
رۆژژمێری شارێك.. دوفاقیه‌تی شوێن وهه‌یمه‌نه‌ی گوتاری ئایدیۆلۆژیی
زنجیره‌ی ته‌له‌فزیۆنی كوردی یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی هه‌میشه له‌ناو ماڵی كوردیی هه‌ڵگریی پرسیاری جدیه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و زنجیرانه ناگه‌نه ئاستی خه‌ونی مرۆڤی كوردیه‌وه بۆیه ماڵه‌كان په‌نا ده‌به‌نه به‌ر زنجیره‌ی ته‌له‌فزیۆنی كۆری وتوركی ومه‌كسیكیه‌كان.. ئه‌و كه‌ڵێنه هونه‌رمه‌ندی كورد درووستی كرد، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كار ناكه‌ن به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌وه‌ی كاره‌كان زۆرن، به‌ڵام ئه‌و زۆرینه‌یه هه‌میشه خه‌وشی گه‌وره‌ی بۆ بینین خوڵقاندووه.
زنجیره درامای (رۆژژمێری شارێك) سیناریۆی دلشاد مسته‌فاو ده‌رهێنانی ئه‌رسه‌لان ده‌روێش نواندنی كۆمه‌ڵێك له‌هونه‌رمه‌نده ناسراوه‌كانی كورد وه‌كو (كامه‌ران ره‌ئوف، یونس حه‌مه كاكه، ئه‌حمه‌د سالار، به‌دیعه دارتاش، یاسین قادر به‌رزنجی…..)
رووداوه‌كانی ئه‌م زنجیره له‌باره‌ی بارودۆخی هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌تایبه‌ت قۆناغی به‌یاننامه‌ی یانزه‌ی ئازاره، كه ئێمه لێره‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌ین چه‌ند تێڕوانینێكی گشتی له‌باره‌ی ئه‌و زنجیره‌یه‌وه بخه‌ینه ڕوو.
ئه‌گه‌ر له تێڕوانینێكی گشتیه‌وه سه‌یری ته‌واوی كاره‌كه بكه‌ین، ده‌بینین په‌یوه‌ندیی كاره‌كته‌ر به یه‌كتریه‌وه وجۆری ململانێكانیان زاده‌ی په‌یوه‌ندیه‌كی ڕووكه‌شانه‌ی دۆخی سیاسیانه‌ی ئه‌مرۆیه نه‌وه‌ك هه‌فتاكان بێت، له‌په‌یوه‌ندیی نێوان باوك و كوڕ، ئه‌وه‌ش دیدێكی ڕووكه‌شانه‌ی به‌خشیوه به كاره‌كه، به‌تایبه‌ت ئه‌و دیده سیاسیه وای كردووه بایه‌خ به ڕووداو نه‌درێت، به‌ڵكو ورووژاندنی ململانێ بێت له‌ئاستی دۆخه سیاسیه‌كه‌ی ناو دنیای كوردیی، لێره‌وه ئه‌بێت ره‌خنه‌یه‌كی هاورێیانه ئاراسته‌ی كه‌ناڵی كوردسات بكرێت كه ئاخۆ لیژنه‌یه‌ك هه‌یه بۆ بینینی ئه‌و كارانه به‌ر له‌په‌خش كردنیان یاخود به‌ته‌نیا قسه‌كردن له سلێمانی وه‌ك شار هۆكاری په‌خشكردنیه‌تی؟
چونكه ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی باسكردن بێت له سلێمانی وه‌ك شار ئه‌وه‌شیان ته‌نیا له‌ناو بانگه‌شه‌كردن ئه‌مێنێته‌وه نه‌وه‌ك بچێته ناو ململانێی درامی وخولقاندنی چیرۆكێك كه بونیادی چیرۆكه‌كه سلێمانی وه‌ك شار رووبه‌ری جوگرافی شوێن بكات به رووبه‌ری پرسیار له‌ئاسته‌كانی دنیای كوردیی.
هێزی كاركردن بونیادی درامی وپه‌یوه‌ندیی كاره‌كته‌ر نیه به چیرۆك، به‌ڵكو چیرۆك تاكه هێلێكی ساده‌ی هه‌یه ته‌واوی كاره‌كته‌ره‌كان به‌ده‌وری ئه‌و هێله‌دا ده‌سوڕێنه‌وه، نه‌وه‌كان هه‌ر هه‌مویان عاشقن عه‌شق وه‌ك حه‌لالێك سه‌یركراوه ئه‌وه‌ش رووبه‌ندێكه بۆ داپۆشینی خه‌وشی درامی، چونكه بنیاتی كاره‌كته‌ر په‌یوه‌ندیی به ئاسته‌كانی كرداره‌كانیه‌وه نیه، بۆ نمونه میرزاو قادر دوو كاره‌كته‌رن كه شه‌ڕ له‌نێوانیانه، ئه‌وه‌ی ئه‌وانی ڕاگرتوه ده‌سه‌لاته ئابوریه‌كه‌یانه له‌كاتێكدا هه‌موو ده‌سه‌لاتی میرزا بریتیه له‌و چه‌ند گونییه‌ی كه دانراوه ئه‌وه له‌كاتێكدا ده‌سه‌ڵاتی قادر نوسینگه‌یه‌كه كه به‌هیچ جۆرێك نایبینین بازرگانی تیا بكرێت، به‌ڵكو ته‌نیا ئاژاوه‌گێڕی وشه‌ڕنانه‌وه‌ی تیایه به‌واتای نه‌توانراوه هێلێك بۆ كاركردن و سه‌رمایه درووستكردنی ئه‌و دوو كاره‌كته‌ره درووست بكرێت ئه‌وانیتریش له‌ناو حاله‌تێكی ڕووكه‌شانه‌دا ده‌رده‌كه‌ون.
