سۆفییزم له‌به‌رده‌م دوالیزمێكی ڕه‌قدا …(1-4)
له سه‌ره‌تای ئه‌م بابه‌ته‌دا به‌پێویستی ده‌زانم هه‌ندێ سه‌رنجی گشتی، كه لای خۆمه‌وه وه‌ك كۆمه‌ڵێك ڕاستیی گرینگ خۆیان نمایش ده‌كه‌ن، بخه‌مه به‌رچاو. ڕه‌نگه زۆر له ڕاستییه‌وه دوور نه‌كه‌وینه‌وه ئه‌گه‌ر بڵێین ئه‌م سه‌رنجه گشتییانه‌ی لێره‌دا ده‌یانكه‌ینه ده‌ستپێكی ئه‌م باسه، ده‌كرێت وه‌ك خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی بۆ هه‌ندێ جۆر بیركردنه‌وه و چالاكیی عه‌قڵی له‌به‌رچاویان بگرین و وایان لـێ تێ بگه‌ین كه ئه‌و سه‌رنجانه ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ستن به ڕوانین و بیركردنه‌وه و هه‌ڵوێست و بڕیاری مرۆڤه‌وه له‌سه‌ر پرسێَك یان له‌مه‌ڕ دیارده و كێشه و قه‌یرانێك، هێنده په‌یوه‌ست نیین به خودی ئه‌و دیارده و كێشه و قه‌یرانانه‌وه، بۆیه ئه‌و ڕۆشنایییهی كه ئه‌م سه‌رنجانه ده‌یه‌وێت به‌هۆیه‌وه ڕووبه‌رێكی به‌رچاو له‌م بابه‌ته‌دا له‌ژێر چنگی تاریكی ده‌ر بهێنێت، به‌هه‌مان شێوه ده‌شێت هه‌ر به‌و تیشكی چرایه پانتاییی دیكه له‌ناو پرس و بابه‌ت و كێشه و قه‌یرانی تردا ڕۆشن بكرێته‌وه.
له‌م بابه‌ته‌دا وه‌ختێك ده‌ڵێین (سۆفییزم له‌به‌رده‌م دوالیزمێكی ڕه‌قدا) ناخوازین له سۆفییزم وه‌ك دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی یان بزاڤێكی ئایینی و ده‌روونی یاخود ڕه‌وتێكی فیكری و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ژیان یان جۆره ئاكارێكی تایبه‌تیی مرۆڤ بدوێن و ڕه‌هه‌نده قووڵا و هه‌مه‌لایه‌ن و پڕ له كێشمه‌كێش و دونیا ئاڵۆزه‌كه‌ی بكه‌ینه كه‌ره‌سته‌یه‌كی بایه‌خداری توێژینه‌وه، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێ له‌م نووسینه‌دا به‌و ڕوانین و بیركردنه‌وه و هه‌ڵوێست و بڕیارانه‌ی مرۆگهلێكی په‌ست و نه‌یار یان دڵخواز و دۆستی سۆفییزمدا بچینه‌وه، واتا چاوێك به‌و ئاكام و دهركهوتانهدا بخشێنینه‌وه كه له ڕابردوودا له هه‌مبه‌ر سۆفییزمدا له‌سه‌ر ئاست و پله‌ی هه‌مه‌چه‌شن خوڵقاون و له سه‌رده‌می جیاجیادا و لای كه‌سانێكی خاوه‌ن عه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌ی جۆراوجۆر له‌دایكبوون. خۆ ئه‌گه‌ر بێت‌و چاوێكی خێرا به‌و ڕوانین و بیركردنه‌وه و هه‌ڵوێست و بڕیارانه‌دا بخشێنینه‌وه كه به‌رامبه‌ر سۆفییزم دروستبوون و ده‌ركه‌وتوون، وه‌ك ئێستا هه‌ندێك ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ین و چه‌ند نموونه‌یه‌كی وه‌به‌ر دیده ده‌خه‌ین و بیر هه‌موو لایه‌كی ده‌خه‌ینه‌وه، ئه‌وا تێ ده‌گه‌ین كه سۆفییزم چ وه‌ك دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی یان چ وه‌ك بزاڤێكی ئایینی و ده‌روونی یان ڕه‌وتێكی فیكری له كۆنه‌وه به به‌رده‌وامی و تا هه‌نووكه‌ش له‌به‌رده‌م دوالیزمێكی ڕه‌قدا بوه، ئه‌م ڕێبازه چ وه‌ك فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ژیان بێت یان چه‌شنه مۆراڵێكی دیاریكراوی هه‌ندێ مرۆڤ، هێشتا وه‌ك زۆر دیارده و ڕووداو و پرس و كێشه‌ی دیكه تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش له‌سه‌روه‌ختی هه‌ڵسه‌نگاندن و گفتوگۆكردن له‌سه‌ری له ڕوانینێكی دوالیزمئامێز ڕزگاری نه‌بوه، دوالیزمێك كه ده‌رچوون لێی كارێكی سانا نه‌بێ و تا ئه‌و ڕاده‌یه دژوار و سه‌خت بێت كه پێویستی به سه‌رله‌نوێ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه و خستنه‌وه به دیدی ڕه‌خنه‌یی و تاقیكردنه‌وه و دادگای عه‌قڵیی كۆی ئه‌و ڕوانین و بیركردنه‌وه و هه‌ڵوێست و بڕیارانه بێت كه ئاماژه‌مان بۆ كرد بۆ سه‌ر سۆفییزم به‌خوڕ داباراون یان داده‌بارێن.
ئێستاش بێ سوود نییه بپرسین، بۆچی سۆفییزم له به‌رده‌م دوالیزمێكی تونددایه؟ یان مادام وه‌ك وتمان ئێمه له‌م باسه له سۆفییزم وه‌ك چه‌مكێك له چه‌مكه‌كان نادوێین و یان خودی ئه‌و چه‌مكه ناكه‌ینه كه‌ره‌سته‌ی لێدوان و توێژینه‌وه و بیركردنه‌وه، بۆیه لێره‌دا وای به په‌سه‌ندتر ده‌زانین پرسیارێكی تر نۆره‌بڕی له‌م پرسیاره بكات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، خودی دوالیزم و ئه‌و دوالیزمه‌ش كه لێره‌دا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ین و له به‌رامبه‌ر به سۆفییزم كار ده‌كات، ده‌بێت چی بێت؟ چۆن ئه‌دگار و سیماكانی بناسینه‌وه و سنووره‌كانی ده‌ستنیشان بكه‌ین و بڵێی ئه‌و ڕوخساره یان ڕوخسارهكانیهتی؟
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی یان ڕاستتر وایه بڵێم ساده‌ترین و ئاسانترین شوناس و له چوارچێوه‌دان بۆ دوالیزم هه‌بێ و كرابێ و بۆ تێگه‌ییشتنمان ناخۆش و ناڕه‌حه‌ت نه‌بێت ئه‌وه‌یه كه وا داده‌نرێت، دوالیزم: ئه‌و بیركردنه‌وه و تێگهییشتنهیه كه له دوو شێوه یان ناوهڕِۆكی بنه‌ڕه‌تی بۆ واقیع ده‌دوێت كه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان یان له چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه جیاواز و پێچه‌وانه و ته‌نانه‌ت ناكۆك و دژ و دوژمنی یه‌كیشن، واته به‌شێوه‌یه‌كی تر دوالیزم پێكدێت له به‌هه‌ندوه‌رگرتنی دوو هێز كه زۆرجار پێكه‌وه هه‌ڵ ناكه‌ن له‌پشت بوونی جیهانه‌وه. ئه‌م دوو هێزه‌ش به‌چه‌شنی جیاجیا و زۆرجاریش توند جه‌بر و ده‌سه‌ڵاتی كاریگه‌ریی خۆیان له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ داده‌نێن. بۆ مه‌به‌ستێك كه بمانه‌وێت بزانین چۆن ڕاڤه و شیكردنه‌وه بۆ دیارده و ڕووداو و پرس و كێشه‌كان لای مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه كراوه، ئه‌وا هه‌رگیز به زیاده‌ڕه‌وی نازانم گه‌ر له هه‌مان شوێن سهرنجمانهوه ڕاشكاوانه پێمان وا بێت، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی خێراخێرا ئاستی هۆشیاری و بیركردنه‌وه‌ی ئێمه ڕای ده‌په‌ڕێنێت یان بڵێم كردارێك كه زوو زوو له‌نێو ڕۆشنبیریی ئێمه‌دا زۆر چالاكانه ڕوو ده‌دات، ئه‌و پرۆسه زاڵا و به‌هێزه‌یه كه هه‌میشه له هۆشیاریماندا له به‌رگی جۆراجۆردا خۆی نمایش ده‌كات، پرۆسه‌یه‌ك وا بزانم شیاو ده‌بێت ئه‌گه‌ر به (پرۆسه‌ی تۆمه‌تباركردن) ناودێری بكه‌م. نیگه‌رانیشم له‌وه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه هه‌میشه و به به‌رده‌وامی له دووباره‌بوونه‌وه‌دایه و به‌هێز ده‌بێت، به‌هێز ده‌بێت و هێزی دڵڕه‌ق و كاریگه‌ر توندی ئه‌و، پرۆسه‌ی دیكه له وزه خاڵی ده‌كاته‌وه و به هه‌موو ناشیرینییه‌كانیه‌وه پانتاییی ڕۆشنبیرییه‌ك پڕده‌كات له لێشاوێك جنێو و بوختان و دووركه‌وتنه‌وه له جه‌وهه‌ری شته‌كان و سه‌رقاڵبوون به شتی سهرپێیییانه و هه‌میشه ڕووكه‌شانه بڕیاردان.
به‌داخه‌وه كه جێگه‌ی سه‌رسووڕمانیش نییه كاتێك پرۆسه‌یه‌كی وه‌ها له كه‌شێكی ته‌واو ناعه‌قڵانیدا ڕوو ئه‌دات و بێبه‌ری ئه‌بێت له هه‌ر چه‌شنه لێكدانه‌وه و سهوداكردنێكی زانستییانه، واته زۆر زه‌حمه‌ته بتوانین وای دانێین ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی ناومان لێنا (پرۆسه‌ی تۆمه‌تباركردن) سروشتێكی دادخوازانه‌ی هه‌یه و به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان سیمایه‌كی ویژداندۆستانهی هه‌ڵگرتوه یان هه‌ڵ ده‌گرێت.
ئه‌وه‌ی لێره جێگه‌ی بایه‌خه، له‌م نێوه‌نده‌ی ئێمه لێی ده‌دوێین و له‌نێو پرۆسه‌ی تۆمهتباركردندا، تۆمه‌تباركراو به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها تۆمه‌تبار ده‌كرێت. به‌دڵنیایییه‌وه پرۆسه‌ی تۆمه‌تباركردنی شێوه ڕه‌هاش، خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌كیی هه‌موو ئه‌و عه‌قڵانه‌یه كه داخوازی و بڕیاره‌كانیان به ڕه‌هایی له‌دایك ده‌بن، له‌دایك ده‌بن و به‌شێوه‌یه‌كی مهترسیبهخشیش له‌ناو كۆشكێكی خاڵی له ڕه‌خنه و گوماندا ده‌ژین، ژیانێك ده‌ژین ڕێگه به هیچ چه‌شنه پرسیارێك نه‌درێت به‌ره‌و ڕوویان ئاراسته بكرێ و بخرێنه ژێر میكرۆسكۆبی باس و بیركردنه‌وه‌وه، چونكه هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌م پرۆسه‌یه‌دا به‌شدارن ئه‌وانه‌ن كه تا دوا ئه‌ندازه خۆیان به خاوه‌نی حه‌قیقه‌ت ده‌زانن و هه‌موو ئه‌و په‌نجه‌ره و ده‌رگایانه كڵۆم ده‌ده‌ن كه لێیه‌وه باهۆزی گومان و پرسیار به‌ره‌و ڕووی بیركردنه‌وه و بڕیاره‌كانیان دێت، یان به‌شێوه‌یه‌كی دیكه بڵێین حه‌قیقه‌ت لای ئه‌مانه شتێك نییه وه‌ك نهێنی وا بێت یاخود نهێنی بێت، هه‌تاكو له دواجاردا بكه‌ونه ناو كرداری گه‌ڕان و پشكنینه‌وه و سۆراغێكی ئه‌و نهێنییانه بكه‌ن، به‌ڵكو هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا حه‌قیقه‌ت له لایان تیۆرهیهكه، تیۆره‌یه‌ك كه به‌رده‌وام ده‌بێت به‌بێ هیچ گومان و دوو دڵییه‌ك و به‌بێ هیچ پرسیار و ڕه‌خنه‌یه‌ك لێی پراكتیكی ئه‌و تیۆره‌یه بكه‌ن یان حه‌قیقه‌ت لایان شتێكی سه‌لمێنراوه و پێویستیی به سه‌ر له‌نوێ قسه‌كردن و تاقیكردنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه ناكا و بگره قسهلێكردنیشی یاساغه و حه‌رامه، بۆیه كه بڕیارێك ده‌درێت یان بڕیاری تۆمه‌تباركردن ده‌رده‌كرێت، بڕیارده‌ران له پرۆسه‌یه‌كی زانستی و عه‌قڵانیدا، نه‌گه‌ییشتوون به هه‌وارگه‌یه‌ك تاكو به‌بێ په‌روا مانیڤێستی یه‌قینیی ئه‌و بڕیاره‌یان ڕابگه‌یه‌نن، به‌ڵكو هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌م بڕیاره‌یان به یه‌قینی ده‌درێت و نمایش ده‌كرێت. بڕیارده‌ران گه‌ر بشگهڕێن و خه‌ریكی پشكنین بن، ئه‌وا ئه‌م گه‌ڕان و پشكنینانهیان ته‌نها له‌پێناوی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و بههانانهدا بوه و ده‌بێت كه ڕووخسار و دیمه‌نی یهقینییهكهی جوانتر ده‌كه‌ن، به‌ڵێ جوانتری ده‌كه‌ن و دووباره جارێكی تر ده‌یسه‌لمێنن و ده‌یسه‌لمێننه‌وه كه به ڕاستی یه‌قینن.
