کوشتنی نامووسپه‌رستی له نێوان سیاسه‌تیی بێده‌نگی و گوتاری میدیادا
ره‌خنه‌یه‌ک له رۆژنامه‌ی هاوڵاتی…….
نه‌زه‌ند به‌گیخانی- فه‌ڕه‌نسا……..
له ئه‌نجامی بێئه‌زموونی و نه‌بوونی سیاسه‌تی ته‌حریر و به‌ربه‌ره‌کانێی ئاست نزمی نێوان ده‌زگا و که‌سایه‌تی پشت رۆژنامه‌کان، هه‌روه‌ها له غیابی یاسایه‌کی رۆژنامه‌وانیی پابه‌ند به پرنسیپه‌کانی مافی مرۆڤ و ئازادی راده‌ربڕین له کوردستان، هه‌ڵه‌ی گه‌وره له بواری راگه‌یاندن رووده‌دات
تاوانه‌كانی نامووسپه‌رستی ره‌گیان له ناو بێده‌نگی و ترس و نهێنی و شاراوه‌یدا داکوتاوه. ئامانجی گه‌وره‌ی خه‌باتی ژنانی چالاک و کارمه‌ند له رێکخراوه‌کانی ئافره‌تان له سه‌ره‌تای هه‌ڵمه‌تی هۆشیارکردنه‌وه‌دا، بریتی بوو له شکاندنی ئه‌و بێده‌نگیه و هۆشیارکردنه‌وه‌ی رای گشتی له سروشت و چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانانه به مه‌به‌ستی دابینکردنی دادوه‌ری و ئاراسته‌یه‌کی مرۆڤانه‌تر بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی کورد. به‌ڵام کاتێ بێده‌نگی ده‌شكێ و تاوانه‌كانی نامووسپه‌رستی له رۆژنامه و گۆڤاره‌كان قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌کرێ، زۆرجار گوتاره‌کان بۆ پاکانه‌کردنی کوشتنه‌که و شه‌رعیه‌تدان به بکوژ داده‌ڕێژرێن، نه‌ك بۆ هۆشیارکردنه‌وه و گوزاره‌کردن له پێشکه‌وتن و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێزی چه‌وسێنه‌ره‌وه. نموونه‌یه‌کی ئه‌و سیاسه‌ته، ریپۆرتێکی تایبه‌ته به کوشتنی ژنه رۆژنامه‌نووس و شاعیر بێگه‌رد حوسێن که به بێگه‌رد قه‌ڵاتیش ناسراوه و له رۆژی یه‌کشه‌م، 20 ی نیسانی 2008 له رۆژنامه‌ی هاوڵاتی بڵاکراوه‌ته‌وه.
هاوڵاتی له ژێر ناونیشانی "هاوڵاتی ورده‌کاریی چۆنیه‌تی کوشتنی رۆژنامه‌نووس بێگه‌رد حسێن له‌سه‌ر زاری هاوسه‌ره‌که‌یه‌وه بڵاوده‌کاته‌وه" پانتاییه‌کی خوڵقاندووه بۆ بکوژی بێگه‌رد که هاوسه‌ره‌که‌یه‌تی تا به‌وپه‌ڕی جوامێری و بێ خۆخستنه ژێر پرسیار و سه‌رزه‌نشتی خود رووداوه‌که به پێی بینینی تاکڕه‌وانه‌ی خۆی بگێڕێته‌وه. ئه‌گه‌ر ریپۆرتهکهی هاوڵاتی له رووی رۆژنامه‌وانییه‌وه ناته‌واو بێت، ئه‌وه له رووی یاسایی و ئه‌خلاقیشه‌وه ههڵهئامێزه. تهغتیهکردنی تاوان به گشتی و تاوانه‌كانی نامووسپه‌رستی به تایبه‌تی پێویستیان به پسپؤڕی و تێگه‌ییشتنی تایبه‌ت هه‌یه که به داخه‌وه له مه‌یانی رۆژنامه‌نووسانی کورد زۆر که‌مه. لێره‌دا گوتاری میدیا له جیاتی هۆشیارکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر و هه‌وڵدان بۆ داڕشتنی تێگه‌ییشتنێکی نوێ و دادوه‌رانه له‌مه‌ڕ تاوانه‌کانی نامووسپه‌رستی، ده‌بنه پلاتفۆرم بۆ به‌رجه‌سته‌کردنی عه‌قلیه‌تی پاتریارکی و ره‌وایی دان به تاوانبار و پاکانه‌کردن بۆ کرده‌ی کوشتنهكه. له‌مه‌وه، میدیا خۆی وه‌کو فه‌رمانڕه‌وا و دادوه‌ر ده‌بینێ و به بێ لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد و مه‌یدانی و پێش دادگا حوکم به‌سه‌ر رووداوه‌کان ده‌دات. ئه‌مه‌ش له لایه‌ک واتای بێئه‌زموونی و که‌موکوڕیی میدیای کوردی ده‌گه‌یه‌نێ که دووره له پرنسیپه‌کانی راگه‌یاندن. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئه‌وه ده‌رده‌خات که ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی کوردی خاوه‌نی سیاسه‌تی ته‌حریری دیاریکراوی خۆیان نین که پێویسته له‌سه‌ر بنچینه‌ی مافی مرۆڤ و رێزگرتن له یاسا دابڕژرێن. له ئه‌نجامی بێئه‌زموونی و نه‌بوونی سیاسه‌تی ته‌حریر و به‌ربه‌ره‌کانێی ئاست نزمی نێوان ده‌زگا و که‌سایه‌تی پشت رۆژنامه‌کان، هه‌روه‌ها له غیابی یاسایه‌کی رۆژنامه‌وانیی پابه‌ند به پرنسیپه‌کانی مافی مرۆڤ و ئازادی راده‌ربڕین له کوردستان، هه‌ڵه‌ی گه‌وره له بواری راگه‌یاندن رووده‌دات. ئه‌و ریپۆرته‌ی هاوڵاتی له سه‌ر کوشتنی نامووسپهرستانهی بێگه‌رد حوسێن له لایه‌ن هاوسه‌ره‌که‌یه‌وه یه‌كێکه له‌و هه‌ڵه گه‌ورانه.
دیاره تاوانه‌کانی نامووسپه‌رستی له عه‌قلیه‌تی گشتیی ترادیسیۆنالیی کوردی‌دا ره‌وایه‌تیان پێدراوه به جۆرێک که بکوژی ژن به تاوانبار دانانرێت، به‌ڵکو به بیانووی داکۆکیکردن له شه‌ڕه‌فی پیاو و خێزان و گروپ، بکوژانی ژن به بیانووی شه‌ڕه‌فه‌وه بۆ ئاستی غه‌درلێکراو و شوێنی به‌زه‌یی و ته‌نانه‌ت پاڵه‌وانیش به‌رزده‌کرێنه‌وه. تاوانبار له‌م روانگه گشتییه‌ی کۆمه‌ڵگه‌دا ژنه‌که‌یه که گوایه به چۆنیه‌تی ره‌فتار و کرده‌وه‌کانی، بکوژ ناچار ده‌کا هه‌ڵسێ به تاوانه‌که. "محه‌ممه‌د مسته‌فا" ی هاوسه‌ری بێگه‌رد له ریپۆرتهکهی هاوڵاتی دا ده‌یه‌وێ به رای گشتی بڵێ که ئه‌و تاوانبار نیه، چونکه هه‌ڵساوه به پاککردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌فی خۆی و خێزانه‌که‌ی. به بێ دانانی هیچ ئیعتیبارێک بۆ خودی بێگه‌رد و مافه‌كانی له جیابوونه‌وه و دروستکردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ که‌سێکی دیکه، ئه‌و به‌خوێنه‌ر ده‌ڵێ بێگه‌رد بێنامووس بوو، چونکه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ که‌سێکی دیکه‌دا هه‌بوو و بۆیه شایانی کوشتن بوو. هاوڵاتی ش بۆته نێوه‌ند له نێوان بکوژ و خوێنه‌ر: هاوڵاتی به بێ هیچ هه‌وڵێک بۆ به‌ڕێژه‌ییکردنی گوتاری ناوبراو، یا به بێ دواندنی