Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
راو و رووتی کۆمپانیاکانی مۆبایل لە کوردستان.

راو و رووتی کۆمپانیاکانی مۆبایل لە کوردستان.

Closed
by February 16, 2013 گشتی

 

 

ئەم وتارە، دوو هەفتە لەمەوبەر بۆ هەفتەنامەی” ئاوێنە” م نارد. بەڕێز سەرنووسەری ئاوێنە، دەڵێ “بەداخەوە، پارێزەرەکەمان بڕوای وایە، بڵاوبوونەوەی ئەم وتارە کێشەی “قانوونیی”مان بۆ دەنێتەوە”. هیچ رەخنەیەکم لە ئاوێنە و ستافە بەڕێزەکەی نییە.  راستییەکەی رۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان، مافی خۆیانە وتارێک بڵاو بکەنەوە یان نا، بەڵام هەرچەند هێنام و بردم، نەمزانی کێشە قانوونییەکان کامانەن بۆ رێگریی لەم وتارە؟ ئەوەی من عەقڵم پێی بشکێ، ئەوەیە کە هەردوو گەورە کۆمپانیای تەلەفۆن(  ئاسیا سێڵ و کۆڕەک)، کۆنترۆڵی زۆربەی میدیای نووسراو و بینراو و بیستراویان ، بە ریکڵامەکانیان کردووە. میدیاکانیش پێویستیان بەو دەرامەتەیە کە لەڕێی ریکڵامی ئاسیا سێڵ و کۆڕەکەوە پێیان دەگات.  هاوکات ئەم وتارە، دەست دەنێتە سەر گەندەڵیی و دزیی و راورووتێکی ئاشکرای نزیکترین کەسەکانی بارزانیی و تاڵەبانیی، کە چۆن لەڕێی کۆمپانیاکانی مۆبایلەوە، گیرفانی خەڵکی کوردستان بەگشتیی و نەوەی نوێ بە تایبەتیی دادەتەکێنن. ئەمەش بۆ خۆی ناماقوڵییەکی گەورەیە، بەرامبەر ئەو دوو بنەماڵەیە و بیزنسەکانیان بگوترێ. 

 

تەکنەلۆژیای نوێ لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا بەڕادەیەکی زۆر خێرا لە بوارەکانی کۆمپیوتەر، مۆبایل و کامێرا و هەموو دەسگا ئەلیکترۆنیی و کارەباییەکانی تردا گەشەی لەباری کواڵیتییەوە کردووە.  لەبەرامبەریشدا، بەهۆی کێبڕكێی کۆمپانیا جیاوازەکانەوە، بەردەوام کێرڤی نرخەکانیان لەداشکاندایە. مۆبایل کە یەکەمجار کەوتە بازاڕاوە، کواڵیتییەکەی لە خوار بوو، نرخەکانیشی زۆر لەسەر بوو، هەنووکە پێچەوانەوە بووەتەوە. دیارە ئایفۆن و سامسۆنگ گالاکسیی وەک باشترین جۆرەکانی مۆبایل نرخەکانیان تا ڕادەیەک جێگیرە لەسەرانسەری جیهاندا، بەڵام نرخی پلان و بەکارهێنانەکانیان بەردەوام بەهۆی پێشبڕكێی کۆمپانیاکانی تەلەفۆنەوە لە هاتنەخوارەوەدایە.

بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و تا رادەیەکیش عێراق، هەردوو گەورە کۆمپانیای ئاسیا سێڵ و کۆڕەک، خزمەتگوزاریی مۆبایلیان کۆنترۆڵ کردووە. ئەم دوو کۆمپانیایە بە ئاشکرا سەر بە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارن. لە نزیکترین کەسە نزیکەکانی بارزانیی و تاڵەبانییەوە ئیدارە دەکرێن و سامانە زۆرەکەیشیان راستەوخۆ بۆ حیزب و کەسە نزیکەکانی شەخسی یەکەمی هەر دوو حیزب دەڕوات. دیارە هیچ کۆمپانیایەکی کوردستان، هیچ جۆرە باجێکی ئەوتۆ نادەن کە شایانی باسکردن بێت، بەهۆی ناشەفافیەت و گەندەڵییەوە، داهات و قازانجی ساڵانەی خۆی بە راستیی بڵاو ناکاتەوە. وەک قەبڵاندنێکی سادە، ئەگەر نیوەی مۆبایلەکانی کوردستان و عێراق لەگەڵ لای کەمی رێژەی نێوەندی خەرجکردنی هاووڵاتییاندا لەیەک بدرێن، داهاتی هەر یەک لەم کۆمپانیایانە….مانگانە سەروو سەت میلیۆن دۆلار دەردەچێت. ئەم پارە زۆرە ناچێتە بانکی ئەو کەسانەی کە بەناو سەرپەرشتیی دەکەن، بەڵکو بۆ سەر بانکی کەسە دەستڕۆیشتووەکانی نزیک لە بارزانیی و تاڵەبانیی دەچێت.