ئه‌وه‌ی وا ده‌كات ئه‌م پرۆسه‌یه چاكتر ڕوو بدات و هه‌ناسه‌ی ژیانی مسۆگه‌ر بێت ئه‌وه‌یه كه بڕیارده‌ران خاوه‌ندارێتیی بیر و باوه‌ڕێك ده‌كه‌ن (ئه‌گه‌رچی ئه‌و بیر و باوه‌ڕه ئایدیۆلۆژی بێت یاخود ئایینی)، خاوهندارێتییهكی وه‌ها به‌بێ پشكنینی بنه‌ماكانی ئه‌م ئایینه یان ئایدیۆلۆژیایه و قووڵبوونه‌وه لێی په‌یامه‌كانیان وه‌رگرتوه و بوون به خاوه‌نی و قبوڵیان كردوه، به‌ئاسانی قبوڵكردنی ئه‌م ئایین و ئایدیۆلۆژیایانهش و له هه‌مان كاتدا هیستریائاساش به‌رگریكردن و پارێزگاریكردن لێی، هۆكه‌ی به ته‌نها بۆ ئه‌وه ناگه‌ڕێته‌وه كه به‌بێ دوودڵی مۆری حه‌قیقه‌تێكی موتڵه‌ق له‌و په‌یامانه ده‌ده‌ن، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌شه كه به‌هۆی ئه‌م په‌یامانه‌وه دنیایه‌كی ساده و دیاریان پێ ده‌به‌خشرێ، دنیایه‌ك كه شاراوه‌ی تێدا به‌دی ناكرێت، تێیدا به‌دی ناكرێت و زۆر به كه‌یفخۆشییه‌وه هه‌موو شتێك له‌ناویا ئاشكرا و دۆزراوه‌یه. ئه‌نجامێكی تر له‌و ئه‌نجامه ترسناكانه‌ی كه به‌ڕه‌هایی خاوه‌ندارێتیكردنی ئه‌م ئایین و ئایدیۆلۆژیایانه لێی ده‌كه‌وێته‌وه ئه‌وه‌یه، كه خاوه‌نداران ته‌واوی قورسایی خۆیان له‌و شوێنه‌دا داده‌نێن و ئه‌و جێگه‌یه‌ی پێ پڕ ده‌كه‌نه‌وه كه‌وا له ئه‌ندێشه‌و خولیاكانی ئه‌م په‌یامانه‌دا، هه‌روه‌ها سه‌رجه‌می كار و چالاكییه‌كانیان به ئاقاره پهسهندكراوهكانیاندا ده‌به‌ن، ده‌یبه‌ن و خۆیان وه‌ك هێزێكی ئیراده‌گه‌ر نابینن، به‌ڵكو بگره ده‌یانه‌وێ به چاوی پهرستراوهكانیانهوه ته‌ماشای دنیا بكه‌ن.
په‌كخستنی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش (پرۆسه‌ی تۆمه‌تباركردن) له بنه‌ڕه‌تدا وابه‌سته و گرێدراوه به تێكشكاندنی جۆره میكانیزمێكی بیركردنه‌وه‌وه، میكانیزمێك كه مه‌به‌ست لێی ئه‌و ده‌سته به زه‌بر و تونده‌یه كه هه‌ڵته‌كاندنی بنه‌ماكانی دیالۆگی له‌ئه‌ستۆیه و ڕێگه به ئاڵ‌وگۆڕكردن و هه‌ڵسه‌نگاندن و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی دیدگا و بیر و بۆچوونه‌كان نادات، ئه‌م میكانیزمی بیركردنه‌وه‌یه‌ش كه لێی ده‌دوێین ئه‌و جۆره‌ی بیركردنه‌وه‌یه كه له به‌رهه‌مه‌كانیدا به به‌رده‌وامی دوالیزمی ئایین ده‌خاته‌وه، واته ئه‌و دوالیزمه‌ی له سه‌ره‌تاوه باسمان كرد و به‌رده‌وام له واقیعی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا بیركردنه‌وه و هۆشیاریی ئێمه به‌رهه‌می ده‌هێنێت، به‌م ده‌ستكه‌وته‌ی ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه‌ش به ئاسانی كه‌شوهه‌وایه‌ك ده‌خوڵقێنرێت، كه تێیدا هیچ ده‌نگێكی جیاواز له‌ده‌نگی باو و سه‌روه‌ر نابیسترێ، نابیسترێ و تۆوی هیچ بیركردنه‌وه‌یه‌كی جیاواز چه‌كه‌ره ناكات، له‌م نێوه‌نده‌دا تێكڕای دژه‌كان بێ ڕێز و بێ به‌ها سه‌یر ده‌كرێن، بێ به‌ها سه‌یر ده‌كرێن و سه‌ركوت ده‌كرێن. دوالیزمی ئایینی له‌سه‌ر شێواز و لۆژیكێكی ئایینییانه كار ده‌كات، یان ده‌كرێت بڵێین دوالیزمی ئایینی ئه‌و به‌رهه‌مه‌یه كه زه‌ینی ئایینی ده‌یهێنێ، ده‌یهێنێ و له نه‌ستی مرۆڤه‌كاندا بارگه‌ی خۆی قایم ده‌كات، (مه‌عریفه‌ی دینی كۆمه‌ڵێ دوالیزمی بهوێناكراو ئه‌به‌خشێ، كۆمه‌ڵێ دوالیزم كه له دیدی ئایینییه‌وه لایه‌نێكیان له‌وی دیكه‌یان حهقیقهتتر و پیرۆزتر و ئهبهدیتر و بایه‌خدارتره، به‌جۆرێكی واش كه پیرۆزیی لایه‌نێكیان له‌سه‌ر پڕوپووچكردنی ئه‌وی دیكه‌یان دروست ده‌بێت… س1، ل55) ئه‌و مرۆڤه‌ی له‌سه‌ر ڕیتمی دوالیزمی ئایینی بیر ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر بیه‌وێ جیهان پۆلێن بكات ئه‌وا به‌دڵنیایییه‌وه ته‌نهاو ته‌نها دوو خانه شك ده‌بات تا شوێنی ئه‌م پۆلێنكردنه‌ی تێدا بكاته‌وه. ئه‌م دابه‌شكردنه‌ش هه‌موو كونجێكی ژیان ده‌گرێته‌وه و له تێڕوانینه میتافیزیكییه‌كانه‌وه ده‌ست پێده‌كات، ده‌ست پێده‌كات تا ده‌گاته دید و تێڕوانین بۆ سه‌رجه‌می ڕه‌وش و چالاكییه ڕۆژانه‌ییه‌كانی مرۆڤ و سه‌رجه‌می ژیان، بۆیه هه‌میشه ده‌بینین له‌به‌رده‌م خودادا له زه‌ینماندا شه‌یتان هه‌یه، له به‌رامبه‌ر خێردا هه‌ست پێ ده‌كه‌ین كه شه‌ڕ له ئارادایه و له به‌رامبه‌ر حهڵاڵیشدا حه‌رام ئاماده‌یه، واته هه‌موو شێك چاكه یان خراپه، جوانه یان ناشیرینه، حه‌ڵاڵه یان حه‌رامه، خێره یان شه‌ڕه… هتد.
به چاوی دوالیزمی ئایینی ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت ئه‌وه‌یه كه لایه‌نێك به‌بێ هیچ دوو دڵی و به‌وپه‌ڕی ڕه‌هایییه‌وه مۆری حه‌قیقه‌تی لێ ده‌درێت و لایه‌نێكی تریش له به‌رامبه‌ریدا دیسان به‌بێ هیچ دوودڵییه‌ك و به‌وپه‌ڕی ڕه‌هایییه‌وه مۆری ناحهقیقهتی لێ ده‌درێت، پێویسته له‌وه‌ش دڵنیابین كه ئه‌م شێوازه له سه‌یركردن بۆ دنیا و ئه‌م جۆره له پۆلێن‌كردن بۆ ژیان و بۆ جیهان، له هه‌ر شێوه‌یه‌كی تر له سه‌یركردن و له هه‌ر جۆرێكی تر له پۆلێن‌كردن ساده و ساكارتره و بێ قووڵبوونه‌وه‌یه له تێڕوانیندا و ئاڕاسته‌ی ئیشكردنی به جۆرێكه كه دژ به هه‌موو جۆره خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئه‌پستیمی و عاقڵانه ده‌بزوێت. ئه‌و دابه‌شكردنه‌ی دنیا كه عه‌قڵا و هه‌ڵسه‌نگاندنی زانستییانه له‌ناویاندا داوه‌ر نه‌بێ، ته‌نها پۆلێنكردنێكی ناعه‌قڵانیی ڕووت بێت و بریتیبێت له پرۆسه‌یه‌ك به دوور له هه‌موو پشكنین و سۆراغكردنێك به‌ڕێوه بچێت، ئه‌م پۆلێنكردنه پۆلێنكردنێكی ئایینییانه‌یه، پۆلێنكردنێكی ئایینییانه‌یه و له سه‌ره‌تا و سهرهنجامیشدا به‌م جۆره پۆلێنكردنه ده‌وترێت تاكڕه‌هه‌ند و تاكدیده بۆ خوێندنه‌وه، چونكه به‌بێ په‌رده و به ئاشكرا ته‌نها دید و تێڕوانینی خۆی به دید و تێڕوانینێكی حه‌قیقی ده‌زانێت و ته‌نها مه‌ڵبه‌ندی خۆی به ته‌نها سه‌نته‌ری هه‌موو نرخ و به‌هاكان له قه‌ڵه‌م ده‌دات، له قه‌ڵه‌م ده‌دات و به‌رده‌وامیش سه‌رقاڵی كوێركردنه‌وه‌ی هه‌موو دید و تێڕوانین و سه‌نته‌رێكی تره و به گومڕا ناودێریان ده‌كات، ده‌یانكا و هیچ به‌هایه‌كیان ناداتێ.
