
هه‌ڵهاتن یان ترس له قوتابخانه
لێره‌دا پێویسته ئه‌وه بوترێت كه بۆچونه‌كان سه‌باره‌ت به ترس و دڵه‌ڕاوكێی و هه‌ڵهاتن له قوتابخانه له لای هه‌ندێك له زانایان و توێژه‌ران جودا ده‌كرێته‌وه و به جیا باس ده‌كرێت و به پێچه‌وانه‌یشه‌وه به‌ڵام لێره‌دا من ئه‌م حاڵه‌ته یان دیارده‌یه‌م وه‌ك یه‌ك بایه‌ت باس كردووه چونكه دواجار كار له‌سه‌ر ژیانی تاك ده‌كات و ده‌بێت هۆی نه‌خوێنده‌وار بوونی گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت به گشتی من وه‌ك كێشه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی و ده‌رونی باسم كردووه،كه ده‌ڵێن حاڵه‌ت مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه كه ره‌نگه ئه‌مه ساڵ بۆ ساڵی خوێندن یان له قوتابخانه‌یه‌كه‌وه بۆ یه‌كێكی تر بگۆڕێت و له‌م رووه ده‌كرێت به حاڵه‌ت وه‌سف بكرێت و كه ده‌وترێت دیارده‌یش مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه كه ئه‌مه دیارده‌یه‌كی گشتی جیهانیه‌وه و تایبه‌ت نیه به گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك و ساڵانه‌یش به رێژه‌ی جیاواز دووباره ده‌بێته‌وه ، هه‌ڵهاتن له قوتابخانه بریتیه له ئه‌نقه‌ست غیاب بوون به بێ ئاگاداری و مۆڵه‌تی قوتابخانه یان به خێوكهر ، بۆ ئه‌وه‌ی خێزان به‌م كاره نه‌زانێت مناڵ له ماڵ ده‌رده‌چێت و تا كاتی ده‌وامی قوتابخانه له ده‌ره‌وه ده‌مێنێته‌وه ، یان هه‌ندێكی تر هه‌ڵهاتن یان ترسی مناڵ له قوتابخانه به‌وه ده‌بینن كه منداڵان به هه‌موو شێوازێك ره‌تی ده‌كاته‌وه ماڵه‌وه به‌جێبهێڵیت و بچێت بۆ خوێندنگه له‌به‌ر ئه‌وه ژیان بۆ مناڵ له‌م ژینگه په‌روه‌رده‌یه‌دا جیاوازه له ژیانی ماڵه‌وه له زۆر رووه وه‌ك دووركه‌وتنه‌وه و دابڕان له دایك و باوكی و زوو هه‌ستان له خه‌و و ناسینی شوێنێكی نوێ و و تێكه‌ڵ بوون به كه‌سانی تر كه به هاوڕی ده‌ناسرێت و دانیشتن له‌سه‌ر ره‌حله‌كان بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر و گوێگرتن به بێ ده‌نگی له مامۆستا و چه‌ندین بابه‌تی تر كه منداڵ پابه‌ند ده‌كات به كۆمه‌ڵێك رێسا و یاسا كه پێشتر له ژینگه‌ی ماڵه‌وه به‌و شێوه‌یه نه‌بووه ، منداڵ ئه‌م حاڵه‌ته‌ی له‌سه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت له یه‌كه‌م رۆژ یان یه‌كه‌م هه‌فته‌ی ژیانی نوێی خوێندنه‌وه و لێره‌وه منداڵ روبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك ئه‌رك و كاری نوێ ده‌بێته‌وه وه‌ك جێ به‌جێ كردنی ئه‌ركی ماڵه‌وه یان تاقی كردنه‌وه‌كان و رۆژانه لێپرسینه‌وه له ئه‌رك و چالاكیهكان و هه‌ندێك جار سه‌رزه‌نشت كردن له لایه‌ن مامۆستاوه .
