پەیوەندى كرێچیى وخوا
ئیدریس عەلى…..
ئیتر دڵنیا بووم، هێشتا كۆمەڵگەى ئێمە نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەى هێڵێك لەنێوان پەیوەندییە جۆراوجۆرەكاندا دابنێتو هەركەسەو لەسنوورى ئەو هێڵەى خۆیدا مومارەسەى ئازادىو ئارەزووە ئینسانییەكانى خۆى بكات، هەر لەبەر ئەمەیە پەیوەندییەكى بەهێز لەنێوان خواو كرێچیدا درووست بووە، بەبىَ ئەوەى هیچ كام لەخواو كرێچیى رۆڵیان لەدرووستبوونى ئەو پەیوەندیەدا هەبێت، بەڵكو كەسى سێهەم واتە خاوەن خانوو ئەو كەسەى خانوو دەدات بەكرێچیى پهیەندییەكەى درووستكردووە.
من ناڵێم هەر لەبنەڕەتدا خواو كرێچیى پەیوەندییان نییە یاخود هەیانەن چونكە من ئەو پەیوەندییە بەكارێكى تایبەتو شەخسى چاو لێدەكەم.. بەڵام ئەوە خاون خانووەكانن كرێچى بەمرۆڤ حساب ناكەنو هەمیشە وەك واعیزێك وەك ئەوەى ( عەلى وەردى) لەواعیزەكانى سوڵتاندا باسى دەكات، وەعز دەدەنو ئامۆژگارى كرێچییەكان دەكەن، رەنگە بابەتەكە خۆى هێند سادەو ساكار بێت پێویست نەكات من بەئاڕاستەیەكى قوڵدا بیبەم، ئاخر مەسەلەكە تەنها ئەوەیە كۆمەڵپیچك مرۆڤ بەهەر هۆیەك بێت لەژیاندا شوێنى نیشتەجێبوونیان نییەو بەردەوام چاویان لەدەستى واعیزەكانو خاوەن خانووەكانە تاوەكو رەحمەت بفەرموون چەند هۆدەیەك لەخانوەگەورەكانى خۆیان بدەن بەكرىَ.. بۆئەوەى بەهرە شێوەیەك بێت ئەو خێزانانە نەكەونە سەرشەقامو شیرازەى پەیوەندییە خێزانییەكان لەبەر یەك هەڵنەوەشێتەوە وەك سەدان خێزانى ئەم وڵاتە كە تەنها بەهۆى ئەوەى شوێنى نیشتەجێبوونیان نەبوو لەبەر یەك هەڵوەشانەوە..!
لەوماوەى پێشوودا بەهۆى گەڕانى زۆرم بۆ خانوویەكى كرىَ بەر دەیان حاڵەتى لەو جۆرە كەوتم كە جگە لە خاڵیكردنەوەى بەها ئینسانییەكانى ئینسان هیچێكى دیكە نەبوون، دەفتەرى تێبینیەكانى یەكێك لەنوسینگەكان كەمەرجەكانى خاوەن ماڵى تێدا بوو نووسرابوو: پێویستە كرێچیى لەیەك منداڵ زیاترى نەبێتو منداڵەكەش عاقڵو بێدەنگ بێت، ژنەكە دەبێت حیجابو سەرپۆش بەسەر بێتو هەمیشە ناوى خواى لەسەر زاران بێت، پیاوەكە پێویستە عارەق خۆر نەبێتو ئەهلى جومعەو جەماعەت بێتو لەگەڵ پیاوچاكانى گەڕەكدا بچێت بۆمزگەوت.. چوومە لاى خاون ماڵێك تكام لێكرد تەنها بۆ شەش مانگ دووهۆدەم بداتىَ، ئەو پیاوێكى بەتەمنى گۆچان بەدەست بەبوو، بەپێوە كۆمەڵێك دەروێشى گۆچان بەدەست وەستابوون، یەكڕاست پێى گووتم: تۆ لەمەشروب خۆر دەچیت من خانوو نادەمە كافر..! بێوەژنێكیش كە هەموو دەستو سنگو دەموچاوى خاڵى كوتراو بوو پێى گووتم: دووهۆدەو هەیوانم هەیە، بەڵام خۆتۆ میواندار نیت، وتم نەنە گیان ئاخر خۆ من بێكەسە نیم، قیژاندى بەسەرمدا: خانوو نادەمە كەسێك میوانى هەبێت..! لەوكاتەدا نەنكەكەى ( ئەراندێرا) ى، كاركیزم كەوتەوە یاد، یەكبەخۆ دڵم پڕبوو لەژانو بەخۆم وت: ئەى مرۆڤى نەفرەت لێكراو لەژیان بڕۆ دەرەوە، ئەو دێرە جوانەى رۆمانى ( كاتژمێر بیستو پیچنج) م، لەبەرخۆمەوە وتەوە" ئێرە سەرزەمینى ئێمە نییە.. مرۆڤ لەهیچ شوێنێك ئاسوودەیى نابنێتگ.