تفەنگێک بۆ بەکرێ دان … ڕزگار عومەر
چەک و چەکداری لە ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، لە شێوەی میلیشیاو گروپی دیاری کراو ، بەشێکن لە نەخشەی ئێستای هاوکێشە سیاسیەکان و ستراتیژە درێژخایەنەکان . بەکرێ گرتنی چەکدار تەنیا کورت نابێتەوە کە زلهێزێکی ئیقلیمی یان نێودەوڵەتی لە جوگرافیای خۆی یان لە دەرەوەی سنوری خۆی مۆڵگەی سەربازی و لۆجیستی بۆ گروپێکی دیاری کراو دروست بکات ، ئەمڕۆ سیمای ئەم بەکرێ گرتنە بوعدی تری وەرگرتووە کە ڕۆڵی ئاسانکاری تێدا دەبینیت ، وەکو گرژیە ئایدیۆلۆژی و تائیفیەکان و مەزهەبیەکان ، کە پڕۆسەی بەکرێ گرتنی ئاسان کردووە .
” فیدایەکانی سەدام ” یەکەم میلیشیای حکومەتی بەعس بوو کە دەوڵەت لە سەردەمی یەکەمین بادانەوەی زەقی ئایدیۆلۆژی خۆی لە ناسیۆنالیزمی عەرەبەوە بۆ ” حەملەی ئیمانی ” دروستی کرد . دڕندەیی فیدایەکانی سەدام لە سەرکوتی خەڵکی عێراق کەم وێنە بوو ، لە ژێر ناهەموارترین بارودۆخی کۆمەڵایەتی ژیان لە ژێر گەمارۆی ئابوری نێودەوڵەتیدا ، ئەم میلیشیایە لە گۆڕەپان و لە کۆڵانەکانی بەغدا خەڵکیان کۆ دەکردەوە بۆ جێ بەجێ کردنی سزاکانیان بە سەر هاوڵاتیانیتر . ئەوان هاوڵاتیان بە بیانوی جۆراوجۆر دەهێناو بە شمشێر لەسەریان دەدان . کە سەدام ڕوخا ئەندامانی ئەم میلیشیایە بەشێکیان توانیان خۆیان لە میلیشیا تازەکان جێکەنەوە ، ژمارەیەکی زۆریشیان کە خۆی لە 20 هەزار دەدا چوون بۆ ووڵاتی ئوردن .
هیچ دەنگ و باسێک لەسەر ئەم ژمارەی زۆرەی فیدایەکانی سەدام نەبوو لە ئوردن تا سەرەتای ئەمساڵ کە ڕاپۆرتەکانی میدیا تەئکیدیان کردەوە کە ئەوان گواستراونەتەوە بۆ بەحرێن و ئێستا حکومەتی سونی ئەوێ بۆ سەرکوتی شیعەی بەحرێن بەکاریان دێنێت ، بە دڵنیایی تۆڵە لە شیعەی عێراق ئێستا مومکین نییە بۆ فیدایەکانی سەدام . بەڵام ، خۆ دەتوانن بچن کینەی جۆشدراویان خاڵی کەنەوە بەسەر شیعەیەکیتر لە بەحرێن و مەعاشیشی پێ وەربگرن .
هێشتا ئەم هەواڵە گەرم بوو کە هەواڵێکیتری ، بەکرێ گرتن و کڕینی تفەنگێکیتر ، کەوتەوە ناو بارودۆخی کوڵاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست . ئەمجارەیان سەفقەی نێوان دەوڵەتی قەتەرو بزوتنەوەی حەماسە ! بە پێ ی بەڵگەنامەیەک کە کۆپیەکی لە نێو میدیادا بڵاوبۆتەوە : قهتهر 250 ملیۆن دۆلاری داوه به خالد مشعل ی سهکردهی حهماس له پێناو کۆمهککردن به مانهوهی دهسهلاتهکهی مورسی له میسر و ناردنی 7500 ئهندامی حهماس بۆ سهرکوتی نهیارانی مورسی .
پارەی نەوتی کەنداو ، ڕۆڵی میدیای پف کراو بە ڕوانگەی یەک لایەنی لە بابەتی ئەلجەزیرە ، قوڵبونەوەی پێشبڕکێ و دژایەتی مەزهەبەکان لە گەڵ یەکتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، بەرامبەرکێ ی سیکولاریزم و هێزە دینیەکان لە تونس و لە میسر ، دەرفەت و بازاڕی بەکرێ گرتنی تفەنگ و میلیشیای وەکو سەردەمی شەڕی ناوخۆی لوبنان گەرم کردووە . ئەنجامەکانی شەڕی میلیشیا لەسەر ئینتمای مەزهەبی و ئاینی زۆر قوڵترو کاریگەرتر دەبێ لە شەڕی کلاسیکی دوو دەوڵەت و دوو سوپای ڕەسمی . لە شەڕی دەوڵەتەکان ئومێدێک هەیە دوای خامۆش بوونی تۆپەکان ئاشتی و بنیات نانەوە هەبێت ، لەو شەڕانەی میلیشیاکان بەشدار دەبن ، چاوەڕێ کردنی ڕۆژی تۆڵە کردنەوە لە خەیاڵی قوربانیانی هەموو لایەنەکان تا سەر دەمێنێ !