جه‌سته‌یه‌کی کۆڵه‌وار له قوماشی تریفه
هەستا بە خوڵقاندنی دژوارترین و پڕ ڕەمز و ڕازترینی بەرهەمه‌کانی خۆی. سەرەتا، تۆپه‌ڵه‌یه‌ک بوو له چێوه‌ی بازنه‌یه‌کی هێلکه‌ییدا؛ ڕیشۆڵاوی و بە گرێ و گۆڵ. ماوەی حەفتا ساڵ لە بەرانبەریدا چوارمیلکهی داوه و لێی ڕوانی و به سه‌رسامییه‌وه تێی فکری:
– ده‌بێ خیلقهتێک بێ له چه‌شنی خۆم، هاوتایه‌کی گرێده‌ری ئه‌زه‌ل و ئه‌به‌د، هه‌ڵگرێکی توناوتوونی خه‌مه له بڕان نه‌هاتووه‌کان و شووشه خاش و وردبووهکانی ئازاره‌کان. قایم و ڕیشه داکوتراو، به سه‌ما و سه‌وز و شنه، به به‌روبووم و به‌خشه‌نده، وێنای دارێک. هێمایه‌کیش بێ؛ لۆ… ژیانه‌وه و ژی..
دوای هه‌فتا ساڵی ڕه‌به‌ق که ڕاست بووه‌وه؛ دهنده و جومگه‌کانی که‌وتنه ته‌ق و هووڕ. تۆز و خۆڵی لێنیشتووی ناو شانه ڕووته‌که‌ی به مووره‌غه‌ی پشتیدا خزایه خواره‌وه. به‌ژن و باڵایه‌کی گه‌ڕاوه‌ی داکه‌وته‌ی ته‌مه‌نداری ساڵ پڕووکێنی حه‌کیمانه، به جووتێک چاوی سه‌وز و دوو برۆی شاپهڕئاسای سپییه‌وه. تاکوو ئێستا هیچ به‌رهه‌مێک ئه‌وه‌نده له شانی گران نه‌هاتووه، گوتبووی:
– هه‌ست به که‌م و کووڕیه‌کی گه‌وره ده‌که‌م له‌م جیهانه‌دا و بۆشاییه‌کی گه‌وره ده‌بینم، بۆیه هۆگری خیلقهتێکم پڕ به‌و بۆشاییه مه‌زنه.
له‌و ماوه دوور و درێژه‌دا به وردی بیری له چۆنیه‌تی خوڵقاندنی به‌رهه‌مه‌که‌ی کردبووه‌وه. له ته‌نیشت تۆپه‌ڵه هێلکه‌ییه گرێدارهکه هه‌ڵکورما؛ وێنه‌ی وه‌ستایه‌کی په‌یکه‌رتاشی به ئه‌زموون و لێوه‌شاوه له کاتی داڕشتن و گیانلهبهرکردنی په‌یکه‌رێکدا. شێلگیرانه و لێبڕاوانه که‌وته خۆ.
یه‌که‌م جار؛ ناردی له چوار قوڕنه‌ی دونیا، چوار ئه‌فسوونی ژیان پارێزیان بۆ کۆ کرده‌وه. ماوه‌ی یه‌ک مانگ به ده‌وری تۆپهڵهکهدا که‌وته ته‌واف و ئهفسوونکردنی. شه‌و و ڕۆژی لێ نه‌بوارد.
هه‌نووکه ده‌بوا پشوو بگرێ تا کولێره‌ی کامڵی مانگی چوارده هه‌ڵبێ و به تاقی ئاسمانه‌وه هه‌ڵواسرێ. ناردی به شهنێک و زۆر به ئه‌سته‌می چاڵهتریفهی مانگیان ڕنیه‌وه، حه‌وت مانگ، له حه‌وت شه‌وی چوارده‌دا ئه‌م کرده‌وه‌یان دووپات کرده‌وه تاکوو توانیان خورجینێکی لێ پڕ بکه‌ن و بیهێننه‌وه. پاشان بۆ ماوه‌ی حه‌فتا شه‌و؛ زریوه و تریفه‌ی مانگی چوارده‌یان له تۆپهڵهکهوه سو‌و، جێ سووژنێکیان لێ ده‌رنه‌کرد. له ئاکامدا تۆپه‌ڵه‌یه‌کی ڕووناکی لێده‌رچوو. له بوومه‌لێڵی سه‌حه‌ردا وێنه‌ی گه‌وهه‌رێکی شه‌وچرای تریفه‌داری ده‌نوواند.
خوڵقێنهرهکه خه‌نی بوو. لێی کشایه‌وه و ده‌ستی کرده کۆڵه‌که‌یه‌ک بۆ چه‌ناگه‌ی و تێی ڕاما. تا ئێره له ئاکامی کرده‌وه‌که‌ی ڕازی بوو. وزه‌ی گرته‌وه و چووه‌وه سه‌روه‌ختی تۆپه‌ڵه‌که. پاشان ناردیه‌وه بۆ چوارقوڕنه‌ی دونیا و له چوار وه‌رزدا و له باخه سه‌رسه‌وزه‌کان و له به‌رووبوومی حه‌وت دارمیوه‌ی؛ گێڵاس، سێ‌و، هه‌نار، به‌هێ، قه‌یسی، هه‌رمێ و ترێ، پڕ به گۆلاوێ، تێکیانهوهدا و دۆشاوێکی مزری خه‌ستیان لێ گرته‌وه. چوار جار تۆپه‌ڵه‌که‌ی تێ هه‌ڵکێشا و هێنایه‌وه ده‌ره‌وه. شیله‌یه‌کی مزر به ده‌ورانده‌وریدا ده‌خزایه خوار و ده‌چۆڕایه‌وه. دواتر له سه‌ر پانتایی خرمانهزهویێکدا شیله‌که‌ی ڕۆ کرد و بڵاوی کرده‌وه و ههڵیخسته به‌ر خۆر. لێی گه‌ڕا به شێنه‌یی بمه‌یێ و پێسته‌یه‌کی مزری لێ به‌رهه‌م بێ. له سێبه‌ری ئێواره‌دا تۆپه‌ڵه هێلکه‌ییه گرێدارهکهی نایه سه‌ر پانتایی دامێنی پێسته‌که و تیرۆک ئاسا لێواره‌که‌ی هه‌ڵدایه‌وه و تێوه‌ی پێچا. نوێبهرگێکی مزری کرده‌به‌ری و گرێ و گۆڵ و قوپاوییهکانی ئه‌ندامی پڕ کرده‌وه و پێی داپۆشی.
دواتر بردییه سه‌ر کۆگایه‌کی خۆڵهون له سه‌حرایه‌کی وشکارۆدا. گڵۆڵهئاسا تۆپه‌ڵه‌که‌ی غلۆر کرده‌وه. له خۆڵه‌وه پێچرا. تاماوی شیله‌ی دۆشاوه‌که خۆڵی سه‌ر ڕێگاکه‌ی به خۆیه‌وه هه‌ڵگرته‌وه. بوو به تۆپه‌ڵه‌یه‌کی خۆڵین. له‌به‌ر تینی گڕی خۆری سه‌حرادا مه‌یی و ساڕووج ئاسا گیانی گرت.
دوای ماوه‌یه‌ک تۆپه‌ڵه‌که‌ی له سه‌حراوه گواسته‌وه بۆ سه‌رچاوه‌ی درێژترین ڕووباری دونیا. به‌ده‌م ئاو و به‌ده‌م ڕێوه و تلاوتل له حه‌وت مه‌مله‌که‌ت تێپه‌ڕی. هاوشێوه‌ی بهردهلووسێکی ناوچه‌می لێهات. گه‌یشته ده‌روازه و فه‌راخی زه‌ریا. دڵفهریح و باڵ به‌رین و پڕ مه‌ودا. ئاسۆیه‌کی تا بڵێی دوور. له ده‌ریادا؛ ماوه‌یه‌ک بوو به یاریچه‌ی دۆڵفینه‌کان. له ژێڵڵاوه ده‌یانهێنایه‌وه سه‌ر ئاو و پاشان ده‌یانبرده‌وه بۆ لای دونیا جیاوازه‌که‌ی قووڵایی زه‌ریا. دۆڵفینه‌کان به پانایی کلکیان دهیانهاویشته یه‌کتر. ماسییه جۆراوجۆر و ڕه‌نگینه‌کان به لاکردنه‌وه و له ته‌نیشتییه‌وه تێده‌په‌ڕین. ئه‌ستێره ده‌ریاییه‌کان و زینده‌وه‌ره گرشهدارهکان پێی سه‌رسام ببوون؛ له تریفه و پرشنگی ورد ده‌بوونه‌وه.