 

لە کوردستان، پلانی مۆبایل بە مانگانە نییە، بەڵکو هەمووی پریپەیدە(prepaid)، کڕیار دەبێ پێش ئەوەی بەکاری بهێنێت، بە کاش بیکڕیت. کۆمپانیایەکی وەک ئاسیا سێڵ، ژمارە کۆنەکانی لێدەرچێت کە بەچوار سەنتیی ناسراون، زۆربەی خەتەکانی تری  ٩ سەنتیین. ئەم نرخە بۆ زۆرینەی جەماوەری کوردستان نەک هەر زۆرە بەڵکو تاڵانییەکی قانونییە، راوڕووتێکی زۆر دڵڕەقانەیە بەرامبەر هاووڵاتییانی کوردستان بەگشتیی و نەوەی نوێ بەتایبەتیی دەکرێ. دیارە بۆ چینێکی مشەخۆرو دەسەڵاتدار و سیاسییەکان و کادیرە باڵاکانی حیزب، نۆ سەنت ئەوەندە کەمە بۆیان، کە بەهیچ شێوەیەک شایانی باسکردن نییە. 

دانانی نرخی مۆبایل، لە زۆربەی وڵاتانی دنیا، بازاڕی ئازادی سەرمایەداریی حوکمی دەکات، بەڵام بەو ڕادەیەش بەرەڵایی نییە، کە وڵاتەکە دابدۆشن و هیچ قانوونێک و چاودێرییەک بەسەریانەوە نەبێ. بە نموونەی وڵاتێک بەراوردی دەکەم کە لێی دەژیم، ئوسترالیا سەرەڕای دوورەدەستیی و دابڕانی جیۆگرافیی لە زۆربەی وڵاتانی دنیا، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی پێوەندییە ئینتەرنێتیی و تەلەفۆنییەکانی بە ئەمێریکاوە بەستراوەتەوەو بە هەزاران کیلۆمەتر بە کێبڵ( کەیبڵ) لە ژێر ئاوی دەریاکاندا راكێشراوەو پارەی خەیاڵیی تێچووە، کەچیی نرخی تەلەفۆن و ئینتەرنێت لە ئوسترالیا بەراورد بە کوردستان زۆر هەرزانترە. 

بۆ نموونە، کۆمپانیایەکی بچووک هەیە بەناوی ئەمەیسیم amaysim.com.au، کۆنتراکتی لە گەورە کۆمپانیای ( Optus)وەرگرتووە. پلانێکی هەیە، مانگانە ٣٩.٩٥ دۆلار، واتە کەمتر لە چل دۆلار دەدەیت، بەڵام دەتوانیت، هەموو مانگەکە لەسەر خەت بیت. بۆ هەموو شارەکانی ئوسترالیا، بۆ هەموو خەتی مۆبایلە جیاوازەکانی ئوسترالیا، بێسنوور unlimited قسە بکە، بۆ هەموو تەلەفۆنی بیزنس و شوێنە رەسمییەکان کە بە ژمارەکانی ( ١٣ و ١٨ ) ناسراون، بەردەوام قسە بکە، هەرچەند دەتوانیت مەسیج ( بۆ ناوەوە بۆ وڵاتانی دەرەوەش)، بەدەنگ و بەتێکست بنێرە و وەریبگرە. فەیسبووک و تویتەرو زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەخۆڕاییە، جیا لەوەی مانگانە ٤ گێگابایتت هەیە و دەتوانیت بۆ ئینتەرنێت بەکاری بهێنیت. لە هەموویشی سەرنجڕاکێشتر، یەک سەنت فڕوفێڵت لێ ناکەن، تەنیا ئەگەر مانگانە لە ٤ گێگابایتەکە تێتپەڕاند کە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆتدایە، هەموو مێگابایتێک ٥ سەنتت لەسەر دەکەوێت. 

