٨ ی مارس لەبەریتانیا کرایە ڕۆژی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر حکومەتی هەرێم و یاداشتێک گەیەندرایە دەست نوسینگەکەیان لە لەندەن !
هاوکات له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تی وچالاکیه‌کانی ژنان له‌شاره‌کانی کوردستاندا، ڕیکخراوی ژنانی کورد و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕۆژی ٨ ی مارس، کاتژمێر ١٢ – ٢ ی نیوەڕۆ گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتی لەبەردەم نوسینگەی حکومەتی هەرێم لەشاری لەندەنی بەریتانیا به‌ڕێخست. لەم ئاکسیۆنەدا کە ٢ سەعاتی خایاند چەندین دروشم لەلایەن بەشدار بوانەوە بە بڵندگۆ و دەنگی بەرز بە زمانی کوردی و ئینگلیزی وترانەوە ، لەوانە “ئازادی و یەکسانی ،داخوازی هەمومانی” و ” “کوشتنی ژنان تاوانە ، سزاکەشی زیندانە ” و ” ئازادی تاوانباران شەرمە بۆ دەسەڵاتتان” و ” کۆتایی بە جێندەرسایدی ژنان بێنن ” . هەروەها لە بەشی ووتارەکاندا سوسن سەلیم پەیامی ڕیکخراوی ژنانی پەنابەری کورد و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی پێشکەش کرد و ڕوقەییە پەناهی چالاکوانی بواری مافی ژن ووتەیەکی خوێندەوە و دواتر نوری بەشیر پەیامی حزبی کومونیستی کرێکاری کوردستان و دەشتی جمالیش پەیامی فدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقیان بەبۆنەی ٨ ی مارسەوە پێشکەش کرد.
لەکۆتاییدا یاداشتانەمەی ئەم گردبونەوە ناڕەزایەتیەی ٨ ی مارس لەلایەن سەوسەن سەلیم و بەهرە محمودەوە گەیەندرا بە دەستی نوێنەری نوسینگەی حکومەتی هەرێم لەلەندەن کە نامەکە ئاراستەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرابوو. ئه‌مه‌ی خوارەوە ده‌قی ئه‌و یاداشتنامه‌یه‌یه:
به‌ڕێز سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، مه‌سعود به‌رزانی..
به‌ڕیز سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان نێچیرڤان به‌رزانی
به‌دوای سڵاو..
بابه‌ت/ یاداشتنامه له 8 ی مارسی 2013 دا به بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی ژنان ..
ئێمه به‌نوێنه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵێک له‌هاووڵاتیانی ناڕازی که‌به‌بۆنه‌ی 8 مارس ڕۆژی جیهانی ژنانه‌وه له‌به‌رده‌م نوسینگه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی ئێوه‌دا له‌شاری له‌نده‌ن کۆبوینه‌ته‌وه، وه‌ک هه‌قێکی مه‌ده‌نی ودیموکراسی خۆمان داواتان لێده‌که‌ین کهبهرپرسیاریهتیهکی خێرا‌و کارا له‌راستای باشکردن وپێکهێنانی ئاڵوگۆڕ له‌ژیان و مافه‌کانی ئه‌مڕۆی ژنانی کوردستاندا نیشان بده‌ن.
ژنانی کوردستان به‌درێژایی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئێوه، له‌وپه‌ڕی ئاستێکی نایه‌کسانی وبێمافی و ژێرده‌سته‌ییدا ژیان ده‌که‌ن. کوژرانی هه‌زاران ژن به‌به‌هانه‌ی ناموس په‌رستی وناچارکردنی هه‌زارانی تر بهخۆسوتاندن، تا لهئارادابوونی جۆره‌کانی توندوتیژی خێزانی ونه‌بوونی بیمه بۆ ژنانی بێکارو وناوماڵ، تا نه‌بوونی دایه‌نگای خۆڕایی له‌هێچ کارگه‌و دامه‌زراوه وبهڕیوهبهرایهتیهکانی حکومه‌تدا، تا نایه‌کسانی له‌کارو کرێی ژنان و به‌حساب نه‌هێنانی ژنانی کرێکار‌و فه‌رمان به‌ر وه‌ک نان ئاوه‌ری ماڵ و نه‌دانی ئه‌و ئیمتیازاتانه‌ی که‌ده‌بێ به‌یه‌کسانی له‌گه‌ل پیاواندا بیان گرێته‌وه، تا زاڵبوونی فه‌رهه‌نگی پیاوسالاری و دواکه‌وتوانه به‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و بواره‌کانی په‌روه‌رده‌و فێرکردن‌دا و جێگیرکردنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی وه‌ک سه‌رچاوه‌ی یاسا له‌ده‌ستوری هه‌رێمدا، تا په‌سه‌ندکردنی یاسای فره‌ژنی، تا به‌ده‌سته‌وه گرتنی مه‌کته‌به کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ودورخستنه‌وه‌ی ڕۆڵی دادگا له‌چاره‌سه‌ری کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا.. هه‌مووئه‌مانه نه‌ک هه‌ر ئۆقیانوسێک له‌تاوان و توندوتیژیان بۆ ژنانی کوردستان به‌رهه‌م هێناوه، به‌ڵکو ئینسانی ژنیان له‌کۆمه‌ڵگادا کردۆته کۆیله‌ی پیاوان و ژێرده‌سته، بگره ژێر پێنانی ئیعتبار وکه‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆی ئینسانی ژن بۆته یه‌ک واقعیه‌تی نه‌خوازراو .. ئاماره‌کانی دهزگاحکومیهکانی خۆتان کهناوبهناو له‌میدیاکانه‌وه بڵاو ده‌کرێته‌وه، به‌ڕۆشنی ئه‌م قسانه‌ی ئێمه وئه‌و دۆخه ناهه‌موارو نائینسانیانه‌ی ژنان ده‌سه‌لمێنێ.
