
ئه‌ی کێ به‌رپرسیاره له قه‌زا و قه‌ده‌ره‌که‌ی سه‌رۆکی زانکۆی پۆلیته‌کنیک؟
له‌م ماوه‌یه‌ی دوایدا گه‌لێک ڕووداوی ناو کوردستان سه‌رنجم ڕاده‌کێشن، که هه‌ندێکیان له‌وانه‌یه به‌م کۆمه‌ڵگایه‌ی ئێمه نامۆ بن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی نامۆتر بێت بریتییه له ته‌فسیرکردن و په‌رچه‌کرداره سه‌باره‌ت به‌و ڕووداوه. کوردوته‌نی سه‌رقه‌پاغی هه‌موو شته‌کان ئه‌وه‌یه، که که‌سایه‌تییه دیاره‌کانی ناو کۆمه‌ڵگاکه‌مان به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ته‌فسیرێک و بۆچونێکی ناواقیعییانه و نازانستییانه‌یان هه‌بێت، که له‌وانه‌یه هاریکاری بکات له چه‌واشه‌کاری و شاردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌کان له کۆمه‌ڵگا.
نموونه‌یه‌کی باشیش بۆ ئه‌م خه‌سڵه‌ته بریتییه له لێدوانی سه‌رۆکی زانکۆی پۆلی ته‌کنیک سه‌باره‌ت به سوتانی به‌شی ناوخۆیی ته‌لاری فیرده‌وس که ده‌ڵێت: سوتانه‌که قه‌زا و قه‌ده‌ر بووه و که‌س له‌م سوتانه‌دا تاوانبار نییه.
له لایه‌ک به‌ڕێز سه‌رۆکی زانکۆ پێویست وا بوو، که چاوه‌ڕوانی ڕاپۆرت و ئه‌نجامی کاره‌کانی لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونی بکردایه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان بۆچوونی خۆیان ئاشکرا بکردایه، ئه‌و کاته ده‌یتوانی ڕای خۆی ده‌رببڕێت، چونکه له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم، که سه‌رۆکی زانکۆکه توێژینه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زیاتر له لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئاگره‌که‌ی ئه‌نجام دابێت. به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ئه‌و سه‌رۆکی زانکۆیه‌که و لێکۆڵینه‌وه‌ی ئاگرکه‌وتنه‌وه پیشه‌ی ئه‌و نییه.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه، که سه‌رۆکێکی زانکۆ باس له (قه‌زا و قه‌ده‌ر)ی ئاگرکه‌وتنه‌وه‌یه‌ک بکات، که پێشتر ده‌توانرا کار له‌سه‌ر ڕوونه‌دانی ئه‌و کاره‌ساته بکرێت. ڕاسته ڕۆژهه‌ڵات ناوچه‌ی قه‌زا و قه‌ده‌ره، به‌ڵام به‌ڕێز سه‌رۆکی زانکۆیه‌ک خۆ ده‌بووایه هه‌موو ئه‌زموون و زانیارییه‌کانی خۆی کۆبکردیاتهوه و له خۆی بپرسیایه: بۆچی له وڵاته پێشکه‌وتووه‌کاندا هێنده زۆر قه‌زا و قه‌ده‌ر ڕوو ناده‌ن؟ بۆچی هه‌موو ڕووداوێکی نه‌خوازراوی ئه‌م ڕۆژهه‌ڵاته به‌سه‌ر قه‌زا و قه‌ده‌ردا ده‌سه‌پێنین؟
بێگومان ڕاکردن له به‌رپرسێتی و نه‌بوونی سیستم و جێبه‌جێکردنی یاسا و ئاوڕنه‌دانه‌وه له سیستمی بیناسازی و دابینکردنی ئاسایش له بواره جیاوازه‌کانی وه‌ک ته‌ندروستی و بیناسازی و و و هه‌موو ئه‌مانه هۆکارن بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا کاره‌ساته‌کانی خۆی ڕووبه‌ڕووی هێزێک بکاته‌وه که نایناسێت، نازانێت چۆن بڕیاری تیادا ده‌درێت. قه‌زا و قه‌ده‌ر باشترین یاریده‌ده‌ره بۆ ئه‌وه‌ی که‌س گوناهبار نه‌بێت و هه‌موومان له دڵه‌ڕاوکێ ڕزگارمان ببێت و هێور ببینه‌وه.
به‌ڵام هه‌زار خۆزگه سه‌رۆکی زانکۆش وه‌ک که‌سێکی ڕۆشنبیر و تێگه‌شتوو هێنده‌ی بوێری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و تێروانینێکی واقیعیتری هه‌بووایه له که‌سه ساده‌کانی ناو کۆمه‌ڵگاکه‌مان. خۆزگه به‌ر له ڕوودانی ئه‌و کاره‌ساته خاڵه‌کانی له‌سه‌ر پیته‌کان دابنایه و داوای مه‌رجه‌کانی سه‌لامه‌تی ناو باڵه‌خانه‌کانی بکردایه. به‌ڵام به داخه‌وه گه‌لێک لایه‌نی ژیانی هه‌نووکه‌یی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه به ده‌وری خواوه‌ندی (پاره)دا ده‌سوڕێته‌وه. ته‌نها پرسیارێک به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی زانکۆ داری کاره‌ساته‌که‌ی ئه‌و باڵه‌خانه‌یه‌ی له سه‌ری قه‌زا و قه‌ده‌ردا نه‌شکاندایه: ئه‌ی کێ به‌رپرسه له‌و قه‌زا و قه‌ده‌ره‌ی، که به‌هاکه‌ی چوار که‌س و چه‌نده‌ها بریندار بوو؟
کامه‌ران چروستانی