خه‌ونی كاره‌كته‌ره‌كان ده‌بێته پێكه‌وه نانی ماڵ ئه‌وه له‌كاتێكدا عاشقه‌كه‌كانیش به‌ته‌نیا عاشق نین بیرمه‌ندن شۆرشگێرن ده‌گه‌ن به‌یه‌كتری وكێشه‌ی شیعری كلاسیكیان هه‌یه، وه‌ك ئه‌و كوڕه گه‌نجه‌ی كه گوایه عاشقی شیعری كلاسیكیه ده‌ڵێت “عاشقی دیوانه‌كانی مه‌حویم” له‌كاتێكدا مه‌حوی ته‌نیا یه‌ك دیوانی هه‌یه.. یاخود ده‌بینین شیرین به‌ترسه‌وه دێته باخه‌كه‌وه، به‌لام كه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی جێ دێلێت خۆشه‌ویسته‌كه‌شی خۆی لێ توڕه ئه‌كات وهاوار ئه‌كات به‌راده‌یه‌ك باخه‌وانه‌كه له‌دووره‌وه ئاوڕ ئه‌داته‌وه.
ئه‌و ناكۆكیه له‌چیرۆكدا جۆرێك له دووفاقی كاره‌كته‌ر ده‌خوڵقێنێت كه ته‌نیا هه‌ره‌مه‌كیه‌ت توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌و دوو فاقیه قه‌بوول بكات، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كاره‌كته‌ر خاوه‌ن كه‌سایه‌تی خۆی نیه، وبایه‌خی پێ نادرێت هێنده‌ی شۆرش و سلێمانی دوو بابه‌تن له‌گه‌ل یه‌كتری به‌رز ده‌كرێنه‌وه شۆرش و سلێمانی نابنه دوو گوتار بۆ بنیاتی كاره‌كته‌ر، به‌ڵكو ئه‌وه كاره‌كته‌ره ده‌كه‌وێته ستایشی سلێمانی وه‌ك شار‌و شۆرش وكاره‌كته‌ره‌كانی هه‌فتاكان.
شۆرش ناوه‌ندگه‌رێتی ڕووداوه‌كان ده‌خوڵقێنێت، به‌لام ئه‌و ناوه‌نده تووشی به‌دگومانیه‌كمان ده‌كاته‌وه به‌وه‌ی ئێمه كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كیه‌كانی شۆڕشمان لێ ده‌شێوێت، ته‌نیا ئه‌وانه ده‌بینین كه هاوكاری شۆڕ‌شیان كردووه، به ده‌گمه‌ن شۆرشگێره‌كان ده‌رده‌كه‌ون میرزاو به‌رێوبه‌ری كتێبخانه‌ی گشتی هه‌موو ئه‌وانه لایه‌نگرانی شۆڕشن، له‌كاتێكدا شۆڕش له‌شاردا خۆی وونه، ته‌نانه‌ت یاده‌وه‌ری شۆرشیش یاده‌وه‌ریه‌كی ئه‌فسانه‌یی شاردراوه‌یه، ئه‌و ده‌مه‌ی قسه له شۆرش ده‌كرێت وه‌ك ئه‌فسانه باسی لێوه ده‌كرێت، وه‌ڵام بۆ پرسیاره‌كان بوونی نیه، شۆڕش خه‌ونی مرۆڤه‌كانه، به‌ڵام خه‌ونێك نازانین ئه‌وان خه‌ون به‌چیه‌وه ده‌بینن، چونكه خه‌ونه‌كه ونه جگه له‌ستایشكردنی شار‌و عه‌شقی ڕووكه‌شی ڕه‌گه‌زه‌كان خه‌ونێكی تر بوونی نیه.
شۆرش له‌بزوتنه‌وه‌یه‌كه‌وه ده‌چێته ناو ستایشی ناوه‌كان ئه‌وه‌ش نابێته پرۆسه‌یه‌ك بۆ خولقاندنی په‌یوه‌ندیی درامیی هێنده‌ی وه‌ك درووشم به‌رز ده‌كرێته‌وه به‌تایبه‌ت له‌ووتنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ناوی بارزانی و هه‌روه‌ها ئاماژه‌كردن بۆ كۆماری مهاباد، لێره‌وه ده‌زانین هه‌موو پرۆسه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیش به‌ره‌نجامی ئه‌و په‌یوه‌ندیه سیاسییه كه ده‌رهێنه‌ر به‌مه‌به‌سته‌وه ده‌یه‌وێت كاره‌كته‌ره‌كانی ناو ژیانیش پۆلین بكاته سه‌ر شۆرش، به‌وه‌ی پیاوچاكان میرزاو هاورێكانی كوڕی ڕاسته‌قینه‌ی شۆرشن، قادر و ئه‌وانیتریش نه‌وه‌یه‌كی یاخی بوون له شۆڕش ئه‌و ده‌رگا كردنه‌وه‌یه بابه‌تێكی هێنده هه‌ستیاره كه قسه‌كردن له‌باره‌یه‌وه ده‌بێت دوور بێت له‌مه‌سه‌له‌ی لایه‌نگیریكردن، نه‌وه‌ك دیدێكی ئایدیۆلۆژی ڕووت بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندیه بخرێته ڕوو.