به‌ڕیزان!
بیزاریه‌کی گه‌وره‌یه بۆ هه‌ر هاوڵاتیه‌کی کوردستان کاتێک وێنه‌و هه‌واڵی تراژیدیا‌کانی کوشتن و تاوانه‌کانی ده‌رهه‌ق به‌ژنان دێته بهرگویی و ده‌ی بیستێ. بڕیاربوو به‌دوایی له‌گۆڕنانی ڕژێمی به‌عس وسهرکوتگهریهکانی، کۆمه‌ڵگای کورستان له‌ئازادی و یه‌کسانی و خۆشگوزه‌رانی به‌هره‌مه‌ند بێت، به‌ڵام ئه‌وه نیوه‌ی کۆمه‌ڵگایه، کهژنانن له‌به‌رده‌م تاوان و کوشتن و خۆسوتاندندا ڕاگێراون و وه‌ک ئینسان حسابیان بۆناکرێ. وه‌ک ووتراویشه ” ئازادی ژنان پێوانه‌ی ئازادیه لهههرکۆمهلگایهکدا”. هه‌ربۆیه به‌رپرسیارێتی ئه‌م دۆخه‌ی ژنانی کوردستان به‌پله‌ی یه‌که‌م له‌ئه‌ستۆی ئێوه‌یه.
بۆیه ئێمه له8ی مارسی ئه‌مساڵدا هاوشانی ڕێکخراوه‌کانی ژنان داواتان لیده‌که‌ین که‌بۆ باشکردنی ژیان و مافه‌کانی ژنانی کوردستان له‌ڕاستای جێبه‌جێکردنی خێرا‌و به‌کرده‌وه‌ی ئه‌م خواستانه‌دا هه‌نگاوی جدی هه‌ڵبگرن. بێگومان درێژه‌کێشانی ئه‌م دۆخه ئێوه ودهسهڵاتهکهتان له‌به‌رده‌م ڕق و توڕه‌یی وناڕه‌زایه‌تی فراوانی ئێمه‌و ژنان و ئازادیخوازاندا ڕاده‌گرێ.
داواکاریه‌کان:
1/ ده‌رکردنی یاسایه‌کی ڕۆشن به‌سزای قورسه‌وه له‌سه‌ر هه‌ر که‌سێک که‌ده‌ست ده‌بات بۆ کوشتن و ئازاردانی ژنان. تاوانبارانی که‌یسی کوشنی ژنان نابێت له‌ژێر هیچ بیانویه‌کدا ئازاد بکرێن.
2/ گێڕانه‌وه‌ی ده‌ستوری کوردستان و هه‌موار کردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ندانه‌ی که‌په‌یوه‌ندیان به‌ماف و ئازادیه‌کانی ژنانه‌وه هه‌یه. له‌مباره‌وه جیایی دین له‌ده‌سه‌ڵات و په‌روه‌رده وجێگیرکردنی مافی یه‌کسانی ژن و پیاو له‌هه‌مووبواره‌کاندا.
3/ ڕاگه‌یاندنی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای باری که‌سێتی به‌عس و هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی که‌له‌م یاسایانه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرێ، وه له جێگه‌یدا دانانی یاسایه‌کی پێشکه‌وتوو بۆ باری که‌سێتی و خێزانی که به‌ڕۆشنی ئازادیی ومافه یه‌کسانه‌کانی ژنان له‌گه‌ڵ پیاواندا له‌خێزان و کۆمه‌ڵگه‌دا له‌به‌رچاوبگرێ.
4/ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌کته‌بی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و قه‌ده‌غه‌کردنی ده‌ست تێوه‌ردانی سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و پیاوانی ئایینی ودام و ده‌زگاکانیان له‌چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی ژناندا. به‌م پێیه‌ش سه‌روه‌رکردنی یاسا‌و دادگاکان به‌سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوه‌وه.
5/ فریا گوزاری خێرای ئه‌و ژنانه‌ی کهگیرۆدهی توندوتیژی و سه‌رکوت وده‌ستدرێژی ده‌بنه‌وه. له‌مباره‌وه کردنه‌وه‌ی شێڵتهرو ناوه‌نده‌کانی پاراستنی ژنان و چاودیریان له لایه‌ن ڕێکخراوه‌کان وکومهک پێکردنیان مسۆگه‌ر بکرێت .
6/ ته‌رخان کردنی بودجه بۆ کردنه‌وه‌ی دایه‌نگاو مه‌سره‌فی ژنانی مناڵه‌به‌ر ودووگیان و پێشکه‌ش کردنی خزمه‌ت گوزاری پیویست پێ یان.
7/ دابین کردنی کار بۆ ژنان ودانی بیمه‌ی بێ‌کاری و خانه‌نشینی بهژنانێک که‌کاری ناوماڵ ده‌که‌ن.
8/ پاراستنی سه‌لامه‌تی هه‌ڵسوراوانی ژنان و ڕێکخراوه‌کانیان و قه‌ده‌غه‌کردنی هه‌رجۆره ئاسته‌نگی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک کهڕووبهڕویان ده‌کرێته‌وه..
ڕێکخراوی ژنانی کورد و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له به‌ریتانیا
8 ی مارسی 2013