گه‌ڕان به دوای کۆمه‌ڵگه‌ی داهاتوودا *
4-بنه‌ماکانی ئاڵوگۆڕ**
ئاڵوگۆڕکاری نێوان هاوبه‌شییه‌کان له‌سه‌ر کام بنه‌ما سه‌قامگیره؟
(پرۆدۆ‌ن) له‌سه‌ره‌تاوه لایه‌نگری ئه‌وه بووه، که ئه‌توانرێت چه‌ندایه‌تی کاری پێوویست بۆ به‌رهه‌مهێنان بکرێته پێوانه‌ی به‌های ئاڵوگۆڕکردنی کاڵاکان، هاوبه‌شییه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان به‌رهه‌مه‌کانیان به‌نرخی تێچوو ئه‌فرۆشن، واته نرخی تێچوو و نرخی فرۆشتن هاوسه‌نگن، کرێکاران له‌بری کاره‌کانیان ( پسوڵه‌ی کار، قسائم عمل، bon de travail) وه‌رئه‌گرن، به‌و پسوڵه‌یه له دوکانه هه‌ره‌وه‌زییه‌کاندا به به‌های ژماره‌ی کاتژمێری کارکردنیان به‌نرخی تێچوو کاڵاکان ده‌کڕن، ئاڵوگۆڕه گهورهوگرانهکانیش له‌ڕێگه‌ی (بانکی میلی)ه‌وه ئه‌نجامئه‌درێن، ئه‌و بانکه جگه له‌وه، که کاری قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی له ئه‌ستۆیه، دامه‌زراوه‌یه‌کی متمانهیشه، به‌بێ وه‌رگرتنی هیچ سودێك قه‌رز ده‌دات به هاوبه‌شییه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان بۆ مه‌ره‌خه‌سکردنی کاروباره‌کانیان.
ئه‌و تێگه‌یشتنه هاوبه‌شییه،که‌مێك یۆتۆبی بوو پراکتیزه‌کردنی له سیستمی سه‌رمایه‌داریدا مه‌حاڵبوو، (پرۆدۆ‌ن) ساڵی1849بانکێکی دامه‌زراند، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، که له ماوه‌ی شه‌ش حه‌وته‌دا 20000 داوای به ئه‌ندامبونی هه‌بوو، که‌چی ته‌مه‌نی کورتبوو، جگه له‌وه بڕواکردنیش به‌وه، که ئه‌و جۆره هاوبه‌شیانه گهشهئهکهن و ئه‌توانن په‌لوپۆ بهاوێژین خهوخهیاڵێکی خاو بوو، زیاتر له بڵاوبونه‌وه‌ی دڵۆپه زه‌یتێك ئهوچوو، که‌چی (پرۆدۆ‌ن) به‌وه ده‌ڵێت “دونیای نوێ” یان “کۆمه‌ڵگه‌ی زه‌وی میعاد” که هێدی هێدی کۆمه‌ڵگه‌ی کۆن ده‌گۆڕێت.
