بیرت نایەت کچەکە گیان؟
ئێمە دەرگاکانمان داخست و
پەنجەرەکانیش ..
هێشتا دەنگی گوللەباران
لە شەقامەکەوە دەگەیشتە بەر گوێمان
پێنج شەممەکانی ئاگربەست
بێدەنگیمان دەکردو
هەمیشە یەکێکمان لە نێواندا بوو
تۆ بیرت نایات کچەکە گیان
ئێمە لەو شەوانەدا
لە پشتی جەستەی هاوڕێکانمانەوە
سەنگەرمان دەگرت و
دیوارەکانی ماڵیش
دەستەکانی بەسەرماندا دەهێنا و
دەنوشتایەوە
ئێمە راهاتبووین بەو رۆیشتنانە و
بەو هەرەسهێنانە لەناکاوانەی دیوار
بە بەرزبوونەوەی ئاڵاکان رادێیت کچەکە گیان
بە داگرتنە خوارەوەیشیان
بە هاوڕێیانت
کە هێواش ..هێواش
دەبنە دوژمن و
بیرەوەرییەکانت
بەو شێوەیەی دەتتەوێت پێناسەیان دەکەیت
دەنگەکان قەبارەی خۆیان لەدەست دەدەن و
شەقام
بە شێوەیەک رادەماڵرێ
رابردوو لە خۆیدا نوقم دەکات
لێ کاتێ کە دوور دەبیت
کاتێک کە لێرە دوور دەکەویتەوە کچەکە گیان
هەمیشە سێبەرێک
لەبری یەک بە یەکی دیوارە روخاوەکان
یەک بە یەکی هاوڕێکانت
لەسەر زەوی پەرش دەبێتەوه
کە لە پێی تۆوە دێت
شیعر: هنگامە هویدا / شاعیری ئێرانی
و. لە فارسییەوە: عومەر سەیدە