
ئاوابوونی نیشتیمان … یاسین بانیخێڵانی
ئازیزەکەم ده‌ستت بێنه،
با له‌م ژاوه‌ژاوی بێده‌نگی و
ئاپۆره‌ی ته‌نهاییه‌دا
شوێن پێی تارمایی بێهوده‌یی
بۆ سه‌ر كه‌نده‌ڵانی خه‌ونه‌كان له‌كاتی داڕمانا
هه‌ڵگرین
چاوه‌ڕوانی تیرۆژ
له‌ودیو هه‌وره ڕه‌شه‌كانه‌وه دادمان
نادات
ئه‌وه ژیانه له‌و سه‌ری بیابانه‌كه‌وه
بۆ فریودانمان سه‌ما ئه‌كات
من له‌م شه‌وه ڕوناك و ڕۆژه تاریكانه‌دا
مه‌لی ڕۆحم لە نێوان کازیوه‌و ئاوابوونا
گێژبووە
كاتژمێره‌كان پێچه‌وانه ئەسوڕێنه‌وه
هه‌نگاوه‌كان به‌ره‌و دواوه
مرۆڤه‌كان له مردنه‌وه دێنه‌وه دونیا
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌دایك بوو مرد
ئه‌مه چ جه‌نگه‌ڵێكی پڕ ئه‌ندێشه‌یه!
ئه‌مه چ شارێكی پڕ مردووه
كه گۆڕستانه‌كانی ئاوه‌دانن
ئای له منی ته‌نها له‌ناو ئه‌م هه‌موو خه‌ونه‌دا
ئای له گوناهه جوان و تاوانه شیرینه‌كان
له پیرۆزترین شه‌وا ده‌رهه‌قم كران
ئه‌مه چ قه‌ده‌رێكه!
دره‌خته‌كان هه‌موو زڕ ده‌رچوون
گوڵه‌كان دڕكیان گرت
كیژۆڵه‌كان ئاوس بوون
پیاوه‌كان تۆران و سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرت
ڕووبارەکان له كه‌نده‌ڵانه‌كانه‌وه خۆیان هه‌ڵدێرا
کێوەکان لە شوێنی خۆیان داڕمان
ده وه‌ره
با پێش شێت بوون و ماڵئاوایی كردن
له خه‌راباتێكا
له‌ناو چڕی دوكه‌ڵ و مه‌ستی مه‌یا
گوێ له ناڵه‌ی خوا له‌كاتی مردنا
بگرین!
ده‌ستت بێنه…
له‌م سه‌رزه‌وییه بێ ئاسمانه‌دا
له‌م بیابانی ڕۆحه‌دا
له‌م دارستانه بێ باڵنده‌و
له‌م ده‌ریا بێ ماسییه‌دا
له‌م ئه‌ستێره بێ ئه‌ستێره‌دا
بۆ ئه‌ستێره‌یه‌كی تر بگه‌ڕێین
كه درۆی سیاسه‌تبازان ژه‌هراوی نه‌كردبێ
ده‌ستت بێنه…
ئه‌م وڵاته، وڵاتی من و تۆ نییه
ئه‌م نیشتیمانه، نیشتیمانی من و تۆ نین
ئه‌م مرۆڤانه له ئێمه ناچن
ئێمه له‌وان ناچین
زووبه…
كه‌مان ئاوازی سه‌فه‌ر ئه‌ژه‌نێ
نه‌ی به دڵێکی شکاوه‌و ماڵئاوایی ئه‌کا
زووبه…
كاتی كڕنۆشبردنی بته‌كات به‌سه‌رچووه
چیتر ئێمه پێویستمان به هیچ خوایه‌ک
له‌م نیشتیمانه‌دا نییه
خودایه‌کی تر له‌سه‌راب
له‌كه‌نار ده‌ریای غوربه‌ت چاوه‌ڕێمانه
تا بۆ ماڵی دڵ ئاوای مه‌نفامان به‌رێ
زووبه…
من چیتر به‌رگه‌ی (وه‌ڕینی سه‌گ به مانگه‌شه‌و) ناگرم
سه‌مفۆنیاكان ئاوازی جه‌نگ ئه‌ژه‌نن
نه‌سیم بۆنی خوێنی لێ دێ
كازیوه ڕه‌نگی خوێنی گرتووه
هه‌وا به شێی ئه‌شکه‌وته‌کان پیس بووه
ئه‌خلاق بووه به پۆلیس و خه‌ڵک دارکاری ئه‌کا
شه‌ره‌ف له‌ناو گه‌ڵی ژنه‌کانه‌وه باڵ ئه‌گرێ و
له‌سه‌ر سمێڵی پیاوه‌کان ئه‌نیشێته‌وه
زووبه، ده‌ستت بێنه
سه‌گه به‌وه‌فاکانی دوێنێ
ئه‌وه‌نده گۆشتی خیانه‌تیان خواردووه هاربوون
چیتر لوت لە نانی دوێنێ ناسون
له‌هه‌ر کوچه کۆڵانێکدا خه‌ڵک ئه‌گه‌زن
له‌هه‌ر باخ و پارکێکی ئه‌م شاره‌دا
پاسه‌وانێکی مه‌رگ دامه‌زراوه
شار بووه به هه‌ڕاجخانه‌ی مرۆڤ
زووبه، ده‌ست بێنه
ئه‌م نیشتیمانه نیشتیمانی من و تۆ نییه
ئه‌م شاره شاری من و تۆ نییه
ئازیزه‌که‌م، زووبه…
تا به‌رد به‌ده‌ست، ته‌ور به‌ده‌ست و پیاوە دۆزەخییەکان
نه‌گه‌شتوونه‌ته سه‌رمان
ده‌ستت بێنه
ئەم نیشتیمانە نیشتیمانی مە نییە
ئەی نابینی دیناسۆری سەدەکانی ڕابردوو
لێرە زیندوو ئەبنەوەو ڕۆژانە زاوزێ ئەکەن
ئەم نیشتیمانە نیشتیمانی مە نییە
داهاتووی ئەم نیشتیمانە
هی دیناسۆرەکانە
دەستت بێنە، ئازیزەکەم
کات درەنگە
فریبورگ ٢٠١٣