ده‌رفه‌ته‌که‌ی له ته‌واو بوون بوو. ده‌بوا له قووڵایی زهریاڕا؛ بردرابا بۆ ڕووتهنێک له بیابان و له شه‌وێکی ساردی ئهنگووستهچاودا، ئاگرێکی له ته‌نیشت ههڵکرابا. دواتر کۆنترین و به پێچ و په‌ناترین کۆوێردی ئه‌م که‌ون و که‌وشه‌نه‌ی به سه‌ردا خوێندرابا و تۆپه‌ڵه لووسه‌که گیانی گرتبا و هێلکهئاسا و به حاسته‌م قاپووڕهکهی شکاندبا و بوونه‌وه‌رێکی غه‌ریب به دونیا و به‌رهه‌می حه‌فتاساڵ تێڕامانی لێ ده‌رهاتبا. ئه‌وسا ئاماده کرابا بۆ ناو لێنان و دوای ڕێ و ڕه‌سمێکی شیاو به جووته‌که‌ی سپێردرابا.
خوڵقێنه‌ره‌که‌ی، بڕیاری دابوو ئه‌م بوونه‌وه‌ره ده‌رکه‌وته نوێیه؛ له سه‌ر واقیعی بوون تاقی بکاته‌وه. هه‌ربه‌م مه‌به‌سته، ئه‌رکی خه‌ڵه‌تاندنی بوونه‌وه‌ره نوێخوڵقهکه و جووته‌که‌ی خسته ئه‌ستۆی ئیبلیس و له کانگای ڕووباری پڕشهڕاب و باخه جوراوجۆر و حۆرییه مهستهکانهوه، هه‌ڵیدانه سه‌ر زه‌ویه‌کی قاقڕ و بۆ خۆیشی له سه‌ر په‌ڵه هه‌ورێکی پان و مه‌زنه‌وه؛ له سهرزگ و ڕووه خوار ڕاکشا. پشته ده‌ستی خسته ژێر چه‌ناگه‌ی و له تاقی ئاسمانه‌وه که‌وته تاقیکاری و سه‌ره‌داوی ڕووداوه‌کانی گرته ده‌ست.
هاتنی ڕێ و ڕه‌سمی ناولێنان و به جووت سپاردنه‌که‌ی بوونه‌وه‌ره نوێخوڵقهکه و دوای کۆچه داسه‌پاوه‌که‌یان، له بن سێبه‌ری دارهبهنێکدا و له کاتی به پهلککردن و هۆنینه‌وه‌ی زوڵف و کهزیهیدا، له لایه‌ن جووتهکهیهوه هه‌واڵێکی جه‌رگبڕی پێ گه‌ییشت:
– خاکهسیای عاله‌م، وه‌سه‌رمان! … کوڕه جوانه‌مه‌رگه‌که‌مان ڕۆ … ئه‌ی خودای مه‌زن، تاقه‌تمان به‌یتێ …
هێشتا نوێ زامی ونبوونی کوڕه‌که‌ی قه‌تماغه‌ی نه‌به‌ستبوو که هه‌واڵی کوشتنه‌که‌ی، به ده‌ست کوڕه‌که‌ی تری، توێژاڵی لادا و برینه‌که‌ی کولانده‌وه و کۆڵه‌وار و که‌له‌لای کرد. په‌لکه‌کانی کرده‌وه و که‌وته ڕنینه‌وه‌ی قژ و لاجانگ و ڕوومه‌ت و سه‌رسینگی. وێنه‌ی مێگورگێک له سه‌ر گابه‌ردێکه‌وه و ڕووه و ئاسمانی شه‌و، له چاڵهتریفهی مانگی چوارده بڕوانێ و به گه‌روویه‌کی حه‌زینه‌وه بقرووسکێنێ و بلوورێنێ. هه‌وره‌کانیش له کۆده‌نگی قریشکه و ناڵه‌ی به‌شیان که‌وت. تا جووته‌که‌ی به فریایهوه هات؛ خۆی خه‌ڵتانی خوێن کردبوو. پاش ماوه‌یه‌ک؛ ووڕ و کاس و ده‌سته‌وه‌ستان، کز دانیشت و به دوو چاوی تژی له ئه‌سرین؛ ڕووانییه ئاسۆ. دڵی ده‌یگوت:
“ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌که بۆ پێشوازی له داهاتووێکی لێڵ و نادیار”
کت‌وپڕ ده‌سته‌ودامێنی جووته‌که‌ی بوو. له سه‌ر چۆک و به پرچی ئاڵۆز و تێکه‌ڵ به فرمێسک و خوێنه‌وه؛ هه‌ر دووک چاوه پڕ له به‌زه‌ییه‌کانی به دیده‌ی جووتهکهیهوه هه‌ڵواسی و به بێ وته و به لاره‌ملی؛ که‌وته کڕووزانه‌وه و پاڕانه‌وه. ڕه‌نگه ئه‌م کرده‌وه‌یه‌ی هێمایه‌ک بێ؛ بۆ داواکردنه‌وه‌ی ته‌رمی کوڕه جوانه‌مه‌رگه‌که‌ی. ویستێبێتی بۆ دواجار له سه‌ر ته‌رمه‌که‌ی؛ ده‌نکه هه‌ناری فرمێسکه‌کانی هه‌ڵوه‌رێنێ و کوڵ و کۆی هه‌ناوی دامرکێنێ. وه‌ک شتێ له ئاسمانه‌وه فه‌رمان وابوو که له ئێستا زووتر نییه؛ ده‌بێ پشیله‌یه‌ک له‌ده‌م ده‌رگای ژووره‌که‌ی ئه‌م بوونه‌وه‌ره نوێخوڵقهدا بکوژرێ …
خوڵقێنهرهکه له سه‌ر پێخه‌فی هه‌وره ده‌ستکرده مه‌زنه‌که‌ی خۆی تلاوتلێکی کرد و بیری له پاداشتێک کرده‌وه که؛ دوای ئه‌م ئازاره به سۆزه به نیشانه‌ی ڕێزلێنان و ئاماده‌کردنی دووباره‌ی بۆ تاقیکارییه‌کی نوێ، به بوونه‌وه‌ره‌که‌ی ببه‌خشێ. هات بۆ ماوه‌ی هه‌زار ساڵ کردییه سه‌رکرده‌یه‌کی مه‌زن و ڕێبه‌رێکی بێ ئه‌م لاولا. خه‌ده‌م و حه‌شه‌م و گزیر و گاوانی نایه ژێر ده‌ست. کردییه فه‌رمانڕه‌وای زه‌وی و له حاستیدا ملکه‌چی به‌خشی به مه‌زرا و کێڵگه‌کان و به‌نده نێرینه‌کان. پاش ئه‌م خه‌ونه دوور و درێژه، له سهرهداوهکهدا و ته‌سبێح ئاسا؛ ده‌نکه ڕووداوێکی به ئه‌سپێ کوژه‌ی قامکی بڕ دا و ڕوانییه ڕووبه‌ری زه‌وی؛
هێشووه خورمای دارخورماکان له کوڵ و که‌فی برژاندان. تهمووزێکی تاقه‌تپڕووکێنه. له ڕووبه‌ری بیاباندا سه‌راوێ؛ لێڵه ئه‌کا. خێوهتگهڵێ له ڕۆخی دارستانێکی خورمادا مزگێنی ژیانێکی که‌م تین به ڕێبواران ئه‌دا. کیژۆڵه‌یه‌کی تریفهپێستی ده‌م به بزه‌ی که‌زییه شێواو له ناو کۆگاگڵی چاڵێکدا له سێ به‌ردی بازه‌ڵێن ده‌گه‌ڕێ. جارناجارێ دڵۆپه