سەفەرێك لێرەو مردنێكیش لەوێ
ئارام شوانی…….
حاڵی نێو ئەم خانەقایە هەر وایە
شەوێ مردنو
شەوێكیش سەفەر
بە تەنیشت پەنجەرەكانی دۆزەخدا ..
لە نزیك لێزمەی ئەم بارانەوە
بۆنی مەرگێكی رەش دێت
دایكم لە خەوێكی قوڵ هەڵدەسێنێو
دوایین ویردو پاڕانەوەكانی
لە تەنیشت سەرینەكەی منەوە جێدەهێڵێت ..
ئای ئەو هاوڕێیەی
جگە لە فرمێسك
لە هیچی دیكە ناچیت
وەرەو جوانتر لە گریان ببارێ
با تەڕتر لە شەو پێبكەنین ..
گەر ناباریت مەیە خوارێ
من دەچم بۆلای هەورو
ماچی دڵۆپەكانت دەكەم ..
گەر هاتی كراسێك لە ڕەنگی ئەو گۆڕستانە دەكەمە بەرم
ئاخر ماڵەكەی من بۆنی مەرگی گرتووە
تۆ كەی دەباریت ..
سەنگەرەكانی ژیان دەدەم بەتۆو
من دەچم بۆ نزیك ئەو بارانە
لەوێ دەنگی پیاسەكانی جەنگ دێت ..
رەنگە ئەمشەو حیكایەتی
دوایین پێكەنیمان ئەرشیف بكەم
كە لە شەقامێكی چۆڵی منداڵیمدا
بۆ گریانەكانی تۆ بەجێمهێشت ..
تۆ بێدەنگتر لە من بنوو
منیش مەحزونتر لە تۆ دەگریم ..
ئاخر چوزانم باران لە نهێنی ئەم گریانەت دەگات
ئەوەتا لە دڵۆپێكیدا بۆی نووسیوم
:" لەژێر لێزمەیەكدا
بریاری بردنەوەی خەونی جوانماندا
كەچی لە گەرمی ئەم پایزەدا
حەسرەتمان پێ نۆش دەكەن ..
ئیدی تەنیاییەكانی تۆیش بە كۆڵمدا دەدەمو
نزای لیقات بۆ جێدەهێڵم" ..
ئەوە نزای بارانە
یا توڕەیی منە لەو بەفرە نیشتووە
ئەوە ماڵی تۆیە یا ڕەنگی بارانە
بۆ كوێ دەچیت لە ئێرە غەریب تر بیت ..
كە ئێواران دەرگاكەم سەما دەكات
دەزانم بۆنی تۆی گرتووە ..
كەچی تۆیش وەك باران دەڕۆیتو
ئێمەیش بیر لە هیچ مەرگێكی ناكەینەوە ..
گەر دەزانی ئەم تەنیاییە چەند جوانە
بڕیاری ئەم مردنەت نادا ..
گەر بشتزانیایە ئەم مردنە چەند جوانە
ئەوە باسی تەنیاییەكانی منت بە دایكت دەسپارد ..
ئاخر دایكت ڕەنگی ئەم دەرگایەی من نازانێت
ئیدی دەستەكانی (باران) لە كوێن
تا سەمایەك بە چاوی ئەوان بكات ..
كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2007
Aram_shwane@yahoo.com