سروشتی دوالیزمی ئایینی ئه‌گه‌ر وردتر لێی بڕوانین و له گۆشه‌یه‌كی تره‌وه بۆ خاسیه‌تێكی تری بگه‌ڕێین، ده‌بینین كه سروشتێكی ئه‌خلاقی هه‌یه، (پۆلێنی ئایینیی دنیا پۆلێنێكی ئه‌خلاقییه، پۆلێنێكه بارگه ڕه‌وشتییه‌كانی ده‌ستنیشانی ئه‌و ناوه‌نده عه‌قڵانییه ده‌كات كه مرۆڤ به‌ناچاری له‌ناویدا ده‌بێ ببزوێ و ژیانی ئۆرگانیزه بكات. دوو لایه‌نه‌ی باش به‌رامبه‌ر خراپ، له‌جه‌وهه‌ردا هه‌وڵدانێكی ئه‌خلاقییه بۆ ئۆرگانیزه‌كردنی كۆمهڵگاو ساكاركردنهوهی ڕاڤهكردنهوهكانی مرۆڤ بۆ دنیا… س9، ل25) له‌و ڕوانگه‌یه‌وه بڕیار ده‌ده‌ین سروشتی دوالیزمی ئایینی سروشتێكی ئه‌خلاقییه، كه تێڕوانینی دوو لایه‌نه بۆ دنیا له‌بنه‌ڕه‌تدا هیچ شتێك نییه، بێجگه له هه‌وڵدانێكی ئه‌خلاقی بۆ خۆقوتاركردن و ده‌ربازبوون له هه‌ر چه‌شنێك له ئاڵۆز ته‌ماشاكردنی دنیا و ساده‌كردنه‌وه‌ی بینینی مرۆڤ بۆ زینده‌گی. بهدوولایهنیكردنی تێڕوانین بۆ دنیا به ئومێدی خۆ ڕزگاركردنه له هه‌ر قووڵبوونهوهیهك له تێڕوانیندا، كه ئه‌مانه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ بێت یان ناڕاسته‌وخۆ به زۆری ئه‌و نیازه‌ی له‌پشته، كه مه‌یسه‌ربوونی سیستمێكه، سیستمێكی جێگیر و دیسپلینكراو به ئاسانی بۆ ڕه‌وشت و ئاكاره‌كانی مرۆڤ.
له‌م ده‌رئه‌نجامانه‌ش ترسناكتر كه بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر ڕیتمی دوالیزمی ئایینی به‌رهه‌می ده‌هێنێت، فه‌رامۆشكردن و پشتگوێخستنی كۆمه‌ڵه كارێكی گرینگ و پێویستن، له‌ناو ئه‌و فهرامۆشكراوانهشدا ئه‌وه ده‌بینین كه پێوه‌رێك دروست نابێت تا ڕاستی و زانستی پێ بپێورێت و له درۆ و ئه‌فسانه جیای بكاته‌وه، هه‌روه‌ها هیچ شتێكی وه‌ها له‌ئارادا نابێت هه‌تاكو جیاوازی بكات له‌نێوان واقیع و كاری سوودبه‌خش و شتی سه‌ره‌كی له‌گه‌ڵا هه‌ریه‌ك له وههم و كاری بێ كه‌ڵك و شتی لاوه‌كی، دیسان هه‌وڵێكی وه‌هاش له‌گۆڕێ نییه و كاریش ناكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت، كه گومان و ڕێژه‌ی چین و چۆن له یه‌قین و ڕه‌ها دووریان ده‌خه‌ینه‌وه. له جێگه‌ی ئه‌م ئه‌ركانه‌ش كۆمه‌ڵێ ئه‌ركی تر ده‌خرێنه ده‌ستووری بیركردنه‌وه و كاره‌وه و جێبه‌جێ ده‌كرێن كه دیسان هه‌موویان هه‌ر ده‌چنه‌وه خزمه‌ت (پرۆسه‌ی تۆمه‌تباركردن) ئه‌وانیش بریتین له‌وه‌ی كه شوێنی جیاكردنه‌وه‌ی ڕاستی له درۆ ئه‌گۆڕێت به شوێنی جیاكردنه‌وه‌ی شیاو له نه‌شیاو، هه‌روه‌ها له‌بری جیاوازیكردن له‌نێوان زانست و ئه‌فسانه‌دا جیهان له بێژنگی كوفر و بڕوا ده‌درێت، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی نه‌هێڵرێت له دنیادا واقیع و وههم له جێگه‌ی یه‌كتری دابنرێن و سوودبه‌خش نه‌كرێت به بێ كه‌ڵك و سه‌ره‌كی و لاوه‌كی پێچه‌وانه نه‌بنه‌وه، كه‌چی دنیا به چاویلكه‌ی حه‌ڵاڵ و حه‌رامه‌وه ده‌بینرێت، جێگه‌ی حه‌سره‌ت و په‌كخستنی چالاكیی بیركردنه‌وه و دووركه‌وتنه‌وه له به‌عه‌قڵانیكردنی كێشه‌كانه ئه‌و ده‌مه‌ی گرینگی‌دان به ڕێژهدۆستی و گومانپهروهری و ڕزگاركردنی له چنگی ڕههادۆستی و یهقینپهروهری ناخرێنه بواری بیركردنه‌وه و پرۆژه و ده‌ستووری كاره‌وه، به‌ڵكو گرینگی ده‌درێت به جیاكردنه‌وه له‌سه‌ر بناغه‌ی به‌هه‌شتی و جه‌هه‌نه‌می یاخود خوداپه‌رستی و شه‌یتانپه‌رستی، به‌م جۆره بارودۆخێكی ده‌روونی و شێواوی مه‌عریفی وا دروست ده‌بێت، كه ده‌ركه‌وته و به‌رهه‌مه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ده‌بێت به چه‌پاندنی فیكری و ڕێگریی له داهێنان و هه‌موو شێك له‌ناو ئه‌و سیاقه به‌زۆر دروستكراوه‌دا به تۆبزی داده‌نرێت و ڕاڤه ده‌كرێ و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت.
٭ ٭ ٭
له‌دوای باسكردنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی كه به پرۆسه‌ی تۆمه‌تباركردن ناومان برد، له‌دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و شێوه‌یه له دیتنی جیهانمان خسته‌ڕوو كه به دیدی دوالیزمی ئایینی ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌گه‌ر له‌م شوێنه‌دا پرسیارێك هه‌بێت، ده‌شێت جێگه‌ی خۆی بێت كه بكرێت، به‌تایبه‌تی گونجاوترین پرسیار كه لێره‌دا پێویسته بخرێته‌ڕوو ئه‌وه ده‌بێت داخۆ ته‌رخانكردنی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به هه‌ڵسه‌نگاندنی تێڕامان و ههڵوێستهكردنهكان له سۆفییزم، پێشه‌كی باسكردن و لێدوان له پرۆسه‌ی تۆمه‌تباركردن و دوالیزمی ئایینی له‌به‌ر چییه و چ ئامانجێكمان بۆ ده‌پێكێت؟
ئه‌گه‌رچی نابێت هه‌رگیز ئه‌وه له‌یاد بكه‌ین و پێویسته به‌ڵگه‌نه‌ویست بێت له لامان كه ژماره‌ی ئه‌و چه‌مك و زاراوه و دیاردانه كه‌م نین وه‌ختێ له ته‌نها قه‌فه‌زی پێناسه‌یه‌كدا ئارام ناگرن و هه‌ڵدێن، هه‌ڵدێن و پاشتر له قه‌فه‌زێكی تردا ده‌یان بینینه‌وه یاخود ده‌شێت هه‌رگیز له هیچ قه‌فه‌زێكدا نه‌مێننه‌وه و تا سه‌ر لای هیچ كه‌س و له هیچ شوێنێك ماڵی نه‌بن، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ناكرێت فه‌رامۆش بكرێت كه بۆ كه‌مێ ناسینی هه‌ر چه‌مك و زاراوه و دیارده‌یه‌ك ده‌بێت په‌نا ببرێته‌وه به‌ر ئه‌و پێناسانه‌ی كه له‌وه‌وبه‌ر لێكۆڵه‌ره‌وان و توێژه‌ره‌وان دایان ڕشتوه و به‌ده‌ستیان هێناون. دیسانه‌وه ئه‌گه‌رچی هه‌ر یه‌ك له‌و پێناسانه‌ش كاڵایه‌كی ته‌واو پڕ به باڵای ئه‌و چه‌مك و زاراوه و دیاردانه نه‌بن. هه‌رچه‌نده ڕه‌نگه زۆر پێویست نه‌كات به جارێكی تر هێنانه‌وه سه‌ر كاغه‌زی پێناسه‌ی چه‌مكی سۆفی، چونكه ده‌توانین تاڕاده‌یه‌ك وای دابنێین ئه‌م چه‌مكه (چه‌مكی سۆفی) به فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی و ئه‌ده‌بیی ئێمه نامۆ نییه، نامۆ نییه و به هه‌ر جۆرێك بێت و هه‌ر چۆنێك بێت زۆری له‌سه‌ر وتراوه، به‌ڵام لێره‌دا هه‌ر به‌كورتی و ڕاگوزه‌رانه یه‌كێك یان زیاتر له‌و پێناسانه ده‌خزێنینه ناو بابه‌ته‌كه‌مان، ئه‌و پێناسانه‌ش كه چه‌مكی (سۆفی)مان پێ ئاشنا ده‌كات هه‌رچه‌نده به‌دڵنیاییه‌وه بۆچوونی جیاوازیشی له‌سه‌ره و ڕه‌نگه لای زۆر كه‌س به پێناسه‌ی سۆفییزم نه‌یه‌ته حساب. ئه‌و پێناسانه‌ی بۆ سۆفییزم كراون له‌وانه‌یه تاڕاده‌یه‌ك بتوانین له چه‌ند دانهیهكدا چڕیان بكه‌ینه‌وه. یه‌كێك له‌وانه‌ش كه‌سێكی (سۆفی)مان وه‌ها پێ ده‌ناسێنێ كه ئه‌و كه‌سه له یه‌ك كاتدا هه‌م زاهید و هه‌م عابید و هه‌م عارف بێت، له یه‌ك كاتدا ئه‌مانه بێت، واته له یه‌ك كاتدا وازی له هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانێكی دنیا هێنابێت و تێكڕای خۆشی و ڕابواردنه‌كانی ژیانی فهرامۆشكردبێت، كه ئه‌م جۆره فهرامۆشكردنهش سیفه‌تی زاهیدی ده‌داتێ (زاهید به یه‌كێك ده‌وترێت كه ڕووی له دنیا و ناز و نیعمه‌ته‌كانی وهرچهخاندبێت… س26، ل441). مه‌به‌ستیش له‌وه‌ی كه عابید بێت، واته ده‌بێت تێكڕای ته‌مه‌نی خۆی به نوێژكردن و جێبه‌جێكردنی سه‌رجه‌م فه‌رمایشته‌كانی خوداوه‌ند بردبێته سه‌ر، (له ڕاستیدا هیچ به‌نده‌یه‌ك نابێته به‌نده‌ی ڕاسته‌قینه، تا ئه‌و كاته‌ی به دڵا جگه له خودا له زیكری هیچ شتێكی دیكه‌دا نه‌بێت، خودای گه‌وره هیچ ناوێكی له به‌نده په‌سندتر له بڕواداره‌كانی نه‌ناوه… س20، ل182) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه سۆفی هه‌م زاهیده و هه‌م عابیده، ده‌بێت هه‌میشه‌ش ناوی خودای له یاد بێت و ترسی ئه‌وی له دڵدا بێت، له دڵیدا بێ و بۆ ته‌نها ساتێكی زۆر كه‌میش بێت، نابێت به‌بێ ئه‌م یاد و ترسه بژی، ئه‌مه‌یش ئه‌وه ده‌گه‌یێنێت كه ده‌بێت عارفیش بێت (عارف: واته دانا، خوداناس و شاره‌زا له ڕه‌مز و ورده‌كارییه‌كان، ئه‌وه‌ی كه خودا ئه‌وی گه‌یاندوه به پایه‌ی دڵبینیی خود و ناو و سیفه‌ته‌كانی، عاریف خودانی دیدگایهكه كه خودای مه‌زن ئه‌وی به خود و سیفه‌ت و ناو و كرده‌وه‌كانی بینا كردوه… س5، ل233) . كه‌واته به‌كورتی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م سێ خاسیه‌ته (زاهید، عابید، عارف) له ته‌نها كه‌سێكدا ئینجا ده‌یكاته (سۆفی).