سلێمانی بۆته ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی ململانێكان.. خاسیه‌تی شاربوون وێنه‌یه‌كی به‌رجه‌سته كرا‌و نیه به شار ببه‌خشرێت، به‌ڵكو وێنه‌یه‌كی ووتراوی ناو ئاخاوتنه، ئه‌وه‌ش وێنه‌یه‌كی سه‌پێنراوه، هه‌ڵبه‌ت خاسیه‌ته‌كانی شاربوون له‌دنیای كوردیی له‌م ڕۆژگاره‌شمان بوونی نیه، هه‌رچه‌نده سلێمانی هه‌ندێك بنه‌مای شاربوونی گرتۆته خۆی، یه‌كێك له‌و هۆكارانه وه‌ك شوێنێكی تازه له جوگرافیای ئێمه‌دا، به‌ڵام گرفته‌كه ئه‌وه‌یه خاسیه‌ته‌كانی شاربوون له‌م زنجیره درامایه ده‌رناكه‌وێت، په‌یوه‌ندیی شار‌و تازه‌گه‌ری په‌یوه‌ندیه‌كی هاوبه‌شه، كه‌چی له رۆژمێری ئه‌م شاره ده‌بنین بیناسازی بریتیه له دیكۆری درووستكراو به‌دار شویًَنێك به‌دار درووست كرابێت خاسیه‌تی شاربوونی تیا ده‌رناكه‌وێت، ده‌شێت ئه‌وه بۆ نمایشی شانۆیی ڕه‌وایه‌تی وه‌ربگرێت، به‌ڵام له‌كاری ته‌له‌فزیۆنی وێنه‌یه‌كی كاریكاتۆری ده‌به‌خشێت، ئه‌وه‌ش هۆكاری ڕوانینی ئه‌و عه‌قڵه شانۆییه كه بۆ دراما به‌هه‌مان پێوه‌ری شانۆ سه‌یری ده‌كات.
په‌یوه‌ندیه‌كان په‌یوه‌ندیی مرۆڤی شاری نین به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی خێڵه‌كین، شاربوونی سلێمانی له‌و به‌رهه‌مه‌دا ته‌نیا له‌دیمه‌نی عه‌شقه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی خولیای خوێندنه‌وه‌شیان هه‌یه ده‌بینین توانایه‌كی كزه‌و رۆشنبیریی دیار ده‌رناكه‌وێت له‌شاردا، به‌ڵام شاربوون هه‌ر ئه‌وه‌یه مسته‌فا زۆر ته‌ركیز ده‌كاته سه‌ر سلێمانی.
ئه‌و جه‌ختكردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر شاربوون وێنه‌یه‌كی هاودژ ده‌خوڵقێنێت له‌شێوازی ئاخاوتندا به‌وه‌ی زۆربه‌ی ووشه‌كانی ناو ئاخاوتنه‌كان پڕیه‌تی له‌ووشه‌ی عه‌ره‌بی، له‌كاتێكدا یه‌كێك له‌خه‌سڵه‌ته‌كانی شاری تازه سلێمانیش وه‌كو نمونه‌یه‌ك ده‌یه‌وێت ئاخاوتن دوور بێت له‌زمانی بێگانه به‌تایبه‌ت له‌هه‌فتاكان كه ئه‌و جۆره ووشانه كه‌متر له‌ئاخاوتنی شاره‌كانیش به‌كار هاتووه چ جای ئه‌وه‌ی له‌سلێمانی بوونی هه‌بێت.
ئه‌و سیمایه‌ی شار بوون چیه؟ ئاخۆ بوونی په‌رستارێكه له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌كدا وه‌ك له ئه‌ڵقه‌ی 30 دا ده‌یبینین، كچه په‌رستاره‌كه له‌نێوان ژووره‌كه‌ی قادر به‌گ كه له‌وه ده‌چێت ژووری ئینعاش بێت له‌گه‌ڵ ژووری نازداری كچه نه‌خۆشه‌كه‌ی قادر به‌گ.
ڕاكردنی په‌رستارێك له‌نێوان دوو ژوری نه‌خۆشخانه‌یه‌كدا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌خاته ڕوو شوێنی ڕووداوه‌كان شار نیه، هێنده‌ی له نه‌خۆشخانه‌ی گوندێك ده‌چێت, ده‌شێت لێره‌دا بپرسین: به‌ڵام ته‌واوی ڕووداوه‌كان باس له سلێمانی ده‌كه‌ن؟ ئه‌وه‌شیان ڕاسته به‌ڵام وێناكردنی ده‌رهێنه‌ر بۆ شوێن وێناكردنێكی شانۆیی ده‌ست نیشان كراوه به‌وه‌ی په‌رستارێك ده‌شێت ئاماژه بێت بۆ كۆمه‌ڵه په‌رستارێك.
