
ماهییه‌تی په‌یڤه‌كان نووسین له پێناوی ڕه‌خنه‌دا
( پێنج وێستگه)
وێستگه‌ی یه‌كه‌م:
( ماهییه‌تی په‌یڤه‌كان )
لاپه‌ڕه‌ی بڵاوكراوه‌كان گۆڕه‌پانی كۆی پهیڤهكانن. واته ئه‌و وێستگه‌یه‌ی خه‌یاڵ و په‌یڤه‌كان خۆیان ئاوێته‌ی توخمه‌كانی ماناداری ده‌كه‌ن و له‌وێوه چاوه‌ڕێی ژووانی خوێنه‌ر ده‌كه‌ن. خوێنه‌ر له‌و وێستگه‌یه هه‌میشه چاوه‌ڕێیه! كه وێستگه‌ی بڵاوكراوه‌كه‌یه. ئه‌م وێستگه‌یه هیچ په‌یڤێكی زیاد به خۆیه‌وه هه‌ڵناگرێت، ناشێت په‌یڤه‌كان له‌وێدا هێزی جوانیناسی و توخمه‌كانی ماناداری له ده‌ست بده‌ن. واته له‌وێدا په‌یڤه‌كان ده‌بێت په‌یڤی ماناداریی بن، نه‌وه‌ك په‌یڤی فڕێدراو و زێدهنووسی بن. ماهییه‌تی په‌یڤه‌كان له ده‌ستی نووسیار خۆی دایه، ماهییه‌تی په‌یڤه‌كان له چۆنایه‌تیی بیركردنه‌وه‌ی نووسیار دانییه، به‌ڵكو ماهییه‌تی په‌یڤه‌كانی له چییه‌تی نووسیار دایه. ماهییه‌تی په‌یڤه‌كان له جوانیناسی گه‌یاندنی ماناكه دایه. كه‌واته هه‌موو په‌یڤێك ده‌بێت له شوێنی شیاوی خۆیدا بێـت، یاخود به پرۆسه‌ی بهشیاوبوونی نووسیارهكهدا تێپه‌ڕیی بێت، كه ئه‌ویش به‌و میكانیزمه‌ی كه نووسیاری جوانبین كاری له‌سه‌ر ده‌كات. بۆیه ئه‌وه‌ی به‌ناوی ڕه‌خنه‌وه ده‌نووسرێت، مه‌رج نییه بۆچوونه‌كان – قسه‌كان ، په‌یڤه‌كان – ی دروست بن، یاخود ئه‌و شێوازانه‌ی كه بوونێكی كلاسیكییان هه‌یه‌و ڕه‌گیان له‌ناو ناخی كۆمه‌ڵگه‌وه داكوتاوه، ناشێت هه‌ر وه‌هایی بمێننه‌وه. هیچ شتێك شیاوی پیرۆزییه‌ت نییه! هه‌ڵبه‌ته له‌كاتی خۆ ورووژاندندا- به‌تایبه‌ت خۆ ورووژاندنی نێو نووسین – هیچ شتێكی ” خود “یم پێ پیرۆز نییه، ته‌نانه‌ت خودی خۆشم! ئاخر بوون به ڕه‌زامه‌ندی خۆی نه‌هاتۆته دونیاوه. بوون به‌بێ ویستی خۆی بووه، بۆیه بوون له‌به‌رامبه‌ر كۆی مرۆڤه‌كانیشدا یه‌كسان نییه، ده‌شێت ئه‌وه گریمانه‌یه‌كی به‌هێز بێت كه مرۆڤه‌كان به‌ئازادی ناتوانن له دایك ببن. من هه‌رگیز باوه‌ڕم به‌وه نییه كه ده‌گوترێت: (( مرۆڤه‌كان به‌ئازادی له‌دایك ده‌بن!)). مرۆڤی هه‌ر شوێنێك ئازاد نییه هه‌م له له‌دایكبوون و هه‌میش له كۆی پرۆسه‌ی ژیانگوزهراندندا. ئه‌م باسه بۆ پرۆسه‌ی مردن زۆرجار جیاواز ده‌كه‌وێته‌وه، به‌و پێوه‌ره‌ی كه زۆرجار مرۆڤ به ئازادی خۆی خۆی له‌ناو ده‌بات – خۆی ده‌كوژێت-. كه‌واته مرۆڤ هه‌لی ئازادی مردنی له‌به‌رده‌سته، وه‌لێ هه‌لی ئازادی له دایكبوونی له‌به‌ر ده‌ستدا نییه، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ده‌ستی بوایه، بۆچی مانگ و هه‌فته و رۆژی له دایكبوونه‌كه‌ی خۆی دوا نه‌ده‌خست؟ یان نه‌یده‌گۆڕی! ئاخر له‌وێوه پرۆسه‌ی گه‌یشتن به ئازادی ده‌ست پێده‌كات، له‌و كاته‌وه ململانێی بوون بۆ گه‌یشتن به ئازادی ده‌ست پێده‌كات. بۆیه بوون له ده‌ركه‌وته‌ی هه‌ر كایه‌یه‌كی ژیاندا ناشێت وه‌ها هه‌ڵسوكه‌وت و قسه بكات كه زۆر ڕاسته و كۆی قسه‌كانی دروستن. ڕه‌نگه ئه‌وه‌ی به پێوه‌ری تۆوه ڕاست بێـت، به پێوه‌ری كه‌سێكی تر دروست نه‌بێـت. یان ئه‌و رێچكه‌و قوتابخانه‌یه‌ی كه ره‌خنه‌گرێك كاری ره‌خنه‌یی له‌سه‌ر ده‌كات و به‌لای ئه‌وه‌وه رێچكه و قوتابخانه‌یه‌كی زۆر دروسته، به‌لای ره‌خنه‌گرێكی تره‌وه ته‌واو جیاواز بێـت، واته ئه‌مه په‌یوه‌ندی به رێژیییهوهش هه‌یه. ( مێشڵ فۆكۆ) لای وایه: شێوازگهلهكانی نووسین و كرده‌كانی بیركردنه‌وه رێژه‌یین، ته‌نانه‌ت ( فۆكۆ) لاشی وایه شێوازه زانیستییهكانیش، شێوازی سهرمهندی نین! چۆن ده‌شێت ته‌واوی شێوازه‌كانی زانستیش چاوه‌ڕێ بن بپووكێنه‌وه، به‌هۆی شێوازی تازه‌وه، به هۆی كرده‌ی نوێوه. به‌شێكی زۆری ئه‌و نووسیارانه‌ی كه‌وا خۆیان به دۆگمایه‌كی دیاریكراو چه‌سپاندووه، هه‌میشه له چوارده‌وری ئه‌م دۆگمایهدا ده‌خولێنه‌وه. به‌بۆچوونی من ئه‌و نووسیارانه‌ی خۆیان به زانست و بنه‌ماكانه‌وه قه‌تیس ده‌كه‌ن، هه‌میشه نووسیارگهلی ( ره‌خنه‌گر) خراپنووس ده‌رده‌چن. ئاخر بۆ هه‌ڵه‌ی ماركیسییهكان نالوێت بگه‌ڕێنه‌وه دواوه، به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌م هه‌ڵه‌یه جێ بهێڵین، به‌جێ نه‌هێشتنی هه‌ڵه، خۆی له خۆیدا هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌تره! جێ نه‌هێشتنی كرده‌ی فیكری ئاماده‌كراو، خۆدانه ده‌ست فیكری مردووه، فیكری مردوو له كرده ئامادهكراوهكانهوه بوونی هه‌یه، له‌ناو رێسا‌و چواوچێوه دیاریكراوه‌كاندا هه‌یه، دونیای ئه‌ده‌بیات هیچ شتێك