ئه‌وانه‌ی ڕقیان له‌م وشه نییه به‌و شێوه‌یه ده‌یناسێن، كه سۆفی له نه‌فسی خۆی فانی بوه و یادی هه‌میشه لای خودایه، له دونیای مادی ڕزگاری بوه و په‌یوه‌سته به كاكڵ و گه‌وهه‌ری حه‌قیقه‌ته‌كان، به بۆچوونی هه‌ندێ له عاشقانی ئه‌م چه‌مكه، سۆفییان له‌به‌رئه‌وه ئه‌م ناوه‌یان لێنراوه، چونكه له‌ڕیزی پێشی پێشه‌وه‌ن له‌به‌رده‌ستی خودای مه‌زن، به‌وه‌ی كه هه‌موو نیازێكیان بڵند ده‌كرێته‌وه و به دڵه‌وه ڕوو له خودا ده‌كه‌ن. بۆچوونێكی تریش له‌وه‌دا خۆی به‌یان كردوه كه بۆیه پێیان ده‌وترێت سۆفی، چونكه جلوبه‌رگی خورییان پۆشیوه و (صوف)یش له زمانی عه‌ره‌بیدا به مانای (خوری) دێت. هه‌روه‌ها لێكدانه‌وه‌ی تر پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت، كه سۆفی له (له ئه‌هل صوففه)ه‌وه هاتوه، كه ئه‌مانه له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ری ئیسلامدا له شاری مه‌دینه ده‌ژیان و جلوبه‌رگی خورییان له‌به‌ردا بوو، كاتێك جله‌كانیان ته‌ڕ ده‌بوو بۆنی مه‌ڕیان لێ ده‌هات، بیروڕای تر ده‌رباره‌ی وشه‌ی سۆفی زۆرن و سه‌رچاوه‌یه‌كی تر باس له‌وه ده‌كات (سۆفی له “صه‌فا”یاخو د له “صوف”ه‌وه وه‌رگیراوه، به مانای تیسكه خوری، كه كه‌ره‌سته‌یه‌كی بێ نرخه و كه‌س نایه‌وێ، به‌م هۆیه‌شه‌وه سۆفی ده‌یه‌وێت خۆی له خه‌ڵك دوور بخاته‌وه، یان هه‌ندێكی دیكه پێیان وایه، سۆفی به كه‌سێك ده‌وترێت كه دڵی خۆی له‌گه‌ڵا خودا پاك و بێگه‌رد ڕاده‌گرێت، كرده‌وه‌كانی له‌گه‌ڵا په‌روه‌ردگاری خۆیدا به خاوێنی پێشكه‌ش ده‌كات… س26، ل470) هه‌روه‌ها له یه‌كێكی تر له سه‌رچاوه‌كاندا به شێوه‌یه‌كی گشتی وه‌ها پێناسه‌ی سۆفییزم كراوه، كه (فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ژیان یان ڕێبازێكی مۆراڵیی دیاریكراوه، كه مرۆڤ له‌پێناوی كه‌ماڵی ئه‌خلاقی و درككردن به حه‌قیقه‌ت و به‌خته‌وه‌ریی ڕۆحی‌دا ده‌یگرێته به‌ر… س23، ل3)
ئالێره‌دا تاڕاده‌یه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی كورت و یه‌كلایه‌نه له پێناسه‌یه‌كی گشتی بۆ وشه و چه‌مكی سۆفی بووینه‌وه، جارێكی تر ده‌چینه‌وه سه‌ر پرسیاره‌كه‌ی خۆمان و جارێكی تریش ده‌ینووسینه‌وه، پرسیاره‌كه ده‌نووسینه‌وه و ده‌ڵێین كه هۆی چی بوو لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به هه‌ڵسه‌نگاندنی دیدگاكانی سۆفییزمان به لێدان له ده‌روازه‌ی دوالیزمی ئایینی و به باسكردنی پرۆسه‌ی تاوانباركردن ده‌ستمان پێ كرد؟ وه‌ك ده‌زانین پێش نووسینی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه خه‌رمانێك كتێب دانراون كه تایبه‌تن به باسكردن و لێدوان له‌باره‌ی سۆفێتییهوه، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆریش كتێبۆچكه و نامیلكه له كتێبخانه‌كاندا جێگه‌یان دیاره، كۆمه‌ڵێكی زۆریش وتار و لێكۆڵینه‌وه خراونه‌ته ناو دووتوێی لاپه‌ڕه‌كانی ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كانه‌وه، بێگومان ئه‌مانه هه‌موویان به گه‌لێك زمانی جیاواز و له گه‌لێك كاتی جیاواز و به شێواز و هه‌ڵسه‌نگاندن و لێدوانی جیاوازیشه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و تۆزی سه‌ر ڕووی زۆربه‌ی ئه‌و كتێبانه بته‌كێنین و ئاوڕێك له زۆربه‌ی ئه‌و كتێبۆچكانه بده‌ینه‌وه و بیانخوێنینه‌وه و ته‌ماشایه‌كی ئه‌و وتار و لێكۆڵینه‌وانه‌ش بكه‌ین، هه‌ر زوو له‌و ڕاستییه تێ ده‌گه‌ین كه زۆرینه‌ی بكه‌ری ئه‌و تێڕوانینانه‌ی نێو ئه‌م سه‌رچاوانه بێبه‌رین له چاوێك كه خه‌سڵه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندنێكی زانستییانه و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی قووڵ و زیره‌كانه‌ی هه‌ڵگرتبێت. دیاره مانای زانست و زانستی‌بوون و چه‌مكی زانست و هه‌ڵسه‌نگاندن و لێكدانه‌وه‌ی زانستییانه لێره‌دا هه‌رگیز به‌و شێوه‌یه نییه كه ئه‌كادیمیسته‌كان له چوارچێوه‌ی پێڕه‌وكردنی چه‌ند خاڵێك و كۆمه‌ڵێك ڕێنمایی له دانانی ڕێبازێك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌دا ده‌یخه‌نه‌ڕوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی و بابه‌تی زانستی به‌وه ده‌زانن یاخود ته‌نها و ته‌نها ئه‌وه بێت كه ده‌بێت ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه یاخود ئه‌و بابه‌ته سه‌رجه‌م مه‌رجه‌كانی ڕێبازی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌كادیمی به‌سه‌ردا بچه‌سپێ و نابێ به هیچ شێوه‌یه‌ك هیچ خاڵێك پشتگوێ بخرێت و هیچ ڕێنمایییه‌ك فه‌رامۆش بكرێت.
دانانی پلان و نه‌خشه‌یه‌ك بۆ ئیشكردن و نووسینی پێڕست و پێشه‌كی و جیاكردنه‌وه‌ی به‌شه‌كان و گرینگیدانێكی ورد به په‌راوێز و نووسینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كان له كۆتاییدا له‌گه‌ڵ پێڕه‌وكردنی خاڵبه‌ندی و شێوازی نووسین و …هتد، ئه‌مانه هه‌مووی هه‌ندێك له‌و خاڵ و ڕێنمایییانهن كه ئه‌كادیمیسته‌كان پێیان وایه مه‌رجن بۆ خوڵقاندن و ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زانستییانه. به بۆچوونی من ئه‌م حوكمه له‌ویادا ڕه‌وایه‌تی هه‌یه كه ئێمه پێمان وا بێ ئه‌م خاڵا و ڕێنمایییانه سیمایهكن به جه‌سته‌ی لێكۆڵینه‌وه و بابه‌تێكی زانستییه‌وه، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه، چونكه هه‌ڵه‌یه وا بزانرێ زانستی‌بوون خه‌سڵه‌تی هه‌موو ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌یه كه ئه‌م خاڵ و ڕێنماییانه‌یان به‌سه‌ردا چه‌سپێنراون. ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه سه‌ودا و كاركردن له‌گه‌ڵ چه‌مكی زانست‌دا بكرێت و وه‌ها تێی بڕوانرێت و به‌كار بهێنرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌كادیمیسته‌كانی ئێمه تائێستا ده‌یكه‌ن ئه‌وا جگه له تێگه‌ییشتنێكی شێواو و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئاسۆ و مه‌وداكانی ئه‌م چه‌مكه، له هه‌مان كاتدا لێره‌دا چه‌مكی زانست وه‌ك ده‌مامكێك به‌كار ده‌هێنرێت بۆ سهنگینكردنی لێكۆڵینه‌وه‌كانیان و ڕه‌وایه‌تیدان به كاره‌كانیان، هه‌روه‌ها ده‌یانه‌وێ له‌م ڕێگه‌یه‌وه به‌رهه‌مه‌كانیان وه‌ك ئیشێكی چڕ‌وپڕ و سه‌لمێندراو و بێ خه‌وش بۆ هه‌موو لایه‌ك به هه‌موو گرفت و ناتهواوییهكانهوه نیشان بده‌ن. ئه‌مانه له‌كاتێكدا ڕوو ده‌ده‌ن، كه به‌بێ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی زۆری ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی كه خاوه‌نه‌كانیان پێیان وایه كه به میتۆدێكی زانستییانه ئه‌نجامیان داون، كه‌ره‌سته‌یه‌كی نوێی ڕاڤه‌كردنیان خستبێتهگهڕ و به‌بێ ئه‌وه‌ی دیدگایه‌كی تازه‌یان بۆ سۆراغ و پشكنین خوڵقاندبێت، هه‌روه‌ها ئه‌مه له‌كاتێكدا خه‌ستبوونه‌وه‌ی كێشه و قه‌یرانه‌كانی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگای ئێمه و پاشكۆیه‌تی و داوكه‌وتوویی له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا شایه‌تیمان بۆ ده‌دات، هه‌روه‌ها هه‌موومان ده‌زانین گه‌شه‌ی زانست له ڕۆژئاوادا بۆ ئێمه ته‌نها بۆته وه‌رگرتنی ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیایه‌ی دونیای داگیر كردوه له‌گه‌ڵا شاگه‌شكه‌بوون به‌و پێشكه‌وتنه و پێداهه‌ڵگوتن و هۆنینه‌وه‌ی شانامه به باڵایدا، ده‌نا ئه‌گه‌ر زانستێك له هه‌گبه‌ی ئه‌كادیمیسته‌كانی ئێمه‌دا بوونی هه‌بێت و له مه‌ڵبه‌نده‌كانی خوێندن و زانكۆكاندا به‌رهه‌م بهێنرێت، كه‌سێك نییه نكوڵی له‌وه بكات كه ئه‌م زانسته شوێنێكی ته‌واو په‌راوێزی له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌یه و مه‌گه‌ر به وردبین بتوانین كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر واقیعی ژیانی خۆمان هه‌ست پێ بكه‌ین، یان هه‌ست بكه‌ین كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م زانستانه ده‌رئه‌نجامی ڕووداو و دیارده‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع گۆڕیبێت.
ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌مه بابه‌تێكی زانستییه، كه‌چی نابینرێت لێكۆڵه‌ر چنگی به هیچ میتۆدێكی نوێ گهییشبێت له‌پێناو هه‌وڵدان بۆ پێناسه‌كردن و ڕاڤه‌كردنی واقیع و ویستی گۆڕانی، ئه‌و زه‌وییه‌ی ئه‌وان پێیان وایه به ئامێرێكی زانستی كێڵاویانه، پرسیارێكی جیدی تێدا سه‌ر هه‌ڵ نادات و ڕه‌خنه‌یه‌كی چاونه‌ترسانه‌ی لێ سه‌وز نابێت، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی ناوی لێ ده‌نێن پرۆسه‌یه‌كی زانستی، له‌ناو هه‌ناویدا هه‌وڵ نادرێت كۆسپه‌كانی سه‌ر ڕێگه‌ی بیركردنه‌وه و تێڕامان وه‌لا بنرێن و ملكه‌چبوون بۆ ده‌ستوور و ڕێنمایییه چهپێنهرهكان نه‌هێڵرێن و ته‌وقی دۆگماكان بشكێنرێن. پێویسته لێره‌دا زۆر به جیدییه‌وه بپرسین، (ئه‌و شته‌ی له ڕۆشنبیریی ئێمه‌دا زانستیبوونی پێكهێناوه چییه؟ زانستییهتی ئه‌و هه‌موو نامه‌ی دكتۆرا و لێكۆڵینه‌وانه‌ی به‌ناوی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستییه‌وه له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ڕۆشنبیریی ئێمه به‌رهه‌م هێنراون، له چیدایه؟ چین ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی له‌و به‌رهه‌مانه‌دا ڕهچاوكراون و له هه‌مان كاتیش‌دا پێناسه‌ی چه‌مكی زانستیبوونی خۆیان ده‌كه‌ن؟… س8، ل188) ئه‌مانه ئه‌و پرسیارانه‌ن كه پێویسته بخرێنه‌ڕوو به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی كه له‌ژێر سێبه‌ری لێكدانه‌وه‌ی زانستییانه و باسی زانستی و زانستانه‌دا هه‌موو جۆره نووسینێك شوێنی بۆ خۆی كردۆته‌وه. ده‌كرێت لێره‌دا وه‌ڵامێك له وه‌ڵامه‌كان ئه‌مه بێت (كوشتنی خه‌یاڵی مه‌عریفی، ئاماده‌یی دیدێكی دۆگمایی ئایدیۆلۆژی بۆ چه‌مكی زانست و یه‌كسانكردنی كاری زانستانه به‌خۆ له‌قاڵبدانی ڕۆشنبیر له‌ناو ئاڕاسته‌یه‌كی ته‌سكی ئایدیۆلۆژی و لابۆرهكانی ئهكادیمیزهكردندا… هه‌موو ئه‌مانه خه‌سڵه‌ته‌كانی زانستیبوونی به‌شێكی زۆری به‌رهه‌مه‌كانی ناو پانتاییی ڕۆشنبیریی ئێمه پێك ده‌هێنن… س8، ل188).