ئه‌و ده‌مه‌ی قسه‌كردن له‌سه‌ر شار ده‌بێت به‌ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی ده‌بێت چۆن كاره‌كته‌ره‌كان به ستایشه‌وه باسی شارێك ده‌كه‌ن به‌هه‌مان شێوه ئه‌و دیدگا ڕه‌خنه‌یه‌ش وون نه‌كرێت كه ئاخۆ به‌ڕاستی له‌و كاره هونه‌ریه‌دا سلێمانی خاسیه‌تی شاربوون تیایدا به‌رجه‌سته ده‌كرێت؟ یاخود ئه‌وه ته‌نیا حاله‌تێكی سۆفستایی خه‌ڵكی شاره‌كه‌یه؟ ئه‌وه پرسیاری ئێمه نیه ئه‌وه گومانی ئێمه‌یه له كاره‌كته‌ره‌كانی رۆژژمێری شارێك، چونكه گومان له كاره‌كته‌ره‌كان گومانه له‌مه‌عریفه‌ی شاربوون، به‌وه‌ی نه‌ك خاسیه‌تی شاربوون له ته‌لارسازیدا نابینین به‌هۆی ئه‌و دیكۆره‌ی درووستكراوه سلێمانی كراوه به شارێك له‌دار درووستكراوه ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له‌دیارترین خه‌وشه‌كان كه سیمای ته‌لارسازی شار له دار درووست ناكرێت، جگه له‌وه‌ش ئه‌وه چ شارێكه شه‌وانه كاره‌بای تیا نه‌بێت وشه‌قامه‌كانی تاریك بن، محه شێت بۆ ئه‌وه‌ی چاو‌دێر بێت به‌سه‌ر كۆڵانه‌كانه‌وه ده‌بێت چرای به‌ده‌سته‌وه بێت سه‌ید بۆ پیلانه‌كانی له‌كۆلانه‌كاندا به‌چراوه ده‌سوڕێته‌وه، ئازادیش بۆ بینینی سیڤه‌ر له‌كۆلان ده‌بێت چرا به‌ده‌سته‌وه بگرێت، ئاخۆ هه‌موو ئه‌و كاره‌كته‌رانه گومانی شاربوونمان له‌م درامایه له‌لا درووست ناكه‌ن، یاخود ده‌بێت گوتاری شاربوون له‌لای هه‌ریه‌كه له دلشاد مسته‌فاو ئه‌رسه‌لان ده‌روێش له‌چیدا خۆی ببینێته‌وه؟ ئاخۆ شاربوون حاله‌تێكی سۆفستاییه‌و ته‌نیا كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌م شاره به قسه باس له‌شار بوون ده‌كه‌ن؟ ئه‌وه‌ش گومانێكی سه‌یرمان ڕووبه‌روو ده‌كاته‌وه به‌وه‌ی مرۆڤێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه نه‌وه‌ك كائینێكی ده‌نگه بێت ئه‌ی كه‌وایه خاسیه‌ت و سیماكانی شاربوون له‌كوێدا ده‌رده‌كه‌ون؟
ئه‌گه‌ر دروستكردنی دیكۆر دیدێكی شانۆیی به‌خشی بێت، ئه‌و دیدگایه هه‌ره‌مه‌كیه‌ت نیه، به‌ڵكو ڕێكخه‌رێكی عه‌قڵی ناو شێوازی كاره‌كه‌یه، چونكه هه‌موو به‌شداران بریتین له‌شانۆكاران.. بۆیه ئه‌و دیده شانۆییه به‌ته‌واوی باڵی به‌سه‌ر كاره‌كه‌دا گرتووه.. هه‌ر له دیمه‌ن و گرته‌كانه‌وه تاوه‌كو نواندنی ئه‌كته‌ر كه زۆرجار نه‌ك به‌ته‌نیا حاله‌تی شانۆیی ده‌گرێته خۆی، به‌ڵكو له‌دیمه‌نی چایخانه‌كه‌دا به‌ره‌و جوله‌ی شانۆیی ده‌مانباته‌وه، ئه‌كته‌ر وا ڕاهێنراوه وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌شانۆدا بێت نه‌وه‌ك له‌پێشی كامێرا، سه‌رباری ئه‌وه‌ی بوونی گرته‌ی درێژ كه له‌بنه‌ره‌تدا به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی دیمه‌نی شانۆییه.
كۆی كاره‌كه ده‌توانین به شانۆیه‌كی ته‌له‌فزیۆنی بیبینین، شانۆیه‌ك كه له‌ڕووی فه‌زاوه‌ش نه‌یتوانیوه له‌ژێر ئه‌و كاریگه‌ریه بێته ده‌ره‌وه، بۆیه كه ڕووداویش نابینین هۆكاره‌كه‌ی بۆ دوو خاڵی ده‌ست نیشان كرا‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه، یه‌كه‌میان ئه‌و دیده شانۆییه‌و هۆكاری دووه‌میش ئه‌و گوتاره ئایدیۆلۆژیه‌ی كه ده‌یه‌وێ ململانێكان بۆ شوێنی مه‌به‌ست به‌رێت.
لێره‌دا ئه‌گه‌ر سه‌رنجێكی دۆستانه ئاراسته‌ی دۆستی ئازیزمان دڵشاد مسته‌فا بكه‌ین ئاخۆ ئه‌و ده‌مه‌ی ئه‌و دۆسته‌مان ده‌فه‌رموێت كاره‌كه‌ی ئه‌و شێوێنراوه، به‌ڵام ئه‌و شێواندنه خۆ بیرۆكه‌ی هێشتۆته‌وه، خۆ په‌یوه‌ندیی كاره‌كته‌ره‌كان نه‌شێواوه، خۆ ئه‌و ململانێیه له‌سیناریۆكه‌ش هه‌ر هه‌بووه، ئاخۆ بونیادی درامی چۆن شێوێنراوه، كه هه‌لبه‌ت ئه‌و ره‌خنانه به‌ر مامۆستا دلشادیش ئه‌كه‌وێت، به‌ته‌نیا ده‌رهێنه‌ر ئه‌رسه‌لان ده‌روێش كه‌موكورتیه‌كانی ناكه‌وێته ئه‌ستۆ
مه‌حه شێت كه‌شێوازی ئاخاوتن و حاله‌تی شێت بوونی راسته‌وخۆ كاره‌كته‌ری ئه‌دگاردی شالیرمان بیر دێنێته‌وه، ئه‌وه له‌كاتێكدا ئه‌دگارد به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست خۆی شێت كردووه، جگه له‌وه‌ش ئه‌و دێره‌ی كه زۆرجار دوباره ده‌كرێته‌وه كه ناوی خۆی دێنێت بۆ رووداوه‌كان هه‌مان شێتی ئه‌دگارده كه دوباره كراوه‌ته‌وه
له ئه‌لقه‌ی بیست وهه‌شت له‌دیمه‌نی چایخانه‌كه‌دا دوو سه‌رنجی سه‌یر به‌دی ده‌كرێت یه‌كه‌میان بۆ خوڵقاندنی كه‌شی چایخانه‌كه كۆبونه‌وه‌یه‌ك به‌ده‌وری كۆری پێكه‌نین ساز ده‌كرێت، كه زیاتر له ئاژاوه‌یه‌كی جاڕسكه‌ر ده‌چێت كه فه‌وزایه‌كی نارێكخه‌رو بێ مانایه تا ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌وان له‌كۆمه‌لێك به‌دمه‌ست ده‌چن
ئه‌وه سه‌رباری ئه‌وه‌ی ده‌یالۆگه‌كانی مامۆستا سالار له‌وه ده‌رده‌چێت ده‌یالۆگ بێت به‌ڵكو ده‌بێته مه‌نه‌لۆژی شانۆیی و هه‌موو به‌ده‌وری ئه‌و مه‌نه‌لۆژه‌دا ده‌سوڕێنه‌وه، گرفته‌كه دیسان له‌وه‌دایه ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌نه‌لۆژه له‌شانۆدا قه‌بوول كرا‌و بێت، كه به‌ده‌گمه‌ن له‌شانۆش قه‌بول كراوه، مه‌گه‌ر له‌هه‌ندێك تێكستی زۆر تایبه‌ت بیبینین له‌وانه له تیكسته‌كانی یۆژین ئۆنێل، هه‌روه‌ها له‌تیكسته شانۆییه‌كانی مامۆستا سالاریش ئه‌و حاله‌ته ده‌بینین، به‌لام بۆ سیناریۆكه‌و ئه‌و دراما ته‌له‌فزیۆنیه هیچ نابه‌خشێت، جگه له وه‌ڕسیه‌ك بۆ بینه‌ر كه تا ئه‌و ئاسته‌ی ئێمه نه حالی ده‌بین نه ئه‌توانین له‌ساتی شاد‌ی وپێكه‌نین به‌شدار بین، به‌ڵكو ته‌نیا كۆمه‌لیك مرۆڤ ده‌بینین كه جۆرێك له فه‌وزا ده‌خوووڵقێنن.
جارێكی‌تر ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر مه‌سه‌له‌ی عه‌شق له‌و درامایه‌دا كه به‌راستی بۆ ئاست لاوازی بونیادی درامی ئێمه ته‌نیا دوو هێلمان هه‌یه كه هێلی یه‌كه‌م ئه‌و ئاراسته سیاسییه كه پره له‌هه‌ست وحه‌ماسی نه‌ته‌وه‌یی حه‌سه‌ن بۆ شۆڕش كه زیاتر له كه‌ف وكوڵ ئه‌چێتن چونكه بونیادی كاره‌كته‌ر وه‌ك شۆرشگێرێك نه‌یتوانی بیخاته ڕوو، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی وه‌ك شه‌ڕكه‌رێك به ئێمه‌ی ناساند.
ئاراسته‌ی دووه‌میش ئه‌و عه‌شقه‌ی به‌هزاده له مالی زه‌كاو له به‌غدا كه ده‌یه‌وێت وێنه‌یه‌كی خیزانێكی كوردیی به‌غدا مان به‌شێوه‌یه‌ك بۆ بخاته روو كه وێنه‌یه‌كی گومانا‌ویه نه‌ك هیچ خێزانێكی كورد له به‌غدا و سلێمانی ئه‌مرۆشی له‌گه‌ل بێت له‌و جۆره په‌یوه‌ندیه ناژین كه ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شیان قه‌بوول كرا‌و بێت مناڵه‌كان دایكیان به ناوی خۆی بانگ بكات، به‌ڵام ئه‌وه له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست ویه‌كیش قه‌بوول كرا‌و نیه‌ن خێزانێك به‌مجۆره باس له چیرۆكی عه‌شقی كچه‌كه‌یان بكه‌ن وبیكه‌نه بابه‌تی پێكه‌نینیش
ئه‌و وێنه بارگاوی كراوه بۆ خێزانی كوردیی وێنه‌یه‌ك نیه بۆ پێشڤه‌چوونی ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی ماڵی كوردیی، به‌ڵكو وێنه‌یه‌كی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه‌یه بۆ خوێندنه‌وه‌ی بونیاده كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئێمه كه له ئاستی زه‌مه‌نی دراماكه‌وه به‌ره‌و كارێكی خه‌یاڵئامێز هه‌نگاو ده‌نێت به‌لام خه‌یالێكی بروا پێنه‌كراو.
ئه‌گه‌ر چی ئه‌وانه‌ش وه‌ك كۆمه‌لێك دیمه‌نی بێ قولایی مانا به‌ڕێوه ده‌چن، هه‌موو شتێك ڕووكه‌شانه به‌رێوه ده‌چێت وه‌ك چۆن دلێر ده‌بێت به عائیدون له دیمه‌نێك لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ل ده‌كرێت له دیمه‌نی دواتر وا ده‌زانین له زیندانه كه‌چی ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و له زینداندا نیه، به‌ڵكو نه‌فیكراوه‌و ژیانی خۆی ده‌ژیێت.
فلاش باگ له دوو ئه‌لقه‌دا نیوه‌ی كاره‌كان داگیر ده‌كات، ئه‌وانه ئه‌و دیمه‌نانه نین كه ڕوویانداوه‌و بینه‌ر نه‌یبینیوه، به‌ڵكو ئه‌و دیمه‌نانه‌ن كه ئیمه‌ی بینه‌ر له ئه‌لقه‌كانی پێشوو بینیومانه، ئه‌وه‌ش ته‌نیا درێژكردنه‌وه‌ی كاره‌كه‌یه بۆ سی ئه‌لقه، درێژكردنه‌وه‌یه‌ك ته‌نیا بێزاركردن وكاتكوشتنه له‌سه‌ر بنه‌مای خاوكردنه‌وه‌ی ریتمی گشتی كاره‌كه، چونكه له‌بنه‌ره‌تدا رووداوه‌كان ناچنه پێشه‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه دیمه‌نه‌كانن به‌ویستی ئه‌و دوو هێله ووروژاندنی سیاسی و عه‌شقانه دیمه‌نیان گیراوه بۆ ئه‌وه‌ی هێزیش په‌یدا بكات دیمه‌نه‌كان به‌هۆی فلاش باگی كاره‌كته‌ره‌وه دووباره ده‌كرێته‌وه.
ئه‌و دوباره‌كردنه‌وه‌یه هۆكاره‌كه‌ی غیابی ڕووداوه له‌ناو سیناریۆكه‌دا كه هیچ شتێك ڕوو نادات و چربوونه‌وه‌ی زه‌مه‌نی له‌ناو كاره‌كه بوونی نیه، بۆیه ده‌بێت به‌و شێوه‌یه درێژ بكرێته‌وه، هه‌روه‌ك تایتلی سه‌ره‌تاو گۆرانیه‌كه‌ی عه‌دنان كه‌ریم كه زۆربه‌ی كات ته‌نیا بۆ كلیپكردنی گۆرانیه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌ك هونه‌رمه‌ند سه‌دیق عه‌زیز له‌و باره‌یه‌وه له نوسینێكی لاپه‌ره‌كه‌ی خۆی له فه‌یس بوك نوسیویه‌تی “زه‌مه‌نی گۆرانی كه هێنده دورودرێژه ده‌رهێنه‌ر نه‌یزانیوه ئه‌و ماوه‌یه چۆن پڕكاته‌وه، بۆیه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ده‌بینین سێ له‌قته‌ی جیاوازی یونسی حه‌مه كاكه ده‌رده‌كه‌وێت به ناوه‌كه‌یه‌وه، پاشان چوار له‌قته‌ی كامه‌ران رووف ده‌رده‌كه‌وێت به ناوه‌كه‌یه‌وه، جگه له‌وه‌ی له به‌ینه‌كانیدا ده‌یان سانیه وێنه و له‌قته تێپه‌ڕ ده‌بێت به بێ ناو نوسین. كه ئه‌مانه هه‌مووی زیاده‌ن و ته‌نها بۆ تێپه‌ڕاندنی زه‌مه‌نی گۆرانیه‌كه، ده‌نا نیشاندانی یه‌ك له‌قته‌ی ئه‌كته‌ر به‌ناوه‌كه‌یه‌وه به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌كته‌ره‌كه بناسیت. به‌بروای من یه‌كه‌م سه‌قه‌تی ئه‌م كاره له تایتله‌كه‌یه‌وه ده‌ست پێده‌كات”
بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌وایه‌تی به‌دۆخێكی مێژوویی بدرێت ده‌رهێنه‌ر ناتوانێ ئه‌و ڕه‌هه‌نده مێژوویه به‌رهه‌م بێنێتن بۆیه په‌نا ده‌باته به‌ر دیمه‌نی دیكۆمێنتی بۆ ئه‌وه‌ی دێكی ئایدیۆلۆژی ده‌ست نیشانكراو به‌كاره‌كه‌ی ببه‌خشێت ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر له‌ڕووی فیكریه‌وه ڕووبه‌رووی درامایه‌كی به‌رته‌سكی ئایدیۆلۆژیمان بكاته‌وه، له‌ڕووی هونه‌ریشدا هه‌ڵه‌ی سه‌یر به‌دی ده‌كه‌ین.
