە بکات کە لە ڕیفراندۆمەکەدا دەیدۆڕێنن. لەبەرئەوە لەجیاتی بەکارهێنانی ڕیفراندۆم، جەخت لەسەر ڕێ و شوێن و میکانیزمەکانی هاوبەشی کردنی دەسەڵات (Power sharing) دەکەنەوە لەنێوان گرووپ و ئیتنیە جۆراوجۆرەکاندا.
ئینجا وا گریمان ئەو هەموو مەرج و بنەما ئەکادیمیەی سکۆڵەرانمان وەلانا و ڕووەو ڕیفراندۆمێکی یەکلایەنە هەنگاومان نا لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر بەو شێوەیەی کە لەو ‘نەخشە ڕێگا’یەدا باس کراوە، هێشتا دەبێت وەڵامی دوو پرسیار بدرێتەوە کە دەستووری عێراقی وەکو پێویست ڕوونی نەکردۆتەوە:
١-دەنگدەر دەبێت دەنگ لەسەر چی پرسیارێک بدات؟
أ- ئایا پرسیارەکە بە سادەیی بە ‘بەڵێ’ و ‘نەخێر’ وەڵام دەدرێتەوە بۆ ئەوەی کەرکوک ببێتە بەشێک لە کوردستان؟
ب- ئایا دەکرێت ئەم پرسیارەی دیکەش زیادبکرێت کە ‘ئایا پێت باشە کە کەرکوک بکرێتە هەرێمێکی سەربەخۆ؟’ ؟
٢-پێناسەی ‘ناوچە جێناکۆکەکان’ چی یە؟ نە زاراوەی ‘ناوچە’ و نە ‘جێناکۆک’ لە دەستوردا پێناسە نەکراوە.
أ- مەبەست چی یە لە ‘کەرکوک’ ئایا تەنها شاری کەرکوکە یان پارێزگای کەرکوک؟ کامە بە سنوری شاری کەرکوک و پارێزگای کەرکوک دادەنرێت؟
ب- کێ بڕیار دەدات مەبەست لە ‘جێناکۆک’ و ‘ناوچە’ چی یە؟ وە بەپێی دەستوور چۆن بڕیارەکە شەرعیەت وەردەگرێت؟
ئێستا دەپرسین: ئایا چۆن دەکرێت بەم هەموو کەلێن و کەم و کوڕیەوە چاوەڕێی ئەوە بکرێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرەو لەسەر جێبەجێکردنی خاڵەکانی ئەم ‘نەخشە ڕێگا’یە بکات؟
لەڕاستیدا ڕیفراندۆم لە ناو ووڵاتێکی فیدراڵیدا کاتێک ئیجابی یە کە شەرعیەت بدات بە ڕێکەوتنێکی ئاشتی و پرۆسەی گفتوگۆ و دانوستان بەهێز بکات لەنێوان گرووپە جیاوازەکاندا. بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم سەرکەوتوو بێت، دەبێ گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن لە ئاستێکی باڵادا بێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی دەرەنجامێکی خوازراو، بەڵام پێچەوانەکەشی دەرەنجامێکی پێچەوانەی دەبێت و لە خزمەتی قووڵکردنەوەی دیموکراسیدا نابێ.دەتوانرێت بووترێت کە بەبێ گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن ڕیفراندۆم مانایەکی نیە. بەداخەوە ئەو ‘نەخشە ڕێگا’یە خاڵی یە لەباسی دانوستان و گفتوگۆ.