دیارده‌ی وازهێنان و راكردن له قوتابخانه دیارده‌یه‌كی حیهانیه و گه‌ل و نه‌ته‌وه نیه له‌سه‌ر رووی ئه‌م زه‌مینه به ده‌ستیه‌وه نه‌ناڵێنێت به‌ڵام گه‌ل و نه‌ته‌وه پێشكه‌وتوه‌كان بۆ ئه‌م دیارده‌یه له هه‌وڵی توێژینه‌وه‌ی زانستی و به ده‌ست هێنانی رێگه چاره‌ی زانستیدان چونكه ئه‌م دیارده‌یه زۆر ترسناكه و زیان به زۆر لایه‌نی شارستانی ده‌گه‌یه‌نێت و ئه‌و كه‌سانه‌ی له ئه‌نجامی ئه‌م دیارده‌یه واز ده‌هێنن به نه‌خوێنده‌وار ناو زه‌ند ده‌كرێن و ناتوانن خۆیان له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مدا بگونجێنن و له زۆر لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریه‌وه زیان به كۆمه‌ڵگه ده‌گه‌یه‌نن و له رووی ده‌رونیه‌وه ئه‌م دیارده‌یه زیان به تاك ده‌گه‌یه‌نێت و خۆی بۆخۆی كه‌لێنێكی ده‌رونیه بۆ ئه‌و كه‌سه و كه‌سی هه‌ڵهاتوو له قوتابخانه هه‌ست به بیزاری و دڵه‌ڕاوكێی ده‌كات و ره‌نگدانه‌وه‌ی خراپی له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی و ره‌وشتی ده‌بێت .
نیشانه‌كانی ئه‌م دیارده‌یه :
لێره‌دا ده‌كرێت ئاماژه به چه‌ند نیشانه‌یه‌ك بده‌ین كه ره‌نگه ئه‌م حاڵه‌ته یان ئه‌م دیارده‌یه به‌سه‌ر منداڵدا بیهێنێت وه‌ك [ ترس ، گریان ، زهرههڵگهڕان ، ئازاری سك ، دڵتێك هه‌ڵهاتن و رشانه‌وه ، سه‌ر ئێشه ، ده‌ربڕینی بێزاری و هه‌وڵدان بۆ مانه‌وه له ماڵه‌وه … ] ئه‌م دیارده‌یش بوه‌ته گرفت بۆ قوتابخانه‌كان به تایبه‌ت له سه‌ره‌تای ده‌ست كردن به ساڵی نوێی خوێندن له پۆله‌كانی یه‌ك و دووی سه‌ره‌تایدا به گرفتێك بۆ ئه‌و قوتابخانانه داده‌نرێت ، بوونی ترس یان هه‌ڵهاتن له قوتابخانه كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر گه‌شه و ئاستی خوێندنی مناڵ و بۆیه ده‌بێت به حاڵه‌ت و دیارده‌یه‌كی راسته‌قینه سه‌یری بكه‌ین و به رێگه‌ی زانستی و په‌روه‌رده‌یی هه‌وڵی چاره‌سه‌ر كردنی بده‌ین و زۆر جار وه‌ك ووتم هه‌ر یه‌كه له ترس و راكردن و دڵه‌ڕاوكێ له قوتابخانه به جیا باس ده‌كرێن و بۆچونه‌كان به‌و ئاراستهین كه جیاوازن و هه‌ریه‌كه و كاریگه‌ری خۆی ده‌بێت به‌ڵام دواجار له رووی په‌روه‌رده‌یه زیان به مناڵ ده‌گه‌یه‌نێت بۆیه ده‌توانین گشتگیری بكه‌ین و پێكه‌وه رونی بكه‌ینه‌وه .