له ماڵی قادر به‌گ سه‌یری ته‌له‌فزیۆن ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌واڵی دلێری كوڕیان بزانن، به‌ڵام ئه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌ی سه‌یری ده‌كرێت، ئێمه نایبینین.. به‌واتایه‌كیتر شوێنه‌كه ته‌له‌فزیۆنی لێ نیه، ده‌رهێنه‌ر ده‌یه‌وێ بروامان پێ بێنێت كه ئه‌وان سه‌یری ته‌له‌فزیۆن ده‌كه‌ن، له‌پڕدا وێنه‌ی دیكۆمێنتی شۆڕشی ئه‌یلول نیشان ده‌درێت وێنه‌كان ڕه‌ش وسپین له‌سه‌ریان ده‌نووسرێت ئه‌رشیف ئه‌و نوسینه كه ووشه‌یه‌كه، به‌لام هه‌ژاری هونه‌ریی كاره‌كه ده‌رده‌خات یانی چی ئه‌رشیف، چونكه له‌و ساته‌دا مالی قادر به‌گ سه‌یری ته‌له‌فزیۆن ده‌كه‌ن یانی ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی ئه‌وانیش له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆنه‌كه نوسراوه ئه‌رشیف، یاخود كاتێ ده‌یه‌وێ پێمان بڵێت ماڵی زه‌كاو له‌به‌غدا ده‌ژین، هه‌مان هه‌ڵه دوباره ده‌بێته‌وه وێنه‌ی دیوار به‌نده‌كه‌ی جه‌واد سه‌لیم نیشان ده‌درێتن له‌سه‌ر ئه‌ویش ده‌نوسرێت ئه‌رشیف ئه‌و ئه‌رشیفه به‌مانای چیه؟
ئاخۆ به‌و مه‌به‌سته‌یه كه پێمان بلێت ئه‌و دیمه‌نه له ئه‌رشیف وه‌رگیراوه‌و ئه‌وان وێنه‌یان نه‌گرتوه؟ ده‌ی داماننا به‌و مه‌به‌سته‌یه به‌ڵام كه ده‌نوسیت ئه‌رشیف مانای وایه ئه‌وه ئینتیماكردنێكه بۆ رابردوو، دیمه‌نه‌كانی به‌غداش ئه‌رشیف ویاده‌وه‌رین وپه‌یوه‌ندیان به رووداوه‌كانی ئێستاوه نیه، دواتر بۆ ده‌بێت بۆ نیشاندانی به‌غدا چه‌ند جارێك ته‌نیا ئه‌و دیواربه‌ندیه‌ی گۆره‌پانی ته‌حریر نیشان بدرێت وهیچ شوێنێكیتری ناو به‌غدا نیشان نه‌درێت، تاپێمان بوترێ ئه‌وه به‌غدایه، ئه‌و دوباره كردنه‌وه‌یه‌ش جۆرێكیتری ئه‌و ده‌سكورتیه مه‌عریفی وگوزارشتكردنه‌یه كه تاكه دیمه‌نێك بۆ شارێك دوباره ده‌كرێته‌وه.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجی زۆری ئێمه‌یه ده‌ركه‌وتنی ده‌رهێنه‌ره له تایتلدا ئه‌و ده‌مه‌ی ناوی وه‌ك ده‌رهێنه‌ر به‌گه‌وره‌یی ده‌نوسرێت له‌دیمه‌نێكی روانین له سلێمانی ئاوڕ له ئێمه ده‌داته‌وه، ئاخۆ ئه‌وه ستراتیژیی گوتاری كاره‌كه‌یه یاخود ده‌ركه‌وتنی خۆی به چ مه‌به‌ستێكه‌وه‌یه؟
ده‌رهێنه‌ر بوونی له‌پشت كاره هونه‌ریه‌كه‌وه‌یه، به‌ڵام ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ی رۆژژمێری شارێك ماوه‌ی مانگێك به ئێمه‌ی ووت منم ده‌رهینه‌ری ئه‌م كاره سه‌یرم بكه‌ن و باش بمناسنه‌وه، ئه‌و كاته‌ی روانینی ڕه‌خنه‌یی بگاته ئه‌و ئاسته ئه‌وه ئێمه نین كاره‌كه ده‌به‌ینه ئه‌و سیاقه‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه جۆری كاره هونه‌ریه‌كه، ئه‌و ئاره‌زووی ده‌ركه‌وتن و ناسینه‌یه كه ده‌رهێنه‌ر هه‌موو شه‌وێك له‌تایتل به‌و شێوه‌یه ده‌بێت ده‌ربكه‌وێت، ئه‌كته‌ره‌كانیش بیریان ده‌چێت نواندن بكه‌ن، هه‌میشه هه‌ست ئه‌كه‌یت له‌به‌رده‌م كامێرا شاگه‌شكه ده‌بن تاوه‌كو ئێمه رووخساریانمان له‌بیر نه‌چێته‌وه، هه‌ڵبه‌ت ئێمه ئه‌وانمان بیر ناچێته‌وه، چونكه كارێكی ئاست لاوزایان پێ نیشانداین كه زۆر له‌ته‌واوی ئه‌و كارانه‌ی پێشتر كراوه نزمتر بووه.
نه‌بوونی بیركردنه‌وه‌و هێلێكی درامی ڕوون وایكردووه ئاراسته‌یه‌كی ده‌ست نیشان كرا‌و نه‌بێت له‌كاره‌كه‌دا، ئه‌وه‌ش ده‌شێت ڕه‌وایه‌تی به‌و قسه‌یه‌ی سینارێست دڵشاد مسته‌فا بدات كه باسی له‌وه‌كردبوو كه سیناریۆكه‌ی به‌شی زۆر شێوێنراوه، چونكه ئه‌وه‌ته له ئه‌ڵقه‌كانی پێشوو شیرین له‌به‌ر دڵی باوكی وباوكیش له‌به‌ر ناوبانگی خۆی و ترس له‌قسه‌ی خه‌ڵك كچه‌كه‌ی له خوێندن دێنێته ده‌ره‌وه، كه‌چی له ئه‌ڵقه‌كانی كۆتاییدا شیرین وكچه هاوڕێكانی ساڵانی خوێندن باس له‌وه ده‌كه‌ن كه هه‌واڵیان چیه، چونكه له‌وه‌ته‌ی ته‌خروجیان كردووه یه‌كتریان نه‌بینیوه‌ته‌وه، من تێناگه‌م وه‌ك به‌شداران خۆشیان له‌وه تێناگه‌ن كه ئاخۆ شیرین له‌ماڵه‌وه ته‌خروجی كردوه یان خوێندنه‌كه‌یان بۆ هێنابووه ماڵه‌وه، چونكه ئه‌و كه له‌خوێندن ده‌ركرا ئیدی چۆن ته‌خه‌روجی كرد و خوێندنی ته‌واو كرد؟
ئه‌و پرسیاره بۆ ئه‌وه نیه ئه‌و هاورێیانه وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه، به‌ڵكو ده‌ریده‌خات سیناریۆی كاره‌كه له‌سیناریۆی نوسراو ده‌بێت به سیناریۆی زاره‌كی ساته‌وه‌ختی وێنه‌گرتن.