به‌ناو پیرۆزییه‌ت و جێگربوون قبووڵ ناكات، ئه‌گه‌ر لایه‌نێكی ئه‌ده‌بیات یان شێوازێكی ئه‌ده‌بیاتیش ئه‌مه‌ی قبووڵ بێت، ئیتر به بڕوای من هه‌ر نامۆیه! ئه‌م پڕه‌نسیپه ته‌واو په‌یوه‌سته به چه‌مكی سۆشیالیزم، له‌م ڕه‌هه‌نده فیكرییه‌دا ته‌واو دژی پڕه‌نسیپی ماركیسییهكانم. ئاخر سۆشیالیزم له دیدی ( نیچه)ه‌وه ئه‌گه‌رچی به مانای هیچگه‌رایی – هیچبوونی شته‌كان- دێت، وه‌لێ ئه‌وه‌ی له به‌رئه‌نجامی باسه‌كاندا به‌جێ ده‌مێنێت گرینگه، گرینگیی ئه‌مه‌یش له‌وێدایه كه هیچبوونی شته‌كان به‌لای ( نیچه)ه‌وه ئه‌وه نییه كه باوه‌ڕی به هیچ نه‌بێت، یاخود هه‌موو شتێك ڕه‌تبكاته‌وه، ئاخر به‌شێك له نووسیارانمان هه‌موو شتێك ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه، به بێ ئه‌وه‌ی بزانن بۆ؟ به بێ بوونی پڕه‌نسیپێكی مه‌عریفی، واته ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه وه‌ها خۆیان ده‌نوێنن كه ته‌واو یاخین! یان هه‌موو شتێك به‌لای ئه‌وانه هیچه، یان ئه‌وان ( نیچه)یه‌كن بۆخۆیان! یان ده‌نووسن ته‌نیا له پێناوی ئه‌وه‌ی نووسه‌ربن، یان نووسین – بۆچوون – به‌هه‌ڵه داده‌نێن، به كرده‌ی نووسین – بۆچوون –ه‌وه، یان ( ڕه‌خنه) ده‌گرن له پێناوی ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه بگرن. یان ته‌نیا به‌رهه‌می ئه‌وانه‌یان قبووڵه كه لێیانه‌وه نزیكن، باقی به‌رهه‌می نووسیارانی دیكه هیچن! كرده‌ی نووسین وه‌ك چۆن هیچ دۆگما و ئایدهلۆژیایهك له‌خۆیدا قبووڵ ناكات، وه‌هاش و بگره زیادتریش ( سۆزداریی) و ( رقبهریی ) له‌خۆیدا كۆناكاته‌وه، ئه‌وانه‌ی له ژێر ئه‌م دوو سێبهرانهیشدا ده‌نووسن، ته‌نیا بۆ ئه‌وه ده‌نووسن، كه بنووسن! جیا له‌وه‌ی نووسینه‌كانیان جێگه‌ی سه‌رنج نین، دواجار ئه‌وانه‌ش له‌م نووسینه بۆگه‌نانه تێده‌گه‌ن، كه بۆچی نووسراون؟ ئاخر ( نیچه) ئه‌گه‌ر به بیریارێكی هیچگهراییهوه ناسرابێت، یان هیچبوونی شته‌كانی بهرجهستهكردبێت، ئه‌و كه باوه‌ڕی به هیچ نه‌بووه – بههیچبوونی شته‌كان – باوه‌ڕی به‌وانه نه‌بووه كه هه‌ن، باوه‌ڕی به‌و كرده فیكری و زانستییانه نه‌بووه كه هه‌بوونه، به‌ڵكو باوه‌ڕی به‌وه هه‌بووه كه ده‌بێت، واته ده‌بێت كرده‌یه‌كی فیكری و زانستیش هه‌بێـت. ( كافكا) گوته‌نی: (( من دژی رێسا و چوارچێوه دیاریكراوهكانم )) . ئاخر هه‌موو رێسا‌و چوارچیوه‌یه‌ك زیندانییه‌كه بۆ خۆی، ره‌خنه‌گرتن له‌ناو چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراوی وه‌هادا، وه‌ك گه‌نمه شامی ناو مه‌نجه‌ڵی سه‌ر ئاگره‌و له هه‌وڵی هاتنه ده‌ره‌وه‌دایه! ( ڕه‌خنه‌گر ) هه‌یه له‌ناو مه‌نجه‌ڵی چوارچێوه و فیكری ئاماده‌كراودا ناتوانێت بێته ده‌ره‌وه، ناتوانێت خۆی چوارچێوه‌ی هه‌بێـت، چاوه‌ڕێی چوارچێوه‌ی ئاماده‌كراو ده‌كات. ( مێشێڵ فۆكۆ) له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبی ( وشه‌كان و شته‌كان)دا زۆربه‌ی نووسیاران كه‌وتنه دژایه‌تی كردن و رهحنهگرتنی، وه‌لێ هیچ نووسیارێك نه‌یتوانی له‌ناو مه‌نجه‌ڵه‌كه بێته ده‌ره‌وه‌ی كتێبی ( وشه‌كان و شته‌كان). دواجار ڕه‌خنه‌كان له‌ناو مهنجهڵهكهی سه‌ر ئاگردا سوتان. وه‌ك چۆن مه‌رج نییه، به‌رزی نرخی كتێبێك نیشانه‌ی باشی كتێبه‌كه بێت، وه‌هاش مه‌رج نییه، ئه‌وه‌ی به‌ناوی ڕه‌خنه‌وه ده‌نووسرێت: ڕه‌خنه بێـت! هه‌روه‌ك ئه‌و شاعیرانیش كاتێك شیعر ده‌نووسن، شیعره‌كه هێنده به‌لایانه‌وه جوانه، به‌لای ئه‌وه‌وه هه‌ر په‌یڤێكی شیعره‌كه باڵی فڕینی گرتووه. ئاخر ئه‌م شاعیره باگراوندێكی خۆی، یادگارییه‌كی تایبه‌ت، رابردوویه‌كی جوان، فه‌زایه‌كی جوانی له رابردووی تایبه‌تی ئه‌ودا دروستكردووه، كه لای ئه‌و جوانه! كه هه‌مان ئه‌و جوانییه‌یه كه له شیعره‌كه‌دا بوونی هه‌یه. كۆی ئه‌م جوانیانه‌ش بریتییه له به‌شێك له رۆحی، بریتییه له واقیعێكی به جێماوی، بۆیه زۆر ئاسایییه كه‌سی ڕهتكارهرهوهیش به هه‌ڵه ئه‌م كرده‌یه ئه‌نجام بدات، هه‌ر وه‌ك ئه‌م شاعیره‌ی كه شیعره‌كه لای خۆی زۆر جوانه‌و به‌لای خوێنه‌ر شتێكی تره. واته مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی تۆ پێت جوانه، به‌لای كه‌سانی تره‌وه جوان بێت، ئه‌گه‌رچی به‌رهه‌مه‌كه هی خۆشت بێت. مه‌رج نییه ره‌خنه‌گر هه‌میشه بۆ چوونه‌كانی دروست ده‌رچن. زۆرجار وه‌ها ده‌لوێت ره‌خنه‌گر خۆی ره‌خنه‌ی له خۆی گرتۆته‌وه به بێ ئاگامه‌ندی خۆی! هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه به به‌راورد كردن له نێوان هه‌ردووك نووسینه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، واته ده‌رئه‌نجامی به‌راوردكارییه‌كه به ره‌خنه دروستییهكه كۆتایی دێـت، ده‌شێت كۆتاییشی نه‌یه‌ت!. لێره‌دا ئه‌م نموونه‌یه ده‌خه‌ینه روو، دواتر له‌سه‌ر ڕهههندگهلێكی تایبه‌ت به‌م باسه‌مانه‌وه هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك ده‌كه‌ین.
