وه‌ک شه‌کر شیریین … پۆڵا سەعید
خه‌مبارییم تۆم پێده‌نووسێته‌وه نه‌ک به‌خته‌وه‌ریی
خه‌می ڕێزلێنه‌گرتن نه‌ک نان و ده‌ربه‌ده‌ریی،
نامۆیه‌کم شوێنێک نییه تێیدا بسره‌وم
پێم له به‌ردی هه‌ر باوه‌ڕێک هه‌ڵکه‌وت
جار نه‌بوو به ده‌مدا نه‌که‌وم،
لوتم خوێنی شه‌قی ئێوه‌ی لێده‌تکێ
ڕۆژانه ڕۆحم به بزماری جنێوی ئێوه له خاچ ده‌درێ،
یێسووسێکم بێجگه له کووشتنم
هیچی ترتان له‌گه‌ڵمدا پێناکرێ،
له‌م جیهانه دڵڕه‌قه‌دا جێیه‌ک نییه بۆ من تێیدا بژییم
له‌م کۆمه‌ڵگا زۆردارهدا مرۆڤێک نییه بۆ من له‌گه‌ڵیدا بگرییم،
پێویستمان به یه‌که، له‌گه‌ڵ یه‌کترییدا پێبکه‌نین
له‌گه‌ڵ یهكترییشدا بگریین،
پێویستمان به یه‌که، شه‌کری لێوی یه‌کتریی بمژیین
یه‌که‌م دڵۆپه فرمێسکی یه‌کترییش بسڕیین،
خه‌مباریی تۆی پێنووسیمهوه
به‌ڵام ئیمڕۆ یادێک له خۆشییه‌کدا ده‌گێڕمه‌وه،
مرۆڤێکم بینی وه‌ک شه‌کر شیریین و وه‌ک په‌ڕه‌ی گوڵیش ناسک
له کاتێکی ڕاستدا، به‌ڵام له شوێنێکی هه‌ڵه
من ده‌ست و پێ به پێوه‌ند، ئه‌ویش له چاوه‌ڕوانیی هه‌ڵهاتنی خۆردا وه‌کوو ئاسک،
هه‌نووکه دیسان ده‌تنووسمه‌وه شیعر
وه‌ک سێبه‌رێک لێمنابیتهوه، ده‌تنووسمه‌وه چ تاڵ بیت وه‌ک ژه‌هر
یان شیریین بیت وه‌ک شه‌کر،
29.11.2011