هەر پاییزانە
هۆشەنگ شێخ محەمەد…..
ئاى لە تۆ كە پاییزانە دەبارییە سەر نیگا و شعر و دەفتەرە كۆنەكانى عومرم
ئاى لە من كە بەهارییانە ئەڕژێمە ناو ژیان و چەمەكان پڕ ئەكەم لە بۆنى كتێب
ئاى لە ئێمە و لە مێژووى یاخیبوونى كۆترە شینكەكانى دنیا لە ژیان
لە یاخیبوونى گیاندان بە دنیا و ، ژیانكردن لە ئاسۆى كتێبەكاندا
وەك هەناسە لەناومدا چوزەرە دەركەیت، بۆ من و دنیا
من چەند روحم ئەوىَ بۆ خۆشەویستیت ؟ من چەند دنیام ئەوێت بۆ خوێن رشتن؟
من چەند جەنگ بەرپا كەم تا بەتۆ بگەم ئەى بەختەوەریم؟!
من و تۆ وەك هەوا بەدەورى گوڵە هیرۆیەكدا خول ئەخۆینەوە و
لەگەمەیەكى منداڵیدا ئەكەوین بەدەمدا و بۆنى خاك و خوێن ئەپژێتە لووتمانەوە
بەرووناكى روحێكى شاد ئەگەڕیێنەوە ناو پێچەكانى تەلەفۆنێكى دوور و تۆز و غوبارى یادگارەكان لە جلمان ئەتەكێنین
وەرەوە بۆ دواجار لەناوتدا عەشقێك بكەم لە پاكیزەیى پەڕەكان نەرمتر
بگەچڵێمە سەر پەرچەمەكانت و وشە و حەرفم لە دەنگتدا فەنا كەم
تۆ ئەى قامەتى جوانى و بۆنى هەواپژانى جاویدانى لە دڵمدا
برژىَ بەسەر دنیا و روحى ئەم تراژیدیا بىَ هەنجەتەدا
لەم دینەدا كانیاوى حەز ناتەقێت و ئەبێت لەئایەتى دیكەدا خۆ ئینتحار كەم
لەم تیرۆرەى گیانەدا، بەپەلە بەدووى عومرى سۆفییەكدا دەفهەڵگرانە بەدووى خودایەكى وەك تۆ رابكەم و
لەهەورازى شەڕێكدا عەشق بەرپاكەم.
عەشقێك گیانم ببا و ژیان بدا لە دنیام