وێستگه‌ی دووه‌م:
نووسین له پێناوی ڕه‌خنه‌دا:
نووسین به‌رپرسیاریه‌تێكی ته‌واو هزرییه، ئه‌گه‌ر نووسین به‌رپرسیاریه‌تێكی هزریی بێـت، ره‌خنه له پێناوی ره‌خنه‌گرتندا دوو به‌ر پرسیاریه‌تییه! بۆیه ره‌خنه‌گرتن ده‌بێت له كۆی ئه‌و نووسینه بێت كه هه‌یه و نووسراوه! واته ناشێت ژیانی تایبه‌تی نووسیار بكه‌ینه پێوه‌ری ره‌خنه‌گرتن، یان ئه‌و پهیڤانهو ئه‌و بۆچوونانه‌ی كه نه‌هاتوونه‌ته به‌رباسه‌وه وه‌ها له‌باره‌یانه‌وه بنووسین كه نووسراون! ئاخر ناشێت شێوازه‌كان گێڕانه‌وه تێكه‌ڵ به رووداو بكرێت كه له دابهشكارییهكهدا- شێوازه‌كانی گێڕانه‌وه‌دا- رۆشنایی بهرباسهكه له‌سه‌ر ئه‌و نه‌بێت1. بۆیه ئه‌گه‌ر تووخمی ( ڕووداو ) به بێ ئه‌وه‌ی رۆشنایی نووسینی خرابێته سه‌ر، ناشێت به رۆشنایش وه‌ریبگرین. له‌كۆی نووسینێكدا ئه‌گه‌ر ( ڕووداو) بوونی نه‌بێت! به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناشێت بخرێته به‌رباسه‌وه، ئاخر ئه‌گه‌ر باس، باسی رووداو نه‌بێت، رووداو بۆچی؟ ته‌نانه‌ت رووداوی ئاواش بۆچی؟3. ده‌شێت له‌ناو واقیعدا رووداو هه‌بێت، وه‌لێ كه باس باسی رووداو نه‌بێت رووداو بۆچی؟ له‌و دوو بازنه گشتگیرییه‌ی كه گێڕانه‌وه له ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا زیاتر ده‌بینرێن و ده‌خوێنرێنه‌وه، به بڕوای من دوو بازنه‌ی گشتگیرن. له بازنه‌ی یه‌كه‌مدا كه شێوازی گێڕانه‌وه‌كان زۆر واقیعین، ئه‌وه بۆ نه‌بوونی واقیعێكی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه چیرۆكنووس ناتوانێت له‌به‌رمبه‌ر ئه‌م واقیعه‌دا واقیعێكی هونه‌ری جوان دروست بكات. ئاخر ئه‌گه‌ر واقیعێك هه‌بێت، واقیعێك بوونی هه‌بێت، پێویستی بوون به واقیعی نییه، چۆن هه‌یه. هه‌ر وه‌ك لهنووسینهكهش ئاماژه‌ی پێكراوه، چیرۆكنووس له جارێك خۆی له به‌رامبه‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌دا ڕاوه‌ستاوه‌و سه‌یری به‌فر بارین ده‌كات، ئه‌و ته‌نیا ده‌بینێت به‌فر ده‌بارێت و هه‌ست به سه‌رماو توخمه‌كه‌ی ناكات. بۆیه له‌سه‌ر وه‌ختی نووسینیش نووشی ئه‌م له‌نگییه ده‌بێته‌وه. جارێكیش چیرۆكنووس خۆی له به‌رامبه‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌دا نییه‌و كه‌سێكی تر له به‌رامبه‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌یه، له‌م جاره‌دا چیرۆكنووس پشت به قسه‌كانی كه‌سی به‌رده‌م بهنجهرهكه ده‌به‌ستێت، بۆیه نه به‌فره‌كه ده‌بینێت چۆن ده‌بارێت؟ نه هه‌ست به ساردی بهفرهكهیش ده‌كات. شێوازی گێڕانه‌وه‌كان له‌وێوه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، له‌جاری یه‌كه‌مدا شێوازی گێڕانه‌وه‌كان زۆر واقیعین: واته واقیعی ده‌ره‌وه، به‌فر بارینه‌كه وه‌ك خۆی دێته به‌رباسه‌وه، به‌س به بێ هه‌ست كردن به توخمی ساردی به‌فره‌كه. به‌مانایه‌كی تر ئه‌گه‌ر نووسینی چیرۆكنووسه‌كه وه‌رگرین وه‌ك تابلۆیه‌كی هونه‌ریی، هیچ جیاوازی نابێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ژووره‌وه سه‌یری ده‌ره‌وه بكه‌ین، سه‌یری به‌فر بارینه‌كه بكه‌ین. له‌جاری دووه‌میشدا شێوازی گێڕانه‌وه‌كان زۆر خه‌یاڵین: واته چیرۆكنووس كاتێك هه‌ست به واقیع ناكات، واقیع له چاوی كه‌سێكی تره‌وه ده‌گوازێته‌وه، نه‌بوونی ئه‌م هه‌ست نه‌كردنه له‌نگی به كرده‌ی گێڕانه‌وه‌كان ده‌به‌خشێت. له كۆی هه‌ردووك گێڕانه‌وه‌كاندا واقیعێكی هونه‌ری بوونی نییه. گومان له‌وه دانییه له‌پشت گێڕانه‌وه‌ی هه‌ر چیرۆكێكدا كۆمه‌ڵێك توخم هه‌ن په‌یوه‌ست به بنه‌ماكانی چیرۆكه‌وه، دیاره یه‌كێكیش له‌م توخمانه، توخمی ڕووداوه. بۆیه پێم وایه ئه‌م به‌دحاڵی بوونه له‌پشتی په‌یڤی ( گێڕانه‌وه)دا به‌رجه‌سته بووه، نه‌وه‌ك له‌پێش گێڕانه‌وه‌دا. گومان له‌وه‌دا نییه كه: ((هه‌موو ناڕوونیه‌ك و هه‌موو به‌دحاڵیبوونێك، ده‌بێته مایه‌ی مه‌رگ، زمانی روون و وشه‌ی ساده تاقه ڕێگایی رزگاربوونن له‌و مه‌رگه))4.