کۆمونیسته ئازادیخوازه‌کان، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان، که سه‌ر به قوتابخانه‌که‌ی (کرۆپۆتکین) بوون وه‌ك (مالاتستا) و (ألیزیة روکلوز) و (کارل کافییر) و هه‌ندێکی دیش، دیاریکردنی موچه به ژماره‌ی کاتژمێره‌کانیان لا په‌سه‌ندنه‌بوو، دایانه به‌ر نه‌شته‌ری ڕه‌خنه و به ناحه‌قیان ده‌زانی ده‌رباره‌ی ئه‌وه (کافییر) ده‌ڵێت “ئه‌شێت سێ کاتژمێری کارکردنی (پیێر) هێنده‌ی پێنج کاتژمێری (پۆل) بێت ” ، چونکه هه‌ندێك هۆکاری دی هه‌ن، که کارده‌که‌نه سه‌ر دیاریکردنی موچه بۆ نمونه هۆکاری” تیژی و خێرایی کارکردن” “توانای پیشه‌یی و هزری” هه‌روه‌ها (بارقورسی خێزانی)*** جگه له‌وانه ئه‌بێت ئه‌وه‌ش لهیادنهکرێت، که له سیستمی کۆمه‌کیدا ،هێشتا کاری کرێکار، هه‌ر کاریکرێگرته‌یه و کریکار کۆیله‌ی کۆمه‌که،کۆمه‌ك کاره‌که‌ی ده‌کڕێت و چاودێریشی ده‌کات، دیاریکردنی موچه به ژماره‌ی کاتژمێری کارکردن زۆر له‌وه‌وه دووره که چاره‌یه‌کی نموونه‌یی بێت، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌بێت واز له‌و ئه‌قڵییه‌ته بهێنرێت، که زاده‌ی ژمارندنکارییهکان و فه‌لسه‌فه‌ی (ماف‌و ئه‌رکه‌کان)ە، چونکه ئه‌و ئه‌قلییه‌ته ئه‌قڵییه‌تێکی تاکپه‌رستی ته‌موومژاوییه و دژی خاوه‌ندارێتی کۆمه‌کی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنانه، له‌و جۆره‌یه، که توانای گۆڕینی ڕادیکال و شۆڕشگێڕی مرۆی نییه و له‌گه‌ڵ ئه‌قڵییه‌تی ئازادیخوازیدا ناگونجێت، چونکه ئازادیخوازی بڕوای وایه، که شیوه‌ی قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ی نوێ (به‌ده‌سته‌وه‌بوون،الحیازة) فه‌رزی ده‌کات، واته پێوویستییهکان له‌سه‌ره‌وه‌ی خزمهتکارییهکانهوهن، ئه‌و خزمهتکاریانهش به (پاره‌وپول) قه‌ره‌بوو ناکرێته‌وه، چونکه به‌رهه‌مه‌کان به‌رهه‌می ڕه‌نجی هه‌مووانن، ئه‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ هه‌مووان، ئه‌بێت هه‌ر که‌سه به ئازادی به‌شی خۆی لێبه‌رێت، به‌واته‌یه‌کی تر ئه‌بێت دروشمی “هه‌ر که‌سه به پێی پێوویستی خۆی”باو بکرێت، ئه‌بێت دروشمی (کۆمونیزمی ئازادیخوازی) ئه ئاواهی بێت.
ئه‌شێت (کرۆپۆتکین) و (مالاتستا) و براده‌ره‌کانیان ئاگاداری ئه‌وه نه‌بوبێتن، که (پرۆدۆ‌ن) پێشبینی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و جۆره ناڕه‌زاییانه‌ی کردوه، له‌به‌رئه‌وه بیروبۆچونه‌کانی خۆی به‌سه‌رکردۆته‌وه، ئه‌و له کتێبی (نظریة الملکیة théorie de la proprété)دا، که دوای مردنی بڵاوکراوه‌ته‌وه، باسی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌کات که ئه‌و لایه‌نگری “کاری یه‌کسان و موچه‌ی یه‌کسان” نییه ساڵی1840 له لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کیدا وتوویه‌تی “دووشت هه‌ن له بیرم چون باسیان بکه‌م، یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه، که کار به ماوهکهیی و تیژی و خێرایی (مه‌دای به‌رهه‌مهێنان)ەکهیدا پێوانه ده‌کرێت، دووه‌میش ئه‌وه‌یه، که خه‌رجی بۆ فێربوون و بۆ مه‌ترسییه‌کانی پیشه‌یی و متمانه و دڵنیایی له موچه لانابرێن و پاشه‌که‌وت بکرێت، جگه له‌وانه (پرۆدۆ‌ن) هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووه، که قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ی کار له خانه‌ی موچه‌دا دابنرێت، به‌ڵکو ئه‌و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌یه‌ی به دابه‌شکردنی قازانجه‌کان زانییوه، که کرێکارانی هاوبه‌شییه‌کان به ئازادی له‌ناو خۆیاندا بڕیاری دابه‌شکردنی ئه‌ده‌ن.
