
مۆندیالی سیاسیی هه‌رێم.. چوار ساڵ بێمتمانه‌یی
حكومڕانو ئۆپۆزسیۆن له‌هه‌رێمی كوردستاندا، له‌یه‌كه‌مین جه‌وله‌ی بهیهكهوهكاركردنیاندا وه‌ك دو پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كیی دهسهڵاتو سیستمی سیاسیی وڵاته‌كه، نزیكه‌ی چوار ساڵی سهختو پڕ ململانێ‌یان به‌ڕێكرد.
له 25ی ته‌مموزی 2009ه‌وه، دوای نزیكه‌ی 20 ساڵ لهحكومڕانیی كوردی، كاتێ بۆ یه‌كه‌مجار ئۆپۆزسیۆنێكی به‌هێز سه‌ریهه‌ڵدا، مێژوی سیاسیی هه‌رێم چوه قۆناغێكی نوێوه.
ماوه‌ی ئه‌و نزیكه‌ی چوار ساڵه‌ی رابردو، كه هۆڵی پارله‌مانی كوردستان، له‌هۆڵێكی ساردوسڕو بێمشتومڕهوه بوه جێی گفتوگۆی گه‌رمی پارله‌مانتاران، بۆچونی جیاواز‌و ده‌نگی (نا) هاته‌ئارا، سه‌رده‌می متمانه‌پێدان بهكابینهكانی حكومهتو په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌یاساكان به‌زۆرینه‌ی ره‌ها به‌سه‌رچو، چه‌ند جارێك (ئه‌گه‌ر كهمو شه‌رمنانه‌ش بوبێت) كاربه‌ده‌ستانی باڵا پرسیاربارانكران، ساڵانه پرۆژه‌یاسای بودجه مشتومڕی زۆری له‌سه‌ركرا، هه‌ندێ له‌كێشه سیاسیی‌و ئیدارییه‌كان له‌و هۆڵه‌دا بڕیاریان بۆ ده‌ركرا، بایكۆتكردنی دانیشتنه‌كان له‌لایه‌ن پارله‌مانتارانه‌وه بوه حاڵه‌تێكی ئاسایی‌و ته‌نانه‌ت پارله‌مانتارانی فراكسیۆنه‌كانی حكومڕانیش په‌نایان بۆ ئه‌و شێوازه برد… به‌ڵام ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه ته‌نها په‌رده‌یه‌كی دیمه‌نه‌كانی سه‌ر شانۆی سیاسیی هه‌رێم بون له‌و ماوه‌یه‌ی ململانێی سه‌ختی دو به‌ره پێچه‌وانه‌كه‌ی هه‌رێم..
دیوهكهیتر، تێپه‌ڕاندنی ئه‌و پرۆژه‌یاسایانه‌ی ره‌هه‌ندی نیشتمانی‌یان هه‌یه‌و دامه‌زراندنی ئهنجومهنو ده‌سته سه‌ربه‌خۆكانه به‌بێ ته‌وافوقی لایه‌نه‌كان‌و ته‌نها به‌پێوه‌ری زۆرینه‌و كه‌مینه، نه‌بونی چاودێریی ورد‌و لێپرسینه‌وه‌ی پێویست، كارانهبونی لیژنهگرنگهكان به‌تایبه‌ت نه‌زاهه، مامه‌ڵه‌ی ناپیشه‌ییانه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی پارله‌مان، بهدوادانهچونی جێبه‌جێكردنی بڕیار‌و یاسا به‌ركاره‌كان… له‌مانه‌ش گرنگتر زۆرجار په‌راوێزخستنی پارله‌مان‌و پێگه یاساییه‌كه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وهزیرانو سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمه‌وه، ئه‌ویش بهنهگهڕانهوه بۆی له‌دانانی لیژنه‌و وه‌فدی جۆراوجۆر لهپێشهاته جیاوازه‌كانداو دانیشتن له‌سه‌ر پرسه هه‌ڵواسراوه‌كانی ههرێمو به‌غدادو پرسه گرنگ‌و چاره‌نوسسازه‌كاندا.
له‌م نێوانه‌شدا، جۆرێ لهیهكترقبوڵنهكردنو قه‌یرانی متمانه له‌نێوان حكومڕانو ئۆپۆزسیۆندا هاتۆته‌كایه‌وه، ئه‌وه‌تا ماوه‌یه‌كی زۆر‌و وزه‌یه‌كی فره له‌كۆبونه‌وه دوقۆڵی‌و سێقۆڵیو پێنجقۆڵییهكان، لیژنه‌و لیژنه‌كاری، پرۆژه‌و پرۆژهكاری خهرجدهكرێ. دیالۆگ‌و لێكنزیكبونه‌وه سه‌ره‌تایه‌كی باشه بۆ چاره‌سه‌ر، ئه‌گه‌ر ته‌نها بۆ “كاتكوشتن” نه‌بێت (وه‌ك ئۆپۆزسیۆن پێیوایه)و چاكسازیی سیاسی ته‌نها “دروشم” نه‌بێت (وه‌كچۆن حكومڕان، ئۆپۆزسیۆنی پێتۆمهتباردهكات).
ئه‌م یهكترقبوڵنهكردنهش، سه‌ری بۆ ئه‌وه كێشا چ له‌ناوه‌وه‌و چ له‌ده‌ره‌وه‌ی پارله‌مانیش، ئه‌و گوتار‌و پرۆژه‌یه‌ی ئۆپۆزسیۆن پشتگیری یان پێشكه‌شی بكات له‌لایه‌ن حكومڕانهوه به‌پاساوی جیاوازه‌وه ره‌تبكرێته‌وه، یان ده‌ستی ده‌ستی پێبكرێت‌و دواجار فه‌رامۆش بكرێت. هه‌روا هه‌مو نیهتو جوڵانه‌وه‌یه‌كی حكومڕان-یشی لای ئۆپۆزسیۆن زه‌ربی سفر كردوه، كه هه‌ردو مامه‌ڵه‌كه پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی دیموكراسی‌و فره‌ییه.
ئه‌وه‌ی پاش نزیكه‌ی ئه‌و چوار ساڵه به‌ڕونی هه‌ستی پێده‌كرێ قوڵبونه‌وه‌ی زیاتری قه‌یرانی متمانه‌یه له‌نێوان ئۆپۆزسیۆن‌و حكومڕاندا، بۆیه ره‌واندنه‌وه‌ی ته‌می بێمتمانهییو تێپه‌ڕاندنی دۆخه‌كه پێویستیی لێكنزیكبونه‌وه‌و سازانی كرداریی دێنێتهكایهوه، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ماوه بتوانرێت چه‌ند هه‌نگاوێكی جیددی به‌ئاراسته‌ی ریفۆرم بنرێت، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پرۆژهدهستوری هه‌رێم بۆ ناو پارله‌مان، په‌سه‌ندكردنی ئه‌و یاسایانه‌ی ره‌هه‌ندی نیشتمانی‌یان هه‌یه به‌شێوه‌ی ته‌وافوق، لێكجیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان، دورخستنه‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردانی حزب له‌داموده‌زگاكانی حكومه‌ت، زانكۆكان، سه‌ندیكاكان، رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، شه‌فافیه‌تی بودجه… تاد. ئه‌گه‌رنا چوار ساڵی ئاینده، بۆ هه‌ردو به‌ره سه‌ختترده‌بێت!
د.هێرش ره‌سوڵ