ریفراندۆمی یەکلایەنەو سیاسەتی ئەمری واقیع
لە دوا تەوەری ‘نەخشە ڕێگا’کەدا باس لە ڕیفراندۆمی یەکلایەنە و ئەنجامەکانی و کردنی بە ئەمری واقیع دەکەن. گرفتی سەرەکی ئەم تەوەرەیەی نووسینەکەیان لەوەدایە کە لەسەر گریمانەیەکی نا واقیعی پێشنیاری ٨ خاڵ دەکەن، وەکو ئەوە وایە بتەوێت بینایەکی بەرزی چەند نهۆمی بەبێ بناغە دامەزرێنیت. ئەمە ئەو چیرۆکەمان دەهێنێتەوە یاد کە باس لە شوانێک ئەکات کە لە لایەن خاوەنی مەڕوماڵەتەکەوە بڕێک ڕۆنەکەرەی بە دیاری لە توورەکەیەکدا ئەدرێتێ. شوانەکەش ڕۆنەکەرەکە لای خۆیەوە دائەنێت و لە ژێر سێبەری دارێکدا ئەیەوێت بە دەم خەیاڵەوە سەرخەوێک بشکێنێت. لە خەیاڵی خۆیدا ئەچێت بۆ شار و ڕۆنەکەرەکە ئەفرۆشێت و بە پارەکەی کاریلەیەک ئەکڕێت و پاشان کاریلەکە دوای ساڵێک گەورە ئەبێت و لە ساڵی دووەمدا ئەویش کاریلەیەکی تری ئەبێت (ڕەنگە دووانەشی ببێت)، پاش چەند ساڵێکی تریش ئەوانیش گەورە ئەبن و زیاد دەکەن و ئەویش لە شوانی خەڵکەوە ئەبێتە خاوەنی مەڕوماڵاتی خۆی. لەم خەیاڵانەدایە و کاتێک بە ئاگادێت سەیر ئەکات یەکێک لە بزنەکان قەپی بە توورەکەکەدا کردووە ڕۆنەکەرەکەشی بەو ناوەدا بڵاوکردۆتەوە و تەنانەت بەشێکی توورەکەکەشی خواردوە، کاکەی شوانیش دەستی لە بنی هەمبانەکەوە بە بەتاڵی دەردەچێت.
لەڕاستیدا گرنگە بە جدی لەخۆمان بپرسین ئایا شارێک کە لە %6 نەوتی یەدەگی جیهانی و لە %40 نەوتی یەدەگی عێراقی تێدا بێت، ئایا هەروا بە ئاسانی کورد دەتوانێت بەتەنها بەدەستی بهێنێ؟ سامانی سروشتی فاکتەرێکی هێندە گرنگە لە هەڵگیرسانی ململانێدا کە زۆرێک لە سکۆڵەران هۆکاری قووڵ و سەرەکی ململانێ و پێکدادان دەگەڕێننەوە بۆ ئەو فاکتەرە.
لە کۆتایدا پێمان وایە کە ئەم ‘نەخشە ڕێگا’یە نەک هەر ناتوانێت چارەسەری گرفتی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بکات، بەڵکو گرفتەکان گەورەتر و قووڵتر دەکاتەوە و هەوڵەکانی چارەسەریش بە بنبەست دەگەیەنێت. هەروەکو پێمان وایە بەبێ بەشداری کردنی لایەنە ناکۆکەکان و وەرگرتنی ڕای دانیشتوانی ئەو ناوچانە، هەموو هەوڵێکی چارەسەر شکست دەهێنێت. بە مانایەکی دیکە، گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوام لە نێوان نوخبەی کورد و عەرەب و تورکمان و کریستیان هەم لەسەر ئاستی عێراق و هەم لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیەکانی ئەو ناوچانە پیویستیەکی حەتمیە و بەبێ ئەوە ئەستەمە هیچ لایەنێک بتوانێت بەهیچ میکانیزمێکی دیکە چارەنووسی ئەو ناوچانە لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێبهێنێت. دیارە ئێمە نیاز‌و تەماحی هەندێ لەدەسەڵاتدارانی بەغدادمان لەبەرچاوە بۆ دەستبەسەردا گرتنی ئەو ناوچانە و نکۆڵی کردن لە مافی کورد، بەڵام پێمان وانیە ئەوانیش بتوانن تاکلایەنانە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکان بخەنە سەر بەغداد. ئێمە پێشتر لە دوو نووسینی هاوبەشماندا بەناوی ‘پەیوەندیەکانی سەنتەر و هەرێم، مەترسی لەسەر فیدڕاڵیزم لە عێراقدا’ و ‘ئایا که‌رکوک “ده‌گه‌ڕێته‌وه” سه‌ر هه‌رێمی کوردستان؟’ بۆچوونی خۆمان و هێڵەگشتیەکانی چارەسەری کیشەی کەروکوک و ناوچە جێناکۆکەنمان خستووەتە ڕوو و بەپێویستی نازانین دیسانەوە لێرەدا دووبارەیان بکەینەوە.
نوسینی:
نەوشیروان حسێن سعید
جلال حسن مصطفی
سەرچاوەکان: