هەندێک دەرئەنجام بۆ بیردۆزى سمێلتاشینەکەى ڕێبوار سیوەیلى
ڕەنگە لەم دە ساڵەى ڕابوردوودا وتارێکى هێند گرنگ و بەنرخم نەخوێندبێتەوە وەک ئەوەى ڕێبوار سیوەیلى لە ژمارەى ئەم هەفتەیەى ڕۆژنامەى ( باس ) بە ناوى ( سمێڵ تاشین ) ەوە بڵاوى کردبۆوە ..بە ڕاستى وەک چۆن ستانداڵ لەو باوەڕەدایە ئەکرێت بە نیشاندانى سایکۆلۆژیاى منداڵێک لە ساتەوەختى جەنگدا باس لە گەورەترین جەنگ بکەین ، بە بێ ئەوەى شتێک لە تۆپ و فڕۆکە و تانک و فیشەک بهێنینە ناو بابەتەکەوە ..بە هەمان شێوەیش ڕێبوار سیوەیلى لە ڕێگاى سمێڵەوە توانیوێتى بەشێکى زۆر لە ئایدیا و ناوەرۆکى کۆمەڵگاى شەرقى بەرجەستە بکات ، بە جۆرێک تیایدا پیکەنین و گریان ، نوکتە و شیوەن تێکەڵاو ئەبن .. ئەو داوا لە سەرکردەکان ئەکات سمێڵ نەتاشن ، چونکە سمێڵ سامانێکى نەتەوایەتیە ..ئەوەتا خەڵکانى ئەڵمانیا کە گێرهارد شرۆیدەریان بینى بە قژى بۆیاخکراوەوە ، ناڕەزاییان نیشان دا و زۆربەى کەناڵەکانى ڕاگەیاندن تانەیان لێدا کە گەلانى ئەڵمانیا بە چەندەها کێشەى داراییەوە ئەناڵێنن کەچى ڕاوێژکارەکەیان قژى بۆیاخ ئەکات ..بە هەمان شێوە تاشینى سمێڵى سیاسى ، وەکو ڕوخانى دیوارى بەرلین یان شوراى چین وایە ، چونکە هەموومان تاکو ئیستا کە باس لە شێخ مەحمودى حەفید ئەکەن ، یەکسەر سمێڵە بابڕەکەیمان دێتەوە یاد .. یان بە ناوهێنانى فریدریک نیچە ، پێش هەر شتێک سمێڵە تۆپەڵەکەیمان دێتە بەرچاو .. واتا لەو حاڵەتانەدا سمێڵ ئەبێتە ناسنامەیەک ، ونکردنى ئەبێتە هۆى مەسخ بونى ئەو کەسە ، وەک مەسخ بونى گریگۆرى بۆ قالۆنچەیەک لە چیرۆکە غەمگینەکەى فرانز کافکادا ..
لە یادمە کە چوینە کۆلێژ ، برادەرێکمان بڕیارى دا پێش ئەوەى یەکەم موحازەرەى کۆلێژ دەست پێبکات ، سمێڵى بتاشێ ، چونکە ئێرە شارێکى ترە و هاوڕێیانى زانکۆیش ، زۆربەیان یەکەمجارە ئەیانبینێ ، بەڵێ باشترین فرسەتە بۆ ڕزگار بوون لەو جووتە سمێڵە ڕەق و تەقەى وەکو فڵچەى بۆیاخ ڕەپ ڕاوەستاون .. ئەو ئەیوت : ساڵەهایە لە بەر تانە و تەشەرى هاوڕێیان و خزمانى شارەکەم ، تەحەمولى ئەو دوو باڵى فڕۆکەیەم کردووە بە لوتمەوە ..ساڵەهایە لە فرسەتێک ئەگەڕێم بە زیدولجەوێک بیخەمە خوارەوە )ئیتر سمێڵى تاشى و چەند ساڵێک مناڵى و بەرائەتى بۆ گەڕایەوە ..پاشان چوینە کرۆکى زانستى بایۆلۆژى و هۆرمۆناتەوە ، ئەوسا بۆمان دەرکەوت کەسانێک سمێڵیان ڕەپە ، هۆکارەکەى ترس و داچڵەکینى بەردەوامە لە منداڵیدا ، بە شێوەیەک ماسولکەی بنکى مووەکانى سمێڵ ڕەپ ئەبن و مووەکەیش وەکو باڵى فڕۆکە ڕەپ ڕائەوەستێ ، بە هۆى کەمبونەوەى ماددەى ئەستیل کۆلین لە دەمارەخانەى بنکى مووەکاندا کە بەرپرسە لە جوڵاندنى ماسولکەکە و .. خولاسەى کەلام ، دوژمن لە ماڵت نائومێد بێ ئەو دۆخە پێى ئەوترێ : تیتانەس واتە گۆتبوون ..ئەگەر بازاڕیانەیش بدوێین واتە سلاکبوون ..ئینجا بە بۆچوونى من هۆکارى سەرەکى سمێڵتاشین ( ئیتر چ سیاسى ، چ کۆمەڵایەتى ، چ میللى بێ ) بە پلەى دووەم لە دواى سپیبوون ، بۆ ئەو ڕەپبوونەى سمێڵ ئەگەڕێتەوە لەناو چین و توێژەکانى لاى خۆمان .. بەڵام هۆکارى یەکەم بێ گومان سپیبوونە .. کابرا سەرى سپى ئەبێ ، بۆیاخى ئەکا .. ئەى چى لە سمێڵ بکات ؟؟خۆ ئەویش بۆیاخ ناکات .. ( هەرچەندە ئەوانەى کە ناتوانن واز لە سمێڵ بێنن و ئیدمانیان کردووە لە سەرى ، قیروسیاى لێدەکەن ، نەختێک بۆیاخ زیاتر ئەگرنەوە و لەگەڵ سەرەکەدا ، لە سمێڵەکەیشى هەڵئەسوون ..ئەمانە هەر لە دوورەوە دیارن و .. پێیان ئەوترێ : کامیل بۆیاخ .. یان حیزام بۆیاخ .. یان هەر زاراوەیەکى تر کە زیاتر لە پێشانگاى ئوتومبیل بەکار دێت و نرخى ئوتومبیلەکەى پێ دێتە خوار .. بەڵام مرۆڤ کائینێکى بە نرخە ، نرخەکەى زۆر نایەتە خوار ، تەنها پێویستى بە تۆزێک ڕوو قایمیە تاکو ڕوخسارێکى چرچ و لۆچ ، بە سەرو سمێلێکى قەترانیەوە هەڵواسێ )
لە ئاینى ئیسلامیشدا ڕێگا دراوە سەرو ڕیش و سمێڵ سوبغ بکرێ بەڵام بەمەرجێ ڕەشى قەترانى نەبێ ، چونکە ڕەشى قەترانى قەت لەگەڵ ڕوخسارى پیردا ناگونجێ ..بۆ ئەوەى لە جیاتى تابلۆیەکى تەکعیبى ، تابلۆیەکى کلاسیکى .. سکێچێکى کۆمەڵایەتى پێشکەش بکەیت ..بە هەرحاڵ کۆمەڵگا گەلەرى نییە و .. بە بەراورد لەگەڵ تەواوى کۆمەڵگەدا ، زۆر کەمن ئەوانەى ئاڵودەى گوڵەبەڕۆژەکەى ڤان کوخ و .. ئەسپەکانى دێلاکروا و ..پەیکەرەکانى مایکل ئەنجیلۆ ئەبن ..
من زیاد لە بۆچوونەکانى ڕێبوار ، وا هەست ئەکەم کەسێک کە یەکەمجار سمێڵ ئەتاشێ و ئەکەوێتە بازاڕەوە ، هاوڕێکانى یەکسەر لە سمێڵە مەفقودەکەیەوە ، چاوەکانیان بۆ برۆکانی ئەگوێزنەوە .. برۆکان وەکو دوو حیمایە وان کە سەرکردەکەیان کوژرابێ .. وەکو دوو وەزیر وان ، پاشاکەیان کش مەلیکى لێکرابێ ..وەک دوو مناڵ وان لە باوکیان ون بووبن ..بە پێچەوانەى سمێڵەوە ، برۆکان زۆر درەنگتر سپى ئەبن ..هەر بۆیە وەکو دوو حیمایەى لاو وان ، لە پشت سەرکردەیەکى پیرەوە ڕاوەستاون .. قەت وازیش لەو ئەرکەیان ناهێنن ، مەگەر لە کاتى نەخۆشى ترسناکدا کە چارەسەرى کیمیاوى دەدرێتە مرۆڤەکان ، برۆکان واز لە فرمانەکانیان دێنن و .. هەڵئەوەرن و ئەو ناوەندە بەجێدێڵن ..