( جان پاتێست)ی پاڵه‌وانی رۆمانی ( عه‌تر )ی رۆماننووس ( پاتریك زوسكیند) ده‌یویست له رێگه‌ی جه‌سته‌ی كچانی جوانه‌وه عه‌ترێكی زۆر كاریگه‌ر دروست بكات، دواجار دروستی كرد. ئاخر ئه‌گه‌ر بۆ دروستكردنی عه‌تر گوڵ بهكارهاتبایه، ئه‌م رۆمانه هێنده كاریگه‌ری دروست نه‌ده‌كرد، چۆن واقیعی رۆمانه‌كه ئه‌وكات، هه‌مان ئه‌و واقیعه ده‌بوو كه بوونی هه‌یه. یان باوكی ( كافكا) ده‌یویست ته‌واوی پشیله‌كان بگرێت و دواتر بیانكوژێت، یان سه‌ریان ببڕێت و سه‌ره‌كانیان كۆ بكاته‌وه له‌ناو بهفرگرهكهدا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌رێگه‌ی هه‌موو سه‌ره پشیلهكانهوه گوێبیستی كاریگه‌رترین ده‌نگی مۆسیقا بێت له دونیادا.
وێستگه‌ی سێیه‌م:
( بوون وه‌ك كرده‌یه‌كی كامڵ نه‌بوو)
هه‌ر چه‌نده ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه سواوه: ” هیچ بوونێك – مرۆڤێك – له دونیادا ته‌واو كامڵ نییه”. كه‌وابێت كۆی تێهزرینهكانی هیچ بیریارێكیش كامڵ نییه، چۆن دواجار بیریاریش مرۆڤێكه‌و به‌س. لێره‌دا مه‌به‌ست بوون نییه، وه‌ك بوون! واته هه‌موو مرۆڤێك خاوه‌ن بوونه، به‌شێوه گشتگیرییه‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ر بووندا- بوون وه‌ك جه‌سته- مرۆڤه‌كانی سه‌ر زه‌وی یه‌كسانن. وه‌لێ بوون وه‌ك ناوهڕۆك ( ده‌روون) یه‌كسان نین، ئه‌وه ناوه‌ڕۆكی ئه‌م بوونه كه كۆی بوونه‌كان له‌یه‌كتری جیاده‌كاته‌وه. كه‌واته له‌م سه‌ره‌تایه‌وه ده‌گه‌ینه دوو به‌رئه‌نجامی باسه‌كه‌وه.
یه‌كه‌م: ته‌واوی مرۆڤه‌كانی سه‌ر زهوری به شێوه گشتگیرییه‌كه‌ی له‌باره‌ی جه‌سته‌وه یه‌كسانن. واته مرۆڤه‌كان: ( دوو قاچ و دوو چاو و دوو ده‌ست و یه‌ك جه‌رگ و ده په‌نجه‌ی ده‌ست و … هتد) دا یه‌كسانن.
دووه‌م: بوون وه‌ك بوون جه‌سته نییه، به‌ڵكو بوون ناوهڕكه( ده‌روونه).
ئێمه له‌م نووسینه‌دا وه‌ك ده‌ستپێكێك، وه‌ك سه‌ره‌تایه‌كی بچووك له‌باره‌ی خاڵی دووه‌مه‌وه ” بوون وه‌ك بوون جه‌سته نییه، به‌ڵكو بوون ناوهڕكه( ده‌روونه” . ده‌نووسین. هه‌ڵبه‌ته له‌باره‌ی خاڵی یه‌كه‌میشه‌وه كه به شێوه گشتگیرییه‌كه‌ی مرۆڤه‌كان یه‌كسانن له رووی جه‌سته‌وه، بۆچوونی تر هه‌ن: وه‌ك ئه‌وه‌ی كه مادامه‌كی ئه‌گه‌ر هه‌ر كرده‌یه‌ك وه‌ربگرین و ئه‌م كرده‌یه‌ش ئازاد نه‌بێت- ئه‌گه‌ر به شێوه سروشتییهكهشی بێت – ناته‌واوه! مادامه‌كی جه‌سته به‌ئازادی نایه‌ته دونیاوه- مرۆڤ به ئازادی له دایك نابێت: ناته‌واوه‌و پێویستی به ئازادییه! بۆیه به‌م پێوه‌ره‌ش ده‌شێت رۆشنایی بخه‌ینه سه‌ر بوون. واته ده‌شێت له ڕوانگه‌ی جه‌سته‌شه‌وه سه‌یری بوون بكه‌ین، وه‌لێ ئه‌گه‌ر له‌م روانگه‌شه‌وه سه‌یرمان كرد بوون هه‌ر ناوه‌ڕۆكه و جه‌سته نییه.
ئه‌گه‌ر له دیدگه‌ی سه‌ده كۆنه‌كانه‌وه له مرۆڤ بنۆڕین ده‌بینین مرۆڤ دابه‌شكراوه به‌سه‌ر دوو به‌شه‌وه.
به‌شی یه‌كه‌م: جه‌سته.