ئاره‌قه‌ی سه‌ر لووتی کزهپیاوێکی پێست برژا و پڕچین ولۆچ؛ ده‌تکێته سه‌ر ده‌سکه بێڵه دارینه‌که‌ی. له ناو چاڵه‌که‌دا و له سووچێکه‌وه نه‌بێ مووهخۆڵاوییهکهی سه‌ری به‌دی ناکرێت. هه‌ر نرکهیه و خنهیهتی. له په‌ستا به دڵی بیاباندا رۆده‌چێته خوار. ده‌ڵێی له قووڵایی ئه‌و پێده‌شته وشکارۆیهدا، له کارێزێڕا، خه‌می دۆزینه‌وه‌ی ئاو هه‌ژاندوویه‌تی. دوای قه‌ده‌رێ؛ کیژۆڵه سه‌ر به مووروهکهی بانگهێشت ده‌کا و له باوه‌شی ده‌نێ. هه‌ست ده‌کا به قه‌د هه‌موو کێوه‌کان کێشی هه‌یه. لاقه‌کانی به‌رگه ناگرن. لاوازن و که‌م هێز. له توانایاندا نییه ڕایگرن. به سه‌رقۆڵی داپۆشه تهواوپۆشهکهی، ده‌ست ده‌با ئاره‌قه‌ی لاجانگی باوکی ده‌سڕێ. په‌نجه بچکۆله قه‌ڵه‌ویچکه و نه‌رمه‌کانی، قایم به به‌رده بازهڵێنهکانییهوه نووساوه. بزه‌یه‌کی شێتانه به سیمای باوکی‌دا ده‌پرژێنێت. له باوه‌شی ڕا ده‌یخزێنێته خوار. به‌لێنی یاری خۆشارکێنهی پێ ده‌دات. له بنکی چاڵه‌که‌دا ڕایدهکشێت. بهردهبازهڵێنهکان به سینگییه‌وه ده‌نێ. له ونبوونیان ده‌ترسێ. تا ئه‌مکاته باوکی نه‌دیتووه یاری خۆشارکێنهی له گه‌ڵ بکا. پێڵووه بچکۆڵه‌کانی داده‌گرێ و چاوه‌ڕوانی باوکی ده‌کا خۆی حه‌شاردا. هه‌سته منداڵانه‌که‌ی ده‌ڵێ: “خۆزگه ئه‌م باوکه‌ی من یالی خۆشالکێنهی زانیبا، ئیتل هه‌موو لۆژێ تاکوو به‌یانی به یه‌که‌وه نه‌ده‌خه‌وتین و یالی خۆشالکێنهمان ئهکلد.”
ئه‌و شه‌وه دوابه‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی کزهپیاوه پێست برژاوه پڕچین و لۆچهکه بۆ ماڵه‌وه، له ناوه‌ندی خێوهتهکانهوه شهستهزریکهی دایکێک؛ لێنه‌گه‌ڕا زینده‌وه‌ره‌کانی بیابان، له فێنکایی شه‌ودا چاو سه‌ریه‌ک نێن.
وا ده‌گوترا که ئه‌م خوڵقێنه‌ره؛ قه‌ت به هه‌ڵه‌دا نه‌چووه و له خوڵقاندنی ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌دا دوابه‌دوای حه‌فتا ساڵ سه‌رنجدان و لێوردبوونه‌وه و هه‌وڵی بێ وچان، هیچ گله و گازنده‌یه‌کی لێی نه‌بووه، تا هه‌نووکه‌ش و له سه‌رجه‌می تاقیکارییه‌کاندا و به ڕاده‌یه‌ی باش به‌رگه‌ی گرتووه و تاقه‌تی هێناوه.