من خۆم خەتێکی مۆبایلم بەناوی( liveconnected.com.au)  کە  ٣٥  دۆلار لە مانگێکدا دەدەم. هەموو ئەوشتانەی ئەمەیسیمی هەیە،هەروەها لەوەش زیاتر، هەموو مانگێک هەر لە چوارچێوەی ئەو ٣٥ دۆلارەدا، بایی نەوەت دۆلار، بەخۆڕایی دەتوانیت تەلەفۆن بۆ وڵاتانی دەرەوەی ئوسترالیا بەنرخێکی زۆر گونجاو بکەیت. هێڵێکی تر هەیە بەناوی کۆگان (kogan.com.au)، ساڵێکی تەواو، ٢٩٩$ دۆلار دەدەیت، سەر بە گەورە کۆمپانیای تێلسترایە ( Telestra). لە ٩٧% رووبەری گەورەی ئوسترالیا بە تۆڕی خزمەتگوزارییەکانی بە تەواویی دەگرێتەوە. لەو ساڵەدا،  بۆ هەر مۆبایل و خەتی تەلەفۆنێک لە ئوسترالیادا بوونیان هەبێ، لەسەرجەم شارەکانیدا، بە درێژایی ساڵ، بە خۆڕایی قسە بکە، SMS & MMS هەردووکیان بە خۆڕایین، مانگانەش ٦ گێگابایتی ئینتەرنێتت، لە باشترین و خێراترین ئینتەرنێتەکانی دنیا، بە خۆڕایی، واتە لەو ٢٩٩$ ەدا هەیە.

 لە زۆربەی وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمێریکا…تاد، زۆربەی کۆمپانیا گەورەکان، بەکارهێنەرانی هەمان هێڵی تەلەفۆن، دەتوانن بۆ چەند سەعاتێک لەنێوان ( ٤ سەعاتەوە تا ١٢ سەعات) لە هەر ٢٤ سەعاتێکدا، بەخۆڕایی لەگەڵ یەکترییدا قسە بکەن. ئەوە وێڕای ئەوەی زۆربەی کۆمپانیاکانی جیهان لەسەرانسەری دنیادا، ئەگەر کۆنتراکتی ١٢ مانگیی یان ٢٤ مانگییان لەگەڵدا بکەیت، بە مانگانەی( ٤٠ تا ٦٠ دۆلار)، باشترین و تازەترین ڤێرژنی مۆبایلەکانی بازاڕت دەدەنێ و مانگانە  نزیکەی ١٠ دۆلاری زیادە بۆ نرخی مۆبایلەکە دەدەیت. بەو ٤٠ تا ٦٠ دۆلارە، بەکامی دڵی خۆت مانگانە قسە دەکەیت و ئینتەرنێتیشت بەچەند گێگابایتێکەوە هەیە و پاش کۆنتراکتی پلانەکەت، مۆبایلەکەش بە موڵکی خۆت دەبێت. 

 

بەراوردی دەرامەتیش بکەیت، هەر ئاسمان و رێسمان، جیاوازیی هەیە. راستە پارەیەکی خەیاڵیی لە بازەڕاکانی کوردستان و عێراقدا بەهۆی نەوتەوە هەیە، بەڵام بۆ ٢٠% ی خەڵکەکەیە، بۆ سیاسییەکان و ئەوانەی موستەفیدن لەگەندەڵییەکانی دەسەڵات بوونی هەیە. زۆرینەی خەڵک لەژیانێکی سادەدا دەژین و تەنگژە ماددییەکانی ژیانیان سەختتر بووەتەوە. حەقدەست، لەهەر وڵاتێکدا لەخوارەوە بوو، ژیانی ئەو وڵاتە سەختە. لە کوردستان کرێکارێک ژیلە لەژیانیدا نامێنێت، رۆژانەکەی لەنێوان ( ٢٥ هەزار تا ٣٥ هەزار دینار) دایە. لەکاتێکدا کرێکارێک لە وڵاتانی رۆژئاوا کەمترین حەقدەستێکی رۆژانە وەریبگرێت، نزیکەی ١٤٠ دۆلاری ئەمێریکیی و بەرزترینیش تا چەند سەت دۆلارێک دەڕوات، کەچیی نرخی زەویی زار، بەشێوەیەکی گشتیی،  لە کەلار، لە سلێمانیی و لە هەولێر، بەراورد بە باشترین و گونجاوترین دە(١٠) شاری ریزبەندیی یەکەمی دنیا بەپێی