رێژه‌ی ترس یان هه‌ڵهاتن له قوتابخانه :
ئه‌م دیارده‌یه تایبه‌ت نیه به كۆمه‌ڵێك یان چینێكی دیاری كۆمه‌ڵگه به‌ڵكو له هه‌موو قوتابخانه‌یه‌كدا ئه‌م حاڵه‌ته هه‌یه به تایبه‌ت له سێ ساڵی یه‌كه‌می قوناغی بنه‌ڕه‌تی له كوردستانی ئێستادا و مه‌رج نیه ئه‌م رێژه‌یه كه خراوه‌ته روو به ته‌واوه‌تی سه‌د له‌سه‌د ته‌واو بێت ره‌نگه له جێگه‌یه‌ك بۆ جێگه‌یه‌كی تر و ساڵێك بۆ ساڵێكی تر گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت به‌ڵام به‌گشتی له قوناغی سه‌ره‌تای خوێندندا به تایبه‌ت له پۆله‌كانی یه‌ك تا سێ له 5% ی قوتابیان توشی ئه‌م حاڵه‌ته ده‌بن و له 2%ی قوتابیان له قوناغی ناوه‌ندی و ره‌نگه له قۆناغه‌كانی تری خوێندندا به‌رده‌وام بێت به‌ڵام به رێژه‌یه‌كی كه‌متر و ره‌نگه له ناوچه‌ك بۆ ناوچه‌كی تر ئه‌م دیارده‌یه وه‌ك ووتم بگۆڕێت بۆ نمونه ره‌نگه له ناوچه‌كی دیاری كراودا كچان له كوڕان زیاتر رووبه‌رووی ئه‌م حاڵه‌ته ببنه‌وه به هۆكاری جۆربه‌جۆر كه له‌سه‌روی هه‌مویه‌وه تێگه‌یشتنه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه .
هۆكاره‌كانی ئه‌م دیارده‌یه :
ده‌كرێت لێره‌دا ئاماژه به چه‌ند خاڵێك بده‌ین كه ره‌نگه كاریگه‌ری هه‌بێت و وا بكات ئه‌م دیارده‌یه ببێته مایه‌ی كێشه‌ی ده‌رونی و په‌روه‌رده‌یی بۆ تاك له‌وانه :
1 – له 50%ی حاڵه‌ته‌كان به هۆی دڵه‌ڕاوكێی دابڕانه‌وه ده‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه منداڵ وا بیر ده‌كاته‌وه ئه‌گه‌ر ماڵه‌وه به‌جێ بهێڵێت روداوێك روو ده‌دات وه‌ك ( دروست بوونی شه‌ڕی نێوان دایك و باوك یان نه‌خۆش كه‌وتن یان مردنی یه‌كێك له‌و دوانه ) .
2 – هه‌بوونی كێشه و ململانیه‌ی به‌رده‌وام له نێ,ان وئه‌ندامانی خێزاندا به تایبه‌ت له نێوان كه‌شه نزیكه‌كانیدا وه‌ك دایك و باوك .
3 – گرنگی پێ دانی له راده‌به‌ری به‌خێوكه‌ران به منداڵه‌كانیان له كاتی په‌روه‌رده‌كردنیدا و به‌رده‌وام له خۆیان دوور نهخستهوهوه و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان پێ نه‌داوه سه‌ربه‌خۆ بێت و متمانه به خۆی بكات و ئه‌زمونی له‌گه‌ڵ شوێنی نوێ‌دا هه‌بێت و له‌گه‌ڵیدا به ئاسانی را بێت .
4 – هه‌ندێك دایك له‌به‌ر خۆی كه ئاره‌زووی ته‌نیای ناكات حه‌ز ناكات منداڵه‌كه‌ی له خۆی دوور بخاته‌وه و لای خۆی رۆڵه‌كه‌ی ده‌هێڵیته‌وه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هانی ده‌دات .
5 – له دایك بوونی منداڵی نوێ له خێزاندا كه منداڵ وا هه‌ست ده‌كات سوز و خۆشه‌ویستی كه‌م ده‌بێته‌وه له لایه‌ن دایك و باوكیه‌وه .
6 – توش بوونی منداڵ به نه‌خۆشی خه‌مۆكی و كه‌م توانای ژیری منداڵ .
7 – ترسی منداڵ له ژینگه‌ی خوێندنگه یان مامۆستا یان منداڵانی تر یان كه‌سانی ده‌ره‌وه .