ئه‌گه‌ر خه‌یاڵی مه‌عریفی به‌وه بخرێته‌گه‌ڕ، سنووره‌كانی به‌رده‌م بیركردنه‌وه بشكێنرێت، هه‌روه‌ها به هیچ شێوه‌یه‌ك بیركردنه‌وه پابه‌ندی هیچ بڕیارێكی پێشوه‌خت نه‌بێت و ئینتیمایه‌كی ئایدیۆلۆژی و ئاڕاسته‌یه‌كی دیاریكراوی ڕه‌خنه‌یی پێش هه‌ڵسه‌نگاندن و تاقیكردنه‌وه به‌خۆوه نه‌گرێت، لێكۆڵه‌ر له یه‌كڕه‌نگیی سیما و ڕوخساری تێكسته‌كان خۆی قوتار بكات و ئه‌نجامه وهدهستهاتوهكان جێ بهێڵێت و به‌ره‌و ئه‌نجامێكی دیكه هه‌نگاو هه‌ڵنێت، خه‌یاڵی مه‌عریفی به‌و مانایه‌ی بیركردنه‌وه به ئازادییه‌كی ڕه‌هاوه بكه‌وێته‌گه‌ڕ و…هتد. به‌ڕاستی ئه‌م وه‌ڵامه ته‌واو ڕاسته، چونكه هه‌موو ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر زیندوویی خه‌یاڵی مه‌عریفی، له زۆربه‌ی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه ئه‌كادیمییانه‌ی په‌یامی زانستیبوونیان هه‌ڵگرتوه، دیارنین. له‌و لێكۆڵینه‌وانه‌دا بیركردنه‌وه له سنوورێكی ته‌سكدا قه‌تیس ده‌خوات، هه‌ر له‌وێوه هه‌ناسه‌ی نوێی ڕاڤه‌كردن و دیدگای تازه دروست نابن، هه‌ر له‌وێوه یه‌كڕه‌نگی ده‌بێته سیما و ڕوخساری تێكسته‌كان، توێژه‌ر له‌ناو ئه‌نجامه وهدهستهاتوهكاندا یاخود ئه‌نجامه چاوه‌ڕوانكراوه‌كاندا ده‌چه‌قێت و دوایی به گه‌ڕانه‌كه‌ی خۆی ده‌هێنێت. هه‌روه‌ك له سه‌ره‌تاشه‌وه ده‌بینرێت بیركردنه‌وه‌ی توێژه‌ر به بڕیار و ئه‌نجامی پێشبینیكراوهوه دێته مه‌یدان. توێژه‌ر ئینتیمای بۆ ئایدیۆلۆژیایه‌ك هه‌یه كه ئه‌سته‌مه له كۆڵی بێته‌وه و ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌گریش بوو ئاڕاسته‌یه‌كی دیاریكراوی ڕه‌خنه‌یی وه‌ها ده‌داته خۆی دیسان ئه‌سته لێی لابدات یان نهیكانه چرایه بۆ تێڕوانینه‌كانی خۆی.
ئێستا با بچینه لای به‌شێك یان چه‌ند دانه‌یه‌ك له‌و توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وانه‌ی له‌سه‌ر سۆفییزم ئه‌نجام دراون، له‌و توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وانه‌دا ده‌بینین ئه‌و چاوانه‌ی له تێڕوانین و سه‌رنجدان له دیارده‌ی سۆفێتیدا به‌شدارن، یان سۆفییانیان خۆشویستوه یان ڕقیان لێی بوه. ئه‌و لێكۆڵه‌ره‌وانه یان به دڵ و به گیان له‌گه‌ڵیدا بوون و په‌سه‌ندیان كردوه، یاخود به‌وپه‌ڕی ڕه‌هایییه‌وه له‌گه‌ڵیدا ناكۆك و دژبوون. هه‌ر بۆیه كه خۆشیان ویستوه له‌نێو ته‌مومژی وههم و سه‌رگوزشته‌ی ئه‌فسانه و لێكدانه‌وه‌ی خورافییانهدا بزریان كردوه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك سه‌رچاوه‌ی ئه‌م ڕێبازه‌یان بردۆته‌وه سه‌ر ئایاتهكانی قورئان و فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام و وته و هه‌ڵسوكه‌وتی یارانی ئه‌م پێغه‌مبه‌ره و به‌ڵگه‌كانیان به‌هێز یان بێ هێز بووبێت به توندی باوه‌شی به‌م باوه‌ڕه‌یاندا كردوه، كه ڕقیشیان لێی بوه، به درۆ و ده‌له‌سه و ڕێگه‌یه‌كی چه‌وتیان زانیوه و هه‌ندێجاریش به كوفر و سیحر و جادووگه‌ری و ئه‌فسووناوی وه‌سفیان كردوه و مانای وتهكان و گوزارشتی كرده‌وه و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیان به پێچه‌وانه و دژ و ناكۆك به ئایینی ئیسلام لێكیان داوه‌ته‌وه و ڕاڤه‌یان كردوه و سه‌رچاوه‌كه‌یان بردۆته‌وه سه‌ر ئیفلاتوونیهتی نوێ و مه‌سیحیه‌ت و یه‌هودیه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ی كۆنی ته‌سه‌وفی هیندی…هتد، نه‌ك سه‌ر ئایاتهكانی قورئان و فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام و وته و هه‌ڵسوكه‌وتی یارانی پێغه‌مبه‌ر، وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك ده‌ڵێت (له دووتوێی نووسراوه سۆفیگهرییهكاندا نه‌خش و سێبه‌ر و ئاماژه و داب و ڕێوڕه‌سمی مه‌سیحییانه و جوله‌كانه و فه‌لسه‌فه‌ی ئیفلاتوونی نوێ و بیری بوزاگهرایی و زه‌رده‌شتی و هیندۆسی و كۆنفۆشیۆسی و جینیهت و غهنووسیهت به‌دی ده‌كه‌ین… س18، ل125) یه‌كێك له‌و سه‌رچاوانه‌ی دژی سۆفییزمه باس له‌وه ده‌كات (سۆفیگه‌رێتی ده‌رگای شه‌ڕێكی ترسناك به‌ڕووی زۆربه‌ی موسوڵماناندا ده‌خاته سه‌رپشت و گه‌وره‌ترینی ئه‌و شه‌ڕانه‌ش ئه‌وه‌یه كه گاڵتهجاڕییان به یهكتاییی خودا كردوه و بنه‌ماكانی ههڵتهكاندوه و زۆربه‌ی موسوڵمانانی خستۆته داوی كردوه و كرداری گومڕایی و هاوتا بۆ خودا په‌یداكردن، خۆ ئه‌گه‌ر بێـت و به‌ر له مردن تۆبه نه‌كه‌ن، ئه‌وا خودا په‌نامان بدات نیشته‌جێی هه‌میشه‌یی جه‌هه‌نه‌م ده‌بن… س16، ل6) هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌یه‌كی تر له زمانی زانایه‌كی شه‌ریعه‌تی ئیسلام به‌م جۆره له سۆفییزم ده‌دوێت و ده‌ڵێت (ئیبن جه‌وزی كه زانایه‌كی ئایینی به‌ناوبانگه، سۆفی به‌وه تاوانبار ده‌كا، كه باوه‌ڕی به‌وه‌یه كه خودا له مرۆڤدا دۆناودۆن ده‌كا و له خوێندنی قورئان دوور كه‌وتۆته‌وه و خه‌ریكی سه‌ما و گوێگرتنه له حه‌ز و هاوڕێیه‌تی منداڵی لوسكه و ته‌ماشای هه‌رزه‌كاری بێ موو ده‌كات… س11، ل72-73). له‌م چه‌ند ئاماژه‌یه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وانه‌ی له سۆفییزم دواون، كه له‌گه‌ڵیدا ته‌بابوون به حه‌ڵاڵ و خودایی و به‌هه‌شتییان داناوه، كه له‌گه‌ڵیشیدا دژبوون به حه‌رام و شه‌یتانی و جهههنهمییان خانه ڕیزكردوه، بۆیه به ڕاستی ئه‌وه‌ی لێره‌دا وه‌ك پرۆسه‌یه‌ك به گه‌رمی و چالاكانه ڕوو ده‌دات، ته‌نها پرۆسه‌ی تۆمه‌تباركردنه، چونكه ئه‌و نووسه‌ر و لێكۆڵهرهوانهی كه ئه‌و ڕێبازه‌یان نه‌گرتۆته‌به‌ر، هه‌ر به چه‌شنی دوژمنێكی ئه‌وان ڕێبازی سۆفییهكانیان به ڕێگه‌یه‌كی چه‌وت و خوار داناوه و به‌لادان له ئایین و ده‌ستووری ڕێگه‌پێدراویان زانیوه، هه‌ندێكیشیان هه‌ر به‌وه‌وه نه‌وه‌ستاون، سۆفییزمیان به‌گرتنه‌به‌ری ڕێگه‌یه‌كی دژ به زانست و پێچه‌وانه‌ی ئاڕاسته‌ی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵ پێناسه كردوه. زۆربه‌ی ئه‌و نووسه‌رانه‌ش كه سه‌ر به ڕێبازی ته‌سه‌وف بوون ته‌واو هه‌وڵیان داوه پێچه‌وانه‌ی ئه‌م وتانه بسه‌لمێنن.
توانا و چوستی پرۆسه‌ی تاوانباركردن لێره‌دا له‌وێوه دێت كه بابه‌تێكی وه‌ك بابه‌تی ته‌سه‌وف له لای ئه‌م نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ره‌وانه نه‌بۆته بابه‌تێك بۆ به‌ڕاستی بیركردنه‌وه لێی، به‌ڵكو هه‌ر له ده‌ستپێكردن و سه‌ره‌تاكانی لێدوانیانهوه، ئه‌مان واته ئه‌و نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ره‌وانه یان لایه‌نگرانی ئه‌م ڕێبازه بوون و له‌گه‌ڵیدا ته‌بابوون، شانامه‌یان بۆ پێشه‌وایان و ڕێبازه‌كه‌یان هۆنیوه‌ته‌وه، یاخود نه‌یارانی ئه‌م ڕێبازه بوون و دژی وه‌ستاون و كه‌وتوونه‌ته سه‌نگه‌رگرتن و سازدانی شه‌ڕ و دوژمنایهتینانهوه، بۆیه ده‌ڵێم ڕه‌نگه به هه‌ڵه‌دا نه‌چووبێتم گه‌ر پێم وابێت له‌م ڕه‌وه‌نده‌دا دیارده‌یه‌كی گرینگی نێو مه‌یدانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی و ئه‌ده‌بیی كۆمه‌ڵگای ئێمه و زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگاكانی ده‌وروبه‌رمان كه دیارده‌ی ته‌سه‌وفه له‌لایه‌ن زۆربه‌ی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی تا ئێستاش لێی دواون، ته‌نها به چاوی دوالیزمی ئایینییه‌وه ته‌ماشایان كردوه، كه ئه‌م دوالیزمه ئایینییه‌ش لێره‌دا به دوالیزمی (دژبوون- ته‌بابوون) ناودێر ده‌كه‌م، وه‌ك وتمان به‌رامبه‌ر به دیارده‌ی سۆفێتی چالاكانه له كاردایه.