( پیێر هۆتمان Pieer Hautman) یه‌کێك بووه له‌وانه ، که چه‌نده‌ها لێکۆڵینه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی هزری (پرۆدۆ‌ن) ئه‌نجامداوه له‌و ( ئهتروحهیه)دا که هێشتا بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه، تێبینی ئه‌وه‌ی کردوه، که قوتابخانه‌که‌ی (کرۆپۆتکین) و (مالاتستا) و براده‌ره‌کانیان به قسهوباسن و به گله‌یین له (ئالووێركردنی بەرامبەرانە mutuellisme) که‌ی (پرۆدۆ‌ن) و کۆمهکخوازییهکهی (باکۆنین) به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌وه بگه‌ن، که ئه‌و دوو ئازادیخوازه نه‌یانویستوه کۆمه‌ڵگه بگرنه چوارچێوه‌یه‌کی ته‌سك، هه‌روه‌ها خوازیاری ئه‌وه نه‌بوون پێشکات هیچ بڕیارێك بده‌ن، نه‌با ئه‌و بڕیاردانه ببێته مایه‌ی له‌مه‌نگه‌نه‌دانی هاوبه‌شییه‌کان، له‌به‌رئه‌وه ئه‌و ئه‌رکه‌یان بۆ کۆمونیسته ئازادیخوازه‌کانی دوای خۆیان به‌جێهێشتوه،واته به جێهێشتنی بۆ ئه‌و کاته، که کرێکاران له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی نمونه‌یدا، زۆر زیاتر له پێوویستی کۆمه‌ڵگه بهرههمئههێنن، ئه‌و کاته کاتی زۆربوون و گه‌شانه‌وه‌یه و بنه‌ماکانی کۆمونیزم جێگه‌ی بنه‌ماکانی بۆرژوازی ده‌گرنه‌وه (مالاتستا)**** ساڵی 1884خه‌ریکی داڕشتنی پرۆگرامی ئینته‌رناسیۆنالیزمی ئازادیخوازی بوو، به‌وه ڕازیبوه، که سه‌ره‌تا کۆمونیزم له هه‌ندێك جێگه‌ی به‌رته‌سکی دیاریکراودا جێبه‌جێ ئه‌کرێت، ئه‌و جێگایانه‌ش، که ده‌مێننه‌وه ئه‌بێی به (شێوه‌یه‌کی کاتی)***** هاوبه‌شی بن، تا دواتر بتوانرێت تیایاندا کۆمونیزم جێبه‌جێ بکرێت ، جێبه‌جێکردنی کۆمونیزم پێوویستی به پێشکه‌وتنی مه‌زنی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه ھەیه، هه‌روه‌ها پێوویستی به هه‌ستێکی بڵندی هاریکاریشه، چونکه ته‌نها گیانی شۆڕشخوازی به‌س نییه بۆ به‌دیهێنانی کۆمونیزم، به‌تایبه‌تی ئه‌و کاتانه که هه‌لومه‌رجه مادی و خۆییه‌کان ئاماده نیین.
سه‌رده‌می شۆڕشی ئیسپانی 1936 ئازادیخوازی به‌ره‌وڕووی بێبه‌زه‌یی واقع بوه‌وه (دییگۆ ئاباد دو سانتیان Diego Abad de santillan) به هه‌مان لۆجیکی ئازادیخوازیانهی (مالاتستا) ده‌ستی خسته‌سه‌ر ئه‌وه، که مه‌حاڵه کۆمونیزمی ئازادیخواز پراکتیزه بکرێت، چونکه سیستمی سه‌رمایه‌داری به چه‌شنێك مرۆی ئاماده نه‌کردوه، که هه‌روا به‌ئاسانی ئه‌و کۆمونیزمه په‌سه‌ندبکات، ئه‌و سیستمه زۆر له‌وه‌وه دووره، که ببێته هۆکاری نهشوونماکردنی غه‌ریزه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و گیانی هاوکاری نێوان خه‌ڵك، دواتر (سانتیان) تاقیکردنه‌وه‌کانی شۆڕشی ڕوسی ده‌کاته شایه‌تی حاڵ و