بە گشتى حاڵەتێک هەیە پێى ئەوترێ : ( بیانە کەوتن ) ئەوەیش جۆرێکە لە نامۆ بوون ..دەوڵەمەندەکانى هەولێر جاران بە تورکمانى قسەیان ئەکرد ، وەکو چۆن جەزائیریەکان بە زمانى فەرەنسى ئەدوێن ..ئەو حاڵەتە فرانتز فانۆن بەو جۆرە وەسفى ئەکات : کاتێ میللەتیک داگیر ئەکرێ ، رۆشنبیرەکانى ئەو گەلە داگیرکراوە بە ڕۆشنبیرى و کولتورى گەلە داگیر کەرەکە سەرسام ئەبن و .. هەوڵ ئەدەن لاسایى بکەنەوە ….بە شانازیەوە بە زمانى داگیر کەر دەئاخفن و بە کولتورى ئەوان خۆ بادەدەن …( بە ڕاستى ئەگەر سەیرى زاراوەى چینە رۆشنبیرەکانمان بکەی دونیایەک زاراوەى ئینگلیزى هەست پێدەکەى ، ئەو ئینگلیزەى کە بە چەقۆیەکى ناشیرین کوردستانى کرد بە چوار بەشى سەرەکیەوە ..ئەچیتە لاى دکتۆرێک ئەڵێ : ڤۆمیتین و فیڤەر و ڕایگەرت هەیە ؟؟واتە : ڕشانەوە و لەرز و تات هەیە ..؟ .. یان ئەڵێ : ئەم پەیشنتە کەیسى کوامایە ..واتا : ئەم نەخۆشە توشى حاڵى لە سەرخۆچوون بووە ..ئەم تراژیدیایە بەشێکە لەو سمێلتاشینە بەکۆمەڵەى کە توشى میللەتەکەمان بوو ..بە ڕاستى میللەتەکەمان تەنها توشى کوشتنى بە کۆمەڵ و ..کۆچى بە کۆمەڵ نەبووە ، بەڵکو توشى سمێلتاشینى بەکۆمەڵیش بوو .. بڕۆ بە شەقامەکاندا بگەڕێ ، تاک و تەرا سمێڵێک ئەبینیت ، ئەویش زیاتر یان هى کەسێکى گوندنشینى دوورە دەستە ، یان هى کەسێکە زۆر – زۆر سمێڵى لێ دێت ..ڕەنگە موبالەغە نەبێ ئەگەر بڵێم : پێویستە ڕوفاتى ئەو هەموو سمێڵەیش ڕۆژێکیان بگەڕێنینەوە و .. مەراسیمێکی شیاویان بۆ ساز بکەین .. سمێڵ ئەو بابەتەى کە توشى شیرکى کردین هێندەى سوێندمان پێ خوارد ..سمێڵ ئەو پێوەرەى هێندەى پیاوەتیمان پێ پێوا ، موخۆرکە لێیدا و هەڵوەرى .. سمێڵ ئەو تۆپەڵە مووەى هێندە بە دوکەڵى سیگار قانگمان دا ، زەرد و ژەنگاوى بوو ..سمێڵ ئەو سیمبوڵەى تەنانەت لاى کاکەیى و قەڵخانى و هاواریەکانیش پوکایەوە و .. نەوەیەکى وەکو تور پاککراویان لێ کەوتەوە ، کە تەنانەت مێشیش ناتوانێ بە دەم و لوتیاندا هەڵگەڕێ )
بەڵێ ..
ڕێبوار سیوەیلى .. بەڵێ ..
سەرکردەیش بەشێکە لەو میللەتەو ..
کە جینۆساید هات ،
وەک چۆن شێخ سەعیدى پیران و پێشەوا قازى وەکو میللەتەکە ، هەڵواسران ..
بە هەمان شێوە کە میللەتێک توشى سمێڵ تاشینى بەکۆمەڵ بوو ..سمێڵى میر و گزیر پێکەوە ئەکەونە بەر هەڵمەتى گوێزان و ..گەڵاڕێزان و .. خەزان و .. لێکترازان ..
نوسینى : نەوزاد بەندى