
ئه‌و هاوڕێیه‌م كه له دێوی نێو ئه‌فسانه‌كان ده‌چوو
ئێستا و ئه‌وساش تێنه‌گه‌شتم و نه‌مزانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه سه‌یروسه‌مه‌ر و سه‌رسووڕهێنه‌ره‌ی نێوانمان چۆن و له چییه‌وه درووست بوو، ئاخر به‌ده‌گمه‌ن خاڵی هاوبه‌شمان له‌نێواندا هه‌بوو، ئه‌و خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری به‌فر و سه‌هۆڵبه‌ندان، من خه‌ڵكی ناوچه‌ی گڕه و گه‌رما، ئه‌و له‌دایكبووی ناو چیاكان و منیش زاده‌ی ده‌شتێكی كاكی به كاكی، ئه‌و له‌گه‌ڵا چاوكرانهوهیدا بۆنی لاله و وه‌نه‌وشه‌ی به‌لووتدا چووبوو و منیش له‌گه‌ڵا ههڵهێنانیدا چاوه‌كانم پڕ بووبوون له خۆڵا و تۆزی بیابان، منێكی ئێژم زووان و ئه‌وێكی ماچۆزمان، منێك كه تا عومری هه‌ژده ساڵییش بارینی به‌فرم نه‌دیبوو و ئه‌وێك كه تا بیست و دوو ساڵییش گه‌رده‌لوولی نه‌ناسیبوو. ته‌نانه‌ت خوێندنهكهشمان جیاواز بوو، من به‌شێكی وشك و كۆنكرێتیم ده‌خوێند، ئه‌و به‌شێكی ته‌ڕ و ئاودار. له‌و به‌شه‌ی مندا ده‌یان ساڵ تێده‌په‌ڕی و ساڵێكت به‌رچاو نه‌ده‌كه‌وت، لـێ له‌و به‌شه‌ی ئه‌ودا ڕۆژی ده‌یان ساڵت ده‌بینی. به‌شه‌كه‌ی من ده‌مخوێند ڕاستییه‌كی بێزاركه‌ر بوو، به‌شه‌كه‌ی ئه‌و ده‌یخوێند ده‌یان ناڕاستیی به نرخی هه‌قیقه‌ت تێدا ده‌خرانه‌ڕوو، خوێندنی به‌شه‌كه‌ی من له شكاندنی توێكڵی گوێز به ددان ده‌چوو، خوێندنی به‌شه‌كه‌ی وی له په‌شمه‌ك قوتدانه‌وه نزیك بوو.
من و ئه‌و زۆر دره‌نگ یه‌كترمان ناسی و زۆر زوو له‌یه‌كتر دووركه‌وتینه‌وه، كه‌چی تا زیاتر لێم دوورده‌كه‌وێته‌وه زیاتر هه‌ست به نزیكبوونی ده‌كه‌م. دووركه‌وتنه‌وه‌مان له‌یه‌كدی خه‌تای كهسمانی تێدا نه‌بوو، هێزێك كه سووڕی گهرددونی له‌نێوان پهنجهكاندایه ههریهكهمانی فڕێدایه شوێنێ. من و ئه‌و ته‌نها چه‌ند ساڵێك خێوه‌تی دۆستایه‌تیمان له نزیك یه‌كتره‌وه هه‌ڵدابوو كه‌چی یادی ئه‌و چه‌ند ساڵه تائێستاش شه‌وانه سه‌رم لێده‌داته‌وه، قسه نائاساییه‌كانی ئه‌و تا هه‌نووكه‌ش زهخیرهیهكن و مهجلیسهكانمی پێ ده‌ڕازێنمه‌وه، نوكته‌كانی ئه‌و ئاوێكن و له گه‌رمای هاوینی گه‌رمه‌سێردا فریام ده‌كه‌ون و گه‌رووم ته‌ڕ ده‌كه‌ن، خه‌مه نه‌بڕاوه‌كانی و سه‌رگوزه‌شته‌كانی منداڵیی ئه‌و كه به جۆرێكی زۆر سه‌رنجكێش ده‌یگێڕانه‌وه ده‌بنه بڵێسه‌ی ئاگر و هه‌ناوی تاساوم داده‌گیرسێنن و له‌نێو زهمههریریشدا بم گه‌رمم ده‌كه‌نه‌وه. ئێوه‌یه‌ك كه ئه‌وتان نه‌دیوه یان نه‌تانناسیوه هه‌رچییه‌كم پێ بڵێن ناهه‌قتان ناگرم و چه‌ند تانه‌م لێبده‌ن دڵگران نابم.