ئه‌و كۆمه‌ڵه نووسه‌ره‌ی كه ده‌كه‌ونه ده‌سته‌ی دژبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی كه ده‌كه‌ونه ده‌سته‌ی ته‌بابوونه‌وه، هه‌ردووكیان به‌رامبه‌ر به دیارده‌ی سۆفیگه‌ری و هه‌موو ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ی كه هه‌یان بوه، له‌نێو واقیعی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی سه‌رجه‌م ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه تێیدا ده‌ركه‌وتوون، به‌رامبه‌ر به ئه‌نجامدانی هه‌موو ئه‌و كاره سه‌یر و نائاساییانه‌ی كه كه‌وتوونه‌ته سه‌روو توانای مرۆڤی ئاساییه‌وه و سۆفییان كردوویانه، ئه‌مان واته هه‌ردوو ده‌سته‌كه ڕه‌نگه بێ ویژدانی نه‌بێ گه‌ر پێم وا بێت له زۆربه‌ی نووسراوه‌كانیاندا قسه‌كانیان له قسه‌ی سه‌رپێی زیاتر و ڕه‌خنه‌كانیان له ڕه‌خنه‌ی سه‌رپێی زیاتر نه‌ترازاوه و مۆركێكی زانستییانه‌یان پێوه نه‌بوه و بێبه‌ری بوه له بیركردنه‌وه و تێڕامانێكی بابه‌تییانه‌ی قووڵ، بێبه‌ری بوه و خاڵی بوه له شیكردنه‌وه و ڕاڤه‌كردنێكی زیره‌كانه. ڕه‌نگه پاش ئه‌م بڕیارانه‌مان خوێنه‌ر وا هه‌ست بكات منیش دووباره كه‌وتوومه‌ته‌وه نێو گه‌مه‌ی پرۆسه‌ی تۆمه‌تباركردنه‌وه، بۆیه به‌ر له‌م گومانه ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه بزانین كه هه‌رگیز نابێ پرۆسه‌ی تۆمه‌تباركردن به پرۆسه‌ی ڕه‌خنه بچوێنین و یه‌كسان بكه‌ین، چونكه پرۆسه‌ی تاوانباركردن خۆی له خۆیدا به ناشیرین ته‌ماشاكردنی تۆمه‌تبار كراوه، پاش به ناشیرین ته‌ماشاكردنی ئومێد خواستنه به له‌ناوبردنی، به‌ڵام پرۆسه‌ی ڕه‌خنه‌گرتن به ناشیرین ته‌ماشاكردنی ڕه‌خنه لێگیراوه و پاش به ناشیرین ته‌ماشاكردنی ئومێدخواستنه به جوانكردنی، به جوانكردنی نه‌ك له‌ناوبردنی.
به‌لای ده‌سته‌ی دژبوونه‌وه دژایه‌تیكردنی سۆفییزم له‌پێناو ئه‌وه‌دا بوه كه زیاتر دڵسۆزی و بهندهییی خۆیان بۆ خودا دووپات بكه‌نه‌وه، پاتی بكه‌نه‌وه و بیسه‌لمێنن كه ئیماندارێكی ملكه‌چ و په‌یڕه‌وكه‌ری ئایینی ئیسلامن، بۆ نموونه له سه‌رچاوه‌یه‌كدا هاتوه (سۆفیگه‌رێتیی موسوڵمان له قورئانخوێندن و و سونه‌تی پێغه‌مبه‌ر و دوورده‌خاته‌وه و وای لێ ده‌كات قسه و زیكر و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و گومڕایانه‌ی له قورئان به لاوه په‌سه‌ندتر بێت، هه‌رگیز له فه‌رمووده ڕاست و ڕهوانهكاندا تاقه جارێكیش باسی وشه‌ی ناحه‌زی سۆفیگه‌رێتی نه‌كراوه… س16، ل16-17) هه‌روه‌ها به‌پێی تۆماری سه‌رچاوه‌یه‌كی تر (ئیبن بابوبیه و ئه‌حمه‌دی ئه‌رده‌بیلی و مه‌لا صه‌درا، سۆفی و سۆفیگهرێتییان به گومڕا و سه‌ركێش و نه‌فام و بێ عه‌قڵا و لاده‌ر له ئایین وه‌سفكردوه…س11، ل66) ئه‌م بۆچوونه‌ش له ئه‌ده‌بی زۆربه‌ی گه‌لانی موسوڵماندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و گه‌ییشتۆته ئه‌وه‌ی توانج و لاقرتێ و بهسووكسهیركردن له ئه‌ده‌بدا سه‌رده‌ر بهێنێت، له ئه‌ده‌بی كوردیشدا ئه‌م بۆچوونه ده‌بینین بێگومان به‌تایبه‌تی و به زۆری به‌رهه‌می شیعریی، وه‌ك له چه‌ندین شیعری (مه‌حوی)دا ئه‌مه به‌یان كراوه‌و له هه‌ندێ جێگه‌شدا ئه‌م شاعیره گه‌وره‌یه‌ی كورد، گاڵته‌جاڕی به خوداناسیی سۆفییه‌كان دێت و بێ ئه‌رزش و بێ قورسایی سه‌یریان ده‌كات و به شتی بێ به‌ها و پڕوپووچ ده‌یان شوبهێنێ، هه‌رچه‌نده باسه‌كه‌مان خوێندنه‌وه‌ی شیعر نییه و خوێندنه‌وه‌ی شیعر و هه‌ڵسه‌نگاندنی پێویستیی به میتۆد و ڕێبازی ئه‌ده‌بی و ڕه‌خنه‌یی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و به كه‌ره‌سته‌ی تر و جیهانبینی تر قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌ڵام لێره‌دا ته‌نها له‌پێناو بینینه‌وه‌ی ئه‌م مه‌به‌سته‌ی باسه‌كه‌مان له چه‌ند شیعرێكدا، ئاماژه‌یه‌كی ڕووكه‌شانه به چه‌ند پارچه شیعرێكی چه‌ند شاعیرێك ده‌كه‌ین و ئه‌و بۆچوونه‌ی له‌سه‌ر سۆفییان هه‌یان بوه، وه‌ر ده‌گرین و ده‌یخه‌ینه‌ڕوو، ئه‌وه‌تا ئه‌م شاعیره‌مان واته (مه‌حوی) له‌م دێڕه شیعره‌دا ده‌ڵێ:
تهعهججوب گرتمی سۆفی، كه ته‌سبیحم له ملیا دی
كه بێ ته‌قریبه پیرێژن له‌به‌ریا بێت به‌رو بهرمور (س2، ل129)
سه‌رچاوه‌ش زۆرن كه باس له نامۆبوونی ئه‌م ڕێبازه به دونیای ئیسلام ده‌كه‌ن و ده‌یگه‌ڕێننه‌وه بۆ سه‌ر چاوگه‌ی تر، ئه‌م ده‌سته‌یه‌ی كه ناكۆكن له‌لایه‌كی تره‌وه پێیان وا بوه به وه‌ستانیان دژ به سۆفییزم خزمه‌ت به خه‌ڵكی و وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن و ته‌می خورافات و دواكه‌وتوویی له سه‌ریان ده‌ڕه‌وێننه‌وه. بڕوایان وا بوه كه بوونی دیارده‌ی سۆفییزم گوزارشت له نزمی ئاستی زانست و ڕۆشنبیری و بێ هێزیی توانای بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه ده‌كات كه تیایاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه كه هه‌ندێ نووسه‌ری ده‌سته‌ی دژبوون سۆفییزمیان به دیارده‌یه‌كی ناشارستانی ناوبردوه و پێیان وا بوه كه ئه‌و كاره سه‌یر و نائاساییانه‌ی سۆفییان ده‌یانكه‌ن گشتیان درۆ و ده‌له‌سه‌ن و زانست هیچ باوه‌ڕی پێیان نییه، باوه‌ڕ پێ بوونیشی به لایانه‌وه باوه‌ڕكردنه به وههم و خورافات. ئه‌مه له‌كاتێكدا به‌دڵنیایییه‌وه ده‌زانین نه مه‌رجه و نه پێوه‌ریشه هه‌ر دیارده‌یه‌ك یان شتێ زانست له هه‌ر سه‌رده‌م و ڕۆژگارێكدا نه‌یتوانی ڕاستێتی بسه‌لمێنێ، ئیتر ئه‌م قسه و لێكدانه‌وانه ڕاست بێت واته، باوه‌ڕ پێ بوونی وههم و خورافات بێت. بێجگه له‌وه‌ش به هیچ پێوه‌رێكی مه‌نتیقی ئه‌وه‌یان نه‌سه‌لماندوه كه ئه‌م دیارده‌یه و ئه‌م كاره سه‌یر و نائاساییانه نازانستی و خورافی بن، ده‌بێت بزانین لێكدانه‌وه زانستییه‌كان خۆیان نكولی له‌وه ناكه‌ن، كه زانست هه‌رچه‌نده هه‌نگاوی گه‌وره بنێت و هه‌رچه‌نده له پێشكه‌وتندا بێت، هێشتا هه‌ر له‌به‌رده‌م زۆر نهێنی و زۆر گرفت و كێشه‌ی سه‌رده‌مدا هه‌ر ده‌سته‌وه‌ستان و لاوازه و بۆ زۆر له پرسیاره‌كان بێ وه‌ڵامه. هه‌روه‌ها گه‌لێك جاریش ئه‌و پێكهاته‌یه‌ی كه دای ده‌ڕێژێ و یاسای له‌سه‌ر دروست ده‌كات و لێكدانه‌وه و شیكاركردنی پێ ئه‌نجام ده‌دات، كه‌چی له ناكا و ئه‌و پێكهاته‌یه ده‌گۆڕێت یان هه‌ره‌س ده‌هێنێت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ش كه پێویسته گومانمان نه‌بێت له‌وه‌ی كه هه‌ر زانستێك دوای ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی سه‌لمێنراو گوزه‌ر ده‌كات به ناو كۆمه‌ڵێ ڕاستیی بهناویهكچوودا، له ده‌ره‌نجامدا هه‌ندێ به‌رهه‌می ڕێژه‌ییمان لێ ده‌ست ده‌كه‌وێت، نموونه‌ی ئه‌م تێڕوانینه‌ش كه‌وا ئه‌زانێ گرتنه‌به‌ری ڕێگه‌ی سۆفێتی گرتنه‌به‌ری ڕێگه‌ی تاریكی و نه‌زانینه و، پێچه‌وانه‌ی ئاڕاسته‌ی پێشكه‌وتنه له‌نێو ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا، دیسان به‌تایبه‌ت شیعر گه‌لێ زۆره. ئه‌م بۆچوونانه به ئاشكرا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ش كه شاعیران تانه‌و ته‌شه‌ریان گرتۆته سۆفییان، ئه‌وه‌تا شاعیر كورد (قانیع) له‌م سێ دێڕه شیعره‌دا ده‌ڵێ:
بێ قه‌زابێ مامه سۆفی… تابێ ڕیشی پان ئه‌كا
قل به فل حاڵی بوه، چی ئیدیعای ویژدان ئه‌كا؟
خه‌ڵكی گه‌ییه جه‌لبی ڕۆم و ئه‌و خه‌ریكی شانه‌یه
حه‌ز له ته‌زبیحی گڵین و خڕنووك و قه‌زوان ئه‌كا
وا دراوسێ كه‌شفی مانگ و ڕۆژ ئه‌كه‌ن ئێمه‌ش شوكور
كاكه ده‌روێش وا خه‌ریكه كه‌شفی دۆڵه‌ی نان ئه‌كا (س3، ل33)
هه‌ر له نموونه‌ی توانجبارانكردنی سۆفییان و ته‌شه‌ر و پلارهاویشتن بۆیان، (بێكه‌س)ی شاعیر له شیعری (شێخه‌كان)دا ده‌ڵێت:
كه‌ی خودا فه‌رمووی كه وه‌ك گا بۆڕه بۆڕ ده‌ست پێ بكه‌ی
ورگی خۆت ڕووتكهی به شمشێر لێی بده‌ی تا هه‌ڵدڕێ
سه‌د ئه‌سه‌ف بۆ دینی ئیسلام چه‌ند په‌رێشان بوو له ده‌ست
شێخ و ده‌روێش و مه‌لای…. خوایه ئهمسالیان بڕێ (س4، ل27)
ئه‌م گاڵته‌جاڕی و لاقرتێیهی لای شاعیرانمان (به‌تایبه‌ت شاعیرانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م) ته‌نها به سۆفییزم و ئادگار و سرووته‌كانیان نه‌بوه، به‌ڵكو هه‌ر دوای هاتنی باهۆزی خۆرئاوا به سوپای چه‌كدار و فه‌رهه‌نگ و زمانی جیاواز و چارشێوی زانسته‌وه، ئیتر لای شاعیرانی ئێمه سه‌رده‌م بوو به سه‌رده‌می زانست و شاعیرانمان نه‌غمه له‌سه‌ر نه‌غمه گۆرانی‌یان بۆ زانست باهۆزی پێشكه‌وتن ده‌چڕی. هه‌ندێكیان لاقرتێیان به زۆر له بیروباوه‌ڕ و به‌ها پێشینهیییهكان و نه‌ریته ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كرد، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ش كه ئه‌م كارانه‌یان به ئه‌ركێكی پیرۆز و پێویست ده‌زانی. هاتنی ئه‌م باهۆزه و چڕینی ئه‌م نه‌غمه‌یه، یۆتۆپیایهكیان لێ سه‌وزبوو، یۆتۆپیایه‌ك كه وه‌ك به‌ختیار عه‌لی له (نارسیسی كوژراو) دا ناوی لێ ده‌نێت (یۆتۆپیا ته‌مه‌ن كورته‌كان، یاخود یۆتۆپیا جوانهمهرگهكان… س7، ل152) به‌و پێیه‌ی كه ئه‌م خه‌ونانه واقیعی نه‌بوون و ئه‌م باهۆزه ته‌نها وه‌رگرتنی ته‌كنه‌لۆژیا بوه و ته‌نها به باڵادا هه‌ڵنان و سروود و گۆرانیوتنی بۆ زانست لـێ سه‌وز بوه، نه‌ك به‌ڕاستی له هه‌ناوی كۆمه‌ڵگادا زانست گه‌شه‌ی كردبێت و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیانی واقیعی هه‌بووبێ و ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان و ئاكامه‌كانی گۆڕیبێت.