8 – ترسی منداڵی خاوه‌ن پێداوستی تایبه‌ت له‌وه‌ی كه له قوتابخانه له لایه‌ن ده‌وروبه‌ره‌وه گاڵته‌ی پێ بكرێت .
9 – بوونی ترس له لێدان و به‌كار هێنانی توند‌و تیژی له لایه‌ن مامۆستایانه‌وه به‌رامبه‌ر به مناڵ كه ئه‌مه له رابردوودا گرفت بوو به‌ڵام ئێستا كه‌متر بووه‌ته‌وه .
10 – ترسی مناڵ له زۆر پێدانی ئه‌ركی ماڵه‌وه له لایه‌ن مامۆستاوه به تایبه‌ت له سه‌ره‌تای ده‌وامه‌وه یان ترسان له سه‌رنه‌كه‌وتن له تاقی كردنه‌وه‌كان و خوێندندا .
11 – هه‌ست كردنی مناڵ له گوێ پێنه‌دانی دایك و باوك له سه‌رنه‌كه‌وتن یان سه‌ركه‌وتنی له قوتابخانه‌دا.
12 – نه‌بونی پاڵنه‌ر بۆ فێربوون یان نه‌بونی هانده‌ری مادی و مه‌عنه‌وی و ده‌سكه‌وتنی داهاتوو بۆ تاك به تایبه‌ت مه‌عیشه‌ت كه ئه‌مه ئێستا خه‌ریكه له نێو مناڵانی كوردستاندا ده‌بێته هۆكاریك له رووبه‌روبونه‌وه‌ی مناڵ له‌گه‌ڵ مامۆستا له پۆله‌كاندا .
13 – خراپی لایه‌نی مادی و ئه‌و كێشانه‌ی كه به‌و هۆكاره دروست ده‌بن كه دواجار وا ده‌كات كه مناڵ به‌رده‌وام له هه‌وڵی هه‌ڵهاتن بێت .
14 – براده‌ری خراپ هۆكارێكه بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێك له مناڵ واز له خوێندن بهێنن به تایبه‌ت ئه‌و كه‌سه كه خۆی وازی له خوێندن هێنا بێت ده‌یه‌وێت ژماره‌ی ههڵهاتوان زۆر تربێت .
15 – نه‌بوونی متمانه و دڵسۆز نه‌بوونی هه‌ندێك له مامۆستایان بۆ منداڵان وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ده‌وترێت هه‌ستی متمانه بوون ئه‌و كلتوریه كه مامۆستا ده‌توانێت له رۆحی قوتابیه‌كاندا بیچێنێت .
چاره‌سه‌ری ترس یان هه‌ڵهاتن له قوتابخانه :
به گرتنه به‌ری چه‌ند میكانیزمێك ده‌توانرێت هه‌وڵی كه‌م كردنه‌وه یان بنه‌بڕكردنی ئه‌م دیارده‌یه بدرێت ئه‌ویش به هه‌مه‌هانگی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی وه‌ك خودی خوێندكار ماڵه‌وه و قوتابخانه به كاره‌كته‌ره جیاوازه‌كانیه‌وه و چاره‌سه‌ریه‌كانیش له‌سه‌ر دوو ئاست ده‌خینه روو :
– ا – له‌سه‌ر ئاستی ماڵه‌وه :
1- هانی منداڵ بدرێت به زووترین كات بچێته‌وه بۆ قوتابخانه و دوانه‌كه‌وێت و به وریایه‌وه مامه‌ڵه بكه‌ین و له‌سه‌ره‌تای ده‌ست بردن بۆ ریگهكان په‌نا بۆ توندوتیژی نه‌به‌ین .
2 – ده‌ر خستنی ریزو خۆشه‌ویستی بۆ مناڵ له‌وه‌ی كه ئه‌وان گرنگی پێ ده‌ده‌ن و لایان كه‌سێكی به بایه‌خ و رێزداره .
3 – هه‌ر یه‌كه له دایك و باوك په‌یوه‌ندی نزیك دروست بكه‌ن له‌گه‌ڵ منداڵدا به مه‌به‌ستی به ئاگابوون له كێشه‌كانی و نمونه‌ی منداڵی خۆیان باس بكه‌ن له‌و رووه و چۆن چاره‌سه‌ر بووه .