خوڵقێنهرهکه به نیاز بوو؛ کشته‌کی کۆداوهکه کرژ بکاته‌وه و له ڕێگای ئه‌سپێکوژه‌ی قامکیهوه و له قه‌تاره‌ی ته‌سبێحی ده‌نکه داوهکانهوه بکه‌وێته دووای گرێ خهتمهکهدا، بیدۆزێته‌وه و له سه‌ر لێواری نووکی قامکی بڕی بدا. ئه‌مجاره‌ش له ئیبلیسی گێڕایه‌وه و کردییه ڕاسپێردراوێکی متمانه پێکراوی پێگه‌یه‌کی خوداوه‌ندانه و هه‌نارده‌ی نێو دڵی بوونه‌وه‌ره‌که‌ی کرد. خۆیشی له هه‌مان شوێنه‌وه؛ سه‌رنجی گواسته‌وه بۆ سه‌ر ناوچه‌یه‌کی دیکه‌ی پێده‌شتی زه‌وی.
به دووکه‌س ده‌ستیان نابووه بن باڵی عهباپۆشێک و عه‌ره‌بانه ئاسا له کۆڵانه خۆڵینه‌کانی ئاواییه‌که‌وه وه‌دووی خۆیاندا ڕایانده‌کێشا، چه‌شنی وڵاخێکی بارکێش؛ جووتێ نیرگهداریان له که‌له‌که‌ی به‌ستبێ و لاشه‌ی گارییهکی پێ بکێشن. پووره‌ی کۆمه‌ڵێک منداڵی ڕه‌ش و ڕووتی به ته‌وژم و قرم و قاڵهوه، وه دووی عهباپۆشهکهدا له گه‌ڵ کۆڵانه به پێچه‌کاندا شكڵیان ده‌گۆڕی. ده‌لاقه‌ی خانووه‌کانیش تابلۆیه‌ک بوون ده‌ستکاری هه‌مان ئان و سات و به‌رهه‌می دیمه‌نی ڕاگوازتنی عهباپۆشهکه. له هه‌ندێکیاندا تاکێک به زارێکی داپچڕاوه‌وه و له زۆربه‌شیاندا له تاکێک به‌ره و ژوورتر و هه‌ر کامێکیشیان قامکه‌ی شادهیان خستووه‌ته سه‌ر لێویان. له دوای باهۆزه‌که‌ی چه‌ند ساڵ له‌وه‌پێش که له سه‌حراوه گێژه‌نه خۆڵێكی مه‌زنی کێشه‌وه کرد و ده‌رکه و ده‌لاقه‌ی خانووه‌کانی پێ شارده‌وه و ڕۆژنه ورده‌کانیشی پێ ئاخنی؛ خه‌ڵکی ئاوایی بۆ سکاڵا و ڕێچاره‌یه‌ک، چووبوونه خزمه‌ت پیرترین و به ئه‌زموونترین که‌سی ئاوایی که چاوێکی له ئه‌زه‌له‌وه کوێر بووه و چاوه‌که‌ی دیکه‌شی له که‌للا شووشه‌یه‌کی سه‌وزی ده‌کرد. خانووی ساڵپڕووکێنترین که‌سی ئاوایی له به‌رزترین شوێنی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا. له موانخانهکهیدا چه‌ندین ژنی حۆری سیفه‌ت و په‌ری ئاسا ههڵاوگیری خزمه‌تکردن و میوانداری بوون. هه‌ر کامه‌یان باوه‌شێک خورمایان نابووه سهرمجمعهیهکی مسینهوه و دهماخکراو و به کلی کێوی تووره‌وه؛ دیده ڕێژراو، سه‌رقاڵی به‌شینه‌وه‌ی بوون. دوای ئه‌وه‌ی پیاوانی ئاوایی له ده‌مه‌ته‌قێی خورماخواردن بوونه‌وه؛ خانه‌خوێ به یارمه‌تی گۆچانه‌که‌ی که‌وته سه‌رپێ و له چاوێکه‌وه به‌سه‌ر میوانهکانیڕا سووڕێکی گێڕا و به ئاسته‌م خولێکی به پاشماوه‌ی شه‌کراوی خورمای ناو ده‌می دا و به نووزه‌یه‌که‌وه گووتی:
