
پیاوەکانی ژیانم … رێگا رووف
باوکم؛ ئەو پیاوەی کە دەیویست خۆشەویستی خۆی دەربڕی پێی ئەوتم “کچ ھەبێت ئەمەیە”، پیاوێک پر لە ئەتەکێتی ژیان، ھەڵسوکەوت، قسەکردن.. ئەم پیاوە بێ ئەندازە گوێڕایەڵی کلتورو پارێزەری شەرەفی ژن بوو.
براکانم؛ ھەندیکیان تەواو میھرەبان و باوەڕیان بە ئاڵوگۆڕ ھەیە و ھەندێکیشیان دڵرەق و پاسەوانی شەرەف و ھەمان ڕێچکەی باوکمیان گرتووە.
ئەو پیاوانەی بەشێوازی جیاواز لەگەڵیان ژیاوم؛ ھەندیکیان ترادیسیۆنی و وەک ھەر پیاوێکی تری ئاسایی، ھەندیکی تریشیان ڕق ئەستوور بەرامبەر بە کلتوری پیاوسالاری.. ھەندێکیان عاشق و پر لەخۆشەویستی، ھەندێکیشیان خۆویست و خۆپەرست و بێ سۆز.
کورەکەم؛ پیاوی ئایندە، لە ئێستاوە لێوان لێوە لە جوانی، میھرەبانی، خۆشەویستی عەشق، ھاوڕێیەتی…
ئای پیاوان ئێوە چەند ڕەنگاوڕەنگن و ھیچ یەکێکتان لەوی تر ناچن.. منی ژنیش لەھەریەکێ لەو ڕەنگانەی ئێوە ڕەنگێکی تایبەت بەخۆم دروست ئەکەم.. ئێوە با ھەریەکە و بەجۆرێک بڕوانن بۆ ژیان، باھەریەکەتان و بەشیوازێک بێنە ناو دڵی من.. بەڵام ئەوە بزانن؛ کە منی ژن تابلۆیەکی تایبەتم و خۆم بە ڕەنگەکانی ئێوە دەنەخشێنم، تا پێکەوە پەلکەزێڕینەیەک نیگار بکەین بۆ ئەم ژیانە.