ئه‌و قژلوولێكی گه‌نم ڕه‌نگی قنجهباڵا بوو، ڕووخسارێكی ئارامی هه‌بوو، سمێله ڕهشههكهی نه‌بووایه كه له‌وه‌ی (چارلی چاپلن) ده‌چوو، كه‌س بڕوای نه‌ده‌كرد ته‌مه‌نی له‌سه‌روو بیست و پێنجهوهیه، له چاوه‌كانیدا خه‌مێكی قووڵا به‌دیده‌كرا و، ت ده‌هات زێتر ده‌رده‌كه‌وت، سه‌رباری ئه‌وه‌ش چاوه‌كانی بزێوییهكیان پێوه دیار بوو به‌ڵگه‌ی هاروهاجی خاوه‌نه‌كه‌یان بوو.
هه‌ركه‌س له سه‌ره‌تاوه ئاشنای ده‌بوو تووشی جۆرێك له بێئومێدی ده‌بوو، ئه‌و به ئاسانی ده‌رگای دڵا و ڕووخساری به‌ڕووی به‌رانبه‌ردا نه‌ده‌كرده‌وه، هه‌ندێجاریش قسه‌ی سه‌یر و نائاسایی له زار ده‌رده‌چوون، كه ڕه‌نگه به‌رانبه‌ر به جنێو یان تانه‌دان لێی حاڵی بووبا، بۆیه زۆر كه‌س نه‌یانده‌زانی لێی تێبگه‌ن و هه‌ر زوو پاشه‌كشه‌یان له‌و هه‌نگاوه‌یان كه بۆ دۆستایه‌تی به‌ره‌و لای ئه‌و نابوویان ده‌كرد.
به منداڵی حیكایه‌تی جنۆكهیهكیان بۆ ده‌گێڕاینه‌وه كه گوایه خێزانێك گرتوویانه و دهرزیلهیهكیان لێی داوه و شه‌و و ڕۆژ كاریان پێی كردووه. له‌و ئه‌فسانه‌یه‌دا ده‌وترا جنۆكه‌كه وه‌ختێ داوای گورزه‌یه‌ك دار‌ت لێی كردبا ده‌چوو چڵێكی بۆ دێنای، هه‌ر كاتێكیش بتوتبا دوو ته‌ڵا چیلكهم بۆ بهێنه، گورزه‌یه‌كی بۆ ده‌به‌ستی و بۆی ده‌هێنایه حه‌وشه‌وه و له‌به‌رده‌متدا فڕێی ده‌دا، سرووشتی ئه‌م دۆسته‌ی منیش له‌و جنۆكهیهوه نزیك بوو، وه‌ختێ هاوڕێیه‌كم ده‌برده لای كه پێشتر باسی ئه‌وم بۆی كردبوو و تامه‌زرۆی دیداری ویم كردبوو و ئاواته‌خواز بووم كارێك بكات و شتێك بڵێت پشتی قسه‌كانم بگرێت كه له‌وه‌وپێش بۆ هاوڕێیه‌كه‌م كردبوو، كه‌چی ئه‌و مت ڕێك وه‌كو بت ڕاده‌وه‌ستا و قوفڵی له زمانی ده‌دا و، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئه‌زه‌له‌وه زوانی له زاردا نه‌بووبێ قڕوقپ لێی داده‌نیشت و تێر ته‌رقی ده‌كردمه‌وه و، دۆستی تازه ئاشنای ئه‌ویش دوای ماوه‌یه‌ك چاوه‌ڕوانی هه‌ڵده‌ستا و پشتی هه‌ڵده‌كرد، نه‌مده‌زانی چۆن ئه‌و دۆسته‌م تێگه‌یه‌نم كه ئه‌م كوڕه پێچی زۆره و به ئاسانی ناكرێته‌وه و هه‌ر ڕۆژه‌ی ڕه‌نگێ ده‌نوێنێ و له هه‌ر شوێنێ شێوه‌یه‌كه و كه‌سیش نازانێ چۆن و كه‌ی ده‌كرێته‌وه یان داده‌خرێ!