– ئاگه‌دار بن که ئه‌م باهۆزه مه‌زنه؛ سه‌نعه‌ت و غه‌زه‌بی ئاسمانه، له زووه‌وه ده‌یان قه‌وم و قه‌بیله به‌م چه‌شنه که‌وتوونه‌ته به‌ر غه‌زه‌بی ئاسمانی تووڕه‌وه و له ژێر گه‌رده‌لوول و فڕفڕه‌ی خۆڵباریندا نووقم بوون و هیچ ئاسه‌وارێکیان لێ به جێ نه‌ماوه و نه‌وه‌کانی دواتریش لێیان بێ ئاگا ماونه‌ته‌وه. هاتنی ئه‌م باهۆزه؛ یه‌که‌م عه‌لامه‌ته له به‌ڕێوه بوونی غه‌زه‌بی ئاسمان. هه‌مووتان ئه‌وه بزانن که ئاسمان به بێ ده‌لیل، له هیچ قه‌وم و قه‌بیله‌یه‌ک ڕق ناکێشێ و تووڕه نابێ. یان ده‌بێ کرده‌وه‌یه‌کی نه‌شیاویان ئه‌نجام دابێ یان نافه‌رمانییه‌کی مه‌زنیان کردبێ.
له‌و سه‌ری میوانخانه‌که‌وه ژاوه‌ژاوێک شهپۆلاوشهپۆل په‌ره‌ی سه‌ند:
– هه‌مووی له ژێر سه‌ری ”عوزرا”ی بێوهژندایه، ئه‌و بێوڵه عیفریته چاو نه‌رم و دڵ ههراوهیه که دڵی جێی هه‌مووان ده‌بێته‌وه و بووه‌ته مایه‌ی تووڕه‌بوونی ئاسمان …
قووله‌یه‌کی کرژ باڵی بێده‌نگی به سه‌ر دانیشتووه‌کاندا کێشا:
– براکانم وریا بن! فیتنه‌یه و ده‌ستی ئیبلیسی نه‌فره‌ت لێکراو له ئارادایه. ئه‌مه به گژداچوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی خوداوه‌نده … ده‌بێ ئه‌و عیفریته قێزه‌ونه چاونهرمه دڵههراوه به زیندوویی بخرێته چاڵه‌وه تا له عه‌زاب و هه‌نارده کردنی چاره‌ڕه‌شی ئاسمان مه‌حفووز بمێنینه‌وه …
ئه‌و ڕۆژه پیاوانی ئاوایی به چاودێری گه‌وره ساڵپڕووکێنه تاقهچاوهکیان، له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێککه‌وتن که؛ “عوزرا”ی بێوه‌ژن یاخی بووه و سه‌رکێشی کردووه، دڵه ههراوهکهی و چاوه نه‌رمه‌که‌ی، له خوڵقێنه‌ره‌که‌یه‌وه پێنه‌گه‌یشتووه و به‌هۆی کرده‌وه‌یه‌کی دزێو و قێزه‌ون و به یارمه‌تی ئیبلیسی نه‌فره‌ت لێکراوه‌وه به ده‌ستی هێناوه. ئه‌مه‌ش غه‌زه‌ب و تووڕه‌یی ئاسمانی جووڵاندووه . چاره ئه‌وه‌یه که یا ده‌بێ به زووترین کات خۆمان ئاماده بکه‌ین بۆ دابارینی چه‌رمه‌سه‌رییه‌کانی ئاسمان یا “عوزرا”ی بێوه‌ژن بکه‌ینه قوربانی و دوودهستهکی پێشکه‌شی باره‌گای ئاسمانی بکه‌ین و به سزای نافه‌رمانی و ئه‌م کرده‌وه دزێوه‌ی بگه‌یێنین. به کۆده‌نگی و له لایه‌ن پیره به ئه‌زموونه‌که‌یانه‌وه