Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بۆچی و لەچی نائومێدم!…1

بۆچی و لەچی نائومێدم!…1

Closed
by February 25, 2013 ئەدەب

 

 

 

1

بۆ ئەوەی لە پەلامار و ڕەخنەی هەندێک کەس خۆم بپارێزم، نامەوێت نە پێشەکی نە بەرچاوڕوونی بۆ ئەم نووسینە بنووسم، ، چونکە ئەو جۆرە کارانە لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا کارێکی بێسوودن، لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی گشتی خوێنەری ئێمە هەمیشە بەو شێوەیە تێکست و نووسینەکان دەخوێنێتەوەو تێیدەگات، کە خۆی پێی خۆشە، دە کەواتە چۆنت پێخۆشە بەو شێوەیە لێی تێبگە و ڕاڤەی بۆ بکە.

ڕەنگە یەکێک لەهەرە خەسڵەتە خراپەکانی من ئەوە بێت، کە وەک پاڵەوانەکانی شکسپیر لە گومانێکی قوڵدا دەژیم، ئەمەش وام لێدەکات بەردەوام لەبەردەم هەر ڕووداوو کارەساتێکی لە ناکاودا دانەچڵەکێم و هیچ کاردانەوەیەکیشم نەبێت، بەڵکو ئەوەی دامدەچڵەکێنێت، کاردانەوە توندەکانی ئەو خەڵکانەن، هێشتا سەرەتایترین زانیارییان لەسەر ڕووداو و کارەساتەکان بەدەست نەگەیشتووە، کەچی بەشێوەیەک شێت دەبن و حاڵ لە خۆیان ئەهێنن، بەتەنها نیشانەیەکی پرسیار نەک سەرسوڕمان بەسە بۆ ئەوەی پەلامارت بدەن و چەندین تۆمەتی نیشتیمانی و ئەخلاقی بخەنە پاڵت.

ئەو کاتانەی خۆم لەبەردەم هەندێک کاری نامرۆڤانە بگرە دڕەندانەشدا دەبینمەوە بە خوێنێکی زۆر ساردەوە لە قوربانییەکان ئەڕوانم و بزەیەکی گاڵتە ئامێز سەر لێوەکانم دەگرێت، هەندێکجاریش ڕوودەدات دوور لە دەسەڵاتی خۆم دڵۆپێک فرمێسک لە چاوەکانم بە قورسی بەر بێتەوە، ئەوەی سەیرە هەمیشە زانیومە بە چی پێدەکەنم، بەڵام قەت نەمزانیوە بۆچی ئەو فرمێسکانە لەچاوم بەردەبنەوە!. 

کاتێک سەدام حسێن دەستگیرکرا و لە کونێکدا وەک جرجێکی تۆقیو دەریانهێنا زۆر پێکەنیم، بەڵام کاتێک لە سێدارەیاندا دوور لە دەسەڵاتی خۆم فرمێسک لە چاوەکانم بەربوونەوە. ماوەیەک بەتەنها بیرم لە هۆکاری ئەم گریانەی خۆم دەکردەوە، هیچ هۆکارێکی وام نەدەدۆزییەوە، کە شایەنی ئەوە بێت وەک پاکانەیەک بیخەمە ڕوو، تەنها ئەوە نەبێت ئەو ڕستەی سەلمان ڕوشدیم لە ڕۆمانی “ئایەتە شەتانییەکان”دا بیر کەوتەوە، کە دەڵێت: ( بۆ ئەوەی زیندوو ببینەوە، پێویستە لە پێشدا بمرین) ئەگەر ئێمە بڕوامان بە دۆنادۆن یش نەبێت، دەبوو سەدام حسێن بمرێت بۆ ئەوەی زیندوو بێتەوە، گرنگ نییە لە چ پێست و ڕەنگێکدابێت. ئێستا تێدەگەم فرمێسکەکەی من، کە لە نائاگاهییەوە سەرچاوەی دەگرت بۆ مردنەکەی نەبوو، بەڵکو ترسێکی ناوەکی بوو بۆ زیندووبونەوەکەی.

هەمیشە سەیرم لە خۆم دێت هیچ گەردەلول و ڕەشەبایەک نامهەژێنێت، ئەوەی ئەمهەژێنێت ئەو ئاسەوارو خامۆشییەیە لەدوای خۆیان بەجێیدەهێڵن.