به‌شی دووه‌م: رۆح.
ئه‌وه‌ی كه كۆك نیم له‌سه‌ری ئه‌وه‌یه كه ناوه‌ڕۆكیش هه‌یه. كه هه‌ر ئه‌م ناوهڕۆكهشه كه بوونه. بۆیه پێم وایه مرۆڤ بوونیشی هه‌بێت و بوونیش كاریگه‌رترین پێوه‌ری مرۆڤه. ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ی مرۆڤبوونه ته‌واو په‌یوه‌ندی به یه‌كتره‌وه هه‌یه، بۆیه كرده‌ی بیركردنه‌وه‌ش كرۆكی بوون نییه، بوون خۆی كرۆكی كرده‌ی بیركردنه‌وه‌یه. ئه‌گه‌ر بوون( ده‌روون ) نه‌بێت بێگومان كرده‌ی بیركردنه‌وه‌ش بوونی نابێت. مرۆڤه‌كان خاوه‌ن بوونن، وه‌لێ بوونێكی ناته‌واو! واته ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان له‌سه‌ره‌تاشه‌وه بوونیان هه‌بێت بوونه‌كه‌یان ناته‌واوه‌و به‌درێژایی بوونی مرۆڤبوونییه‌وه هه‌وڵی ته‌واوكردنی بوونی ده‌دات. به بۆچوونی من دواجاریش ناگات به بوونێكی ته‌واو. ده‌ركه‌وتنی جیاوازیی مرۆڤه‌كان له‌وێوه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و مرۆڤێك له مرۆڤێكی تر جیا ده‌كرێته‌وه. پرۆسه‌ی ئه‌م جیاكارییه‌ی بوونه‌ش په‌یوه‌سته به ناوه‌ڕۆكی مرۆڤه‌وه، نه‌وه‌ك جه‌سته‌ی مرۆڤه‌وه. كرده‌كانی چییه‌تی بیركردنه‌وه‌ش ته‌واو په‌یوه‌سته به ناوهڕكهوه، نه‌وه‌ك جه‌سته‌وه. گرینگیی بیركردنه‌وه لێره‌دا خۆی نیشان ده‌دات و خۆشی ده‌سه‌لمێنێت. هه‌ڵبه‌ته نیشاندان و سه‌لماندنیش به چۆنایه‌تیی نییه، به‌ڵكو به بڕوای من به چییه‌تییه. ده‌شێت پرسیاری ئه‌وه‌ش دروست ببێت، چۆن هه‌موومان له‌به‌رمبه‌ر مرۆڤ‌بوون‌دا یه‌كسانین، هه‌روه‌ها له‌به‌رامبه‌ر ئه‌قڵیش یه‌كسانین، وه‌ك چۆن له‌به‌رامبه‌ر جه‌سته یه‌كسانین، هه‌روه‌ها له‌به‌رامبه‌ر ده‌روونیشدا یه‌كسانین؟ چۆن له‌ناو ئه‌م مرۆڤبوونه یهكسانهدا ئه‌قڵی یه‌كسانیش هه‌یه! ته‌نیا جه‌سته یه‌كسانه‌و ده‌روون رێژه‌یییه. كرده‌كانی بیركردنه‌وه هه‌میشه به‌رده‌وامییان هه‌یه، چۆن بیركردنه‌وه پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره و پرسیارگه‌لی دیكه‌ش ده‌داته‌وه، كه چییه‌تی بیركردنه‌وه‌یه! ئاخر ئه‌قڵیش چییه‌تی و چۆنایه‌تیی بیركردنه‌وه‌ی هه‌یه، ئه‌قڵ هه‌یه كارایه، ئه‌قڵیش هه‌یه كاراتره. ته‌واو دژی ئه‌وانه‌م كه لایان وایه ئه‌قڵ به‌سه‌ر دوو خاڵی سه‌ره‌كیدا دابه‌ش ده‌بێت.
خاڵی یه‌كه‌م: ئه‌قڵی كارا.
خاڵی دووه‌م: ئه‌قڵی ناكارا.
ئه‌قڵی ناكارا بوونی نییه، هه‌موو ئه‌قڵێك كارایه، وه‌لێ ئه‌قڵ هه‌یه كاراتره. ئاخر ئه‌قڵ وێستگه‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌و هه‌موو ئه‌قڵێك توانستی بیركردنه‌وه، خه‌یاڵاندنی هه‌یه. كه‌واته ئه‌قڵێك نییه به‌ناوی ئه‌قڵی ناكاراوه، ئه‌قڵی ناكارا ئه‌قڵێكی مردووه، ئێمه‌ش مه‌به‌ستمان ئه‌قڵی مردوو نییه! ئه‌قڵی مردوو توانای به‌رجه‌سته‌كردنی هیچ كایه‌یه‌كی تری نییه، شتێكه ئاماده‌یه، وه‌ك جه‌سته. كه‌واته لێره‌شه‌وه ده‌گه‌ینه سه‌ر ئه‌و ره‌هه‌نده‌ی كه بوون دیسان جه‌سته نییه، چۆن جه‌سته ئاماده‌كراوه و ناوهڕۆك ئاماده نییه‌و پێویستی به ئاماده‌كردن هه‌یه. بۆیه هه‌موو ئهقڵیهتێكیش شیاوی ڕه‌خنه‌گرتن و ڕه‌خنه لێگرتنه، وه‌لێ ره‌خنه له‌و شوێنه‌ی كه شیاوی ره‌خنه‌یه‌و ئهقڵیهتهكهش په‌ی به‌وه ده‌بات. چۆن له دۆخی وه‌ها ره‌خنه دواجار بریتییه له بۆچوون! بۆچوونی من وه‌هایه، ئه‌م تیۆرانه‌ی كه زۆرێك لهبیریارانیش له‌سه‌ری ته‌واو كۆكن، له ده‌ستپێكدا بۆچوونی تاكه‌كه‌سیی بوونه، ته‌نانه‌ت قوتابخانه‌كانی ئه‌ده‌بیات و قوتابخانه‌كانی فیكری و فه‌لسه‌فیش. فه‌لسه‌فه‌ی بوون هه‌میشه كار بۆ ته‌واوكردنی بوونیه‌ت ده‌كات، وه‌ك چۆن كۆڵه‌كه‌ی فه‌لسه‌فه‌یش پرسیاركردنی هه‌میشه‌یییه و هه‌رگیز فه‌لسه‌فه ناگات به وه‌ڵامه‌كانی كۆتایی. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی گرینگه چۆنیه‌تی دروستكردنی پرسیاره‌و توانستی پرسیاركردنه، نه‌وه‌ك گه‌یشتن به وه‌ڵام و وه‌ڵامی یهكلایكارهوه. (( به‌بێ پرسیاركردن، بوون جگه له یارییه‌كی قێزه ون شتێكی دیكه نییه، به‌بێ پرسیاركردن، بوون جگه له سهفهركردنێكی زه‌بوونانه شتێكی دیكه ناكێشێ)) 5. دیاره تێهزرین له‌م ره‌هه‌نده‌وه – بوون وه‌ك كرده‌یه‌كی ناته‌واو- باسی تر و بۆچوونی تری لێ ده‌بێته‌وه، ئێمه‌ش لێره‌دا نامانه‌وێت كۆی باسه‌كه‌مان له‌م ره‌هه‌نده‌وه كۆ بكه‌ینه‌وه. ئومێد ده‌كه‌م له‌داهاتوودا بواری ئه‌وه بڕه‌خسێت به رێژی و جوانبینتر ئه‌م ره‌هه‌نده قووڵه و پڕ ڕه‌هه‌ندیه بخه‌ینه بهرباسێكی فراوانتره‌وه.