ئه‌وه‌ی ته‌واو حه‌یران و مه‌ستی كردبووم، ئه‌و خه‌یاڵه خه‌ست و پڕ و تیژ و چڕه و ئه‌و توانا بێسهروبنهی ئه‌و كوڕه بوو، من پێم ده‌وت: ” تۆ شه‌ریعه‌تیی كوردیت و ڕۆژێ دادێ ده‌نگت ده‌گاته گوێی كه‌ڕیش!”
كه ده‌په‌یڤی قسه‌ی له هی كه‌س نه‌ده‌چوو، كه ده‌ینووسی قه‌ڵه‌م شه‌رمی لێی ده‌كرد و كاغه‌ز شه‌رمه‌زاری ده‌بوو, بڕوا بكه‌ن ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم نه خه‌یاڵی شاعیرێكه و نه وه‌سفی قه‌له‌نده‌رێكی سه‌رسامبووه، ڕێك كاكڵه‌ی هه‌قیقه‌ته.
هه‌ندێجار وه‌های بۆ ده‌چووم خه‌یاڵدانی هێند گه‌وره بێ گشت دنیای تیا جێبێته‌وه، ئاوه‌زی هێند فراوان بێ به‌شی نیوه‌ی گه‌ردوون بكات، وردودرشتی سه‌رده‌می منداڵیی خۆی له‌بیر مابوو، ئێستاش دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه له دابڕانی نێوانمان دڵنیام گشت قسه‌كانمی له‌بیرماوه، له خۆم باشتر ده‌زانێ كه‌ی چیم وتووه و له چ شوێنێ چیم كردووه!
ئه‌و كوڕه زۆر جوانیی هه‌بوو، وه‌لـێ كه‌مجار جوانییه‌كانی خۆی ده‌بینی. وه‌ختێ ده‌چووه‌وه ماڵه‌وه داك و بابی به ئاوات بوون قسه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ بكات، هه‌ندێجار به دزیی ئه‌وه‌وه به گوێی منیاندا ده‌چپاند: ئه‌رێ ئه‌م كوڕیچكهی ئێمه له‌گه‌ڵ كه‌سدا قسه ده‌كات؟ خه‌می ناخی به كه‌س ده‌ڵێت؟ زمانی هه‌س؟ هیوا و ئاواتێكی هه‌یه؟ دایكی كه له فریشته ده‌چوو و ده‌یان ساڵ بوو شهونوێژێكی نه‌فه‌وتابوو، نه‌یده‌زانی ئه‌م كوڕه‌ی كه هێنده وشكه ده‌ڵێی به‌رده، دڵی خوێنی لێده‌چۆڕێ و هه‌موو شه‌وێ به‌ر له نووستن بیر له ڕۆژی مه‌رگی دایكی ده‌كاته‌وه و به‌ته‌نیایی هاوار ده‌كا و خه‌و له چاوانی ده‌تۆرێ!
عه‌یبێكی گه‌وره‌ی ئه‌و كوڕه ئه‌وه بوو نه خۆی ده‌ناسی و نه ده‌یزانی ده‌بێ چ‌بكا. ئه‌و هه‌موو شتێكی هه‌بوو وای ده‌زانی هیچی نییه، گه‌یشت به هه‌موو ئاواتێ و هه‌ر پێی وابوو له‌دواوه‌یه، هه‌موو ژیانی ئه‌و كوڕه شه‌ڕكردن بوو له‌گه‌ڵ هێزێكی نادیاردا كه ئه‌م دونیا ده‌سووڕێنێ، وا هه‌ستده‌كه‌م له كۆندا ئه‌وینێكی قووڵ له‌نێوانی ئه‌م و ئه‌و هێزه‌دا بووبێ و ئه‌م چاوه‌ڕێی زۆر زیاتر له‌وه‌ی كردبێ كه ئه‌و به ئه‌می به‌خشیوه، بۆیه له‌پڕ كاسه‌ی ئه‌وینی ئه‌و بهینه لاربوویهوه و تائێستاش له‌به‌ری ده‌ڕوات.