كاره‌ساتێك كه‌وا ده‌كات له‌م ڕه‌وه‌نده‌دا خه‌م و نیگه‌رانیمان زیاد بكا ئه‌وه‌یه كه دژایه‌تیكردنی سۆفییزم به‌م ئاستانه‌وه نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵكو گه‌شه‌ی كردوه و ئاستێكی وه‌های به‌خۆیه‌وه دیوه كه سۆفییانی تووشی ئاواره‌یی و ڕاوه‌دوونان كردوه، بۆ نموونه (ئیبراهیمی كوڕی ئه‌دهه‌م كه له‌نێوان ساڵانی (716-777) زایینی ژیاوه، یه‌كه‌مین سۆفی موسوڵمانه له ئێران له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌یگوت ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵا خودا گفتوگۆ ده‌كات دوورخرایه‌وه بۆ شام و له‌وێ كۆچی دوایی كرد… س19، ل217) ده‌بێت بزانین پرۆسه‌ی تۆمه‌تباركردن ته‌نها به ناووناتۆره‌و جنێو و لاقرتێكردن دوایی نایه‌ت و ئاكامه‌كانی هه‌ر ئه‌وه‌نده نیین، سۆفییان به ده‌ستی ناحه‌زان و دوژمنانیان ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یان چه‌شتوه و هه‌وڵی له‌ناوبردنیان دراوه، هه‌رده‌م مڵۆزمهكانیان ویستوویانه قه‌ڵاچۆیان بكه‌ن. كارگهییشتۆته ئه‌وه‌ی كه هه‌ردوو پێشه‌وای سۆفییان (حسێن مه‌نسوری حه‌للاج و یه‌حیای كوڕی حه‌به‌ش سه‌هروه‌ردی) به ده‌ستی نه‌یارانیان له‌ناو براون و له‌داردراون، كه ئه‌مانه بێگومان ده‌ره‌نجامی ته‌حه‌ممول نه‌كردنی ڕای جیاواز و شێوه و كاریگه‌رێتیی بیركردنه‌وه‌كانیان بوه، به‌و ده‌رده‌ی بردوون، ئه‌م ده‌رئه‌نجامه له‌وێوه دێت كه دونیا به چاویلكه‌یه‌كی ئایدیۆلۆژییه‌وه ته‌ماشا ده‌كرێ و هه‌موو شتێ تێیدا بڕیاری پێشینه‌ی به‌سه‌ردا ده‌درێت، ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت ناخوێنرێته‌وه، به‌ڵكو ته‌نها ئه‌وه‌ی مێشكێكی دۆگمای ئایدیۆلۆژی بیری لـێ ده‌كاته‌وه به‌شه‌ر شته‌كاندا ده‌چه‌سپێنرێ و به بڕیاره ئاماده‌كراوه‌كان بارگاوی ده‌كرێن. هه‌رچه‌نده له‌مه‌ڕ له‌داردانی حوسه‌ین مه‌نسوری حه‌لاج بۆچوونێكی تر كه پێی وایه حه‌لاج غیرقهتی سۆفێتی تووڕههڵداوهو هاتۆته گۆڕه‌پانی ململانێی فیكری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و ڕۆژگاره‌دا ده‌سته‌ویه‌خه بوه، هه‌ر ئه‌م ململانێ و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی له بیروباوه‌ڕی باو و سه‌روه‌ری ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و سه‌رده‌مه بوه هۆی ئه‌وه‌ی له‌سێداره‌ی بده‌ن (س10، ل245-270) هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی سههروهردیش (ئیبن ته‌یمیه، ئه‌م سۆفییه به‌وه تاوانبار ده‌كات، كه لافی پێغه‌مبه‌رایه‌تی لێداوه… س14، ل116) بۆیه بیر و بۆچوونه‌كانی به كوفر و شێواندنی مێشكی خه‌ڵك و تێكدانی كۆمه‌ڵگا لێكدراوه‌ته‌وه و له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش گیراوه و فه‌رمانی كوشتنی دراوه و به‌سه‌ریدا جێبه‌جێ كراوه.
به‌رده‌وامین له‌سه‌ر ئاماژه‌كردن به چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك كه ده‌رباره‌ی سۆفییزم قسه‌یان كردوه، یه‌كێك له نووسه‌رانی ده‌سته‌ی دژبوون له‌جێگایه‌كدا ده‌ڵێت (ده‌بێت وریابین چه‌ند زه‌نگێكی ترسناك له‌ئارادایه كه شوێنی به بیر و باوه‌ڕی ڕاست له دڵ و ده‌روونی زۆربه‌ی موسوڵماناندا له‌ق كردوه، به ده‌نگی نازوڵاڵی جوانی و به‌رزیی ئه‌م ئایینه‌ی شێواندوه…س12، ل15) ئه‌م دژه سۆفییه مه‌به‌ستی له‌و زه‌نگه ترسناكه و ئه‌و ده‌نگه نازوڵاڵه سۆفیگه‌رییه و پێی وایه كه سۆفیگه‌ری شوێنی به بیروباوه‌ڕی ڕاست له دڵ و ده‌روونی زۆربه‌ی موسوڵماناندا له‌ق كردوه، شوێنی پێ لهقكردوه و ڕێز و به‌رزیی ئایینی ئیسلامی لهكهداركردوه. هه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه‌یه قسه‌یه‌كی (ئیبن ته‌یمیه)ی نووسیوه‌ته‌وه و وه‌ك وته‌یه‌كی زۆر سه‌نگین و نایاب ده‌یخاته‌ڕوو، (ئیبن ته‌یمیه) له‌باره‌ی سۆفییانه‌وه ده‌بێژێت (به‌هۆی ئه‌م هه‌ڵبه‌زینه‌وه و دههۆڵكوتانهیانهوه شه‌یتان ئاوێته‌یان بوه.. هه‌ندێ وشه‌ی سه‌یرسه‌یر له ده‌میانه‌وه ده‌رده‌چێت كه شه‌یتان ده‌یخاته سه‌رده‌میان… س12، ل39) هه‌ر ئه‌م كه‌سه‌ی وه‌ك زانای شهریعهتناسی ئیسلامی ناسراوه‌و ڕێزی ده‌گرێت به یه‌كێكی تر له سۆفییه ناوداره‌كان كه (ته‌لمه‌سانی) یه ده‌ڵێت (به‌دڕه‌وشت و داوێنپیس… س11، ل78) گوایه ئه‌م سۆفییه واته (ته‌لمه‌سانی) وتوویه‌تی (قورئان هه‌مووی هاوتا په‌یداكردنه بۆ خودا و یه‌كتایی له قسه‌ی ئێمه‌دایه…س16، ل197) بێگومان ئه‌م وته‌یه‌ی ته‌لمه‌سانی ته‌نها ڕووكه‌شانه وه‌رگیراوه و هه‌وڵ نه‌دراوه مانا و ده‌لاله‌ته شاردراوه‌كانی له‌ناو ئه‌و سیاقه‌ی قسه‌كه‌ی تێدا كراوه كه‌شف بكرێت و ڕه‌هه‌نده‌كانی شی بكرێنه‌وه و ته‌ئویل بكرێت، بۆیه هه‌ر شتێك به‌م شێوه‌یه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێ و لێی بڕوانرێت، له‌پێشدا به كافر و بێ دین و دواتر به تێكده‌ر و شێوێنه‌ری شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگا و ئه‌خلاقی مرۆڤ و ئینجا به به‌دڕه‌وشت و داوێنپیس تۆمه‌تبار ده‌كرێت، دوای تیرۆری كه‌سێتی و مه‌عنه‌وی ئه‌گه‌ر توانرا هه‌وڵی له‌ناوبردنی فیزیكی و تیرۆری جه‌سته‌ی ده‌درێت.
ئه‌وه‌ی زۆر مه‌ترسیدار بوه به‌لای به‌شێكی زۆری دوژمنانی سۆفییزمه‌وه ئه‌وه بوه، كه به توندی قه‌ناعه‌تیان به‌وه هێناوه (سۆفییه‌كان لافی غهیبزانییان لێداوه و بیرۆكه‌ی به‌خودابوونی سۆفییان په‌یڕه‌وكردوه…س17، ل25) بۆیه بڕیاری زۆر توند و مه‌ترسیداریان ده‌ركردوه، ئه‌م بڕیارانه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و زه‌مینه‌یه سه‌وزبوون كه عه‌قڵی شهریعهتپارێزانی ئایینی ڕه‌خساندوویه‌تی، له‌م قسانه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت سروشتی ئه‌م عه‌قڵه به‌شێوه‌یه‌كه كه ئه‌گه‌ر تیغی لێكدانه‌وه و بیركردنه‌وه‌ی له به‌رامبه‌ر هه‌ر دیارده‌یه‌كدا كولبوو، ئه‌گه‌ر هۆشیاریی ئه‌و عه‌قڵه دركی به نهێنییه‌كانی ئه‌و دیارده‌یه نه‌كرد، یه‌كسه‌ر پاڵنه‌ر و خوڵقێنه‌ره‌كه‌ی زۆر به ئاسانی ده‌خه‌نه پاڵ هێزێكی نادیار، كه ئه‌گه‌ر دیارده‌كه به‌پێی مه‌نتیق و پێوانه‌ی ئایدیا و بیر و باوه‌ڕه‌كه‌یان جوان بوو، به چاك و په‌سه‌ندیان زانی، ده‌یخه‌نه پاڵ خودا و ئه‌گه‌ر ناشیرین بوو، به خراپ و ناپه‌سه‌ند له‌قه‌ڵه‌میاندا، سه‌رچاوه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دیارده‌یه ده‌گه‌ڕێننه‌وه سه‌ر شه‌یتان و به لایانه‌وه فیتنه‌ش بێت، شه‌یتان به هه‌ڵگیرسێنه‌ری ئه‌م فیتنه‌یه داده‌نرێت.