وێستگه‌ی چواره‌م:
( ڕه‌خنه‌ی ڕینمایی )
( ئه‌رستۆ) ئه‌گه‌رچی به‌شێوه‌یه‌كی زانستیانه ره‌خنه‌ی تیۆری ئه‌ده‌بی له كتێبی ( شیعر)دا له‌باره‌ی بابه‌تگه‌لێكه‌وه بۆچوونی خۆی به‌یان كردووه، ئه‌گه‌ر كتێبی ( شیعر)ی ( ئه‌رستۆ)ش سه‌رچاوه‌یه‌كی تیۆری ره‌خنه‌یی بێت، وه‌لێ له‌ده‌ستپێكدا بۆچوونی تاكه‌كه‌سێك بووه، بۆیه هه‌م بۆچوونه‌كان و فیكره‌كان و ره‌خنه‌كان ته‌واو رێژه‌یین. له ئه‌مڕۆی هزراندنی ره‌خنه‌دا بوونی ره‌خنه ڕێسا‌و یاسایه‌كی جێگیری نییه، به‌ڵكو هزری تری ره‌خنه‌ییدا ده‌گه‌ڕێت – هزری باڵاتر – ره‌خنه‌ی ڕێنمایی كاری ره‌خنه‌گری ئه‌ده‌بی نییه، ته‌نانه‌ت كاری نووسیاری ئه‌ده‌بیش نییه، ئه‌وه‌نده‌ی كاری یاساناسانه! ڕه‌خنه‌ی ڕێنمایی بۆ پزیشكیش ده‌شێت و ته‌واو دروسته. پزیشك بۆ نه‌خۆشه‌كه‌ی قسه‌ی ڕێنمایی ده‌ورووژێنێت، وه‌لێ بۆ بابه‌تی فیكری ناشێت و ته‌واو جیاوازه، ره‌خنه‌گری ئه‌ده‌بی كاری رێنمایی نییه و بنووسێـت: ” ئه‌م تێكسته خراپه و وههابایه زۆر باش ده‌بوو، یان ئه‌م بۆچوونه ته‌واو هه‌ڵه‌یه‌و ئه‌م بۆچوونه ته‌واو دروسته، یان ئه‌م ده‌قه ده‌بوایه وه‌ها نووسرابایهو ئه‌مه‌یش وه‌ها نهنووسرابایه”! لێره‌دا به‌ر بۆچوونێكی ( ڕۆلان بارت) ده‌كه‌وین، كاتێك نووسیویه‌تی: (( ئه‌گه‌ر بمه‌وێت ده‌قێك به پێوه‌ری چێژ هه‌ڵسه‌نگێنم ، ئیدی ناتوانم بڵێم: ئه‌م ده‌قه باشه و ئه‌م ده‌قه خراپه. ئیدی نه حورمه‌تێك هه‌یه و نه ڕه‌خنه‌یه‌ك)) 6. ده‌شێت بنووسین: له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌دا نیمه! بۆچوون هه‌ڵه نییه‌و كۆی بۆچوونه‌كان رێژه‌یین. ته‌نانه‌ت كتێبی ( شیعر)ی بیریارێكی وه‌ك ( ئه‌رستۆ)ش كۆی بۆچوونه‌كانی ته‌واو هاوڕایییان دروست نه‌كردووه له‌گه‌ڵ به‌شێك له نووسیار و بیریارانی دوای خۆی. واته ده‌شێت پۆڵێك خوێنه‌ر و نووسیار هاوڕابن، له‌به‌رامبه‌ردا كۆمه‌ڵێك له خوێنه‌ر و نووسیارانی تر دژی.
وێستگه‌ی پێنجه‌م:
( دیسان له‌باره‌ی نووسینی ڕۆمانه‌وه )
به‌ر له هه‌موو شتێك رۆمانیش نووسینه، كه‌واته نووسین چییه؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه به‌رێژایی مێژووی ئه‌ده‌بیات دووپات ده‌بێته‌وه. هه‌ر بیریارهو نووسیارهش له‌دیدگه‌ی خۆیه‌وه پێناسه‌ی نووسینی كردووه‌و بوونی نووسینی راڤه كردووه. به‌بڕوای من نووسین هیچ پێناسه‌یه‌كی نییه! خودی نووسین بۆ خۆی گه‌ڕانه به‌دوای وه‌ڵامی نووسین. نووسین چه‌مكێكی دیاریكراو نییه، چه‌مكێكی فره لایه‌ن و فره‌مانایه، بۆیه هیچ پێناسه‌یه‌ك لهكۆیدا كۆناكاته‌وه. ئاخر خودی نووسین گه‌ڕانه بۆ رووناكتركردنهوهی ئه‌قڵییه‌تی خوێنه‌ران و زیاتركردنی توانستی تێهزرین و زانین، كه‌واته نووسین به بڕوای من پێناسه ناكرێت. ناشێت نووسیار بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكات كه به‌دوای فیكر و بۆچوونه‌كانی ئه‌و بكه‌وین، ته‌نانه‌ت من به‌دوای ئه‌و رێسا و یاسایانه‌یش ناكه‌وم كه هه‌ن! ( نیچه ) له هیچ نووسینێكیدا ئاماژه‌ی به‌وه نه‌كردووه و بنووسێـت: ( به‌داوی فیكری من و رێگه‌ی نووسینی مندا وه‌رن)، به‌ڵكو ئه‌و نووسیویه‌تی: ( ئه‌مه رێگه‌یه‌كه من بۆ خۆم هه‌ڵمبژاردووه). رۆمانیش به‌هه‌مان شێوه پێناسه‌یه‌كی جێگیری نییه، وه‌لێ زۆرترین بۆچوون له‌وه‌دا كۆده‌بنه‌وه كه رۆمان دونیایه‌كی تر، رۆماننووس به توانستی تێهزرینی خوڵقاندوویه‌تی. له‌وه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی كه نه پێناسه‌یه‌كی دیاریكراو هه‌یه بۆ شته‌كان، نه تاكه دونیایه‌ك هه‌یه له ژیان، نه یه‌ك هه‌قیقه‌ت بوونی هه‌یه بۆ هه‌میشه. ( پالانت) لای وایه ئه‌گه‌ر یه‌ك تاقه حه‌قیقه‌تی سه‌رتاسه‌ری هه‌بێـت له كۆی دونیادا، ئه‌وا هیچ بیانوویه‌ك نامێنێته‌وه بۆ لیبڕاڵیه‌تی بوون. (( رۆمان‌نووسین به‌دوا داگهڕانێكی هه‌میشه‌یییه، ئه‌م به‌دوا داگهڕانهش هه‌وڵده‌دات په‌رده له‌سه‌ر واقیعێكی نادیار هه‌ڵماڵێ و ئه‌م واقیعه نادیاره بدۆزێته‌وه))7. رۆمان ئه‌گه‌رچی به‌دوای ئه‌م واقیعه نادیاره‌دا ده‌گه‌ڕێت و له‌وێوه دونیای دیكه‌مان پێ نیشان ده‌دات، وه‌لێ ئه‌مه‌ش به‌س نییه بۆ نووسینی رۆمان و دۆزینه‌وه‌ی دونیایه‌كی دیكه، خوڵقاندنی دونیایه‌كی دیكه. ئاخر رۆماننووسیش هه‌ر وه‌ك نووسیار ئه‌ركی هه‌یه‌و نووسین له‌هه‌ر ژانه‌رێكی ئه‌ده‌بیدا كۆمه‌ڵێك ئه‌ركی هه‌یه. كه‌واته ئه‌ركی رۆماننووس چییه؟ ئه‌ركی نووسین له‌هه‌ر ژانه‌رێكی ئه‌ده‌بیدا بێت رازی كردنی دڵی هیچ كه‌سێك نییه، ته‌نانه‌ت دڵشكانیشی. ماهییه‌تی وشه جوانه‌كان لێره‌شه‌وه جارێكی دیكه خۆیان به‌رجه‌سته ده‌كه‌نه‌وه. رۆمان هه‌میشه له رۆماننووس یاخییه، ئه‌وه هێزی خوێندنه‌وه‌ی قووڵه ئاشتیان ده‌كاته‌وه، ئه‌ركی بنه‌ڕه‌تی رۆماننووس دروستكردنی ئه‌م ڕایه‌ڵی په‌یوه‌ندی نێوانه‌ی رۆمان و خوێنه‌ره. ئه‌گه‌ر رۆماننووسێك به چاوی گومانگهرییهوه له نووسینی رۆمان نه‌ڕوانی باشتره گومان له خۆی بكات، گومان له نوسینه‌كه‌ی بكات. هه‌روه‌ك ئه‌و ( ره‌خنه‌گر)انه‌ی كه پێوه‌ری ره‌خنه‌گرتنیان له‌سه‌ر بنه‌مای سۆز و بنه‌مای رق داناوه. بنه‌مای سۆز بۆ نووسیاره هاوڕێكانی، بنه‌مای رق بۆ نووسیاره نه‌ناسه‌كانی. ئه‌مڕۆ به‌هۆی پڕۆسه‌ی نووسینی ساخته‌وه، به شێكی زۆری رۆمانی جوان به‌بێ راڤه له‌سه‌ركردن و ره‌خنه ماونه‌ته‌وه، ئه‌وه ئه‌ركی رۆماننووس نییه بانگه‌شه و هه‌راو زه‌نا بۆ رۆمانه‌كه‌ی بكات بۆ راڤه له‌سه‌ر كردنی. مه‌رجی رۆمانی باش له زۆریه‌تی راڤهكارییهكانیدا نییه، رۆمانێك ئه‌گه‌ر رۆمان بێت پێویستی به هیچ یه‌كێك له‌مانه نییه، هه‌میشه خۆی نوێده‌كاته‌وه. رۆمانیش هه‌یه له‌گه‌ڵ یه‌كه‌مین چاو هه‌ڵێنانی ده‌مرێت و به ده‌یان نووسینی ساخته‌ش زیندوو نابێته‌وه. ئاخر به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ره‌چاوی ئه‌و دوو بنه‌مایه ناكات له ئاماژه‌مان بۆیان كرد، به‌ڵكو چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كات، كه خۆی چاوه‌رێی نه‌كردووه! ئه‌وه رۆمانه، ژیانی ناو رۆمانه چاوه‌رێی گوزه‌رانێكی شیاوتر ده‌كات بۆ ته‌واوی مرۆڤایه‌تی، هه‌رچه‌نده زۆرجار به قوربانی رۆماننووس رۆمانه‌كه كۆتایی هاتووه، ئاخر ئه‌وه ئه‌ركی رۆماننووسی بوێره كۆتایی به هه‌ندێك ره‌هه‌ند بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رگه له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تگه‌لێكی تردا بكاته‌وه، هه‌رگیز ناشێت كۆتری خه‌یاڵمان وه‌ها بفڕێت، كه نووسینی راڤهگهریی، یاخود میتۆدی ره‌خنه‌یی هه‌ست برینداركردنه، یانیش خاپووركردنی بوونی ده‌قه‌كه‌یه له‌به‌ر چاوی خوێنه‌ر، ره‌خنه به‌شی دووه‌می ئه‌و نووسینه‌یه، بوونی راڤهگهریی بێ ئه‌م دووبنهمایه، ته‌واوكاری لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی رۆمانه‌كه‌یه، وه‌لێ ستایشی پڕكوفر و چه‌پڵه‌ی نێو نووسین كۆتایی هاتووه. ئه‌م سه‌رده‌مه زیاتر پێویستی به ڕه‌خنه‌یه. ره‌خنه كاركردنه بۆ ده‌ست نیشانكردنی ئه‌و فه‌زایانه‌ی كه رۆماننووس خۆی لێ بێده‌نگ كردووه، یانیش ئه‌و فه‌زا جوانكیلانهی كه رۆماننووس به جوانترین شێواز و ته‌كنیكی نووسینه‌وه كاری بۆی كردووه، وه‌لێ ئه‌وه‌ی شیاوی ورووژاندنه بۆ نووسین، نووسین له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی نائه‌خلاقی و پڕ له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌م بنه‌مایانه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌ره‌نجامی باشی لێ ناكه‌وێته‌وه! ئه‌وه بۆ ره‌خنه‌ش درێژ ده‌بێته‌وه، ئه‌مجۆره ره‌خنه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ كه به‌ناوی ره‌خنه بڵاوده‌كرێنه‌وه، ره‌خنه‌ی (نان به نان) كه به‌ر چاوترین ره‌خنه‌یه له‌ناو ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا، بۆیه ئه‌وه هیچ ئه‌ركێكی كاریگه‌ریی نه‌بینیوه له‌سه‌ر نووسینی رۆمان، ته‌نانه‌ت ئه‌ركی رۆماننووسیشی گرانتركردووه، رۆماننووسیش ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌لای ئه‌مجۆره ره‌خنه‌گرانه‌وه دروست نه‌كردووه. یاخود وه‌ك زۆرجار ئاماژه‌م پێكردووه، بوونی ره‌خنه‌گرتن وه‌ك دیارده‌ی (ژن به ژنی)یه بۆ ئه‌مجۆره گروپانه، ئاخر ره‌خنه‌ی ئه‌مجۆره گروپانه ئه‌وه‌نده‌ی خودی نووسه‌ره‌كه‌ی به‌لاوه گرینگه، ناشێت نیو ئه‌وه‌نده خودی نووسینه‌كه‌ی به‌لاوه گرینگ بێت. بۆیه زۆرجاران ده‌بینین ئه‌مجۆره ره‌خنانه به‌لای هه‌موو شتێكه‌وه ده‌چن ته‌نیا خودی نووسینه‌كه نه‌بێـت.