داوا له ئازادیخوازه‌کان ده‌کات واقعیی‌تر و جدیتربن و له وانه‌کانی واقع سوودوه‌رگرن، ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ش وتوویه‌تی، سه‌یر ئه‌بێت شۆڕش ڕاسته‌وخۆ بمانبات بۆ جێبه‌جێکردنی ئایدیاله کۆمونیستییه ئازادیخوازییه‌که‌مان، که به‌لای ئێمه‌وه ئه‌و کۆمونیزمه تاکه وه‌ڵامه بۆ “هه‌رکه‌سه و به‌رهه‌می خۆی بۆخۆی” دیاره، که ئه‌وه له کۆمونیزم باشتره، به‌تایبه‌تی له سه‌ره‌تای قۆناغی یه‌که‌مدا “قۆناغی شۆڕشگێڕیدا” که ئابووری به‌جارێك شێواوه و نه‌بوونییه و دابینکردنی ئازوقه سه‌ره‌کییه‌کان بۆته ئه‌رکی سه‌ره‌کی، ئه‌و ده‌مه هه‌موو هه‌وڵدانه‌کان بۆ پراکتیزهکردی شێوازه ئابوریه‌کان، له باشتریین حاڵه‌تدا، پێشکه‌وتنی هه‌نگاو به هه‌نگاوه به‌ره‌و کۆمونیزم، ناوه‌ڕۆکی به‌ندکردنی مرۆڤایه‌تی له قه‌فه‌زێکدا، بریتییه له به‌ندکردنی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و له هه‌مان کاتدا هه‌ڵوێستێکی دهسهڵاتخوازانهشه و به‌ربه‌ستکردنی پێشکه‌وتنه (سانتیان) له‌و بواره‌دا په‌نا ئه‌بات بۆ تاقیکردنهوهخوازیهکهی****** (پرۆدۆ‌ن) و (باکۆنین) و ئه‌وه‌مان پیشانئه‌دات، که چۆن ئه‌وان ،واته (پرۆدۆ‌ن) و (باکۆنین) تاقیکردنه‌وه‌ی ئازادیخوازیان له هه‌موو ناوچه‌کان و بواره جیاوازه‌کاندا به‌پێوویست زانیوه.
ساڵی 1936 تاقیکردنه‌وه‌کان سه‌لماندیان، که هۆی سه‌رنه‌که‌وتنی هاوبه‌شییه‌کان ئه‌بوو، که هه‌موو هه‌وڵه‌کان هه‌وڵی پێشکاتی بوون بۆ پراکتیزه‌کردنی کۆمونیزمی ته‌واو …
************************************
په‌ڕاوێز:
*به‌شی دوه‌می کتێبی-من العقیدة الی الممارسة-دانییل.غیرین*
**بابه‌تی چواره‌می به‌شی دووه‌می کتێبی ناوبراو، ئەم وەرگێرانە لەتەك دەقە فەرەنسییەكەی بەراورد كراوە…
***بڕوانه هه‌مان گفتووگۆ له(ڕه‌خنه‌ی پرۆگرامی غۆتاcritique duprogramme de Gotha) ی کارل مارکس 1875دایڕشت و1891بڵاوکرایه‌وه-و-ع
****-مالاتستاErrico Malatestaشۆڕشگێڕی ئازادیخوازی ئیتالی(1853-1932)سه‌ر به ئاڕاسته‌ی باکۆنینی بوه، له ئه‌نته‌رناسیۆنالیزمی یه‌که‌مدا،به‌رگری له کۆمونیزمی ئازادیخواز کردوه پشتگری هه‌ڵوێسته‌کانی کرۆپۆتکین بوه -و-ع-
***** پێوویسته لێره‌دا تێبینی جیاوازی ئه‌و دوو جۆره بکه‌ین،به کورتی له کۆمونیزمدا بیروباوه‌ڕی”هه‌رکه‌سه به پێی پێوویستیهکانی خۆی”پێوویستی به پله‌یه‌کی به‌رزی هۆشمه‌ندییه،به‌ڵام له کۆمه‌کخوازی، که قۆناغی گواستنه‌وه‌یه ،موچه ده‌درێت به‌پێی کار‌و به‌رهه‌می هه‌ر کرێکارێك-و-ع
****** تاقیکردنهوهخوازی empirisme تێگه‌یشتنێکی فه‌لسه‌فیه وائه‌زانێت ، که زانیاری ته‌نها له تاقیکردنه‌وه‌وه سهرچاوهیگرتوه-و.ع