وا بڕیار درا که؛ له ڕۆژی هه‌ینیدا، له گۆڕه‌پانه گرده‌که‌ی باشووری ئاوایی‌دا تهنوورهچاڵێ به قه‌د باڵاپیاوێک هه‌ڵکه‌ندرێ، پاشان جه‌سته‌ی به ڕۆحی “عوزرا”ی بێوه‌ژنی تێئاخێندرێ و چاڵ بکرێ، به جۆرێک که ته‌نیا له سێوی گه‌ردنی به‌ره‌وژوور ببیندرێ. هۆکاری ئه‌م کردهوهیهشیان جه‌خت خستنه سه‌ر دڵه ههراوهکهی “عوزرا”ی بێوه‌ژنه که ئه‌و چاڵه ته‌نووره‌یه به حوکمی ئاسمان، تووند له ناو خۆیدا بیگوشێ و تا بتوانێت ته‌نگ و به‌رته‌سکی بکاته‌وه، وا که ته‌نیا جێگای تاکه‌که‌سێکی تێدا ببێته‌وه و به‌س. دوواتر جه‌ماوه‌ری ئاوایی بازنه ئاسا به ده‌وریدا ئاپووڕه بنێنه‌وه و هه‌رکامه‌یان چهخماخهبهردێکی سپیی بهاوێژێته کاسه‌سه‌ری و کرته‌ی بێ و وه‌ک ده‌نکه هه‌نار ببێته هۆی داوه‌راندنی چاوهنهرمهکانی له ناو چاڵی چاویه‌وه. ئه‌م کرده‌وه‌یه هه‌م ببێته عیبره‌تێک بۆ ”عوزرا”کانی دیکه و هه‌م پێشکه‌شێک بێت بۆ به‌رده‌م باره‌گای شکۆداری ئاسمان، تا له سه‌رکێشییه‌کانیان چاوپۆشی بکات و نه‌که‌ونه به‌ر ته‌وژمی ڕق و غه‌زه‌به چارهڕهشکهرهکهی.
چاوی ئاسمان له سه‌ر گۆڕه‌پانه گرده‌که‌ی باشووری ئاوایی نیشتووه‌ته‌وه. قرمهیه و هه‌ڵڵا. یه‌کڕیزی جه‌ماوه‌ر شه‌پۆل ئه‌دا. له ناویاندا ساڵپڕووکێنترین پیاوی ئاوایی چووه‌ته بان به‌رزترین بارستایی ئه‌و ناوچه‌یه. به که‌مه‌ی گۆچان فه‌رمانه‌که‌ی هه‌نارده ده‌کات. شه‌سته‌بارانی چهخماخهبهردهکان داده‌بارێن به سه‌ر جه‌سته‌یه‌کی کۆڵهواردا له توخم و قوماشی تریفه. کاسه سه‌ری دهقرپێ و که‌مێک دواتر په‌پووله‌یه‌کی ڕه‌نگ تریفه‌ش دوای سه‌ره‌تاتکێیه‌کی کاتبه‌ر له ده‌می بوونهوهکهوه سه‌رده‌ردێنێ و به‌ره و ئاسمانێکی تووڕه و چاڵه تریفه‌ی مانگی چوارده ده‌فڕێت. ده‌نگێک له ناو ئاپووڕهی خهڵکهکهڕا له هه‌موو ده‌نگه‌کان به‌رزتره:
– بیکوتن به قوربانتان بم، با ته‌پپه‌ی بێ، ئه‌و چاوه نه‌رمانه‌ی با داتهکێ! ئه‌وه دیاری ئیبلیسی نه‌فره‌تلێکراوه. مایه‌ی قین و غه‌زه‌بی ئاسمانه. له تۆقی سه‌ری بسره‌وێنن، ده‌ی به قوربانی ده‌ست و په‌نجه‌تان بم…
“عوزرا”یه‌کی تریش له دڵیدا و له ناو ئاپووڕهکهوه ده‌یگووت:
– “سه‌د خۆزگه‌م به کفن دزه‌که‌ی پێشوو…!”
له کۆنه‌وه واهاتووه که؛ هه‌ر گرێخهتمێکیش، خه‌تمێکی دووباره‌ی به دوادا دێت.
ڕزگار لوتفی