4 – ئه‌نجامدانی گفتوگۆی كراوه بۆ ده‌ست نیشان كردنی نه‌چونی منداڵ بۆ قوتابخانه له‌وه‌ی كه چی وای لێ كردوه بۆ په‌نا بردن له‌و رووه و باس كردنی به بێ ترس و شه‌رم .
5 – گه‌ر هۆكاره‌كان بریتی بوو له نه‌خۆشی بۆ ئه‌وه‌ی كه نه‌چێت بۆ قوتابخانه وه‌ك خه‌مۆكی لای منداڵ ئه‌وا پیشانی پزیشكی پسپۆڕ بدرێت به‌ڵام ئاگادار به ده‌رمان بۆ خودی ترس له قوتابخانه به‌كار نایه‌ت .
6 – به‌كار هێنانی رێگه‌ی پاداشت له‌به‌رامبه‌ر جێ به‌جێ كردنی ئه‌ركه‌كانی ماڵه‌وه‌دا و دایك و باوك هاوڕێی منداڵ بن له‌م رووه و هاوكاریان بن له جێ به‌جێ كردن و سه‌عی كردن .
7 – دوور كه‌وتنه‌وه‌ی دایك و بالاوك له شه‌ڕ و ململانیه له‌به‌رچاوی منداڵدا بۆ ئه‌وه‌ی دووچاری دڵه‌ڕاوكی نه‌بێت و بیری لایان نه‌بێت . 8 – دروست كردنی هه‌مه‌هانگی له نێوان ماڵ و قوتابخانه‌دا و له‌و رووی ئاگاداری بن و رێگه‌ی بۆ خۆش نه‌كه‌ن له نه‌چونی بۆ قوتابخانه و په‌یوه‌ندی به‌هێز له‌و رووه دروست بكه‌ن له نێوان ئه‌و دوو ژینگه‌یه‌دا و چونی دایك و باوك بۆ پرسیار كردن و به‌شداری كردن له دیداری گه‌شه ( كۆبوونه‌وه‌ی دایكان و باوكان ) و به‌شداری كردن له‌و چالاكیه هونه‌ری و وه‌رزشیانه كه منداڵ تێدا به‌شداره .
9 – دوور كه‌وتنه‌وه له ته‌ركیز كردنه سه‌ر لایه‌نی ته‌ندروستی گه‌ر دڵنیابووت كه نه‌خۆش نیه بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رووه به‌هانه به ده‌ستیه‌وه نه‌ده‌ی .
10 – گه‌ر منداڵ نه‌خۆش بوو سه‌ردانی پزیشكت كرد و دڵنیا بووی كه باری ته‌ندروستی باشه ئه‌وا راسته‌وخۆ بیبهتیهوه بۆ ده‌وام گه‌ر ته‌نها وانهیهكش مابوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌م شێوه‌یه رێگه‌ی بۆ خۆش نه‌كرێت و دووباره ببێته‌وه.
-ب – له‌سه‌ر ئاستی قوتابخانه :
1 – په‌سه‌ند كردنی مناڵ له قوتابخانه و رێزگرتن لێی و هه‌روه‌ها نیشاندانی خۆشه‌ویستی و نه‌رم و نیانی بۆی واتا وێنا كردنی ژینگه‌یه‌كی ئارام .
2 – ئاسانكاری له پێناساندنی په‌یڕه‌و یاساكانی قوتابخانه و نزیك خستنه‌وه‌ی له ژینگه‌ی ماڵ .
3 – هاوكاری كردن و یارمه‌تی دان و ئاسانكاری بۆ مناڵ له جێ به‌جێ كردنی ئه‌ركی قوتابخانه و به‌كارهێنانی پاداشت كردن .
4 – لابردنی هۆكاره‌كانی بێزرانی قوتابخانه لای منداڵ وه‌كو سزادانی جه‌سته‌ی و ده‌رونی و سه‌رزه‌نیشت كردن و بریندار كردن له‌وه‌ی كه قوتابخانه نه‌كرێته سه‌ربازگه .
