
ئه‌و به‌یانییه‌ی كه ده‌مرم!
به‌یانییه‌كی پاییزی، خه‌ڵكی له خه‌و ڕاده‌بن و هه‌واڵی مه‌رگم ده‌بیستن، یه‌ك دووكهسێ ڕاده‌چڵه‌كێن، چه‌ند چاوێك فرمێسك ده‌ڕێژن، لـێ له‌و چه‌ند كه‌سه بترازێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ ڕووی نه‌دابێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌س نهیناسیبم، وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕۆژێ نه‌بووبم..
له‌وه‌ته‌ی هه‌م، له هه‌ركوێ بووم ئاپۆرایه‌ك بنیاده‌مم وه ده‌ورا بوون، وه‌لـێ ئێستا وه‌ختێ بۆ یه‌كێ ده‌گه‌ڕێم خه‌می دڵمی بۆ به‌یانكه‌م، ده‌بێ زۆر بیربكه‌مه‌وه.
به‌یانییه‌كی پاییزی به‌ر له‌وه‌ی تیشكی خۆر ده‌رچێت، هه‌واڵی مردنم وه‌كو ئاگرێ به‌ربووبێ له كا به‌رگوێی خه‌ڵكی شار ده‌كه‌وێ، یه‌ك دوو كه‌سێ سه‌یری ڕووخساری یه‌ك ده‌كه‌ن. گه‌نجێ له‌به‌ر دوكانێكدا چاكه‌تێكی مه‌یله‌و شینی له‌به‌ردایه، ئاهێكی قووڵا هه‌ڵده‌كێشێ، دوو گیرفانی ده‌پشكنێ و له سێیهمیا پاكه‌تێك و شقارته‌یه‌ك ده‌رده‌هێنێ و جگه‌ره‌یه‌ك له پاكه‌ته‌كه ده‌رده‌كا و ده‌می ده‌دا و پاكه‌ته‌كه و شقارته‌كه ده‌خاته‌وه گیرفانییه‌وه و له‌گه‌ڵا خۆیدا تۆزێ ورته‌ورت ده‌كات و به په‌نجه‌ی شایه‌تومانی پشتی سه‌ری ده‌خورێنێ و له‌پڕ ئه‌و ناوه جێدێڵـێ. پێده‌چێ ئه‌و گه‌نجه ڕۆژێ شیعرێكی خوێندبێتمه‌وه، یان ناوهكهمی بیستبێ و له خۆوه خۆشی ویستبم, ئیتر ئه‌وه‌یان نازانم..
به‌یانییه‌كی پاییزی كه كزه‌بایه‌كی ته‌زیو به‌و ناوه‌دا پیاسه ده‌كات، دهنگوباسی مه‌رگم بڵاو ده‌بێته‌وه، یه‌ك دوو كه‌سێ دێن و ده‌مبه‌ن، به ئه‌سپایی دهمشۆرن و كفنم ده‌كه‌ن، مه‌لایه‌كی ڕیش ڕه‌شی عه‌مامه سپی نوێژی مردووم له‌سه‌ر ده‌كا و به‌ره‌و گۆڕستانم ده‌به‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕۆژێ نه‌بووبم ده‌مخه‌نه گۆڕ و دێنه‌وه..
به‌یانییه‌كی پاییزی من ده‌مرم و ئیدی بۆ هه‌تا هه‌تایه ڕووخساری به‌هار نابینم، گوێم له ده‌نگی باران نابێ.. من ده‌مرم و له‌گه‌ڵا خۆمدا زۆر شت ده‌به‌م، ئیتر تا ماوه دایكم چاوه‌ڕێی هاتنم ناكا، (ژینه) زه‌نگم بۆ لێنادا و لێم بپرسێ: “هالیته كوێ؟” (مژده) پێم ناڵـێ: “دره‌نگه، بۆ نایهیتۆ؟”، (بارین) به‌ره‌و ڕووم ڕاناكا و هاوار بكا: “باوه هاتۆ”.. ئیدی تا ماوه كتێبێ چاوه‌ڕێ ناكا بیكڕم، نه‌خۆشێ له ده‌رگام نادا، شیعرێكی تازه‌م چاپ نابێ.. به‌یانییه‌كی پاییزی بنه‌و بارگه‌م ده‌پێچمه‌وه و جارێكی تر سه‌ری ئێره ناده‌مه‌وه.
له سووچێكی ئه‌م سه‌رزه‌مینه گه‌وره‌دا یه‌ك دوو ساڵـێ پیاسه‌م كرد و دوایی ڕۆییم، جگه له یه‌ك دوو نووسین و چه‌ند وێنه‌یه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆژێ لێره‌دا ژیاوم به‌جێنه‌هێشت. من ده‌ڕۆم و زۆر دڵنیام سێ پشتی خۆم نامناسنه‌وه، پێنج پشتی خۆم نازانن ناویشم چی بوو!
به‌یانییه‌كی پاییزی چوار سندووقی پڕ له نووسین، سێ كووپه‌ی ته‌ژی له شیعر، دوو ده‌فری پڕ له وه‌رگێڕان، گۆزه‌یه‌كی پڕپڕ له ئاوات و ئه‌وین له‌گه‌ڵا خۆمدا ده‌به‌مه گۆڕ.
به‌یانییه‌كی پاییزی یه‌كێ له یه‌كێ ده‌پرسێ: هه‌واڵی مردنێكت بیست؟ ئه‌ویش سه‌رێ ده‌له‌قێنێ و بێده‌نگ ده‌بێ. من ئه‌وانم قه‌ت نه‌دیون، وه‌لـێ ڕه‌نگه له دووره‌وه ئاشنام بووبن.
ڕۆژێ مردن ده‌ستم ده‌گرێ و له‌م خه‌مه ڕزگارم ده‌كا، به هه‌ردووكمان سواری پشتی عیشق ده‌بین و ده‌ڕۆین تا له چاو ون ده‌بین.
ئێوارانێكی پاییزی سه‌راپا شار هه‌واڵی مه‌رگم ده‌زانێ، كه‌چی نه كه‌س پێكه‌نین له لێوی ده‌بڕێ و نه شار له جووڵه ده‌كه‌وێ. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌بووبێتم، هه‌ر خۆم ده‌چم، هه‌موو شت له جێی خۆیه‌تی.
شه‌وێكی پاییزیی دره‌نگ، له‌و شریته‌ی له خوار شاشه‌وه ڕه‌ت ده‌بێ هه‌واڵی مه‌رگم ده‌نووسرێ، زۆر كه‌س هه‌ر نازانێ كێیه و زۆری تریش هه‌ر نایبینن!