ئه‌و كوڕه ئه‌فسووناوییه كه ده‌یان شه‌و تا نزیكه‌ی ده‌مه‌وبه‌یان به‌یه‌كه‌وه باسی جوانی و خۆشه‌ویستی و ڕق و تووڕه‌یی و خه‌فه‌ت و خه‌م و ژان و مه‌رگ و مان و خوا و شه‌یتان و زه‌وی و هه‌ساره و ئاسمان و به‌هه‌شت و دۆزه‌خ و به‌خت و چاره‌ڕه‌شی و لێقه‌ومان و كچی جوان و ژنهێنانمان تاوتوێ ده‌كرد، له‌پڕ له‌به‌ر چاوان ونبوو و بوو به خه‌یاڵ، له‌وساوه چه‌ند بۆی ده‌گه‌ڕێم نایدۆزمه‌وه، چه‌ند جار به‌لامدا ڕه‌تده‌بێ نایناسمه‌وه، وێنه و ڕووخساری جارانی شتێكی وا نه‌گۆڕاوه، ده‌كرێ بڵێم وه‌ك خۆی ماوه، كه‌چی چیتر ناسی ناكه‌م، وه‌كو جاران له‌لای دۆست و هاوڕێكانم باسی ناكه‌م. ئه‌و ئیدی كه‌سێكی تره و جیا له پێشوو كه هه‌ستم ده‌كرد به‌شێكی دانه‌بڕاوه له خۆم، نه هه‌ست به بوونی ده‌كه‌م و نه ده‌یبینم. ئه‌و چیتر ئه‌و كوڕه نییه كه هه‌ر خۆی بوو و له هه‌ر شوێنێ ده‌ستی كه‌سی پێنهگهشتبا دهتبینییهوه، له هه‌ر كۆڕێ چاوه‌ڕوانیت نه‌كردبا ئاماده بوو، ئێستا ئه‌و شتێكی تره، باری قورسه و نایپه‌رژێته سه‌ر ته‌ماشاكردنی جوانی، كه‌متر توانای گه‌ڕان و گه‌ردشی ماوه، ئه‌و كه جاران خه‌ریك چنینی خه‌یاڵ بوو ئێستا سه‌رقاڵی كڕینی خانوو و ماڵه، ئه‌وسا چاوی هه‌موو ژیانی ده‌بینی ئێستا ته‌نها ژن ده‌بینێ، پێشتر هه‌ڵوه‌دای بڕوا بوو ئێستا شه‌یدای بڕوانامه, جاران پرسیاری ده‌كردی ئێستا پرسیاریشی بكه‌ی وه‌ڵامێكی لـێ نابیستی.
دڵنیا نیم ئه‌و كوڕه ماوه یاخود نا، وه‌لـێ شتێ لێی بێگومانم ئه‌وه‌یه له دڵی مندا نامرێ و هه‌تاكو مابم ده‌مێنێ، كه‌ی مردیشم ئیدی پێویستم به بوونی هیچ زینده‌وه‌رێ نامێنێ، ئاخر چرای نێو ژووری ناخم وه‌به‌ر فووی مه‌رگ ده‌كه‌وێ و ده‌كوژێته‌وه و ده‌بێته تاریكستانێ كه‌س نازانێ كێی تێدابوو و كێی تێدایه، به ئومێدی هه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و چرایه و بینینه‌وه‌ی ئه‌و هاوڕێیه‌م له‌و دیو چیای نادیاره‌وه ئه‌م بابه‌ته‌م ده‌بڕمه‌وه، هه‌ر ته‌نها ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم له‌م ڕۆژانه‌ی ڕابردوودا به یادی ئه‌و دۆسته‌مه‌وه، ته‌ماشای كارتۆنێكم كرد كه به منداڵی زۆر حه‌زم لێی ده‌كرد و گۆرانیی پێشه‌كییه‌كه‌ی له كارتۆنه‌كه خۆشتر بوو، وه‌ختێ ده‌یگوت: (ماجد ماجد لعبه خشبیه)!