ئه‌ركی رۆماننووسی جاویدانی، به‌ر له هه‌موو شتێك دووره پهرێزیه له‌م گروپانه، جیا له‌وه ته‌واو ئاگامه‌ند بێـت له‌وه‌ی كه هیچ سیاسه‌تێك نه‌توانێت نووسینه‌كانی په‌لكێشی ناو سیسته‌می خۆی بكات، ئاخر ئه‌ركی رۆماننووس ئه‌وه‌یه سیاسه‌ت په‌لكێشی نووسینه‌كانی بكات، نه‌وه‌ك سیاسه‌ت نووسینه‌كانی په‌لكێش بكات. هه‌رگیز رۆماننووسی جواننووس كاتێك له‌گه‌ڵا بارودۆخی سیسته‌مێك راناوه‌ستێت و بیر له فڕین ناكاته‌وه به‌ر له دانیشتن و تێهزرین و تێگه‌یشتن. بڕوا به‌و كه‌سانه‌ش ناكات كه لایان وایه گوزه‌رانیان خراپه‌و قه‌ناعه‌تیان به‌و به‌شه نییه. ئه‌و رۆماننووسانهی كه لایان وایه ره‌وشی ئه‌ده‌ب به‌تایبه‌ت رۆمان له مه‌ترسیدایه، ئه‌وه ده‌بێت گومان دایانبگرێت، ده‌شێت سیاسه‌ت په‌لكێشی كردبن. رۆماننووس نالوێـت له‌باره‌ی سیاسه‌ته‌وه ڕاوبۆچوونێكی تایبه‌ت به خۆی نه‌بێت و هه‌میشه وه‌ها بیر بكاته‌وه كه سیاسه‌ت كاری ئه‌و نییه. سیاسه‌ت به‌مانای كاركردن و به‌شداربوون كاری ئه‌و نییه، وه‌لێ قسه له‌سه‌ركردن و هه‌ڵوێست و بۆچوون ئه‌ركی ئه‌ویشه، بۆیه رۆماننووس به‌رپرسیاره‌تێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ره، پێم وانییه بلوێت رۆماننووسی ترسنۆك قوربانی بدات له پێناو میلله‌ته‌كه‌یدا، ترسنۆكه‌كان هه‌میشه ده‌مێننه‌وه‌و هه‌وڵی مانه‌وه ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌یه كه مرۆڤی باش و راسته‌قینه ته‌مه‌نی كورتتره، له ته‌مه‌نی مرۆڤی ترسنۆك، وه‌لێ رۆماننووسی راسته‌قینه دوای مردنی به به‌رهه‌مه‌كانی زیندووتر ده‌بێته‌وه و سه‌رده‌مان ده‌بڕن، چۆن ئه‌و له‌گه‌ڵا ئه‌و سه‌رده‌م و سیسته‌مه‌ی كه تێیدا ژیاوه، هاودژبووه! به به‌رهه‌مه‌كانی دژه پێكدادان و شۆڕشی جوداوازی دروست كردووه بۆ سه‌رده‌مه‌كانی پاش خۆی. ئه‌وه‌نده‌ی له نووسین به‌گومان، هێنده‌ش له نووسیارانی ئه‌مڕۆی ئه‌ده‌بیاتی كوردی، دوو ئه‌وه‌نده‌و بگره زێتریش له ته‌واوی ئه‌و نووسین و بڵاوكار و دهزگهیانه به‌گومانم كه بوونه‌ته دیلی چه‌ند نووسه‌رێكی دیایكراو.
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان:
1- سۆفیا لۆرین به هه‌وێداری، غه‌مگین بۆڵی، گۆڤاری گه‌لاوێژی نوێ. ژماره (56-57) ساڵی 2012. لاپه‌ڕه 282.
2- قاڵبی هونه‌ریی توخمی ڕووداو، حه‌مه مه‌نتك، گۆڤاری گه‌لاوێژی نوێ، ژماره ( 58)ی ساڵی 2012. لاپه‌ڕه 58.
3- بنۆڕه سه‌رچاوه‌ی ژماره یه‌ك.
4- مرۆڤی یاخی، ئه‌لبێر كامۆ، وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: ئازاد به‌رزنجی، له بڵاوكراوه‌كانی كتێبخانه‌ی ئه‌ندێشه. سلێمانی چاپی یه‌كه‌م 2012. لاپه‌ڕه 411.
5- پرسی جه‌سته ” له‌یارییه‌كی بوونگه‌راییدا ” عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا. له‌بڵاوكراوه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رێتیی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی ، زنجیره‌ی گشتیی كتێب: ( 896). چاپخانه‌ی كه‌مال. لاپه‌ڕه 34.
6- چێژی ده‌ق، رۆلان بارت. وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: ئیسماعیل زارعی، له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگه‌ی وه‌رگێڕان ،زنجیره (46) چاپی یه‌كه‌م 2007 چاپخانه‌ی مناره، هه‌ولێر، لاپه‌ڕه 34.
7-رۆمان و واقیع، كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر، وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه: سه‌ڵاح عومه‌ر. كتێبی گیرفان – ژماره ( 99). چاپخانه‌ی دهزگهو چاپی سه‌رده‌م، چاپی یه‌كه‌م 2008، سلێمانی لاپه‌ڕه 9.