5 – پێویسته قوتابخانه له سه‌ره‌تادا ئامانجی سه‌ره‌كی بریتی بێت له گرنگیدان به گونجاندنی مناڵ له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی نوێ‌دا بۆ ئه‌وه‌ی دڵه‌ڕاوكێ لای مناڵ زیاد نه‌كات .
6 – خۆشه‌ویست كردنی قوتابخانه لای منداڵ به گرتنه به‌ری چه‌ند رێگه و هۆكارێك كه ئه‌مه‌یش به مامه‌ڵه‌ی جوانی مامۆستا ده‌بێت به شێوه‌یه‌ك كه له سه‌ره‌تای قوتابخانه‌دا یاری و گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك و كێشانی وێنه و چالاكیهكان زیاد بكرێت .
7 – گوێگرتن له قوتابی و هاندانی بۆ ده‌ربڕینی راكانی به شێوه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی و جوان بۆ ئه‌وه‌ی مناڵ هه‌ست به خۆی بكات و بزانێت به‌رامبه‌ر گرنگی پێ ده‌دات .
8 – پاش ئه‌وه‌ی زانرا منداڵێك توشی ئه‌م حاڵه‌ته بووه له‌م كاته به هه‌مه‌هانگی هه‌ریه‌كه له خێزان و ماڵ هه‌وڵی چاره‌سه‌ر كردنی بدرێت .
9 – هه‌وڵ بدرێت كه‌مترین مۆڵه‌ت به‌و مناڵانه بدرێت كه توشی ئه‌م حاڵه بوونه و كه‌مترین كات له ماڵه‌وه بمێنێته‌وه .
10 – دوور خستنه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی له یه‌كتری كه ده‌بنه هۆكار له‌سه‌ر یه‌كتری بۆ دروست بوونی ئه‌م حاڵه‌ته به شێوه‌یه‌ك كه دواجار منداڵ له خوێندن دانه‌بڕێت و درێژه به ژیانی په‌روه‌رده‌یی بدات .
له كۆتایدا پێویسته ئه‌وه بوترێت ئه‌م كێشه‌یه و ده‌یان كێشه‌ی تری بواری په‌روه‌رده وه‌ك خراپی مامه‌ڵه‌ی مامۆستا و خراپی ئه‌م په‌یوه‌ندیه له بواری په‌روه‌رده و فێربوندا و بوونی كێشه‌كانی وه‌ك كه‌می بینا و خێرا گۆڕینی پرۆگرامه‌كان و كه‌می تێگه‌یشتنی هه‌ندێك له خێزانه‌كان بۆ په‌روه‌رده و نه‌بوونی پلانی ستراتیجی حوكمه‌ت بۆ ئه‌م كه‌رته وا ده‌كات كه نه‌وه‌یه‌كی نه‌خوێنده‌وار به‌رهه‌مبێت و گه‌ر چاره نه‌كرێت كێشه‌ی گه‌وره بۆ په‌روه‌رده و كۆمه‌ڵگه دروست ده‌كات .
سه‌رچاوه‌كان :
1 – د . كه‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانی ، سایكۆلۆژیای گه‌شه (مناڵ و هه‌رزه‌كار ) ، چاپی یه‌كه‌م ، سلێمانی ، 2009 .
2 – عه‌باس مه‌حموود عه‌وه‌ز ، ده‌روازه‌یه‌ك بۆ سایكۆلۆژیای گه‌شه (منداڵی ، هه‌رزه‌كاری ، پیری ) ، وه‌رگێڕانی : قاسم عه‌لی عوسمان ، چاپی یه‌كه‌م ، هه‌ولێر ، 2012 .
3 – سه‌باح عه‌لی جاف ، په‌روه‌رده و فێربوون گرفت و گۆڕان ، چاپی یه‌كه‌م ، سلێمانی ، 2011 .
4 – www.nafsany.com
5 – http://derunnasy.com/
• مامۆستا و رۆژنامه‌نوس
• Sabahali83@yahoo.com