هەندێک تێبینى بێ سوود … نەوزاد بەندى
(تێبینى بیست و حەوت)
برادەرێکم
لە شارى مالبۆرنەوە هاتەوە بۆ شارەکەى
قالە شێت
دواى بیست و شەش ڕۆژ ،
ڕۆیشتەوە ..
دواى دوو ڕۆژ ئیمەیڵێکى بو نوسیبووم ،
تیایدا هاتبوو:
لە داخى ئەوەى مناڵ و مەزن
پێیان ئەوتم : حاجى …
تۆبە ! بگەڕێمەوە بۆ شارەکەى تۆفیق وەهبى ..
( تێبینى پێنج )
یەک ملیۆن کەس گوڵەبەڕۆژە
ئەتروکێنن و
بە شەقامەکاندا کوڕێنى ئەکەن ،
قوڕ بەسەر کارگوزارى شارەوانى ..
( تێبینى هەژدە )
دوو ڕۆژ لەسەر یەک ،
دوو هاوڕێم مردن ..
لەگەڵ هەردوو لاشەکەدا ،
چووم بۆ گردى سەیوان …
خەریکە عەلاقە لەگەڵ مردنا پەیدا ئەکەم ..
خەریکە خۆشم ئەوێ ..
خەریکە ژمارەى مۆبایلەکەى لێ وەرئەگرم ..
ئەترسم کەشف بم ..
( تێبینى دوو )
لە بەردەم کۆفى نێتێک ،
سەر ژمێرى مێش و
قنگە جگەرە و
بەڵغەمە زەرد و سپیەکانم ، نەکرد ..
بۆچى سەرژمێرییان بکەم ؟
خۆ من دەزگاى سەرژمێرکردن نیم ..
( تێبینى حەفتا و سێ )
باوکم لەسەر ژمێرى حەفتا و حەوتا ،
بەشدارى کرد ..
مەدالیایەکی بە دیارى وەرگرت ..
خەریتەیەکى سوورى عێراق و
کۆمەڵێک دروشمى لەسەر هەڵکۆڵرا بوو ..
لەناو جزدانێکى شیندا بوو ..
باوکم وتى : ڕووى بابیان ڕەش بێ بۆ دەست و دیارییان ..
دایکیشم وتى : هەزار جار ..
براگەورەکەم وتى : بۆچى نەیخەینە کونى ئاودەستخانەکەوە ؟؟
تا ئیستایش ئەو مەدالیایەم ماوە ..
نایشزانم بۆچى ..
( تێبینى یەک )
لە لادێیەکى دوور ..
پیاوێکى جوتیار ،
دەستى هەردوو مناڵەکەى گرتبوو ..
بردنى بۆ لاى مەلاى گوند ..
وتى : کوڕەکانم عەرەبیەکى باش ئەزانن و
حەز ئەکەم لە قورسترین کتێبدا ،
ئیمتیحانیان کەى ..
مەلا وتى : قورسترین کتێب ،
ئەوەى ئیبنولحەجەرە ..
جوتیارەکە وتى : با ئیبنولحەجەر بێ ..
کە ئیبنولحەجەرى بۆ کردنەوە ،
مناڵى یەکەم وتى : ئەرەوەڵڵا ئەوە واوێک ..
مناڵى دووەم : ئەوەیش کافێک ..
مناڵى یەکەم : ئەوەیش وابزانم سینێکە ..!!!
( تێبینى نەوەد و نۆ )
دەمارەکانى شلەیەکى لینجى خەستیان پێدا ئەڕوات ،
نازانم چۆن نایبەستێ ؟؟
ڕیخۆڵەکانى پڕن لە پیسایى ..
میزڵدانى یەک مەشکە میزى تێدایە ..
بەو حاڵەوە ،
لەسەر یەک کاشى پۆرسەلینى ،
شەست بە شەست ڕاوەستابوو ..
باسى لە تاوەر و
باڵەخانە و
هاوردەکردنى ڕانجرۆڤەر و جاگوار ئەکرد ..
چەند جێگاى پێکەنینە !!
( تێبینى پێش سفر )
سى و پێنج هەزار ساڵى تر ،
خەڵکێک لێرە پاچە ئەخۆن ..
خەڵکێک لێرە بیر لە هەندەران ئەکەنەوە ..
خەڵکێک لێرە زاوزێ ئەکەن ..
خەڵکێک لێرە نازانن چى بکەن ..
(تێبینى حەوت )
نا بۆ قەسابخانە ..
نا بۆ کەبابخانە ..
نا بۆ سەروپێخانە ..
( ئەمە داواکاریەکانى مەڕێک بوو ،
کە زوڵم فێرى قسەى کرد !! )