 The Economist Intelligence Unit global “liveability”

 کە بەمشێوەیەیە، زۆر گرانترە( ١- مێڵبن:ئوسترالیا،٢-ڤییەنا:نەمسا،٣-ڤانکۆڤەر:کانەدا،٤-تۆرێنتۆ:کانەدا،٥-کالگاری:کانەدا،٦- ئەدەلاید:ئوسترالیا،٧- سیدنی:ئوسترالیا،٨- هێلسینکی: فینلاند،٩- پێرس:ئوسترالیا،١٠-ئۆکڵاند:نیوزیلاند). 

بەشێکی ئەم گرانیی و نرخی زەویی فڕینە، پێوەندیی بەو پارە زۆرەوە هەیە بەشێوەی کاش و مووچە زۆریی حکومەتەوە لە بازاڕەکاندا هەیە، بەهۆی نەبوونی سیستمی بانکییەوە، یان ئەوەی کەس بڕوا بە بانکەکانی عێراق و کوردستان ناکات، هیچ جۆرە سەرمایەگوزارییەکی تر نییە کە جێگەی دڵنیایی کڕیارو پارەدارەکان بێت، بەردەوام پارەکانیان بە زەویی و عەقار دەدەن. سیاسەتمەدار و بازرگانی زۆر هەن لەکوردستان، ئەم هەلەیان قۆستووەتەوەو هەر یەکەیان بەئەندازەی دانیشتووانی شارۆچکەیەک زەوییان کڕیوەو بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زیاتر دایانناوە. لێرەدا خەڵکی کەم دەرامەت و بەتایبەتییش نەوەی نوێ، باجی ئەم دڵڕەقییەی بازاڕو ئەو سیاسەتمەدارانە دەدەنەوە کە رۆژێک بە حەماس و تووڕەبوونەوە دەوڵەتی کوردیی دادەمەزرێنن و رۆژێک رێککەوتنی ستراتیژیی لەگەڵ نیۆعوسمانییەکاندا دەبەستن و رۆژێکی تریش دەپاڕێنەوە کە مالیکیی بودجەی کوردستان نەبڕێت.  

 

ئێستا، کە کۆمەڵێک گەنجی کوردستان، بڕیاریان داوە کەمپەینێک دژی گرانیی نرخی کۆمپانیاکانی مۆبایل لە کوردستان بکەن، شایانی  ئەوەن دەستخۆشییان لێ بکرێت و پشتگیریی بکرێن لە ئاستێکی کۆمەڵایەتیی بەریندا. ئەم تێرنەخواردن و چاوچنۆکیی و برسییبوونەی کۆمپانیای مۆبایلەکانی کوردستان، بەری پێ نەگیردرێت ، بیلیۆنان دۆلاری تر لە گیرفانی زۆرینەی خەڵکی کوردستان و عێراق دادەتەکێنن و دەیخەنە سەر حیسابی بانکە ئەوروپایی و خەلیجییەکانیان و خزمەتگوزارییەکانیشان لە نزمترین ستاندەرد و  کواڵیتیی جیهانییدا بێت. کەمپەینی ئەم گەنجانە کە بەڕێوەیە، ئەوە دەهێنێ ئۆپۆزیسیۆنی جدیی، بە جورئەتەوە پچێتە پشتیان و بیزنسمانە سیاسییەکانی ناو ئەم دوو کۆمپانیا گەورەیەی مۆبایل، ناچار بکەن، بە کردنەوەی بازاڕ بۆ پێشبڕکێی شەریفانەی تر لەلایەن کۆمپانیای بچووکەوە، هەروەها شکاندنی نرخەکانیان تا ئاستی نیوەی ئەو نرخە زۆرەی ئێستا لە کوردستاندا وەریدەگرن. 

 

کامیار سابیر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.