چەندین جەنگ لەم دونیادا ڕوویانداو بەردەوام ڕوودەدەن، ڕەنگە ملیۆنەها کەس کوژرابن، لەوانەیە زیاتریش بێت، کێ تاقەتی هەیە لاشەکان بژمێرێت، جا ژماردنیشیان کەڵکی چی هەیە!. بۆ دایکێک چ کەڵکێکی هەیە ناوی کوڕەکەی لە لسیتی کوژراوەکاندا بێت یان نا، ژماردنی ناوی گەنجە کوژراوەکان بۆ خۆشەویستەکانییان چ مانایەکی هەیە؟. مرۆڤ یەکجار لەدایک دەبێت، گومانە قوڵەکەی ئ. کامۆ لەبوون ئەوەبوو، کە تاکە شتێک تاقی ناکرێتەوە مردنە، ئەمەیە خەریکە من شێت دەکات، کاتێک دەبینم خەڵکانێک هەن جگە لەیاری مردن هیچ یارییەکی تر نازانن و شکست لە دوای شکستیش بە سەرکەوتن بە ئێمە ئەفرۆشن.

بە درێژایی ئەو هەموو ساڵەی لەهەموو جێگایەکی ئەم دونیاوە جەنگ هەڵگیرسابوو، هەندێکیان لەسەر ئایین یان مەزهەبی جیاواز، کە هەر لایەکییان دەیویست بۆ ئەویدی بسەلمێنێت خوداکەی ئەم ڕاستترە، هەندێک جەنگی تر لەسەر ئەوەی خودا بۆیە ئەوانی ڕەش یان قاوەیی ئافراندووە تا کۆیلەی سپییەکان بن، چونکە لە ڕەگەزێکی پاکترو باڵاترن. هەندێک جەنگی بێ مانای تر هەبوون لەماڵێکدا لە نیوان دوو برادا لەسەر میراتی بووە، یەکێکیان پێی وابووە سامانەکەیان لە دایکیانەوە بۆ ماوەتەوەو ئەویتریان بە هی باوکی زانیوە، جەنگیش هەبووە لەبەر ئەوەی بەتاریکە شەوو بە دزییەوە ماچی کچیک کراوە دەبوو بە ڕۆژی ڕوناک و بە ئاشکرا جەنگێک هەڵگیرسێنن و لەبری شڵپەی ماچێک لە تاریکە شەودا، دەبێت بە ڕۆژی ڕوناک شڵپە لەسەری یەکتر هەڵسێنن. 

بە درێژایی ماوەی ئەو جەنگانەی، کە هەتا دوو مرۆڤ لەسەر ئەم زەوییە بمێنێت کۆتاییان نایەت، من بە دیار تەماشاکردنی تی ڤی یەکانەوە، کە وێنەی جەنگەکانی دەگواستەوە دادەنیشتم و بیرەم دەخواردەوە، هێندەی ئەو فیلمانەی جەنگەڵەکانی ئەفەریقا کاتێک شێرێک یان پڵنگێک ئاسکێکی تۆمسۆن (Thomson-Gazellen) ڕاودەکات کاریان تێنەدەکردم، قەت ئەو ڕۆژنامەو گۆڤارانەشم نەدەخوێندەوە وەک کەمتیارەکان لە دووەرە لە جەنگ و ململانێی ئاژەڵە دڕەندەو قوربانییەکانییان دەڕوانی. ڕوانینەکانیشیان ئەوەندە ستەمکارانە بوو، مرۆڤ بەوە فریوی دەخوارد، کە وەک تیمساحەکان بۆ قوربانییەکان بگرین، بەڵام دواتر دەردەکەوت کۆبوونەوەو دەوروخولدانی ئەوانیش لەو جەنگ و ململانێ خوێناوییەکانەدا، کە هەمیشە بە شکستی لاوازەکان کۆتایی دێت، بۆ ئەوەیە دواجار شتێکیان لە پاشماوەی دڕەندەو لایەنە براوەکان بەسەر جوانی و بەرائەتدا دەستبکەوێت.