درێژه به‌م گه‌شته‌مان ده‌ده‌ین و ده‌چینه سه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌كی تری ده‌سته‌ی دژبوون و نووسینێكی دیكه‌یان ده‌خوێنینه‌وه، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ش له‌وانی پێشوو توندتر ده‌دوێ، هه‌ڵوێستی ڕه‌قتر و سه‌ختتر له به‌رامبه‌ر سۆفییاندا ده‌نوێنێ و داخلهدڵانه ئه‌مه‌مان پێده‌ڵێن (سۆفیگه‌ری له ڕیشه‌و به‌ردی بناغه‌وه خواره، هه‌زار ساڵه تا توانیویه‌تی زه‌ره‌ری به ئێمه گه‌یاندوه، ئێستا وه‌ختی ئه‌وه هاتوه كه له ڕیشه‌وه ههڵپسێ و له بناغه‌وه تێكبڕوخێ… س6، ل15) داخله‌دڵی و بوغز و قینی له سۆفییان هه‌ر به‌وه‌شه‌وه ناوه‌ستێ و بانگه‌وازی وێرانكردنی سیستمی فیكری و ڕاماڵینی كولتوور و مه‌عریفه‌ی سۆفییان ده‌دات، بانگه‌واز ده‌رده‌كا و به ده‌نگێكی ناسازگار هاوار ده‌كات (ئه‌و په‌رتووكه به‌تاڵ و بێ ئه‌رزشانه‌ی كه له سۆفییان به‌جێماون، ده‌بێت هه‌موو بسوتێن و له‌ناو بچن، ده‌بێت ته‌واوی بخرێته نێو چاڵاو و بڕژێنه ناو به‌حر، ئه‌و كارانه‌ش هه‌موو ویستی خوای گه‌وره‌ن و بێگومان دێنه‌جێ… س6، ل15) نه‌یارانی سۆفییزم بێجگه له‌وه‌ی كه سۆفییان به لاده‌ر له ئایین و حه‌رامكردنی هه‌ندێ ڕه‌فتاری حهڵاڵكراوی ناو ئایینی ئیسلامی تاوانبار ده‌كه‌ن، وه‌ك ژننههێنان و گۆشتنهخواردن، پێیان وایه كاتێك ژن ناهێنن تووشی هه‌ندێ خووی خراپ و ناپه‌سه‌ند ده‌بن، وه‌ك نێربازی و زیناكردن و كاتێك گۆشت ناخۆن هه‌ندێ به‌دكاری دیكه دێته ڕێیان وه‌ك زیخ و ورده شووشه خواردن.. هتد، كه ده‌ڵێن ئه‌م كارانه زۆر دوورن له ئادابی ئیسلامییه‌وه. سه‌ره‌ڕای گوناهی ئه‌م كارانه‌ی كه ده‌یكه‌ن، ژنهێنان و گۆشتخواردن دوو كاری حهڵاڵكراون به‌پێی ده‌ستووری ڕێگه‌پێدراو و تایبه‌تی و ده‌بێت هه‌موو موسوڵمانێك په‌یڕه‌وی بكات و حه‌رامكردن و دووره‌په‌رێزبوون لێی به ئه‌نقه‌ست خۆی له خۆیدا گوناهه و لادانه له ئایین. له‌گه‌ڵ تۆمه‌تباركردنی سۆفییان به‌م گوناهانه له هه‌مان كاتدا به بێكار و ته‌مبه‌ڵ و تێكه‌ڵاوبوونیان له‌گه‌ڵا جنۆكه و شه‌یتان ده‌زانن، ده‌ڵێن خودا بێجگه له‌وه‌ی بێكاران و تهمبهڵانی خۆش ناوێت، موسوڵمان زیاتر چوست و چالاكی و ئیشوكاره جوانه‌كانی له‌لای خودا خۆشه‌ویستی ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا ده‌ڵێن ئه‌مان (واته سۆفییان) سه‌ره‌ڕای بێكاری و تهمبهڵییهكهیان، هه‌ڵده‌ستن به هه‌ندێ كاری ناشیرین و ناپه‌سه‌ندی تریش، وه‌ك سواڵكردن و ده‌ستپانكردنه‌وه له خه‌ڵك و له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكانی تر خۆیان ده‌ژێنن و به‌ری ئاره‌ق و ڕه‌نج و ماندووبوونی كه‌سانی دیكه ده‌خۆن، له‌م كارانه‌ش خراپتر و گوناهتر ده‌كه‌ن كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر هه‌ندێكیان ژن و منداڵیان هه‌بوو، ئه‌وا له‌به‌رئه‌وه‌ی كار و كاسپی ناكه‌ن و بژێویی خۆیان و ژن و منداڵه‌كانیان ناتوانن په‌یدا بكه‌ن، به ناچاری خۆیان ده‌دزنه‌وه و ماڵ و منداڵه‌كانیان به‌جێ ده‌هێڵن، پاساو بۆ ئه‌م به‌جێهێشتنه‌ی ماڵ و منداڵه‌كانیان به‌وه ده‌هێننه‌وه و خۆیان له‌ژێر باری گوناه و لێپرسینه‌وه ڕزگار ده‌كه‌ن، كه گوایه له‌پێناو عیباده‌تی خودا و گه‌ییشتن به حه‌ق و زاتی خواوه‌ند خۆیان گۆشه‌گیر و دووره‌په‌رێز كردوه و هه‌موو شتێكی دنیا و هه‌موو خۆشییه‌ك و ته‌نانه‌ت هه‌موو كه‌سێكیشیان به ژن و منداڵهكانیشیانهوه فه‌رامۆش كردوه.
با ئه‌م هه‌موو گوناه و تاوانانه‌ی كه ده‌یده‌نه پاڵ سۆفییان له‌لایه‌كه‌وه بوه‌ستێ، له‌ولای تره‌وه چه‌ندین وته‌ی گه‌وره پیاوان و ناودارانی سۆفییان ده‌هێننه‌وه به نموونه‌ی كوفر و وته‌ی دژ به ئایین، ئه‌و وتانه‌ش زیاتر سووریا‌ن ده‌كات له‌سه‌ر كافربوون و لهدیندهرچوونی سۆفییان، ئه‌و وتانه وایان لێ ده‌كات زیاتر به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر حه‌قبوونی خۆیان و ناحهقبوونی سۆفییان به‌هێزتر و بێگومانتر بێت، له نموونه‌ی ئه‌و وتانه‌ش كه له لایان به كوفر داده‌نرێت (انا الحق)ه‌كه‌ی حه‌لاج و ئه‌و قسانه‌ی بایه‌زیدی بوستامین كه له كتێبی (شگحات الصوفیه) دا تۆماركراون، كه ده‌ڵێ (ئه‌ی خودا تۆ ئاوێنه‌ی من بوویت، ئێستا من ئاوێنه‌ی تۆم… ئای له‌گه‌وره‌یی من. ئه‌گه‌ر جارێك من ببینی له هه‌زارجار بینینی خودا چاكتره… به‌و خودایه به‌یداخی من له به‌یداخی موحه‌ممه‌د بڵندتره…س13، ل30) هه‌روه‌ها وتووشیه‌تی (له‌م عهبایهدا بێجگه له خودا، كه‌سی تری تێدا نییه… س15، ل80) یان وتوویه‌تی (بمپه‌رستن، چونكه بێجگه له من خودای دیكه نییه… س24، ل116)
ڕه‌نگه لیستی ئه‌و وتانه‌ی زۆر له‌مانه‌ی ئێره زیاتر درێژببنه‌وه كه به پێوه‌ر و كه‌ره‌سته‌ی شهریعهناسی زه‌حمه‌ته بتوانرێ وه‌ها لێك نه‌درێنه‌وه كه نه‌چنه خانه‌ی كوفر و ئیلحاد بێ بایه‌خكردنی پیرۆزییه‌كان و به‌كه‌م زانینی قورده‌تی قادر و یان خۆخستنه ئاست توانای خودا، لێره به كورتی ئاماژه بۆ هه‌ندێكی تر له‌و وتانه ده‌كه‌ین، ده‌ڵێن جارێكیان بایه‌زیدی بوستامی به یه‌كێك له موریده‌كانی ده‌ڵێت: جارێك من ببینی له‌وه باشتره هه‌زارجار خودا ببینی، هه‌روه‌ها وتوویه‌تی: من خودای به‌رز و باڵای ئێوه‌م. هه‌روه‌ها حه‌للاج وتوویه‌تی گومڕایی و گومان هه‌ر به‌ناو لێكدی جیاوازن، له‌ناوه‌ڕۆكدا جیاوازییان نییه، یان له سه‌رچاوه‌یه‌كی تر ئاماژه بۆ قسه‌یه‌كی تری حه‌للاج كراوه كه ده‌ڵێت (من ده‌توانم وه‌ك ئه‌و قورئانه بدوێم و بنووسم… س18، ل209) هه‌روه‌ها سۆفییه‌كی ناسراوی تر به‌ناوی (شبلی) وتوویه‌تی (خودا به‌نده‌گه‌لێكی هه‌یه ئه‌گه‌ر تف له جه‌هه‌ننه‌م بكه‌ن ده‌یكوژێننه‌وه… س13، ل43) یان سۆفیی به‌ناوبانگ (ئیبن عه‌ره‌بی) دیار وێڕای ئه‌وه‌ی كه زۆر له شیعره‌كانی به‌پێوه‌ری شهریعهتناسی به ئیلحاد و كوفر له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێن، سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه وتوویه‌تی (خودا به‌نده‌یه و به‌نده‌ش خودایه… س16، ل190)
سه‌رچاوه‌كان
كوردییه‌كان:
1- بنه‌ما دینییهكانی ڕۆشنبیری كورد، مه‌ریوان وریا قانع، گۆڤاری یه‌كگرتن، ژماره (16) .
2- دیوانی مه‌حوی، لێكۆڵینه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس و محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم، چاپی دوه‌م، به‌غدا.
3- دیوانی قانع، كۆكردنه‌وه‌ی بورهان قانع، ساڵی 1984.
4- دیوانی بێكه‌س، ڕێكخستنی محه‌مه‌دی مه‌لاكه‌ریم، چاپی به‌غدا.
5- فه‌رهه‌نگی سۆفییانه‌ی دیوانی جزیری و مه‌حوی، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د شوان، هه‌ولێر 2010.
6- سۆفییایه‌تی، ئه‌حمه‌د كه‌سره‌وی، وه‌رگێڕانی: سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌مه‌دی، 1978.
7- نارسیسی كوژراو، به‌ختیار عه‌لی، گۆڤاری ئازادی، ژماره (3) ساڵی 1993.
8- سۆفیسته‌كان، ڕێبوار سیوه‌یلی، له ستایشی فه‌لسه‌فه‌ی كه‌مایه‌تیدا، ساڵی 1998.
9- شه‌ڕی ناوخۆ، خێڵ- حزب-سیاسه‌ت، مه‌ریوان وریا قانع، گۆڤاری ڕه‌هه‌ند، ژماره (1).
10- كۆمه‌ڵگا له‌سایه‌ی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تدا، عه‌باس عه‌بدولكه‌ریم، ساڵی 1997.
عه‌ره‌بییه‌كان:
11- تاریخ التصوف الاسلامی، عبدالرحمن بدوی، ترجمه مكتبه النهچه المصریه 1972.
12- حقیقه الصوفیه فی چوو الكتاب والسنه، د. محمد بن ربیع هادی المدخلی، گبعه الاولی.
13- شگحات الصوفیه، عبدالرحمن بدوی، الجز‌و الاول، وكاله مگبوعات الكویت.
14- شخصیات قلقه فی الاسلام، عبدالرحمن بدوی.
15- شخصیات الصوفیه، قاسم علی، ت: صادق نشأت.
16- موازین الصوفیه فی چوو الكتاب والسنه، ابو عبدالرحمن علی بن السید الوصیفی، دار الایمان، میصر ساڵی 2001 .
17- الگرف الصوفیه، ممدوح الزوبی، الگبعه الاولی، السنه 2004، دیمه‌شق.
18- حركه التصوف الاسلامی ، محمد یاسر شرف، وزراره الپقافه السوریه، 1984.
19- التصوف والمتصوفه، جان شو ڤلی، ترجمه: عبدالقادر قنینی.
20- معجم مصگلحات الصوفیه، گ1، عبدلمنعم الغنی، دار المسیره، بیروت 1980 .
21- الرساله القشیریه، ابو قاسم القشیری، دار التربیه للگباعه ولنشر ولتوزیع، بغداد ج1.
22- اللمع فی التصوف، السراج الگوسی، تحقیق: عبدلحلیم محمود. مصر .1960 .
23- مدخل الی التصوف الاسلامی، د. أبو الوفا الغنیمی، الگبعه الپانیه، 1976.
فارسییه‌كان:
24- تژكره الاولیاو، شیخ فریدالدین العگار، تصحیح، محمد استعلامی، انتشارات زوار.
25- فرهنگ اصگلاحات تعبیرات عرفانی، د. سید جعفر سجادی، چاپ چهرام ، چاپ افست گلشن، 1378.
26- فرهنگ اصگلاحات عرفانی ابن عربی، د.گل باباسعیدی، چاپ دوم، انتشارات شفیعی، تهران، 1384.