دوای ئه‌وه‌ی مانگێك له‌چاوه‌روانیدابووین تا شتێك ڕوو بدات، لێدوانی رۆژنامه‌وانیان ئه‌داو ئه‌یانووت چاوه‌ڕوانی كۆتایی بن به‌قسه‌یانمان كرد تا كۆتایی له‌گه‌ڵیان رۆیشتین، وتمان شتێك له‌كۆتاییدا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌بوو چی بوو؟
دوو ڕووداو یه‌كێكیان كۆمه‌ڵایه‌تی وئه‌ویتر سیاسی یه‌كه‌میان ورووژاندنێك بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو خه‌وش وهه‌ڵه‌یه ئه‌ویش عاشقه‌كان هه‌وڵیاندا خۆشه‌ویسته‌كانیان ماچ بكه‌ن، سه‌لما له‌به‌ر تریفه‌ی مانگه‌شه‌و خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ماچیكرد وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان باسی نیوه شه‌وی دوو عاشقی پاریس‌یان ئه‌كرد، چونكه ده‌رهێنه‌ر بیری چوو باس له سلێمانی ئه‌كات، بۆیه ئه‌مجاره وه‌ك دیمه‌نی نه‌خۆشخانه‌كه‌ی نه‌كرد، به‌ڵكو له‌هه‌فتاكان له باخێكدا كچێك ده‌ستی به ده‌ستبردن وماچكردنی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی كرد، وه‌ك بینینی سیڤه‌ر له باخه‌كه‌دا، ئه‌و دوو ڕووداوه بۆ شاردنه‌وه‌ی دنیایه‌ك هه‌ڵه‌ی هونه‌ری وفیكریی بوو، كه دوفاقیه‌تی دیدگای هونه‌ری ده‌خاته ڕوو، چونكه له‌شوێنێكدا سلێمانی نه‌خۆشخانه‌كانی یه‌ك په‌رستاری تیایه ده‌بێت فریای دوو نه‌خۆشی سه‌ره مه‌رگ بكه‌وێت، له‌شوێنێكی تریشدا خاسیه‌تی شاربوون په‌یوه‌ندیه‌كان به ڕاده‌یه‌كه‌و باخه‌كان هێنده سیمای عاشقبوونیان تیایه كچه‌كان ده‌ستپێشخه‌ری ده‌كه‌ن بۆ ماتچكردنی كوڕه‌كان.
رووداوی دووه‌م یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێی كاره‌كته‌ره‌كان بوو، ململانێیه‌ك هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه چاوه‌ڕوان بووین بزانین چۆن ده‌كه‌وێته‌وه، ئێمه له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌وه‌مان خسته ڕوو كه ململانێی میرزاو قادر ئاماژه‌ن بۆ ململانێی دوو هێزی ناكۆكی سیاسی ناو دنیای كوردیی، كه‌چی له‌كۆتاییدا ده‌بینین قادر كه نوێنه‌ری هێزێكی تره‌وه به مۆدیلی ئه‌فه‌ندی ده‌ركه‌وتووه خۆی فڕێ ئه‌داته ماڵی میرزا، كوڕه‌كه‌ی میرزا خه‌ونی جێهێشتنی نیشتیمانی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بڕوات ببێت به پێشمه‌رگه، له‌ولاشه‌وه فه‌ره‌یدونی قادر ده‌ست له‌گه‌ڵ حكومه‌ت تێكه‌ڵ ئه‌كات و ئه‌بێته جاش، ئه‌و دیده ئایدیۆلۆژیه ستراتیژیی گوتاری دراماكه‌یه، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هه‌ره‌سی شۆرش له 1974 هێزی كوردیی له‌ناو یه‌ك ڕه‌نگی چڕ ده‌كاته‌وه، له‌كاتێكدا به‌دوای هه‌ره‌س هێزێكی وه‌كو كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی كوردستان له‌دایك ده‌بێت، ئه‌گه‌رچی له‌ناو سیناریۆكه‌ش كاره‌كته‌ری وای تیایه كه نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و هێله سیاسیه بكات، له‌ناو كتێبخانه مامۆستا جه‌مال و خوێندكارانی زانكۆ ده‌یانه‌وێ نوێنه‌رایه‌تی نه‌وه‌یه‌كی نوێ بكه‌ن بۆ شۆڕش، به‌ڵام ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیه هه‌ر هه‌مووی له‌ناو یه‌ك هێزو یه‌ك بیركردنه‌وه كورت ده‌كرێته‌وه، ده‌شێت هه‌موو جۆره قسه‌كردنێك هیچ نه‌بێت جگه له هه‌وڵێك بۆ سوڕانه‌وه به‌ده‌وری بازنه‌یه‌كی به‌تاڵ.