که‌سێکی نزیکی بێگه‌رد یا داکۆکیکارێکی مافه‌کانی ژن که رووانینێکی جیا له لای خوێنه‌ر دروست بکات، ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که بکوژ به ره‌وای ده‌زانێ بۆ رای گشتی ده‌گوازێته‌وه. لێره‌دا هاوڵاتی باوه‌ڕه پاتریارکییهكان به‌رهه‌م دێنێته‌وه و بره‌و به ئایدیۆلۆژیای شه‌ڕه‌ف و نامووس و تۆڵه ده‌دات؛ ئه‌م ریپۆرته له ئازادی ژن ده‌دات و ده‌نگی قوربانیه‌كان، هی خێزانی بێگه‌رد، سه‌رکوت ده‌کات. له‌م بۆچوونه‌وه، دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ریپۆرتهکه، ده‌بێ خێزانی بێگه‌رد هه‌ست به شه‌رمه‌زاریی و ئابڕووچوون بکه‌ن و ده‌ستخۆشی له بکوژ بکه‌ن که به خوێنی کچه‌که‌یان شه‌ڕه‌فی پاککردوونه‌ته‌وه. به‌کورتی ئامانجی پێشێڵکارانی مافی ژن و بکوژانی ئافره‌ت به بیانووی نامووسپهرستیهوه له‌دوای ریپۆرتی له‌مجۆره تا رادده‌یه‌ک دێته‌دی؛ چونکه ریپۆرتی له‌مجۆره ده‌سه‌ڵات ده‌به‌خشێ به تاوانباران و سه‌رجه‌م هێزه چه‌وسێنه‌ره‌وه‌کانی کۆمه‌ڵگه. جه‌ماوه‌ری سه‌ر به عه‌قلیه‌تی پاتریارکی و پابه‌ند به ئایدیۆلۆژیای شه‌ڕه‌ف و تۆڵه لێره‌دا له به‌رامبه‌ر داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و چه‌وساوه‌کان خۆی به‌هێزتر ده‌بینێت. ئه‌مانه هه‌مووی له جیاتی رۆشنکردنه‌وه‌ی بیری خه‌ڵک و هاندانی کۆمه‌ڵگه بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌کی مرۆڤانه‌تر، چه‌قبه‌ستوومان ده‌که‌ن.
بێده‌نگی به واتا ترادیسیۆنالیهکهی واتای سانسۆر و ترس ده‌گه‌یه‌نێ و هاتنهگۆش واتای پێگه‌ییشتن و گه‌شه‌سه‌ندن. به‌ڵام له به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له حه‌ساس و ئاڵۆزه‌کانی وه‌کو کوشتنی نامووسپه‌رستی، پێویسته رۆشنبیری کورد پێش هاتنه‌گۆ بپرسێ: که‌ی و له کوێدا و چۆن پێویسته بێینه گۆ؟ که‌ی و له کوێدا وتن ده‌بێته چه‌كێک دژی هێزه چه‌وسێنه‌ره‌وه‌کان، ده‌بێته مایه‌ی گه‌شه‌سه‌ندن و زیادکردنی توانای مرۆڤ بۆ تێگه‌ییشتن و دابینکردنی ئاراسته‌یه‌كی مرۆڤانه‌تر بۆ کۆمه‌ڵگه؟ ئه‌ی که‌ی و له کوێدا ده‌بێته هۆکارێک بۆ به‌هێزکردنی سیاسه‌تی چهوسانه و توندوتیژی و کوشتن؟ هه‌موو بێده‌نگییه‌ک واتای سانسۆر و توندوتیژی ناگه‌یه‌نێ و هێزی داپڵۆسێنه‌ری له‌پشته‌وه نیه، به هه‌مان شێوه‌ش هه‌موو وتنێکیش نابێته گوزاره‌کردن له پێشکه‌وتن، نابێته داکۆکیکردن له ماف و رۆشنکردنه‌وه‌ی بیری مرۆڤ و زیادکردنی تێگه‌ییشتنی بۆ دیارده‌کانی ده‌وروبه‌ر.
کۆتایی
ئه‌م وتاره له رۆژنامه‌ی هاوڵاتی، ژماره 419 ی 4/ 5/ 2008 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.