نان و رۆح … هێمن عومه‌ر خۆشاو
كێشه‌و گرفته‌كانی دونیای ئه‌مڕۆ، له مێژوودا به‌م ئه‌ندازه‌یه نه‌بووه‌و هه‌تا زیاتر لێی رامێنێی گرفته‌كان قووڵتر و عاجباتیتر خۆیان نیشان ده‌ده‌ن، هه‌موویشی له گرفتی چاو و بینینه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، به جۆرێك هه‌موو شتێك چاوی هه‌س، هه‌موو شتێك چاودێری هه‌س، چش له بیست و چش له ناخ و چش له رۆح… ئاوێ بێنه‌و ده‌ستان بشۆ!
دونیا چاوی له‌وه‌یه هه‌موومان ململانێی چاو بكه‌ین, چیتر له ناخی ناخدا شۆڕنه‌بینه‌وه، چونكه به‌رهه‌می چاوو رووبه‌ره‌كه‌ی كه‌مه‌و ئه‌ندازه‌داره, دواتر هه‌موو ئاوه‌كان ده‌بنه‌وه سه‌راب و هه‌موو سه‌رابه‌كانیش چش.. چه‌نده ئاسووده‌ن ئه‌وانه‌ی چاوی دڵیان هه‌یه‌و باكیان به چاوی عه‌ینی نییه, چه‌نده به‌ختیارن ئه‌وانه‌ی چاویشیان هه‌یه‌و دڵ و رۆحیش داینه‌مۆیه‌كه‌یه‌تی!!!
پێویستی هه‌ره‌سه‌ره‌كی مرۆی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه خۆی له‌گه‌ڵ رۆح ئاشت بكاته‌وه، نان و ئازادی چه‌نده گرنگه نان و رۆح دوو ئه‌وه‌نده. ده‌شێ ئازاد نه‌بین له رووی جه‌سته‌یی و بینینه‌وه, لێ ناشێ رۆح وه‌لاوه بنرێ، به جۆرێك خه‌می گشتی و خه‌می ئه‌و گۆی زه‌وییه ته‌نێ خاوه‌ن رۆحه‌كان به راسته‌قینه ده‌یخۆن، ئه‌وه‌یش كه خه‌می ریابازانه‌ی هه‌س, بێ سێ و دوو موددێكه‌و ئیدی ده‌بێته كه‌فی سه‌ر ئاو.. له برسی بووندا جوانی هه‌یه، به‌ڵام برسی بوونێك كه نیگاكانی له رۆحه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، غه‌مێك روو به‌رووی مرۆڤ ده‌بێته‌وه, ئه‌و غه‌مه ته‌قلیدییه تاقه‌ت پرووكێنه نیه كه تاك و خێزان و وڵات و سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی گرتۆته‌وه، به‌ڵكو به ئاماده‌بوونی رۆح هیومانیزم گه‌شه ده‌كات، كه تاڤگه‌ی رۆحی به‌رده‌كه‌وێت، به‌م رۆح په‌روه‌ران مه‌حوی ئاسا خۆیان ده‌شۆن و خۆیان له كدووراتی سه‌رزه‌مین و بن زه‌مین پاك ده‌كه‌نه‌وه.
گرفته‌كانی ناو خێزان هێنده زۆرن، كه مرۆڤایه‌تی ناتوانێ هه‌ر گرفته‌و به پێناسێكی تایبه‌ت بناسێنێ، چونكه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌م سه‌رزه‌مینه ده‌گوزه‌رێ، ئه‌ندێشه له رامانیدا شێته وه‌ك سه‌فینه شێت، نه مافی مرۆڤ، نه بۆنه‌ی به‌ره‌نگاری توندوتیژی خێزانی، نه بانگه‌شه‌ی مافی ئافره‌ت دیارده‌و حاڵه‌ته‌كان كه‌م ناكه‌نه‌وه, رۆژ دوای رۆژیش دڕندایه‌تی ناخی مرۆڤه‌كان پڕ ده‌كات و له به‌هایان كه‌م ده‌كاته‌وه.. لێ ئه‌گه‌ر رۆح به هه‌ند هه‌ڵبگرێ و ببێته توێشووی رێگا دووره‌كانی ژیان و خودی خێزانه‌كان ده‌رگای دڵیان به سه‌ر رۆحدا بكه‌نه‌وه، ئه‌وا به‌هه‌شتێك ده‌خولقێ كه هه‌ر ساتێكی تێدا دونیا نازو نیعمه‌تێكه‌و چیتر ئه‌و پێناسه‌یه به به‌ریدا نابرێ كه بگوترێ:
چییه دونیا ژنێكه هه‌ر شه‌وێ سك پڕ به سه‌د فیتنه
سبه‌ینێ به خوێنێ جه‌رگی ئه‌هڵی دڵ ده‌كا بێزوو….(مه‌حوی)
سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك سه‌ده‌ی شۆڕش و به‌ده‌ستهێنانی ئازادی و سه‌ده‌ی هێنانه‌كایه‌ی به‌هاره‌كانه, خۆزگه ئه‌م سه‌ده‌یه رۆشناییه‌كه‌ی له رۆحه‌وه وه‌رده‌گرت, چیتر مرۆڤایه‌تی به ئازادییه‌كی رووكه‌شه‌وه خه‌ریك نه‌ده‌بوو كه ئاكامه‌كه‌ی كاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و خودی بانگه‌شه‌كه‌رانی ئازادییه‌كه گه‌لێك چه‌لان ده‌بنه‌وه سوتێنه‌ری ئازادی,, دروشمی نان و ئازادی ئیتر با به‌س بێت و دروشمی نان و رۆح بێته‌وه ناخی هه‌موو تاكێك و ئه‌وسا هه‌موو ململانێكان پووچه‌ڵ ده‌بنه‌وه‌و هه‌موویان به راسته‌شه‌قامی رۆحدا گوزه‌ر ده‌كه‌ن و رۆح پێش نانیش ده‌كه‌وێته‌وه, چونكه هه‌بوونی رۆح بۆ خۆی زادو نانێكه‌و هه‌موو برسییه‌كان به بوونی رۆح تێر ده‌بن و دونیایه‌كی جوانتر و جوانترین دێته كایه‌وه..