ڕەنگە لاتان سەیر بێت ئەگەر بڵێم ئەوەی هەمیشە من نیگەران ئەکات کۆتایی جەنگەکان و دەستلەملانێی و ماچ و موچی لایەنە شەڕکەرەکانە، ئەو هەموو جەنگ و خوێنڕشتنە ڕوودەدات هێندەی ئەو دەست لەملانێی و ماچە درۆزنانە نامهەژێنێت و نامهێنێتە قسە، ئەمەش وایکردووە بەردەوام وەک کەسێکی شەڕخوازو دژ بە ئاشتی ناوزەند بکرێم، جا با ئەوان بەو شێوەیەش بیربکەنەوەو وەک کەسێکی دژەئاشتی تاوانبارم بکەن، خۆ ناتوانن ئەو بیرو باوەڕەم پێبگۆڕن، کە ف. نیتشە گوتەنی: (ئەوان ئاشتییان خۆش ئەوێت، وەک وەسیلەیەک بۆ جەنگێکی نوێ) هەموو جەنگەکانی دونیا لە پێناو ئاشتیدا هەڵئەگیرسێن، ئەگەر جەنگ نەبێت ئاشتی چ مانایەکی هەیە؟! بەهەرحاڵ من کارم بەسەر هیچ کەسێکەوە نییە، کە پێی خۆشە لە ئاشتیدا خوێنەکەی بمژن نەک لە جەنگێکدا خوێنەکەی بڕێژن.

ئەوە نەبێت بەدرێژایی ئەو ماوانەی لەبەردەم تی ڤی یەکدا دادەنیشتم و بێباکانە گڵۆبەڕۆژەم دەتروکاندو بیرەم دەخواردەوە ئەو هەموو لاشە کوژراوانەی بەسەریەکدا بە شێوەیەک کەوتبوون مرۆڤ وایدەزانی گردۆڵکەن لە گۆشت، لەگەڵ ئەوەشدا تۆزقاڵێک هەستم بۆ یەکێکیان نەدەجوڵا، جگە لەوەی بە حەسرەتەوە لە ئاژەڵە مشەخۆرەکان ڕادەمام و چاوم دەبڕییە سەرگەڕەکان، کە بە دڵخۆشییەوە دەنوکیان لە لاشەکان دەگرت، کەچی لەکاتی ئاشتیدا کاتێک لایەنە براوەکان، جا کێ براوە نییە، ئێوە قەت بیستووتانە شەڕکەرێکی دۆڕاو خۆی بە دۆڕاو بزانێت! باسی قوربانییەکان دەکەن ئیتر قسەکانیان وەک بۆگەنێکی ناخۆش هێڵنجم پێدەدەن، نازانم من بۆچی وەهام! ئەو هەموو جەنگە ڕوودەدات ئەوەندەی گیزەی مێشولەیەک بە لاملمەوە ناڕەحەتم ناکەن، بەڵام لەکاتی ئاشتیدا هەر کە ناوی جەنگ و قوربانییەکان دێت ئیتر بەردەوام هێڵنجم دێت و دەڕشێمەوە.

ڕەنگە هەندێک کەس پێی وابێت من لەناو خەیاڵەکانی خۆمدا نوقم بووم و وەک وڕێنەکەرێک لەنائاگاهییەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوەکاندا دەکەم، بۆیە بەو شێوە دڵڕەقە دادوەری لەسەر ڕووداوەکان دەکەم، ئەگەر ئەمەش ڕاست بێت هێشا من خۆشحاڵم بەوەی، کە بە تێڕوانینە فرۆیدییەکەی “نائاگاهی ئەخلاقیانەترە، لە ئاگاهییەک بیەوێت حەقیقەت هی ئەو بێت”. 

بمبورن، کاتێک ناوی حەقیقەت دێت دەبێت تا سنووری بێکۆتایی گومان هەڵبێم، ئەگینا دەبم بە ژێرپێی گەمژەکانەوە، ئاخر ئەوان لەشکرگەلێکی بێچارەو گوناهن، بەتەنها بۆ ئەوە ڕاهێنراون پەلامار بدەن و نەیارەکانیان وەک مێش بفلیقێننەوە کاتێک لەسەر سینییە شیرینی حەقیقەت دەلەوەڕێن و هەرلەوێش پیسایی خۆیان دەکەن.

بمبورن دەبێت دیسانەوە بەرەو ماڵی گومان هەڵبێمەوە تا پارێزەرەکانی حەقیقەت پۆلیسی ئەخلاقیان بە شوێنمدا نەناردووە….

 

 

یاسین خێڵانی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.